مامۆستا پیرانی: لەگەڵ دەسەڵات و حاکمیەتدا، ھەڵسوکەوتێکی باشمان بووە

مامۆستا پیرانی: لەگەڵ دەسەڵات و حاکمیەتدا، ھەڵسوکەوتێکی باشمان بووە

مامۆستا عەبدوڕڕەحمان پیرانی، ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، ڕۆژی پێنج شەممە، 30ی سەرماوەز بە ئامادەبوون لە کۆڕی ئەندامان و لایەنگرانی جەماعەت لە شاری کامیاران، ئاماژەی بە دەسکەوتەکانی جەماعەت کرد و ئەزموونی جەماعەتی بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو ناو برد.

 

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسلاح وێب، مامۆستا پیرانی ھاوڕێ لەگەڵ دەستەیەک لە بەرپرسانی باڵای لێژنەی بەڕێوبەرایەتی ناوەندی وەک بەرپرسی ناوەندی بەشی پەروەردە و ماڵی و کاک سەلاح قاسمیانی، ئەندامی شۆڕای ناوەندی جەماعەت بەرەو پارێزگای کوردستان سەفەریان کرد. لە یەکەم ڕۆژی ئەم دیدارەدا، سەردانی شاری کامیارانی کرد. 

ئەمینداری گشتیی جەماعەت لەم چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند: «پێغەمبەرەکان بۆ ھەموو نەتەوەیێک ھاتوون تا گرنگی جێنشینی خودا وەبیر خەڵکی بێننەوە، نەوەک ئەم پەیامە لەبیر ببەنەوە».  

مامۆستا پیرانی بە ئاماژە بەو خاڵە کە «ھەموو مرۆڤێک بەدرێژایی ژیانی، یەکجار ھەلی ژیانی بۆ دەڕەخسێ تا بزانێ چۆن ھەڵسوکەوت دەکا و چ ئاکارێ دەگرێتە بەر» ڕایگەیاند: «ڕابوونی ئیسلامی لە جیھانی ئەمڕۆدا دەیھەوێ پێگەی بەرزی مرۆڤ وەبیری بێنێتەوە، چونکوو بوون و وجوود تەنیان بە ئامادەبوونی مرۆڤەوە، بایەخ و واتا پەیدا دەکا، بەڵام ئایە وەکوو مرۆڤ توانیویەتی ئەم پەیام و بەرپرسیارییەتییەی خۆی لێک داتەوە؟»

ھەروەھا ڕایگەیاند: «بەھاری عەرەبیان بە ساوایی خنکاند، چونکو بەرھەمی ڕاپەڕینی ئیسلامی بوو کە بێ شک، ناتوانن بۆ ھەتاھەتا لەناوی بەرن». 

مامۆستا پیرانی ئاماژەی بە دەسکەوتەکانی جەماعەتدا و ڕایگەیاند: «چ سەرکەوتنێک لەوە گەورەتر کە ئەمڕۆ سوننەکان لە چەن شوێنی تاران ـ ھەرچەن کە ھەندێ کەسیش پێیان ناخۆشە! ـ نوێژی جومعە بەڕێوە دەبەن! بەڵام ئەم دەسکەوتانە نەبوەتە ھۆی ئەوەی کە ئێمە لە بنەما و سەرچاوەکانی خۆمان، نکۆڵی بکەین و ئەم دەسکەوتەش بە بەرەکەتی ئیش و کاری بە کۆمەڵە. لەگەڵ بوونی لاوازی بەشی ماڵی و ئابووری لە ناو جەماعەتا، ئاسەواری خزمەتی جەماعەت لە شاری «گونبەد» لە باشوورەوە ھەتا «بووشێھر» کە ھەموویان سوننەن، ئاشکرا و ڕوونە.

ئەمینداری گشتیی جەماعەت ڕایگەیاند: «جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح کە ئێمە ئەندامی ئەوین، توانیویەتی لە کۆمەڵگای ئێراندا، ڕۆڵێکی پڕبایەخی ببێ و لە ڕۆژی دامەزرانییەوە تا ئەمڕۆ خەریکی خزمەتکردن بە ئەھلی سوننەت بووە. لە چل ساڵی ڕابردوو، لە سەختترین بارودۆخەکاندا، کەمتر ڕێکخراوەیەک توانیویەتی ھێندە دەسکەوتی بێت. بەڵام جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بە حیکمەتی خۆی، لەگەڵ بوونی زۆرێک گرفت و جواروجۆری لە ئێرانی ئێستادا، توانیویەتی ھەموو نەتەوەکانی ئێران پێکەوە گرێ بدات و لە شۆڕای ناوەندیش لەسەر سفرەیەک پێکەوە دانیشن. ئەمەش شتێک نییە بێچکە لە لوتفی خودای گەورە.» 

دکتۆر پیرانی لە درێژەی باسەکەیدا وتی: «لە ھەڵسوکەوت لەگەڵ حاکمیەت و دەسەڵاتدا، وێڕای خۆپاراستن لە خراپکردنی خەڵکی، درۆ، ڕیا، توند و تیژی و توندڕەوەیی، ھەڵسوکەوتێکی حەکیمانەمان بووە. ھەموو کات نیگەرانی ئەوەین کە بە دەربڕینی ڕوانگەیەک لە لایەن ئێمەوە، کەسانێک لەگەڵ حکومەت یان بزاڤەکانی دیکە، تووشی کێشە و پێکدادان ببن و پاشان لەو ئیشەی خۆیان پاشگەز ببنەوە و ماوەیەکی زۆر بە ڕق و کینەوە، ژیان بەرنە سەر. بۆیە نابێت لە ھەست و ئیحساسی خەڵک، بە نەرێنی کەڵک وەر بگرین. بەم ڕوانگە و شێوازەوە، جەماعەت ئەمڕۆ بۆ دەزگا سیاسی و ئەمنییەکانی تاران، جێگای مەترسی نییە کە ئەمەش بۆ خۆی ده‌سکەوتێکە». 

مامۆستا پیرانی وتی: «بەشداری لە کۆڕی ئێوە خوشکان و برایانی ئیمانیم، سەعادەتێکە بۆم تا لە پێشنیار و ڕەخنەکانی ئێوە کەڵک وەربگرم. ھەموو کات لەبارەی جەماعەتەوە وا بیردەکەمەوە کە بنەماڵەیێکی گەورەم بە ھەزاران ئەندامی بەنرخەوە ھەیە کە شوکر بۆ خودا ھەموو ساڵێک لە سەرتاسەری ئێراندا ئەندامانی زیاد دەکا».  

مامۆستا پیرانی، بە خۆشحاڵییەوە ڕایگەیاند: «چەنێک بە نرخە کە مرۆڤ، ئازیزانێکی ھەبێ کە بە دڵ خۆشیانی دەوێ و وەک ڕۆحێک بن کە لە ھەزاران جەستەدا، ئیش بکات». 

لە کۆتاییدا ئەمینداری گشتیی جەماعەت وڵامی پرسیاری ئامادەبوانی دایەوە و سەبارەت بە ھەندێک تێبینی، ڕونکردنەوەی پێشکەشی ئامادەبوان کرد.

مامۆستا پیرانی: لەگەڵ دەسەڵات و حاکمیەتدا، ھەڵسوکەوتێکی باشمان بووە

.:: نوێ‌ترین ::.

شکۆی نوێژی جەژن لە نوێژگە و مزگەوتەکانی تاران هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1397/03/26)
لە ماڵاوایی ڕەمەزاندا رمضان، ڕه‌مه‌زان (1397/03/24)
سه‌بر هه‌وێنی ژیانه کۆمه‌ڵایه‌تی (1397/03/16)