هه‌ڵسه‌نگانه‌‌نی‌ بارو دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری مه‌لا و فه‌قێ‌یه‌کانی کوردستان

هه‌ڵسه‌نگانه‌‌نی‌ بارو دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری مه‌لا و فه‌قێ‌یه‌کانی کوردستان

به‌ نێوی ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ی که‌ بناغه‌ی ژیانی مرۆڤی له‌سه‌ر زانین دانا، فێربوونی به ‌نه‌زان سپارد و فێرکاری به‌ زانا. دڕوودی بێ‌ بڕانه‌وه‌ له‌سه‌ر گیانی پاک و بێ‌گه‌ردی دوایین نێردراوی خوا، حه‌زره‌تی موحه‌ممه‌دی پێشه‌وا که‌ به‌ نه‌خوێنده‌واری ڕوو به‌ ڕووی ته‌واوی خوێنده‌وار و قوتابخانه‌ و زانکۆکان بۆوه‌ و رابردووی ‌وه‌بیر‌هێنانه‌وه‌ و داهاتووی بۆ لیکدانه‌وه‌.

سۆز و لێبوردنی خوای خاوه‌ن به‌زه‌یی داوا ده‌که‌م بۆ یاره‌ به‌وه‌فاکانی که‌ وه‌ک کانی به‌ ئاوی ڕوونی فێرکاریه‌کانی سه‌رچاوه‌ی زانسته‌ دینێ‌کان، دڵ و ده‌ڕوونی ویشکارۆی رێ‌ لێونبووانی کۆمه‌ڵـگای مرۆڤیان پاراو کرد و رێی ژینیان بۆ ڕوون کردنه‌وه‌.

پاشان ئه‌م وتاره‌ وه‌ک له‌ سه‌ردێڕه‌که‌ ده‌رده‌که‌وێ‌ له‌ دوو به‌شی هه‌ڵسه‌نگاندنی باری کۆمه‌ڵایه‌تی و باری ئابووری زانایانی ئایینی و فه‌قێ‌یه‌کان پێکهاتووه‌.

 

به‌شی یه‌که‌م: باری کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م چینه‌

ده‌گه‌ڵ هاتنه‌خواری یه‌که‌م سڕووشی عاسمانی بۆ کۆتا په‌یامهێنه‌ری خوا بۆ کۆمه‌ڵی سه‌رلێشێواوی ئینسانی، فه‌رمان به‌ خوێندن و خوێندنه‌وه‌ درا و درا به‌سه‌ر نه‌زانی و نه‌خوێنده‌واریدا. وشه‌ی زانین و زانا ده‌یان و سه‌تان جار له‌ په‌ڕتووکی پیرۆزدا دووپات کرایه‌وه‌ و بناغه‌ی دین له‌سه‌ر زانست تێک خرایه‌وه‌. په‌یامهێنه‌ریش خوێندنی به‌ ئه‌رکی سه‌رشانی ڕ‌یڕه‌وانی دانا و له‌ بێشکه‌وه‌ تا ناوگۆڕی بۆ ئه‌وکاره‌ ته‌رخان کرد و ته‌نات رێنوێنی‌کردن سنووری وڵاتانی بیانی بپه‌ڕێنن و بۆ خوێندن بچنه‌ لای لاوه‌کیان.

به‌و پێیه‌ چینی زانا و خوێنده‌وار به‌ر له‌ هه‌موو چین و توێژێک له‌ لایه‌ن خواوه‌ به‌ فه‌رمی ناسرا و تابڵۆی په‌سنی ئه‌و به‌ هه‌موو دار و دیوارێک هه‌ڵواسرا.

به‌ڵێ‌ یه‌که‌م مامۆستای مرۆڤـ فریشته‌ی سرووش بوو که‌ یه‌که‌م ده‌رسی په‌ڕتووکی ئاسمانی له‌ یه‌کێک له‌ شه‌وه‌کانی مانگی ڕه‌مه‌زانا به‌ په‌یامهێنه‌ری چاخی دوایی وت و به‌ بیست و سێ‌ ساڵان به‌شی هه‌موو به‌ره‌ی مرۆڤـ و جنۆکه‌ی ده‌رس دادا و کردی به‌ مامۆستای زانکۆی مروڤـ سازدان و ئه‌ویش به‌ نه‌خوێنده‌واری، گشت ده‌رسه‌کانی به‌ یاران و شاگردانی گیان له‌سه‌رده‌ست و بێ‌ ده‌ربه‌ستی گوته‌وه‌وه‌ و سازی دان و به‌ گژ گیانی بێ‌گیانی نه‌زانی و نه‌فامی و سه‌ره‌رۆیی‌دا کردن و کردنی به‌ مامۆستای وه‌چه‌کانی دوایی و گه‌لانی بێده‌ره‌تانی دیکه‌ و به‌م شێوه‌ به‌ فه‌رمووده‌ی «کن عالـماً أو متعلماً» خه‌ڵکی به‌ دوو به‌شی زانا و ده‌رسخوێن یان مه‌لا و فه‌قێ‌ دابه‌ش کرد و ڕێی بۆ نه‌زان و نه‌خوێنده‌واری نه‌هێشته‌وه‌.

 

یه‌که‌م فێرگه‌ی ئه‌م بیر و باوه‌ڕه‌ پاراوه‌ و ئه‌م یاسا و ڕێسا چڕ و پڕ و هه‌راوه‌ ماڵه‌ قوڕینه‌که‌ی پێغه‌‌مبه‌ری خۆشه‌ویستی خوا بوو، پاشان په‌ره‌ی پێدرا و گوێزرایه‌وه‌ بۆ ماڵی ئه‌رقه‌م و کون و قوژبنه‌کانی باژێڕی مه‌ککه‌ و تا کۆچ کردن و دامه‌زراندنی یه‌که‌م قه‌واره‌ی سیاسی دین، ئه‌م ده‌رس خوێندن و ده‌رس وتنه‌وه‌ هه‌ر به‌ دزی و دوور له‌ تێگه‌ین و پێ‌ حه‌سیانی دوژمنان و نه‌یاران بوو، به‌ڵام له‌وه‌ به‌دواوه‌ فێرکردن و خوێندن، ئاشکرا کراو هه‌موو ماڵێک و به‌تایبه‌ت ماڵه‌کانی خوای په‌روه‌ردگار واته‌ مزگه‌وته‌کان بوونه‌ یانه‌ی وانه‌ و ده‌رس و هه‌رکه‌س له‌ هه‌ر جێیه‌ک بۆی لوابا بۆ زاناتر له‌ خۆی قوتابی بوو، بۆ به‌ره‌و ژێرتر له‌ خۆی، مامۆستا و ده‌رس‌بێژێکی ورد بوو.

ئه‌م داب و نه‌ریته‌ به‌پیته‌، تایبه‌تی وڵاتی هاتنه‌ خواری خه‌ڵاتی قوڕئان نه‌بوو، به‌ڵـکوو هه‌ر سه‌رزه‌مین و هه‌رێمێک، دینی ئیسلامی وه‌رده‌گرت، یه‌که‌م شت که‌ تیایدا سه‌ری ده‌گرت و به‌ری ده‌گرت، ئه‌م ده‌رس وتن و ده‌رس خوێندنه‌ بوو. هه‌ر بۆیه‌ له‌ چاخی جێ‌نشینایه‌تی خه‌لیفه‌ی دووهه‌م، عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب‌دا ـ د.خ ـ که‌ هه‌تاوی دین له‌ ئاسمانی کوردستانی چه‌وساوه‌ی به‌رده‌ستی ئێران و ڕۆم‌ دا گزینگی دا، ئه‌م فێرگه‌ و زانکۆیانه‌ش کرانه‌وه‌ و خوێندنی زانسته‌ دێنێ‌کانی سه‌رده‌م ده‌ستی پێکرا و قونه‌دزه‌ی دێوه‌زمه‌ی نه‌زانی و نه‌فامی هه‌ستی پێکرا.

تا سێسه‌د ساڵ تێپه‌ڕ بوون له‌ سه‌ره‌تای ئیسلام، مزگه‌وته‌کان ده‌وری فێرگه‌ و زانکوێان ده‌گێڕا و خوێندکاره‌کان له‌وێ‌ ده‌رس داده‌دران و ده‌بوونه‌ مامۆستای ئایین و زانسته‌ دینێ‌کان، پاشان ورده‌ ورده‌ له‌ ته‌نیشت مزگه‌وته‌کان، فێرگه‌ی تایبه‌ت به‌ ده‌رس‌دان و ده‌رس خوێندن سازدران و ده‌نگی ده‌رس و ده‌وری مامۆستا و فه‌قێیه‌کان ببۆ به‌ ئاهه‌نگی کۆڕی زانایان و مه‌جلیسیان پێ‌ گه‌رم و دڵی ره‌قیان پێ نه‌رم ده‌کرد.

ده‌رسخوێن و ده‌رچووانی ئه‌و زانکۆ و فێرگانه‌ بوون که‌ له‌ کورده‌واریدا به‌ فه‌قێ و مه‌لا ناویان ده‌رکرد و به‌رزترین و به‌ڕێزترین چینی کۆمه‌ڵی کوردییان پێک هێنا.

مێژووی ره‌سه‌نی کوردی شاهیده‌ که‌ مه‌لا و فه‌قێی کورده‌واری جگه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌رکی تایبه‌ت به‌ خۆیان، له‌ زۆر بواری گرینگی دیکه‌ی ژیانی خه‌ڵک‌ دا ده‌وری سه‌ره‌کی و شوێندانه‌ریان هه‌بووه‌.

 

له‌ ئه‌رکه‌ گرینکه‌کانی مه‌لا و فه‌قێی کوردستان، ده‌توانین به‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ ئاماژه‌ بکه‌ین:

 

1ـ تێکۆشان بۆ ستاندنی مافه‌ ره‌وا و زه‌وت کراوه‌کانی گه‌لی کورد و به‌ کورتی چالاکی سیاسی.

2ـ قه‌زاوه‌ت و داوه‌ری.

3ـ پێکهێنانی سوڵح و ئاشتی له‌ ناو ئه‌ندام و بنه‌ماڵه‌ و چین و توێژه‌ جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵ.

4ـ به‌شداری کردن له‌ شایی و شینی خه‌ڵکدا.

 

زۆر ئه‌رکی دیکه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر شانی زانا ئایینييکان بوون و له‌ده‌س که‌سی دیکه‌ نه‌هاتوون، وه‌ک ژن خواستن، ماره‌بڕینی ژن، مه‌سڵه‌ت کردن، نێو لێنانی منداڵ و زۆر ورده‌کاری دیکه‌ش که‌ هه‌ر بێ‌ چاوه‌ڕوانی بۆ خه‌ڵک ئه‌نجام دراون و جێبه‌جێ کراون.

به‌ تێڕوانینی پێشوو و مێژوو و به‌ ئه‌زمونیش دیاره‌ و حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ که‌ مه‌لا و فه‌قێی کورد له‌ دڵی خه‌ڵک دابووه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوی و ڕێز و حورمه‌ته‌ به‌تایبه‌ت له‌ به‌شی‌ کوردستانی رۆژهه‌ڵاتدا وه‌ک خۆی نه‌ماوه‌ و که‌مڕه‌نگ بووه‌.

 

به‌ بیروڕای من هۆی ئه‌م پچڕانی پێوه‌ندی و که‌مبوونه‌وه‌ی ڕێز و حورمه‌ته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی‌ خواره‌وه‌:

 

1ـ دابڕانی مه‌لاکان له‌ مێژووی له‌مێژینه‌ی خۆیان و دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له‌ چالاکی و خه‌بات و تێکۆشانی سیاسی.

2ـ نه‌مانی یه‌کیه‌تی و یه‌کگرتوویی نێوان مه‌لاکان.

3ـ بێبه‌ش مانه‌وه‌ی گه‌لی کورد له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی شۆڕشی ئیسلامی.

4ـ دژایه‌تی چه‌پیه‌کان ده‌گه‌ڵ ئایین و هه‌ڵگرانی ئاڵای دین.

5ـ هاتنه‌ خواری ئاستی زانست و خوێنده‌واری مه‌لاکان.

6ـ دژایه‌تی کردنی تاقمێک مه‌لا ده‌گه‌ڵ پیشه‌ی مه‌لایه‌تی.

7ـ ژیانی چاو له‌ ده‌ستی.

 

ڕێی چاره‌سه‌ر

به‌ڵێ وه‌ک ڕوونمان کرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی که له‌م دوایییانه‌دا بۆته هۆی کز و لاوازبوونی پێوه‌ندی نێوان خه‌ڵک و مه‌لا، ئه‌و خاڵانه‌ن که ئاماژه‌مان پێکردن که لێره‌‌دا بۆ نیشاندانی هه‌ڵوێستی خۆم و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای چاره‌سه‌ر، مه‌به‌سته‌کان دێنمه‌وه به‌ر باس و لێیان ده‌دوێم:

 

1ـ دابڕان له مێژوو

پێویسته له‌به‌ره‌وه، ئه‌مه بڵێین که مه‌لا، وه‌ک هه‌ندێک خه‌ڵک بیر ده‌که‌نه‌وه، یه‌کجاری و به‌ته‌واوی له مێژووی خه‌بات و تێکۆشان دانه‌بڕاون و له کاروانی خزمه‌ت هه‌ڵنه‌بڕاون. چونکی ده‌بینین به‌شێک له مه‌لای کورد ده‌گه‌ڵ حیزبه سیاسیه‌کان رویشتوون و ته‌نانه‌ت له ئاستی رابه‌ری ئه‌م حیزبانه‌دا کار ده‌که‌ن و حیزب و گروپه‌کان هه‌ڵده‌سوڕێنن.

به‌شێکیش له مامۆستا ئایینی‌یه‌کان، له ناوه‌وه‌، ده‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه و بزووتنه‌وه دینیه‌‌کان‌ دان و خه‌ریکی خزمه‌تن. زۆربه‌ی زۆریشیان هه‌ر ئاوا و به بێ چوونه ناو جه‌ریانێکه‌وه لایه‌نگری هه‌وڵه سیاسیه‌‌کانن و دیفاع له مافه ره‌واکانی گه‌لی کورد و هه‌موو گه‌لانی دیکه‌ی ئێران ده‌که‌ن. به‌ڵام هه‌رچی بێ ده‌بێ بیسه‌لمێنین که هه‌وڵ و تێکۆشانی مه‌لاکان وه‌کی رابردوو به‌رچاو نییه، ڕێگه‌چاره‌ی ئه‌م گرفته‌ش ئه‌وه‌یه که مه‌لاکان پتر هه‌وڵ بده‌ن و له‌ یه‌ک نێزیک ببنه‌وه و زیاتر بڵێن و بنووسن و یه‌ک‌ قسه و یه‌کڕه‌نگ بن و له ورده‌شه‌ڕان بێده‌نگ بن.

 

2ـ نه‌بوونی یه‌کگرتوویی له نێوان مامۆستاکان

له‌بیرمانه که به‌دوای ڕووخانی رژێم‌دا بووکی ئازادی له ئاسۆی تێکۆشانی گه‌لانی هه‌راوی ئێران ده‌رکه‌وت و به شایی و لۆغانه پێشوازی لێکرا.

•  یه‌که‌م شت که سه‌ری هه‌ڵدا تاقمه سیاسیه‌کان بوون که‌ هاتنه مه‌یدان و کاریان گرته ده‌ست خۆ و خه‌ڵکیان له خۆیان هاڵاند.

مامۆستایانی ئایینیش له سه‌رێکه‌وه له‌به‌ر ساویلکه‌یی و ئه‌مه که به‌شی زۆریان نه‌یانده‌زانی ئاکامی ئه‌م تاقمانه به‌ کوێ ده‌گا، گوێیان به خۆسازدان و خۆڕێک‌خستن نه‌دا و به‌شێکی که‌میش که سه‌ریان له ڕووداوه‌کان و داوه‌کان ده‌ردێنا و مه‌سه‌له‌کانیان جوان، که‌و وشه‌ن ده‌کرد، هه‌ڵوێستیان لێک جیا بوو، که‌مێکیان باری مه‌زه‌بییان به‌هێزتر بوو و که‌مێکیشیان لایه‌نی نه‌ته‌وایه‌تی.

له ئاخره‌مین قۆناغی ره‌وتی مێژووی ڕووداوه سیاسیه‌کانیشدا که قۆناغی پاش سه‌قامگیربوونی کۆماری ئیسلامی ده‌گرێته به‌ر، جارناجارێ له هه‌ر شارێ، هه‌وڵی، کۆبوونه‌وه و یه‌کگرتن دراوه و کاری بۆ کراوه، به‌ڵام هه‌ر جاره به هۆگه‌لی جۆراوجۆره‌وه ئیشه‌که سه‌ری نه‌گرتووه و هه‌وڵه‌کان پووچه‌ڵ کراونه‌وه.

به بیروڕای من هۆی ئه‌م یه‌کنه‌گرتنه چه‌ند شته، یه‌که‌م: لێمگه‌ڕێن با بڵێم مه‌لای کورد له تۆره‌مه‌ی کورده و کوردیش به‌داخه‌وه قه‌ت فێری یه‌کگرتن و یه‌کڕیزی نابێ و نابێ به برای یه‌ک و چرای یه‌ک، هه‌روه‌کی حاجی شاعیر ده‌ڵێ:

 

ئیتتیفاقه دولبه‌رێکی بێکه‌ده‌ر

بێ جیاز و ماره‌یی ده‌یدا به شوو

حاجی ئه‌نواعی لیباسی کرده به‌ر

له‌و هه‌موو کوردانه داخوازێک نه‌بوو

 

•  دووهه‌م: دووهه‌مین هۆی پێکنه‌هاتنی یه‌کیه‌تی نێوان مامۆستایانی ئایینی، هه‌ندێک له نیهاده‌کانی ده‌وڵه‌تین و له نێو ئه‌وانیشدا به‌تایبه‌ت «ناوه‌ندی گه‌وره‌ی ئیسلامی»

•  سێهه‌م: سێهه‌مین و شوێندانه‌رترین له‌مپه‌ر له به‌ر یه‌کیه‌تی و یه‌ک‌گرتنی مامۆستاکان هه‌ر خۆیانن ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر دوو هۆی سه‌ره‌کی که بریتین له:

1ـ ترسان له‌و نیهاده ده‌وڵه‌تییانه‌ی یه‌کگرتنی مامۆستاکان به مه‌سڵه‌حه‌ت نازانن.

2ـ دووهه‌م ئه‌وه‌یه که خودی مامۆستا ئایینی‌یه‌‌کان له یه‌کتر دڕدۆنگن و یه‌کتریان قبووڵ نییه. له‌و باره‌شه‌وه ده‌بێ بڵێین به‌داخه‌وه تاقمێک له وان به بیانووی دیفاع و لایه‌نگری له مه‌زه‌بی شافیعی خۆیان خڕ کردۆته‌وه و پێیان وایه ئیسلامه‌تی هه‌ر ئه‌و مه‌زه‌به‌یه له به‌رانبه‌ر ئه‌م ده‌سته‌ش، هه‌ندێکی دیکه هه‌ن که په‌یڕه‌وی کردن له مه‌زه‌بێکی تایبه‌تی به پێویست نازانن، هه‌ڵبه‌ت زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌م تاقمه که‌سانێکن که خوێنده‌واری قوتابخانه‌کانی ده‌وڵه‌تین و هه‌ندێکیش مه‌لا پاڵپشتیان ده‌که‌ن و ڕچه‌یان بۆ ده‌کێشن.

شمشیرێکی دیکه بۆ له‌تکردنی ڕیزی مامۆستاکان ئه‌مه‌یه که به‌شێکیان خۆیان به لایه‌نگری ته‌سه‌ووف و ته‌ریقه‌ته دینیه‌‌کان ده‌زانن ده‌سته‌ی ڕووبه‌ڕووی ئه‌م چینه‌ش،که‌سانێکن له زانایان که پابه‌ندی ئه‌و شتانه نین و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له کردار و باوه‌ڕه‌کانی وانیان له لا، تاوان و تێنه‌گه‌یشتن له دینه.

دووڕێیانێکی تر، بۆ لێک‌هه‌ڵبڕانی مامۆستاکان، ئه‌وه‌یه که هه‌ندێکیان باوه‌ڕیان به کاری به‌کۆمه‌ڵ و پێکهێنانی گرووپی ئیسلامی هه‌یه له حاڵێکا که هه‌ندێکی تر باوه‌ڕیان جۆرێکی تره و ده‌ڵێن حیزبایه‌تی فڕی به سه‌ر دینه‌وه نییه و موسوڵمان و حیزبایه‌تیان نه‌گوتووه.

ده‌ردێکی دیکه‌ی جه‌رگ‌بڕ، ئه‌مه‌یه که ده‌سته‌یه‌ک لایان وایه هه‌وڵدان له کوردایه‌تیدا کورت هه‌ڵدێته‌وه و کوردایه‌تیش بریتی‌یه له ره‌نجدان بۆ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ئیتر کار بۆ دین کردن، یان چوونه پێش له ڕێبازی دیندا، بۆ وه‌رگرتنی مافی ره‌وای گه‌ل، نه پێویسته و نه دروستیشه. ده‌سته‌ی به‌رانبه‌ری ئه‌مانه ده‌ڵێن هیچ وا نیه چونکه نه‌ته‌وایه‌تی تازه سه‌ری هه‌ڵداوه و دینی ئیسلام به‌ر له کوردایه‌تی رێبازی پڕ له شانازی به‌ربه‌ره‌کانی ده‌گه‌ڵ زۆرداران بووه و بێت و دین بچه‌سپێ مافی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان وه‌دی دێ.

به‌ڵێ مامۆستاکان به‌م شێوانه و به زۆر بیانووی دیکه‌شه‌وه لێک کشاونه‌وه و پێیان وایه:

به‌ هاوکاری ڕووبه‌ڕوویان

یا خۆ به‌مه بێد‌ین ده‌بن

یه‌کتر به دوژمن ده‌ناسن

بۆیه‌ نه‌وه‌ک یه‌ک ناگرن

له پاشه‌مله‌ی یه‌کتر ده‌ڵێن

دڵخۆشن به‌مه ‌لێک دوورن

گه‌لێک له یه‌کتر نه‌بانن

نه‌ یار پێیان هه‌ڵاده‌ڵێ

هه‌ندێکانیش ده‌کا خه‌ڵات

مه‌بادا وێکڕا ئاش ‌وه‌بن

له دمی نه‌یار ببنه مستێ

له ده‌وری یه‌ک هه‌ڵورنه‌وه

به‌بێ شک ده‌چێ ئابڕوویان

بێ‌ باوه‌ر و یه‌قین ده‌بن

به‌وه‌ش پڕ به‌دڵ ده‌نازن

له یه‌کتر ده‌ڵێی ئاگرن

نه‌ماوه په‌یمان و به‌ڵێن

له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه سوورن

هه‌ر به که‌یفی دوژمنانن

باره‌قه‌ڵڵایان پێ ده‌ڵێ

تا وه‌مێنن بێ‌ده‌سه‌ڵات

ببنه‌وه برا و باش وه‌بن

له ناحه‌ز ببڕن بڕستێ

ئه‌مجا مافیان وه‌رگرنه‌وه!!

 

چاره‌سه‌ری من بۆ ئه‌م گرفت و ده‌ردانه ئه‌و پپشنیازه‌یه که له کتێبی فه‌قێ و فه‌قێیه‌تی‌دا نووسیومه که ده‌ڵێت:

«وریابه! ده‌بێ زۆریش وریای خۆ بین، پتر له‌وه‌ لێکمان نه‌که‌ن، به‌ گژ یه‌کترمان دانه‌ده‌ن. زۆر وا هه‌یه‌ پێمان ده‌ڵێن: فڵان‌که‌س پیره‌، بیری کۆنه‌ و بێ ته‌کبیره‌، فیسار لاوه‌، هێشتا کاڵه‌، نه‌گوراوه‌، فڵانه‌که‌س «موته‌جه‌ددید»ه‌، رێبازی تازه‌ و جه‌دیده‌، یارۆ ده‌روێش یان سۆفی‌یه‌، ده‌گه‌ڵ تێکۆشانی نییه‌، ئه‌مه‌یان بۆته‌ وه‌هابی، بۆوه‌ی نابێ له‌گه‌ڵیابی. ئه‌مه‌ بێ ڕیش و مێزه‌ره‌، یا جبه‌ و عه‌بای ده‌به‌ره‌، هۆوه‌ سه‌ر به‌ فڵانه‌ جێیه‌، ودمی فیسار شێخی پێیه‌، ئه‌مه‌ ره‌شه‌، ئه‌ویان بۆره‌، ڕیشی درێژه‌، سمێڵی زۆره‌. تا هیچمان پێکه‌وه‌ نه‌بین. یه‌کدڵ و یه‌ک شێوه‌ نه‌بین.

«ئه‌وانه‌ی ئاوا ده‌بێژن، ئه‌سری تیمساحی ده‌رێژن، دڵسۆز نین به‌ گوێیان مه‌که‌. له‌ لای خۆت قه‌ت جێیان مه‌که‌. ئه‌و شتانه‌ت به‌ گوێ دانه‌چی، کوڕ به‌، له‌سه‌ر رێ لانه‌چی، هه‌ندێ تۆمه‌ت و بوختانن، هه‌ڵبه‌سراوی دوژمنانن، هه‌ندێ هێڵ و خه‌تیان هه‌یه‌، له‌دین دا بنه‌ڕه‌تیان هه‌یه‌، تۆمه‌زلاریان تێکه‌وتووه‌، بڕێ باریان لێکه‌وتووه‌. وه‌سه‌ مه‌لاییه‌که‌ی خۆمان که‌ بۆته‌ به‌ردی بن گۆمان، له‌سه‌ر ڕچه‌ی خۆی نه‌ماوه‌، له‌ دۆخی خۆی ترازاوه‌».

 

3ـ بێبه‌ش مانه‌وه‌ی گه‌لی کورد له ده‌ستکه‌وته‌کانی شۆڕشی ئیسلامی

لای هه‌موو که‌سی به‌ویژدان و حه‌قویست ئاشکرایه که هه‌ر که‌س تاوانی ئه‌م بێبه‌شی‌یه بخاته مل مه‌لای کورد و به بیانووی ئه‌وه که مه‌لا هه‌ر مه‌لایه و فه‌رقی شیعه و سوننه نییه، یان مه‌لا ده‌کرا ئه‌و مافه بستێنن و به‌ڵام نه‌یان‌کرد، داوایه‌کی بێ‌جێ و ناره‌وایه.

خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م تاوانه بدرێنه پاڵ هۆکاره‌کان، مه‌لا به‌شێکی که‌م له قه‌ده‌ر که‌مکاری خۆیان به‌رده‌که‌وێ.

رێ‌چاره بۆ ێپشگیری له زیاتر ته‌شه‌نه کردنی ئه‌م تۆمه‌ته، ئه‌وه‌یه که مامۆستاکان راده‌ی ته‌قوای سیاسی‌یان به‌رنه سه‌رێ و به‌ئاشکرایی له مافی ره‌وای گه‌لانی ئێران و پیاده‌کرانی دروست‌تر و هه‌مه‌لایه‌نه‌تری دین، دیفاع بکه‌ن و خۆیان بکه‌نه خاوه‌نی کێشه‌ی کورد.

 

4ـ‌ دژایه‌تی بێدینان و چه‌په‌کان ده‌گه‌ڵ ئایین و مه‌لادا

ئه‌م هۆکاره له هۆکاره‌کانی ناحه‌زکردنی مه‌لا له به‌ر چاوی خه‌ڵکا، شتێک نییه پێشگیری لێ بکرێ. چونکه ده‌ڵێن دوژمن خه‌ونی گولی بۆ دوژمنی ده‌بینێ.

 

5ـ له‌مه‌ڕ هاتنه خواری ئاستی زانست و خوێنده‌واریشه‌وه، که ده‌بێته هۆی دوربوونه‌وه‌ی خه‌ڵک له مه‌لا ده‌بێ فه‌قێ و مامۆستای ئایینی هه‌م خوێندنه‌که‌یان به‌ته‌واوی بخوێنن هه‌م له موتاڵا و خوێندنه‌وه‌ی په‌ڕتووکه کۆن و نوێیه‌کان رانه‌وه‌ستن. هه‌روه‌ها پێویسته ئاگاداری زانسته‌کانی رۆژ و هه‌واڵ و ڕووداوه‌کان بن و تێیاندا ببنه خاوه‌نی قسه و ڕا.

 

6ـ ئه‌و که‌سانه‌ش که دژایه‌تی ده‌گه‌ڵ مه‌لا و مه‌لایه‌تی ده‌که‌ن ده‌بێ قسه‌یان ده‌گه‌ڵ بکرێ.

 

7ـ له باره‌ی ژیانی چاوله‌ده‌ستیشه‌وه، هه‌روه‌ک به‌ڵێنیم دا له به‌شی دووهه‌می باسه‌که به ته‌سه‌لی له‌سه‌ری ده‌دوێم.

 

به‌شی دووهه‌م: باری ئابووری چینی مه‌لا و فه‌قێ

بۆ لێکدانه‌وه‌ی چۆنیه‌تی ژیان و باری ئابووری مه‌لا و فه‌قێ‌یه‌کان، ده‌بێ مێژووی زانایانی ئایینی، به مه‌لا و فه‌قێ‌وه به دوو ده‌وره‌ی: پێش ڕووخانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و پاش ئه‌م ڕووداوه و دوا جوداکردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌‌ت و حکوومه‌ت، دابه‌ش بکه‌ین:

 

1ـ له سه‌ره‌تای ئیسلامه‌وه تا ڕووخانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و جودایی دین له ده‌وڵه‌ت:

حاشا له‌وه ناکرێ که چ به‌ر له دانرانی «بیت‌المال» له‌لایه‌ن خه‌لیفه‌ی دووهه‌م عومه‌ری کوری خه‌تتابه‌وه و چ دوای دامه‌زرانی «بیت‌المال» تا ده‌وری خیلافه‌ی راشیده به‌سه‌ر ده‌چێ و حکوومه‌ت شوورایییه و به ده‌نگدانی خه‌ڵک سه‌ر ده‌گرێ و چ له ده‌ورانی سوڵتانه موسوڵمانه‌کانی خولی ئه‌مه‌ویان و هه‌باسیان و عوسمانیان، که حکوومه‌ت به ده‌ست موسوڵمانانه‌وه بووه، خوێندن هه‌ر خوێندنی ئایینی بووه و ره‌سمییه‌ت به‌م دراوه.

بێگومان مووچه‌ی ده‌رسبێژان و نه‌فه‌قه‌ی ده‌رسخوێنان و خه‌رجی سازدانی فێرگه‌کان، له لایه‌ن حکوومه‌ته‌کانه‌وه، له سه‌رچاوه‌کانی وه‌ک ده‌ستکه‌وتی شه‌ڕ، زه‌کاتی ده‌وڵه‌مه‌ندان، مه‌وقووفاتی خێرخوازان و سه‌رچاوه ماڵیه‌کانی دیکه‌ی نێو موسوڵمانان دابین کراوه و وه‌ڕێ خراوه.

 

2ـ قۆناغی دوای ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی

به‌ڵام پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و له‌ناوچوونی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی به‌داخه‌وه خوێندنی دینیش له ره‌سمیه‌ت خرا.

مووچه و به‌راتی مه‌لایان و خه‌رج و پێتاکی فه‌قێیان له‌م ده‌وره‌دا که پتر له هه‌شتا ساڵ ده‌گرێته به‌ر، له زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری وڵاته موسوڵمان‌نشینه‌کاندا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، یان کاروباری ئیسلامییه‌وه دابین کراوه و ده‌کرێت. به‌ڵام جێی خۆیه‌تی که وڵاتی خۆمان ـ ئێران ـ له‌م باره‌وه، باسی لێبکه‌ین و هه‌ندێ ده‌ردی دڵ هه‌ڵبڕێژین.

بۆ ڕوون‌بوونه‌وه‌ی باری ئابووری مه‌لا و فه‌قێیان له ئێراندا، ده‌بێ مێژووی ئه‌م چینه به دوو به‌شی پێش راپه‌ڕین و پاش پیرۆزی شۆرشی ئیسلامی دابه‌ش بکه‌ین.

له زه‌مانی شادا رێکخراوه‌ی ئه‌وقاف مووچه‌ی به هه‌ندێکی که‌م له مه‌لاکان ده‌دا و یارمه‌تی بازێک له حوجره‌کانیشی ده‌کرد. چه‌ند مه‌دره‌سه‌ی علوومی دینیش دانرابوون که یارمه‌تی ماڵیان پێده‌کرا له قالبی مووچه‌ی ده‌رسبێژه‌کان و خه‌رج‌کێشانی فه‌قێیه‌کان.

پاش ڕووخانی رژێمی شا و هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌کرا که بودجه‌ی تایبه‌ت به کاروباری دینی سوننێ‌کان دیاری بکرێ و مه‌لا و فه‌قێیه‌کان مووچه و مه‌عاش و بژیویان بۆ دابندرێ. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و چاوه‌روانی‌یه به بێجێ ده‌رهات

سه‌یر ئه‌وه‌یه جارێک نه‌بوو یه‌کێک له نوێنه‌رانی مه‌جلیسی شورای ئیسلامی وه‌ک رخنه و پێشنیارێکیش بێ، باسێک له دیاری‌کردنی بودجه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری دینی سوننی‌یه‌کان بکات.

ئه‌و مووچه‌ش که ناوه‌ندی گه‌وره‌ی ئیسلامی واته مه‌رکه‌ز ده‌یدا به مه‌لا و فه‌قێ‌یه‌کان سه‌د خۆزگه هه‌ر نه‌بایه چوونکه له لایه‌که‌وه که‌مه و به‌ هیچ راناگا، له لایه‌کی تریشه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ناحه‌ز ده‌گات و نادرێ به‌ هه‌موو مه‌لا و فه‌قێیه‌کیش.

وڵاتی ئێڕاق هه‌روه‌کی زۆربه‌ی وڵاتانی دی، که‌ نه زه‌مانی سه‌ددام و ده‌وڵه‌ته‌کانی پێش ئه‌و، به ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراوه و نه ئێستاش ئیسلامی‌یه، که‌چی ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش‌دا ئێستاش که ئێستایه دوای ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و هه‌ڵڵا و بگره و به‌رده‌یه، مووچه و به‌راتی مه‌لا و فه‌قێی کوردستانی ئه‌ودیو هه‌روه‌ها خزمه‌تی مزگه‌وت و کاروباری دینی، وه‌ک خۆی ماوه‌ و به ته‌واوی ده‌درێت و جێ‌به‌جێ ده‌کرێت.

بۆیه له ئێران، زه‌مانی شا و ئێستاش خه‌ڵکی موسوڵمانی کورد ئه‌و ئه‌رکه‌یان خستۆته سه‌ر شانی خۆیان و مه‌لا و مزگه‌وت و مجێور و فه‌قێ و هه‌موو ئه‌وانه‌یان راگرتوه و به‌خێویان کردوه‌.

پێشنیار و ڕێگه‌چاره‌ی من له هه‌لومه‌رجی ئێستادا بۆ راگرتنی دین و درێژه‌دان به ڕاژه و خزمه‌تی ئایین ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ن:

1ـ هه‌وڵ بدرێ بۆ ئه‌وه که خه‌ڵک چاتر له جاران خزمه‌تی ئایین بکه‌ن. ئه‌مه‌ش به‌م جۆره ده‌بێ که مه‌لاکان باشتر له جاران ئه‌رکی مه‌لایه‌تی و خزمه‌ت به خه‌ڵک ئه‌نجام بده‌ن و جێی خۆیان له دڵی خه‌ڵکدا بکه‌نه‌وه. بۆ راگرتنی فه‌قێ یارمه‌تی له ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان بخوازن و له ئیداره کردنی مه‌دره‌سه‌کاندا به‌شداری‌یان پێبده‌ن.

2ـ مه‌لاکان هه‌وڵ بده‌ن خۆیان و مه‌دره‌سه‌کانیان له ڕێگاگه‌لێکی ره‌وا و شه‌رعێ‌وه به خۆبژیوی بگه‌یه‌نن.

3ـ له ڕێگای نوێنه‌ره‌کانی مه‌جلیسی شورای ئیسلامی‌وه هه‌وڵی ئه‌وه بدرێ که بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری دینی، دیاری بکرێ و خه‌رجی خزمه‌ت به دین بکرێت به‌و شێوه که‌ له وڵاتانی دیکه‌ی ئیسلامی به‌ڕێوه ده‌چێ.

 

ده‌نگێ نه‌دراوه