پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بوو به‌ میوانم

نووسەر: 
سەردار شەمامی
پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بوو به‌ میوانم

 

لێکدانه‌وه‌یه‌کی هه‌ستیارانه‌ بۆ فه‌رمووده‌ی (حاسبوا انفسکم قبل ان تحاسبوا)

 

هه‌ر وه‌ک جاری جاران نوێژی خه‌وتنانم(عیشا) به‌ په‌له‌ کردو خۆم گه‌یانده‌ کۆنتڕۆڵی ماهواره‌که‌ و هه‌تا توانیم کاناڵاکانی ماهواره‌م گۆڕین و یه‌ک له‌ دوا یه‌ک ره‌قس و سه‌ماکانم سه‌یر کردن، تا ته‌واو شه‌که‌ت و ماندوو بووم و به‌ بێ ئه‌وه‌ی ماهواره‌و ته‌له‌فیزۆنه‌که‌ بکوژێنمه‌وه‌ خه‌و دایگرتم و ئاگام له‌ خۆ نه‌ما، به‌ڵام وادیار بوو له‌ خه‌ویشمدا هه‌ر به‌ دیار ماهواره‌وه‌ بووم و ته‌ماشای کاناڵی ره‌قس و سه‌مایانم ده‌کرد.

 

ئای که‌ به‌ لامه‌وه‌ ناخۆش و نامۆ بوو ئه‌و ده‌مه‌ی که‌ یه‌ک ناگا گوێم له‌ زه‌نگ (جه‌ڕه‌س) ی ده‌رگای ماڵه‌وه‌ بوو، بۆیه‌ به‌ په‌له‌ و به‌ دڵه‌ ته‌پێ چووم و گوتم کێ‌یه‌؟

 

الله اکبر؛ ده‌ست به‌ جێ زمانم وشک هه‌ڵات و سه‌ر دڵه‌ ته‌په‌یه‌کی به‌رفراوان که‌وتم ئه‌و ده‌مه‌ی که‌ بیستم له‌ جوابدا فه‌رمووی: من رسول‌الله‌‌م، گه‌ر ئیزن بده‌ی ده‌مهه‌وێ بێمه‌ سه‌ره‌وه‌ و ئه‌حوالت بپرسم.

 

گوتم: ببببه‌سه‌ر چاو، ههههه‌ر ئائیستا دددده‌یکه‌مه‌وه‌.

 

زۆر به‌ خێرایی و هه‌ناسه‌ بڕکێ گه‌ڕامه‌ و تاوم دایه‌ کۆنتڕۆڵه‌کان و کاناڵه‌کانم گۆڕی و پاشان کوژاندمنه‌وه‌ که‌ مه‌بادا ره‌سولی خوا بزانێت من ئاوا شپرزه‌م، به‌ڵام کاتێ به‌ خۆم دا هاتمه‌و و سه‌یری ژووره‌که‌مم کرد، بینیم که‌ وێنه‌ی زۆرێک له‌ گۆرانی بێژه‌ سفورره‌کانم به‌ دیواری ماڵه‌که‌مدا هه‌ڵواسیوه‌، ئه‌و گۆرانی‌بێژانه‌ی که‌ یه‌ک گۆرانیشیان بۆ ڕه‌سول الله‌ نه‌گوتووه‌؛ بۆیه‌ زۆر به‌ هه‌ناسه‌ بڕکێ هه‌وڵمدا که‌ لێیان بکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام یه‌ک ناگا بۆ جارێکی‌تر گوێم له‌ زه‌نگی ده‌رگایه‌که‌‌ بوو!! ئه‌ی هاوار خوایه‌ گیان یاریم بده‌ که‌ زووتر بتوانم ئه‌م وێنه‌ ڕووت و سفورانه‌ لێبکه‌مه‌وه‌.

 

ئای که‌ ناخۆش بوو که‌ له‌ کاتی لێکردنه‌وه‌ی وێنه‌کاندا سه‌یرم کرد که‌ کاسێت و سی‌دی‌یانێکی زۆریش وان له‌ سه‌ر مێزی کامپییوته‌ره‌که‌م که‌ هیچی بایی په‌ناباییه‌ک قسه‌ی خێریان تێدا نی‌یه‌.

 

هه‌ناسه‌ بڕكێم په‌ره‌ی ساند ئه‌وکاته‌ی که‌ بۆ جاری سێ‌یه‌م گوێم له‌ زه‌نگی ده‌رگاکه‌ بوو؛ سا به‌هه‌ر حاڵێک بێت ئه‌وانیشم خسته‌ ناو جه‌عبه‌یه‌که‌وه‌ و به‌ خێرایی چووم ده‌رگاکه‌م کرده‌وه‌.

 

ئه‌ی خوایه‌ خۆ هیچ که‌سێک له‌ پشتی ده‌رگاوه‌ نی‌یه!! خوایه‌ گیان ئه‌مه‌ چ درامایه‌که‌ بۆ من دروست بووه؟ بینیم که‌ پێ‌غه‌مبه‌ر(د.خ) ڕۆییشتووه‌ و چی‌تر نه‌یتوانی‌وه‌ چاوه‌ڕوان بێت، زۆر به‌ شێتانه‌ سه‌یرێکی ده‌وروو به‌ری کۆڵانه‌که‌ی خۆمانم کرد‌، بینیم که‌ هێشتا زۆر دوور نه‌که‌وتووه‌ته‌وه‌.

 

به‌ هه‌ڵه‌ داوان شوێنی که‌وتم و هاوارم لێ کرد: ئه‌ی خۆشه‌ویست! ده‌رگاکه‌م ئاوه‌ڵا کردووه،‌ داوای لێ‌بووردن ده‌که‌م فه‌رموو بێره‌ ژووره‌وه‌.

 

پێ‌غه‌مبه‌ری سۆزو به‌زه‌یی (د.خ) گه‌رایه‌وه‌و هاته‌ ماڵه‌وه‌، زۆر دانه‌نیشتبوو که‌ موبایله‌که‌م زه‌نگی خوارد، به‌ڵام هه‌ی ‌داخی گرانم زه‌نگی موبایله‌که‌م زۆر جێی شه‌رم بوو، چونکه‌ ئاخرین گۆرانی‌ بوو که‌ له‌ ڕێی ئه‌نته‌رنێته‌وه‌ دامبه‌زاندبوو، بۆیه‌ زۆر به‌ خێرایی که‌نسێڵم کرده‌وه‌و جوابم نه‌دایه‌وه‌، چونکه‌ ده‌ترسام له‌وه‌ی که‌ رسول‌الله‌ لێم بپرسێت کێ‌بوو؟ خۆ منیش نه‌م ده‌وێرا ڕاستی‌یه‌که‌ی باس بکه‌م.

 

ئه‌ی خوا ئه‌م بۆنه‌ ناخۆشه‌ چی‌یه‌ که‌وا خه‌ریکه‌ میوانی ئازیزو نووری چاوم لێ دڵ‌نگه‌ران ده‌کات؟؟؟ باشه‌ بۆ له‌یادم نه‌بوو که‌ زووتر ژێر سیگاره‌که‌م وه‌شارم و نه‌یه‌ڵم پێغه‌مبه‌ر گیانم چاوی به‌و هه‌موو قونچکه‌ سیگاره‌ بکه‌وێت، ئاره‌قی خه‌جاڵه‌تی ته‌واوی گیانمی داگرت و تنۆک تنۆک له‌ ناوچاوانم هه‌ڵده‌وه‌ری.

 

پاش قسه‌ و باسێکی زۆر سه‌باره‌ت به‌ گه‌وره‌ی خواو سه‌ختی ڕۆژی په‌سڵان و گرنگی به‌رپرسیاره‌تی مرۆڤ چی‌وای نه‌برد که‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) فه‌رمووی: فڵانی! ئاده‌ی ئه‌و قووڕئانه‌ی ناو گیرفانتم بده‌یه‌ با چه‌ند ئایه‌یه‌کی قورئانت بۆ ده‌س نیشان بکه‌م، له‌وانه‌بوو له‌ خه‌فه‌تان دڵم بتۆقێ که‌ عه‌رزم کرد: ئه‌ی گیانم به‌ قووربانت بێت، ئه‌وه‌ پاکه‌ته‌ سیگاره‌‌که‌مه‌.

 

فه‌رمووی چه‌ن پرسیارێکت لێ ده‌که‌م: پێم بڵێ بزانم ئاخرین جار که‌ قوڕئانت خوێنده‌وه‌ که‌ی بوو؟؟

 

ئاخرین جار که‌ نوێژی به‌یانیت له‌ کاتی خۆیدا خوێند، که‌ی بوو؟

 

چه‌نه‌ سه‌یری ماهواره‌و ته‌له‌فیزۆنی ناو ماڵه‌که‌ت ده‌که‌ی؟

 

چه‌نه‌ به‌ ده‌م فه‌رمانی دایکوو بابته‌وه‌ ده‌چیت؟

 

چه‌نه‌ بۆ به‌ جێ گه‌یاندنی سیله‌ی ره‌حم ئامه‌ده‌یی ده‌رده‌بڕی؟

 

چه‌نه‌ گوێ بۆ گۆرانی ناڕه‌سه‌ن و قسه‌و باسی بێ مانا هه‌ڵده‌خه‌ی؟

 

چه‌نه‌ت قوڕئان له‌ به‌ر کردووه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا چه‌ن گورانی ده‌زانی که‌ له‌ به‌ر بۆ خه‌ڵکی بڵێیته‌وه‌؟

 

لێی پرسیم ئه‌زانی که‌ تۆ هه‌ڵگری بارێکی گرانیت که‌ له‌ پیشته‌وه‌ پێ‌غه‌مبه‌ران، شه‌هیدان، سددیقان و پیاوچاکان دیارن؟

 

فه‌رمووی: باشه‌ چۆن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌که‌یت که‌ له‌ ڕۆژی په‌سڵاندا شه‌فاعه‌تت بۆ بکه‌م؟

 

باشه‌ چۆن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌که‌یت که‌ له‌ ئاوی حه‌و‌زی که‌وپه‌ر بۆت هه‌ڵێنجم له‌ کاتێکدا که‌ تۆ له‌ ڕێبازه‌که‌ی من لات داوه‌؟

 

به‌ شه‌رمێکه‌وه‌ سه‌رم به‌رز کرده‌وه‌و ڕوانیم له‌ ڕووخساری دره‌خشانی پێ‌غه‌مبه‌ر (د.خ)، تفی ناو زارم وشک هه‌ڵاتبوو، فرمێسک له‌ چاوانمدا قه‌تیس بووبوو و به‌ر رووناکی چاوانمیان گرتبوو، بۆیه‌ له‌ناکاو ڕاپه‌ڕیم و بینیم که‌ ته‌له‌فزیۆنه‌که‌م به‌رده‌وام گۆرانی ده‌ڵێت و ره‌قس‌و سه‌ما نیشان ده‌دات.

 

ئه‌ی خوا، ئه‌م ماڵه‌ی من بۆ وای لێ‌هاتووه‌؟

 

کاتێک وه‌خه‌بر هاتم زۆر به‌ خێرایی له‌ سه‌دا 95ی کاناڵه‌کانم سڕینه‌وه‌ و ماهواره‌که‌م کوژانده‌وه‌، پاشان وێنه‌کانم دڕاندو کاسێته‌ خراپه‌کانم شکاندن و که‌وتمه‌ یادی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر به‌و هه‌موو شپرزه‌یه‌مه‌وه‌ فریشته‌ی گیان کێشان واته‌ عیزرائیل به‌هاتایه‌، چ داهاتوویه‌ک چاوه‌ڕوانی ده‌کردم؟

 

بۆیه‌ بڕیارم دا که‌ چی‌تر کاته‌کانی خۆم به‌ شتی بێ‌ماناو بێ‌که‌ڵک بۆ قیامه‌تم نه‌گوزه‌رێنم و به‌ڵکوو به‌ پیچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌م که‌ کاتو ساتی خۆم به‌ جێ‌به‌جێ کردنی فه‌رمانی زاتی باری‌یه‌وه‌ خه‌ریک بکه‌م.

 

لام وابێ که‌ ئه‌مه‌ به‌سه‌رهاتی زۆرێک له‌ ئێمه‌ی موسڵمانه‌ که‌ دنیای مه‌جازی واته‌ ئه‌نته‌رنێت و ماهواره‌ توانیویه‌تی ده‌ست به‌سه‌رمان بکاتوو تێکه‌لاوی بێ به‌ندو باریمان بکات، تا ئه‌و ڕاده‌ی که‌ زۆر کاری دوور له‌ یاسای ئیسلامی ئه‌نجام ده‌ده‌ین و زۆر جار تووشی بێ ئه‌مری خواو پێ‌غه‌مبه‌ره‌که‌مان ده‌بین.

 

به‌و هیوایه‌ی گشت لایه‌کمان بگه‌ڕێنه‌وی سه‌ر ڕاسته‌ شه‌قامی ئیسلامه‌تی‌و چی‌تر کات و ساتی خۆمان به‌ شتی بێ ماناوه‌ نه‌گوزه‌رێنین.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

کۆچەری بیرکار یا بیرکاری کۆچەر کۆمه‌ڵایه‌تی (1397/05/12)