د. موحسین عەبدولحەمید: لە ڕووی سیاسییەوە جائیز نییە ئیسلامییەکان ناوی ئیسلامییان پێوە بێت

د. موحسین عەبدولحەمید: لە ڕووی سیاسییەوە جائیز نییە ئیسلامییەکان ناوی ئیسلامییان پێوە بێت

د. موحسین عەبدولحەمید، كەسایەتیی و نووسەرێكی دیاری ئیخوانە لە عێراق و كوردستان، ئەو جگە لەو پێگە سیاسییەی لە قۆناغە جیاوازەكانی تەمەنی هەیبووە، وەكو بانگخواز و نووسەرێكش لەناو ڕەوتی ئیسلامیی بۆچوونەكانی جێگەی ڕەزامەندی زۆرێك بووە، ئەو دوای بەڕێكردنی زیاتر لە (50) ساڵی تەمەنی لەناو ئیخوان، لەم گفتوگۆیەدا مێژووی ئیخوان دید و سەرنجی خۆی لەسەر كاری ئیسلامیی بە گشتیی و ئیخوان بە تایبەتیی دەخاتە ڕوو، ئەو بە گێڕانەوەی لایەنە شاراوەكانی مێژووی ئیخوان لە عێراق بۆچوونەكانی پاسادان دەكات و پێی وایە بۆ ئاییندە ئەگەر ئیخوان خۆی نەگۆڕێت ئەوا كۆتاییان پێ دێت، ئەمە وێڕای ئەوەی داكۆكی لەو بۆچوونە دەكات كە پاشگری ئیسلامیی لە حزبە سیاسییەكان بكرێتەوە.

 

ـ کەی پەیوەندیت بە ڕێکخستنەکانی ئیخوانەوە کرد؟

د. موحسین عەبدولحەمید: ساڵی (1949) من لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی بووم لە سلێمانی، ڕۆژێک کاکم نیزامەدین، کە بەکالۆریۆسی تەواو کردبوو و کارمەند بوو لە سلێمانی، ئەو لە بازنەی یەکەمی عێراق بوو ساڵی (1945) لە کۆلێجی (دار العلوم). ساڵی (1949) ڕۆژێک سەیرم کرد گوێی لە هەواڵەکان گرت و دەستیکرد بە گریان. وتم کاکە بۆ دەگریت، وتی (حەسەن بەنا)یان کوشت.

کە وای وت، لەو ساتەدا ئەو کەسە چووە دڵمەوە، ئیتر کاکم زانی، هەندێک نامەی حەسەن بەنای لابوو جار جار دەیدامێ، دوای ئەوەی چوومە قۆناغی یەکەمی ناوەندی و خوێندنم بوو بە عەرەبی، لەوێوە دەستیپێکرد و چوومە ناو فکری ئیخوان، کە هاتمەوە کەرکوک لە ساڵی (1953)دا لەوێ مەکتەبەی ئیخوانەکان هەبوو، من لەسەر داوای کاکم دەچووم بۆ ئەو کتێبخانەیە و بە هۆی تێکەڵبوون و خوێندنەوەوە چوومە ناو ئەو بزاڤەوە.

ـ دواتر وەک پلەکانی ڕێکخستن چ ئاستێكت بڕی؟

د. موحسین عەبدولحەمید: بە دڵنیاییەوە ئەو کاتە کە گەنج بووم وردە وردە چوومە بەغداد، دیسان لەناو کۆلێجی پەروەردەش ڕێکخراوی ئیخوان هەبوو. دووەم ساڵ بووم بە بەرپرسی ئیخوانەکان لە کۆلێجی پەروەردە، ساڵی (1955 -1956).

ـ بیری ئیخوان چۆن لە کوردستان (کەرکوک، سلێمانی، هەولێر) بڵاو بووەوە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: لەناو کەرکوک ئەو خوێندکارانەی لە زانکۆ لە بەغدا دەیانخوێند، (نورەدین واعیز) لەگەڵ (سلێمان ئەلقابیلی) هەروەها (عابد ئەلهاشمی) کە مامۆستا بوو، بەرلەوەی کاکم لە ساڵی (1953) بێتەوە، ئیخوان لەناو خوێندکاران و کرێکاری کۆمپانیاکان بڵاوبووەوە.

لە شاری هەولێر (عەبدولوەهاب حاج حەسەن) کە ئەندازیار بوو، لەو خوێندکارانە بوو کە ساڵی (1945) لەگەڵ کاکم بوو، لە شاری هەولێر ئیخوانی بڵاوکردەوە، دواتر (محەممەد سادق موختار) کە لە کۆلێجی حقوق بوو لە بەغدا گەڕایەوە، بەڵام دواتر ناکۆکی لە نێوانیاندا درووستبوو.

ـ ناوی هەندێک کورد دەهێنرێت، کە ڕۆڵیان لە بڵاوبوونەوەی ئیخواندا هەبووە، بۆ نموونە عەدنان ڕانیەیی، عەبدولوەهاب حاج حەسەن، مامۆستا بینزامەدین كە براگەورەی بەڕێزتانە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: عەدنان ڕانیەیی كۆلێجی ئەندازیاری تەواو كردبوو، ئەندازیار بوو، دوایی بە هۆی ناکۆکییەوە دوور کەوتەوە. مامۆستا نیزامەدین لە سلێمانی وەک کارمەندی ئامار دانرا، ئەوسا لەبەرئەوەی لە کۆلێجێکی ئایینی دەرچووبوو، لەبەرئەوەی لە کەرکوک مامۆستای ئایینی نەبوو، دەچوو لە دواناوەندی کەرکوک وانەی دەوتەوە. وادیارە وانەکانی نوێ بووە و دژی شیوعییەکان بووە، ئینجا دوای ئەوە شیوعییەکان دەستیان کرد بە دژایەتیکردنی.

لە سلێمانی بەس كەسێكیی تریشم لەبیرە، مەلا جەلالی سەعاتچی، ئەویش ئیخوانەکانی کەرکوک تەوجیهیان کرد کە بچێت لە سلێمانی کتێبخانەیەکی ئیسلامی بکاتەوە، دوو جار هەوڵیدا، بەڵام هەردوو جارەکە کتێبخانەکەیان سووتاند.

ـ ئاشنایەتیت لەگەڵ شێخ محەمەدی خاڵ چۆن بوو؟

د. موحسین عەبدولحەمید: من بچوک بووم کە ئەو لە سلێمانی قازی بوو، کاکم کە تەخەروجی کرد پەیوەندی پێوە کرد و بوون بە برادەر، وتی یەکەم جار کە چومە لای ئەو، ناوی حەسەن بەننا هات زۆر هێرشی کردە سەری، منیش پێم وت جەنابی شێخ چەند ڕسالەیەکی حەسەن بەننات ئەگەر بۆ بێنم دەیخوێنیتەوە؟ شێخ وتی دەیخوێنمەوە، هەفتەی دواتر شێخ مەحەمەد هات وتی جەماعەت من قسەیەکم هەیە، هەفتەی پێشوو ناوی حەسەن بەننا هات من هێرشم کردە سەر، من هەڵە بووم و کەسێکی باشە، کەسێکی بازرگان لەوێ بوو لەناو مەجلیسەكە، هاتوچۆی بەغدادی ئەكرد، شێخ پێی وت هەرچییەکی حەسەن بەننات بینی لە شارع موتەنەبی بۆم بێنە.

لە بارەی سەید قوتبەوە بە هەمان شێوە، ساڵی (1973) من و کاکم هاتینە سلێمانی و یەکەمجار سەردانی شیخی خاڵمان کرد، ئەوسا من تازە دکتۆرام لە تەفسیر وەرگرتبوو، تەفسیرەكەی خۆی پێدام، وتی چاوێکی پێدا بخشێنە، سەیرم کرد زۆر جوان بوو، وتم جەنابت تەفسیری (في ظلال القران)ت نەبینیوە هیچ ئەسەری نییە؟ وتی نیمە، وتم من بۆت دێنم، کاتێک ڕۆیشتینەوە لە مەکتەبەی ئیخوەی ئیسلامی لە كەركوك بۆم کڕی. بە خاوەن مەکەتەبەکەم وت بۆم بنێرە بۆ سلێمانی بۆ شێخ محەمەدی خاڵ دوای ساڵێک کە هاتمەوە وتی خوا پاداشتی بەخێرت بداتەوە، من نەمدەزانی لە ڕۆژی مەحشەر چی بە خوا بڵێم ئەگەر لێی بپرسیمایە شێخ محەمەد تۆ تەفسیر دەنووسیت، ئەگەر نازانی تەفسیرێکی وا هەبوو لە سەردەمی تۆدا بۆ موراجەعەت نەکرد سودی لێوەرگری. وتی تۆ منت لەو پرسیارەی خوا ڕزگار کرد. شێخ محەمەد کەسێکی موسڵمان بوو، لە ناحیەی ئیسلامی ئازا بوو، کورد و کوردەواری خۆش دەویست، موسڵمانێکی باش بوو.

ـ ئەوەندی جەنابت ئاگادار بیت بۆچی بیری ئیخوان بە شیوەیەکی لاواز لە ناوچە کوردییەکان بڵاو بووەوە، لەگەڵ ئەوەی خەسڵەتی دینداری لەناو کورددا هەبوو؟

د. موحسین عەبدولحەمید: لەناو کۆمەڵگەی کورد یەکەم شێخایەتی هەبوو، تا ڕادەیەك هەندێك لە مەلاکان لە مزگەوتەکان ڕێگربوون، بەڵام ئەمە کاریگەری سەرەکی نەبوو، بەڵکو کاریگەری سەرەکی ئەوە بوو کە شیوعیەت لە کوردستان پەرەی سەندبوو، پارتەکانی تریش بە بەراورد لەگەڵ شیوعییەکان لاواز بوون و نەیاندەهێشت، لە سلێمانی شیوعی زۆر بەهێز بوو، لەبەرئەوە ئیخوان لە سلێمانی دەستی پێنەکرد، بەڵکو لە هەڵەبجە دەستیپێکرد هاتە سلێمانی، مەلا عوسمان و براکانی کە پەیوەندیان بە فکری ئیخوانەوە لە بەغدا کرد، پەیوەندیان بە مامۆستا سەوافەوە کرد، وردە وردە بیری ئیخوان لە پەیمانگەی هەڵەبجە بڵاوبووەوە و دواتر هاتە سلێمانی.

ئێمە لەو کاتەدا پچڕاین، چووینەوە هەولێر، من کاتێک خوێندنم تەواوکرد لە دواناوەندی کەرکوک دامەزرام، ئەوسا ئیخوان هەبوو، منیش لەگەڵیان بووم و لە دواناوەندیش وانەی ئایینم دەوتەوە، خوێندکارەکانی زۆر کاریگەر بوون بەو وانانە.

ـ جارێکی تر لە هەڵەبجەوە ڕێکخستنەکانی ئیخوان گەیشتەوە سلێمانی، بەڵام باس لەوەش دەکرێت مەلا عوسمان و ئەوان پەیوەندی ڕێکخراوەییان نەبووە، بەڵکو فکری ئیخوانیان هەبووە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: سەرەتا وابوو، بەڵام دواتر کە گەنجەکان دەرچوون بوو بە ڕێکخستن، مەلا سدیق گەنج بوو، ئەو گەنجانە ڕێكخستنیان درووستكرد، مەلا عوسمان و براکانی مەلا بوون، هەر فیکری ئیخوانیان وەرگرتبوو، قوتابیەكانیان هان دەدا فیكری ئیخوان وەرگرن و ببن بە ئیخوان.

ـ لە قۆناغێکی تردا ئیخوان ساڵی (1960) حزبی ئیسلامی عێراقی دامەزراند، بەڵام بۆچوونی وا هەیە لەسەری کەوا ئیخوان ئەم حزبەی کردە ڕووکارێک بۆ خۆی، بەڵام لە پشتی ئەمەوە ڕێکخستنی ئیخوان هەر مابوو.

د. موحسین عەبدولحەمید: ڕاستە ئاڕاستەکردن هەر بەدەست ئەوان بوو، ئاڕاستە کردنی حزبی ئیسلامی هەر بەدەست عەبدولکەریم زیدان و لیژنەی ناوەندی ئیخوان بوو.

ـ ئەی بۆ ئەم حزبەیان درووست کردبوو؟

د. موحسین عەبدولحەمید: لەبەرئەوەی بواریان بە ئیخوان نەدەدا، ئیخوان ساڵی (1953) داخرا، چونکە ڕێگەیان لە مورشیدی ئیخوان (حەسەن هوزەیبی) گرت لە سوریاوە بێتە عێراق، لەبەرئەوە (وەلید ئەعزەمی) شاعیری ئیخوان هۆنراوەیەکی نووسی دژی حکومەت، ئەو هۆنراوەیە لە ڕۆژنامەی (ئوخوەی ئیسلامیی) بووە هۆی ئەوەی (كۆمەڵەی برایەتیی ئیسلامیی) دابخرێت.

ـ بەڵام دوای ماوەیەک هەر ئیخوان بەیاننامەیەکی توند بە ناوی حزبی ئیسلامییەوە بڵاو دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی داخرانی حزب؟

د. موحسین عەبدولحەمید: ئەو بەیانە زۆر بەهێز بوو. بووە هۆی داخرانی حزبی ئیسلامی. ئەو بەیانە بەهێزە لە لایەن حزبی ئیسلامییەوە نەنووسرا، عەبدولکەریم زیدان ڕێکخستنی ئیخوان نووسیبووی. ساڵی (2000) لە دکتۆر عەبدولکەریم زیدانم پرسی، ئەو بەیاننامەیە تۆ نووسیوتە؟ وتی بەڵێ.

ـ بۆچوونێکی ئەوەش هەیە كە (تەها جابر ئەلعەلوانی) ئاماژەی پێ دەدات و دەڵێت ئیخوان خۆشی لە سەرکردانەی حزبی ئیسلامی نەدەهات، ئەم بەیاننامەیان نووسی بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت لە دەستی حزبی ئیسلامیی عێراقی، شیکردنەوەت بۆ ئەمە چییە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: نەخێر ئەمە هەڵەیە. تەها جابر ئەلعەلوانی ئیخوان نەبوو، لە حزبی ئیسلامیی بوو، ئیخوان مەبەستیان نەبوو حزبەكە دابخرێت.

ـ یەکێک لەو ڕەخنانەی لە ئیخوان دەگیرێت لەو قۆناغەدا دوای (1961 – 1962) کە شۆڕشی ئەیلول سەرهەڵدەدات، دەوترێت ئیخوان هیچ پشتگیرییەکی لە شۆڕشی کورد نەکردووە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: ڕاستە، وایە، ڕایان باش نەبوو. ساڵی (1963) یان (1964) بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە زۆر خراپ بوو، ئێمە کوردەکان لە بەغدا و موسڵ و کەرکوک ڕەتمان کردەوە. دوای ئەوە بەیاننامەیەکیان هێنا بۆ ئەوەی بەیاننامەکەی پێشوو ڕاستبکاتەوە.

ـ ناوەڕۆکی بەیاننامەکە چی تێدا بوو؟

د. موحسین عەبدولحەمید: تەکفیری بزووتنەوەی کوردی و مەلا مستەفایان کرد.

ـ  ئێوە دژی ئەو بەیاننامەیە بوون؟

د. موحسین عەبدولحەمید: دژی بووین، بۆ ئەوەی کەوا کوردەکان بیر لەوە نەکەنەوە لە ئیخوان بچنە دەرەوە، بەیاننامەیەکی تریان هێنا، بەیاننامەکەی پێشوو لە ژێر کاریگەری موسڵاوییەکان بوو.

ـ  دوای ئەوە لەژێر کاریگەریی کوردەکاندا ئیخوان بەیاننامەیەکی تری دەرکرد، ئەو بەیاننامەیە نوێیە چی تێدا بوو؟

د. موحسین عەبدولحەمید: بەیاننامەکەی پێشووی ڕاستدەکردەوە، کە مەبەستیان ئەوە نەبووە و مەلا مستەفا لە بنەماڵەیەکی ئایینییە، بەڵام نامانەوێت توندڕەوی هەبێت و برایەتی ئیسلامی هەر بمێنێت. بەیاننامەکەی پێشوو هەندێک هەڵەی تێدا بوو، ئێمە ئێستا ڕاستیان دەکەینەوە.

ـ  باس لەوە دەکرێت ساڵی (1968) هەلومەرج ڕەخسابوو بۆ ئەوەی ئیخوان کودەتایەک بکات، هەندێک کەسی ئیخوانی کە ئەفسەری سوپا بوون، ئەم پێشنیارەیان دابوو بە سەرکردایەتیی ئیخوان؟

د. موحسین عەبدولحەمید: بەڵێ، ئەوە ساڵی (1966) بوو، لەناو ئیخواندا دوو تەیار، تەیارێکیان دەیانویست لەگەڵ سەربازەکان کودەتایەک بکەن، لەوانە (فلیح سامەڕایی)، (محەمەد فەرەج) کە عەمید بوو، (عەدنان مەشایخی)، بە نزیکەیی (25 – 30) کەس بوون، بەڵام هەوڵەکەیان سەری نەگرت، چونکە (عەبدولکەریم زیدان) لەگەڵ ئەوانەی پاڵپشتیان دەکرد زۆرینە بوون و دژی كودەتا بوون، وتیان ئێمە باوەڕمان بە کودەتای سەربازی نییە.

ـ  باس لەوە دەکرێت لەو سەردەمەدا ئیخوان بەیاننامەیەکی دەرکردووە و تەنیا باسی پەروەردە و ڕێکخستنی کردووە و بێجگە لەوە هیچ شتێکی تری تێدا نەبووە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: بەڵێ وایە.

ـ  دوای ئەو ئەزموونە ئیخوان بۆ وازی لە سیاسەت هێنا؟

د. موحسین عەبدولحەمید: چونکە ساڵی (1968) بەعسییەکان هاتن و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئیخوانیان گرت و ئەشکەنجەیان دان، د. عەبدولکەریم زیدان خۆشی بۆ ماوەیەک دیارنەما. (خەیروڵڵا تلفاح) خاڵی سەدام برادەری بوو، پێی وتبوو وەرە دەرەوە و پێم وتوون هیچت لەگەڵدا نەکەن، لەبەرئەوە (عەبدولکەریم زیدان) وتی ئەگەر ڕێکخستنەکانمان بمێنن، ئەوا بەعسییەکان کۆمەڵکوژمان دەکەن، ئیسلامەتیش ئەوەی ناوێت و ڕێکخستنەکانی هەڵوەشاندەوە، وتی کاری گشتی ئیسلامی بمێنێت و هەر کەسە و لە شوێنی خۆی کار بکات. بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕێكخستن لە هەموو شوێنێک هەڵنەوەشایەوە، بۆ نموونە لە ڕومادی، لە فەلوجە، موسڵ، کەرکوک و بەسرە لەناو خۆیاندا کاری ڕێکخستن مابوو.

ـ  ئیخوان بە ڕەسمی هەڵوەشایەوە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: نەخێر، د. عەبدولکەریم لە کۆلێجی یاسا مامۆستا بوو، دوایی بوو بە عەمیدی كۆلێجی دراساتی ئیسلامی و 10 ساڵ مایەوە، کەسانێکی زۆر لەو کۆلێجە دەرچوون، چونکە زۆر بەهێز بوو، ئەو ماوەیە بە ئەوەوە سەرقاڵ بوو.

ـ  لە نێوان سەرکردایەتیکردنی سەواف و زیدان گلەیی لە هەردووکیان دەکرێت، کە هەردووکیان جۆرێک لە کەسایەتی و تایبەتمەندیی خۆیان لە کارەکانی ئیخواندا ڕەنگی دابووەوە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: نەخێر، بەوجۆرە نییە، خۆم لە بەغدا بووم و دەزانم سەواف جەماوەری بوو، مەلا بوو، ژمارەیەک لە ئیخوانەکان سکاڵایان لەوە هەبوو، دەچوونە لای عەبدولکەریم زیدان، کە کەسێکی زانا بوو لە دەوری کۆدەبوونەوە، پێیان دەوترا جەماعەتی عەبدولکەریم زیدان، بەڵام لە ژێر سەرکردایەتی سەواف دەرنەچوون، بەس شتێک بوو ئیعجابیان هەبوو، کە شۆڕشی (1958) من پێی دەڵێم كودەتای (1958) ڕوویدا و سەواف گیرا، دواتر کە ئازادکرا ئیخوانەکان پێیان وت ئەگەر لە عێراق نەچیتە دەرەوە شیوعییەکان دەتکوژن، بە نهێنی لە عێراق بردیانە دەرەوە، بە نیەتی ئەوەی جارێكی تر بێتەوە، سەواف خۆی چاودێری گشتی بوو (کامل ئەلقەیسی) هەبوو ئەندامی لیژنەی ناوەندی، ئەوی کرد بە وەکیل تا دێتەوە، ئەو جەماعەتەی عەبدولکەریم کە سەواف نەهاتەوە دوای ساڵێک زیاتر، ئەویان وەک چاودێری گشتی هەڵبژارد، سەواف بەو کارە زۆر دڵگران بوو، عەبدولکەریم زیدان ئەو کارەی نەدەکرد، بەڵام فشاریان بۆ هێنا و پێیان وت سەرکردەمان نییە و سەواف ڕۆیشتووە و نایەتەوە.

ـ  کەواتە دانانی زیدان کۆدەنگیی ئیخوانی لەسەر نەبووە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: لە لایەن گرووپێکەوە دانرا و دواتر بوو بە ئەمری واقیع.

ـ  بە بەراورد، جیاوازی لە نێوان ماوەی سەرۆکایەتیی سەواف و زیدان چییە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: سەرکردایەتیی سەواف ئاشکرا بوو، بەڵام هی زیدان زۆر نهێنی بوو، خۆم تا شەش ساڵ نەمزانی کێ هەڵبژێردراوە ئەوەندە نهێنی بوو، کە من لە ئەندامی ئاساییدا بووم بە نەقیب و ڕەخنەم گرت لەوەی چۆن بەیعەت بە کەسێک بدەم کە نایناسم، وتیان ئەگەر پێت بڵێن دەیناسیت و دەزانیت کێیە، بەڵام پێت ناڵێین،. لەبەرئەوە من بەیعەتم دا پێی، دوای شەش ساڵ زانیم کە عەبدولکەریم زیدانە، ئەویش ئەو کاتەی گواسترامەوە بۆ بەغدا ساڵی (1967).

ـ  پلەکانی ڕێکخراوەیی لەناو ئیخواندا چی بوون؟

د. موحسین عەبدولحەمید: یەکەم لایەنگر، دووەم ئەندام، پاشان نەقیب، ئەندامی لیژنەی ناوەندی.

ـ : ئەوەی باست کرد دەربارەی وەستاندنی کاری ئیخوان لە ساڵی (1970)دا لەسەر فەتوای زیدان، تا كەی درێژەی كێشا؟

موحسین عەبدولحەمید: تا ساڵی (1998).

ـ : پێت وا بوو ئەو بڕیارە درووست بوو؟

موحسین عەبدولحەمید: درووست بوو، بەڵام زۆری خایاند، زۆر درێژەی کێشا. خۆی ئەو ماوەیە هەر چاودێری گشتی بوو، بەڵام ڕێکخستن نەما، هەندێک لە نزیکانی دەچوون ڕاوێژیان پێ دەکرد.

ـ : بەڵام لەو ماوەیەدا لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان، هەندێک شانەی ڕێکخستن درووست بوونەوە، ئەوانە چۆن درووست بوونەوە و کێ بوون؟

د. موحسین عەبدولحەمید: ئەوە عەبدولمونعیم عه‌لی هەبوو کە پێی دەڵێن (محەمەد ئەحمەد ئەلڕاشد) ئەو ساڵی (1987) ئەوەی درووست کرد، بێ ئەوەی بە زیدان بڵێت، دوای ئەوەی ئاشکرا بوو، هەموویان گرتن و شکەنجەیان دان و فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرکردن، دواتر حوکمەکەیان گۆڕی بۆ زیندانی هەتا هەتایی، دواتر کە ئیخوانەکان پشتیوانی سەدامیان کرد دژی ئێران، داوایان لێ کرد ئەو گەنجانە ئازاد بکات و سەدام ئازادی کردن.

ـ : لە شەڕی ئێران– عێراقدا ئیخوان پشتیوانی لە حزبی بەعس کرد؟

د. موحسین عەبدولحەمید: پشتیوانییەکی ئاشکرا نەبوو، ئەوانەی لە دەرەوە دەهاتن، بەرپرسە سوریاییەکانی ئیخوان کە حافز ئەسەد بە هەزاران کەسی لێ کوشتن ڕایان کرد بۆ عێراق، سەدام وەری گرتن، لەبەر ئەوە پشتیوانییان لێ کرد.

ـ : لە حەفتاکان و هەشتاکاندا هیچ پەیوەندییەکت بە ئیخوانەوە مابوو؟

د. موحسین عەبدولحەمید: پەیوەندیی برایەتی، واتا ڕێکخستن نەبوو یەکێک فەرمانم پێ بکات.

ـ : خۆت هیچ کارێکی ڕێکخراوەییت نەکرد؟

د. موحسین عەبدولحەمید: هەرگیز.

ـ : ساڵی چەند دەستت پێ کردەوە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: ئێمە هەموومان لە ساڵی (1989)وە کە شەڕی ئێران تەواو بوو، هەستمان بە ئەوە کرد کە ئێمە ئەگەر جۆرێک ڕێکخستن دانەنێین لەوانەیە ئەم گەنجانە چەک دژی حکوومەت هەڵگرن، چونکە زۆر پێداگرییان دەکرد، لەبەرئەوە من و (زیاد ڕاوی) و یەکێکی تر لە بەسڕە کە دواتر لەژێر شکەنجەدا مرد، هەروەها (ئیبراهیم عەبدولـلەتیف)، (عیسام شیخ) لە بە‌غدا و (فوئاد ڕاوی) ئەو پێنج کەسە بە نهێنی چووینە کەرکوک، موسڵ، هەولێر و سامەڕا، بینیمان (13) ئەڵقە هەیە، وەک شانەی ڕێکخستن، وردە وردە ئەوانەمان ڕازی کرد و ڕێکمان خستن. ڕێکخستنێکی زۆر بەهێزم لە بەغدا ڕازی کرد پێكەوە كاربكەین، چونکە لەوە دەترساین کۆمەڵێک لە دەرەوەی ئەم ڕێکخستنانە بمێنێتەوە، ئێمە مەبەستمان بوو ئەمانە ڕێکبخەین و دەست وەرنەدەنە چەک و سیاسەتەوە.

ـ : ئێوە چۆن سەرکردایەتیی ئەم کارەتان کرد؟ کێ کەسی یەکەم بوو لەم هەوڵانەدا؟

د. موحسین عەبدولحەمید: ئێمە تەنیا ئەو پێنج کەسە بووین، دواتر (زیاد ڕاوی) بوو بە چاودێری گشتی.

ـ : لە هەشتاکاندا جموجۆڵێکی ئیسلامی لە کوردستان سەری هەڵدایەوە، بەڵام ئەمان دواتر ساڵی (1991) بە هۆی ناکۆکیی نێوان دوو باڵی مامۆستا سدیق و مامۆستا سەڵاح، کە پەیوەندییان بە ئیخوانەکانی عێراقەوە هەبوو، پەنایان بۆ بردن بۆ ئەوەی ئەو ناکۆکییەیان بۆ چارەسەر بکەن؟

د. موحسین عەبدولحەمید: بەڵێ. ئیخوانی بەغدا لەگەڵ سەڵاحەدین بوون، لەبەر ئەوەش سەرکەوتوو بوون.

ـ : کێ بوون ئەوانەی پشتیوانیی مامۆستا سەڵاحەدینیان دەکرد؟

د. موحسین عەبدولحەمید: لە بەغدا ئێمە پشتیوانیمان لە سەڵاحەدین دەکرد. مەلا سدیقیش هەر برامان بوو، بەڵام زۆرینە لەگەڵ سەڵاحەدین بوون. سەڵاحەدین بە مەلا سدیقی دەوت با هەموومان تێکەڵاو بین کێ هەڵدەبژێرن با ئەو بێت، بەڵام مەلا سدیق قبوڵی نەکرد، چونکە دەیزانی زۆرینە لەگەڵ سەڵاحەدینن.

ـ : باس لەوە دەکرێت مامۆستا سدیق کۆمەڵێک هەوڵی داوە ڕێکخستنەکان ڕێک بخرێنەوە.

د. موحسین عەبدولحەمید: مەلا سدیق هاتە بەغدا پێی وتم، منیان ناردووە بەیعەت بە تۆ بدەین و کار بکەین، وتم، نەخێر نایکەم.

ـ : دکتۆر محەمەد ئەحمەد ئەلڕاشد ڕۆڵی چی بوو لە یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوان ئەو دوو باڵەدا؟

د. موحسین عەبدولحەمید: دەتوانیت لە ئەوان بپرسیت، چونکە من لە (1990) بەولاوە پەیوەندییم لەگەڵیدا نەبوو، چونکە دەترسام جەماعەتی سەدام بزانن، هەرگیز نەدەهاتم بۆ كوردستان.

ـ : لە ساڵانی (1990)دا کاری ئیخوان لە عێراق چۆن بوو؟

د. موحسین عەبدولحەمید: لە ساڵی (1989)وە تا ساڵی (1996) خەریکی کۆبوونەوە بووین، لە ناوخۆدا کۆدەبووینەوە و نوێنەری هەموو لایەک دەهاتن و لە بەغدا کۆدەبووینەوە، بە بێ ئەوەی ڕێکخستنێکی ڕەسمیمان هەبێت و سەرکردایەتی دیاری بکەین.

ـ : زۆرجار باس لە بوونی ڕێکخستنی نێودەوڵەتیی ئیخوان دەکرێت ئەمە ڕاستی هەیە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: بەڵی ڕاستی هەیە.

ـ : چۆن ڕێکخستنی عێراق بەڕێوە دەبەن؟

د. موحسین عەبدولحەمید: بەڕێوەیان نەدەبرد، ڕێکخستنی جیهانی و پەیوەندیی ناوەند لەگەڵ لقەکان پەیوەندییەکی هاوئاهەنگییە، پەیوەندییەکی فەرمانی نییە، لەبەرئەوەی ئێمە ساڵی (2003) کە چووینە ناو ئەنجومەنی حوکم، هەموو ئیخوانەکان دژمان وەستانەوە.

ـ : دوای ساڵی (1991) حزبی ئیسلامیی عێراقی لە دەرەوە درووست کرایەوە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: ساڵی (1988) درووست کرا لە لایەن جەماعەتی ڕاشد، لەگەڵ ئوسامە تکریتی و زۆرینەی دەرەوەی عێراق (300 – 350) کەس بوون.

ـ : دوای ڕووخانی سەدام ئێوە چۆن کارتان لەگەڵ حزبی ئیسلامی تێکەڵ کردەوە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: ئەوان هاتنەوە و لە هەڵبژاردنەکاندا منیان بۆ سەرۆکی حزبی ئیسلامی هەڵبژارد، لە هەمانکاتیشدا ئەندامی سەرکردایەتی ئیخوانیش بووم.

ـ : چەند پۆستێکت وەرگرت لەناو ئیخواندا دوای (2003)؟

د. موحسین عەبدولحەمید: یەکەمجار ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامیی عێراقی، دواتر دواتر سەرۆكی حزبی ئیسلامیی عێراقی، دواتر سەرۆکایەتی هەڵوەشێنرایەوە، تاریق هاشمی ئەمینداری گشتیی بوو، ئەو مایەوە من بوومە سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ناوەندی ئیخوان تا ساڵی (2011) خۆم کاندید نەکردەوە، ئیتر لەو کاتەوە پەیوەندییم بە ڕێکخستنەوە نەما.

ـ : باس لەوە دەکرێت لەم قۆناغەدا لەناو حزبی ئیسلامیدا دوو ئاڕاستە هەبوو، ئاڕاستەیەکیان کە خوازیاری کاری ئیسلامی و بانگەواز بوو، تۆ زیاتر پشتیوانیت لێ دەکرد، ئاڕاستەیەکی تر زیاتر خوازیاری کاری سیاسی بوو، د. تاریق هاشمی و ئەوان لە خۆیان گرت؟

د. موحسین عەبدولحەمید: ڕاست نییە من کە بووم بە سەرۆکی حزبی ئیسلامی، تاریق هاشمی زانیاری لە سەرکردایەتی وەردەگرت.

ـ : پەیوەندیی نێوان یەکگرتووی ئیسلامی و حزبی ئیسلامی چۆن بوو؟

د. موحسین عەبدولحەمید: برایەتی، هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخستنیان نەبوو، ئەمان سەربەخۆ بوون و ئەوانیش لە بەغدا سەربەخۆ بوون، تا ئێستاش پەیوەندیی برایەتی هەیە.

ـ : پەیوەندیی ئەم دوانە بە ڕێکخستنی نێودەوڵەتییەوە چییە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: دەچن لە کۆبوونەوەکان ئامادە دەبن، بەڵام کاریگەریان لەسەریان نییە، تەنیا هەماهەنگی هەیە.

ـ : ئەو ئەزموونەی کە زیاتر لە پەنجا ساڵ لەناو ئیخواندا هەتبوو، ئەگەر ئیستا بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لێی بڕوانیت، پێت وایە کەموکورتییەکانی ئیخوان لە چیدا بوو؟

د. موحسین عەبدولحەمید: ئەو (26) ساڵەی وەستانی كار، ئیخوانی لە عێراق لاواز کرد و ژمارەیەک ئەندام بوونە بەعسی، ژمارەیەکیان لە ماڵەوە دانیشتن و ژمارەیەکیان لە ڕووی فکرییەوە مانەوە، بەڵام گەشەیان نەکرد، کاریگەری زۆری درووست کرد، ئەمە یەکەم. دووەم پەیوەندییان لەگەڵ ناوەندی میسر وایلێکردن سەربەخۆیی بڕیاردانیان نەبێت، بۆ چارەسەری هەموو شتێک دەچوونە ئەوێ. سێیەم زەمەن گەشە دەکات، بەڵام ئەوان گەشە نەکەن و هەر بە عەقڵییەتی دەعوە و ئیخوان و ئەوانە بکەن. هەروەها ئیخوان لە ڕووی داراییەوە لاواز بوو، ئەمەش خۆی شکستێکە.

ـ : بەڵام هەندێک كەس باس لەوە دەکەن کە هاوکاریی ڕێکخراوە جیهانییەکان بۆ ئیخوانەکان هەبووە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: هاوكارییەكە کەم بوو، بۆ عام بوو، وەک وتم حزبی ئیسلامیی لە دەرەوەی عێراق (300) کەس زیاتر بوون، ئەوان یارمەتییان دەنارد لە (1990) بە دواوە کە خەڵکی هەژاربوو، موچە کەم بوو، ئەوان پارەیان دەنارد و ئێمەش بەسەر خێزانە ئیخوانەکاندا دابەشمان دەکرد، بەڵام خۆم هیچم وەرنەدەگرت.

ـ : بەشێکی زۆر لەوانەی بە ناوی ئیخوانەوە لە کوردستان کاریان کردووە، دەڵێن کێشەی بوونی ڕەسمییەتمان هەبووە، وەرگرتنی ڕەسمییەت لە سەرکردەکانی ئیخوانەوە کە ئێمە ئیخوانین، بە تایبەتی دوو باڵەکەی مامۆستا سدیق و مامۆستا سەڵاحەدین؟

د. موحسین عەبدولحەمید: نازانم ئەوە لە خۆیان لە جەماعەتی سەڵاحەدین بپرسە زانیاریت پێ دەدەن، پەیوەندیی هەبوو، بەڵام چۆن بوو نازانم!

ـ : ئێستا بێجگە لە ئیخوان چەندین حزبی ئیسلامیی تر لە کوردستان و عێراق هەن، بێ لەمانەش سەلەفییە مەدخەلییەکان هەن، سەرنجی تۆ لەسەر کاری ئێستای ئیسلامییەکان لە کوردستان بە گشتی چییە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: من فەتوایەکم دەرکرد، من دەڵێم (لا تجوز تسمیة حزب اسلامی في هذا العصر بحزب اسلامی)، بە ڕای من لە ڕووی سیاسییەوە جائیز نییە ئیسلامییەکان ناوی ئیسلامییان پێوە بێت.

ـ : جائیز نییە، یان باش نییە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: جائیز نییە، چونکە ئەگەر سیاسەت مەسڵەحەت تەحقیق نەکات نابێت و دەبێتە تەحریمی شەرعی.

ـ : ئەم بڕوایەی تۆ لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: ئەزمونی واقیعی، من سەرۆکی حزبی ئیسلامیی بووم، ئەمینداری گشتی و سەرۆکی ناوەندی شورای حزبی ئیسلامیی بووم، ئیخوان بوو بەڵام پێیاندەوت حزبی ئیسلامیی بۆ ئەوەی دەرنەکەوێت، لە مامەڵەکردنمدا بۆم دەرکەوت نابێت.

ـ : کەواتە ئێستا ئیسلامییەکان دەبێت چی بکەن؟

د. موحسین عەبدولحەمید: بانگەواز، كۆمەڵە و ڕێكخراوی ئیسلامیی دابنێن، حزبەکەش بە شێوازی مەدەنی ئیش بکات، بەڵام بە مەرجەعیەتێکی ئیسلامیی، بۆ ئەوەی مەناهجی ئەو حزبە بەر قەتعیاتی نەکەوێت.

ـ : کەواتە پشتیوانی لەو بۆچوونانە دەکەیت کە داوای جیاکردنەوەی یانگەواز لە سیاسەت دەکەن؟ 

د. موحسین عەبدولحەمید: بەڵێ، حزبی ئیسلامیی نابێت ناوەکەی ئیسلامیی بێت. وەک حزبی داد و گەشەپێدانی تورکیا و مەغریب، حزبی تەجەموع و ئیسلاح لە یەمەن، هەموویان باکگرواندیان ئیخوانییە، بەڵام پەیوەندییان بە بانگەوازەوە نییە.

ـ : دەوترێت یەکێک لەو کێشانەی حزبی ئیسلامیی عێراقی بە دەستییەوە دەناڵێنێـت ململانێی نێوان سەركردەكانیەتی، تۆ لەو بارەوە چی دەڵێیت؟

د. موحسین عەبدولحەمید: حزبی ئیسلامی لە عێراق بۆ لاواز بوو، هۆکاری دەرەکی ئەوە بوو حزبی بەعس شەڕی دژیان ڕاگەیاند، سوننەی عەرەب ئیخوانیان خۆش ناوێت، بەعسیش هات (35) ساڵ سوننەکان بوونە ئەندامی حزبی بەعس.

لە ناوخۆشدا، هەڵەی ناوخۆیی زۆر بوون، یەکەم، هاتن لەپاش من کەسێکیان هێنا، ئەویش تارق هاشمی بوو، هیچ پەیوەندییەکی بە ئیخوانەوە نەبوو، دەڵێن پێشتر ئیخوان بووە، هەموو هاتنەکەی بۆ ئەوە بوو کە پێش بكەوێت و كاربكات بۆ گەیشتن بۆ سەرۆک کۆماری.

ـ : کێ هێنای؟

د. موحسین عەبدولحەمید: محەمەد ئەحمەد ئەلڕاشد ئەوسا لە بەغدا بوو، کاریگەریی لەسەر زیاد ڕاوی و ئوسامە تکریتی درووست کرد، من لە دەرەوە بووم و بێ ئامادەبوونی من ئەویان هێنا، دوای ئەوە هەندێک کە بەشداریان کرد لە حکوومەت، هەندێک کەسیان دانا لاواز بوون و هەندێکیشیان دەستدرێژیان هەبوو لە مال و سومعەی ئیخوانیان خراپ کرد

ـ : لە زۆر شوێن باس لە ڕۆڵی محەمەد ئەحمەد ئەلڕاشد دەکەیت، ئێستا کاریگەریی چی لەسەر حزبی ئیسلامی ماوە؟

د. موحسین عەبدولحەمید: زۆر جار وتار بڵاودەكاتەوە، پەیوەندیی بە هەندێك كەسەوە دەكات و هانیان دەدات، کە هاتەوە عێراق مەیلی ئەوەی هەبوو حزبی ئیسلامیی نەچێتە ناو ئەنجومەنی حوکم و سیاسەتەوە، ئێمە زۆرینە بەركەرنارمان کرد.

ـ : هەیمەنەی ڕۆحی ماوە لەسەر حزبی ئیسلامیی؟

د. موحسین عەبدولحەمید: نەخێر، تەنیا لەسەر هەندێک کەس هەیەتی.

ـ : پێت وایە ئاییندەی ئیخوان لە عێراقدا بەرەو کوێ دەڕوات؟

د. موحسین عەبدولحەمید: ئەگەر خۆیان نەگۆڕن کۆتاییان پێدێت، پێویستە خۆیان بگۆڕن، پێم وتون ئیتر ناوی ئیخوان بەکارنەهێنن، بگۆڕێن و بچنە ناو بانگەوازەوە. با حزبی ئیسلامیی ئەگەر بمێنێت، هەرچەند ئەوان بڕیاریان داوە ناوەکە بگۆڕن، ئەوان با سیاسەت بکەن، ئێوەش عەقیدەی ئەهلی سوننەت بپارێزن بەرامبەر شیعەکان.

 

 

 

 

ده‌نگێ نه‌دراوه