بۆچی کوشتنی جەمال خاشقچی هەموو جیهان دەهەژێنێت کەچی کوشتنی هەزاران یەمەنی هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی لێناکەوێتەوە؟

بۆچی کوشتنی جەمال خاشقچی هەموو جیهان دەهەژێنێت کەچی کوشتنی هەزاران یەمەنی هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی لێناکەوێتەوە؟

  بەشێک لە وڵامەکە ئەمەیە:

  •  هەر بەو جۆرەی سەدان و بگرە هەزاران کەس لە دەریای ئیجەدا خنکان و هیچ کاردانەوەیەکی بەدوای خۆیدا نەهێنا، کەچی خنکانی 'ئایلان' هەموو جیهانی هەژاند.
  •  هەر بەو جۆرەی کوشتن و داپڵۆسینی هەزاران کەس لە توونێس بە سادەیی تێدەپەڕی، کەچی کاتێک موحەمەد بوعەزیزی گڕی لەجەستەی خۆی بەردا، بەدوایدا وڵات هەژا و کۆتایی بە دەسەڵاتی بن عەلی هێنرا.
  •  هەر بەو جۆرەی کە هەزاران کەس لە شەڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا کوژران و هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە، کەچی کوژرانی «سەردەشت عوسمان» و کاوە گەرمیانی بووەتە پەڵەی عار بە ناوچەوانی دەسەڵاتی کوردییەوە.
  •  هەر بەو جۆرەی کە هەزاران ئێزیدی بونە قوربانی دەستی داعش، کەچی تەنها چیرۆکی 'نادیە موراد' جیهانی هەژاند.

 بەڵام ئەوە بەشێکی وڵامەکەیە و هێشتا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە قوربانی هەر قوربانییە و ستەم هەر ستەمە، ئەی بۆچی هەندێک جار کوژرانی کەسێک کاردانەوەی زیاتری لێدەکەوێتەوە لە کوژرانی هەزاران کەس؟ ئایا ئەمە دوو ڕووییە یان چی؟

بەشێکی دیکەی وەڵامەکە ئەمەیە:

 مێشکی مرۆڤ ناتوانێ لە مردنی هەزاران و ملیۆنان کەس بە باشی تێبگات، بەڵام زۆر بەباشی لە مردنی کەسێک تێدەگات. هەر لەبەر ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووس و پەیامنێرەکان بۆ ئەوەی گەورەیی کارەساتێک پیشانی بینەر و خوێنەر بدەن، دەچن تەرکیز دەخەنە سەر پیشاندانی چیرۆکی پڕ ئازاری یەکێک لە قوربانییەکانی ئەو کارەساتە. جارێک ستالین بە ئەفسەرێکی هاوڕێی ئەڵێ: 'مردنی یەک کەس تراژیدییە، بەڵام مردنی یەک ملیۆن کەس تەنها مەسەلەی ئامارە و هیچی تر.

 لە شەڕی ناوخۆی هەێمی کوردستاندا هەزاران کەس کوژران، بەڵام چونکە ژمارەکە زۆر بوو، شتەکە ببووە مەسەلەی ئامار و لای هەموومان ئاسایی ببۆوە کە ئەمڕۆ لە فڵان شوێن ئەوەنە کوژرا و لە فلان شوێنی تر ئەوەنەی تر. بەڵام کە سەردەشت عوسمان کوژرا، هەموو ڕاچڵەکین، بۆ؟ چونکە هاوسۆزییەکی فراوان دروستبووبوو کە گەنجێک لە کۆتا ساڵی زانکۆی و بەو هەموو خەونەی کە هەیبوو، شایانی ئەوە نەبوو لەسەر چەند ڕەخنەیەک، بەو شێوە تراژیدییە لەناو ببرێت. هەمانشتیش بۆ کاوە گەرمیانی ڕاستە. هەر ئەو هاوسۆزییە بەردەوامەش بوو کە وایکرد خێزانەکەی 'شیرین' بگاتە پەرلەمان، بەبێ 'کۆتا'، لەکاتێکدا پێش ئەو، ئافرەتی بەتواناتر هەبوون و خۆیان کاندیدکرد و بە 'کۆتا'ش دەرنەچوون.

 چەندین توێژینەوەی دەرونناسی گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە مرۆڤ زیاتر تووشی کاردانەوەی عاتیفی دەبێت بۆ یەک مردن نەک چەندین مردن، بە مانایەکی دیکە، هەتا قوربانییەکان زۆرتر بن، هاوسۆزییەکە کەمتر دەبێتەوە.

 جا گەمژەیی دەسەڵاتداران ئەوەیە لەم خالە سایکۆلۆجییە تێناگەن. هەر بۆیە کەسێکی وەکوو بن سەلمان دیارە پێی وابووە کە مادام جیهان بۆ کوژرانی هەزاران هاوڵاتی یەمەنی نەهاتۆتە دەنگ، حەتمەن بۆ کوشتنی خاشقچیش نایەتە دەنگ و مەسەلەکە بە سادەیی تێدەپەڕێ.

 بەکورتی، کە جیهان بۆ کوشتنی تراژیدی ڕۆژنامەنووسێک دەهەژێت و کەچی کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نییە بۆ کوژرانی هەزارانی دیکە، مەسەلەکە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بەم خاڵەوە هەیە، یانی مەرج نییە مەسەلەکە هەموو جارێ دووڕوویی بێت یان ئەوەبێت کە خوێنی قوربانییەک لە خوێنی هەزاران قوربانی دیکە بە نرخترە.

 *بۆ نووسینی ئەم پۆستە، سوودم لە نووسینێک وەرگرتووە کە لە ڕۆژنامەی نیۆیۆڕکتایمز بڵاوبۆتەوە، لەژێر ناونیشانی:

How One Journalists Death Provoked a Backlash That Thousands Dead in Yemen Did Not

Hani Mohammed/Associated Press :وێنەیەک لە دەرئەنجامەکانی شەڕی یەمەن
ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)