دیاردەی مەرگی كتوپڕ لە نێوان زانست و ئیماندا

دیاردەی مەرگی كتوپڕ لە نێوان زانست و ئیماندا

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت:( إن من امارات الساعة أن يظهر موت الفجأة) رواه الطبراني. واتە لە نیشانەكانی ڕۆژی دوایی ده‌ركه‌وتنی مەرگی كتوپڕه ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بریتییە لە موعجیزەیەكی زانستی كە لە ناوەڕۆكی بابەتەكەماندا بە بەڵگەی پزیشكییه‌وه‌ دەیسلمێنین ئەم موعجیزەیە شایەتی بۆ پێغەمبەر دەدات كە نێردراوی خوایە و هەڵگری پەیامی پەروەردگاری تاقانەیە.

هەموو ساڵێك نەتەوە یەكگرتووەكان سەرژمێری تازەمان  سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە ئەنجامی وەستانی دڵ ‌و مێشك  دەمرن، پێ ڕاده‌گه‌یه‌نێت ‌و  ئەم ژمارانە لە زیادبوونێكی بەردەوام دان. ئەم سەرژمێرییانە پێمان دەڵێن، كە نەخۆشیەكانی دڵ هۆكاری یەكەمی مردنن لە جیهاندا.

لەم لێكۆڵینەوەوەیه‌دا  بۆمان دەردەكەوێت کە هیچ كەسێكی سەردەمی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێشبینی ئەوەی نەكردووە، ڕۆژانێك بێت و مەرگی كتوپڕ تێیدا ڕوو بدات و فراوان بێت، مه‌گه‌ر ئه‌وەی کە ته‌نها  پەیوەندیی بە وه‌حی  و نیگاوە هەبێت ‌و لە لایەن خوای گەورەوە ئەم زانیارییانه‌ به‌ پێغه‌مبه‌رمان (صلی الله علیه‌ وسلم)  ڕاگه‌یه‌نرابێت.

دیاردەی مەرگی كتوپڕ تاڕاده‌یك دیارده‌یه‌كی نوێیه، یەكەمین لێكۆڵینەوەش لێكۆڵینەوەكەی فرامینگهام(Framingham) بوو لە ساڵی 1948دا، ، نیوەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەشدارییان لە لێكۆڵینەوەكەدا كردبوو ئێستا لە ژیاندا نەماون.

فرامینگهام پێناسەی مەرگی كتوپڕ دەكات بەومەرگەی كە دوای كەمتر لە كاتژمێرێك لە دەركەوتنی نیشانەكانی ڕوودەدات.

دەركەوتووە، كە زۆربەی حاڵەتەكانی مەرگی كتوپڕ بەهۆی نەخۆشییەكانی شاخوێنبەری دڵەوەیە، ئەم جۆرە مردنەش پێی دەووترێت مردنی لەناکاوی دڵ(sudden  cardiac death) لە لێكۆڵینەوەكەشدا دەركەوتووە،  ئەو پیاوانەی تەمەنیان لە نێوان 45 – 75 ساڵیدا بووە و بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵەوە مردوون، سەتا شەستیان بە هۆی مەرگی كتوپڕ بەبێ‌ هیچ نیشانەیەكی پێشتر گیانیان لە دەست داوە!! [2]

هەروەها لێكۆڵینەوەكەش ئەوەی دەرخستووە، كه‌ مەرگی كتوپڕی دڵ بریتیە لە تێكچوونی كتوپڕ، ئەمەش لە ئەنجامی حاڵەتی ناجێگیریی دەروونییەوە دروست دەبێت. سەرەڕای چاودێریی زۆر و خێرا فریاكەوتنی نەخۆشیشەوە بەهەموو ڕێگاكان،  بەڵام ئەم نەخۆشییە سەركەوتووە لە كارەكەیدا! [2]

مەرگی كتوپڕ چییە؟

پێشینان گوتویانە: «هۆكارەكان زۆرن ‌و مەرگیش هه‌ ر یه‌كه‌». دەتوانین لەم پەندەوە بیروباوەڕی ساكاری پێشینانمان دەربارەی مردن بۆ دەربكەوێت، پێشینان باوەڕیان وابووە، كە مردن هۆكارێكی هەیە ئەویش بریتیە لە نەخۆشی، كارەسات، خۆكوشتن یان هەرشتێكی تر، بەڵام كە باس لە مردنی بێهۆكار بكەین، ئەوە مەرگی كتوپڕە،  كە پێشتر نەزانرابوو. هۆكاری سەرەكیی مردن لەم چەرخەدا بریتییە لە جەڵتەی لەناكاوی دڵ كە بەبێ‌ هیچ ئاگاداركردنەوەیەك دێت و دەركەوتووە نیوەی ئەوانەی تووشی نەخۆشییەكانی دڵ دەبن، بەمەرگی كتوپڕ دەمردن!! مەرگی كتوپڕ هێرش دەباتە سەر مرۆڤی نەخۆش، تەنانەت ئەگەر لەنەخۆشخانە و لەژێر چاودێریشدا بێت، لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە كە سەتا دەیان بەشێوەیەكی كتوپڕ لەناو نەخۆشخانەدا دەمرن ‌و سەتا لە نەوەدیان لە دەرەوەی نەخۆشخانە. [2]

سەرژمێریییەكان:

  هۆكاری یەكەمی مردن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بریتییە لە نەخۆشیەكانی دڵ (جەڵتەی دڵ) بەڕێژەی نزیكەیسەتا بیست و هەشتی كۆی مردنەكان دەبێت. [6]

ڕاپۆرتەكانی سەرژمێری ئەوە دووپات دەكەنەوە، كە لەساڵی 2001 دا تەنها لەئەمەریكا نزیكەی 700 هەزار كەس  بە هۆی نەخۆشییەكانی دڵەوە مردوون، بەڵام ئەی ژمارەی ئەوانەی كە ساڵانە بەهۆی مەرگی كتوپڕەوە دەمردن چەندە؟

لە ویلاتە یەكگرتووه‌كاندا ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار كەس بە هۆی نەخۆشییەكانی دڵەوە ده‌مرن. سەرژمێرییەكان دووپاتی دەكەنەوە، كە ڕێژەی مەرگی كتوپڕی دڵ بەشێوەیەكی گشتی لەهەموو جیهاندا زیاد دەكات و پیاوان زیاتر لە ژنان تووشی دەبن بەڕێژەی 3 بۆ 1.

 مەرگی كتوپڕ بەبێ‌ هیچ ئاگارییەكی پێشتر ڕوو دەدات، تەنانەت هەندێك جار بەبێ‌ هیچ نیشانەیەكی نەخۆشیی دڵ، سەرەڕای ئەو ملیۆنەها دۆلارەش كه‌ لە لێكۆڵینەوەكانی نەخۆشییەكانی دڵ لە ویلاتە یەكگرتووه‌كاندا خەرج دەكرێت. 

لەگەڵ ئەوەی كە توانیویانە ئەو ژمارەیە كەم بكەنەوە كە لە ئەنجامی نەخۆشی دڵی كتوپڕەوە دەمرن، بەڵام ڕێژەی مەرگی كتوپڕ بە جێگیری ماوەتەوە!

جگەرە كێشان وفشاری دەروونی:

جگەرەكێشان ئەگەری ڕوودانی مەرگی كتوپڕ سێ‌ هێندە بەرز دەكاتەوە! و جگەرەكێشان بەرپرسیارە لە 1/4 ی نەخۆشییەكانی دڵ لە جیهاندا و ئەم نەخۆشییانە زۆربەیان بە مەرگی كتوپڕ كۆتاییان دێت.

فشاره‌ دەروونییەكان كار لە زیادبوونی مەرگی كتوپڕ دەكەن، هەروەها لێكۆڵینەوەكانی قۆناغەكانی تەمەن ڕوونیان كردۆه‌تەوە، كە لەبارترین قۆناغی تەمەن بۆ تووشبوون بە مەرگی كتوپڕ بریتییە لە تەمەنی چلەكان ‌و پەنجاكان. لەم قۆناغەی تەمەندا ژیری مرۆڤ پێ ده‌گات، هەروەها ئەوانەی كە نەخۆشی شەكرەیان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بەم مەرگە زیاترە. [1]

ئایا چارەسەری پزیشكیی بۆ ئەم دیاردەیە هه‌یه‌؟

زۆربەی پزیشكەكان باس لە چارەسەری دوای روِودانی نەخۆشییەكە دەكەن (وەستانی كتوپڕی دڵ یان مێشك) لەبەرئەوەی هەتا ئێستاش چارەسەری ئەم نەخۆشییە ترسناكە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری ڕزگاربوون لەم مردنە زۆر لاوازە. [5]

پزیشكەكان دووپاتی دەكەنەوە كە ڕێگای نموونەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مردنە بریتییە لە دەستكەوتنی بەرزترین پلە لە جێگیری كارەكانی دڵدا.

ئەو چارەسەرانەی كە ئێستا هەن، ئەوەیە كە نەخۆشەكە لەژێر چاودێرییەكی ورددا بێت دوای ئەوەی نەشتەرگەرییەكی خێرای بۆ دەكرێت، بەڵام ئەم ڕێگای چارەسەرە هیچ ئەنجامێكی نابێت تەنها لەچەند حاڵەتێكی كەمدا نەبێت.

ئامۆژگاری پزیشكان بە كەمكردنەوەی ڕێژەی شەكر و كۆلیسترۆڵ لە خواردنی ئەو نەخۆشانەدا هیچ گرنگییەكی نییە لەم حاڵەتەدا، بەڵام ئەی چارەسەری ئەوانە چییە كە بەخۆیان نازانن ‌و كەسیش چاوەڕِوانی مردنی كتوپڕیان لێ ناكات؟

 تا ئێستا زانستی پزیشكی له‌ پێشبینیكردنی حاڵه‌تی ئه‌م كه‌سانه‌دا شكستی هێناوه‌، بەڵام ئایا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەمانەی پشتگوێ خستووە یان چارەسەری بۆدیاری یكردوون؟

 ئایا چارەسەری قورئان و پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) چییە بۆ ئەم حاڵەتانە؟

خوای گەورە لە زۆربەی ئایەتە پیرۆزەكاندا ئاماژەی بە وشەی دڵ (القلب) كردووە؛ جا دڵ هەیە نەخۆشە، دڵ هەیە ڕق ‌و بێ‌ بەزەییە، دڵ هەیە كوێرە و نابینێت‌، دڵ هەیە نابیستێت‌، دڵ هەیە دەترسێت لە خوای گەورە و ئارامە، دڵ هەیە دەفامێت ‌و ژیره‌.

كەواتە دڵ تەنها تروومپایەك نییە بۆ پاڵنانی خوێن بەڵكوو دەزگایەكی تەواوە و بەرپرسیارە لە جێگیری و ئارامی دەروونی لە مرۆڤدا.

یادكردنەوەی خوای گەورە باشترین ڕێگایە بۆ ئارامی و هێوربوونەوەی دڵەكان چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: (الَّذِينَ آمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُمْ بِذِكْرِ اللَّهِ أَلا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ) {الرعد:28}، واتە: ئەوانەی باوەڕیان هێناوە و بە یادی خوای گەورە دڵ ئارام دەبن، دڵنیا بن كە بە یادی خوا دڵەكان ئارام دەبێت .

لەبەر ئەوە هەر كاتێك ئیماندار یادی خوای خۆی دەكاتەوە، ئەوە دڵكەی ئارام دەبێت ‌و تووشی هیچ  پەرۆشی و تێكچوونێك (إضطراب) نابێت.

تۆش ئەی خوێنەری بەڕێز دەتوانیت چاوەكانت دابخەیت ‌و وا لە دڵت بكەیت كە وشیار بێتەوە و مەزنی و گەورەیی خودا یاد بكاتەوە، بۆ نموونە بڵێت (لا إله إلا الله) سەیركە و بزانە چ هەستێكت لا دروست دەبێت. ئایا هەست ناكەیت لە هەموو كەس زیاتر هێمن ‌و ئارام و دڵنیاتریت!

 هەر وەک زانیمان هۆكاری مەرگی كتوپڕ بریتییە لە تێكچوونی لەناكاوی ئەرکەکانی دڵ، لەبەرئەوە پزیشكەکان نەیانتوانیوە هەتا ئێستا چارەسەری ئەم دیاردەیە بكەن، بەڵام قورئانی پیرۆز بەم ئایەتە چارەسەری كردووە.

جا ئەگەر هەر مرۆڤێکی خاوەن بڕوا قورئانی پیرۆزی لەبەر بێت و جێگیر بێ لە دڵیدا، ئایا پێشینی ئەوە ناكرێ کە لەهەموو كەس ئارامتر بێت!

پێغەمبەرمان (صلی الله علیه وسلم) فێری دوعایەكی گەورەی كردووین كە هەموو ڕۆژێك خوێندوویەتی، دەفەرموێت: (ما من عبد يقول صباح كل يوم ومساء كل ليلة: بسم الله الذي لايضر مع إسمه شيء في الأرض ولا في السماء وهو السميع العليم، لم يصبه فجأة بلاء) رواه أبو داود)، هیچ بەڵایەكی كتوپڕ توشی نابێت.

هەروەها پێغەمبەری مەزن ئەم دوعایەشی دەخوێند: بسم الله الذي لايضر مع إسمه شيء في الأرض ولا في السماء وهو السميع العليم.

ڕووی ئیعجاز لە فەرموودەكەدا:

دەتوانین ڕوی ئیعجاز لەم فەرموودە پیرۆزەدا به‌مشێوه‌یه‌ كورت بكەینەوە؛

1-  كەس ناتوانێت پێشبینی زۆربوونی مەرگی كتوپڕ بكات، لەبەرئەوەی كەس نەیتوانیوە ئەم دیاردەیە بناسێت، هەتا ئەم چەند ساڵە كەمەی دوایی نەبێت، كاتێك زانایان توانییان سەرژمێری ورد بكەن، سەیریش لەوەدا بوو كە ئەو ژمارانەی دەستیان كەوتبوو پێشبینی نەدەكران،  چونكە ژمارەی ئەوانەی بەمەرگی كتوپڕ مردبوون زۆر بەرز بوو.

2-  زانایانی ئەمڕۆ دەڵێن: دیاردەی مەرگی كتوپڕ جیا نەكراوەتەوە و نەناسراوە هەتاوەكو 50 ساڵ پێش ئێستا و تا 20 ساڵ پێش ئێستاش لێكۆڵینەوەی پزیشكی بۆ نەكرابوو. ئەمڕۆ زانایان هەوڵ دەدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگایانەی كە بەرەنگاری ئەم مەرگە بكاتەوە، لەبەرئەوەی ئەوان هەست بە گەورەیی كێشەكە دەكەن، بەڵام هەوڵەكانیان کەم فایدە و تەنانەت بێ سوودە.

ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت كە ئەم دیاردەیە لە زیادبوونێكی بەردەوامدایە و زانایانیش دەستیان كردووە بە ناسینی هۆكارەكانی ئەم مردنە. ئەمەش ڕاستی وتەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەردەخات، كە دەفەرموێت: (إن من إمارات الساعه‌ أن یظهرموت الفجأە)، یەكێك لە واتاكانی وشەی (يظهر) بە واتای (یتبین) دێت، واتە روون دەبێتەوە وەك لە (القاموس المحيط)دا هاتووە، هەروەك زانیشمان ئەم مردنە نزیكەی 20 ساڵە ڕوون بۆتەوە.

3- هەندێك  لە گوماندار و بێباوەڕان بانگەشەی ئەوە دەكەن، كەوا ئەم مەرگە هەر لەسەردەمی كۆنەوە ناسراوە، ئێمەش دەڵێین: ئەم مەرگە لەسەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) نەناسرابوو، یەکێک لە بەڵگەکانیش ئەوەیە کە لە وتەی شاعیر و ئەدیبەكانی ئەو سەردەمەدا ئاماژەی پێ نەدراوە و هەروەها پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەركەوتنی ئەم مەرگەی وەک نیشانەیەك بۆ ڕۆژی دوایی داناوە ، ئەگەر ئەم مەرگە لەو كاتەدا بناسرایە ئەوە بەدڵنیاییەوە بێباوەڕەكانی ئەو سەردەمە ڕەخنەیان لەم فەرموودەیە دەگرت!

هەر وەك دەزانین بێباوەڕان هیچ شتێكیان بەبێ‌ ڕەخنە بەجێ نەهێشتووە، ئەگەر ئەم دیاردەیە بڵاوبووایە لەو سەردەمەدا، كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هات ‌و دەركەوتنی ئەم دیاردەیەی دانا بە نزیكبوونەوەی ڕۆژی قیامەت، ئەگەر ئەمە ڕووی بدایە، خەڵكی ئەم فەرموودەیەیان پێ سەیر دەبوو، كە چۆن باسی شتێكیان بۆ دەكات كە بوونی هەیە!! لەبەر ئەوە دەتوانین ئەم فەرموودەیە دابنێن بەموعجیزەیەكی پزیشكی لە لایەن پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وسلم) كە باس لە دیاردەیەك دەكات كە زانایانی ڕۆژئاوا هەتا ئەم چەند ساڵانەی دوایی لێی بێخەبەر بوون.

لە كۆتاییدا:

ئەم لێكۆڵینەوەیە كۆتایی پێدێنین بە دوعایەكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، كە پێویستە هەر یەک لە ئێمە بیزانێت ‌و هەرگیز لەیادی نەكات.

(اللهم أنت ربي لا إله إلا أنت خلقتني وأنا عبدك وانا على عهدك ووعدك ما استطعت، أعوذ بك من شر ماصنعت، أبوء لك بنعمتك علي وأبوء بذنبي فأغفر لي فإنه لايغفر الذنوب إلا أنت)، هەركەسێك ئەم دوعایەی خوێند كاتێك دەخەوێت و دوای ئەوە مرد، ئەوا دەچێتە بەهەشت و هەركەسێكیش كاتێك بەیانی لەخەوهەستا و خوێندی، دوای ئەوە مرد ئەوا دەچێتە بەهەشت. (رواه البخاری)

---------------------

هەندێك‌ سەرچاوەی بیانی:

[1] Silvia G Priori, Douglas P Zipes, Sudden Cardiac Death, Blackwell Publishing,2005.

[2] Ben Best, Sudden Cardiovascular Death,www.emedicine.com.

[3] Ben Best, Prevention of Cardiovascular Disease,www.emedicine.com.

[4] Aliot, Fighting Sudden Cardiac Death, Blackwell Publishing, 2000.

[5] Krishna C Malineni, Sudden Cardiac Death,www.emedicine.com,  November 11, 2004.

[6] National Vital Statistics Reports, Vol. 53, No. 17, March 7, 2005.

[7] http://www.benbest.com/health/cardio1.html

 

دیاردەی مەرگی كتوپڕ لە نێوان زانست و ئیماندا
ده‌نگێ نه‌دراوه