دەستدرێژی بۆسەر ماف و ئازادی لە ڕیزی تاوانە گەورەكاندایە

 دەستدرێژی بۆسەر ماف و ئازادی لە ڕیزی تاوانە گەورەكاندایە

ئەگەر سەیری قورئان بكەین دەبینین خوداوەند مرۆڤ وەك یەكێك لە بەڕێزترین دروستكراوەكانی خۆی سەیر دەكات و رێزێكی تایبەتی بۆ كەرامەت و ویست و عەقڵی دادەنێت، لەبەر ئەوە پارێزگاری لە سامان و كەرامەت و نەوەی مرۆڤ دەخاتە ڕیزی ئامانجە بەرزەكانی شەریعەت، بەڵام ئەگەر سەیری دید و تێڕوانینی مسوڵمانان بكەین، دەبینین لەم ڕووەوە زۆر بە ڕووكەشی سەیری ئەم مەسەلەیە دەكەن، بۆ نموونە چەمكی "دەستدرێژی بۆ سەر سامان" زۆربەی مسوڵمانان وای لێك دەدەنەوە كە ئەمە تایبەتە بەبردنی ماڵی بەرامبەرەكان بەتاڵان، واتە تەنها لەسنووری تایبەتی سامان و داراییدا لێكی دەدەنەوە، واتە تەنها زیان گەیاندنە بەبەرژەوەندیە تایبەتیەكانی مرۆڤ.

بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونانە هەڵەن و لە ئاست ئەو ئامانجە گەورانەدا نین كە قورئان باسیان دەكات، چونكە قورئان و فەرموودە ئەوەی كە دەربارەی مرۆڤ باسی دەكات گشتگیرە، لەلایەك هەموو مرۆڤایەتی دەگرێتەوە بەبێ باسی ڕەگەز و مەزهەب، چونكە هەمووان دروستكراوی خودان، دووهەمیان تێڕوانینەكانی قورئان لە سنورێكی بەرفراواندایە و هەردوو بواری ماددی و مەعنەوی دەگرێتەوە، لەكاتێكدا كە پێغەمبەری خودا دەفەرموێت: [كل المسلم علی المسلم حرام]، ئەم فەرموودەیە مسوڵمانان و نامسوڵمانیش دەگرێتەوە، واتە چۆن ڕشتنی خوێنی مسوڵمان حەرامە، بەهەمان شێوە بۆ نامسوڵمانیش حەرامە.

لەو فەرموودەیەدا پێغەمبەری خودا سێ شت حەرام دەكات لەسەر مسوڵمان، خوێن و ماڵ و نامووس، واتە تۆ نابێت دەستدرێژی بكەیتە سەر مسوڵمان لەو سێ لایەنەوە، بەڵام ئەگەر سەیری هەندێك فەرموودەی سەحیحی تر بكەین دەبینین كە جەخت لەسەر چەند مافێكی تر دەكەنەوە كە ئەوانیش پاراستنی ئازادی و كەرامەتی مرۆڤە، كەرامەتی مرۆڤیش چەمكێكی قورئانیە و خوای گەورە جەخت لەسەر پاراستنی دەكاتەوە، لەهەمان كاتدا سنوورێكی فراوان هەیە بۆ ڕاڤەكردنی، چونكە كەرامەتی مرۆڤ دەگرێتەوە، كە ئەمانیش كۆمەڵێك بنەمای گرنگن بۆ پاراستنی مافەكان و هەست كردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەمرۆڤ.

لەئیسلامدا دەستدرێژی بۆ سەر ئەم مافانە دەستدرێژییە بۆسەر گەورەترین بەهای مرۆڤایەتی كە كەرامەتی مرۆڤە، چونكە ئەم مرۆڤە پیرۆزە. ئەو گیانەی كە تیایەتی بەشێكە لەگیانی خودا؛ [ونفخنا فیه من روحنا]، ئەو گیانەش سەرچاوەی ژیان و بوونی مرۆڤە، هەر بە هۆی ئەویشەوەیە كە مرۆڤ جەستە و عەقڵ و ئیرادەی دەكەوێتە كار و دەست بە جموجۆڵ دەكات .

خوای گەورە چوار جۆر لە دەستدرێژی حەرام دەكات، كە ئەوانیش یەكەم دەستدرێژیكردنە بە شێوەی نهێنی بۆ سەر ماڵی كەسانی تر كە پێی دەوترێت دزی. خوای گەورە دەفەرموێت[السارق والسارقة فاقطعوا أيديهما] زۆربەی ڕاڤەكاران و توێژەران و زانایانی زانستە ئایینییەکان (بە عەڕەبی=فقه) لەو بڕوایان وایە كە دزیكردن دوو بوار دەگرێتەوە، لە لایەك بریتیە لە بردنی ماڵ و سامان، لە لایەكی تریشەوە دەست درێژیە بۆ سەر مافەكانی مرۆڤ و ئازادیەكانی تاك و كۆمەڵ.

هەروەها ئەگەر سەیری قورئان و فەرموودە بكەین باس لە سزای زۆر سەخت دەكات لە دنیا و دوارۆژدا، بۆ ئەوكەسانەی كە ئازادی مرۆڤ زەوت دەكەن و مافەكانی پێشێل دەكەن و مافێك كە خوا پێی داوە ئەوان پێشێلی دەكەن و دەستدرێژی دەكەنە سەر، ئەگەر بۆ ئەم مەبەستەش عەقڵ بەكار بهێنین و بپرسین ئایا ئەگەر خوای گەورە لەبەرامبەر دزینی بەشێكی كەم لە سامان و دارایی باس لەسزای قورسی وەك دەستبڕین بكات یان پێغەمبەری خودا لەسەر دزینی هێلكەیەك نەفرەت لە بكەرەكەی بكات، ئەی ئایا ئەگەر كەسێك بێت و دەستدرێژی بكاتە سەر مافەكانی گەلێك و ئازادییان لێ زەوت بكات و هەموو سامانی وڵات بەرێت و بیدزێت دەبێت سزاكەی چی بێت؟ دەستدرێژی لە ئیسلامدا زۆر لایەن دەگرێتەوە لەوانەش ئەوەی لەزمانەوانیدا پێی دەگوترێت دزی یان خیانەت یان غەشكردن یان لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتن و بەكارهێنانی هێز وەك لەقورئاندا باسی دەكات كە نانەوەی خراپەكاری لەسەر زەوی و شەوكوتی و ڕێگری و دزییە.

خوای گەورە لە بەرامبەر ئەوكەسانەی كە دزی لە مافەكانی مرۆڤ دەكات و هێز و توندوتیژی بەكار دەهێنێن ئەگەر ئەم هێزە ماددی بێت یان مەعنەوی، هەرەشەی توندترین سزایان لێ دەكات؛ [إِنَّمَا جَزَا‌وُ الَّذِينَ يُحَارِبُونَ اللَّهَ ؤرَسُولَهُ ؤيَسْعَوْنَ فِي الْأَرْضِ فَسَادًا أَنْ يُقَتَّلُوا أَوْ يُصَلَّبُوا أَوْ تُقَطَّعَ أَيْدِيهِمْ ؤأَرْجُلُهُمْ مِنْ خِلَافٍ أَوْ يُنْفَوْا مِنَ الْأَرْضِ]، زۆر لە زانایان و بانگخوازان جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی كە ئەو سزایانە تەنها دزینی ماڵی تایبەت دەگرێتەوە بەڵام ئاوڕێك بەلای ماڵی گشتیدا ناكەنەوە.

لە ڕاستیشدا ئەمەش هەڵەیەكە نەتوانراوە بەشێوەیەكی بەرفراوان و بەشێوەیەكی [مقاصد] باس لە گەورەیی شەریعەت بكرێت، چونكە لە ڕاستیدا دزی لە ماڵی گشتی و دەستدرێژی بۆ بوارە مەعنەوییەكان زۆر خراپتر و تاوانێكی زۆر گەورەترە، ئەگەر كەسێك دزی لەماڵی تایبەتی كەسێك بكات لەكاتێكدا كە پەشیمان دەبێتەوە دەتوانیت بڕوات بۆلای كەسەكە و ماڵەكەی بۆ بگەڕێنێتەوە یان گەردنی خۆی پێ ئازاد بكات، بەڵام ئەگەر دزییەكە لەماڵی گەل و حكومەت بێت چۆن دەتوانیت بیگەڕێنیتەوە بۆ گەل و مافەكانیان بۆ بگەڕێنیتەوە یان یەكە یەكە گەردنی ئازادیان لێ بخوازێ.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)