عائیشە لە تەمەنی 18 ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە

عائیشە لە تەمەنی 18 ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە

 عائیشەى دایکى بڕواداران، ئەو ئافرەتەیە کە خواى گەورە لە سووڕەتى نوردا پاکیزەیی و داوێنپاکیی دووپات کردەوە و کەسایەتییەکە کە دەیان بۆچوون و ڕا و فتواى بۆ گەورەزانایان و هەڤاڵان و سەحابە  ڕاست کردۆتەوە. ئەو ژنەیە کە ئەبوومووسا دەربارەى دەڵێت: «هەر فەرموودەیەک لە ئێمەى هاوەڵانى پێغەمبەر بئاڵۆسکایە و تێى نەگەیشتینایە، پرسیارمان دەکرد لە عائیشە، چونکە ئەو زانیاریى لەسەرى هەبوو». مەسرووقى کوڕى ئەجدەش - کە زانایەکى گەورەى (تابعین) بوو، کاتێک لێیان پرسی: ئەرێ عائیشە هیچى لە میرات دەزانى؟ گوتى: سوێند بەخواى گەورە! هاوەڵانى پێغەمبەرم دیوە، پرسیارى میراتیان لە عائیشە دەکرد. بۆیە هیشام لە باوکییەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ: من هاوڕێی عائیشەم کردووە،هیچ کەسم نەدیوە سەبارەت بە ئایەتێک کە دابەزیوە لەو شارەزاتر بووبێت، یان فەرزێکى خوا کە هاتووە، یان سوننەتێک، یان شیعرێک، تەنانەت کەسم نەدیوە لەو باشتر ڕیوایەتى گێڕابێتەوە، یان شارەزاتر بووبێت بە مێژووى عەرەب، یان بابەتى دادوەریى و قەزا، یان بابەتى پزیشکى. لە بارەى پزیشکییەوە لە عائیشەم پرسی؛ پورێ ئەوە لە کوێوە فێرى زانستى پزیشکیى بوویت؟ وتى: نەخۆش دەکەوتم، شتم بۆ وەسف دەکرا، چەند جار ئەمە دووبارە بووەوە. خەڵکەکە نەخۆش دەکەوتن و چارەسەریان بۆ یەکتر باس دەکرد، ئیتر منیش لەبەرم دەکرد. عەتای کوڕی ڕەباحیش دەڵێ: عائیشە زاناترین ئاوەزمەند(بە عەڕەبی=فقیه) بوو، لە هەموو کەس ڕا و بۆچوونى دروستتر و جوانتر بوو.

   سەبارەت بە زمانزانی و ڕەوانبێژیشى، ئەحنەف گوتویەتى:من گوێم لە وتارى ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و عەلى و خەلیفەکانى دواى ئەوانیش بووە، هیچ وتارێکم نەبیستووە، ڕەوانترو جوانتربووبێت لەوەى وا لە زمانى عائیشەوە بیستوومە، بۆیە مووساى کوڕى تەلحه دەڵێت: هیچ کەسم نەدیوە لە عائیشە ڕەوانبێژتر بووبێت.

   لەگەڵ ئەمانەدا ئەم خاتوو عائیشەیە 2210 فەرموودەى گێڕاوەتەوە، زۆربەیان بابەتى ئەحکام و ئەخلاقن و بایەخى خۆیان هەیە.1

   پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئەگونجێ ئەم هەمووە لێهاتوویە لە کچۆڵەیەکى هەشت و نۆ ساڵەدا کۆ ببێتەوە؟ یان ئەگەر 10 ساڵى مەدینەشى بخەیتە سەر، کچێکى 20 تا 23 ساڵ، چۆن دەتوانێ ئەوەندەی هەژموونى زانستی بەسەر ڕیشسپییەکانى ئەو سەردەمەدا هەبێت؟

وەڵامى ئەم پرسیارە لە بڕگەیەى دووهەمدا بەم شێوازە ئاراستە دەکرێ:

   عائیشە لە 18 ساڵیدا گوێزراوەتەوە، نەک لە تەمەنی نۆ ساڵی؛ ساڵانێکى زۆرە بە هۆى چەند ڕیوایەتێکەوە ئەوە لە کەلەپوور و مێژووی ئیسلامیدا تۆمار کراوە کە عائیشەى دایکى ئیمانداران، لە شەش ساڵیى مارە بڕاوە و لە هەشت ساڵیى گوێزراوەتەوە.

سەرچاوەى ئەو زانیارییەى سەرەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ڕیوایەتێک کە ئەمەى خوارەوە سەنەد و مەتنەکەیەتى:

(حدثني فروة بن أبى المغراء: حدثنا على بن مسهر، عن هشام، عن أبيه، عن عائشة رضى الله عنها قالت: (تزوجني النبي (صلى الله عليه وسلم) وأنا بنت ست سنين، فقدمنا المدينة... فأسلمتني إليه، وأنا يومئذ بنت تسع سنين.)2

 لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ڕاوییەکان و سەنەدى ڕیوایەتەکە، پاشان قسەیەکیش لە دەق و مەتنەکەى دەکەین:   

یەکەم/ ناتەواوى ڕیوایەتەکە لە ڕووى سەنەدەکەیەوە:

1/ ئەم ڕیوایەتە لە پێنج ڕێگەوە هاتووە، کە هەموویان دەچنەوە سەر کەسێک بە ناوى هیشامی کوڕى عوروە، کە سەرەڕای ئەوەى یەکێک لە تابعینه گەورە و بەڕێزەکان، بەڵام هەندێک قسەى لەسەرە، کە لێرەدا قسەى دوو زاناى گەورە دێنمەوە:

أــ پێشەوا زەهەبی لە یەعقووبی کوڕی شەیبەوە دەگێڕێتەوە، کە سەبارەت بە هیشامى ناوبراو گوتویەتى: "هیشام حوججەیە، قسەى لەسەر نەکراوە، بەڵام کاتێک کە چۆتە عیراق، لەوێ لە گێڕانەوەى ڕیوایەتدا دەستى شل کردووە. شتانێکى بەدەم باوکییەوە گێڕاونەتەوە، کە لەوى نەبیستوون و لە کەسانى ترى بیستوون، واتە: تووشی دەردى (إرسال)3 بووە.4کەواتە ڕیوایەتەکانى هیشام دەبنە جۆرى (مرسل).

جا زانایان؛ لەوانە: ئیمامی موسلیم- سەبارەت بە ڕیوایەتى موڕسەل، دەڵێن: "المرسَل من الروايات في أصل قولنا وقول أهل العلم بالأخبار، ليس بحجة... إنه لا يصح عند أكثر أهل الحديث"، واتە: ڕیوایەتى مورسەل لە ئەسڵى قسەى ئێمە و قسەى ئەهلى زانستى ڕیوایاتدا، حوججەت نیە، واتە نابێتە بەڵگەى شەرعى... ڕیوایەت ئەگەر مورسەل بوو، لاى زۆربەى زانایانى فەرمودە ڕاست و دروست نییه.5  

ب ــ لەبەر ئەو هۆکارەى سەرەوە، یەکەم پێشەواى فەرموودە، مالک لەو هیشامە ناوبراوە ڕازى نەبوو، دەیگوت: هیشام سێ جار چۆتە شارى کووفە، یەکەم جار دەیگوت: باوکم بۆى گێڕامەوە، گوتى: عائیشە بۆى گێرامەوە. جارى دووەم دەیگوت: باوکم هەواڵى دامێ لە عائیشەوە. کە جارى سێیەم چوو، دەیگوت: باوکم لە عائیشەوە. یانى: تووشی (إرسال) بوو، قسەى واى بە باوکی نیسبەت دەدا، کە نەیکردبوون.6 

2/ لە ڕێیەکى ترەوە ئەعمەش(ئەعمەش ناوى سولەیمانى کوڕى میهرانە ساڵى 148 ک، کۆچى دوایی کردووە)، لە ئیبراهیم، لە ئەسوەدەوە دەیگێڕێتەوە کە قسەى لەسەر کراوەو بە (مدلس)7 ناسراوە.  زۆربەى زۆرى زانایانى فەرموودەناس جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە (ئەعمش)ى ناوبراو (مدلس) بووە و ڕیوایەتەکانى -وەکوو زۆرێک لە ڕیوایەتى کوفییەکان- لاوازن و قسەیان لەسەرە.8   

دووەم/ نادروستی ڕیوایەتەکە لە ڕووى مێژووییەوە:   

 لە ڕووى مێژووییشەوە، تەواوى سەرچاوەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەسماى کچى ئەبووبەکر -خوشکى عائیشە-خوا لێیان ڕازی بێت- دە ساڵ لە عائیشە گەورەتر بووە و 27 ساڵپێش کۆچى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بۆ مەدینە لەدایک بووە، کە دەکاتە 596ى زایینى، یانى لە کاتى کۆچدا واتە لە ساڵى 610زایینیدا 4 ساڵان بووە9.  بەو پێیە تەمەنى عائیشە لە ساڵى 610 دا چوار ساڵ بووە، یانى ساڵى 606 لەدایک بووە، کەواتە کاتێک پێغەمبەرى خوا مارەى بڕیوە تەمەنى 14ساڵ بووە، چونکە ڕیوایەتەکان دەڵێن: پێش کۆچکردن بە سێ ساڵ مارەی بڕی، بەڵام هەڵەکە لەوەدایە کە دەڵێن: لەو کاتەدا تەمەنى شەش ساڵ بوو، ڕاستییەکەى ئەوەیە 17 ساڵ بووە، بەم هاوکێشەیەى خوارەوە:

 ئەسما 10 ساڵ لەو گەورەتر بووە و 27ساڵ پێش کۆچ لەدایک بووە. عائیشە کە دەساڵ لەو منداڵ تر بووبێت، واتە 17 ساڵ پێش کۆچ لەدایک بووە، ڕیوایەتەکانیش دەڵێن: پێش کۆچ بە 3 ساڵ مارەى بڕیوە، واتە 14ساڵی بووە، هەروەها دەڵێن لە کۆتایی ساڵى یەکەمى کۆچدا گواستییەوە، واتە چوار ساڵ پاش مارەبڕین، کەواتە لە 18ساڵیدا گوێزراوەتەوە.

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەو ڕیوایەتەى لە سەحیحی بوخارى هاتووە کە دەڵێت: «پێش کۆچکردن بە سێ ساڵ مارەى بڕى و شەش ساڵان بوو، لە کۆتایی ساڵى یەکەمى کۆچیش گواستیەوە و نۆ ساڵان بوو»، هەڵەى مێژوویى تێدایە، ئەو بەشەى دەڵێ: پێش کۆچ بە 3 ساڵ مارەى بڕى تەواوە، بەڵام کە دەڵێ: ئەو کاتە شەش ساڵ بوو هەڵەیە، چونکە چواردە ساڵ بووە، نەک شەش ساڵ. ئەو بەشەش کە دەڵێ: ساڵى یەکەمى کۆچى گواستییەوە، نۆ ساڵ بوو، بەشی یەکەمى تەواوە، بەڵام ئەوە کە دەڵێ: 9 ساڵ بوو، هەڵەیە، چونکە 14 ساڵ، چوار ساڵى بخەیتە سەر دەکاتە 18ساڵ.

ئەوەش مەعلومە کە خاتوو عائیشە لە تەمەنى 73 ساڵیدا، لە ساڵى 57ى کۆچیدا لە سەردەمى خەلیفە مەروانى کوڕى حەکەمدا کۆچى دوایی کردووە.

هیوادارین چى دى کۆتایی بەم باسى مارەبڕینە بێت، بەو شێوەیەى کە لەو ڕیوایەتەدا هاتووە، کە لە هەر سێ لایەنى سەنەد و مەتن و مێژووییەوە، ناتەواویی تێدایە.

.................................................................................................................

1-ئةم زانيارييانە لە كتيَبى (سير أعلام النبلاء)ى ئیمام زەهەبی، بەرگی یەکەم، لا: 2080 – 2089، وەرگيراون. 

2-صحيح البخارى، باب تزويج النبى عائشة وقدومها المدينة وبنائه بها، بە  ژمارە: (3894). صحيح مسلم، به  ژمارە:1244. 

3-(إرسال) زاراوەیەکە لە زانستیی فەرموودەناسیدا، بەو ڕیوایەتە دەگوترێت کە سەنەدەکەى پچڕانێکى تێدایە. -بۆ نموونە- کەسێکى (تابعى) ڕیوایەتێک بگێڕێتەوەو بیداتە پاڵ پێغەمبەرى خوا و لە نێوان خۆی و ئەودا، ناوى ڕاوى لە چینى هاوەڵان نەبات. ئەمەش دەبێتە هۆى لاوازکردنى متمانە بەو ڕاوییە و ڕیوایەتەکەشى. لە نموونەى سەرەوەدا زۆرجار (هیشام) لە جێى ئەوەى لە (عوروە)ى باوکییەوە ڕیوایەت بگێڕێتەوە -کە سەحابی یە- ڕاستەوخۆ قسەى پێغەمبەرى خواى گێڕاوەتەوە. (الخطیب البغدادی) دەڵێت: "المرسل: ما انقطع إسناده، بأن يكون في رواته من لم يسمعه ممن فوقه، إلا أن أكثر ما يوصف بالإرسال من حيث الاستعمال ما رواه التابعي عن النبي (صلى الله عليه وسلم)." (الكفاية، الخطيب البغدادي، ص: 21).

4-سير أعلام النبلاء، محمد بن أحمد بن عثمان الذهبي، مؤسسة الرسالة، 1422هـ /2001م، 6/35.  

5-مقدمة شرح النووي على صحيح مسلم، 1/132.

6-هەمان سەرچاوە، 6/35.

7-زاراوەیەکە لە زانستیی فەرموودەناسیدا بەو کەسە دەڵێن کە ڕیوایەتێک لە کەسێک دەگێڕێتەوە و وا دەردەخات لەو کەسەى بیستووە، لە کاتێکدا لە کەسێکى ترى بیستووە. بۆ نموونە ناڵێت: "گوێم لێ بوو، یان بۆى گێڕامەوە"، بۆ ئەوەى نەکەوێتە درۆى زەقەوە، بەڵکوو دەڵێت: "فڵانە کەس وتى، یان: فڵانەکەس ئاماژەى کرد". لەم کاتەدا گوێگر ئەگەرى ئەوە دادەنێت کە خۆى ڕاستەوخۆ لەو کەسەى بیستووە. ئەم کارە لاى زانایان بە فێڵ و (تدلیس) ناوبراوە و کەسەکەش بە چاوبەس و (مدلس)! ئیبنی سەلاح شارەزووریی لە پێناسى (تدلیس)دا دەڵێت: " تدلیس اڵاسناد هو أن یروی عمن لقیه، ما لم یسمع منه، موهما أنه سمعه منه. ومن شأنه أن لا یقول فی ذلک: (ڕخبرنا فلان) ولا (حدپنا) وما أشبههما، وإنما یقول: (قال فلان، ڕو عن فلان) ونحو ذلک" (علوم الحدیث، ابن صلاح الشهرزوری، ص: 74).

8- بۆ نموونە: ئیمام نەوەوى لە (اڵارشاد)، لا: 34، خەتیبى بەغدادى، لە (الکفایە)، لا: 364. ابن عبد البر، لە  (التمهید)، 1/30. زەهەبى، لە (میزان الاعتدال)، 3/316. حاکم لە (معرفە علوم الحدیپ)، 1/35. (نەسائی و دارەقوتنى) لە (طبقات المدلسین، لا: 33)، هەموویان جرچ

ده‌نگێ نه‌دراوه