تاك سەرچاوەی چاكسازی و گۆڕانكارییە

دكتۆر عەلی قەرەداغی

خوای گەورە لە ئایەتێكی قورئاندا باس لە گۆڕانكاری و چاكسازی دەكات و دەفەرموێت: إِنَّ اللّهَ ڵا یُغَیِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّی یُغَیِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ / الرعد11

وشەی «أنفسهم» لەم ئایەتەدا هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە كە لە ناوەوەی جەستەی مرۆڤدان وەك دڵ و گیان و عەقڵ، نەفسی مرۆڤ بەردەوام فەرمان بە خراپە دەكات، ئەو ئەندامانەی كەباسمان كرد، هەموویان پەیوەستن بەیەكەوە، ئەگەر ئەم وشانە بەیەكەوە كۆبوونەوە مانای وەرگرتنی گشتییە، بەڵام ئەگەر هەریەكەیان بەجیا باس كران مانای وەرگرتنی تایبەتمەندییە، بەڵام ئەگەر هەریەكەیان بەجیا باس كران مانای وەرگرتنی كۆ دەنگیە، ئەگەر بە تەنیا باسی نەفس بكەین ئەوە مانای وایە باسی هەموو ئەوانی ترت كردووە كە لەئەندامە چالاكەكانی لە ناخی مرۆڤدا هەن، ئیتر ئەو ئەندامانە هەرچی بێت لە گیان و دڵ و عەقڵ یان لە كردارە ناوەكییەكان، بەڵام ئەگەر هەموویان بەیەكەوە ناویان بهێنیت، ئەو كاتە هەریەكەیان بە جیا باسی دەكەین كە تیێیدا مەبەست لەدەروون، لایەنی ڕوحییە كە خوای گەورە وەك هەناسەیەك لەخۆی خستویەتیە جەستەی مرۆڤەوە : فَإِذا سَوَّیْتُهُ ۆنَفَخْتُ فِیهِ مِن رُّوحِی فَقَعُواْ ڵهُ سَاجِدِینَ/ الحجر29

ئەمە مانای بەرزبوونەوەیە لەكاتێكدا كە لەگەڵ كۆدا باسی دەكەین بەشێك لە لایەنی شەهوانی هەیە كە دەكەوێتە چوارچێوەی نەفسەوە، ئەگەر ئەم لایەنە چاك بێت، ئەو كاتە لە فەرمان بە خراپەوە دەگۆڕێت بۆ نەفسیسەرزەنشتكەر (بەعەڕەبی=لوامە)، لە دوای ئەمە دەگۆڕێت بۆ نەفسی ڕەزامەندی و دڵ ئارامه بەرامبەر بە خوا. ئەو دوو ئایەتەی باسمان كرد تەنها باس لە نەفس دەكەن، واتە چاككردنی ئەوەی لە ناوەوەی مرۆڤدا هەیە، بۆ نموونە عەقڵ لە كاتێكدا كە باس لە ئاوەدانكردنەوەی گەردوون دەكات، دەربارەی دانایی كە وەك یەكێك لە ئەركەكانی پێغەمبەر باس دەكات، ئەمەش لەپاڵ چاكسازیدایە وەك دەفەرموێت: هو الذی بعث فی أڵامیین رسولا منهم یتلو علیهم أیاته.

خوێندنی ئایەتەكانی قورئان بۆ بەرزكردنەوەی گیانە، بۆ ئەوەی ئەم گیانە پەیوەست بێت بە بەدیهێنەرەكەی، بەمە لەزەوی كە پڕە لە لایەنی شەهوانی و ئاژەڵی بۆ ئاستێكی بەرزی رۆحانی بەرز دەبێتەوە، ئەم ئاستەش ئاستی فریشتەكانە، چونكە ئەوان سەرپێچی خوا ناكەن، پێغەمبەری خوا دەیهەوێت مرۆڤ بەرز بكاتەوە، ئەویش لەرێگەی قورئانەوە، چونكە ئەم قورئانە ڕۆحی مرۆڤ بەرز دەكاتەوە و گەشەی پێ دەدا بەرەو ئاستی فریشتەكان.

«یزكیهم» واتە نەفس و دڵیان رۆشن دەكاتەوە و گەشەیان پێدەدا بەجۆرێكی لێ دەكات كە لەنەفسی فەرمان بەخراپەوە بیگۆڕێت بۆ نەفسێك كەهەست بە بەرپرسیارێتی بكات، ئەو نەفسەی كە هەست بە بەرپرسیارێتی دەكات خوای گەورە ناوی ناوە نەفسی لەوامە، واتە لەخۆی دەپرسێتەوە لەسەر كەمتەرخەمی لە هەر شتێكدا كە بیكات، لۆمەی مرۆڤ دەكات لەسەر هەڵەو تاوان، لۆمەی باوەڕدار دەكات لەسەر سستی و كەمكردنەوەی عیبادەتەكان یان بەجێنەهێنانی سووننەتەكان، ئەمە لایەنێكی گرنگە و ئەركی گرنگی پێغەمبەریش بۆ ئەم بابەتەیە، «قد أفلح من زكاها وقد خاب من دساها»، پەروەردە و گەشەپێدانی نەفس لەڕێگەی خۆی و پەروەرشیارێك و شێخ و ئامۆژگاریكەرێك و مامۆستایەك و دڵسۆزێك و ژینگەیەكی باش و كۆمەڵێكی چاكەخواز و خێزانێكی باش و مزگەوت و قوتابخانە، یان هەر شوێنێكی تری باش دەبێت، مامەڵە و کاریان لەگەڵ دەكات، لەپێناو چاكسازی نەفس و هەنگاونان بەرەو چاكەخوازی وەك چۆن مرۆڤ ئاژەڵێكی سەركەش ڕادەهێنێت تا دەبێتە ئاژەڵێكی ماڵی دەستەمۆی هێمن و ئارام، بەم جۆرەش نەفسێكی خراپەكار، لەرێگەی ناوەندێكی چاكی وەك مزگەوت یان قوتابخانە یان كۆمەڵێكەوە دەگۆڕێت بۆ نەفسێكی چاكە خواز، ئەمە گۆڕانە لە بارێكی خراپەوە بۆ بارێكی چاكە، ئەگەر مرۆڤ بگاتە ئەم قۆناغە واتە مرۆڤێكە لە بەرامبەر خوا و كۆمەڵگە و نەوەكانی داهاتوودا هەست بە بەرپرسیارێتی دەكات، كاتێك كە بەرپرسیاریەتێكی دەكەوێتە ئەستۆ، سستی و زیادەڕەوی تێدا ناكات.

بە جۆرێك كار دەكات كە خوا لێی ڕازی بێت و لە بەرژەوەندی گشتیدا كار بكات، چونكە ڕەزامەندی خوا لە كارێكدایە كە خزمەت بەكۆی گشتی هاوڵاتیان بكات، ئەمە نەخشەرێگەی مرۆڤە بۆ چاكسازی، چاكسازی سەرەتا دەبێت لەدەروونەوە دەست پێ بكات، لە تاكەوە دەست پێ بكات پاشان بۆ خێزان و پاشان بۆ كۆمەڵگە، پێغەمبەری خوا هەواڵانی بەم شێوەیە پەروەردە دەكرد، هەر لەبەر ئەمە بوو هەواڵان چەندە زیاتر لەگەڵ پێغەمبەری خوادا بوونایە ئەوەندە زیاتر پاك و چاك دەبوون، چونكە ئەو هەواڵانه هەر چەند زیاتر لە خزمەت پێغەمبەردا بمانایەتەوە، ئەوەندە زیاتر بە چاكه و چاكەكاریدا دەڕۆیشتن، واشی لێ دەكردن كە لە دەروونەوە ڕقیان لە تاوان و سەرپێچی خوای گەورە ببێتەوە و خۆشەویستی ئیمان لە دڵیاندا زیاد بكات، چونكە هەر كاتێك مرۆڤ هەنگاوی نا بەرەو ئیمان و بەراستی بە دووایدا وێڵ بوو، خوای گەورە خۆشەویستی بۆی زیاد دەكات و وای لێ دەكات كە ڕقی ببێتەوە لە بێ باوەڕی و تاوان و سەرپێچی، لەم كاتەدا ڕقت لە تاوان دەبێَتەوە و حەز ناكەیت لێی نزیك ببیتەوە، ئا لەم كاتەدا نەفسی لەوامە دەگۆڕێت بۆ نەفسیی ئارام و دامەزراو (مطمئنە)، بڕوای بە خوا بەهێزە و دڵنیایە، ناترسێت لەوەی كە تووشی تاوان ببێت، ترسی خوا لەدڵیدا ڕەگی داكوتاوە، ئەم لەخواترسانە خوای گەورە وەك بەڵگە لە بەسەرهاتی یوسفدا بۆمان باس دەكات، لە كاتێكدا كە ئافرەتێك خۆی دەخاتە بەردەستی بەڵام گەورەمان یوسف بەبێ بیركردنەوە دەڵێت (معاذالله) پەنا بەخوا، بەم شێوەیە مرۆڤی باوەڕدار دەگاتە ئاستێك كە ئارام و دڵنیاییە، خۆشی لە عیبادەت دەبینێت و دوور دەكەوێتەوە لە بێ باوەڕی و تاوانكاری، دەگاتە ئاستێك ڕقی لە شتە حەرامەكان دەبێتەوە، هەموو ئەو شتانەی بەلاوە ناشرینە كە بە لای خواوە خراپ و ناشرین بێت.

ئەمە ئەو باوەڕدارەیە كە گەیشتۆتە ئاستی (نفس المطمئنە) دەروونی ئارام و دڵنیا، ئەمەش قۆناغی دوای نەفسی لەوامەیە، لەخوا ڕازیەو خواش لەو ڕازیە، ڕازیە بەهەموو قەدەرەكانی خوا، بە ڕاستی دڵی لەسەر ئیمان دادەمەزرێت، ئاوڕ ناداتەوە بەلای ئافرەتی جوانی نامەحرەم  و ماڵی حەرام، چونكە بەردەوام ئاگری دۆزەخی بیر دێتەوە، بیر لەڕەزامەندی خوا دەكاتەوە، بیر لەو ساتانە دەكاتەوە كە دەچێتە بەردەم خوا، خوای گەورە پرسیاری لێ دەكات،دەبێ چۆن وڵام بداتەوە، جوانی ئافرەتەكە چەندە بێت و ڕێژەی پارە حەرامەكە هەر چەندێك بێت ڕەزامەندی خوا لە هەموو شتێك گەورەترە، بیركردنەوە لە پاداشتی نەبڕاوە زۆر گەورەترە لە خۆشی و لەزەتێكی كورت و بڕاوە، ئەو باوەڕدارەی دەگاتە ئەم قۆناغە لە قۆناغی ئارامگرتنەوە (صبر) دەگاتە قۆناغی سوپاسگوزاری (شكر)، ئارامگرتنی بەلاوە ئاسانە، بەلای ئەوەوە سوپاسگوزاری گرنگە، قۆناغی ئارامگرتن تێ دەپەڕێنێت و لە ساتەكانی ناخۆشی و ناڕەحەتیدا سوپاسی خوا دەكات، هەواڵانی پێغەمبەری خوا لە ئەم ئاستەدا بوون، چونكە بەردەوام گومانی باشیان بە خوا هەبووە و لێی ڕازی بوون، بە قەدەرەكانی لە خێر و شەڕ، خوایان كردووە بە باشترین وەكیلی خۆیان، باشترین وەكیل كە هیچ شتێك ناكات بەزیانی بەندەكانی كۆتایی بێت، هەرچەند توشی شكست یان زیان یان نەخۆشی ببێت، هۆكارەكانی هەرشتێك بن، خوا ئەگەر قەدەرێكی بۆ تۆ بڕیاردا ئەوە لەبەرژەوەندی تۆیە، ئەمەش سیمای گشتی هاوەڵان و شوێنكەوتوانیان بووە.

دەگێڕنەوە دەڵێن عوروەی كوڕی زوبەیر خوای لێ ڕازی بێت لە بەسرە دەژیا، تەمەنی نزیكەی 60 ساڵ بوو، لە ڕانیدا تووشی نەخۆشییەكی ترسناك بوو، دكتۆرەكان گوتیان دەبێت ببردرێتەوە، بەبێ بەنج بە مشار قاچەكەیان بڕیەوە، لەكاتی بڕینەوەكەدا بوورایەوە، كە هۆشی هاتەوە، یەكسەر سوجدەیەكی بردوو و سوپاسی خوای كرد، دكتۆرەكە لێی پرسی بۆچی سوپاسی خوات كرد، چونكە لەم كاتەدا دەبێت تۆ لەقۆناغی (صبر)دا بیت، ئەویش لە وەڵامدا ووتی كوڕی خۆم من لە قۆناغی (شكر) واتە سوپاسگوزاریدام، خوای گەورە ئەو قاچەی پێداوم، من نزیكەی 60 ساڵ لەسەری ڕۆیشتوم، ئێستا لێی سەندوومەتەوە، خۆی لە بنەڕەتدا قاچەكە موڵكی خۆی بووە، خوا منیش و قاچاكەشی دروست كردووە، ئێستا لێم وەردەگرێتەوە و لەسەر ئەوە پاداشتم دەداتەوە، ئایا وانیە ؟دكتۆرەكە گوتی بەڵێ وایە، پاشان گوتی كەواتە ئێستا من لەقۆناغی سەبر یان شوکر دام، من لەقۆناغێكدام ڕازیم بە قەدەری خوا، چونكە متمانەی تەواوم بە خوا هەیە، چونكە ئەگەر ئەم قاچەم بمایە لەوانەیە تاوانێكم پێ ئەنجام بدایە، سوپاسی خوا دەكەم لەسەر ئەم نیعمەتە، لەم گفتوگۆیانەدا بوون، پیاوێك هاتوو و گوتی فڵان كوڕت لە جەنگدا شەهید بووە، لەم كاتەدا كەخۆی تووشی ئەم حاڵەتە بووە و ئەم هەواڵەشی بۆ هات، جارێكی تر سوجدەی بردوو و شوكری خوای لەسەر كرد، دكتۆرەكە سەری لەم كارەی سووڕما و گوتی ئەی عوروە ئایا ئەمەش مەقامی شوكر بوو؟ لە وڵامدا گوتی خوای گەورە ئەم كوڕەی پێدام بۆماوەی 22 ساڵ، ئەمە نیعمەتێك بوو، بەڵام خوا بە گەورەیی و رێزی خۆی لێی وەرگرتمەوە، ئەویش لە ڕێگەی خوادا شەهید بوو، ئایا تۆ نازانی شەهید بۆ 70 كەس لە كەس و كارەكەی شەفاعەت دەكات و دەیانباتە بەهەشت؟ كەواتە لەم كاتەدا دەبێت من لە زۆرترینی ئەو كەسانە بم كە شوكری خوا بكەم  لەسەر ئەم نیعمەتە، ئەگەر هەموو دونیا موڵكی من بوایە دەبوایە بیبەخشم، پیاوەكە دەستی كرد بە گریان و دكتۆرەكەش لەگەڵی گریا و ئەوەندە ڕەوشتی ئەو پیاوە کاریگەری کردە سەری، هەتا كەوتە سەر زەوی.

 ئەمە ئەو نەفسەیە كە لە نەفسێكی دڵشكاو و  فەرمان بە خراپە و نەفسێكی چاوچنۆك و حەزكردن لە زینا و حەرامەكان و خواردنی ماڵی خەڵك و گەندەڵی و ئازاردانی خەڵك دەگۆڕێت بۆ نەفسی لەوامە، نەفسێكی دڵنیا، نەفسێكی ڕازی بەقەدەری خوا، خوا لێت ڕازی دەبێت، پاداشتت دەداتەوە، پاشانیش جێگەیەكی بەرز و باش و چاكت لەبەهەشت بۆ دادەنێت.

 ئەمڕۆ ئێمە پێویستمان بە گۆڕانكاری نەفس هەیە، چونكە زۆر جار گوتراوە كە گۆڕانی كەسەكان بەبێ نەفسەكان بێ سوودە، ئێمە فێر بووین هەر باسی گۆڕانی دەسەڵاتدار و پاشاكان بكەین، بەڵام ئەگەر سەیری ڕووخانی ستەمكارە گەورەكانی میسر و توونێس و لیبیا و یەمەن بكەین، دەگەینە ڕاستیەك، ئایا پاش گۆڕانی ئەمانە تاكەكان گۆڕان، نەخێر نەفسەكان وەك خۆیان ماون،لە بەر ئەوە نەتوانرا گۆرانكاری گەورە دروست بكرێت، ئێمە ئەمڕۆ پێویستمان بەگۆڕانكاری تاكەكەكان  هەیە.

لە ئێستادا پارتی سیاسی وا هەیە تەنها لەپێناو مانەوە لە دەسەڵاتدا، پەنا دەبەنه بەر هەموو شتێك، ئامادەن داوای هاوكاری لە هەموو کەسێک بكەن جا ئەگەر ئەوانە دوژمنانی هاووڵاتییەکانیشیان بن، ئابووری ووڵاتەكە وێران دەكەن ،تا سەر ئێسقان گەندەڵی ئەنجام دەدەن، لە بەرامبەر بە خواو گەل و نیشتیمان هەست بە هیچ بەر پرساریەتێك ناكەن، كەواتە ئێمە لەئێستادا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بەوەیە كە هەست بە لێپرسراوێتی بكەین بەرامبەر بەخوا و نیشتیمان و هاووڵاتیان، ئەگەر هەڵەیەكمان بینی پێویستە بە ڕێگەی یاسایی و ئاشتییانە تەعبیری لێ بكەین، ئاگاداری موڵك و ماڵی هاووڵاتیان و دامەزراوە نیشتیمانیەكان بین، با لە هەڵوێست و كردارماندا ڕەزامەندی خوامان لەبیر بێت، نەک ئەوەی کە تەنها ئامانجمان خۆمان و پارتەكەمان و بەرژەوەندییە بچووكەكان بێت.

 إِنَّ اللّهَ ڵا یُغَیِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّی یُغَیِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ / الرعد11
ده‌نگێ نه‌دراوه