دایک و ئەبەدیەت

دایک و ئەبەدیەت

 

دایک و ئەبەدیەت

 چوارەمین کتێبى دونیا

چاوپێکەوتن لەگەڵ «تەحسین حەمەغەریب» لەبارەى نوێ‌ترین تیۆریاى لەبارەى «ئاییناسى» یەوە

 

سازدانى: موسعەب ئەدهەم

-         

 سەرەتا دەپرسین بۆچى دایک و ئەبەدییەت؟

* بەناوى خوداى بەخشندە و میهرەبان، سوپاس بۆ پەروەردگار کە هەلى بۆ رەخساندین، ئەم تیۆریایە کۆى ئەزموونى بەندەیە لە بوارى بیرکردنەوە و نووسین و ئەزموونى رۆحیدا، یان دەتوانین بڵێین داچۆڕاوى دید و روانینمە لەمەڕ «ئاییناسى» ئەوەى کە لەم ۲۵ ساڵەدا کۆمکردۆتەوە. سەبارەت بە تیۆریاکە دەتوانین بڵێن ئەم تیۆریایە دەکاتە ۴ چوارەمین تیۆریاى «دینناسى» لە سەدەى ۲۰ و ۲۱ دا، مەبەستم ۴ چوارەمین تیۆریا لەبوارى «ئایین» دا ئەوەیە کە دین وەکو خودى دین بابەتى لێکۆڵینەوە بێت تیایدا و بابەتى سەرەکى تیایدا «ئایین» بێت وەکو خودى «ئایین» و لێکۆڵینەوە لە «ئایین» وەکو «ئەزموونى ئایینى» دواى تیۆریاکانى «ئیقباڵى لاهورى» لە کتێبى «ئیحیاى فیکرى دینى» و «عەلى عیزەت بیگۆڤیج» لە کتێبى «ئیسلام، لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا» و «ئارەش نەراقى» لە کتێبى «ریسالەى دین شناخت» و ئەمەش دەکاتە چوارەمین تیۆریا، واتە تیۆریاکەى ئێمە دەبێتە چوارەمین تیۆریا لە ئاییناسیدا لە سەردەمى نوێدا.

سەبارەت بەوەى بۆچى «دایک و ئەبەدییەت»، لەم تیۆریایەدا من گەیشتومەتە ئەو دەرەنجامەى کە ئەزموونى دینى لە دوو رەهەندەوە جێکەوتى لەسەر مرۆڤ هەیە، واتە دەبێت مرۆڤەکان چاوەڕوانییان لەم دوو رەهەندەوە بێت، ئایینەکان و بەتایبەتیش ئایینى ئیسلام لە دوو رەهەندەوە جێکەوت لەسەر مرۆڤ دادەنێت.

یەکەم: رەهەندى خودی «زاتى» یە و پەیوەندى بە دیوى ناوەوەى مرۆڤەوە هەیە.

دووەم: رەهەندى بابەتى «موزوع» ى و دەرەکى، کە پەیوەندى بە دیوى دەرەوەى مرۆڤەوە «کۆمەڵگە»وە هەیە.

 

 لە رووە ناوەکى و خودیەکەوە دین چى بۆ مرۆڤ دەکات؟ بە بۆچوونى بەندە قسە زۆرە لەسەر ئەوەى ئایین چ شتێک بۆ دیوە خودیەکەى مرۆڤ دەکات، دەتوانین چەند نموونەیەک بهێنینەوە، بۆ نموونە: «ئۆنامۆنۆ» فەیلەسوفى بەناوبانگى ئیسپانى باوەڕى وایە تراژیدیایەک لە مرۆڤدا بوونى هەیە، خاڵێک هەیە لە مرۆڤدا، ئەویش ئەوەیە دەیەوێت بمێنێتەوە، دەیەوێت هەر بەم جەستەو و ئێسک و پروسک و حاڵەتە ماددیەى کە ئێستا هەیەتى، مرۆڤ بە شوێن ئەو شتەوەیە کە نەمرێت، دین ئەوە بۆ مرۆڤ دەکات، مرۆڤ بە هەموو خەوش و ناێکى و ناتەواویى و بە هەموو رەهەندەکانیەوە دەیەوێت بمێنێـەوە. بە گوتەى «ئۆنامۆنۆ» ئایین و ئەزموونى ئایینى وەڵامى ئەمە دەدەنەوە، بەڵام کۆمەڵێک فەیلەسوفى‌تر وەڵامى دیکەیان بۆ ئەمە هەیە، بۆ نموونە: هەندێک لە فەیلەسوفەکانى زمان باوەڕیان وایە، ئایین پەیوەندى درێژى مرۆڤ کە لە ناو کات و شوێندا «زمان و مکان» دایە، بۆ پەیوەندییەکى ستوونى دەگوازێتەوە، واتە مرۆڤ راستەوخۆ لەگەڵ خوادا مامەڵە دەکات، هەر بۆیە فەیلەوسوفی بەناوبانگى ئایین «ئالوین پلینتینجا» دەڵێت: «صراط مستقیم»، «اهدنا صراط مستقیم» رێگەیەکى ئاسۆیى نیە، لە پێغەمبەراکانەوە دەستى پێکردبێت تاکو ئەمڕۆ بەڵکو رێگەیەکى ستوونیە. یان بەو مانایەى لە پێغەمبەر «محمد» ێ ەوە دەستى پێکردبێت تاکو ئەمڕۆ، بەڵکو رێگەیەکى ستوونیە، مرۆڤ لەگەڵ خودا گفتوگۆ دەکات.

 «ئیقباڵى لاهورى» باوەڕى وایە ئایین لە رووى خودیەوە رۆحى مرۆڤ دەبزوێنێت، رۆح دەجوڵێت و حەرەکەت دەکات تەنانەت لە بەهەشتیشدا لە جووڵە و کشان بەردەوامە. هەروە‌ها «مامۆستا ناسر سوبحانى» باوەڕى وایە، رۆح کە هاتە ناو جەستەوە ئیدى تێکەڵى جەستە دەبێت و ئیدى دەبێتە خاک و ئەویش بە هەمان شێوە باوەڕى وایە رۆح بەردەوام حەرەکەت دەکات و لە جیهانى بەرزەخیشدا لەو جووڵە و حەرەکەتەى بەردەوامە. ئەوەندەى کە لە لایەنە خودیەکەوە قسەم لەم تیۆریایەدا هەبێت بریتیە لەوەى ئەزموونى ئایینى جارێ قسە لەسەر ئەوە نەکەین ئەزمونى ئایینى چیە؟ ئەوەى لە دەستەواژە ئایینیەکاندا پێى دەوترێت «ئیمان»، ئیمان چى بۆ مرۆڤ دەکات؟ بۆچوونم وایە کە ئیمان دەبێتە هۆى ئەوەى مرۆڤ رۆحى گەورە بێت، هەر لێرە و لە دونیادا بچێتە ئەبەدییەت، هەر لێرەوە مامەڵە لەگەڵ شتێک دەکات کە نازانێت چیە، واتە کەسێک یان مرۆڤێکى دیاریکراو نیە، مرۆڤێکى‌تر نیە، واتە مامەڵە لەگەڵ شتێک دەکات کە نازانێت چیە، ئەم مامەڵە و ئەزموونە رۆحی و ئیمانیە وا دەکات ئەزموونى مرۆڤ گەورە ببێت. لەبەرئەوە هەموو ئەو چاکانەى لە ئایینى ئیسلامدا بە خێر و چاکە نووسراون، کاریان گەورەکردنى رۆحى ئەو مرۆڤەیە، واتە هەر لێرە رۆحمان گەورە دەبێت، نەک بۆمان هەڵبگیرێن بۆ ئەوێ، ئەوەى کە لە بیرکردنەوەى ئاسایى و نەریتى ئاییندا بوونى هەیە. ئەوەى کە موسوڵمان هەر چاکەیەکى کرد لە قیامەتتدا بۆى هەڵدەگیرێت و کاتێک بۆ نموونە، زیکرێکى کرد، دەبێتە درەختێک لە درەختەکانى بەهەشت، نا‌! چاکەکان بۆ ئێرەن و هەر لێرە و لەو دونیادا گۆڕانکارى لە رۆحمان دەکەن و گەورەى دەکەن، ئیتر ئەوە شتێکى دیکەیە کە لە بەهەشتدا بۆمان هەڵدەگیرێن، بەڵام وەزیفەى یەکەمى چاکەکان ئەوەیە کە لێرەدا گۆڕانکارى رۆحیمان بەسەردا بهێنن. بەمە گۆڕانکارى لە رۆحى مرۆڤدا دروست دەبێت و واى لێدێت ئیدى رۆحى گەورە دەبێت، هەتا ئەو کاتەى وەک «مەولەوى تاوگۆزى» دەفەرموێ، ناوچاوى لە ئەژنۆى نزیک دەبێتەوە، ڕێز لە ئەژنۆ دەگرێت، واتە پیر دەبێت، ئەزموونەکەى گەورە دەبێت، لە رووى خودیەوە ئایین دەبێتە مایەى ئەوەى رۆح گەورە بێت. هەتاکو دەیگەێنێتە مەقام و پلەیەکى رۆحى و پلەکان دەبڕێت تاکو دەگاتە ئەو شوێنەى بە بۆچوونى بەندە کۆتا مەنزڵه‌ مرۆییە دوای پێغەمبەرایەتى کە کۆتا مەنزڵێکە کە مرۆڤەکان پێى بگەن، تەنانەت ئەو مەقامانەى «وه‌لى» و... کە لەوەپێشدا بە جۆرێک باسیان کردوون جۆرێک لە جۆرەکان بە ئاماژە ئەوەى تێدایە. ئەو مەقامەى مرۆڤ پێى دەگات لە خوار پلە و مەقامى پێغەمبەرایەتیەوە، مەقامى «دایکایەتى» یە لە رووى رۆحیەوە هەتا عاریفەکان، کەسێکى وەکو «ئیبن عەرەبى» و لەلاى عاریفان لە شارستانیەتى ئیسلامیدا باسکراوە مەقامێکە مرۆڤ هەست دەکات بۆتە «دایک» بۆ دەوروبەرەکەى، ئەگەر سۆز و بەزەیى «شفقت» لە دایکدا لە لوتکەدا بێت و لە هەمانکاتدا دادپەروەر بێت بەرانبەر بە رۆڵەکانى خۆى، ئیدى لە گەورەبوونى رۆحى مرۆڤیشدا، مرۆڤ دەگاتە ئەو مەقامە، ئەوەیە مامۆستا سه‌عید نوورسى لە پەیامەکانیدا باسى سۆز و بەزەیى دەکات، ئەمە مەقامى دایکایەتیە. بۆیە نیوەى کتێبەکەم «تیۆریاکەم» باسى «دایک» بوونە. واتە لەبەشە خودى و ناوەکیەکەى مرۆڤ، مرۆڤ دەبێتە دایک.

 لە رووى بابەت «موضوع» یشەوە، بێگومان فیکرى دینى و بیرمەندان قسەیان لەسەر کردووە، ئەویش لە رووەى دین دەستکارى کایەکانى ناو کۆمەڵگە دەکات، دین وەڵامى هەموو شتەکانى مرۆڤ دەداتەوە، بۆ نموونە لە فیکرى ئیسلامى دینیدا و لەسەدى رابردوودا کار له‌سەر ئەوە کراوە کە ئیسلام فیکرێکى گشتگیر واته‌ «شمولیە»، ئیسلام ئابوورى تێدایە، سیاسەتى تێدایە، وەک ئەوەى «ئیمام حەسەن بەننا» رەحمەتى خوداى لێبێت دەفەرموێت: کە ئایین، دەوڵەت و سیاسەت و ئابوورى و هەموو ئەو بابەتانەیە و یەکێک لە تایبەتمەندى و خەسڵەتەکانى فیکرى ئایینى کە بە «شمولی» بوون ناویان دەبرد. لە راستیدا بە بۆچوونى بەندە دین بەو شێوەیە نیە که ئیمام به‌ننا وێنای کردووه‌ واتە هەم سیاسەتى تێدا بێت و هەم ئابوورى تێدا بێت و... هتد، هەڵبەتە ئەمە بە چەندین قۆناغ و لە رووى فیکریەوە گۆڕانکارى بە مێشکمدا هاتووە ئینجا گەیشتومەتە ئەم قۆناغە، بۆ نموونە لەسەرەتاى بیرکردنەوەمدا بە شوێن ئەو شتانەدا دەگەڕام لەناو ئاییندا، بەڵام لە قۆناغى دووەمى بیرکردنەوەمدا گەیشتمە ئەو قۆناغەى سەنتەر لە بابەتە ئایینیەکاندا بابەتى رۆحە و ئەمەش لەو قۆناغەدا بوو کە کتێبى «رۆحناسى» یم نووسى، ووتم ئایین تەداخول لە شتەکانى دیکەدا دەکات، دەچێتە ناو بابەتەکانى دیکەوە «بابەتە دەرەکیەکان»، دەچێتە ناو سیاسەت و ئابوورى و کایەکانى دیکەى کۆمەڵگەوە لەبەرخاترى بابەتە رۆحیەکان، واتە ئەوەندە لە ئابوورى دەپێچێتەوە کە ئابوورى تەوزیف نەکرێت بۆ دژایەتى رۆح لاى ئەو کەسانەى ئابوورى لە ژێر دەستیاندایە. دەچێتە ناو بابەتە سیاسیەکانەوە تاکو ئەوەندەى سیاسەت بەکار نەبرێت بۆ دژایەتیکردنى بابەتە رۆحیەکان، واتە سیاسییەکان نەتوانن بابەتە رۆحیەکان بکوژن، بۆیە لەو قۆناغەدا بەو جۆرە بیرم دەکردەوە ئایین ئەوەندە تەداخول لە بابەتەکانى کۆمەڵگەدا دەکات تاکو رۆح بە پارێزراوى بهێڵێتەوە، واتە لەو قۆناغەدا بەوجۆرە بیرم دەکردەوە کە بابەتە رۆحیەکان سەنتەرن. لە راستیدا کتێبى «رۆحناسى» یش هى ئەو قۆناغە بوو، بەڵام قۆناغى پاش ئەمە بە تایبەت ئەم ۶-۷ مانگەى پێشوو کە لە می‌سر بووم و گەیشتبوومە ئەو قۆناغەى کە نەخێر ئەمەش هێشتا هەر کەم دەهێنێت من ئەگەر بەوجۆرە بیر بکەمەوە مافى ئایینم وەکو ئایین نەداوە، مافى بابەتە رۆحیەکانم نەداوە. گەیشتمە ئەو قۆناغەى چۆن ئایین جێکەوت لەسەر سیاسەت و ئابوورى و کۆمەڵگە دروست دەکات؟ بەوەى کە «ئەبەدییەت» لە ناو کۆمەڵگەدا حوزرو پەیدا بکات. بەهۆى ئەزموونى رۆحى مرۆڤە ئایینیەکانەوە، «ئەبەدییەت» بریتیى نیە لە ژیانى ئاخیرەت پاش مردن، بەڵکو بریتیە لەو دیوە رۆحى و مەعنەویەى کە بە هیچ شتێکى دیکە وەسف ناکرێت تەنها بە خودى ئایین نەبێت. دەچێتە ناو ئابوورى و سیاسەت و هونەر و جوانى و کولتورەوە.

 بەشێک هەیە لە جوانیدا باسى ئەبەدیەتە بە بێ ئەم ئەبەدیەتە جوانى بوونى نیە، دەچێتە ناو کولتورەوە، بەشێک لە ئەبەدیەت هەیە دەچێتە ناو کولتورەوە. وەڵامێکى قوڵى کۆمەڵگەیە بۆ ئاسمان، سەرهەڵبڕینێکە بە گوتەى «سوننەتگەراکان»، «حوزورى موقەدەسە» هەر وەک ئەوەى کۆمەڵێکى دیکە ناوى لێدەنێن«کولتور». هەروەک وتمان دەچێتە ناو هونەر و جوانیەوە و لەوێ حوزور پەیدا دەکات ئەوەى «مەولەوى تاوگۆزى» دەڵێت: یاران تۆى دڵداران، ئەوانەى کە یارانیان لەناو توێى دڵیاندایە. ئامادەیى یاران لە ناودڵدا جوانى و هونەرێک دەخولقێت، ستاتیکا دەخولقێت، جیاوازى نێوان هونەری مۆدێرنە لەگەڵ هونەرى دینیدا تەنها لەو خاڵەدا، بەهۆى ئەم «ئەبەدیەت» ەى لە هونەرى دینیدا دروست دەبێت، جۆرێک لە جوانى و فەلسەفەى هونەر دروست دەبێت کە جیاوازە لەو جوانى و هونەرەى لەسەردەمى نوێدا بوونى هەیە، کە تەنها هونەرمەند خۆیەتى بەبێ ئەوەى ئەویدى ئامادە بێت و حوزور پەیدا بکات. حوزروى ئەبەدیەت لەناو کۆمەڵگەدا جێکەوتى جوانى و هونەرى و سیاسى و ئابوورى و کولتورى هەیە. واتە وەکو جاران بیر ناکەمەوە ئایین سیستەمى کۆمەڵایەتى دروست بکات، یان یاسا دابنێت بۆ ئەوەى دەستى سیاسەت کۆتا بکات. نەخێر، بەڵکو لە بنەڕەتدا رۆحى سیاسەت دەگرێت، رۆحى ئابوورى دەگرێت، بەبێ ئەوەى یاسا و رێسایەک بۆ بازاڕ دابنێت گۆڕانکارى تێدا دەکات. رووگەى بازاڕ دەگۆرێت و رووگەیەکى دیکەى پێدەدات، بە بێ ئەوەى لەمسەرەوە یاساکان دابنێت و وایان لێبکات چالاکیان نەمێنێت، نەخێر بەڵکو رۆحیان وا لێدەکات ئەخلاقیانە مامەڵە بکەن. جا حوزورى ئەم ئەبەدیەتە لەناو کۆمەڵگەدا لە بوارە بابەتى «موزوع» یەکەوە هەم لەسەر جوانى و هونەر جێکەوتى هەیە کە دەکاتە بەشێکى کتێبەکەم و هەمیش لەسەر کولتور جێکەوتى هەیە کە تیایدا جوانى و ئەبەدیەت رەنگ دەداتەوە هەروە‌ها جوانى و کولتور هەر جوانیە، بەڵام کە چووە ناو ئابووریەوە و لەوێ حوزرو پەیدا دەکات، ئیتر دەبێتە ئەخلاق، کۆمەڵێک رێسا و یاساى ئەخلاقیە لە بازاڕدا رێگرى دەکات لەوەى ئابووریکارەکان و ئەوانەى لە ئابووریدا کار دەکەن، مامەڵەى نائەخلاقى بکەن. راستە ئەمە پێچەوانەى بەڵگەنەویستەکانى ئابوورى سەردەمى نوێیە کە دەڵێن مرۆڤ خۆپەرستە و هەر ئەو خۆپەرستیەیە وا دەکات مامەڵە لەگەڵ بازاڕدا بکات. کاتێک ئەم تاکە بەهۆى حوزورى ئەبەدیەتەوە وەردەگێڕێت و لە کەسێکى خۆپەرستەوە دەبێتە کەسێکى جوانپەرست و جوانویست، مامەڵەیەکى ئەخلاقیانە لەگەڵ ئابورى دەکات و دەبێتە ئەخلاق، هەروە‌ها سیاسیەکانیش کە دوور‌ترین کەسن لەم جۆرە مامەڵیەدا، دواجار ئەم ئەبەدیەتە لاى سیاسیەکانیش حوزور پەیدا دەکات و ناهێڵێت سیاسیەکانیش مامەڵەى نائەخلاقى بکەن، خودى حوزورەکە یاسا و رێسا بۆ خۆى دادەنێت نەک ئەوەى یاساى و رێساى بۆ دابنرێت. هونەر خۆى دەردەکەوێت، کولتوریش بەهەمان شێوە بۆ نموونە بڵێین ئەم بەشەى کولتور تەرک بکەین چونکە لەگەڵ ئایین نایەتەوە، نەخێر کولتور خۆى دەردەکەوێت نەک ئەوەى یاسا و رێساى دەرەکى بۆ دابنرێت. ئابووریش بە هەمان شێوە لەدەرەوە یاسا و رێسایەکى بەسەردا ناسەپێنرێت و بازاڕ بوەستێنێت، وەک ئەوەى پێغەمبەر خوا (صلّی‌الله‌‌علیه‌‌وسلّم) لە فەرموودەیەکى سەحیحدا دەفەرموێت: من زوڵم ناکەم و بۆ ئەوەى دەستکارى بازاڕ بکەم کە ئەمە فەرموودەیەکى قودسیشە. رێگرى لە ئابوورى دەکات کە نائەخلاقیانە مامەڵە بکات، بەڵکو کە ئەبەدیەت حوزورى پەیدا کرد و مامەڵەیەکى ئابوورییانەى ئەخلاقیانە دروست دەبێت. هەروە‌ها لە سیاسەتیشدا کاتێک ئەم ئەبەدیەتە ئامادە بێت، ئیدى سیاسەکان ناچار دەبن وەردەگێڕدرێت بۆ ئەخلاق، واتە مامەڵەیەکى جوانکارانە نیە، لە کولتوردا ئەم وەرچەرخانە دەگۆڕێت بۆ جوانى و هونەر، بەڵام لە سیاسەت و ئابووریدا وەرچەرخاوە بۆ رێساى ئەخلاقى. کەواتە نیوەى دووەمى کتێبەکە حوزورى ئەبەدیەتە لەناو کۆمەڵگەدا، ئەمەش لایەنى دەرەکى ئایینە. بۆیە کتێبەکە دوو ووشە و ناونیشانى هەیە: بابەتە خودى و ناوەکیەکە دەبێتە «دایک» و بابەتە دەرەکى و کۆمەڵگەییەکە دەبێتە «ئەبەدیەت»، بۆیە کتێبەک ناوى «دایک و ئەبەدیەت» ە.

-         

نوێترین تیۆریا، یان ئەو شتانەى لەم تیۆریایەدا هەن و نوێن و لە تیۆریاکانى دیکەدا بوونیان نیە چین؟

* ئەگەر سەیرى هەر یەکە لە تیۆریاکانى پێشوو بکەین کە قسەیان لەبارەى ئەزموونى ئایینیەوە کردووە و هەروە‌ها ئەو ئەزموونە رۆحیەى لاى ئاییندار دروست دەبێت. بۆ نموونە: کتێبەکەى ئیقباڵ لاهورى باس لە سێ رەهەند دەکات ئەوانیش:

 ۱- خودى ئەزموونى ئایینى چیە؟

 ۲- حەقیقەتى ئایین چیە؟ «واتە بەشى مەعریفى ئایین و بەشێکى زۆرى کتێبەکە لەسەر ئەم بابەتە رۆیشتووە».

 ۳- حەرەکەتى ئایینى و جووڵەى ئایینى چیە؟. واتە لە رێگەى ئەزموونى ئایینیەوە باسى حەقیقەتى ئایین و حەرەکەتى ئایینیشى کردووە. لە کاتێکدا دەبینین کەسێکى وەکو «ئارەشى نەراقى» کە کارى لەسەر «ئایینیە ئیبراهیمیەکان» کردووە، واتە: یەهودیەت و مەسیحیەت و ئایینى ئیسلام، موسایى و عیسایى و موحەممەدى، باس لەوە دەکات ئەم مۆدێلە ئیبراهیمیە کە «حەزرەتى ئیبراهیم» باوکى ئەم ئایینانەیە و کاتێک ئەزموونى ئایینى لەم ئایینانەدا دروست دەبێ، دەبێت سێ جێکەوتى دەبێت، واتە کاتێک کەسى ئیماندار ئەم ئەزموونەى بۆ دروست دەبێت:

یەکەمیان: لە رووى یەکتاپەرستى «توحید» ەوە دروست دەبێت، ئیدى زانستى کەلام و فەلسەفە پەیوەندییان بەم بابەتەوە هەیە.

 دووەم: هەروە‌ها لەرووى سلوکیەوە رەفتارى ئایینى بۆ دروست دەبێت، بەو مانایەى ناکرێت مرۆڤ ئەزموونى ئایینى هەبێت و رەفتار و کردارى ئایینى بۆ دروست نەبێت، چونکە بەشێک لەو ئەزموونە دەبێتە رەفتارى ئایینى.

سێیەم: ئەزموونى رۆحى لاى کەسى ئاییندار دروست دەبێت. بەشى دڵ.

کەواتە ئەزموونى رۆحى قوڵ لاى تاکى لاى ئارەش نەراقى، سێ تەوەرەى هەیە، جێکەوت و دیوێکى زیهنى هەیە، دیوێکى رۆحى و جێکەوتێکى قەلبى و جێکەوتێکى ئاکارى و دەرەکیشە هەیە.

 ئەوەى کە لاى «عەلى عیززەت بیگۆڤیج» یش هەیە لە کتێبەکەیدا «ئیسلام لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا» بەکورتى دەتوانێت شتە هاودژەکان کۆ بکاتەوە لاى تاک و کۆمەڵگەشدا، ئەمەش لەکتێبەکەیدا باسکردووە، لاى ئەو ئایینى مەسیحیەت تەنها دیوى رۆحى و مەعنەوى هەیە و ئەمەش رەمزى «رۆژهەڵات»‌ـە لاى عەلى عیززەت بیگۆڤیچ. «یەهودیەت» یش زیا‌تر دیوى ماددى هەیە، مانەوە لە جەستەدا، نەمردن و ناوى ناوە «ئەزموونى رۆژئاوایى»، ئیسلام کۆکەرەوەى ئەم دوو شتە دژیەکەیە. هەم رۆح و ماددییەتى بەیەکەوە کۆکردۆتەوە و هەم دونیا و دوارۆژ، رۆژهەڵات و رۆژئاواى کۆکردۆتەوە و بۆیە کتێبەکەى ناو ناوە «ئیسلام لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا» دا.

 ئەوەى بەندە دواى باسکردنى تیۆریاکانى ئەوان زۆر بە ئاسانى لەوان جیا دەبێتەوە. من دەڵێم ئەزموونى ئایینى دوو رەهەندى هەیە:

1ـ رەهەندێکى مەعنەوى و نەبینراو کە ئەویش گەورەکردنى رۆحە بە چاکەکانى مرۆڤ کە ئەمەش هونەر و جوانى دروست دەکات و وەک پێش‌تر ئاماژەمان پێدا ناومان ناوە «دایک»،

2ـ رەهەندى دووەمیان رەهەندێکى دەرەکى و کۆمەڵایەتى هەیە کە ناومان ناوە «ئەبەدیەت» لەسەر کۆمەڵگە جێکەوتى هەیە و ئەم جێکەوتەشى لەسەر کۆمەڵگا لە راستیدا ئەحکام دانان نیە بۆ کۆمەڵگە وەک ئەوەى لە فیکرى نەریتیدا وا باسدەکرێت، بەڵکو ئەحکامەکان دەرەنجامى ئەم ئەزموونەن. واتە کەسى خاوەنى ئەزموون و ئەو کۆمەڵگەیەى ئەم ئەزموونانەى تێدا بوو، ئیدى خۆیان وەکو جێکەوتى ئەزموونەکە، بۆ نموونە لە ئابوورى و سیاسەتدا مامەڵەى ئەخلاقیانە دەکەن. تەنانەت خەڵکانێک هەبوون و نموونەى لەم جۆرە بابەتانەیان هێناوەتەوە، بۆ نمونە: کاتێک «ئەسماء و سیفات» ى ئیلاهى لاى تاکو کۆمەڵگە حوزر پەیدا دەکات، نموونەى ئەمە یەکێک لە ناوەکانى خودا «عدل»، کاتێک کەسێک، تاکێک عادیلانە مامەڵە دەکات، دەى خۆ یەکێک لە ناوەکانى خودا «عدل» ە، دەرەنجامى ئەمە لە ناوەکانى خودا «عەدل» ە، یەکێکیان ئەوەیە خوداى گەورە تەکلیف لە بەندەکانى نەکات کە لەسەرووى تواناى ئەوانەوەیە، ئەمە پێداویستى «مقتضى» ناوى «عەدل» ى خودایە. کەواتە ئەو کەسانەى داواى شتێک لە بەندەکانى خودا دەکەن لەسەرووى توانایانەوە، پێچەوانەى ناوى خودا و پێچەوانەى حوزورى «ئەبەدیەت» ـە. یان دابەشبوونى حەقیقەت، کەسێک نازانێت «حەقیقەت» کامەیە نابێت لێپرسینەوەى لەگەڵدا بکرێت. چونکە ئەگەر لێپرسینەوە لە کەسێک بکرێ هێشتا ئەوشتەى نەزانیبێت، ئەمە پێچەوانەى «عدل» و پێچەوانەى «ئەبەدیەت» یشە.

 لێرەوە شتێکمان بۆ دروست دەبێت کە مامەڵەکردنى دینە لەگەڵ سیاسەت و ئابوورى و... هتد، بە بێ ئەوەى ئەحکامى «پێشین» بن، بەڵکو ئەحکامى «پاشینن»، واتە بەهۆى حوزورى «ئەسماء و سیفات» و حوزورى «ئەبەدیەت» لەناو کۆمەڵگەدا، ئیدى هونەر و کولتور و ئابووریەکى تایبەت و سیاسەتێکى تایبەتیش دروست دەبێت، کەواتە ئەزموونى ئایینى لاى بەندە بە جیا لە کتێب و تیۆریاکانى پێشوو ئەو دوو رەهەندییەیە، رەهەندى «خودى» ناوەکى هەیە و هەم رەهەندى «بابەتى» دەرەکى هەیە، بەڵام سەیر دەکەین لاى ئەوان بە دیوێکى‌تر مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە، بۆ نموونە: عەلى عیزەت رۆژهەڵات و رۆژئاواى بەیەکەوە کۆ کردۆتەوە، ماددیەت و رۆحانیەتى کۆکردۆتەوە، یان ئەوەى لاى نەراقى هەیە، بۆ نموونە ئەزموونەکە زۆر‌تر ئەزمونێکى تاکیە، رەفتارى دەرەکى لەگەڵ بابەتى زیهنى و بیروباوەڕ «عقیدە» یى و بابەتى رۆحى لاى تاکە و ئیدى «ئەبەدیەت» لەوێدا بوونى نیە. بۆچوونیشى بۆ ئەم مۆدێلە جیاوازە لە وردەکاریدا لەگەڵ بۆچوونەى باسم کردووە، چونکە کاتێک من دەڵێم مرۆڤ رۆحى گەورە دەبێت، جێکەوتى ئەمە لەسەر تاک چیە؟ بریتیە لەوەى ئەزموونى رۆحى بۆ دروست دەبێت لەرووە ناوەکى و خودیەکەوە ئەوەى کە ناومان نا‌»دایک»، هەر خودى ئەم ئەزموونە رۆحى و ناوەکیەش وا دەکات ئەزموونى مرۆڤى ئیماندار وەرچەخێت بۆ مامەڵەى ناوەکى، ئیدى غەریبەکان بەلاى ئەوەوە دەبنە مەحرەم، واتە کاتێک من لە نیشتمانێکدا و لە شوێنێکدا دەژیم ئەوەى کە ئایین پێم دەڵێت دراوسێکانت خۆش بوێت، مرۆڤەکانى دیکەت خۆش بوێت، پێغەمبەرت خۆش بوێت، دەشت و دەر و دەریاکانت خۆش بوێت، چونکە ئەمانە مەخلوق و دروستکراوى خودان، ئەمە ئەگەر لە رووى رۆحیەوە وەرچەرخێ بۆ بابەتى رۆحى، ئیدى ئەم شتانە بە من غەریب نین، نەک هەر رێگر و دوژمن نین بە من، بەڵکو هاونیشتمانى منن لە نیشتمانێکى گەورەدا کە پێى دەوترێت «نیشتمانى ئایینى»، «نیشتمانى ئەزموونى رۆحى»، واتە لەرووى ئەزموونەوە ئەزموونى رۆحیم بۆ دروست دەبێت، ئەمە جێکەوتى یەکەم.

جێکەوتى دووەمیش ئەوەیە مامەڵەى من لەگەڵ «خەیاڵ» دا دەگۆڕێ، خەیاڵ: بریتیە لەو جیهانە سێیەمەى کە نە لە جیهانى «غەیب» و نە جیهانى بینراو «شهادە» یە، هونەرى بۆ دروست دەبێت. واتە کەسى خاوەنى ئەزموون و هونەر و داهێنانى بۆ دەخولقێت، ئەمەش بۆچى؟ چونکە بەم ئەزموونە ئایینیەى رۆحى گەورە دەبێت کە رۆحیشى گەورە بوو دەتوانێت کەشفى نوێ و شتانى نوێ کەشف بکات. کەواتە جێکەوتى دووەم لە تیۆریاکەدا بریتیە لە بابەتى خەیاڵ کە حوزور پەیدا دەکات و ئەمەش هیچکات لە کتێبەکانى لەوە پێشدا ئاماژەى پێنەکراوە.

سێیەم جێکەوت بریتیە لە پەیوەندى نێوان خودا و مرۆڤ، ئەم پەیوەندییە لە پەیوەندى گشتیەوە دەگۆڕێت بۆ پەیوەندى تاکى. ئەمەش بەو مانایەى مرۆڤەکان ئیدى هەموویان بەیەکەوە خودا ناناسن، هەموویان بەیەکەوە داوا لە خودا ناکەن، بەڵکو کەسى خاوەن ئەزموونى رۆحى بە‌تایبەت خودا دەناسێت جیا لەوەى کۆمەڵگە هەموو خودا دەناسێت. واتە ئەزموونێکى تایبەتى بەرانبەر بە خودا بۆ دروست دەبێت، داواى تایبەتى لە خودا هەیە جیا لە داواکانى‌تر، جیا لەو داوایەى مرۆڤەکانى‌تر لە خودا هەیانە، لە بنەڕەتدا مەعریفەى ئایینى بە خودا (جل جلالە) جۆرێکى ترە کە جیاوازە لەو مەعریفە ئایینیەى خەڵکە بە خودایان هەیە، ئیدى زانستى «عەقیدە» کە بۆ هەموو کۆمەڵگەیە وەردەچەرخێت بۆ تەسەوف و عیرفان و مامەڵەى تاکى. کەسەکە بە تەنها خۆى مامەڵە لەگەڵ خودا دەکات، ئیدى خودا خوداى هەموو کۆمەڵگە نیە، بەڵکو هى هەموو تاکەکانى کۆمەڵگەیە، هەر کام لەو تاکانە ئەزموونى تایبەتى خۆى لەگەڵ خوداى خۆیدا هەیە، ئەزموونى رۆحى و ئیمانى تایبەتى لەگەڵ خودا هەیە کە دەتوانین بڵێین ئەم تێڕوانین و دیدگایەش لە تیۆریاکانى تردا بوونى نیە. پاشان لەگەڵ «مەرگ» یشدا مرۆڤى ئیماندار ئەزموونى تایبەتى پەیدا دەکات. واتە مردن هەر ئەوە نیە هەموومان دەمرین، مردن لاى ئەم هەم ئەوەیە و هەمیش چونکە ئەو جیاوازە، چونکە تاکەکانى کۆمەڵگە لە یەک‌تر جیاوازن، کەواتەى ئەم ئەزموونى مەرگێک دەکات جیاوازە لە ئەوانی‌تر. تەنها کەسێک نامرێت، جیهانێک دەمرێت. چونکە ئەم جیهانى جیاوازە، ئەزموونى جیاوازە، کەواتە رۆحى جیاوازە لە تاکەکانى کۆمەڵگە ئیدى ئەم مەرگ و مردنیشى جیاوازە. مردنى هیچ کەس لە هیچ کەسى‌تر ناکات، هەربۆیە «ئیمامى عەلى» دەفەرموێت: مردن، شتێکى تایبەتە «خاص» ێکە لەناو شتێکى گشتیدا. بێجگە لەوەش دیوێکى ترى هەیە ئەویش ئەزموونى پاش مەرگە لە دونیادا شاعیر گوتەنى: گەر تۆ لە من غائیب نەبى، چیم لە تۆ بێ غائیب- قیامەت حازرى بەرچاومە، خۆمم لە خۆم غائیب. قیامەت دێتە بەرچاوى، هەست بە ئەبەدیەت دەکات. واتە ئەوەى کە مرۆڤەکانى‌تر پاش مەرگ پێى دەگەن، ئەم هەر لە دونیادا پێى دەگات و ئەزموونى دەکات. بەهەشت پاش مەرگە، بەڵام ئەم هەر لە دونیادا هەست بە چێژى بەهەشت دەکات، چێژ لە نزیکى پێغەمبەران و پیاوچاکان و... هتد دەبات، واتە «ئەبەدیەت» ى بۆ دێتە ئێرە. ئەمە ئەزموونێکە و هەموو ئیماندارێک بەشى خۆى لەمە هەیە و ئەمەش لە تیۆریاکانى دیکەدا باس نەکراوە. ئیدى بەشى دووەمیش کە جەختکردنەوەیە لە جوانى کە دین سەرەتا جوانیە و ئەو جوانیە لە تاکدا «هونەر» دروست دەکات، لە کۆمەڵگەشدا «کولتور» دروست دەکات و کولتورى تایبەتى دەخولقێنێت، پاشان لە ئابوورى و کۆمەڵناسیدا دەبێتە ئەخلاق و بۆ ئەخلاق وەردەچەرخێت. ئەمەش لە تیۆریاکانیتردا بوونى نیە. تیۆریاکەى من تەنها لە یەک شتدا هاوبەشە ئەویش جەختکردنەوەیە لەسەر لایەنى رۆحى، بەڵام لە ووردەکارى و شتەکانیتردا دەتوانین بڵێین لەسەدا نەوەد لەوانی‌تر جیاوازە.

-         

 گەر بکرێت کرۆکى تیۆریاکە بە کورتى لە چەند خاڵێکدا روون بکەنەوە یان دەرەنجامى تیۆریاکەتان چیە؟

* بە کورتى ئایین کە دێتە ناو کۆمەڵگەوە ئەزموونى رۆحى بۆ تاکەکانى کۆمەڵگە دروست دەکات. ئەم ئەزموونە رۆحیە دوو رەهەندى هەیە، ئەزموونێکى خودى کە پەیوەندى بە تاکەتاکەى مرۆڤە ئیماندارەکانەوە هەیە و رەهەندێکى بە کۆمەڵێشى هەیە کە پەیوەندى بە کۆمەڵگەوە هەیە.

 رەهەندە تاکیەکەى کاتێک کە ئەزموونى رۆحى بۆ تاکەکان دروست دەبێت، ئیدى جیهانبینیان گۆڕانکارى بەسەردا دێت، جیهانیان گۆڕانکارى بەسەردا دێت، ئەوەى کە ئیقباڵ لاهورى دەفەرموێت:

چون در جان رفت، جان دگر شود

چون جان دگر شود، جهان دیگر شود

 کە چووە ناو گیانەوە ئیتر گیان دەبێتە گیانێکى‌تر، گیانیش کە بوویە گیانێکى‌تر، لەبەرچاویان جیهانیش دەبێتە جیهانێکى‌تر. ئیدى ئەزموونى ئەوان هەم لە رووى ئەزموونەوە و هەروە‌ها غەریبەکان وەردەچەرخێن و بە پێى ئەزموونى رۆحیان دەبنە مەحرەم، تەنانەت ئەوەى یەکێک لە عاریفەکان دەیوت: ئەوانەش سزام دەدەن و تەعزیبم دەکەن خۆشم دەوێن، چونکە وەکو غەریبەیەک مامەڵەیان لەگەڵدا ناکات، مامەڵەیەکى دیاردەناسیانە «فینۆمینولۆجیا – ظاهرة» یانەى بۆ دروست دەبێت، ئەوەى لاى «نوورسى» و «ئیبن عەرەبى» و کەسانى تریشدا وەکوو «کیرکەگۆر» و «گادامێر» و «هایدگەر» و مامەڵەى عاریفەکانى‌تر لە شارستانیەتى ئیسلامیدا بوونى هەیە. ئەمە لە رووى مامەڵەى ناوەکیەوە، کەواتە مامەڵەى ناوەکى ئەزموونى رۆحى بۆ دروست دەبێت، ئەمەش لاى کەسانى وەکوو «موستەفا مەلەکیان» و فەیلەسوفەکانى دیکە سێ شت دروست دەکات:

یەکەم: چێژێکى رۆحى بۆ دروست دەبێ.

دووەم: دەستى پەروەردگارى لە ژیانى خۆیدا دەبینێ.

سێیەم: هەست بە حوزور دەکا لەبەردەم هێزێکە باڵادا لە راستیدا ئەمەش خاڵە یەکەمە. ئەوەى کە «پاسکاڵ» ناوى ناوە سام، ئەوەى کە «کانت» ناوەى ناوە باڵابوون(متعالی)، درکى باڵابوون و عروجکردن و بەزربوونەوە، ئەمە بۆ تاک دروست دەبێت. هەروە‌ها «خەیاڵ» یشى فراوان دەبێت، خەیاڵیش بە ماناى «وەهم» نیە، خەیاڵ واتە جیهانى غەیب لە ناو جیهانى شەهادەدا، ئیدى کاتێک مامەڵە لەگەڵ نەخۆشێکدا دەکا، خۆى دەخاتە شوێنى، کاتێک هەژارێک دەبینێ دەتوانێ خۆى بخاتە شوێنى، لەراستیدا زۆرێک لە ئەحکامەکانى دینیش بۆ دروستکردنى ئەم خەیاڵەیە. جا لەم حەرەکەتدا مرۆڤى دیندار رۆحى گەورە دەبێ، هەروە‌ها ئەزموونی تایبەتیش بۆ دروست دەبێ بەرانبەر بە خودا (جل جلالە)، چونکە خودا ناپەرستێ خودایەک هەیە هى هەموو شارە، هى هەموو کۆمەڵگەیە، بەڵکو خودا ئەپەرستێ وەک ئەوەى مامەڵەى «خۆشەویستى - حوببى» یاخود مامەڵەى «سام - خەشیەتى» و ترسى لە خودا بۆ دروست بێ. «خوف» ى لە خودا هەیە، واتە مامەڵەیەکى تایبەتى بۆ دروست دەبێ، دیارە ئەم دوو جۆرە مامەڵەیەش واتە: حب و خوف، مامەڵەى گشتى نین، بەڵکو مامەڵەى تایبەتین هەروە‌ها لەگەڵ «مەرگ» یشدا جۆرێک مامەڵەى جیا و تایبەتى هەیە، ئەمە لە رووە تایبەتییەکەوە، لە رووى کۆمەڵگەشەوە، لەبەرئەوە تاکەکان هەمیشە دین نوێ دەکەنەوە لەسەرەتادا مامەڵەیەکى هونەرییان کردووە، کاتێک کە مۆسیقاى لێدواە یان موناجاتى کردووە، بۆ خۆى کردوویەتى، بەڵام دواى بۆ خۆى شوێنکەوتووانى دەیکەنە تەریقەیەکى تایبەت، واتە پێش‌تر شتێکى رێکخراویى نەبووە، دوایى دەبنە ئەحکام بۆ موریدانیان، کەواتە لەسەرەتاوە کولتور و هونەر دەخولقێنێ، پاشان جێکەوت لەسەر ئابوورى وسیاسەتیش دروست دەکا و ئەمەش پایەکانیەتى.

-         

 گرنگى ئەو تیۆریایە لەسەردەمى نوێدا چیە یان جێکەوتى چیە لە سەردەمى نوێدا؟

* جێکەوتى یەکەم: ئەو مامەڵە هەڵانە راست دەکاتەوە کە لەگەڵ ئاییندا کردوویانە، ئەوانەى لەوە پێش تەنها حوکمى دەرەکیان وەرگرتووە و ئەمەش وایکردووە وشکیەک لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاییندا دروست ببێ کە ئەمە زۆرجار وا دەکات - خوا پەنامان بدات- نیفاق و ئەو بابەتانە دروست دەبێ، وا دەکات تاکەکان بێتاقەت ببن و بەڵکو دەبێت مرۆڤەکە خۆى حەز بکا، چونکە مامەڵەیەکى جوانناسانەیان نەکردووە. واتە کاریگەرى و دەرەنجامى یەکەم، راستکردنەوەى مامەڵەکانى لەوەو پێشە.

جێکەوتى دووەم: خولقاندنى بوارى نوێیە لە ئاییندا و بە ئایین. کاتێک تۆ بەم مەعریفەیە مامەڵەیەکى نوێ لەگەڵ ئاییندا دەکەی، کەسى ئەخلاق و هونەرى دەخولقێ، کەسێک دەخولقێ کە جێکەوتى لەسەر ئابوورى و لەسەر سیاسەتیش هەیە، واتە وادەکات داهێنان بخولقێ، «خەیاڵى خەللاق» لەناو کۆمەڵگەدا دەخولقێت، ئەوەى کە فەیلەسوفى بەناوبانگى فەرەنسى «هانرى کاربۆن» ناوى لێدەنێت. ئەمەش بۆچى؟ چونکە جۆرێکى دیکە سەیرى ئایین دەکەیت. واتە ئایین بریتی نییە لە جووڵەیەکى بێ ئەنجام، بەڵکو وەرچەرخانێکە و خێرا دەتگەێنێتە خەزێنەکە، بێجگە لەوە ئەم کات گێڕانەوەیە هەم بۆ تاک و هەمیش بۆ کۆمەڵگە. واتە وا دەکات تۆ زوو بگەیتە دەرەنجامەکان پێش ئەوەى ئەزموونێکى دوور و درێژ بکەیت و بە بەبێ ئەوەى دەرەنجامیان ببێت، وەک ئەوەى «شێخى سەعدى» دەفەرموێت: ئەگەر تۆ پشتت لە خەزێنەیەک بێت، تاکو زیا‌تر بجوڵێیت بۆ ئەوەى بگەیتە خەزێنەکە ئەوە زیا‌تر دوور دەکەویتەوە، بۆ ئەوەى بگەیتە گەنجینەکە پێش ئەوەى بجوڵێیت گرنگ‌تر ئەوەیە کە ڕوو بکەیتە گەنجینەکە و پاشان دەست بە جووڵە بکەیت، ئەم وەرچەرخانە لە تیۆریاکەى ئێمەدا بوونى هەیە، بێجە لە مانەش کۆکردنەوەى تیۆریاکەدا لەگەڵ بابەتەکانى فەلسەفەى ئایین، هەروە‌ها بابەتەکانى ئایینەکانى‌تر و نزیکردنەوەى ئایینەکانە لەسەر شتانى هاوبەشیان، واتە، ئەگەر ئێمە بۆ نموونە ئەگەر لە ئەحکامەکانەوە بڕۆین، ئەوا ئەحکامەکانى شەریعەى ئیسلام جیاوازن لە ئەحکامەکانى مەسیحیەت، یان ئەحکامەکانى دینى یەهودیەت جیاوازن لە ئەحکامەکانى دینى مەسیحیەت،، بەڵام کاتێک ئەزموونى رۆحى دەکەیت، لە یەکتر تێدەگەین. واتە جەوهەرێکى هاوبەش لە نێوان ئایینەکاندا کەشف دەکەی. ئەمەش وا دەکا زمانى گفتوگۆ و زمانێکى هاوبەش لە نێوان مرۆڤەکان دروست ببێ و بەمەش لە دونیاى جەنجاڵى ئەمڕۆدا مامەڵەکردن لە دیوە رووکەشى و دەرەکیەکەى ئایینەوە بۆ مامەڵەکردنێکى ناوەکى و رۆحى دەگۆڕێ، ئیدى هەر ئەو کاتەى مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتردا دەتوانن مامەڵەى رۆحیش لەگەڵ ئاییندا بکەن، ئەمەش زمانێکى هاوبەشە لە دونیاى ئەمڕۆدا کە تاکەکان هەر یەکێک بۆ خۆى دونیایەکى دیاریکراو و تایبەتى خۆى هەیە، کۆیان دەکاتەوە و ئەمەش وا دەکات دین لە دونیاى نوێدا هەبێ بە بێ ئەوەى فشارێک بخاتە سەر مرۆڤەکان و «رۆح و مەعنەویەت» یش دەبێتە کرۆکى ئەم تیۆریایە کە گەوهەر و کرۆکى ئایینیش رۆح و مەعنەویەته‌.

-         

 واتە کشفکردنى رۆڵى دینە لەسەردەمى نوێدا؟

* بەڵێ، ئەم تیۆریایە کەشفکردنى رۆحى ئایین و گەوهەرى ئایینە. 

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

کۆچەری بیرکار یا بیرکاری کۆچەر کۆمه‌ڵایه‌تی (1397/05/12)