مەلا کەریمی شاریکەندی لە قووڵایی ئەندێشەکانیڕا‌

نووسەر: 
ناسر عەلیار
مەلا کەریمی شاریکەندی لە قووڵایی ئەندێشەکانیڕا‌

                                                                 بە نێوی خودا

 لە پۆلی چواری سەرەتاییڕا هەتا یەکەمی دەبیرستان کە دەکاتە چوار ساڵ لە شاری سابڵاغ دەرسم دەخوێند. بابم لە ساڵی 47ڕا وێڕای کەسانێکی زۆر تەبعید کرابوو. هەتا هاتنەوەی بابم لە بنەماڵەیەکی بەڕێز لە ئاشناکانی بابم دەژیام. بێجگە لە هاوینان کە دەچوومەوە دێیەکەی خۆمان لە لای بۆکان باقی وەرزەکانی ساڵ هەر لە ماڵی ئاغا سەید عەلی بووم و هاتوچۆی مەدرەسەم دەکرد. ئاغا سەید عەلی خوا تەمەن درێژی کا بە سەعادەتەوە سەرپەرستی من و دایک و بابێکی پیری خۆی دەکرد. ڕۆژێکیان لە ڕۆژەکانی ئەو ساڵانە (لە 47ڕا هەتا 50) ئاغا سەید عەلی هاتەوە ماڵێ نووسراوەیەکی وەک «بەیانیە» بە دەستەوە بوو. کوتی ئەوە مەلا کەریمی شاریکەندی نووسیویەتی. لەو نووسراوەدا هاتبوو ئێمە دەبێ داوای لێخۆشبوون لە خودا بۆ ئیمام حوسێن بکەین نەوەک لە سینگی خۆمان دەین یان سەروسەکت و شان و ملمان خوێناوی کەین1. وادیاربوو ئەو نووسراوەیە ڕەخنەیەک بوو لەو کارەی شیعەکان لە مانگی «موحەڕەم»دا دەیکەن. ئەوە یەکەم جار بوو ناوی مەلا کەریمی شاریکەندیم بە گوێ دەگەیشت. دواتر مەلا کەریمم چاو پێکەوت، هەر لە کووچەی هەشت میتری کە ئێمەی لێ دەژیاین نیشتەجێ بوو. مەلایەکی باڵا بڵیند و بە جەزەبە، کەسم لەو باڵابەرزتر نەدەدی بە خۆوە، ئێسک ئەستوور، دەموچاو پان، چاوڕەش، ڕیشی هەمیشە دەتاشی و مێزەرەکەی بێ ڕیشۆ بوو. پشتێنەکەی وەک هەندێک مەلایانی کورد لەسەر کەوا درێژەکەی دەبەست. دەشیان کوت جیا لە مەلایەتی دەرسی مەدرەسەش دەڵێتەوە، مەلایەکی باسەوادە، دەبیرەکان لە مەدرەسە پرسیاری شتی ئەدەبی و دینی و.... لێ دەکەن. پاش هاتنەوەی بابم لە تەبعید من بۆ دەرسخوێندن هاتمەوە بۆکان کە لە دێیەکەی خۆمان نزیک بوو، هەمیشە باسی مەلا کەریم و مەلا شێخ عێزەدینم وەک مەلایانی بەرجەستەی شاری سابڵاغ(مەهاباد) دەبیست، نازانم چ ساڵێک بوو لەو ساڵانەی کە من تازە لەگەڵ مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم‌زادە ناسیاویم پەیدا کردبوو، من مێرمنداڵێک بووم مامۆستا تەواوی ڕیشی سپی بوو بەڵام بەگوڕ بوو. لە هەر بابەتێک پرسیارم لێ دەکرد. جارێکیان باسی مەلا کەریم هاتە گۆڕێ، مامۆستا وابزانم پاش بڕێک تاریفی مەلاکەریم، فەرمووی: حاجی میرزا یوسفی شیعار و ئەوانەی وا لە تەورێزڕا چوون بۆ دیدەنی لە دێیەکەی خۆی  بە نێوی «خەلیفەلیان»، جوابی کردوون. ئەوانە هاتوچۆی مەلایانی مەهاباد و بۆکانیان دەکرد، تەنیا لەسەر قوڕئان دەدوان و لایەنگریان لە مەزهەبێکی تایبەت نەدەکرد. دواتر لە کەسانێکی ‌ترم بیست کە موناقەشە و کێشەکەی لەگەڵ شیعارەکان لە مەدرەسەی مزگەوتی سوور بووە. داخوا دووهەم جار بووە بەرخوردی لەگەڵ شیعارەکان بووە، یان یەکێک لە گێڕدراوەکان ڕاست بێ، نازانم، (تا ئێستا کە خەریکی ئەو وتارەم لەو ڕۆژانەدا گەورەی شیعارەکان لە تەورێز حاجی ئاغا مستەفای شیعار بە ڕەحمەتی خوا چووە).

شۆڕشی گەورە و بەرفراوانی ئێران هاتە پێشێ، مەلایانی شیعە تەبعید دەکران بۆ شارە سوننی نشینەکان. مەلایانێکی باسەواد و بەرجەستە دوور خرابوونەوە بۆ شاری مەهاباد وەک: ناسری مەکاریمی شیرازی، ساڵحی نەجەفابادی، تاهیری ئەسفەهانی. مەلایانی خۆمان بە ئەندێشەوە دەهاتنە نێو جەرگەی شۆڕشەوە. مامۆستا شێخ عێزەدین سەرەڕای ئەوەی ئیمام جومعەی ڕەسمی شاری مەهاباد بوو، کەچی پێشتر لە مەلاکانی‌ ترەوە بەرەوپیری شۆڕشەوە چوو. دەمبیستەوە لەگەڵ مەلا شیعە دوورخراوەکان هاتوچۆی هەیە. لە بیرەوەرییەکانی نەجەفابادیش لەم بارەوە شت هەیە2. بەڵام دەمبیستەوە مەلا کەریم خۆیان لێ دەبوێرێ. تەنانەت دەیانگوت هەر لەو سەروبەندە لە هەندێک وتاریدا یەزیدی بە چاک نێو بردووە کە نازانم ڕاست بوو یان نا.

جارێکیان بۆ نوێژی عەسر لە مەهاباد بووم، خۆم گەیاندە مزگەوتی حاجی سەید بایز، هەر بۆ ئەوەی چاوم بە مامۆستا شێخ عێزەدین بکەوێ، جەنگەی خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکان بوو. دوای نوێژی عەسر مامۆستا چووە حەساری مزگەوتەکە، لەسەر بەردێک دانیشت ئەمن و پێموابێ جەعفەری موفتی‌ بوو لە خزمەتیدا بووین، تازە ئەمنی دەناسی، ماوەیەکی کەم بوو بۆ یەکەم جار لەگەڵ عەبدوڵڵا مودەڕسی -خوشکەزای مامۆستا- چووبووین بۆ لای، قسەی بۆ جەعفەری موفتی دەکرد، ئەمنیش لەوێ ڕاوەستابووم لە نێو قساندا گوتی: ئەگەر مەلا کەریم «جموود»ی نەبوایە بەقەد ئاغا ئەحمەد پڕتەئسیر دەبوو، مەبەستی کاک ئەحمەدی موفتی‌زادە بوو.

وا هەڵکەوت ڕژیم تەنگەی پێ شل بوو، زیندانیانی سیاسی ئازاد کران، یەک لەوان مامە غەنی بلووریان لە شاری مەهاباد بوو کە نزیک بیست ساڵ لە زیندان خرابوو، بە سەد ماشێن هێنابوویانەوە زێد و وڵاتی خۆی. مزگەوتی هەباساغا جمەی دەهات لە ڕووناکبیر و لاو و خەڵکی ئاسایی و مەلا و بێسەواد و باسەواد، حەوشە و حەسار و کۆڵان هەتا سەر چوارڕێیانی دەرکی مزگەوت پڕ بوو لە حەشیمەت. لە سنە و مەریوان و بۆکان و میاندواو و هەموو شارەکانی کورد و تورکی پارێزگای ئازەربایجان و کوردستانەوە خەڵک هاتبوون و وێڕای خەڵکی خوێن گەرمی پیرە سابڵاغ گوێڕایەڵی وتاری گەرم و شۆڕش‌گێڕانەی وتاربێژان بوون، خۆم لە نێو مزگەوتەکە پەستاوت، دوای وتاری دوکتۆر خەلیقی، مەلا کەریم هاتە سەر وتاردان، چونکە زۆر باڵابڵیند بوو هەر بە دانیشتنەوە وتاری‌ دا، یەکەم جار بوو مەلا کەریمم لە کاتی وتارداندا چاو پێ دەکەوت، زۆر جوان و دلێرانە و بێ گرێوگۆڵ نزیک بە نیو سەعاتی قسە کرد، زوڵم و زۆری ژاندارم و حکومەتی لە پێنج شەش ساڵی بەر لەوە بە تایبەت لە کاتی هەڵمەتی دڕندانەی چەککردنی دێهاتی مەزڵووم هێنا بەرباس و پاشان باسی ئەوەی کرد خودا لە قورئاندا دەفەرمێ: ئێوەمان کردە میللەت و قەومی جیا جیا کە مافی یەکتر بە ڕەسمییەت بناسن (جعلناکم شعوبا و قبائل لتعارفوا...)، خەڵکی بانگهێشت کرد بۆ یەکییەتی، گوتی پەڵپ و بیانوو بە یەک مەگرن، تەنانەت لە کەسانێکیش خۆش بن کە تا ئێستا لە دەزگای حوکومەتدا بوون با لەوە بەو لاوە لە خزمەتی خەڵکدا بن، ئەو ئاغا و مالیکە پێشووانەش ئێستا برای ئێوەن و برایانە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن.

وابزانم لە ئاخری وتارەکەیدا هاتە سەر باسی «ناسیونالیسم» و «ئەنتێرناسیونالیسم»، دەیهەویست بەرەی کوردایەتی بە قەوەت کا و پلارێکیش بخاتە مارکسیستەکان3 کوتی بۆ خاتری «ئەنتێرناسیونالیسمی» بێ پایە و خەیاڵی، «ناسیونالیسم» وێڵ مەکەن، ئەگەر میللەت نەبوو میللەتان لە کوێ دەبێ (کورتەیەک بوو لەوانەی من توانیم لە زەینی گرم). دوایە کەسێک بە ناوی مەلا قەسیمی سەوجە قسەی کرد، بەرپەرچی قسەکانی مەلا کەریمی داوە، هەروەها خودی مامە غەنیش لە بەشێک لە قسەکانی ڕەخنەیەکی ئارامی لە قسەکانی ئەو هەبوو. کە شۆڕش سەرکەوت مەلا کەریم کەوتە پەراوێزەوە بەڵام زۆربەی مەلاکانی سابڵاغی لەگەڵدا بوو. چەن ڕۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕش بۆ دانیشتن لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی ئینقلاب بە سەرۆکایەتی «داریوش فرووهەر»، بۆ نووسینی بڕیاری  هەشت مادەیی، لە لایەن کوردەکانەوە مەلا کەریم بانگ نەکرا بەڵام هەر لەو دانیشتنە شێخ عێزەدین کرا بە سەرۆکی هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد بۆ وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی. مانگێک دواتر لە ڕێوڕەسمی بەخاک ئەسپاردنی بارزانی لە شاری شنۆ مامۆستا مەلا کەریم ڕەخنەی توندی لە نووسەرانی بڕیاری هەشت مادەیی گرت کە لە مادەی هەشتدا نووسیبوویان دەبێ قیادەی کاتی(بە فارسی=«موقت») و بنەماڵەی بارزانی لە ئێران دەکرێن. لە وتارەکەیدا لە سەر گۆڕی بارزانی نووسەرانی مادەی هەشت ئەو بڕیارەی بە خائین بە گەلی کورد ئەژمار کرد.

چەن ڕۆژ دواتر، لە ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی بە خۆی و 22 مەلای مەهابادی و هەندێک کەسی لایەنگر، ڕایان گەیاند ئێمە بە کۆماری ئیسلامی دەنگ دەدەین کە زۆر گرانیان بۆ تەواو بوو، تاقمێک دروشم و شیعاری توندیان بە دژیان دا و بێ حورمەتیان پێ کرا. 

ئەوە لە کاتێکدا بوو شێخ عێزەدین و حیزبی دیمۆکڕات و گرووپە چەپەکانی کوردستان ڕایان گەیاندبوو لە ڕیفڕاندۆم بەشداری ناکەین (هەرچەند حیزبی دیمۆکڕات دواتر تەحریمەکەی خۆی وەرگرتەوە).

وردە وردە سەرۆکایەتی مامۆستا شێخ عێزەدین مسۆگەر بوو، تەنانەت بەرەی ئیسلامیش لە باشووری کوردستان کەوتە پەراوێزەوە. لە لایەن کاربەدەستانی ئێران بانگهێشت کرا بۆ قوم و تاران بۆ دیدار لە تەک ئایەتوڵڵا خومەینی و سەرانی شۆڕش. وێڕای هەیئەتێک لە مامۆستایانی ئایینی کورد و بڕێک پیاوی سیاسی و هەواڵنێری ناوخۆ و دەرەوە بە تەیارەی دەوڵەتی بردران، لەو سەفەرەشدا مەلا کەریم لەگەڵ نەبوو. کەشوهەوای سیاسی و مەزهەبی کوردستان لە هاوینی ساڵی 58، لە سەروبەندی هەڵایسانی شەڕی کوردستان، لە نامەیەکی دۆستانەی خەلیفەی کانی ‌سێو بۆ مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم‌زادە دەردەکەوێ. ناوبراو دەگێڕێتەوە: «با حضور سی نفر ملا و اهل سواد مام شیخ می‌گفت من عقلا فتوا می دهم، کاری بە کتاب مذهبی ندارم، گفتم: شاد باشید اصل و فرع دین را از بین بردید، گفت: من زبان ندارم، زبان من ملا کریم است هرچه بگوید چنان است و ملاها نقش پرده بودند، زبان بریده، کر و لال بودند. ملا کریم را دیدم قدری فحش به شیخ داد که نداند چه می‌گوید»(کتێبی «فریادی فراتر از زمان» لاپەڕەی640). لێرەڕا دەردەکەوێ کە ئاخری هاوینی ساڵی 58 جەنگەی پێکهەڵپرژانی گرووپە کوردەکان و دەوڵەتی تاران کە لە پاوەڕا دەستی پێکرد [28ی گەلاوێژ(مرداد)] و هەموو کوردستانی گرتەوە. مامۆستا شێخ عێزەدین وای بە مەسڵەحەت زانیوە کاروباری مەزهەبی بسپێرێ بە مەلا کەریم، دیار نییە مەلا کەریمیش بەو دابەشکردنە و بەو ڕاسپاردەیە ڕازی بووە یان نا، بەڵام دیارە لە شێخ دڵ پڕە.

دوای هەڵایسانی ئاگری شەڕ و دەستاودەستبوونی  شارەکانی کوردستان بەینی هێزی پێشمەرگە و هێزی حکومەت و کەوتنی چین چینی کەلاکی بنیادەم لە کۆڵانی شارەکان و لە داردانی پۆل پۆل لە لاوانی کورد بە تایبەت لە شاری مەهاباد، کانگای شۆڕشی ئەوجارە و جارانی پێشوو کە یەکێک لە داردراوەکان کوڕی مەلاکەریم بوو، بێ ئەوەی بۆی داپاڕی خەمی ئەویشی وەک خەڵکە داماوەکە گرتە کۆڵ. مەلاکانی مەهاباد زیاتر لە خەڵک لە گێژاو کەوتبوون بەڵام بە سەرۆکایەتی مەلا کەریم دەورێکی ئاشتیخوازی و عیزەتمەندانەیان گێڕا.

مەلا کەریم دەیهەویست گرووپە چەکدارەکان لە شارەکان بچنە دەرێ، دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیش بە بەڵێنییەک وا دابووی، جا چ خودگەردانی یا هەر شتێکی دیکە دان دابنێ. لەو کاتەدا کۆمەڵێک پیاوی بە وەج وەک مامە غەنی و هێمنی شاعیر و حەمەدەمینی سیڕاجی و کەسانی‌ تر بە ناوی پەیڕەوانی کۆنگرەی چوار لە حیزبی دیموکڕات کشابوونەوە. بە وتەی مامە غەنی4 ئەو تاقمەش لەگەڵ مەلا کەریم ڕێک کەوتن. بە عادەتی ساڵانی پێشوو هەندێکیش لە خەڵکی مەهاباد و مەلاکانی ئەو شارەش هەر لە بەرەی مەلا کەریم بوون، بە هەموویان مەلا کەریمیان وەپێش دا، بۆ وەگەڕخستنەوەی وتووێژ لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی. مەلا کەریم لەگەڵ چەن کەسێکی ‌تر چۆوە تاران. لەو سەفەرەدا لە چەن جێ قسەی کرد، ڕادوێ هەندێک لە قسەکانی بڵاو کردەوە، لە هەموواندا وەک ئەمن گوێبیست بووم و جارێکیشیان بۆ خۆم گوێم لێ بوو داکۆکی لە مافی کورد دەکرد و داوای سڕینەوە و لەبەرچاولابردنی بڕێک شتی ناشیرینی نێو و ناتۆرەی مەزهەبی بەرامبەر بە کورد و ئەهلی سوننەت لە کتێبەکانی شیعەدا دەکرد، بە تایبەت ئەو قسانەی لە ورمێ لە نێو مەلای شیعە و سوننی و کاربەدەستانی ئەو پارێزگایەدا کردوویەتی. مەلا کەریم بە خەیاڵێکی ئاسوودە و دڵنیا لەو کارەی بە قازانجی شارەکە و میللەتەکەی کردوویەتی هاتەوە ماڵە بچکۆلانەکەی خۆی کە وەقفی مزگەوت بوو، لە تەنیشت مزگەوتەکەی خۆی کە نوێژی لێ دەکرد و دەرسی تێدا دەگوتەوە. لەسەر دۆخی جاران دەچووە مزگەوتێ بۆ پێشنوێژی و دەهاتەوە، تاکوو ئەوەی ڕۆژی 2ی خاکەلێوەی ساڵی 61ی هەتاوی، چەن فێرکردەی دڵڕەق لە کەمینگای شەیتانیان دەرپەڕین و مەلا کەریمی بێ چەک و نیگابانیان بەر دەسرێژی گوللە دا و گوڵی سەر تۆپی مەلایانی کوردیان نەخشی زەوی کرد و سەری پڕ ئەندێشەی ورد و دڵی پڕ هەستیان لە کار خست، کە خەڵک هوروژمی کرد بۆ ناشتنی تەرمە پیرۆزەکەی کەس نەیوێرا خۆی بکاتە خاوەنی ئەو جینایەتە و تا ئێستاش نەزاندرا چ لایەنێک هاندەری ئەو کارەساتە بووە یا ڕەنگ بێ ئەو کارە هەر لە سەرەتاوە بە مەبەستێکی نهێنی و نەخشە داڕێژراو کرابێ.

بۆ چاکتر ناسینی مەلا کەریم و بیروڕاکان و هەڵوێستەکانی لە تەمەنێکی کورتی پەنجا و پێنج ساڵەدا دەبێ بگەڕێینەوە دواتر.

مەلا کەریم لە بنەماڵەیەکی فەقیر لە دێی سێوەدین لە ناوچەی بۆکان هاتۆتە دنیاوە، پاش ماوەیەک ماڵیان چۆتە شاریکەند، لەسەر چۆمی تەتەهوو، ئیتر ناوبانگی بە شاریکەندی دەرکردووە. خوێندنی فەقێیەتی وەک لە پێشەکی تەنیا نامیلکەی بەجێماو لە مەلا کەریمدا هاتووە واتە («احوال شخصیه و حقوق زوجین»،) لە پێشدا لە لای باوکی خوێندوویەتی، زۆر زوو باوکی لە دەست داوە، سەغیر و بێ ‌باوک کەوتووە و دواتر لە لای زانایانی گەورەی سەردەم وەک مەلا سەید کەریمی باخچە(واژی)، مەلا شێخ عومەری قوڕووچا، مەلا حەمەدەمینی ئەشعەری(وەلزی)، مەلا عەلی ڕەببانی(بوغدەکەندی)، مەلا شێخ حەسەنی شێغلەر(شیخی)، مەلا عەلی حەمامیان(وەلزی)، مەلا عەبدوڵڵای سووتوویی(محەممەدی)، مەلا سەدیقی سیدقی، مەلا حوسێن مەجدی، دەرسی خوێندووە  و لە لای مەلا حوسێنی ناوبراو ئیجازەی لە شاری مەهاباد وەرگرتووە، لە ساڵی 1330 مەلایەتی تەواو کردووە. زۆربەی مەلایەتییەکەی پێش ئەوەی بێتە مەهاباد لە دێی خەلیفەلیان بردۆتە سەر بێژگە، لە ماوەیەکی کەم کە لە شاری نەغەدە بۆتە ئیمام جومعە، بە هۆیەکی سیاسی دەردەکرێ و دێتەوە دێیەکەی جاران، دێی خەلفەلیان لە نێوان مەهاباد و نەغەدە.

 شۆرەتی بە مەلا چاک  و بلیمەت بڵاو ببووەوە. چەن ساڵێک بوو بە ڕا و تەگبیری کاربەدەستانی ئەو کاتی مەهاباد بە تایبەت سەرلەشکر وەرهەرام، مەدرەسەی مزگەوتی سوور بە سابقەی چەن سەد ساڵیەوە دووبارە زیندوو کرابووەوە، فەقێکانی ئەو مەدرەسەیە مانیان گرت کە دەبێ مەلا کەریمی شاریکەندیمان بۆ دەرسدادان بۆ بێنن. مەلا کەریم ئەوکات ماڵی هاتبووە مەهاباد. ساڵی 1341 بەڕێزێکی زۆرەوە لە لایەن خەڵک هێندراوە سەر مزگەوتی مەولەوی لە کووچەی 8 میتری. مەلا کەریمیش کرا بە دەرسوێژی مەدرەسەی مزگەوتی سوور، ئەو کات تەمەنی کەمتر لە 40 ساڵی بوو، لە ڕێزەی مەلا گەورەکانی ئەوێ وەک مەلا حوسێنی مەجدی، مەلای ماوەڕانی، مەلا ساڵحی پەسوێ(مودەڕسی)، مەلا شێخ عێزەدینی حوسێنی، مەلا عەبدوڵڵای مودەڕیسی و لە نێو ئەو مەلایەنەدا، جا چ لە ناو مەدرەسەدا چ لە دەرەوە کەسێک دەیتوانی ببێتە ڕەقیبی مەلا کەریم مامۆستا مەلا شێخ عێزەدینی حوسێنی بوو، شێخی ناوبراو چەن ساڵ پێشتر لە مەلا کەریم لە قاراوای بۆگەبەسی ‌ڕا هاتبووە مەهاباد، لەبەر سەواد و سەنگینی و بوێری لە لایەن مەلایانی مەهاباد بە تایبەت گەورە مەلای ئەو سەردەمە مەلا حوسێنی مەجدی و لە لایەن خەڵکی شارەوە و هەروەها لە لایەن دەوڵەت ڕێزی تایبەتی بۆ دادەندرا، پێنج شەش ساڵێک لە مەلا کەریم بە تەمەن ‌تر بوو بەڵام لە زۆر شتدا وەک یەک بوون.

هەردووکیان مەلا چاک و خاوەنی بیری تازە بوون.

هەردووکیان قەناعەت و مەناعەتیان زۆر بوو، بۆ ماڵی دنیا خۆیان چکۆلە نەدەکردەوە، هەردووکیان دوور بوون لە دەم و دەزگای حکومەت، خۆیان تێ هەڵنەدەقوتاند، هەردووکیان قەڵافەت و هەیبەتیان کەسی بەرامبەری بۆ لای خۆی ڕادەکێشا و وەک دەکوترێ کاریزمایەکیان هەبوو.

بەڵام ئەو دوو مەلا چاک و ڕێزدارانە خاڵی جیاوازیشیان هەبوو، کە ببووە ڕەقابەتێکی بەردەوام لە بەینیاندا.

قودرەتی قەڵەم و کەلامی مەلا کەریم زیاتربوو لە شێخ.

پێشینەی دەرسوێژی و شاگرد پەروەری شێخ زیاتر بوو لە مەلا کەریم.

سینگفراوانی و قسەهەڵگری شێخ زیاتر بوو لە مەلا کەریم.

عەقیدە و بیروباوەڕی مەلا کەریم ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا بوو.

شێخ لە دەربڕینی عەقیدە و بیروباوەڕیدا شتێکی تێدا دەهێشتەوە و کەسی بەرامبەری دڵنیا نەدەکرد، لە پێوەندی لەگەڵ دەوروبەرەکانیان مەلا کەریم زیاتر ئادابی دینی لەبەرچاو بوو تا شێخ، شێخ لەم بارەوە بێ موبالات و سەهل ئینگار بوو.

لەباری سیاسیەوە شێخ مەیلەو چەپ بوو، لەگەڵ چەپییەکان بە ئاشکرا و نهێنی هەر لە زەمانی شاڕا پێوەندی و سرتوخورتیان بوو.

مەلا کەریم کوردایەتێکی ڕووت و بێ پەردەی بوو، بۆی کرابا دەریدەبڕی، دەنا هەر لە دۆخە مەزهەبیەکەی خۆیدا دەماوە.

لە باری ڕوانین بۆ مێژووی ئیسلام شێخ مەیلی بەو نووسراوانە بوو کە زیاتر ڕەخنەئامێزن بەڵام مەلا کەریم مەیلی بە نووسراوەیەک بوو کە سەروبەری بێ و عەقیدە دامەزرێنێ، نەک لەقی بکا.

خاوەنی ئەو قەڵەمە کە لە خزمەتدایە، ساڵیانی ساڵ وای بیر دەکردەوە: «مەلا کەریمێک کە ئەو هەمووە تاریفی دەکرێ و ئەو وتارەی وا خۆم لە مزگەوتی هەباساغا لێم بیست، چۆن ڕێگای بە دەمارگرژی لە کەوشەنی بیر و باوەڕی داوە و چۆن دەبێ بە یەزیدی کوتبێ حەزرەتی یەزید -وەک دەگوترێ-». تا ئەوەی کە نامیلکەی بچکۆلانەی (احوال شخصیه و حقوق زوجین)م خوێندەوە کە 29 لاپەڕە پتر نییە و بە کۆششی سەید محەممەدی سەمەدی و جەنابی مەلا عەبدولعەزیزی تەئید لە چاپ درا، لەو نامیلکەیەدا بیر و ئەندیشەی مەلا کەریم لەمەڕ بنەماڵە و مافی ژن و چاولێکەری زانایانی پێشوو، هەروەها دواکەوتوویی کۆمەڵانی موسوڵمان دەردەکەوێ. لە سەرەتای ئەو نامیلکە بچکۆلە بە وەزن سووک و بە قیمەت گرانەدا دەڵێ:...

[ ئەم بابەتە درێژەی هەیە ...]

..............................................................................................

1- وەک لە چەن خوێنکاری قەدیمی مەدرەسەی مزگەوتی سوورم بیست، مامۆستا مەلاکەریم جارجار لەو شتانەی دەنووسی لە حەوشەی مزگەوت بۆ فەقێکانی دەخوێندەوە. 

2 -  کتێبی «شوکران اندیشە» لاپەڕەی 194

3 – چونکە مامۆستای شەهید یەکێک لە دەگمەن مەلایانی کوردە کە لەگەڵ فەلسەفە و سیاسەتی چەپیەکان ئاشنا بووە کتێبی «اصول مقدماتی فلسفه»ی خوێندبووەوە.

4 – ئاڵەکۆک لاپەڕەی 354- 355 

ده‌نگێ نه‌دراوه