ڕه‌مه‌زان فریاکه‌وه‌

ڕه‌مه‌زان فریاکه‌وه‌

ئه‌ی مرواریی به‌رۆکی مانگه‌کانی ساڵ، به‌خێربێی بۆ ئه‌م ژیانه‌ ... په‌ککو قه‌درت، چه‌نده‌ سه‌نگین و گرانه‌ ..! ئه‌م ڕۆحه‌ په‌ژمووده‌ی ئێمه‌، که‌ زۆر ده‌مێکه‌ حه‌یرانه‌ ... له‌ سایه‌تدا ده‌شنێته‌وه‌، وا ده‌زانێ به‌هارێکه‌ و سه‌رده‌می گه‌شت و سه‌یرانه‌.

که‌ ماهی یه‌کشه‌وه‌ت دێت و، چیا و ده‌شتی نیشتمانمان ده‌گرێته‌وه‌ ... که‌ ده‌فته‌ری پڕ حیکمه‌تت په‌ڕه‌ په‌ڕه‌ ده‌کرێته‌وه‌ ... شریتی کردار و وته‌ و، خه‌نده‌ و مۆڕه‌ و گرمه‌ و سرکه‌ و، نیگاکانمان به‌جارێ هه‌ڵده‌کرێته‌وه‌ ... دڵان ده‌بنه‌ ده‌فته‌ر و، یادگاریی ته‌مه‌نمان ده‌نووسرێته‌وه‌.

یادگاریی وه‌رزی گوناه، که‌ تۆوی دڕکمان هێنا و، له‌سه‌ر وه‌ردی ته‌مه‌ن چاندمان ... ئاوی غه‌فڵه‌تمان تێگرت و، هه‌ر خۆشمان بووینه‌ باخه‌وان ... دڕک چرۆی کرد و ڕووا و قارونی کرد ... به‌ خۆمان و کارمانه‌وه‌، یه‌ک پارچه‌ بووینه‌ دڕکجاڕ ... ئه‌وه‌نده‌ دڕکی تاڵ و تیژ چه‌قییه‌ ناو ڕۆحی ئێمه‌، ڕۆحی هه‌لا هه‌لا کردین ... هه‌تا بووینه‌ نێچیرێک و قاچمان گیرایه‌ ئه‌و ته‌ڵه‌ی، دوژمنه‌ فری وده‌ره‌که‌، بۆ ئاده‌م و حه‌ووای خێزانی دانابوو .

ئێستا ئێمه‌، له‌سه‌ر خاکی گوناهباری، وه‌کو باپیره‌ و داپیره‌، هه‌ر «ربنا ظلمنا» ده‌ڵێینه‌وه‌ ...

چاوه‌ڕوانی هانایه‌کین، ده‌ ئه‌ی هانای خوادی باری، فریا که‌وه‌ ... له‌ناو ئه‌م بیری غه‌فڵه‌ته‌ ده‌رمانبێنه‌ ... خه‌و له‌ چاومان بتارێنه‌ ... بنرکێنه‌ : ڕاپه‌ڕن که‌ی کاتی خه‌وه‌ ..؟ بێدارمان که‌ له‌م وڕێنه‌ی که‌ هه‌مو ده‌م ده‌یڵێینه‌وه‌ و ده‌یڵێینه‌وه‌ ... وڕێنه‌ی داری خلود و، وڕێنه‌ی موڵکی بێپه‌روا، که‌ وا نازانین ئه‌م ڕێگا ببڕێته‌وه‌ و ... به‌ بارانی ڕۆژه‌کانمان، به‌فری ته‌مه‌ن بتوێته‌وه‌ ..! که‌ گشت ڕۆژێ ئازیزانمان ئه‌سپه‌رده‌ی ناو شاری خامۆشان ده‌که‌ین و ... پاچ و خاکه‌نازه‌کانمان ده‌نێین به‌سه‌ر شانمانه‌وه‌ ... دێینه‌وه‌ ژێر ئه‌م که‌پره‌ هاوینه‌مان و ... بیرمان نییه‌، ئێمه‌ش هاکا که‌وتینه‌ ڕێ، بیرمان نییه‌ که‌ میوانین ... له‌سه‌ر ئه‌م سفره‌ ڕازاوه‌، س ێ چوار ژه‌مێ نان ده‌خۆین و ئیتر ده‌ڕۆین ... ده‌ڕۆین بۆ شاری خامۆشان ... بۆ ناو کۆڕی مه‌رگنۆشان ... بۆ حه‌زیره‌ی کاروانسه‌رای کفنپۆشان!.

ده‌ی ڕه‌مه‌زان فریاکه‌وه‌، پێڵووی چاوه‌کانمان (واز) که‌ و ... به‌ مشتێ ئاوی (که‌وسه‌ر)ی،

خه‌وه‌که‌ی لێ بتارێنه‌ و ... ڕوومان به‌ره‌و قیبله‌گای حه‌ق وه‌رچه‌رخێنه‌ و ... فه‌رموومانکه‌، بۆ

سه‌ر به‌رماڵ، بۆ سه‌ر سه‌کۆی په‌شیمانی و ... بۆ لای جۆگه‌له‌ی فرمێسک و ... بۆ نۆشینی ئاوی

ته‌وبه‌ و .... شۆرینی چڵکی گوناه و ... هه‌ڵمژینی بۆنێکی ڕه‌وزه‌ی پیرۆز و ... بۆ (ئیست)ێکی

وانه‌کانی سوره‌تی (ئه‌نبیا) و (قه‌صه‌ص) که‌ به‌ گوێی ڕۆح (ئه‌مانژنه‌فت).

ڕه‌مه‌زان ... وه‌ره‌ بازاڕ و وه‌ره‌ ماڵمان ... سه‌رنجێ بگره‌ له‌ حاڵمان ... ئه‌ی دۆستی گیانیبه‌گیانی،  بێ بپرسه‌ له‌ هه‌واڵمان ... له‌م ناو قوڕه‌دا ئه‌وق بووین، ده‌ستێکت بده‌ره‌ باڵمان.

ئه‌زانی وا یانزه‌ مانگه‌، ئه‌و هه‌موو ئاوه‌ ده‌نۆشین ... که‌چی تینوێتیمان ناشکێ و کسکه‌مانه‌ بۆ

قومێ ئاو ..! ئه‌و هه‌موو نانه‌ لووشئه‌ده‌ین ... که‌چی برسێتیمان ناشکێ و هه‌ڵپه‌مانه‌ بۆ له‌تێ نان.!

نیازی لیقای سه‌روه‌ر و ... گه‌شتی به‌هه‌شتی پڕبه‌ر و ... خه‌یاڵی نۆشینی که‌وسه‌ر له‌سه‌رمانه‌ و ...

ڕێگای سه‌فه‌ری تولانی له‌به‌رمانه‌ و ... که‌چی مه‌خابن ته‌ممه‌ڵین ... هه‌ر تێناگه‌ین و تێناگه‌ین ..!

به‌فری سپیمان لێ باری، که‌چی کاڵین و پێناگه‌ین ..! زۆر ده‌مێکه‌ به‌ڕێوه‌ین و، چونکه‌ خاوین، به‌جێماوین ... ده‌ڕۆین، ده‌ڕۆین و هه‌ر ناگه‌ین.

هۆ ڕه‌مه‌زان ... ئه‌ی قوتابخانه‌که‌ی زه‌مان ... هاتی هه‌تا ده‌ستمان بگری و ... تۆزی غه‌فڵه‌تمان لێ بسڕی و ... کۆڵی گوناهمان لێ بگری ... تا پێش ئه‌وه‌ی پاییز دابێ و خه‌زان بکه‌ین ... له‌به‌ر شه‌ماڵی ئیمانا، له‌نجه‌ به‌ گه‌ڵای ڕۆحمان که‌ین.

ئه‌وا ئێمه‌ش به‌ خۆمان و پۆشاکی کوردیمانه‌وه‌ ... به‌ که‌شکۆڵی قه‌سیده‌ی بوردیمانه‌وه‌ ... له‌ناو ده‌روازه‌ی شه‌عبانا چاوه‌ڕێتین، چاوه‌چاوی شه‌وه‌که‌ی هیجرانت ده‌که‌ین ... هه‌موو به‌چه‌پکێ گوڵه‌وه‌ له‌ پێشوازیتا وه‌ستاوین، هاتووین گوڵبارانت ده‌که‌ین.

بڕیارمانه‌ له‌تافی میوانداریتا، س ی دانه‌ شه‌و جێگاکانی خه‌و هه‌ڵگرین ... س ی دانه‌ ڕۆژ، ژه‌می نیوه‌ڕۆ لابه‌رین.

 

بڕیارمانه‌، هه‌موومان ده‌ستی یه‌ک بگرین ... هه‌تا ڕۆژی ده‌ور و ته‌سلیم، ڕێگای ئیستیقامه‌ت بگرین ... ڕێگای ئیستیقامه‌ت بگرین.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

شکۆی نوێژی جەژن لە نوێژگە و مزگەوتەکانی تاران هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1397/03/26)
لە ماڵاوایی ڕەمەزاندا رمضان، ڕه‌مه‌زان (1397/03/24)
سه‌بر هه‌وێنی ژیانه کۆمه‌ڵایه‌تی (1397/03/16)