گەمەی دوولایەنەی تورکیا له عەفرین

گەمەی دوولایەنەی تورکیا له عەفرین

ئاماژە: سوپای تورکیا به ترۆریست لە قەڵەمدانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و به بیانووی شەڕ لەگەڵ ترۆریست، لە ڕۆژی٢٠ی ژانویەوە چۆتە باکووری رۆژئاوای خاکی سووریە و شاری کوردنشینی عەفرینی لەم وڵاتە کردۆتە ئامانجی هێرشەکانی خۆی. هیزەکانی سووریەی دێموکرات ئەو بانگەشەیەی تورکیه که پێی وایه ئەو لایەنانه پێوەندیان به داعش و گرووپه ترۆریستییەکان لە عەفرینەوە هەیە، رەتدەکاتەوە و به ئالۆزکردنی بیروڕای گشتی له لایەن تورکیەوە دێنێتە ئەژمار. 

ئیسلاح وێب سەبارەت بە هێرشی ئەم دواییەی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ژێرناوی ئوپەڕاسیۆنی چڵە زەیتوون وتووێژێکی لەگەڵ عەبدولعەزیز مەولوودی کارناسی پرسه سیاسییەکان ڕێک خستووه، کە لە درێژەدا سەرنجتان بۆ لای ڕادەکێشین: 

- پاش چەند ڕۆژ لە گوللـه‌باران کردنی ناوچەی عەفرینی سووریه که لە نیوەشەوی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٦ی هەتاوی دەستپێکرابوو، هێزەکانی وشکانی تورکیه لە یەکشەممەوە به ئۆپەراسیۆنێک له ژێرناوی «چڵه زەیتوون» پێشرەوییەکانی خۆیان له خاکی دراوسێ بەرەو ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی کوردەکاندان دەست پێکرد؛ بە ڕای ئێوە بۆچی تورکیە هێرشی کرده سەر عەفرین؟ 

دەسەڵاتدارانی سیاسی تورکیه دوو ئامانجی سەرەکییان بۆ ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون دەستنیشان کردووه؛ لە سەرەتادا ڕێگرتن لە به هێزبوونی کوردەکانی سووریە و دەرکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ناوچەی عەفرین؛ چونکه دەسەڵاتی کوردەکان لە عەفرین بنچینەیەکە بۆ پێکهاتنی حکومەتێکی لانیکەم فێدراڵی و سازدانی هەرێمێک لەو ناوچەیە، له لایەکی‌ترەوە تورکیه دەیهەوێ به پێکهێنانی نێوانێک به قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر له خاکی سووریه هەلێک بۆ گەڕانەوەی سێ ملیۆن ئاوارەی سووری بۆ ئەو ناوچانە بڕەخسێنێ. ئەوەی کە تا چ ڕادەیەک هۆکارەکانی هێرش بۆ کانتۆنی عەفرین لە سەر ویستی دەسەڵاتدارانی تورکیە بووە یا نا، دەگەڕێتەوە سەر ئەو ڕاستەقینەیە که ئەگەر له ڕامیاری و دیپلۆماسی دەرەکی وڵاتانی ناوچه ئامانجی دژیەک و پێچەوانە بوونی هەبێ، یەکییەتی و ناتەباییگەلێکی جیاوازی لێدەکەوێتەوە، بەڵام سەرجەمی ئەم وڵاتانە کۆکن لە سەر ئەوەی کە کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێتە لایەنێکی مشتومڕەکان. کە وایە دەکرێ بگوترێ له قۆناغی یەکەمدا ئامانجی سەرەکی ئەردووغان له هێرش کردنه سەر عەفرین ڕێگرتنه لە پێکگەیشتنی کانتۆنە کوردییەکانه لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای سووریە. لە ڕابردووشدا تورکیە بە بیانووگەلێکی جۆراوجۆر سنووری سوورییەی بەزاندووه و دابینکردنی ناوچەیەکی بۆ ئاوارەکان هێناوەتە ئاراوە بەڵام هیچ کاتێک لەم بوارەدا کارێکی نەکردووە و ناشیکات. گومان دەکرێ تورکیە ئاوارە سوورییەکان وەک بارمەتە بە کار دێنێ. 

لە هەمان کاتدا ترسی تورکیە لە پێکهێنانی هێزێکی چەکداری به پشتیوانی ئامریکا له باکووری وڵاتەکەی دەتوانێ هۆکارێک بۆ هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرین بێ.             

-  ئامانجی تورکیە له ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە چییە؟

هەر وەک گوترا ئامانجی سەرکی تورکیه ڕێگرتنه لە یەکرگتنی کوردەکان لە سووریە و دروستکردنی بەربەستێکه بۆ پێکهاتنی هەرێمێکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستانی عێراق له وڵاتی سووریە. لە ڕاسیتدا به گومانی جوداییخوازبوونی کوردەکان و خواستیان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، سەرجەم حەولە ستراتێژی و چەکداری وڵاتانی ناوچه جودا له ئیدۆلۆژی تایبەت بە خۆیان، بۆ بەرەنگاربوونەی کوردەکان تەرخان کراوە و بۆتە هۆکارێک بۆ یەکڕیزی و هاودەنگی ئەم وڵاتانە.

هەڵبەت چاودێرانی سیاسی ئامانجگەلێکی‌تریشیان خستۆتە ڕوو، بۆ وێنه دەلێن ئەردووغان ویستێکی فروانخوازی هەیە و دەیهەوێ به هاوکارێکی نزیک لەگەڵ رووسیا پێشرەوییەکانی خۆی لە ناوچەدا جێبەجێ بکا و ببێتە هێزێکی بێ هاوتای ناوچەیی. کەڵکوەرگرتن لە گەمەی دوولایەنە لەگەڵ ئامریکا و رووسیا و حەول بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە هەر دوو لا، لەوانەیە لە ئێستا و لە داهاتووی نزیکدا سەرکەوتنگەلێک بۆ ئەم وڵاتە لە سیاسەتی دەرکی مسۆگەر بکا.

بەڵام تورکیه لەگەڵ کێشەگەلێکی نێوخۆیی ڕووبەڕوویە. ئەگەرچی حیزبە ڕەخنەگرەکانی دەوڵەتی ئەردووغان نەیانتوانیوە لە رۆڵی ئۆپۆزوسیۆندا بە یەکەوە هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێ و بەم هۆیەوە لە بەهێزکردنی دەوڵەتی ئەردووغان یارمەتیدەر بوون، بەڵام بەو حاڵەشەوە بابەتی عەبدوڵڵا گولەن و دارودەستەکانی لە ژماری ئەو گۆنگەڵانەن کە لە نێو تورکیادا کێشەیان لەگەڵی هەیە و بەر لەوەش ئێستا هەزاران زیندانی لەم ولاتە هەیە که بوونەتە سەرباری دەوڵەت و قەیران سیاسیان خوڵقاندووه. مەسەلەی گەندەڵیش یەکێک لە گرفتەکانی دەوڵەتە کە سەرنجی ڕای گشتی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوه. کوردەکان وەک بەشێک لە قەیرانی سیاسی تورکیه، ئێستاکه فاکتۆڕێکی گرینگن که به هۆی نەبوونی یەکدەنگی لە نێوان هێزی سیاسی و چەکدارای خۆیان، نەیانتوانیوە لەم وڵاتە کاریگەری سیاسیان هەبێ. سەرەڕای هەبوونی سیاسەتگەلێکی میانەڕەو له دەوڵەتە پێشووەکانی تورکیه – له وێنەی دەوڵەتی عەبدوڵڵا گول-  وێدەچێ ئێستاکه ئەردووغان دەیهەوێ به ناونانی هەدەپە به سەرۆکایەتی دەمیرتاش و پەکەکە وەک گرووپگەلێکی به تەمای سڕینەوەی ئەم مەسئەلە و بابەتەیە.    

 - رەجەب تەیب ئەردووغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشتر ئامانجی دەستپێکی ئەو هێرشەی سڕینەوەی ترۆریست و دابیننکردنی ئاسایشی سنوورەکانی باشووری تورکیا ڕاگەیاندبوو. به گوتەی بیناڵی یەڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنانه پێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام به مەودای سی کیلۆمەتره لە قووڵایی خاکی سووریا. ئایا ئەو هێرشەی تورکیا بۆ خاکی سووریا، وێنەی ئاشکرای دستدرێژی وڵاتێک بۆ سەر وڵاتێکی سەربەخۆ نییە؟  

بێگومان ئەم هەنگاوەی تورکیا دەستدرێژی بۆ سەر سنوورە فەرمییەکانی سووریایە. ئەم هەوڵه له نەبوونی نەزم و سەقامێکی پەسندکراوی جیهانیدا ڕوودەدا که لەودا تەنیا تورکیا نییه که مافه نێونەتەوییەکان پێشێل دکات؛ رووسیا و وڵاتانی‌تریش له سووریا هێزی چەکداریان هەیه و جا لەم نێوەدا وادیاره ڕووسیا لە هەموولایەکەوە خەریکی کەڵوەرگرتن لە قەیرانی بەرهەڤه و لە هەموو لایەنەکان باج وەردەگرێ و لەگەڵ تورکیا پێوەندی و یەکڕیزی ڕاستەوخۆی هەیە و تورکیا بە بێ ڕای ئەرێنی ڕووسیا نەیدەتوانی ئاوەها هێرشێک بکات. سەبارەت به ئامریکاش دەتوانین بڵێین چونکه تورکیا له سیاسەتی دەرەکی له حاڵی گۆڕانی ئامریکا و دڕدۆنگی و دوودڵی ئامریکا سەبارەت به هاتنی هێزەکانی وشکانی ئەم وڵاتە بۆ سووریا ئاگادارە، به ئەرخەیانی هاتۆتە نێو کێشەوبەرەی ئامریکا و هەر وەک گوتم گەمەیەکی دوولایەنەی لەگەڵ دوو زلهێزی جیهان دەست پێکردووه.

لەبەر ئەوەی ئەردووغان ڕایگەیاندووە که ئۆپەراسیۆنەکە کاتی و کورتماوەیە، دەکرێ گومان بکرێ ئامانجی سەرەکی ئەو هێرشه نه دابینکردنی ناوچەی ئارامه بۆ ئاوارەکان و نە تورکیاش دەتوانێ بۆ ماوەیەکی زۆر لە باکووری سووریا بمێنێتەوە. بەهرەی نێوخۆیی لەم قەیرانه ڕەنگە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەردووغان بۆ هێرش و پتەوکردنی پێگەی سیاسی خۆی بێت. هەر وەک چۆن لەسەر خواستی حیزبی ئاکپارتی به پێی نەریتی ڕابردوو  داوا کراوە نازناوی غازی بدەنێ.   

  - به ڕای ئێوە بۆچی ئەردووغان لەم کاتوساتەدا هێرشی کرده سەر عەفرین؟

 - بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەنگاوەکانی ئامریکا سەبارەت به پتەوکردنی پێگەی کورد و پرسە نێوخۆییەکانی ئەم وڵاتە. هەروەها بۆ وەدەستهێنانی پێگەیەک و ڕۆڵگێڕان وەک شانۆگەرێکی کاریگەر له ئاستی ناوچەدا. 

- گرووپی یەپەگە و هاوپەیمانەکانی هەموو جۆره پێوەندییەک لەگەڵ گرووپە ترۆریستییەکان ڕەد دەکەنەوە؛ ئامریکاش ئەم ئیدیعایە کوردەکان پشتڕاست دەکاتەوە. بۆچێ سەرەڕای ئەم پشتراستکردنەوەیە تورکیا هێرشی کرده سەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا؟

لە ڕوانگەی تورکیا یەپەگە هاوسانی پەکەکەیە و هەر دووکیشیان به ترۆریست دێنێتە ئەژمار. جگە لەوە هەر وەک گوتم تورکیا لە نێوان ململانەی ڕووسیا و ئامریکادا به تەمای وەرگرتنی ئیمتیاز بۆ خۆیەتی. تورکیا له دژایەتی نێوان ئامریکا وئێران لە سووریا ئاگاداره و دەیهەوێ لەم نێوانەدا ڕۆلێکی زیاتر بگێڕێ و  وێدەچێ لەم بوارەشدا دەستێکی باڵای هەبووە؛ چونکه هەم ڕووسیا لەگەڵی ڕێکەوتووتر بووە و هەمیش ئامریکا بە هێورێکی زیاترەوە لەگەڵ تورکیا هەڵسوکەت دەکا. بۆ وێنە ئامریکا ڕایگەیاند که نایهەوێ ئەو هێزه چەکدارییەی که پێشتر ئاماژەی پێکردبوو لە باکووری ئەو وڵاتە پێک بێنێ و هەروەها ڕایگەیاند کە له نیگەرانییەکانی تورکیە ئاگاداەره لەگەڵی هاوڕایە.   

-ڕووسیا سەبارەت بەو بارودۆخەی ئێستای سووریا، نیگەرانی دەربڕیوە و پاشەکشەی به بەشێک لە سەربازەکانی خۆی که لەو ناوچەیە کردووە. مۆسکۆ هەروەها لە دانیشتنەکی نەتەوە یەکگرتتوەکان داوای لە تورکیا کرد ئۆپەڕاسیۆنەکەی خۆی ڕاگڕێ. ڕۆڵی ڕووسیا و ئامریکا لەم ئۆپەڕاسیۆنە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ڕووسیا به ئاسانی درۆ دەکا. ئەم وڵاته وەک هەموو ئەوانی‌تر پێکهاتە نادەوڵەتییەکان لە وێنەی کوردەکان وەکوو ئامێر بەکار دێنێ. لە سەرەتای هێرشی تورکیا ڕایگەیاند که هێزەکانی خۆی لە ناوچەیە نەبردۆتە دەرێ کەچی دواتر ڕوون کراوە که لێدوانەکانی تورکیا سەبارەت بە چۆڵکردنی ڕووسیا لە ناوچه ڕاست دەرچووە. وێدەچێ که ستراتێژی ئامریکا لە ناوچەدا لە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و هەڵوێستی ئەم وڵاتە ململانێ لەگەڵ زلهێزەکانه تا سەرقاڵبوون به وڵاتانێکی چووکتر وەکوو سووریا و لەوە ناچێ پلانێکی بۆ گۆڕینی ڕژێم لە سووریا هەبێت و ڕووسیاش بهی ەکڕێزی له لای هاوپەیمانەکانی یارمەتی بەشار ئەسەد دەدا. کەوایە وێناچێ بەو شێوەیەی کە پێشتر باسی لێدەکرا، سەرەڕای هاوەدەنگی سەرەتایی لە نێوان هێزەکانی کورد و دەوڵەتی ئەو وڵاتە له پێکهێنانی کانتۆنگەلێکی خۆسەر، ئەم بابەتە سەربگرێ و هاوشێوەی کارکردی دەوڵەتە ناوبراوەکان له هەرێمی کوردستانی عێراق، بڕێار وا دراوە که کوردەکان لە نێو سنوورەکان و به یارمەتی یەکتر کۆنتڕۆڵ بکرێن و ئاڵۆگۆڕێکی ئەوتۆ لە بارودۆخیاندا جێبەجێ نەکردرێ.  

 - چاوەدێرانی مافی مرۆڤ – که لە لەندەن جێگیرن – دەڵێن به هۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین له ڕۆژی یەکشەممە ١١کەسی سڤیل کوژراون و لە ڕۆژی شەممەشدا لانیکەم ٦ کەس لە خەڵکی سڤیل و ٣ کەس لە هێزە چەکدارەکان گیانیان لە دەست داوە. ئایا کارەساتێکی مرۆڤی و کوشتاری کەسانێکی سڤیلی بێ داڵده و پەنا لە ئارادایه یا مەسەلەکه به جۆرێکی دیکەیە؟ 

بەڵێ ئەم هەواڵه بڵاو کراوەتەوە بەڵام لەوه ناچێ به هۆی نەبوونی یەکڕیزی و نەزم و سەقامێکی جیهانی بۆ ئاشتی و تەبایی، له دەوڵەتی تورکیه لێپرسینەوە بکرێ، بیانووی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەی کوردەکان به ئامانجی له ناوبردنی ترۆریسم، به ڕێژەیەکی زۆر وڵاتانی¬تری سڕ کردووه و بۆتە بەربەستێک که هەنگاوێکی ئەوتۆ سەبارەت بەم دۆخە له ئارادا نەبێ. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێستا ناوچه ڕووبەڕووی ترۆریسمی دەوڵەتی بۆتەوە. 

- کاردانەوی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە نێوخۆی ئەم وڵاتەدا چ دەبێ؟ ئایا ئەو هێرشانه بشێوی و ناڕەزایەتی نێوخۆیی یا تەقینەوە و پەلاماری تۆڵەئەستێنانەی کوردەکانی لێدەکەوێتەوە؟

ئەگەر مەبەستتان لە نێوخۆی تورکیایه، لەوە ناچێ سەربگرێ؛ چونکه سەرەڕای نەبوونی ناڕەزەایەتی، هەم خواست و ئیرادەی دەوڵەتی لە پشتە، هەمیش له لایەن دەوڵەتەوە له ڕادەبەدەر بانگەشه بۆ تروریسم و مەترسی ئەو کراوە کە هیچکەس سەبارەت بەو مەسەلەیە توانایی بەرهەڵستکردنی نییە. لەوانەیە پەکەکە هەڵوێستگەلێک بنوێنێ بەڵام حەولە سەربازییەکانی ئەو گرووپە زیاتر بۆتە هۆی پشت ئەستووربوونی دەڵەوت و کۆسپی خستۆتە بەردەم چالاکییەکانی هەدەپە وەک حیزبێکی سیاسیی فەرمی.          

- بە ڕای ئێوە ڕێگاچارە بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیرانه چییه؟ ئایا ناکرێ هەر دوولا به گفتوگۆ و تەبایی لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو مشتومڕه هەنگاو ‌هەڵبێننەوە؟

کۆتاییەک بوونی نییە؛ لە نەبوونی ئەخلاقی سیاسیدا له ئاستی دەوڵەتی و ناوچەیی و پێبەندی مرۆڤی بۆ ڕێزگرتن لە مافی تاکەکان لە لایەن هێزە گەوەره و بچووکەکان و زاڵبوونی ئاقاری دەسەڵاتخوازی، بۆ شوناسه نادەوڵەتییەکان ڕیگاچارەیەک جگە لە حەولی بەردەوام بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان بوونی نییە و دەبێ لە پێناویدا هەموو جۆره مشتومڕ و کێشە و ئاژاوە و سەرکوت و کارەساتی مرۆڤی به گیان بکڕن.

 ئەوە لە کاتێکدایە کە لەوانەیە سەرەڕای ئە هەلومەرجە پڕ کەندوکۆسپ و نالەبارەی خستمە ڕوو، لە کاتێکدا کە ئەو قەیرانانە کەم دەبێتەوە کە لە ئاستی نەتەوەیی، دەوڵەتەکان به کردەیی دۆخە دیمکڕاتیکەکان بسەلمێنن و بەستێنی سیاسەت و حکومەت سەر به هێزی چەکداری نەبن و لەژ لایەکی‌ترەوە لە ئاستی نێونەتەوییشدا ڕەوشەکە تا ڕادەیەک دێموکڕاتیک بێ و لە سەر ئەو بنەمایە سەقام و نەزمێکی پەسندکراو خاوەن حاکم و خاوەن دسەڵات بێ.     

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.