سەرۆککۆماری نوێی عێراق، کێیە؟

لە دانیشتنی شەوی سێشەممەی پەرلەمانی عێراق کە ڕێکەوت بوو لەگەڵ 2ی ئۆکتۆبری2018 ( 10ڕەزبەری 1397ی هەتاوی)، دکتۆر بەرهەم ساڵح، وەک سەرۆککۆماری عێراق بۆ چوار ساڵی داھاتوو هەڵبژێردرا.

پاش ئەوەی لە خولی یەکەمی دەنگدان ھیچ کاندیدێک نەیتوانی ٢١٠ دەنگ بەدەست بھێنێت، خولی دووەمی دەنگدان بەڕێوە چوو، لە خولی دووهەمیشدا د. بەرهەم ساڵح لە کۆی دەنگی 272 پەرلەمانتار 219 دەنگی بەدەست هێنا و بوو بە سەرۆککۆماری نوێی عێراق، لە بەرامبەردا د. فوئاد حوسێن که 22 دەنگی بەدەست هێنا.
- بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە ساڵی ١٩٦٠ لە سلێمانی ھاتۆتە دنیا.
- لە ساڵی ١٩٧٧ ــەوە پەیوەندیی بە ڕێخستنەکانی یەکێتییەوە ھەبووە.
- لە ساڵی‌ ١٩٧٩ دا دووجار لە لایەن ڕژێمی‌ بەعسەوە دەسگیرکراوە بە تۆمەتی‌ پەیوەندیکردن بەڕیزەکانی‌ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە. ماوەی‌ ٤٣ رۆژ لە زیندانەکانی‌ ئاسایش (ئەمن) لە (ھەیئەی‌ تەحقیقی خاسە) لە کەرکووک دەسگیرکراوە، و بە چەندین شێواز ئەشکەنجە دراوە. دوای‌ ئازادکردنی‌ لە زیندان خوێندنی‌ ئامادەیی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە و پلەی‌ یەکەمی‌ لە سەر ئاستی‌ ناوچەی حوکمی زاتی ئەوکات و پلەی‌ سێیەمی‌ لە سەر ئاستی‌ عێراق بەدەستھێناوە، دوای‌ ئەوەی‌ لە تاقیکردنەوەکاندا ٩٦،٥% ی‌ وەرگرتووە.
دواتر بە ھۆی‌ چاودێری‌ ئەمنییەوە عێراقی جێھێشتووە و ڕووی کردۆتە بەریتانیا.
بڕوانامەی‌ بەکالۆریۆسی‌ لە ئەندازیاریی‌ شارستانی و تەلارسازی ساڵی‌ ١٩٨٣ لە زانکۆی‌ کاردیف لە بەریتانیا، بەدەست ھێنا. خاوەنی‌ بڕوانامەی‌ دکتۆرایە لە بواری‌ ئامار و پراکتیزەی کۆمپیوتەر لە ئەندازیاریی‌ گشتیدا‌ لە ساڵی‌ ١٩٨٧ لە زانکۆی‌ لیڤەربول لە بەریتانیا.
- لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا:
لە کۆتایی ساڵی‌ ١٩٧٦ پەیوەندیی کردووە بە ریزەکانی‌ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە.
لە سەرەتای ھەشتاکانەوە بۆتە ئەندام لە رێکخستنەکانی‌ ئەورووپای‌ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و بۆتە بەرپرسی‌ پەیوەندییەکانی‌ یەکێتیی‌ لە لەندەنی‌ پایتەختی‌ بەریتانیا.
لە یەکەمین کۆنگرەی‌ ئاشکرای‌ یەکێتیی نیشتمانیی لە باشووری کوردستانی‌ ئازاد کراو، ساڵی ١٩٩٢، بە ئەندامی‌ سەرکردایەتی‌ ھەڵبژێردراوە و ئەرکی بەڕێوەبردنی‌ مەکتەبی‌ پەیوەندییەکانی‌ ویلایەتە یەکگرتووەکانی‌ ئەمریکای‌ پێسپێردراوە.
تۆڕی‌ پەیوەندییەکانی‌ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی فراوان کردووە لەگەڵ‌ ناوەندەکانی‌ بڕیار لە واشنتۆن.
ئێستا ئەندامی مەکتەبی سیاسییە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- لەناو حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا:
نوێنەری‌ یەکەمین کابینەی حکومەتی‌ ھەرێم بووە لە دوای‌ یەکەمین ھەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ لە کوردستان لە ساڵی‌١٩٩٢دا، بۆتە بەرپرسی‌ پەیوەندییەکانی‌ دەرەوە لە ئەمریکا-واشنتۆن.
پەیوەندییەکانی‌ حکومەتی‌ ھەرێمی‌ کوردستانی‌ فراوان کردووە لەگەڵ‌ ناوەندەکانی‌ بڕیار لە واشنتۆن، و بەشداری کردووە لە چالاکییەکانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ عێراقی و کۆنگرەکانی‌ بەر لە رووخانی‌ ڕژێمی‌ بەعس.
سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ حکومەتی‌ ھەرێمی‌ کوردستان بووە، لە ماوەی‌ نێوان کانونی‌ دووەمی‌ ٢٠٠١ و ناوەڕاستی‌ ٢٠٠٤ لە سەر داخوازی سەرکردایەتی‌ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
لە رۆژی‌ ٢٥/٧/٢٠٠٩ لە لایەن سەرکردایەتی‌ کوردستانەوە کاندید کراوە بۆ سەرۆکایەتی‌ لیستی‌ کوردستانی‌ بۆ ھەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان.
کابینەکەی پێکھاتبوو لە ١٩ وەزارەت.
لە مانگی ٩ی ٢٠١١ نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکی حکومەت پێشکەش بە سەرۆکی ھەرێم کردووە.
لە ٢ی شوباتی ٢٠١٢ نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە پەسەند کرا.
- لەناو حکومەتی عێراقیدا:
لە دوای‌ رووخانی‌ رژێمی سەددامی لە بەغداد، بووە بە جێگری‌ سەرۆک وەزیرانی‌ حکومەتی‌ کاتیی عێراق لە نیوەی‌ دووەمی‌ ساڵی‌ ٢٠٠٤. لە ساڵی‌ ٢٠٠٥ بووە بە وەزیری‌ پلاندانان لە حکومەتی‌ ئینتیقالی‌ عێراق. دواتر لەساڵی ٢٠٠٦ تاکوو ٢٠٠٩ جێگری‌ سەرۆک وەزیرانی‌ حکومەتی‌ ھەڵبژێدراوی‌ عێراق(حکومەتی‌ نوwری‌ مالکی) بووە، ھاوکات سەرۆکایەتی‌ لیژنەی‌ ئابووری‌ پێ سپێردراوە.
بە نوێنەرایەتی‌ حکومەتی‌ عێراق، پرۆژەی‌ پەیماننامەی‌ نێودەوڵەتی‌ لەگەڵ‌ عێراق بە ھاوبەشی لەگەڵ‌ رێکخراوی‌ نێودەوڵەتی‌ دەست پێکردووە.
- چالاکی و کارەکانی تری
زانکۆی ئەمریکایی لە عێراق – سلێمانی دامەزراندووە و ئێستاش سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باوەرمەندانی ئەو زانکۆیە دەکات.
د. بەرھەم ئەحمەد ساڵح خاوەنی‌ تۆڕێکی‌ فراوانی‌ پەیوەندیی کوردستانی‌ و عێراقی و ھەرێمایەتی‌ و نێودەوڵەتییە و وەک سیاسییەکی‌ میانڕەو، لەگەڵ‌ ھەموو ھێز و ڕەوتە سیاسییەکانی‌ وڵاتدا کراوەیە. خاوەنی‌ پەیوەندییەکی‌ پتەوە لەگەڵ‌ ناوەندی میدیایی و ڕووناکبیریی‌.
خاوەنی‌ چالاکییەکی بەرچاوە لە بواری‌ ڕووناکبیری‌ و لە پشتگیریکردنی چالاکییەکانی‌ کۆمەڵگای‌ شارستانی‌. سەرۆکی‌ دەستەی‌ باوەڕمەندانە‌ (مولتەقای‌ عێراقییە)، کە چەترێکی دیموکراتیی عێراقییە، وە چەندین کەسایەتی‌ دیموکراتی‌ و نیشتمانیی و کەسایەتی‌ لە چین و توێژەکانی‌ کۆمەڵی‌ عێراقی‌ لە خۆدەگرێت، مولتەقا خاوەنی‌ پرۆژەی‌ واعیدون و پرۆژەی‌ ھیوایە، بۆ پشتگیری‌ کردنی‌ خوێندکاری‌ زیرەک و بەھرەمەند لە زانکۆکانی‌ کوردستان و ناوەڕاست و باشووری‌ عێراقدا.
بەرھەم ئەحمەد ساڵح خێزاندارە و دوو منداڵی ھەیە، کچێک و کوڕێک.

بخش اخبار: 
اصلی