زارۆک نزیکترین وشەیە بە خودا

ڕۆژی 16ی ڕەزبەر، ڕێکەوت لەگەڵ 8ی ئۆکتۆبری هەموو ساڵێك لە زۆربەی وڵاتانی جیهان وەك ڕۆژی جیهانیی منداڵان ناسراوە و بە شێوازی جیاواز پێشوازی لەو ڕۆژە دەكرێ، لە هەر وڵاتێكیشدا بە جۆرەها بەرنامە و چالاكی و ئاهەنگی تایبەت، دڵی منداڵان خۆش دەكەن.
گەرچی دەستەبەركردنی مافەكانی منداڵ، لە هەر وڵاتێكدا ڕێژەی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام كۆمەڵناسان جەخت لەوە دەكەنەوە كە زۆربەی وڵاتان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەیانتوانیوە بە شێوەیەكی بابەتی و زانستییانە پێگەی منداڵ لە كۆمەڵگە و جۆری پەروەردەی تەندروست و زانستی منداڵان دەستنیشان بكەن، گەر ئەوەشیان بە تیۆر كردبێت، بە كردەیی شتێكی ئەوتۆیان بۆ منداڵ نەكردووە، بۆ ئەوەی وەك نەوەی نوێ بتوانن كۆمەڵگەیەكی ئارام و دوور لە توندوتیژییان هەبێت.
هەموو ساڵێک بۆ بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە چەکوچۆڵێکی ناوەکی و ئاسایی خەرجی زۆر دەکرێت، لە حاڵێکدا منداڵانێکی زۆر بە هۆی برسییەتی، نەبوونی پێداویستی تەندروستی، کێشەی خۆراک و هتد، دەمرن. ڕێکخراوی یۆنیسێف ڕایگەیاندووە کە تەنیا بە تەرخانکردنی 5 دۆڵار لە ساڵدا بۆ هەر زارۆکێک، ڕێگری دەکرێت لە مردنی لە سەتا 90ی ئەو منداڵانەی وا مردنیان لە چارەنووسدایە و لە ڕاستیدا ئەم بڕە پارەیە تەنیا بووجەی 6 حەوتەی چەکوچۆڵی جیهانە.
بۆ یەكەمجار لە مێژوودا پەرلەمانی سوویس دانی بەمافەكانی منداڵاندا ناوە.
سوویس یەكەم وڵاتی جیهان بووە كە لە ساڵی 1925 ڕۆژی (1/6)ی وەك جەژنی منداڵان دەستنیشان كردووە، بۆ یەكەم جاریش لە مێژوودا پەرلەمانی سوویس دانی بە مافە سەرەتاییەكانی منداڵان ناوە. دواتر لەچەندین وڵاتی دیكەی جیهانیش وەك رووسیە و چین و كۆریای باكوور و سەرجەم وڵاتانی ئەمریكای لاتین جەژنی منداڵان دەستنیشان كرا، لە كۆتایی ساڵانی شەستەكان و سەرەتای ساڵانی حەفتاكانی سەدەی بیستەمیش هەریەك لە سووریا و لیبیا و جەزائیر ئەو ڕۆژەیان بەجەژنی منداڵان ناساند. زۆر وڵاتیش هەن، ڕۆژی دیكەیان وەك ڕۆژی جیهانی منداڵ دەستنیشان كردووە.
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەڕۆژی 20ی نوامبری1954، لە وڵاتی سوویس یەكەم كۆنگرەی جیهانی تایبەت بەمنداڵانی بەست، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كۆدەنگییەك لەسەر ژیانی منداڵ لە نێوان دەوڵەتە زلهێزەكانی جیهاندا هەبێت و دواتر لە ڕۆژی 20ی نوامبری ساڵی 1989دا نەتەوە یەكگرتووەكان لە كاتی یادكرنەوەی ڕۆژی جیهانی منداڵاندا، بەئامادەبوونی نزیكەی (191) دەوڵەت یاداشتی بەرگری مافەكانی منداڵان واژۆ کرد .
منداڵ بە گوێرەی یاسا خاوەن مافە، بەبێ‌ ئەوەی ئەركی یاسایی لەسەر بێت.
منداڵان وەك چینێكی گرنگی كۆمەڵگە هەمیشە شوێنی بایەخپێدانی ڕێكخراوە جیهانیەكان بوون، جا لەسەر ئاستی نەتەوەیی بێت، یان خۆجێی بێت، بێگومان قۆناغی منداڵی گرنگی خۆی هەیە، چونكە یەكێك لە هەستیارترین ‌و گرنگترین قۆناغەكانی ژیانی تاكە و تەمەنی منداڵی ئەو تەمەنەیە كە دەرگای هاتنە ژوورەوەی مرۆڤە بۆ ساتەوەختەكانی ژیان، یاساش هەمیشە گرنگی بەهەموو مرۆڤێك دەدات، بەجۆرێك هەر مرۆڤێك ئەگەر ئەركێكی لە ئەستۆدا بێت، لەبەرامبەر ئەركەكەیدا كۆمەڵێك مافی هەیە. بەڵام منداڵ بە گوێرەی یاسا خاوەن مافە، بەبێ‌ ئەوەی ئەركی یاسایی لەسەر بێت.
ئامانجی یاسا، پاسەوانیكردن ‌و پێدانی ماف‌ و ئەركە بەگشت چین ‌و ڕەگەزێكی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، چ منداڵ بێت، یان تازەلاو، یان گەنجێكی پێگەیشتوو، یاخود پیر و بەتەمەن بێت.

بنیادەم تینووی خۆشەویستی و سۆزە، ئەم تینوویەتییە لە منداڵان بە هۆی پێویستیی زیاتریان بە دایک و بابیان، زەقتر و زیاتریشە. سەرەنجدان بە لایەنی سۆزدارانە و هەستی منداڵان زۆر گرینگە و ئەم گرینگایەتییەش لە هەڵسوکەوت و ئاکاری پێشەوایانی ئایینیماندا بە جوانی دەبیندرێت!
لە پێغەمبەری خۆشەویستیشمان(د.خ) گێڕدراوەتەوە کە فەرموویەتی: منداڵانتان خۆش بوێت و خۆشەویستیتان بەرامبەر بە منداڵەکانتان بنوێنن و هەر کاتیش وەعد و بەڵێنێکتان پێ دان، بەجێی بێنن، چونکە ئەوان، ئێوە بە ڕۆزیدەری خۆیان دەزانن!
بەم پێیە، دایک و باوکان کە یەکەم مامۆستا و ڕاهێنەری منداڵن، بەرپرسایەتییەکی قورسیان لە ئەستۆدایە، بەرپرسایەتییەک کە دەبێتە هۆی گەشە و شکۆفانەوەی ئاکاری چاک لە خۆیان و لە منداڵەکانیاندا.
لە پێشەکی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵاندا نووسراوە کە «منداڵ دەبێ لە کەشێکی تەژی لە خۆشبەختی و سۆز و لێک حاڵی بوون پێ بگات!»
بەم دروشمە و بەو بایەخەی وا ئێمەی کورد بۆ ماڵ و منداڵمانی دادەنێین، گرینگایەتیی ئەم ئەندامەی خێزانەکەمان بە جوانی دەردەکەوێ و دەبێ سەرەنجێکی تایبەتیشی پێ بدەین، ئەندامێک کە ئەگەرچی ئەمڕۆ منداڵە، بەڵام دوایی گەورە دەبێت و خۆی دەبێتە لێپرسراوی پەروەردەکردن و بارهێنانی نەوە و جیلێکی نوێ!

بخش اخبار: 
اصلی

.:: نوێ‌ترین ::.

باڵوێزی ئاشتی هه‌وارگه‌ی دڵان (1397/09/06)