گەشتێک بۆ مەڵبەندی سڵێمان بەگ و حەمە ڕەشیدخان

گەشتێک بۆ مەڵبەندی سڵێمان بەگ و حەمە ڕەشیدخان


بە نێوی بەدیهێنەری جوانی و سروشت و پێنووس و وشە؛

زاتێ، کە خاوەنی گەردوون و خشەی گەڵاکانە.

مانگی گوڵان، وادەی سەیران و گەشت و سووڕانەوەیە. مانگی هەڵمژینی هەڵمی دۆکڵیوی بە لووشە و پنگەیە،

مانگی خۆنواندن و خۆڕانان و لرفە لرف و خۆڕاوەشاندن و تازەبوونەوەیە.

لە نەکاو لە ناو چەقەسەمای گرمەی هەور و درەوشانەوەی خۆر و دەرکەوتنی گوڵ و چەهچەهەی بولبول و بڵاوبوونەوی بۆن و بەرامەی گیا و گۆڵ، کاک وەسمانی ڕەزاسووکی، لە بەردڵان و بێ گرێی هۆزی مەنگوڕ لە تیرەی زوودیانی هەرێمی گەدە. (مامۆستا عوسمان محمدی.سروش) بە چەند ئەلۆیەک هاتە ناو کڵێشمەوە وەک گۆرین، هەڵینام بۆ گەشتی بانە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕی ودم نامە(ئیجازەنامە).

منی عەوداڵی سەفەر و گەڕانیش کە هەر لە بیانووم بۆ دەرکەوتن و خۆ حەشاردان لە ماڵ؟!؟بە وتنی بەچاوان بەڵێنیم پێدا.

بەڵێ ڕۆژی شەممۆ بە هاوڕێیەتی سەرۆک هەریمی ناوچەی لاجان[مامۆستا مەلاڕەسویی ئەندێزێ] و شاندی یاوەری کە پێک هاتبوون لە شاعیر و بەرپرسی دیوانی سەرۆکایەتی: مامۆستا ئەنوەری ڕووگەشی، سمێڵ ڕەشی شارەدێی کەونارای پەسوێ لە گەڵ دوو تازە فەقێی توولەنەمام و شلک و پیتۆڵ بە دوو تڕۆمبێلان کەوتینە ڕێ کوتان.

تا لەمەڵبەندی سوێسنیان، هەڵکەوتە لە کەڵوێ و بەری زێی بچووک لە شارە خنجیلانە بێ نازەکەی نەڵاس، لە ماڵی پڕ لە حورمەتی، مامۆستای بە ڕواڵەت تەمەن هەڵکشاو و توێڵە پڕ لە مەینەتی، ڕێزدار مەلامحمدی ئەنجەوی وەژوورکەوتین و کەوتینە بەر هەڵمەتی ماچ و مووچان دوای وچان و حەسانەوە و لەوەڕان

هاتینە سەر خوانی کۆنەباسی تەڵاق و بابەتی فیقهو و شەرعی ئایینزای سواو و تۆز لێ نەتەکێنراو.

لەوێش کەمن وەک بەردی خڕ لە زۆر دیواران ئۆقرە ناگرم؟!

کەوتمە بەر شاڵاوی سەرۆک هەرێم و کەڵەپیاوی شاعیر و خانەخوێ، کە بە سەد ناری عەلی ڕزگارم بوو

دوای مشتومڕێکی فرە کەوتینەوە ڕێ تاگەیشتینە دەڤەری ئەسحابەکووژی،بانە بۆ چای فێنکیلێ سەرن لە دیوەخانی، سەر لە شت دەرچووی،زیت و وریای، مامۆستا ڕەسووی شوێ وەدەرنا

پاش ماندوو پەڕاندن و چاخواردنەوە و شووتی بە دەم ڕوانین بە ئاوایی مەزنی شوێ و حەوز و کانی پڕ ئاو، کەوتینەوە خۆ؛

تاگەیشتینە وشکەدەرێی سەر سەوز و کەسک و خەمڵاو.

لە زار شوورەی ئاوەدانی لەلایەن مامۆستای سووتاو بۆ گەل و نەتەوە و نیشتیمان، مەلا برایم (ناسراو بە ساماڵ خۆر هەڵاتی) پێشوازییەکەی گەرم و گوڕن لێکرا و بە وێنەکێشان و شێعر وتنەوە، بەرەو مزگەوت وەڕێ کەوتین

دوای نوێژی کورت و کۆ، وەژوور ماڵی قوڕین و سواغ کراوی پڕ لە ناز و خۆشی و ساکار کەوتین.

دوای چەند ساتێک بەرو ڕووی میوانی تازە:مامۆستایان احمد و سردار و باقی بووینەوە،دوای ئەمن چاک و ئەتۆ خۆش، بە شێوەکی بە لەزەت جەم بووین

لە پاشان بە لاق دەرپەڕاندن لە جۆمیلکە بە دیار گوڵەبەڕوژان و قرتاندنیان کەوتینە شەڕە قسە و هەر چی دەمانکووت، نەندەگووتەوە. خولاسەی کەلام بانەگووتنی کەوچکی تێنەدەچوو.

ئەوان بۆ لای مێژووی ئەییۆبییەکان شۆر دەبوونەوە و ساماڵ بە گژ سەلاحی ڕادەچوو، و ڕەسوی ماڵێ دۆشاوان دەیکوو وانابێ و ئەنوەر سەری لێ ڕادەتەکاند و ئاڕەحمانش چوو بوو زگ مۆدێڕنیتە و شتی تازە بابەت و لە نێو دووکەڵی جەغارەش دا ڕەسووی نێو گەورکان(امین امان) لیچی لێ بادەداو سووکە ئاوڕێکی وە بیری گوشراوی تازە بابەت دەدا.

ئه‌حمه‌د و سه‌رداری بڵەسەنیش دەیانویست لە دەلاقەی برایانی موعتەزیلە، شتی ڕابردوو لە هێڵەک بدەن.ڕاڤەی شتی لێک هاڵاویان دەکرد. هەرکەس ئازا با و بارگینی خۆی لینگ دابا

دوای هەڵڵایەکی زۆر بۆ نووستنێ خۆمان گەیاندە، کاولاشی سرداری زار وێک نەکەوتووی شەمامە ڕەنگینە.

بە خوای لەوێش چەق و هەڵڵایک بوو نەبڕێتەوە.

بۆ وەختی بەرچایی کەوتینە گیانی ماست و دۆشاوی گەزۆی، سەرۆک پارووی وای لێ دادەگرت پیاو بەزەیی بە گووپانی دەهاتەوە. دەم و فڵچیشمان بە ڕێواسی بانە تام خۆش کرد

لە چێشتەبەرێ دا چووینە مزگەوت بۆ کۆڕی هەڵمەت و قوربانی و هاڕاندن و گوڕاندن و نەڕاندن بە سەر نەیارانی، شافیعی و ئەشعەری و سۆفی و دروێش و توحفە و مینهاج و ئیبنونەباتە و تیشکی مینبەر، بەزمێکیان بە وەهابیان کرد نەبێتەوە، بانی ئێجتیهادیان دەتەپاند و سەری گوڵی نوێخوازیان دەپساند و مەتەرێزی نەبانیان دەڕووخاند.بە سەری هەمووان تفەنگیان بە سێبەری ئەحەی حرانی(ابن تیمیە) و ئەحمەدی دشەیی(موفتی زادە) و قەرز[مەبەستیان لە وەیە کە قەڕزاوی ئاوڕ و ڕابردووی فیقهی کۆن ناداتەوە و قەرز کوێرە] (قەڕزاوی و نەغدی (قوتابخانەی ئیجتیهادی نوێ) دە ئێستا وەدەنا. پیاوم دەویست بڵێ ئەمن لێو وەرناگرم.

وڵڵا کاکە بیلامانێ ئەمەی نەیاریش کلکن عەیب نەبێ دەبن لاقان نابوو نەدەوێراین بڵەیین لەل. بۆ حەفتا پشتیان تەمبێ کردین.

بەڵام وەڵڵاهی گەشتێکی خۆش و پڕ لە ئەزموون و وانە بوو. بەڕاستی گەڕان دەگەڵ ئەو پوڵەی وزەیەکی بێ سنووری پێ بەخشیم و بۆ ماوەیەکی زۆر شاڕژ بوومەوە. کاڵەم دڕا و چم پێ نەبڕا.

لە کۆتاییدا داوا لە هەموو دۆستانی سەفەر و خانەخوێ دەکەم بە گەورەیی خۆیان، قەڵمەکۆڵەی نێو لێڕەواری ببوورن و گلەیی لێ نەکەن.

بە ناشکوری نەبێ هەر ئەوەندەی لێ حاڵیم. دەلێم مەنگوڕم.

 

خانێ ۱٦-۲-۹٦هەتاوی.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

باڵوێزی ئاشتی هه‌وارگه‌ی دڵان (1397/09/06)