شازادە و شاعیر

شازادە و شاعیر

مێژوو، بابەتی ڕۆمانی دیرۆکییە، بەڵام ڕۆماننووس مێژوو هونەرییانە دەگێڕێتەوە، نەک واقعییانە. ڕۆماننووس لە ڕوانگەی دونیایبینیی خۆیەوە مێژوو بەسەر دەکاتەوە و بە پێوەندیی لەگەڵ ئێستا و داهاتوودا دەینووسێتەوە. ڕۆماننووس مێژوو دەکاتە بەهانە بۆ گەیاندنی پەیامێکی نوێ، وەک «ئەحمەدی خانی» کە بە بیانووی گێڕانەوەی داستانی مەم و زینەوە، واقیعی کۆمەڵی کوردستانی بەسەر کردەوە. ڕۆمانی مێژوویی بەڵگەنامەیەکی دیرۆکی نییە، بەرهەمێکی هونەرییە، هەر ڕووداو ناگێڕێتەوە، ڕووداویش دەخوڵقێنێت.

ڕۆماننووس مێژوو نانووسێتەوە، مێژوو نۆژەن دەکاتەوە و ئەو بۆشایییانە پڕ دەکاتەوە کە مێژوونووس بەجێی هێشتوون، یان دەرکی پێ نەکردوون. ڕۆماننووس بۆ نووسینەوەی هونەرییانەی مێژوو، پێویستی بە هۆشارییەکی قووڵ هەیە، ئاخر ئەوە کارێکی ئاسان نییە، مێژوو هەڵبوەشێنیتەوە، سەرلەنوێ دایبڕێژیتەوە و هەم وەک مێژوو بە زیندوویی بیهێڵیتەوە، هەم کارێک بکەیت ئێستا و داهاتوویش ڕۆشن بکاتەوە.

 گێڕانەوەی ڕۆماننووس، وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی ئێستایە، ئەگەرنا ئەوەی دەیگێڕێتەوە، دەشێت بۆ پرۆگرامی خوێندن دەست بدات، بەڵام ناکەوێتە خانەی ڕۆمانەوە. ڕۆماننووس مێژوو ناشێوینێت، بەڵام گۆرانی بە باڵای مێژوویشدا ناڵێت، ئەو لاپەڕە دزێوانەیش دەداتە بەر ڕووناکی کە بە مێژووی میللەتەوە، پەڵەی ڕەشن. ناکرێت ڕۆماننووس دیرۆکی میرنشینەکانی کورد بگێڕێتەوە و توخنی شەڕی براکوژی نەکەوێت یان خۆی لەوە نەبان بکات کە میری کوردی وابەستەی خەلافەتی عوسمانی، چالاکانە بەشداریی لە قەلاچۆکردنی ئێزیدییەکاندا کردووە. بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆمانی مێژوویی، وەگەڕخستنی خەیاڵێکی دەوڵەمەند دەکرێت بە پێوانە، نەک گێڕانەوەیەکی حەرفیی ڕووداوەکان.

 دووانەی دیرۆک و ڕۆمان وەک دووانەی بابەت و خود وایە، هەرچەندە جیاوازن بەڵام لە پێوەندییەکی قووڵیشدان، مێژوو بابەتە و خودیش ڕۆماننووس. دیرۆکنووس وەک بابەت سەرنجی مێژوو دەدات، بەڵام ڕۆماننووس هەستی خۆیشی تێکەڵی هەمان بابەت دەکات. دیرۆکنووس بابەتییانە باسی ڕۆڵی تاک لە مێژوودا دەکات، بەڵام هونەری نووسین ئەوە لە ڕۆماننووس دەخوازێت، خەیاڵ و سۆز و ویژدانی خۆشی وەگەڕ بخات و ئەوە بڵێت کە مێژوونووس لێی بێدەنگ دەبێت. مێژوو پێویستی بە ڕۆمانە، بۆ ئەوەی کونجە تاریکەکانی ڕۆشن ببێتەوە، ڕۆمانیش پێویستی بە مێژووە، بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی خۆی پێ دەوڵەمەند بکات. مێژوو دەشێت بە پاساوی بێ لایەنی و بابەتیبوون، وشکوبرینگ بێت بەڵام ڕۆمان بە کۆمەکی خەیاڵ و سۆز، تەڕوبڕە و ژیانی لێ دەچۆڕێت.

 ڕۆمانی مێژوویی هەر ئەوە نییە، ژیاننامەی ئەم میر یان ئەو سەرلەشکر بگێڕێتەوە، ئاخر هەموو ڕۆمانێک ڕەنگدانەوەی واقیعێکی دیرۆکییە، با کارەکتەرەکانی کەسانی بەناوبانگیش نەبن. ڕۆمان با هاوچەرخیش بێت، هەر دیرۆکییە، ئاخر واقیعی قۆناغێک دەگێڕێتەوە، ئاخر ڕۆماننووس ڕاستگۆترین مێژوونووسە. ڕاستگۆیی هونەری، ئەوە نییە نووسەر بە موو لە واقیع لا نەدات، ئەوەیە واقیع بەدەم گۆڕانەوە وێنە بکێشێت و گێڕانەوەکانیشی جێی متمانەی خوێنەر بن. لایەنێکی هاوبەشی دیرۆکنووس و ڕۆماننووس ئەوەیە؛ هەردووکیان لە هەوڵی بەرهەمهێنانی مەعریفەیەک دان کە ئارەزووی گەڕانی ئینسان لەدووی حەقیقەت تێر دەکات. لە جەنگی نێوان فەرەنسا و جەزائیردا، «سارتەر» لایەنی جەزائیر دەگرێت و ڕەخنەی زبر لە «دیگۆڵ» دەگرێت کە هەندێک لە وەزیرەکانی داوای لێ دەکەن سارتەر فڕێ بداتە زیندانەوە، پێیان دەڵێت: «ڤۆڵتێر» زیندانی ناکرێت. ئەو ڕۆمانە دیرۆکییەی ڤۆڵتێر دەینووسی کە تێیدا ستەمی دەسەڵاتی فیودالی دەدایە بەر ڕووناکی و بانگەشەی بۆ گۆڕینی کۆمەڵ دەکرد، ئامادەکاری فیکری بۆ شۆڕشی فەرەنسا بوو.

 ڕۆمانی مێژوویی وەک چۆن دەشێت ڕەخنەی توند لە ڕابردوو بگرێت، هەر واش دەشێت لایەنە گەشەکانی ڕابردوو بەسەر بکاتەوە، بەڵام بە هەردوو بارەکەدا، مەبەستی نووسەر ئەوەیە، نەوەی نوێ بە دیرۆکی خۆی ئاشنا ببێت و سوود لە ئەزموونی نەوەکانی پێشوو وەربگرێت. هەرچەندە لە «لوکاچ» وابوو، ڕۆمانی مـێژوویی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا سەری هەڵداوە بەڵام  ڕاستییەکەی دیرۆکێکی دێرینتری هەیە. زۆرینەی باسکاران «واڵتەر سکۆت»ی سکۆتلاندی (١٧٧١ - ١٨٣٢) بە باوکی ڕۆمانی مێژوویی لە قەڵەم دەدەن کە ساڵی ١٨١٤، یەکەمین ڕۆمانی دیرۆکیی بڵاو کردووەتەوە و ناوی «وەیڤرلی»ی لێ ناوە. ئەوە ڕۆمان نییە کە بە بیانووی گواستنەوەی زانیارییەوە بۆ نەوەی نوێ، بکەوێتە خزمەتی مێژووەوە، ڕۆمان ئەوەیە شتگەلی نوێ بە مێژوو ببەخشێت و ڕابردوو بخاتە خزمەتی هونەری گێڕانەوەوە.

 کارەکتەرەکانی واڵتەر سکۆت تەنیا کەسانی ڕاستەقینەی میژوویی نەبوون، خۆشی کارەکتەری دەخولقاند و ڕۆڵێکی مێژوویی پێ دەسپارد. هەرچەندە سکۆت هەندێک جار لە پێناوی لایەنی هونەریی ڕۆمانەکانیدا، مێژووی دەشێواند، بەڵام لە ڕەخنەگران وابوو: ڕۆمانەکانی سکۆت نزیکترن لە حەقیقەتی دیرۆکییەوە، وەک لە کتێبی مێژوونووسان. بە پێچەوانەوەی واڵتەر سکۆتەوە، «ئەلێکساندەر دوماسی باوک»ی (١٨٠٢ - ١٨٧٠) فەرەنسایی هەندێک جار ئەوەندە وابەستەی مێژوو دەبوو، لە بیری دەچووەوە کە ڕۆماننووسە و خۆی لێ دەبوو بە مێژوونووس. ڕەنگە هونەریترین ڕۆمانی مێژوویی، «شەڕ و ئاشتی»ی تۆلستۆی (١٨٢٨ - ١٩١٠) بێت، کە کارەکتەرەکانی تێکەڵەیەکن لە کەسانی مێژوویی و خەیاڵی.

 «پشتکووڕەکەی نۆتردام»ی «ڤیکتۆر هیگۆ»، «چیرۆکی دوو شار»ی «چارڵز دیکنز» و «ناوی گوڵ»ی «ئەمبێرتۆ ئێکۆ» سێ ڕۆمانی زێدە جوانی دیرۆکین. لای عەرەب گەلێک ڕۆماننووس مێژوویان گێڕاوەتەوە، بەڵام نە هیچیان ئەوەندەی «ئەمین مەعلووف» هونەرمەندانە مێژوویان وەگەڕ خستووە، نە هیچیان هێندەی وی ناوبانگیان پەیدا کردووە، بە «نەجیب مەحفووزی»شەوە. گێڕانەوەی مێژوویی لە ئەدەبی کوردیدا بە «دوانزە سوارەی مەریوان»ی «پیرەمێرد» (١٩٣٥) دەست پێ دەکات، چارەکە سەدەیەک دواتر (١٩٦٠) «موستەفا ساڵح کەریم» چیرۆکی «شەهیدانی قەڵای دمدم» بڵاو دەکاتەوە، ١٩٦٦یش «عەرەبی شەمۆ» ڕۆمانی «قەڵای دمدم دەنووسێت» و ١٩٧٥ «شوکور موستەفا» بە کرمانجی خواروو بڵاوی دەکاتەوە.

                                                               ***  ***  ***

مەستوورە کە حەسناو و ئەدیبە بە حیسابێ

هاتە خەوم ئەمشەو بە چ نازێک و عیتابێ

«شازادە و شاعیر» کە ڕۆمانێکی مێژوویییە، دوا ڕۆمانی خوسرەو جافە، پێشتر سێزدە ڕۆمانی دیکەی بڵاو کردووەتەوە. نووسەر چوار ساڵ لە ژیانی لە دووی زانیاری گەڕاوە، بۆ ئەوەی هونەرییانە ژیاننامەی نالی بنووسێتەوە و ماندووبوونی ئەو چوار ساڵەی بە خەسار نەچووە. لە هەموو ئەو دەستنووسانەدا بەر دەستی مامۆستا «عەبدولکەریمی مودەڕیس» کەوتوون، ئەو شیعرە پۆڕنۆگرافیکە هەبووە کە ئەو خەونە دەگێڕێتەوە نالی بە «مەستوورە»یەوە بینیوە. مامۆستا مودەڕیس نەک هەر بە دڵنیاییەکی تەواوەوە ئەو خەوننامە ڕووهەڵماڵراوەی بە شیعری نالی لە قەڵەم داوە، بەڵکوو بە نیشانەی بوێری و چاونەترسانیشی بۆ نالی تۆمار کردووە.

مامۆستا موددەڕیس گومانی لە یەکێک لە بەیتەکانی ئەو شیعرە درێژە هەیە و بە هی نالیی نازانێت، ئاخر لەو وایە هەم لە ڕووی هونەرییەوە لاوازە و هەمیش لە هەموو بەیتەکانی دیکە زەقتر و بێ پەردەترە.

 کێ بێ لە جیهاندا چ گەدا بێت و چ شا بێ

تەرکێکی وەها ناسک و پڕ لەززەتی (..) بێ؟ 

 مامۆستا موددەریس دەنووسێت: «لەم مەیدانەیشدا نالی ڕچەشکێنە و شێخ ڕەزا بە قوتابیی قوتابخانەی وی لە قەڵەم دەدرێت»، بەڵام ڕاستییەکەی پۆڕنۆگرافی و هەجوو، دوو بواری جیاوازن و شێخ ڕەزا خۆی داهێنەر و مامۆستای شیعری هەجووە. «ڕێبوار سیوەیلی» ئەو شیعرە بە «ڕووداوێکی زمانی و بە شکاندنی تابوو دەزانێت».

خوسرەو جاف هەوڵی داوە بیسەلمێنێت ئەو شیعرە ڕووهەڵماڵراوە کە سەرنجدانی ژنە وەکوو کەرەسەیەک بۆ چێژ لێ وەرگرتن و هیچی دیکە، هی نالی نییە و لە هەوڵەکەیشیدا تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بووە. بۆچی ئەوە شیعری نالی نییە، چونکە: لە شیعرەکانی دیکەی نالی لاوازترە، چونکە نالی هیچ شیعرێکی دیکەی لەو بابەتەی نەنووسیوە، چونکە نالی سۆفییانە مەستوورەی خۆش ویستووە و عاشقی ڕاستەقینەیش هەرگیز وەها باسی خۆشەویستەکەی ناکات، چونکە مەستوورە میرزادە بووە و شاعیرێکی غەریبی بێدەسەڵات، بوێریی ئەوە شک نابات، هەجووی کچی میری ئەردەڵان بکات، چونکە هەشت جار «قڵەشا بێ»ی وەک قافیەی تێدا بەکار هێنراوە، شاعیرێکی قافیەسواری وەک نالییش، قەت بە دەست قافیەوە وەها گیر ناخوات.

 بەگوێرەی ڕۆمانی شازادە و شاعیر، ئەو شیعرە پۆڕنۆگرافیکە «بوختانێکی گەورەیە» بە نالی کراوە، ئاخر نالی لەسەر زاری «مەستوورە»وە دەڵێت:

من سەرووی ڕەوانی چەمەنی عالەمی باڵام

نالی بە توفەیلی بووەتە سایە لە دوو من

 واتا: من سەرووی باڵابەرزی مێرگی دونیای باڵام، نالی وەک لاورگە بووەتە سێبەر لە دووی من. ئایا نالییەک مەستوورەی بە فریشتە زانیبێت و لەچاو ئەودا خۆی پێ لاورگە (طفیلي) بووبێت، ڕێی تێ دەچێت، وەک پیاوێکی بەئاڵۆش، لە ڕوانگەی ئارەزووی جووتبوونەوە لەگەڵیدا سەرنجی دابێت، وەک لە خەونەشیعرەکەدا هەیە؟ ئایا نالییەک موریدی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بووبێت، ڕێی تێ دەچێت، بە زمانی هەوەسبازێک بنووسێت؟ خوێنەر بڕوا بە گێڕانەوەکەی خوسرەو جاف دەکات و کە لە خوێندنەوەی ڕۆمانی شازادە و شاعیر دەبێتەوە، دەگاتە ئەو سەرئەنجامەی ئەو خەونەشیعرە بەدەم نالییەوە هەڵبەستراوە و مەبەست لێی بە پلەی یەکەم شکاندنی شکۆی نالی بووە. گێڕانەوەی ڕۆماننووس جیاوازە لە گێڕانەوەی مێژوونووس، جیاوازە لە گێڕانەوەی ئەوی مێژووی ئەدەب دەنووسێتەوە، بەڵام ئەوەی رۆماننووس زێدەتر جێی متمانەیە، با کارەکتەری نوێشی خوڵقاندبیت و با دەستکاریی ڕووداوەکانیشی کردبێت.

 خوسرەو جاف مێژووی نەنووسیوەتەوە، ڕۆمانێکی مێژوویی نووسیوە، ڕۆمانێک چەند پشتی بە مێژوو قایمە، هێندە و زیاتریش خەیاڵی دەوڵەمەندی نووسەری تێدا وەگەڕ خراوە. شازادە و شاعیر ڕۆمانێکە گەلێک لە تەکنیکەکانی هونەری گێڕانەوەی، هونەرمەندانە تێدا بەکار هێنراوە. نووسەر ژیاننامەی نالی هەر لە منداڵییەوە تا ماڵئاواییکردنی لە ژیان، دەگێڕێتەوە، گێڕانەوەیەک هێندە دڵنشین و جێی باوەڕ کە ئیدی هەر کەسێک خواستی باسی ژیان و سەردەمی ژیانی نالی بکات، ناتوانێت ڕۆمانی شازادە و شاعیر فەرامۆش بکات. مێژوونووس کرۆنۆلۆجییانە دیرۆک دەنووسێتەوە، بەڵام ڕۆماننووس وەخت لەتوپەت دەکات، کات پاش و پێش دەخات و ناچێت وابەستەی زنجیرەی بە دوای یەکدا هاتنی ڕووداوەکان بێت. خوسرەو جاف کە ئەو تەکنیکەی بەکار هێناوە کە لە ئێستاوە گەڕاوەتەوە بۆ ڕابردوو، یان بە پێچەوانەوە، هێندە لێزانانە ئەو تەکنیکەی وەگەڕ خستووە، خوێنەر بە پەرۆشەوە درێژە بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە دەدات.

 هەندێک نووسەر هەن، هەرچەندە گەلێك ڕۆمانیان نووسیوە، بەڵام بەهۆی یەکەم ڕۆمانیانەوە ناوبانگیان پەیدا کردووە، وەک «موحەممەد شوکری» کە ناوبانگی بەندە بە «نانی ڕووت»ەوە، یان «ئەلتەییب ساڵح» کە بەهۆی «وەرزی کۆچ بەرەو باکوور»ەوە ناوی دونیای تەی کرد. پێم وایە شازادە و شاعیر کە دوا ڕۆمانی خوسرەو جافە، دەنگدانەوەی لە ڕۆمانەکانی پێشووی زیاتر دەبێت، ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی نووسەر نەک هەر لە داهێنان نەکەوتووە، بەڵکوو لە خۆشی تێپەڕاندووە.

نووسینی ڕۆمان هەم پێویستی بە مەعریفەیە، هەم مەعریفە بەرهەم دەهێنێت. ڕۆماننووس وێڕای خەیاڵێکی بەپیت، پێویستی بە مەعریفەیەکی فراوانیش هەیە، لە بوارەیلی سایکۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا، ئەنسرۆپۆلۆجیا و فەلسەفەدا، ئاخر ناچارە بە ناخی دەروونی کارەکتەرەکانیدا ڕۆ بچێت و قسە لەبارەی واقیعی کۆمەڵەوە بکات. ڕۆماننووس بەبێ مەعریفەیەکی قووڵ و بەرین، لەکوێ دەتوانێت بە ناخی ئینساندا ڕۆ بچێت؟ یان چۆن پێی دەکرێت ئینسان بناسێت و ڕامانی فەلسەفی بورووژینێت؟ ڕۆمان کە زادەی ئاوابوونی خۆری خێڵ و گەشەسەندنی شارە، «خوسرەو جاف» کوردەواری بەدەم ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییەوە وێنە دەکێشێت، وێنەیەکی زیندووی جێی باوەڕ.

 ناکرێت ڕۆمانێک بنووسیت و کەسایەتیی خۆت لە یەکێک لە کارەکتەرەکانیدا ڕەنگ نەداتەوە. یەکێک لەوانەی سۆراخی دەستنووسەکانی نالی دەکەن، زوو زوو سەرسامیی خۆی بەو هونەری بیناسازییە دەردەبڕێت کە بە باڵاخانە و گومبەزەکانی ئەستانبووڵەوە دیارن، ئەو سەرنجانە کە دیارە هی کەسێکی شارەزان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی نووسەری ڕۆمانەکە، لە بواری بیناسازیدا لێزانە. ئەم سەرنجە بۆ ئەوەیش دروستە، کە «نالی»یش لە سنە، ستایشی ساختمانی سەرشۆرگەی خان دەکات. بایەخدانی «نالی»یش وەک قارەمانی ڕۆمانەکە، بە وەلی دێوانە، زادەی ئەوەیە، خوسرەو جاف ئیشی لەسەر ئەو شاعیرەیش کردووە. ناکرێت قارەمانی ڕۆمانەکەت گەورەترین شاعیری کورد بێت و خۆت هیچی وا لەبارەی شیعرەوە نەزانیت. بە ڕۆمانەکەوە دیارە، نووسەرەکەی شارەزای شیعرە، هەر شیعری کوردی نا، شیعری ئەو دوو زمانەی تریش کە نالی توانیویەتی شیعریان پێ بنووسێت.

 فارس و کورد و عەرەب، هەر سێم بە دەفتەر گرتووە

نالی ئەمڕۆ حاکمی سێ موڵکە دیوانی هەیە

 کە نالی دەستی بە شیعرنووسین کرد، دەبوو شاعیر خۆی فێری هەورامی کردبا، ئینجا شیعری نووسیبا، نالی وەک ڕچەشکێنێک ئەو ڕێسایە ڕەچاو ناکات و بە دیالێکتی کرمانجی خواروو دەنووسێت، بەوەیش بەرەو ڕووی ڕەخنەیەکی زۆر دەبێتەوە و تەنانەت پێی دەڵێن ئەوەی تۆ دەینووسیت میعرە و لە بەندوباوی شایەران دەچێت، ئەگەر بەو شێوەزارە بنووسیت، دەبیتە مایەی گاڵتەجاڕی. نالی هەرچەندە بەو قسانە نیگەران دەبێت، بەڵام هەر سوور دەبێت لەسەر بە کرمانجی خواروو نووسین، هەتا وای لێ دێت نووسینی شیعر بەو دیالێکتە دەبێت بە زمانی ستانداردی شیعرنووسین.

خوسرەو جاف کە گێڕەرەوەیەکە لە ئاستێکی باڵادا، هەرچەندە زۆرێنەی کارەکتەرەکانی لە ڕەگەزی نێرن، بەڵام جوانترین ڕۆڵی بە مێ سپاردووە، چ وەک دایک، چ وەک دڵبەر و چ وەک هاوژین. مەستوورە کە دڵی نالی داگیر کردووە، نموونەیەکی هەرە جوان و هێژای ئافرەتە، ئەو کەسەیشی دەستنووسەکانی نالی لە فەوتان پاراستووە، هەر ئافرەتە. خوسرەو جاف کە بۆ نووسینی ڕۆمانەکەی پشتی بە سێ سەرچاوە بەستووە؛ ئەزموونی خۆی و دیرۆک و خەیاڵ، لایەنێکی گەشی شێوازی نووسینی ئەوەیە، باسی شتێکی نەکردووە لێی شارەزا نەبووبێت، ئەوە بۆیە بەسەر گێڕانەوەدا زاڵە.

 بەهۆی شازادە و شاعیرەوە بە ژیان ئاشنا دەبین، شتگەلی نوێ فێر دەبین و ئاسۆی بینینمان گەشتر و خەیاڵمان فراوانتر دەبێت. ڕۆمان پێوەندییەکی پتەویشی بە فەلسەفەوە هەیە، ئەوە نییە نووسەر لەڕێی گێڕەرەوە و کارەکتەرەکانییەوە ڕامانە فەلسەفییەکانی خۆی نمایش دەکات؟ ئەوە نەبوو ڤۆڵتێر و سارتەر ڕۆمانیشیان دەنووسێ؟ ڕۆمان هەرچەندە ژانرێکی ئەدەبی دیاریکراوە، بەڵام نە سنوور دەناسێت و نە تایبەتە بەم یان بەو بابەت، فەزایەکی هێندە فراوانی هەیە، جێی هەموو تێمایەکی تێدا دەبێتەوە، ئەم تایبەتمەندییەی کە ڕۆمان هەیەتی، هیچ ژانرێکی دیکەی ئەدەبی شکی نابات.

 هیچ کارێکی تری ئەدەبی ناتوانێت وەک ڕۆمان، کەناڵێکیش بێت بۆ بڵاوکردنەوەی مەعریفە. ڕۆمانی دونیای سۆفیای «یوستاین گاردەر» کە مێژووی فەلسەفە دەگێڕێتەوە، نموونەیەکی باڵایە بۆ ئەوەی ڕۆمان سەرچاوەیەکی گرنگیشە بۆ گەیشتن بە کانیاوی مەعریفە. «عەبدوڕەحمان مونیف» دەیگوت: «ڕۆمان وەک من لێی تێ بگەم، ئامرازێکی جوانە بۆ گەیاندنی مەعریفە و چێژ». ئەگەر پێویستمان بە زانیاری ببێت دەربارەی مێژووی کورد لە سەدەی نۆزدەیەمدا، دەتوانین بچین لە ڕۆمانی شازادە و شاعیری خوسرەو جافیشدا بۆی بگەڕێین. نالی ڕێی کەوتبێتە هەر شارێک، ڕۆماننووس بە باری کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو شارەشی ئاشنا کردووین. 

نووسەری شازادە و شاعیر بێجگە لە تەکنیکی فلاشباک کە لێزانانە سوودی لێ بینیوە، کەڵکی لە تەکنیکی گۆڕینەوەی نامەیش بینیوە. گەلێک لە گەورە نووسەرانی دونیا، گەشتی نووسینی ڕۆمان بە گەڕان لەدووی دەستنووسێکی دێرینی گرنگ دەست پێ دەکەن، یان پەیامی خۆیان بە دەستنووسێکی کۆندا دەنێرن، خوسرەو جاف سوودێکی زۆری لەو دوو تەکنیکی نووسینەیش بینیوە، ئاخر هەم بە گەڕان لە دووی شیعرەکانی نالی دەست پێ کردووە و هەم ڕۆمانەکەی بە کۆمەکی هەندێک لە شیعرەکانی نالی دەوڵەمەند کردووە. ئەفسانە دەنگۆیەکە کە دەبێتە بەشێک لە کەلەپوور، نووسەر ئەفسانەی لە قازانجی هونەری گێڕانەوە بەگەڕ خستووە، کاتێک دەسەڵاتدارانی ستەمکاری وەک ئەهلی دۆزەخ پیشان داوە. وەک چۆن شانۆیەک هەیە ئاهەنگئامێزە، شازادە و شاعیریش دەقێکی ئاهەنگئامێزە، تێیدا نووسەر بایەخی بە کۆڕی شیعری، پێشبڕکێی ئەسپسواری و زۆرانبازی داوە.

لە ڕۆماندا گێڕەرەوە(ڕاوی) بێ لایەن خۆی پیشان دەدات و لە هەمان دوورییەوە سەیری کارەکتەرەکانی دەدات، ناچێت ستایشی ئەمیان بکات و بەویاندا هەڵشاخێت، لەڕێی ڕەوتار و گوتار و دونیابینییانەوە بە خوێنەریان دەناسێنێت، گێڕەرەوەی(ڕاوی) هەمووشتزانی شازادە و شاعیریش وای کردووە. لە ڕۆماندا دوو جۆر لە کەسایەتی هەن، کارەکتەرێک بەدەم ڕووداوەکانەوە گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا دێت، کارەکتەرێکی دیکەی مەیلەو نەگۆڕ. لە شازادە و شاعیردا کارەکتەرەکان بەگشتی نەگۆڕن، یان دروستترە بگوترێ گۆڕانی دراماتیکییان بەسەردا نایەت. ڕۆماننووس بە وریایییەوە کارەکتەرەکانی هەڵبژاردووە و هەر لە سەرەتاوە لە ناساندنیاندا سەرکەوتوو بووە و وشەی بەخەسار نەداوە، ئاخر ئاگاداری ئەوە بووە، وەک چۆن ئینسان کە بە کەسێک ئاشنا دەبێت، دەشێت لە دە دوازدە چرکەی یەکەم دیداردا، بڕیار لەسەر کەسایەتییەکەی بدات، خوێنەریش وا زوو کارەکتەر هەڵدەسەنگێنێت.

کورتبڕی لە نووسینی ڕۆماندا ئەوەندە گرنگە، ڕۆماننووسی لێزان هێندە دەست بە وشەوە دەگرێت، وەک خەریکی نووسینی شیعرێک بێت بۆ گۆرانی. نووسەری لێزان خۆی لە وەسفی درێژ بە دوور دەگرێت، دەچێت ئەو وردەکارییانەی بە گرنگیان دەزانێت، لەڕێی دیالۆگ و ڕامانی کارەکتەرەکانەوە دەیانڵێت. ئەگەر نووسەر ناوبەناو لە بیری بچێتەوە کە ڕۆماننووسە و خۆی لێ ببێت بە دیرۆکنووس، دەشێت بە درێژدادڕی خوێنەر بێزار بکات. لە ڕۆماندا نووسینی ڕستەی یەکەم، زۆر بە ئازارە، ئاخر بایەخێکی زۆری هەیە. «کامۆ» ئاوەها ڕۆمانی «نامۆ» دەست پێ دەکات: «ئەمڕۆ دایکم مرد، ڕەنگە دوێنێ مردبێت، دڵنیا نیم». سەرەتایەکی چەند سەرنجڕاکێشە، خوێنەری وریا دەتوانێت، لەڕێی ئەو چەند وشەیەوە، قارەمانی ڕۆمانەکە بناسێت. شازادە و شاعیر بە پرسیارێک دەست پێ دەکات: «چییە بۆ وا ئاشوفتە و نیگەرانیت»؟ «ئۆرهان پاموک» دەیان جار یەکەمین ڕستەی ڕۆمانەکانی دەگۆڕێت!

شیعری خەڵقی کەی دەگاتە شیعری من بۆ نازکی

کەی لە دیققەتدا پەتک دەعوا لەگەڵ هەودا دەکا

نالی کە بە مەبەستی گەڕان لەدوای زانست دەچێتە مزگەوتی دارولئیحسانی سنە، لەو‌ێ ناوبانگی وەک شاعیر بڵاو دەبێتەوە و دەبێتە مامۆستای گوتنەوەی دەرسی شیعر و دەرسی شیعر بە «مەستوورەی ئەردەڵان»یش دەڵێتەوە. ئەوە ڕێی تی دەچێت، شاعیرانی دیکە کە ئەو توانایەی ئەویان نەبووە، ڕقیان لێ هەڵگرتبێت و لە هەلێک گەڕابێتن زەبرێکی لێ بوەشێنن. «مەلا مەقسوود» ناوێک بۆ ڕسواکردنی نالی، شیعرێکی درێژی پۆڕنۆگرافیک لەسەر مەستوورە دەنووسێت و بەناوی نالییەوە بڵاوی دەکاتەوە. لەوە بەدواوە نالی سەرەتا زیندانی و دواتر شاربەدەر دەکرێت. تاقە بەڵگەیەک بۆ ئەوەی ئەو شیعرە هی نالی بێت، ئەوەیە هەوڵ دراوە بە هەمان ئەو شێوازە بنووسرێت کە نالی شیعری پێ نووسیوە.

 نالی عەجەب بە قووەتی حیکمەت ئەدا دەکا

مەعنایی زۆر و گەورە، بە لەفزی کەم و بچووک

 بە پێچەوانەی ئەو تێزەی نالییەوە، خەونەشیعرەکە بریتییە لە مەعنای کەم و بچووک، بە لەفزی زۆر و گەورە، یان بە دەربڕینێکی تر، درێژدادڕی، جێی کورتبڕیی گرتووەتەوە.

ڕەفیقان من ئەوا ڕۆییم لە لاتان

لە مەزڵوومان بڵا چۆڵ بێ وڵاتان

شکاری وەحشییان بەس دەستەمۆ کەن

نەوەک بەربێ شکاری خانەزاتان

نالی مەبەستی ئەوەیە بڵێت: «من دەڕۆم بەو هیوایەی دوای من، نیشتمان چۆڵ بێت لە ستەملێکراو. بەس بایەخ بە بێگانە بدەن، با هاوزمانی خۆتان سەری خۆی هەڵنەگرێت».

«بالزاک» هێندە لێزانانە ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکانی دەدایە بەر ڕووناکی کە بۆ ناسینی کۆمەڵی فەڕانسەیی، زانایانی کۆمەڵناس هانایان بۆ ڕۆمانەکانی ئەو دەبرد. «چارڵز دیکنز» ئوستادی ورووژاندنی سۆز بوو، بەرانبەر بەوانەی سووکایەتییان پێ دەکرا. بەهۆی ڕۆمانی شازادە و شاعیرەوە، هەم بە نهێنییەکانی کۆمەڵی کوردەواریی ئاشنا دەبین و هەم کە نالی بە ناڕەوا سزا دەدرێت، نووسەر بە جۆرێک سۆزمان بەرانبەر بەو شاعیرە سووکایەتی پێ کراوە دەبزوێنێت، فرمێسک بەری چاومان لێڵ دەکات. «سواری گوێدرێژێکیان کردم، بەناو بازاڕدا گێڕامیان و لە زۆر لاوە درامە بەر توێکڵەشووتی و میوەی گەنیاو و شاربەدەریان کردم». نالی ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنێت و دەڵێت: «خۆراکی ڕاستەقینەی مرۆڤ ئومێدە، ئەگەر ئومێد لە عەقڵ و فیکری مرۆڤدا بکووژێتەوە، مرۆڤیش وەک مۆمێکی بەر با دەکووژێتەوە».

ئایا مەقامی ڕوخسەتە لەم بەینە بێمەوە

یان مەسڵەحەت تەوەققوفە تا یەومی نەفخی سوور؟

 سالم لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، ئەم پەیامە بە بای سەحەردا بۆ نالی دەنێرێت:

توو خوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەخیلی بم

بەم نەوعە قەت بە سولەیمانییا نەکا گوزەر

مێژوو ناسنامەیە، ئەوە دروست نییە کە مێژوومان بەجێ هێشتووە، نا، ئێستایش لە مێژوودا دەژین، ئاخر لە کن مە، مێژوو بازنەیییە و بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئاخر هێشتا لەو قۆناغەدا دەژین، کە ئەم میرنشین، لەشکری بێگانەی دەهێنایە سەر ئەو میرنشین. لە ئەدەبی دونیادا، نموونە زۆرن کە باس لە پێوەندیی نێوان نیشتمان و تاراوگە دەکەن، ئیدی ژیان لە تاراوگە لە ناچارییەوە بووبێت یان خۆویستانە. سەفەری نالی بۆ تاراوگە، زادەی هەڵوێستی سیاسی بووبێت یان بە مەبەستی گەڕان لەدووی زانست، بوو بە هەوێنی ڕۆمانێک کە ئەدەبی کوردی دەوڵەمەند کردووە.

بۆچی پەیڤینی سیاسەتکاران سەرنجمان ڕاناکێشێت؟ چونکە ڕۆمان ناخوێننەوە، ئاخر ئەگەر ڕۆمانیان خوێندباوە، فێری ڕاستگۆیی و بوێری دەبوون. بۆچی ئەم یان ئەو ڕۆمان سەرنجمان ڕادەکێشێت؟ چونکە واقیعی خۆمانی تێدا دەبینینەوە. نووسەری ئیسپانیایی «خوان گویتیسۆلۆ» (١٩٣١ – ٢٠١٧) دەڵێت: «بەرهەمی سەرکەوتوو ئارەزووی ئەوە لە ناخماندا دەبزوێنیت، بچین جارێکی تریش بیخوێنینەوە. کە لە خوێندنەوەی «شازاد و شاعیر» بوومەوە، حەزم دەکرد بچم جارێکی دیکەیش بیخوێنمەوە.

................................

بۆ زانیاری زیاتر:

(١) خوسرەو جاف، شازادە و شاعیر، ناوەندی ئاوێر ٢٠١٨ هەولێر.

(٢) دیوانی نالی، مەلا عەبدولکەریمی موددەڕیس و فاتیح عەبدولکەریم، کۆڕی زانیاری کورد، ،١٩٧٦، بەغدا.

- ئاشوفتە: پەرێشان.

- هەودا: تاڵ، داو، دەزوو.

ده‌نگێ نه‌دراوه