بەرپرسی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەت: لە سەر ئەم باوەڕەین تاقه ڕێگای دروست لە شەڕی عەفرین، وەستاندنی داگیرکاری و دەستپێکردنی گفتوگۆیە

بەرپرسی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەت: لە سەر ئەم باوەڕەین تاقه ڕێگای دروست لە شەڕی عەفرین، وەستاندنی داگیرکاری و دەستپێکردنی گفتوگۆیە

جەماڵ ئیسماعیلی، بەرپرسی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە وتووێژ لەگەڵ ئیسلاح وێب رایگەیاند: لە سەر ئەم باوەڕەین تاقه ڕێگای دروست لە شەڕی عەفرین، وەستاندنی داگیرکاری و دەستپێکردنی گفتوگۆیە

 

-لە دوای پەلاماری سوپای تورکیا بۆ ناوچەی عەفرین لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، تاقمێک لە میدیای نەناسراو و هێندێکیشیان ‌ناوزڕاو به خوڵقاندنی ڕەوشێکی عاتیفی و پەشۆکاو، به ڕاگەیاندنەکانیان  هێرشیان کردۆتە سەر جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح و لە حەولی ئەوە دان تا جەماعەت به پشتیوان و هەواداری ڕژێمی سیاسی تورکیا و به شوێنیشدا کردەوە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە تۆمەتبار بکەن. وڵامی ئێوە وەک بەرپرسی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەت سەبارەت بەم دەنگۆیانه چییە؟

به نێوی خودای مێهرەبان. بەر لەوەی وڵامتان بدەمەوە پێویستە ئاماژه بەو خاڵە بکەم کە ئێمە وەک ڕێکخراوێکی مەدەنی له سایەی بنەما و بناغه ستراتێژیکی خۆمان، لە ئەژماری ئەو ڕەخنەگرانەیەن کە یەکجار دژ به ڕووشەیی و به کارهێنانی توندوتیژین. لەم بوارەدا به تایبەتی ڕایدەگەیێنم کە ئەو دەنگۆیانه هەر هەموویان تۆمەت و درۆن و به هەموو شێوەیەک له ڕاستی به دوورن. ئێمە له سەر ئەم باوەڕەین عەفرین، وەستاندنی شەڕ و دەستپێکردنی گفتوگۆ تاقە ڕێگایەیکی دروست بۆ گەیشتن به دەرنجامێکی باشه. ئەگەر شەڕ و پێکدادان دەستکەوتێکی باش و بەكەڵکی هەبووا، ئێستاکه نەدەبوو سووریا بەم هەمووه وێرانی و کوشتارەوه ڕادەستی بیروەوری مێژوو کرا بوایه.  لەم شەڕەشدا دەوڵەتی تورکیا تەنانەت لە ئەگەری وەچنگهێنانی عەفرین لە درێژخایەندا ناتوانێ لەم گۆڕپانەدا براوەی شەڕ بێ، چونکه ناخی هاووڵاتییە کوردەکان به گشتی و کوردەکانی تورکیه که نزیکەی یەک لە سێی خەڵکی ئەم وڵاتەن به ئاسانی ئارام ناگرێ و چاک نابێتەوه.   

-هێندێک لەو میدیایانە لێدوان و نامه بڵاوکراوەکانی جەماعەت سەبارەت به پشتیوانی لە ئەردۆغان که لە پێگەی فەرمی جەماعەتدا داندراوە  دەکەنە بەڵگه و وەک ئامێرێک بۆ مەحکووم کردن و خستنە گۆشاری دەروونی بۆ سەر ئەندامان و لایەنگرانی جەماعەت به دەکاری دێنن یا ئەوەی به وتاری بانگخوازان و قسەگەلی کەسانی ئایینی که لایەنگر و هاوبیری جەماعەتن وەکوو بەڵگە ئاماژە دەکەن؛ وڵامی ئێوە چییە؟ 

لە وڵامدا دەڵێم؛ کە دەربڕێنی ڕای سەرجەم کەسایەتی و لایەن و لێدوان و نامەکانی جەماعەت دەگەڕێتەوه بۆ ئەو کاتانەی وا سەرەتای دەسەڵاتداری ئەردووغان و حیزبەکەی بوو، چونکه ئەوان ئەو کات سەرچاوەی گەلێک دەستکەوتی بەکەڵک لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بوون، بۆ وێنه گەشەکردنی ئاستی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن، پێکهێنانی ڕەوشێکی سیاسی کراوەتر، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ کوردەکان و ... که به لێکدانەوەی ڕاڤەکارانی به ئینساف نوێنەیەکی باشی لە ناوچەدا ئاراستە کرد و جێگای ئومێد و دڵگەرمی بوو.   

بەڵام بە داخەوە دواتر شاهیدی هەلگەڕانەوە و هەڵوێستگۆڕینی ئەردۆغان بووین؛ لە چەشنی بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و چاپەمەنیگەلی سەربەخۆ، زیندانی کردنی کەسایەتیگەلی سیاسی ڕەخنەگر و ڕۆژنامەوانان، وەستاندنی پڕۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ کوردەکان و دانپێدانان به مافه سروشتی و خواپێداوەکانیان – سەرەڕای ئەوەی لایەنە کوردییەکانیش له شکستی ئەم پڕۆسەیە ڕۆڵیان هەبووه- هەروەها تۆران و دابڕان لە هەواداران و لایەنگرانی چینه خوارووەکانی بزاڤی گولەن و حەز لە جۆرێک بنەماخوازی و دیکتاتۆری و قەبووڵنەکردنی مووچیاری له دۆست و دڵسۆزەکانی- ، که لە ئاکامدا بوو به هۆی دوورکەوتنەوەی کۆنە یارانی خۆی وەکوو عەبدوڵلا گول و داوود ئۆغڵوو، بەم شێوەیە وردە وردە کۆنه دۆستانی دوور و نزیکی دەستیان بە ڕەخنەگرتن له کردەوە لاوازەکانی کرد.

-تاقمێک لەو میدیایانە که بێشوناس و بێسرەوشوێنن، کارکرد و لێدوانەکانی هێندێک لە کەسایەتییه ئاسایی و یاساییەکانیان وەک دوکتۆر یۆسف قەرزاوی سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان و و دوکتۆر عەلی قەردەاغی ئەمینداری گشتی هەمان ڕێکخراوەیان، کردۆته کێشەوبەرە و جاڕیان داوە که ئەمینداری گشتیی جەماعەت، نوێنەری ئەردۆغان لە ئێرانه، ڕای ئێوە لە سەر ئەم بابەتانە چییە؟

میدیاکان له پێکهاتنی دەسەڵاتدارییەکی باش و کۆمەڵگایەکی مەدەنی تواناییەکی بەرچاویان هەیە. لەم ڕوانگەیە بەربڵاوبوون و گشتی بوونی زیاتری کەڵک وەرگرتن لە دونیای سایبێری دیاردەیەکی پیرۆز و موبارەکه و بۆتە هۆی ئەوە که میدیا تەنیا له چوارچێوەی حکومەتەکان و لایەنگەلێکی تایبەتدا نەمێنێتەوە و جگە لەوان ڕاگەیاندنەکان و تریبۆنەکان وەدەست چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگا بکەون و لەم ڕێگایەوە هەر کەس دەتوانێ له ڕەوشێکی گونجاودا بڕواکانی خۆی بدرکێنێ؛ بەلام بەداخەوە لە وڵاتانی جیهانی سێهەم و وڵاتی ئێمەش به هۆی بەلەنگازی کەلتووری میدیایی به تایبەت لە بەستێنی میدیا دیجیتاڵەکان، لە وەستۆ گرتن و بەرپرسیاری سەبارەت بەوەی بڵاو دەکرێتەوە و بەڵگەهێنانەوە و حاشالێکردن و هۆکاری ڕێکوپێک و هەبوونی شوناس و ناسنامەی میدیایی کاردانەوەکان گەلێک لاواز و پێچەوانەن کە لە جیاتی ڕوونکردنەوە و ڕێنوێنی، چەواشەکاری و بەلاڕێداچوونیان لێکەوتۆتەوە. هێندێک لەو کاناڵە تێلێگرامیانەی لەو چەشنە، کە لەوانەیە تەنانەت ژمارەی ئەندامەکانیشیان دەستکرد وناڕاست بێ، به هەموو هێزی خۆیان تەنیا خەریکی دەنگۆسازی و بێڕێزی و سووکایەتی به کەسایەتی و ڕێکخراوەکانن و بەردەوام خواری و لاری دادەڕێژن و بڵاوی دەکەنەوە.  

سەبارەت بەو تۆماتانەش کە خراوەتە پاڵ کەسایەتییەکانی جیهانی ئیسلام دەبێ بلێم ئێمە بەرپرسی لێدوانەکانی هیچکام لەو کەسایەتییە ئاسایی و یاساییانە جگە لە لێدوانە فەرمییەکانی جەماعەت نین؛ بەڵام تا ئەو جێگایەی ئاگادارین ئەو بڵاوکراوانەی کەوا دژ بەو کەسایەتییانە لە کەناڵ و میدیاکان بڵاو دەکرێتەوە دوور لە ڕاستین. بۆ وێنە دەتوانین به بڵاوکردنەوەی سەرلەنوێی بەشێک لە وتارێکی دوکتۆر قەرزاوی سەبارەت به ئەردۆغان به بێ دیاریکردنی ڕێکەوت و تەنانەت بڕێنی ئانقەستی ڕێکەوتی ئەو ڕۆژنامەیەی وا وتارەکەی تێدا چاپ کرابوو، ئاماژه بدەین، ئەوە لە جەنگەیەکدا بوو کە ئەم وتاره لە کاتە هەستیارەکانی کوودەتا هەرەسهێناوەکەی تورکیا لە ١٦ی ژوئیەی سالی ٢٠١٦ ئاراسته کرابوو. سەرەڕای ئەوەی دژ به ئاوەها لێدوانگەلێک سەبارەت به هەموو جۆرە کەسایەتییەکین، لامان وایه ئەم شێوازه ڕاگەیاندنانه جگە له لاواز و ساویلکه بوونیان، وێنەی ئاشکرای نەپاراستنی ئەخلاق له دونیای میدیاکارین. هەروەها دوکتور قەردەاغی له وتووێژیک لە گەڵ کەناڵی ئاسمانی ڕووداو نیگەرانی و پەرۆشی خۆی لە هێرشکردنه سەر عەفرین دەربڕی و دوای لە هەردوولا کرد به مەبەستی گفتوگۆ و سازان کۆ ببنەوە، ڕاشیگەیاند که ئامادەن لەگەڵ کۆمەڵێک زانای ئایینی نێوبژیوانی بکەن و گیانبەختکراوەکانی وەک کەسانێک که ماڵ و گیان وخاک و وڵات خۆیان دەپارێزن پێناسە کرد و به شەهیدی ڕێگەی خودای هێنانە ئەژمار، سەرەڕای ئەوەش هێندێک لە میدیاکان قسەکانی دوکتۆر قەرداغیان به لاڕێدا برد و درۆ و دەلەسەیان بە زمانییەوە هەڵبەست. 

بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ئەوەی ئەمینداری گشتی جەماعەتیش جێگری ئەردۆغانه ئەوەنده ساویلکە و سووک و بێ بنەمایە که هەر شیاوی قسەلێکردن و لەسەر ڕۆیشتن و باسکردن نییە.