ئیسلامییه‌كان... خولانه‌وه‌ له‌ بازنه‌یه‌كی داخراودا // نووسەر: ئەبووبەکر کاروانی

ساڵانێكه‌ نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ قسه‌ له‌سه‌ر پرسی ئیسلامییه‌كان و واقیع و سروشتی كار و پێشمه‌رجه‌كانی گه‌وره‌بوون و ئاڵنگارییه‌كان و چاره‌نووسی جیاوازیان ده‌كات.
وه‌ك خاوه‌ن فكرێكی ئیسلامی نیشتیمانی هه‌وڵی داوه‌، هه‌رچی زووتر ئه‌م ته‌وژمه‌ خۆی پێناسه‌ بكاته‌وه‌ و ئاراسته‌ی گۆڕانكارییه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان و ئه‌زموونه‌ جۆراوجۆره‌كان و واقیعی كوردستان و سایكۆلۆژیای مرۆڤی كورد دووباره‌ و سه‌رله‌نوێ بخوێنێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌ویشدا به‌ دیدگا و تاكتیك و ستراتێژ و شێوازی كار و چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی ململانێكانیدا بچێته‌وه‌ و نه‌بێته‌ ئه‌سیری په‌نگخواردنه‌وه‌ له‌ هه‌ندێ چوارچێوه‌ی كاتی و ماوەبه‌سه‌رچوو. له‌م پێناوه‌شدا زیاتر له‌ (800) لاپه‌ڕه‌ی له‌ دوو توێی (4) كتێبیدا بڵاوكردۆته‌وه‌.
به‌ڵام جێگه‌ی داخه‌ سه‌ركرده‌ و سه‌ركردایه‌تی لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان نه‌یانتوانی به‌ گوێره‌ی پێویست له‌م هه‌ڵوێسته‌ بگه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كات و هه‌لومه‌رجی گونجاودا، به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌ و خۆیان نوێ بكه‌نه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ و به‌ تایبه‌تیش ئاڕاسته‌ی بیركردنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێدا خۆیان بگونجێنن. بۆ ئه‌وه‌ی تووشی دابڕان و له‌ش داهێزران و په‌راوێزكه‌وتن نه‌بن و نه‌گه‌نه‌ ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئێستا كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان به‌ یه‌كێ له‌ ساته‌وه‌خته‌ خراپه‌كانی ئه‌م ته‌وژمه‌ له‌ مێژووی دوای ڕووخانی ڕژێم داده‌نرێت.
چونكه‌ ئیسلامیه‌كان له‌ سه‌رده‌مێكدا نزیكه‌ی (350) هه‌زار ده‌نگی ئه‌م وڵاته‌یان له‌گه‌ڵدا بوو. توانیان له‌گه‌ڵ هه‌موو ته‌نگ و كۆسپه‌كاندا بوونی خۆیان لانی كه‌م له‌ ئاستێكی ماقووڵدا بپارێزن. خاوه‌نی (17) كورسی په‌ر‌له‌مانی كوردستانیش بوون. كه‌چی ئێستا به‌ هه‌ر هه‌موویانه‌وه‌ ناگه‌نه‌ دوو سه‌د هه‌زار ده‌نگ و ژماره‌ی كورسیه‌ په‌رله‌مانییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانیشیان بۆ (12) یاخود (13) كورسی دابه‌زیوه‌. هه‌موو ئه‌وانەش ده‌یسه‌لمێنن كه‌ ئیسلامییه‌كان نه‌ك هه‌ر له‌ دۆخی گه‌شه‌كردن و گه‌وره‌بوونی خۆیاندا نین و له‌م ڕووه‌وه‌ وه‌ستاون . به‌ڵكوو له‌ پاشه‌كشه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ دان. به‌تایبه‌تیش له‌ ڕووی‌ سیاسییه‌وە.

ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی:

ڕه‌نگه‌ لێره‌دا یه‌كێ بڵێ كۆمه‌ڵی ئیسلامی توانیویه‌تی پارێزگاریی له‌ قه‌واره‌ی خۆی بكات و ئه‌م قسانه‌ش ته‌نها بۆ دوو هێزه‌كه‌ی تر ڕاسته‌ ، به‌ڵام خۆزگە وا بوایه‌ کە جێگای خۆشحاڵی بوو، چونكه‌ لانیكه‌م هێزێ له‌ هێزه‌كانیان به‌ره‌و هه‌ڵكشان و گه‌شانه‌وه‌ بچوایه‌ و بیانتوانیایه‌ پارێزگاری له‌ كورسی ئیسلامییه‌كان بكات و بۆ خۆی به‌رێت، ده‌بوو به‌ سه‌رچاوه‌ی ئومێدێكی نوێ. به‌ڵام له‌ كاتێكدا كۆمه‌ڵی ئیسلامی حاڵی له‌ هه‌ردوو هێزه‌كه‌ی تر باشتره، نه‌یتوانیوه‌ پارێزگاری له‌ ده‌نگه‌كانی بكات گه‌رچی به‌ گوێره‌ی به‌ره‌نجامه‌ به‌راییه‌كان كورسیه‌كیان زیادكردووه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌گوێره‌ی داتاكانی كۆمسیۆن زیاتر له‌ 300 هه‌زار ده‌نگده‌ری نوێ بۆ تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێم زیاد بووه‌. كه‌ به‌ره‌نجامه‌كان و ئاماژه‌گه‌لێكی تریش پێمان ده‌ڵێت ئه‌م نه‌وه‌ نوێیانه‌ به‌ نیمچه‌ ڕه‌هایی له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ و جه‌ماوه‌ری ئیسلامیه‌كانن. مۆدیله‌ سیاسییه‌كه‌یان سه‌رنجیان ڕاناكێشێ و زۆر كه‌م نه‌بێت متمانه‌ی خۆیانیان پێ ناده‌ن .
بۆیه‌ هیچ هێز و لایه‌نێك نابێت خۆی تووشی وه‌هم بكات و وابزانێت به‌م حاڵه‌ی ئێستایه‌وه‌ ده‌توانێت مۆدیلی دڵخوازی ئاینده‌ی كوردستان بێت، یاخود ڕۆژێ له‌ ڕۆژان به‌ ئاستێ متمانه‌ی هاوڵاتیان به‌ده‌ست ده‌هێنێ کە بیانكات به‌ هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ی بڕیاری سیاسی كوردستان. چونكه‌ ئه‌م هێزانه‌ به‌ حوكمی فۆڕم و شێوازی كار و پاشخان و توانا و زۆر شتی تر ده‌نگێكی سنووردار و دیاریكراویان هه‌یه‌. گه‌ر جارانی پێشووش ده‌نگده‌رانیان ده‌نگ و كورسیه‌ دیاریكراوه‌كانیان له‌نێوان هێزه‌ ئیسلامیه‌كان خۆیاندا به‌ش كردبیت، ئه‌وا ئه‌مجاره‌یان چووینه‌ قۆناغێكی نوێ و ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ نه‌ماو و بوو به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگ وكورسی له‌سه‌ر ئاستی كۆی ته‌وژمه‌كه‌.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش له‌ ڕووی بابه‌تیه‌وه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌ ئیراده‌ی ساخته‌كاری و نادادپه‌روه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هه‌بێت و بۆ هه‌ندێكیان له‌وانه‌ش یه‌كگرتوو په‌یوه‌ندی به‌ به‌شێ له‌ هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌وە هۆكارێكی هاوبه‌ش و بنه‌ڕه‌تی نێوانیان په‌یوه‌ندی به‌ فۆرمی كاركردن و مۆدێلی حیزبه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوایه‌ چۆن ده‌گونجێت ئه‌م هه‌موو پێداگرتن و ئۆپۆزیسیۆنبوونه‌ی كۆمه‌ڵ له‌ دوو سێ ساڵی ڕابردوودا، نه‌توانێ به‌ ته‌واوی ده‌نگه‌كانی خۆی بێنێته‌وه‌ و ته‌نها یه‌ك كورسیش زیاد بكات؟
بۆیه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و له‌حزه‌ مێژووییه‌یه‌ كه‌ وه‌ك ئیسلامییه‌كان ده‌بێت به‌ره‌و ڕووی حه‌قیقه‌تی خۆمان ببینه‌وه‌. چیتر له‌ناو وه‌هم و خه‌ونی ئایدۆلۆژی و نامۆبوون له‌ واقیعدا نه‌ژین. بوێرانه‌ دان به‌ شكست و پاشه‌كشه‌كاندا بنێین. چونكه‌ ئه‌و دانپیانانه‌ خاڵ و پێشمه‌رجی یه‌كه‌می هه‌ڵسانه‌وه‌ و ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێ و ئومێد گێڕانه‌وه‌یه‌ بۆ‌ ئاینده‌ی ئه‌م ته‌وژمه‌. گه‌ر ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر بڕیاری سیاسی ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مان كاریگه‌ر بین، بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵمان له‌ چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر بێت و بتوانین لانیكه‌م به‌شێک له‌ نه‌وه‌ی نوێ له‌خۆ بگرین و له‌ ئازاره‌كانیان كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ و توانا و لێهاتنه‌كانیان بۆ خزمه‌تی خۆیان و گه‌ل و وڵاته‌كه‌یان و ته‌وژمه‌كه‌ش بخه‌ینه‌ گه‌ڕ، ده‌بێت بوێر بین له‌ ڕه‌خنه‌گرتن لە خۆمان و به‌خۆداچوونه‌وه‌ و شكاندنی قاڵبه‌ ده‌ستكرده‌كان و نوێكردنه‌وه‌ی شێوازه‌كانی كاركردن و به‌شێ له‌ نوخبه‌كانی سه‌ركردایه‌تیكردن.. .
ده‌بێت له‌وه‌ تێبگه‌ین ئیسلامی بوون به‌م جۆره‌ی ئێمه‌ پێش ئه‌وه‌ی هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان كێشه‌ی بۆ دروستبكه‌ن، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌ سنوورێك زیاتر ده‌نگی پێ نابه‌خشن. هه‌ڵكشانی ده‌نگیش هه‌ندێ له‌حزه‌ی دیاریكراو و قه‌یراناویدا به‌ڵگه‌ی فراوانبوونی له‌خۆگرتنی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ ئیسلامییه‌كان نییه‌، به‌ڵكوو هاندانێكی كاتییه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستێكی دیاریكراو، به‌ تایبه‌تیش له‌و كاتانه‌ی له‌گه‌ڵ هێزێكی تری ناڕازی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئیسلامی له‌ چوارچێوه‌یه‌كی هاوبه‌شی كاركردندان .

ده‌رفه‌تێكی نوێ بۆ ئیسلامیه‌كان:

وێڕای هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی پێشوو، وه‌ك پێشتریش گوتومه‌ و نووسیومه‌ دۆخی ئێستای كوردستان ده‌رفه‌تێكی تری خستۆته‌ به‌رده‌م ئیسلامییه‌كان. گه‌ر بتوانن تێی بگه‌ن و خۆیان له‌ هه‌ندێ كڵێشه‌ و ناو و میكانیزم و فكر هه‌ستیاری و خه‌می بچووك ڕزگار بكه‌ن، كه‌ سه‌لما سنوور بۆ گه‌شه‌ و گه‌وره‌بوونی ئیسلامییه‌كان داده‌نێت، ئه‌وە ده‌توانن ببنه‌ هه‌وێنی پرۆژه‌یه‌كی نیشتیمانی و ڕیفۆرمخوازی گه‌وره‌ی دواڕۆژی وڵاته‌كه‌یان، به‌ڵام ئه‌وه‌ بوێری و هه‌ست به‌ لێپرسراوی و قوربانیدانی ده‌وێت... . به‌ده‌ر له‌وه‌ له‌ بازنه‌ داخراوه‌كه‌دا به‌ هه‌ندێ هه‌ڵكشان و داكشانی كه‌مه‌وه‌ دێن و ده‌چن... .

بخش اخبار: 
اصلی