چاوخشاندنێک به‌ چوار خولی چالاکیی شۆراکانی شار و گوند له‌ کوردستان/ فه‌ردین که‌مانگه‌ر

پاش 4 خولی چالاکی شۆراکان ئێستاکه‌ ده‌رفه‌تێکی گونجاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کارنامه‌ی شۆراکان هه‌ڵبسه‌نگێندرێت و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌ که‌ بۆچی ڕێژه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی هاووڵاتییان له‌ شۆراکانی شار و گوند تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ له‌خواره‌وه‌یه‌.
کوردپرێس: پاش ڕاگه‌یاندنی لیستی کۆتایی پاڵێوراوانی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌مین خولی شۆرای ئیسلامیی شار و گوند که‌شی کێبه‌رکێی پاڵێوراوان گه‌رمتر بووه‌ و له‌م نێوانه‌شدا هه‌ندێک له‌ پاڵێوراوان به‌ مه‌به‌ستی وه‌ده‌ستهێنانی ده‌نگێکی زیاتر هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ڵێنگه‌لێک بده‌ن که‌ زۆرینه‌یان له‌ ده‌ره‌تانی شۆرادا نییه‌ و ئه‌گه‌ریش ببێت پێویستی به‌ گوژمه‌ و کاتی زۆر هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌و به‌ڵێنه‌.
تا ئێستا بابه‌تی زۆر له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ حه‌وزه‌ جۆربه‌جۆره‌کاندا پێشکه‌ش کراوه‌. هه‌ر که‌سه‌و لای خۆیه‌وه‌ و له‌ ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه‌ بابه‌ته‌که‌ لێکده‌داته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئیهمال کراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ پاڵێوراوان نیسبه‌ت به‌ ڕۆڵی شۆرا و فه‌رهه‌نگی ئیداریی ئه‌و ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌ نائاشنا و بێ‌ئاگان. ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ندێ کێشه‌.
به‌ وته‌ی زۆرینه‌ی کارناسان و خاوه‌ن بیرانی ئه‌م حه‌وزه‌یه‌ پاش تێپه‌ڕینی چوار خولی چالاکیی شۆرا هێشتاکه‌ شۆراکان نه‌یانتوانیوه‌ به‌ گوێره‌ی ئارمانجی دیاریکراو له‌ یاسای شۆراکاندا بگه‌ن به‌ پێگه‌ و پله‌ی پێویستی خۆیان. نیشانه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و ئیدعایه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هاووڵاتییان له‌ چالاکی و ئاکاری شۆراکان ڕازی نین.
پاش تێپه‌ڕینی نزیک به‌ دوو ده‌یه‌ له‌ چالاکی شۆراکان له‌ پارێزگای کوردستان ڕێژه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی هاووڵاتییان له‌ شۆراکان که‌متر له‌سه‌دا 12ه‌یه‌ و له‌سه‌دا 88ی هاووڵاتییان له‌و ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌ گله‌ییان هه‌یه‌ و ناڕازین. ئه‌و ئاماره‌ش پیشان ده‌دات پێویسته‌ خه‌سارناسی بکرێت بۆ ته‌وه‌ری شۆراکانی شار و گوند بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خولی پێنجه‌مدا هه‌ندێک له‌ خاڵه‌کانی لاوازی و ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی له‌سه‌ر ڕێگای چالاکیی شۆرادان چاره‌سه‌ر بکرێن.
هه‌ر به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و ئاکامه‌ گرینگه‌ش پێویستی به‌ ئاماده‌بوونی هاووڵاتییانه‌ له‌ پێ سندۆقه‌کانی ده‌نگداندا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاگادارییه‌وه‌ که‌سێکی شایسته‌تر بۆ شۆرا هه‌ڵبژێرن که‌ ئه‌و که‌سه‌ بتوانێت له‌ ڕێبازی گه‌شه‌ و ئاوه‌دانیی شاردا هه‌نگاو هه‌ڵبێنێت به‌ڵام گرینگتر ئه‌وه‌یه‌ هاووڵاتییان سه‌باره‌ت به‌ ده‌ره‌تان و یاسای هاوپێوه‌ند به‌ شۆراکانه‌وه‌ ئاگادار بن ئه‌وه‌ش ده‌توانێت ڕۆڵێکی هه‌ره‌گرینگ ببینێت له‌ سه‌رکه‌وتنی شۆراکاندا چوونکه‌ ئێستاکه‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی شۆرا نیسبه‌ت به‌ ده‌ره‌تان و ڕۆڵی شۆراکان زانیاریی پێویستیان نییه‌ و له‌ هه‌ندێک حاڵه‌تیشدا لاوازی له‌و بواره‌دا بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رپێچیی شۆراکان زیاد بکات.

بخش اخبار: 
اصلی