بەرەنگاری باری باو

بەرەنگاری باری باو

 

 

وەک وەفایەک بۆ د. ئەمیر حەسەنپور

ڕەنگە مێژووی ڕووناکبیری و ئەکادیمی وڵاتانی دیکە پڕ بێ لەو کەسانەی ژیانیان خاڵی پێک‌گەیشتنەوەی کردە و تیۆر-ە، بەڵام بوونی ئەم چەشنە کەسایەتیانە لەناو ئێمەدا  دەگمەنەو ڕەنگە نموونەی ئەو کەسانە هەژماری قامکەکان تێپەڕ نەکات؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە مێژووی ژیانی د.ئەمیر حەسەنپور خۆی شایەتحاڵی ئاوێتەبوونی کردە و تیۆر و یەکگرتنەوەی ئەو دوو چەمکە لەناو سەرێکی پڕسەودایە. دیسانیش ڕەنگە بۆ کەسانێکی وەک من کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵی نەبووبێ نووسین و ئاماژەپێدانی ئەم خاڵە گرینگەی کەسایەتی د.حەسەنپور چەشنە دڕدۆنگێەک لەناو خوێنەردا بەدیبێنێ؛ بەڵام مرۆڤدۆستی، تێکۆشان لەپێناو بەهاکانی مرۆڤایەتی، جیهانبینی و ڕەنگاڵەی کۆی بەرهەمەکانی، خۆی سەلمێنەری ئەم ڕاستیەیە.

یەکەمجار پێشەکیە ٢٥ لاپەڕییەکەی د.حەسەنپور لەسەر کتێبی ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمان زەبیحی پردی پەیوەندی منی لەگەڵ د. حەسەنپور پێکهێنا و تا ساڵی ڕابردوو کە داوای کرد کتێبێکی بۆ بنێرم، من وەک قوتابیەک و ئەویش وەک مامۆستایەکی نموونەی هەرە بەرزی ئەخلاق و نەرم و نیانی، بەردەوام ئەو پەیوەندییە گەرم و گۆڕەی ڕاگرت و پاراست. بە پێچەوانەی چاوەڕوانی من، ئەو زیاتر لەوەی خۆم دەمویست بە ناردنی بابەت و ڕێنوێنی، پرسیار و پێشنیاری قووڵ و سەرڕاستکردنەوەی هەڵە میتۆدۆلۆژیەکانی کارەکانم یارمەتی ئەدام. سەرەڕای ئەوەی خۆی وەک ئاکادیمیسیەنێکی پێشەنگ و زمانناسێک پرسی زمان و ئایدۆلۆژیای لە پانتای ئەکادیمی کوردیەوە بە رۆژەڤ کردبوو، بەڵام بەپێی چاوکانیەکانی هزریی خۆی، وەک کەسێکی بەرپرسیار لەهەمبەر نا-یەکسانی و دادپەوەری، نەبوونی مافەکانی ژنان هیچ کاتێک نەکەوتە داوی میتۆدۆلوژیا باوەکانی رۆژ؛ تەنانەت ئەو میتۆدانەی لە سەر بنەمای مارکسیزمیش پەلیان هاویشتبوو؛ پێی وابوو میتۆدە نوێیەکان ناتوانن وەلامدەرەوەی پرسیارە قووڵ و سەرەکیانی کێشەکانی ئێمە بن: 

«دیسکۆرس پێی له‌ سه‌ر عه‌رزی نییه‌، له‌ حه‌وادایه‌. دیسکۆرس ئانالیز له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نالیزی ئیده‌ئۆلۆژی دا سه‌ری قوت کردۆتەوه‌.  ئه‌گه‌ر ئه‌نالیزی ئیده‌ئۆلۆژی حه‌ول ده‌دا ئیده‌ئۆلۆژی له‌ چین و گرووپی کۆمه‌ڵایه‌تی دا بدۆزێته‌وه‌، دیسکۆرس ئانالیز حه‌ول ده‌دا دیسکۆرس له‌ بنکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی داببڕێ و سه‌ربه‌خۆی بکا. جا بۆیه‌ ده‌ڵێم، دیسکۆرس ئانالیز هه‌ر هه‌نگاوێکی پێ هه‌‌ڵده‌گێرێ و دوایه‌ تێدا ده‌مێنێ»

زۆرجار کە قسەوباسەکانمان دەهاتە سەر فۆرماسیۆنی مێژوویی لای خۆمان و شرۆڤەی گۆڕان و وەرچەرخانە مێژوویی-سیاسیەکان؛ بە پرسیاری بنەڕەتی پێشگریمانەکانی منی هەڵدەوەشاندەوە.

« ئه‌من له‌ سه‌ر بنچینه‌ی تیۆری به‌ تایبه‌ت تیۆری مارکسیستی، به‌ بۆچوونی سیاسی و مێژوویی، و به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی ته‌جروبه‌ی خه‌باتی گه‌لی کورد پێم وایه‌، که‌ بۆ وێنه‌، تێکه‌ڵاویی سیاسه‌تی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و سیاسه‌تی ناسیۆنالیستی (بۆ وێنه‌ رێبازی حاجی قادر) و لێک هه‌ڵنه‌بڕانیان بۆ ماوه‌یێکی درێژ کێشه‌یێکی گرینگه‌ و پێویستی به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی قووڵ و به‌رین‌ هه‌یه‌.  ئه‌وه‌ پێم وایه‌ "پرسیارێکی سه‌ره‌کیی لێکۆڵینه‌وه‌ی‌" بابەت یان کەیسێکی باش بۆ لێکۆڵینەوە دەبێ.  پێم وایه‌ دیسکۆرس ئانالیز ده‌توانێ جیاوازیی دیسکۆرسی ده‌ره‌به‌گیی و ناسیۆنالیستیی لێکبداته‌وه‌ و تا راده‌یێک جیاوازی و وێکچوونیان وه‌به‌رچاو بخا به‌ڵام پێم وایه‌ له‌وه‌ی زیاتری پێ ناکرێ.  بۆ وێنه‌ ناتوانێ وه‌ڵامی پرسیاری وا بداته‌وه‌ یان ته‌نانه‌ت پرسیاری وا به‌كه‌ڵک دابنێ: بۆچی رێبازی حاجی قادری تا دامه‌زرانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. نه‌بوو به‌ رێبازی هیچ حیزبێکی کوردی؟ بۆچی رێبازی ژ.ک کرا به‌ رێبازی حیزبی دیمۆکرات؟ بۆچی حاجی قادر نه‌یتوانی ته‌واو له‌ رێبازی ده‌ره‌به‌گی لابدا؟  بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری وا ده‌بێ بچینه‌ ئه‌و په‌ڕی دیسکۆرس».

د.حەسەنپور سەرەڕای ئەوەی شارەزای تیۆرە زمانناسیەکان بوو بەڵام سەرچاوە فیکرییەکانی هانی دەدا لە جیاتی گرینگیدان بە دیسکۆرس بەردەوام چەمکی ئایدۆلۆژیا زەق بکاتەوە و تەنانەت لەم دەلاقەیەشەوە پرسی زمان و نەتەوە بخاتە بەر تیشکی لێکۆڵینەوە و ڕێگاچارەی گونجاو و پێشکەوتوو بۆ کێشەکان پێشکەش بکات. هەر وەک خۆی جارێک بۆی گێڕامەوە لە هەڕەتی لاوێتی، لە ساڵانی ١٩٦٨ تا ١٩٧٢ کە خوێندکاری زمانناسی زانکۆی تاران بوو کەڵکەڵەی بە ستانداردکردنی زمانی کوردی لە مێشکدا بوو و ڕەنگە هەر ئەمە وایکردبێ لە ساڵی ١٩٧٦ پێشنیاری تێزەکەی لە سەر زمانی کوردی بخاتە بەردەستی بۆردی زانکۆی ئیلینۆ.

جیا لە ئەزموونی ژیانی خۆی؛ ئەمە هەر نیشاندەری ئەو پێک گەیشتنەوەیەی تیۆر و کردە وەک بابەتێکی بەرجەستەکراوەی ژیانی د.حەسەنپورە. گوومانی لەوەدا نەبوو توێژینەوە و کارکردن لە سەر بوارە هزرییەکان تەنیا کارێکی فکریی نیە بەڵکوو لێکۆڵینەوەی وەک ئەکتێکی سیاسی و ئایدۆلۆژیک دەنرخاند و هەر بۆیەش زمانی کوردی وەک گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و ئایدۆلۆژیک سەیر دەکرد. ناسیۆنالیزم و زمان وەک دەسپێکی پرۆژەی سەرەکی د.حەسەنپور، وەک بەرهەمێکی ئاڤانگارد لێوانلێوە لە داتای ئیتنۆگرافی، جوگرافی، زمانی و زمانەوانی و هەر ئەمە وایکردوە لە سۆنگەی چوارچێوە دیرۆکیەکانی بە ستانداردکردنی زمانی کوردی، وەدیارکەوتنی هێزی سیاسی، پەرچەکرداری ناوەندەکان، سیاسەتی فیۆدالی لە کوردستان و دواتر وەدیارکەوتنی چینی ناوەندی یان بورژوازی کورد نیشان بدات و دواتر بپرژێتە سەر سیاسەتی لینگۆسایدی ناوەندەکان.

بەڵام هەر ئەو پرسیارانەی لەناو ئەم کتێبەدا خۆیان حەشاردابوو وایکرد حەسەنپور دواتریش هەر لە دەلاقەی زمانەوە ئەم پرسیارە ئاراستەی زمانەوان و ڕۆشنبیران بکات؛ چۆن لەسەردەمی وەدیارکەوتنی تەکنەلۆژیای نوێ بەرەنگاری کێشەکانی زمان ببینەوە؟ چۆن لەسەردەمێکدا کە تەکنەلۆژیا سنوری زاراوە کوردییەکانی کەمڕنگە کردۆتەوە و بۆتە هۆکاری پێشکەوتنی زمان، هێشتاکەش دەسەڵاتی زمانیی بە شێوازێکی ئاڵۆزتر ماوەتەوە؟ ئاخۆ پێوستە چۆن ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن؟ 

کاتێکیش لە سیپتەمبەری ساڵی ٢٠١٢ بانگەوازی ٤٧١ کەسی لە دژایەتی لەگەڵ لاتینی کردنی ئەلف و بێی کوردی بڵاوکرایەوە دیسان د.حەسەنپور بە پشت بەستن بە زانستە بەربڵاوە زمانناسیەکەی ئاماژەی کردە سەر مێژوویی نەبوون و تیۆریک نەبوونی باس و خواسی ئەوکەسانە و ئاماژەی کردە سەر ئەم خاڵە گرینگەش کە هەوڵدانی کوردەکان بۆ بەلاتینی کردنی ئەلف و بێ، پێش هەوڵەکانی ئاتاتورک لە ساڵی ١٩٢٠ لە داییرەی مەعاریفی بەغدا بە «کتابی ئەوەڵەمینی قیرائەتی کوردی» دەستی پێکردبوو و پێش ئەمەش لە شاری خۆی یەکەم هەوڵدان بۆ ئەم کارە کرابوو....بە پشت‌بستن بە زانستی زمانناسی، پەیوەندی فونێم (دەنگ) و حەرف بە پێی بڕیار و گرێبەستێک لێکدەداتەوە و... بەرەنگاری پەیوەندی سروشتی دەنگ و فونێم، ئەلف‌وبێی عەرەبی بە کوردێتی و زمانی کوردی دەبێتەوە و لە ئاکامدا پێی وایە هەر چەشنە دەست تێوەردانیکی زمان هەمیشە کاریکی سیاسی و ئایدۆلۆژیکە و هەر بۆیە بە دەسنیشانکردنی سێ چەمکی ئیسلامەتی، ڕۆژهەڵاتێتی و ئێرانێتی وەک دەمامکی ئایدۆلۆژیکی ئەم داخوازینامەیە بەرەنگاری ئەم باس و خواسە نازانستیە دەبێتەوە. حەسەنپور پێی وابوو ئەلف‌و بێی عەرەبی کاریتە و دەستەکی دارەڕاکردنی ئەو خانوبەرەیە لەسەر ئەم سێ کۆڵەکە ناوبراوە. حەسەنپور زمانی وەک وەک یاساوڕێسایێکی ئاڵۆز سەیر دەکرد و پێێ وابوو زیندووبونی زمان هاوکات پەیوەستە بە ساکاریی و ئاڵۆزی و کۆنێتی و نوێیی، دەشیزانی ئەگەر زمان نەگۆڕێ ناتوانێ وەڵامدەرەوەی پێداویستیەکانی کۆمەڵگا بێ و گەر بێتوو بە خێراییش بگۆڕێ ئەوە بەربەست بۆ ئاخێوەران و بەردەنگەکان دەخوڵقێنێ.

بواری تایبەت بە ژن و مافەکانی ژنان، پرسی ژن لەناو ناسیۆنالیزم- و کاریگەری میدیا و تەکنەلۆژیاش لەسەر سیاسەت و سیاسەتی زمانیش دوو بابەتی دیکەی جێگەی سەرەنجی حەسەنپور بوون و بەردەوام هەر لە سۆنگەی ئایدۆلۆژیاوە ئاوڕی لێدەدانەوە. بە پێچەوانەی زۆر خوێندەواری ئێستاکە کە بە هاسانی ڕەخنەی ئایدۆلۆژیا دەگرن، حەسەنپور لە نوسراوەکانی ئاوڕی لە هەر دوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ئەم چەمکە داوەتەوەو سەرەڕای ئاگاداری لە پێشکەوتنە بەردەوامەکانی زانستە مرۆییەکان نەکەوتە داوی میتۆدۆلۆژیایەکی پۆست-مۆدێرن یان لیبەرال، بەڵکوو وەک کەسایەتیەکی خاوەن سەرچاوە بە بینینی ئازارەکانی مرۆڤ لە هەر سوچێکی ئەم دونیایە دەنگی خۆی بەرزکردەوە، بەڵام بۆ ساتێکیش پشتی لە کێشەکانی گەلەکەی نەکرد، بە ئازارێکی دیۆنیزۆس ئاسا لە گەڵیان ژیا، دەوری خۆی لە شانۆی ژیاندا لە ڕۆڵی ئەکتەرێکی یاخی و دژی باری باو گێڕا و شکۆمەندانە سەری نایەوە.

 

 

هەفتەنامەی سیروان/ ژمارە ٩٤٠

ده‌نگێ نه‌دراوه