د. سرووش دەباغ: ئیسلامی سوننەتگەرا لەگەڵ دیموكراسیدا تەبایە بەڵام ئیسلامی بونیادگەرا لەگەڵیدا ناگونجێت

د. سرووش دەباغ: ئیسلامی سوننەتگەرا لەگەڵ دیموكراسیدا تەبایە بەڵام ئیسلامی بونیادگەرا لەگەڵیدا ناگونجێت

 

پرسيار: ئیسلام وەکو ئایین دونیابینییەکی فیکریی تایبەتە بە بوونەوەر و مرۆڤ، دیموکراسییش چەمکێکی دامەزراوەیی و سیستمی بەڕێوەبردنە، چی ئەم دوانە بە یەکەوە دەبەستێتەوە؟

سرووش دەباغ: ئەمە بە مەبەستی ئێوەوە گرێ دراوە، کە مەبەستتان لە پەیوەندیی نێوان ئیسلام و دیموکراسی چی بێت، من چەند مانگێک لەمەوبەر دوو جار لەژێر ناوی ئیسلام و دیموکراسی لە تۆرێنتۆ وتارم پێشکەش کردووە و هەوڵم دا باس لەوە بکەم کە ئەم باسە لە بارەی ئیسلام و دیموکراسییەوە بۆ پرسیاری وردتر دابەش بکرێت. کام ئیسلام و کام دیموکراسی؟ هەوڵم دا چوار گێڕانەوە لە ئیسلام جیا بکەمەوە لەژێر ناوەکانی ئیسلامی سوننەتی، ئیسلامی سوننەتگەرایانە، ئیسلامی بونیادگەرایانە و ئیسلامی ڕیفۆرمیستی، هەروەها دیموکراسی دابەش بکەم بۆ دیموکراسیی کەمینە، دیموکراسیی زۆرینە، دواتر ڕوونی بکەمەوە، کە چی پەیوەندییەک هەیە لە نێوان ئەو چوار دابەشکردنەی ئیسلام یان گێڕانەوەکان لە ئیسلام و دیموکراسیی کەمینە و زۆرینە. لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانم بڵێم ئیسلامی سوننەتی هەمان ئیسلامی فیقهییە، پشت دەبەستێت بە ئایینداریی بژێویی ئەندێشانە و جێبەجێکردنی شەریعەت، دەتوانرێت جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی شەریعەت و ئیسلامی فیقهی بە دیموکراسیی کەمینە هاوڕا بێت، وەک ئەو ڕایەی کە زۆرینەی فوقەها سوننەتییەکان هەیانبووە، وەک ئایەتوڵڵا بروجێردی، خویی، کە ئیسلامی حکوومەتیان لا پەسەند نەبووە، بەڵام بە ئیسلامی سوننەتی ڕەزامەند بوون و باوەڕیان وا بووە فوقەهاکان کاری ئایینداریی خۆیان بکەن و حکوومەتیش کاری دنیایی خۆی بکات، هەروەها جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی شەریعەت لە لایەن حکوومەتەوە نەبووە، چونکە کۆمەڵگە ئایینی بوو پێویستە بەشێک لە ئەحکامە فیقهییەکانیش لە لایەن خەڵکەوە ئەنجام بدرێن و جێبەجێ بکرێن.

دەتوانرێت بوترێت کە ئیسلامی سوننەتی بەم مانایەی لەگەڵ دیموکراسیی کەمینەدا تەبایە، بەڵام لەگەڵ دیموکراسیی زۆرینەدا کە گەرەنتیی پاراستنی مافی کەمینەئایینی و نەتەوەیی و ڕەگەزییە، تەبا نییە. ئیسلامی غەیرەسیاسی دەتوانێت لەگەڵ دیموکرای کەمینەدا تەبا بێت، بەڵام لەگەڵ دیموکراسیی زۆرینەدا تەبا نابێت.

ئەگەر باس لە ئیسلامی سوننەتگەرایانە بکەین، لێرەشدا حکوومەتی ئایینی باس ناکرێت، لەبەر ئەوە دەتوانێت لەگەڵ دیموکراسیی کەمینەدا تەبا بێت، واتە باوەڕی بە پەرلەمان هەبێت، لە هەمان کاتیشدا دەتوانێت لەگەڵ دیموکراسیی زۆرینەدا کێشەی نەبێت. ئیسلامی سوننەتگەرایانە کە بە کەسانی وەک (سەید حسێنی نەسر، شوان، ڕێنێ گێنان) دەناسرێت، کە لە ئەمەریکای باکوور و ئەورووپا سەری دەرهێناوە و لەناو کۆمەڵگە دیموکراتەکاندا ژیاون و لەگەڵ دیموکراسیی کەمینەدا دەتوانن سازگار بن، هەروەها لەگەڵ دیموکراسیی زۆرینە کە لەگەڵیدا ژیاون دەتوانرێت لە کۆمەڵگەدا بێتە دی، واتا لە کۆمەڵگەکانی وەک ئەمەریکا و ئەمەریکای باکوور و ئەورووپا، بەڵام ئەوەی لەگەڵ تیۆرییەکانیاندا دەگونجێت نازانم و ئەمە کەمێک بێدەنگەی لێ کراوە.

ئیسلامی بونیادگەرایانە کە گێڕانەوەی بونیادگەرایانەی جۆراوجۆری لەم دەیانەی دواییدا هەبووە، لە ئێستاشدا بە هۆی گرووپەکانی وەک داعش و قاعیدە و تاڵیبان و… تاد دەناسرێت، باوەڕیان بە خەلافەتی ئیسلامی هەیە و لەگەڵ دیموکراسیی کەمینە و زۆرینەدا ناگونجێت.

چوارەم کە ئیسلامی ڕیفۆرمیستییە لەگەڵ دیموکراسیی زۆرینە و کەمینەدا دەگونجێن، چونکە بە ڕیفۆرم لە ئەحکامی فیقهی کۆمەڵایەتی ڕازین، ڕازین بەوەی ئەحکامی فیقهی کۆمەڵایەتی بە پێی پێوەری ئەخلاق و دادپەروەری بپێوین، لەبەر ئەوە ڕازین بەوەی مافە بنچینەییە مرۆییەکان لە کۆمەڵگەدا بپارێزرێن.

بە پێی ئەوەی باسمان کرد کاتێک باس لە پەیوەندیی نێوان ئیسلام و دیموکراسی دەکەین، پێویستە بپرسین کام ئیسلام و کام دیموکراسی، وەک دیکارت دەڵێت ״دابەشی بکە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت.״

ئێمە بە پێی ئەو خوێندنەوەی بۆ ئیسلام هەمانە، هەروەها ئەوەی بۆ دیموکراسی هەمانە، باس لە پەیوەندیی نێوان ئیسلام و دیموکراسی دەکەین، ئیسلام شتێک نییە بێجگە لە کۆمەڵێک تەفسیر و گێڕانەوە لە ئیسلام، وەک لە سەرەتادا ئیسلاممان دابەش کرد بۆ چوار گێڕانەوەی جیاواز و دیموکراسییش بۆ دوو جۆر، لە کۆی ئەمانەوە هەشت جۆر پەیوەندی لە نێوان ئیسلام و دیموکراسیدا درووست دەبێت. پێم باشترە لە جیاتی ناوەرۆک و ڕووکاری ئایین سوود لەوە وەرگرم، کە ئەم چوار گێڕانەوەیە لە ئیسلام پلان و فشاری کەس درووستی نەکردوون و سەرچاوەیان لە مێژوودایە. وەک چۆن ئێمە لیبرالیزمەکان و مۆدێرنیتەکان و ئەمانەمان هەیە، ئیسلامەکانیشمان هەیە، کە بە درێژایی مێژوو درووست بوون. پێشتریش باسم لە هەر جۆرێک لەو ئیسلامانە و پەیوەندییان بە ئیسلامەوە کرد.

 

کەم نین ئەوانەی قسە لەسەر وەزیفەی دەوڵەت دەکەن، هەندێک کە لە ڕوانگەی ئایینییەوە سەیری دەوڵەت دەکەن، پێیان وایە ئەرکی دەوڵەت ڕێنمایکردنی هاووڵاتییانە بۆ دینداری، تۆ لەو بارەیەوە دەڵێی چی؟

سرووش دەباغ: دەبێت حکوومەتی فیقهی و حکوومەتی دیموکراسی لە یەکتر جیا بکرێنەوە، پێم وایە حکوومەتەکان ڕێنمایی هاووڵاتیان ئەرکی یەکەمیان نییە، کاری ئەوان دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیانە، لەوانە بژێوی و ئاسایش و تەندرووستی و… تاد، ئەمانە ئەرکی سەرەکی حکوومەتن و دواتر تاک پێویستە ژیانی مەعنەویی خۆی دەوڵەمەند بکات و ئەزموونی باوەڕداری ببینێت، باوەڕی ناچارییانە کارێکی پارادۆکسییە، لەبەر ئەوە پێم وایە ئەگەر ڕێگەیەک بۆ ڕەهایی هەبێت دەبێت دەوڵەت ڕۆڵی لە ڕێنماییدا کەم بکاتەوە و تەنیا هەوڵی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان بدات، دوای هێنانەدی ئەم پێداویستییانە وەک لە هەڕەمەکەی ماسلۆدا هاتووە، دواتر دەتوانێت ڕێگەی ڕزگاری ببینێت، لەبەر ئەوە ڕزگاریی زۆرەملێییمان نییە، ڕەفتار یان کردەی ئەخلاقیی زۆرەملێیی بۆ تاکەکان نییە، بەهەشت یان ئەوەی بە ڕزگاری دەزانین بە سەرپشکی لە ڕەفتارەکاندا گرێ دراوە. لەبەر ئەوە لەو حکوومەتانەدا کە بە سیکۆلار ناسراون و ئایین و دەوڵەت لێک جیاوازن، تاک دەتوانێت باوەڕی خۆی بپارێزێت، چونکە دەوڵەت دەستی تێ وەرنادات و تاک ئازادانە و سەرپشکانە هەنگاو دەنێت.

 

لە نێو دونیای ئیسلام ململانێی ئایینزاکانی شیعە و سوننە لە قۆناغێکی مەترسیداردایە، چۆن دەکرێت ئەمە کۆتایی پێ بهێنرێت؟

سرووش دەیاغ: بە دڵنیاییەوە جیاوازییەک هەیە، ئێمە دەبێت بەرەو ئاڕاستەیەک بجووڵێین کە ئەو جیاوازییانە بە ڕەسمی بناسین، بەڵام نەک جەختیان لەسەر بکرێتەوە، بەڵکو جەخت لەسەر لێکچوونەکان بکرێتەوە، یان بە واتایەکی تر شیعە و سوننە بە ڕێگەی ڕزگاری دابنرێن، بەم شێوەیە ئێمە دەتوانین بە واقیعی نەک بە ڕووکار ژیانێکی ئاشتییانەمان بە یەکەوە هەبێت، ئەگەر منی شیعەمەزهەب بەو شێوەیە لە برا یان خوشکە سوننەکەم بڕوانم، کە لەسەر ڕێگەی خوایە و بە شێوەیەکی پلورال ڕێگەی ڕزگاری ببینین، واتا گرنگی بە ناکۆکییە مەزهەبییەکان نەدەن، بەڵکو بەو شێوەیە بڕوانن کە تێکڕای موسڵمانان خەڵکانی ڕزگاربوون؛ ئەگەر ئەم هاوژیانییە بێتە دی ئەوە یارمەتیی چارەسەری کۆمەڵێک لە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەدات، کە بەداخەوە لەم ڕۆژانەدا موسڵمانانی جیهان گیرۆدەیان بوون.

 

بەشێک لە موسڵمانان هەمیشە خەون بە ڕابردووەوە دەبینن، پێیان وا بووە ئەوەی لە ڕابردوودا هەبوو سەردەمی زێڕین بوو، دەبێت دووبارە ببێتەوە، بەڵام فەیلەسووفانی ئیسلام چاویان لەسەر داهاتووە و پێیان وا بووە سیستەمی باش لە ڕابردوودا نەبووە، سەرنجی تۆ لەو بارەیەوە چییە؟

سرووش دەباغ: من بەو شێوەیە لە بابەتەکە ناڕوانم، نە لە زەمەنی ڕابردوو، نە لە زەمەنی داهاتوو ناڕوانم، لە ئێستادا حکوومەتێک سازگارترە کە پابەندی مافە ئەخلاقییەکان بێت و مافە سەرەتاییە مرۆییەکان دابین بکات و بپارێزێت، حکوومەتێک کە گەرەنتی ڕەوایی و فرەیی بیرکردنەوە بێت و برەوی پێ بدات. ئەمە سیستمێکی حکومڕانیی گونجاوە و هیچ پەیوەندییەکەی بەوەوە نییە کە لە داهاتوودا ڕوو دەدات یان لە ڕابردوودا ڕووی داوە. بە بۆچوونی من دیموکراسی نەک لەبەر ئەوەی مۆدێلی ڕۆژە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەخلاقیترە و مافە بنچینەییەکانی مرۆڤەکان دەپارێزێت، گونجاوترە، لەبەر ئەوە لەگەڵیدا هاوڕام و دیموکراتم.

 

هەندێک لە بیرمەندان ڕەخنە لە دیموکراسی دەگرن و باس لە کەموکورتییەکانی دەکەن، تۆ باوەڕی پتەوت بەوە هەیە دیموکراسی باشترینە؟

سرووش دەباغ: تا ئێستا وا بووە، بەڵام لە بارەی داهاتووەوە نازانم، بە بڕوای من بنەما ئەخلاقییەکانی دیموکراسییە، کە دیموکراسیی هێشتووەتەوە. دیموکراسی بە بەراورد لەگەڵ تێکڕای سیستمە حوکمڕانییەکانی تر ئەخلاقیترە، ناڵێین کەموکورتیی نییە، بەڵام کەموکورتییەکانی کەمترن. لە بارەی ئەوەی لە داهاتوودا ڕوو دەدات پێشبینی دەکەم، ئێمە هەرچەندێک هەوڵ دەدەین دیموکراسی بپاڵێوین و لە سۆسیال دیموکراسی نزیک بینەوە، یان مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ باشتر و زیاتر بناسرێن و کەمتر لەخۆنامۆبوون ڕوو بدات. لەگەڵ تێکڕای ئەو گیروگرفتانەش کە هەیەتی، بەڵام دیموکراسی باشترینە و یارمەتیی گەشەی مرۆڤەکانی داوە، ئەگەر بەرواردی بکەین لەگەڵ سیستمە سیاسییە دیکتاتۆری، ئەریستۆکراتی، سیستمە سیاسییە میراتی یان خێڵەکییەکان ئەوا خاڵی باشتر بە دەست دێنێت.

لەگەڵ ئەوەی دیموکراسی باشترینە، بەڵام زیانیشی هەبووە، بۆ نموونە ئەو کەپیتالیزمەی لە ئەمەریکا سەری دەرهێنا و دیموکراسی بەکار هێناوە، ڕەخنەم لێی هەیە، چونکە پێم وایە کە بواری زیانگەیاندنی بە چەند چینێکی کۆمەڵگە ڕەخساندووە و سیستمی کەپیتالیستی کۆمەڵێک لە تاکەکانی کۆمەڵگەی پێشێل کردووە، ئەمەش لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیدا دژیەکە.

 

بە بۆچوونی تۆ داعش لە چییەوە بەرهەم هاتووە؟ هەژاریی ئەندێشەی موسڵمانان، یان هەڵچوونی ژمارەیەک لە موسڵمانانی جیهان، یان کایەی زلهێزەکانی جیهانە؟

سرووش دەباغ: دیاردەیەکی فرەڕەهەندە. دەتوانرێت بوترێت زلهێزەکان یان کۆڵۆنیالیزم کاریگەریی لەسەر درووستبوونی گرووپە بونیادگەراکان هەیە، ئەو گرووپانەی لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی ناسنامەی لەدەستچووی خۆیاندان، کە لە پانزە ساڵی ڕابردوودا بە قاعیدە و بۆکۆحەرام و شەباب و داعش دەناسرێنەوە، ئەمە هۆکارێکە، بەڵام ناکرێت ئەمە تەنیا لە بەدەستهێنانەوەی ناسنامەدا کورت بکرێتەوە. ئەوان تەنیا ڕووکاری ئایینەکە جێبەجێ دەکەن بێ ئەوەی زەمینە و زەمەنی ئایەتە پیرۆزەکان لەبەرچاو بگرن، لەم ڕووەوە هەڵەیە و خوێندنەوەیەکی هەڵەی سوننەتیی ئایینی و دەقی پیرۆزە، بەڵام ئەوان خۆیان بە موسڵمان دادەنێن، ئەمانە هۆکاری جیاجیایان هەیە، هۆکاری کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەیە وەک ئەوەی ئاماژەم بە ئیستیعمار کرد، هەروەها بژێوییش کاریگەریی خۆی هەیە، هەروەها مەعریفە، واتە لە چەند هۆکارێکەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها هۆکارێکی سەربازییش هەیە، کە بە لاوازبوونی حکوومەتی ناوەندی هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق بوار بۆ درووستبوونی داعش لەم ساڵانەی دواییدا ڕەخساوە، هەروەها لە ڕووی ئایدیا و بیروڕاوە گرنگە، ئەبووبەکر بەغدادی ناوێکە خەلیفەی داعش بە مەبەست هەڵیبژاردووە و ئەمانە لە هەوڵی زیندووکردنەوەی خەلافەتدان، داعش باوەڕی بە فەلسەفەی دەوڵەت- نەتەوە نییە، کە یەکێک لە فەلسەفە سیاسییە نوێیەکانە، دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش مۆدێرنە، نایانەوێت ئەو گۆڕانکارییانە لەبەرچاو بگرن کە مرۆڤایەتی بە خۆیەوە بینیوە. ئەمەش زۆر لە ئیسلامی ڕیفۆرمیستی و ئیسلامی سوننەتییەوە دوورە.

 

کارەکانی داعش و گرووپە توندڕەوەکان چ کێشەیەکیان بۆ موسڵمانانی ئەورووپا و ئەمەریکا درووست کردووە؟

سرووش دەباغ: پێم وایە بە خستنەڕووی خوێندنەوەی مرۆڤانە و ئەخلاقی و عەقڵانی لە ئیسلام و مەحکوومکردنی بونیادگەرای ئیسلامی، بەم شێوەیە موسڵمانان دەتوانن بگەنە ئامانج، منیش کە ئێستا لە ئەمەریکا دەژیم خۆم ئەم کێشەیەم هەیە. پێویستە موسڵمانان بە گشتی ڕایبگەیەنن، کە بونیادگەراکان ژمارەیەکی کەمن و ڕەخنەی زۆریان لێ دەگیرێت و موسڵمانان نەفرەتیان لێ دەکەن و موسڵمانان لەگەڵیاندا هاوڕا نیین. بەم شێوەیە پێویستە بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا نیشان بدرێت، کە ئەو ژمارە کەمە موسڵمانە بونیادگەرایانە بە بەراورد لەگەڵ ملیارێک و شەشسەد ملیۆن موسڵمان زۆر کەمن و ئومێدەوارم کە ئەم خوێندنەوەیە بڕەوێتەوە.

 

 

ژیاننامە:

* ساڵی 1974 لە تاران لە دایک بووە.

* کوڕی بیرمەندی گەورە عەبدولکەریم سرووشە.

* دکتۆرای دەرمانسازی لە تاران و دکتۆرای فەلسەفەی لە بەریتانیا بە دەست هێناوە.

* لە ئێستادا لە زانکۆی تۆرنتۆ لە کەنەدا بە پلەی پۆست دکتۆرا سەرقاڵی توێژینەوەیە.

* لە بوارەکانی ئایین و فەلسەفە و ئەدەبیاتدا توێژینەوە ئەنجام دەدات و زیاتر لە (14) بەرهەمی بڵاوکراوەی هەیە.

ده‌نگێ نه‌دراوه