9ی ڕەزبەر؛ ساڵڕۆژی جیهانیی بەساڵاچووان

ڕۆژی یەكی ئۆکتۆبر( 10ی ڕەزبەر)، ڕۆژی جیهانیی بەساڵاچووان

چارەكە سەدەیەكە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی یەكی ئۆکتۆبر-یا 9ی ڕەزبەر-ی هەموو ساڵێكی كردۆتە ڕۆژی جیهانیی بەساڵاچووان.

ڕەنگە بە زەحمەت یەك پێناسە هەبێت بۆ ناساندنی بەساڵاچووان، چونكە پێناسەكان بە تێپەڕبوونی كات گۆڕانیان بەسەردا دێت، سەرەتا لە ناولێنانەوە دەست پێدەكات، بۆ نموونە لە كۆمەڵگای ئێمەدا ئەو كەسانەی كە بەتەمەنن پێیان دەڵێن گەورە، یان پیر، ئەم زاراوەیەش لە لای نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ڕەت كراوەتەوە، چونكە وشەی «پیر» وشەیەكی نێگەتیڤە و كاریگەریی خراپی هەیە لەسەر دەروونی مرۆڤەكە، لەبەر ئەمە زاراوەی بە ساڵاچوو راستترە لە پیر، چونکە پیر سیفەتێكی پەككەوتەیی و بێ توانایی بە مرۆڤ دەدات، بەڵام بەساڵاچوو واتە تەمەنی زیادی كردووە.

بۆیە بەساڵاچوون پرۆسەیەكی سروشتیی گۆڕانە، چۆن منداڵێك گەورە دەبێت و لە ماوەیەكدا پێی دەڵێن هەرزەكار، بەساڵاچوونیش قۆناغێكە لە قۆناغەكان و نەخۆشی نییە، بەڵكوو پرۆسەیەكی سروشتییە لە گۆڕانكاریی جەستەیی و دیاردەیەكی بایۆلۆژیشەو گرفت نییە، تەنها ئەوەندەیە لە ڕووی تەمەنەوە بەرەو پێش دەڕوات.

یان قۆناغی سێیەمی تەمەنە، دوای قۆناغی یەكەم و دووەمی تەمەن، قۆناغی سێیەم دێت که بەم قۆناغی سێیەمە دەگوترێت بە ساڵاچوون، یان قۆناغی هێمنی، واتا مرۆڤ كە دەگاتە ئەو تەمەنە لە قۆناغێكی هێمندا دەژی.

بە پێی ڕاپۆرتەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە ساڵی (1972)وە وای دیاریكردووە كە بە مرۆڤی (65) ساڵ بەرەو ژوور بڵێن بەساڵاچوو، لەجیهانیشدا لە ساڵی (2000)دا نزیكەی (600) ملیۆن كەس لەم تەمەنەدا بوونە، پێشبینییش دەكرێت لە سالی (2050)دا، نزیكەی (2) ملیار مرۆڤ بگەنە سەرووی (65) ساڵ.

ئەم تەمەنی بەساڵاچوونە دەكرێت بە دوو بەشەوە؛ بەساڵاچووی چالاك كە ئەو كەسانەن لە نێوانی (65) هەتا (70)ساڵیدان، بەساڵاچوونێكی تریش هەیە کە پێی دەڵێن گەورە كە دەكاتە 75 ساڵ بەرەو ژوورتر، لەبەر ئەوەشە وڵاتانی جیهان تەمەنی 60 هەتا 65 بۆ خانەنشینی دادەنێن، چونكە بە پێی نەتەوەیەكگرتووەكان لە 65 ساڵ بەرەو ژوور پێی دەگوترێت بە ساڵاچوو.

لەم بۆنە و یادەدا بە پێویستی دەزانم كە وەك كارئاسانییەك بۆ ئەم توێژە گرنگەی كۆمەڵگا، ئاماژە بە چەند ئەركێكی كەم -لە لایان- پەرلەمان و حكومەت و كەرتی تایبەت و میدیا و خێزان -لە وڵاتانی جیهانی سێهەم-بکەم:

1. پەرلەمان: پێویستە پەرلەمان لە بیری ئەوەدا بێت كە سوود لەو یاسایانەی ئەمڕۆ و ئەم سەردەمە وەربگرێت كە لە وڵاتانی پێشكەوتوودا خزمەتی باش پێشكەش بە توێژی بەساڵاچووان دەكەن. 

2. حكومەت: حكومەت دەتوانێت بەلای كەمەوە ئەم سێ كارەیان بۆ ئەنجام بدات:

یەكەم: گۆڕینی شێوازی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینان  -لەو وڵاتانەی- كە ئەو هەموو خەڵكە بەو تەمەنە و بە گەرما و سەرما ریز دەبەستن، لە كاتێكدا دەبێت ئەوان مووچەكانیان بۆ ماڵەوە بۆ ببرێتەوە یان لە رێگەی كارتێكی زیرەكەوە مووچەكەیان وەربگرن.

دووەم: دۆزینەوەی بواری كاری خۆبەخشی بۆ بەساڵاچووان، بۆ نموونە ئەگەر بەساڵاچوویەك مامۆستای مێژوو بێت و ئێستاكە خانەنشین بووبێت، دەكرێت لە مۆزەخانەیەك بە شێوەیەكی خۆبەخشانە سوود بگەیەنێت  كە هەر كاتێك میوانێكی لە درەوە یان كۆمەڵە كەسێك هاتن، ئەو دەتوانێت ڕاڤەی ئاسەواری ئەو مۆزەخانەیان بە جوانترین شێوە بۆ بكات، نموونەی دیكەی زۆر هەیە لە وڵاتانی ئەوروپا كە كار دەدۆزنەوە بۆ بەساڵاچووان و خانەنشینان.

سێیەم: هێشتنەوەو پاراستنی هەندێك لە شوێنە گشتییە كۆنەكان، چونكە هەر مرۆڤێكی بەساڵاچوو یادەوەرییەكی لەگەڵ شەقامێك یان شوێنێكی دیاری كراو یان قوتابخانەیەكی دیاری كراو هەبووە. بەڵام ئەگەرحكومەت هەموو ئەو شوێنانە بڕووخێنێت و بیانكات بە بینای تازە، ئەوسا بەساڵاچووان هەست بەغەریبیی دەكەن لە شاری خۆیاندا كاتێك هیچ ئاسەوارێكیان بۆ ناهێڵنەوە كە نیشانە بێت بۆ سەردەمی ئەوان، بۆیە حكومەت دەتوانێت پێشكەوتنی ئابووری خۆی ئەنجام بدات و شاریش جوانتر بكات و بینای بڵندیش دروست بكات، بەڵام بەو مەرجەی هەندێك لەو شوێنە كۆنانە لەبەر بەتەمەنەكان بهێڵێتەوە، چونكە یادەوەریی ئەو كەسانەن و ئەوان دێنەوە بۆ سەردانی ئەو شوێنانەی كە یادەوەریی خۆیانیان لەگەڵدا هەیە.

3. كەرتی تایبەت(بە فارسی= بخش خصوصی): 

ئەو كەسانەی كە لە 63 ساڵیدا خانەنشین دەبن ئەزموونێكی باشیان لایە، بۆیە لە وڵاتانی دی كەرتی تایبەت دێت سوودیان لێ وەردەگرێت لەبواری پسپۆڕێتی خۆیاندا، كە دەكرێت ئەم ئەزموونە لای ئێمەش هەبێت.

4. میدیا و ڕاگەیاندن:

(كۆفی ئەنان)ی ئەمینداری پێشووتری نەتەوەیەكگرتوەكان دەڵێت:

(ئێمە لە ئەفریقا پەندێكمان هەیە دەڵێت: هەر كاتێك بە ساڵاچوویەك دەمرێت، كتێبخانەیەك لەناو دەچێت) 

كەواتە هەر بەساڵاچوویەك بۆخۆی كتێبخانەیەكە كە حكومەت و كۆمەڵگە و دامودەزگاكان پێویستیان پێیەتی، بۆیە دەبێت میدیاكان لەگەڵیان دابنیشن و ئەزموون و زانیارییان لێ دەربێنن و هەموو زانیاریەكانیشیان بخەنە سەر سی دی و تیڤی، بۆ ئەوەی نەوەی نوێ سوودیان لێ وەربگرن.

5. خێزان: 

بە پێی توێژینەوەكان دەركەوتووە كە باشترین ژینگە بۆ بەساڵاچوو بریتییە لە ئامێزی خێزانەكەی خۆی، بۆیە هەڵەیە ئەگەر بەساڵاچوو لــەمــاڵ دەربكرێت بەرەو خانەی بەساڵاچووان، چونكە بە ساڵاچوو یادەوەریی هەیە لەگەڵ ئەوماڵە و گەورەترین كارەسات و گرفتیش بۆ بەساڵاچووان ئەوەیە شوێنی یادەوەریەكانیان بەجێ بێڵن، بۆیە لەڕووی كۆمەڵناسییەوە باشترین ژینگە  بۆ بەساڵاچووان ماڵەكەی خۆیەتی.

ده‌نگێ نه‌دراوه