ئاوەز( بە عەڕەبی=فقە) چییە و ئاوەزمەند(بە عەڕەبی=فقیه)کێیە؟

نووسەر: 
ئەحمەد عەباسی
ئاوەز( بە عەڕەبی=فقە) چییە و ئاوەزمەند(بە عەڕەبی=فقیه)کێیە؟

توێژەری بەڕێز و زانا دکتۆر «مەحموود زمناکۆیی» لە باسێکی بەنرخ بە ناونیشانی «پێگەی سونەت لە دیدی سوبحانی»؛ که ڕێکەوتی«۲٨ ـ ۲۹ / ۳ / ۲۰۱٥» لە کۆنفڕانسی زانستیی ناسری سوبحانی لە سلێمانی، پێشکەشی کرد ـ و دواتر لە دوو توێی پەڕاوێکدا لە چاپی دا و دید و تێڕوانینی کاکە ئەحمەدیشی پێ زیاد کرد ـ، دەڵێت: ئەگەر بمانەوهەێت پێناسەی دەستەواژەی ئاوەز( بە عەڕەبی=فقە) بکەین بۆ ئەوەی باشتر بیناسین، دەتوانین بڵێین ئاوەز( بە عەڕەبی=فقە) دەرهاویشتەی پڕۆسەیەکی عەقڵییە کە پێکهاتەی سێ توخمە: «دەق، شەرعناس یان موجتەهید، زەمینە و هەلومەرج».

پەیوەندی شەرعناس لەگەڵ دەق پەیڤاندن و هەڵێنجاندنە (بە عەڕەبی=الٳستنطاق و الٳستنباط )، پەیوەندی لەگەڵ واقیع و زەمینەی تێگەیشتن و دەستنیشانکردنە (بە عەڕەبی=الفهم و التحدید ) و پەیوەندی لەگەڵ زەمینە و هەلومەرجی ئاراستەکردن و چارەسەرکردنە (بە عەڕەبی=التوجیه و العلاج).

زانای پایەبەرز، پێشەوا "ٳبن القیم الجوزیة" سەدان ساڵ لەوە پێش ئاماژەی بەم پڕۆسە عەقڵییە کردووە و دەڵێت: شەرعناسی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە "واجب" کە دەقە و "واقع" کە زەمینە و هەلومەرجە ئاوێتە بکات، ئەوسا حوکمی دەقەکە بداتە زەمینەکە و دژایەتی لە نێوانیاندا دروست نەکات. (پێگەی سوننەت لە دیدی سوبحانی و موفتی‌زادەدا، لاپەڕە: ۲۱۷ .)

برایان و مامۆستایانی هێژا و زێدە ئازیزم!

پێویستە زۆر بە وردی و هۆشیارییەوە سەرنج بدەینە پڕۆسەی فەتوادان و گەیاندنی حوکم و یاسا شەرعییەکان بە گوێی گوێگرانمان، بۆیە پێویستە ڕەچاوی چەند خاڵێک بکەین کە زۆر بە کورتی ئاماژە بە سیانیان دەکەم:

۱ـ‌ بە ناوی خوا قسە نەکەین و خۆمان بە نوێنەری ڕاستەوخۆی خودای باڵادەست نەزانین، بە واتایێکی ‌تر: کاتێک کە فەتوایەکمان دەرکرد خەڵکی وا نەزانن ئەمە کۆتا وتە و بۆچوونە و کەس ناتوانێ لێی لابدات؛ بە بڕوای بەندە ئەم خاڵە زۆر گرینگ و هەستیارە چونکە زۆرمان بیستووە و بینیوە که کەسانێکی وتاربێژ قوڕئانێک یان کتێبێکی ئایینی بە دەستەوە دەگرن و دەڵێن هەرچی من دەیڵێم وتەی کۆتاییە و هەرکەس پێچەوانەی بجووڵێتەوە لە دینی خوا لایداوە!!

۲ـ پڕۆسەی فەتوادان و هەڵێنجانی یاسا شەرعییەکان کاری هەموو کەس نییە، زۆرن ئەوانەی بە خوێندنەوەی یەک دوو نامیلکە و خویندنەوەی چەند فەرموودەیەک دەست دەکەن بە فەتوادان؛ ئیتر کورد گوتەنی «شەلم کوێرم ناپارێزم» و بە ڕاست و چەپدا قسە ئەکەن و لەسەر هەموو بابەتێک بۆچوونیان هەیە و وشەی نازانم لای ئەوان باوی نەماوە و لە حەوت کێوان ئاوا بووە. زانایەک ـ که بەداخەوە ناویم لە بیر نەماوە ـ ئەڵێ: ئێوە زۆر بە ئاسانی لەمەڕ بابەتگەلێک قسە ئەکەن که ئەگەر لەسەر دەمی ئیمامی عومەر ـ ڕ.خ ـ ڕوویان بدایە هەموو خەڵکی بەدری بۆ کۆ ئەکردەوە جا بیروڕای خۆی دەردەبڕی!!!

۳ـ تەنیا شارەزابوون لە زمانی دەق و یاسا و ڕێساکانی هەڵێنجانی حوکم بەس نییە و دەرمانی دەردەکان ناکا بەڵکوو شارەزایەکی وردی بارودۆخ و ئەو هەلومەرجەی تێیدا دەژین و پرسیارە جۆراوجۆرەکان دەخوڵقێنن بڕبڕەی پشتی پڕۆسەی فەتوادانە. کەواتە تەنیا گەڕانەوە بۆ سەرچاوە کۆنەکان ـ هەڵبەت لە پرسە گۆڕا و ناجێگیرەکاندا، دەنا بێگومان کات و شوێن کاریگەریان لە سەر پرسە جێگیر و نەگۆڕەکان نییە ـ کە هەلومەرج و پرس و بابەتگەلی تایبەتی ئەو بارودۆخە بەدی هێناون، تووشی هەڵەی گەورە و دابڕان لە کۆمەڵگە و پرسە هەنووکەییەکانمان دەکا کە مەخابن زۆربەمان کەوتووینەتە ئەو هەڵانەوە و ڕەنگە هەستیشمان پێ نەکردبێ.

پوختەی قسان ئەوەیە ـ هەروەکوو پێشەوا "ٳبن القیم" و مامۆستا زمناکۆیی فەرموویان ـ: ئاوەزمەند(بە عەڕەبی=فقیه) و شەرعناسی ڕاستەقینە کەسێکە که کات و شوێن و کۆمەڵگە و کێشەکان بناسێ و لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێسا تایبەتەکان دەست بکات بە هەڵێنجانی وڵامی پرسیارەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە زەریای قووڵ و فراوانی واتای دەقە پیرۆزەکان، تا تێیان بگات، وەدنگیان بێنێ و ئاراستەی دروست و مامناوەندی خاک و خەڵکەکەی بکات و لێیان دانەبڕێت.

بەو هیوایەی پێشەوا ئایینی و شەرعناسەکان لە پڕۆسەی فەتواداندا زۆر هەستیار و وردبین بن و وەک چۆن لە حەڵاڵکردنی شتە حەرام و قەدەغەکان ئەترسن ئاوایش لە یاساغکردنی شتە حەڵاڵ و ڕەواکان بترسن، چونکە بێگومان هەردووکیان کاری خوای زانا و کاربەجێیە و کەس بۆی نییە بێ بەڵگەی ڕوون و ڕەوا و بەهێز خۆی لەو بوارە بدا.

بانە ـ ٦ / ۷ / ۹۷

ده‌نگێ نه‌دراوه