چاكسازی لە بواری پەروەردە و فێركردندا

چاكسازی لە بواری پەروەردە و فێركردندا

خوێندن وەك كلیلێك وایە بۆ چوونە ناو گەردوونەوە، كە لەو ڕێگەیەوە هەموو شارستانییەتەكان بنیات نراوە، ئەو زانستەش كە خوای گەورە باسی دەكات تایبەت نییە بە بوارێكەوە، بەڵكوو ئەوە زانستێكی گشتگیرە و لەسەر بنەمایەكی بەهێز لە توانا عەقڵی و كلتووری و كۆمەڵایەتی و جەستەییەكانی مرۆڤ دامەزراوە كە لە لەدایكبوونی مرۆڤەوە دەست پێ دەكات هەتا كۆتا قۆناغی ژیانی. گرنگترین بنەماكانی ئەم زانستە بریتیە لە پێگەیاندنی مرۆڤێك كە توانا عەقڵی و شیكاری و وردبوونەوە فیكرییەکانی تێدا بەهێز دەكات بۆ ئەوەی ببێتە هۆكارێك بۆ ئاوادانكردنەوەی زەوی، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە مرۆڤێكی هاوسەنگ هەیە لە ڕووی مەعنەوی و جەستەییەوە، چونكە جەستەی ساغ دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی عەقڵێكی باش، لەهەمان كاتیشدا تەنها جەستەی باش ئەگەر خاوەنی عەقڵێكی باش و پێشكەوتو نەبێت بە تەنها ناتوانێت هۆكاری گەشەكردن و پێشكەوتن بێت ، لە لایەكی تریشەوە گەشەكردن و پێشكەوتن پێویستی بە كاری كۆمەڵایەتی و گرووپ هەیە، ئەمەش پێویستە لە لایەن دامەزراوەكانی پەروەردە و فێركردنەوە گرنگی زۆری پێ بدرێت، چونكە لە لایەك هۆكارە بۆ گەشەی عەقڵ و تواناكان و لە لایەكی تریشەوە پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتی باش بنیات دەنێت، كە ئەمەش كاریگەری زۆری هەیە لە ڕووی زانستی كۆمەڵناسییەوە كە لە ڕێگەی بنیاتنانی پەیوەندییەكی مرۆڤی باشەوە دەتوانرێت كۆمەڵگایەكی تەندروست بنیات بنرێت.

زانستی كۆمەڵناسی زانستێكی پراكتیكی كۆمەڵایەتی مەدەنییە و لەسەر بنەمای پەیوەندییەكانی هاووڵاتی دروست دەبێت كە سەرەتا لە پەیوەندی نێوان تاك و خێزان، پاشان ئەو كۆمەڵگەیەی كە تێیدا دەژین و هەروەها بە كۆی كایەی مرۆڤایەتی دەیبەستێتەوە، ئەویش لە ڕێگەی بنیاتنانی كۆمەڵێك بەهای ئەخلاقی و مرۆڤی ئایینی و شارستانی كە دەبێت لە سایكۆلۆژیای فێرخوازدا ڕەنگ بداتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە هاووڵاتییەكی مەدەنی-كۆمەڵایەتی كە خاوەنی كەسایەتییەكی سەربەخۆ و ڕەوشتێکی جوان بێت.

تەنها گەشەپێدانی توانا جەستەیی و كۆمەلایەتیەكانیش بەس نیە بۆ گەشە پێدانی گەلێك و پێشكەوتنی لە ڕووی ئاوەدانكردنەوە و هەنگاونان بەرەو تەواوكاری، بەڵكوو پێویستە گرنگییەكی زۆریش بدرێت بە تواناكان لە بواری كلتووردا، مەبەست لە بواری كلتووریش ئەوەیە كە فێرخواز لە ئاستێكی فراواندا زانیاریەكانی خۆی پەرە پێ بدات ،واتە لە هەرشتێك شتێك بزانێت بەڵام پێویستە لە شتێكیشدا هەموو شتێك بزانێت و ئەمە بەتایبەتی لە بواری زانستەكاندا تەنها لایەنی تێئۆری نەگرێتەوە، بەڵكوو شارەزاییەكە بچێتە بواری پراكتیكیشەوە، من بۆ خۆم بینیومە لە زانكۆدا كاتێك هەندێك مامۆستا کە بۆ گوتنەوەی وانەیەك پێیان دەگوترێت كە لە پسپۆڕییەكەی خۆیاندا نییە یان تەنانەت هەندێكیان ئەگەر بابەتێكیان بەسەردا بدرێت و لە پسپۆریەكەی خۆشیاندا بێت بەڵام لە شتێكی جیاوازتردا ناتوانن ئەم بابەتەش بڵێنەوە، لە گوتنەوەی وانەكە خۆ دەبوێرن و داوای لێبوردن دەكەن، كەواتە لێرەدا دەپرسین ئایا توانای فیكری و كلتووری ئەم مامۆستایە چەندە و مامۆستای زانكۆ چۆن دەبێت بەو جۆرە بێت.

هەموو فێرخوازێك و مامۆستایەك دەبێت لە بواری پسپۆڕییەكەی خۆیدا تەواو شارەزا بێت و بتوانێت بەشێوەی پراكتیكی لە ژیانی ڕۆژانەدا كاری لەسەر بكات و ئاگاداری هەموو ئەو پێشكەوتنانەش بێت كە ڕۆژانە لەو بوارەدا دێنە پێشەوە.

مزگەوتەكان لە كۆندا سەرچاوەی هەموو زانستەكان بوون، واتە سەرەڕای زانستە شەرعییەكان سەرچاوەی زانستەكانی زمان و فیقه و زانستی ڕەوانبێژی و هونەر و زانستی زمان و فەلسەفە و تەنانەت زانستە تەجریبیەكانیش بوون، هەر ئەمەش بوو كە بووە هۆی ئەوەی ئایین و شارستانییەت لە لای گەلانی مسوڵمان پێكەوە جۆش بدرێن و دژایەتییەكیش لە نێوان زانست و ئاییندا نەبێت، لە زانكۆكانی ڕۆژئاوادا گرنگییەكی زۆر دەدرێت بەوەی كە فێرخواز لە بوارێكی پسپۆڕیدا زۆر پێشكەوتوو بێت بۆ نموونە لە بواری پزیشكیدا كە من خۆم بەشێك لە پڕۆگرامەكەیم بینیوە بە جۆرێكە كە لە چوار ساڵی یەكەمدا قوتابی هەموو ئەو زانستانە دەخوێنێت كە پەیوەندی بەم بوارەوە هەیە، پاشان چوار ساڵی تر دەخوێنێت لە بواری زانستی پزیشكیدا، لە دوای ئەوە ئینجا پسپۆڕی وەردەگرێت لە بوارێكی تایبەتدا، ئەمەش شێوازی ئەو پرۆگرامەیە كە لە شارستانیەتی ئیسلامیدا هەبووە، بەتایبەتیش لە قوتابخانەكانی «نیزامیە».

بنەمای هەموو توانایەكی كلتووری دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی كە ئێمە ناخوێنینەوە لەبەر ئەوە تاكەكانمان خاوەنی كلتوورێكی پێشكەوتوش نین و لە ئێستاشدا بەهۆی تەكنەلۆژیا نوێكانەوە زیاتر ئاستی كلتووریمان دابەزیوە، چونكە تەكنەلۆژیای نوێ كاریگەرییەكی ئەوتۆی دروست نەكردووە لەسەر زیاتركردنی وشیاری و ئاستی كلتووریمان، بەڵكوو زۆربەی كاتەكانمان لە كۆمەڵە شتێكدا بەفیڕۆ دەچێت كە تەنها كات بە فیڕۆدانە و نابێتە هۆی گەشەكردنمان لە ڕووی هوشیارییەوە.

گەشەدان بە توانا كلتووریەكان سەرەتایەكە بۆ بنیاتنانی شارستانییەت، ئەگەر سەیری ڕۆژئاوا بكەین هەر تاكێكیان ئەوەی پێوە دیارە كە هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن و نرخی كات دەزانن و خۆشەویستیان بۆ وڵات و نیشتیمانەكەیان هەیە، كاتەكانیان بە فیڕۆ نادەن، ئەگەر هەر یەكێكیان ببینیت لە هەموو شوێنێكدا سەرقاڵی خوێندنەوەن لە ناو شەمەندەفەر و فڕۆكە و ئۆتۆمبێل و تەنانەت سەیرانگاكانیشدا دەبینیت هەریەكەیان سەرقاڵی خوێندنەوەن و كۆمەڵە كتێبێكیان پێیە.

هەر لەبەر ئەمەشە ئەگەر ئێمە خۆمان بەراورد بكەین لەگەڵ ئەواندا چ جیاوازییەكی گەورەمان هەیە، لە كاتێكدا نووسەرێك لای ئێمە كە كتێبێك دەنووسێت دەبێت بزانیت كە چەند كاتی بۆ نووسینی ئەو كتێبە تەرخان كردووە و چەند پێوەی هیلاك بووە و چەند كتێب و وتاری بۆ خوێندۆتەوە، بەڵام كاتێك كە چاپی دەكات بۆ نموونە لە كوردستاندا تەنها (500) دانە یان هەزار دانەی لێ چاپ دەكات و دەبێت چەند ساڵێكیش ئەو كتێبە لە كتێبخانەكاندا بمێنێتەوە و دواتر دەبیندرێ زۆربەشی نەفرۆشراوە، بەڵام ئەگەر سەیری ئەو كتێبانە بكەین كە لە ڕۆژئاوادا چاپ دەكرێت ژمارەكەیان بە ملیۆنان كتێبە و لە ماوەیەكی كەمیشدا لە بازاڕدا نامێنێت، لەبەر ئەوە ئەگەر بەراوردێك لەنێوان ئەم گەلانەدا بكەین بۆمان دەردەكەوێت كە چ گەلێك شایەنی پێشكەوتنە.

پێویستە سیستەمی خوێندن پلانێك بێت بۆ گەشەپێدانی هەموو لایەنەكانی كلتوور و عەقڵ لە لای فێرخواز، توانا عەقڵیەكانیش دوو جۆرن:

یەكەم: توانایەكی سروشتییە كە لە مرۆڤدا هەیە و خوای گەورە هەر لەسەرەتای دروست بوونیەوە تێیدا دروستی دەكات، ئەو توێژینەوە زانستییانەی كە سەنتەرەكانی توێژینەوە لە بەریتانیا بڵاویان كردۆتەوە دەڵێت: هەموو مناڵێك بە زیرەكی لە دایك دەبێت، ئەوە ژینگەیە كە دەبێتە هۆی ئەوەی زیرەكی نەهێڵێت و بەرەو تەمبەڵی ببات.

دووەم: توانا بەدەست هاتووەكان؛ ئەمەش لە ڕێگەی كەڵكوەرگرتن لە ڕاهێنان و ئەزموونی كەسانی ترەوە وەردەگیرێت، خوای گەورە لە قورئاندا فێرکردنی وەک یەكێك لە ئەركەكانی پێغەمبەر دیاری كردووە لە بواری وەحی و داناییدا، چونكە دانایی بەرهەمی كەسێكی تەندروستە لە ڕوی جەستە و عەقڵەوە وەك دەفەرموێت: ( هُۆ الَّذی بَعَث فِی الْأُمِّیِّینَ رَسُولًا مِنْهُمْ ێتْلُو عَڵیْهِمْ ا‌ێاتِهِ ۆیُزَكِّیهِمْ ۆیُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ ۆالْحِكْمَەَ ۆإِنْ كَانُوا مِنْ قَبْلُ ڵفِی ضڵالٍ مُبِینٍ).

ئۆمەتی ئیسلامیش لە نێوان دوو چاكەدایە؛ چاكەی وەحی كە لەلایەن خوای گەورەوە بۆی دابەزیوە و چاكەی ئەزموونە سەركەوتووەكان كە بەرهەمی سروشت و عەقڵێكی تەندروستە .

بنیاتنانی توانا عەقڵییەكان دەبێت لە سیستەمی پەروەردەدا بە پێی پلان بێت، چونكە ئەمە سەرەتایەكە بۆ وەگەڕخستنی عەقڵ لە قورئاندا. زیاتر لە هەزار ئایەت هەیە كە داوای بەكارهێنانی عەقڵ و بیركردنەوە و توێژینەوە دەكات، یەكێك لە هۆكارەكانی دابەزینی قورئان بە زمانی عەرەبی لە پێناوی گەڕانەوەی گەلانی عەرەبیە بۆ سەر ڕێچكەی عەقڵ و وازهێنانیانە لە نەفامی وەك دەفەرموێت: (إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ قُرْا‌نًا عَرَبِیًّا ڵعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ).

یەكێك لە خراپییەكانی سیستەمی خوێندن لەم وڵاتانەی ئێمەدا ئەوەیە كە تەنها پشت دەبەستێت بە شێوازی لەبەركردن كە بەم شێوازەش گەشە بە توانا عەقڵییەكان نادرێت ،چونكە گەشەدان بە توانای عەقڵی، واتە پێگەیشتنی قوتابی لە ڕوی توێژینەوە و پلاندانان و ڕێكخستن و شیكاری و داهێنان لە ڕێگەی ئەوەوە كە پێی دەگوترێت (گوشینی مێشك) واتە: بە شێوەیەك بێت كە فێرخوازێك یان توێژەرێك هەموو توانا و لێهاتوویەكانی خۆی لە بوارێكی تایبەتدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەیەك بە شێوەیەكی ڕاست و دروست وەگەڕ بخات، بەڵام ئەوەی ئێستا لە سیستەمی خوێندنی ئێمەدا هەیە تەنها گرنگیدانە بە لەبەركردن و ئەویش تەنها لەپێناو دەرچوون لە تاقیكردنەوەكاندا كە فێرخواز پاش ماوەیەك هەموو ئەوانەشی لەبیر دەچێتەوە.

لە ئیسلامدا ئەو زانستەی كە باسی لێ كراوە مەبەست لێی زانستێكی سوودبەخشە کە كاریگەری لەسەر گەشەپێدانی كۆمەڵگا هەیە و دەتوانێت گرفتەكانی چارەسەر بكات، كاری چاكەش تەنها لە عیبادەت و دروشمە ئاینییەكاندا نابێنێتەوە چونكە لە ئیسلامدا كاری چاكە كارە بۆ دنیا و دواڕۆژ، كارەكانی دنیاش دەبنە بەرهەمەی دواڕۆژ، لەبەر ئەوە پێویستە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا سیستەمی خوێندن لە هەر وڵاتێكدا ڕەنگدانەوەی كلتوور و شارستانیەت و ئایینی ئەو وڵاتە بێت و سوود لە هەموو سیستەمە هاوچەرخەكان و تەكنەلۆژیای نوێ و ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو وەرگرێت. ئەو كاتەش دەتوانین خاوەنی سیستەمێكی پەروەردەی و فێرکردنی پێشكەوتوو كە ببێتە مایەی ڕزگاربوونی گەلەكەمان لە ئەو قەیرانانەی كە له ئێستا تێیدا دەژی.

ده‌نگێ نه‌دراوه