شەرمەزارکردنی لێدوانەکەی مایکل فلین لە لایەن یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان

شەرمەزارکردنی لێدوانەکەی مایکل فلین لە لایەن یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان

دکتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ئیدانەی ئەو لێدوانانەی کرد کە ترامپ و ڕاوێژکارەکانی دژ بە ئیسلام و مسوڵمانان دەیدەن.

لەوکاتەوە کە ترامپ بوەتە سەرۆک کۆماری ئەمەریکا ئاستی دژایەتی و سوکایەتیکردن بە مسوڵمانان و ئیسلام لە ئەمەریکادا زیادی کردوە، لە ئێستادا ئەم هێرشانە چوتە ئاستی جۆراوجۆر لە میدیاو ڕاوێژکارەکانی، دوایەمین لێدوان و هێرشیش ئەوە بووە کە (مایکل فلین) ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ترامپ ئەنجامیدا، ئەویش لە میانی ووتارێکدا کە لە کۆنگرەی ساڵانەی ACT بۆ ئەمەریکا رایگەیاند، کە ئەمەش گەورەترین ڕێکخراوی ڕەگەز پەرستی ئەمەریکا یە، دژ بە مسوڵمانەکان ،لەو ووتارەدا ووتی :

(ئیسلام عەقیدەیەکی سیاسیە کە خۆی لە دوای ئاینەوە شاردۆتەوە، ئەمە وەک شێرپەنجە وایە، شێرپەنجەیەکی پیسە کە لە جەستەی ملیارێک و حەوسەد ملیۆن مسوڵماندا بڵاوبوەتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە ئەم نەخۆشیە پیسە دەربهێنین و بنەبڕی بکەین)، لە کاتێکدا کە ئەم جۆرە هێرشە دەکاتە سەر ئیسلام، ڕەچاوی هیچ هەست و سۆزێکی مسوڵمانانی سەر زەوی ناکات و ئەو ڕاستیە نابینێت کە ئەم جۆرە لێدوانانە ئەگەری ئەوەی هەیە کە گرفت و ئاژاوە لە نێوان گەلاندا یان ئاینە جیاوازەکان دروست بکات، لە کاتێکدا کە ئیسلام ئاینی ئاشتیەو دژی هەموو ڕەگەز پەرستیەکەو هەموو ئاینەکانیش دژ بەم کارەن .

بۆ ئەم مەبەستە دکتۆر عەلی قەرەداغی جەختی کردەوە لەسەر زاڵ کردنی زمانی عەقڵ و ڕێگەگرتن لەم جۆرە لێدوانە شەڕەنگێزیانە کە هیچ لایەک سوودی لێ نابینن و پێویستە هەموو لایەک خۆ لە ئیرهابی فیکری بپارێزن چونکە ئەمانە هەمووی دەبنە مایەی  زیاتر ئاژاوە نانەوەو پشێوی، هەروەک زلهێزەکان دەیگرنە بەر .

هەروەها بەرێزیان داوای کرد کەزیاتر تەعالیمەکانی ئیسلام شارەزاببن و بەباشتر ئیسلام بناسن، چونکە ئیسلام ئاینێکە داوای ئاشتی و خێرو چاکە دەکات بۆ هەموو مرۆڤایەتی و دژ بە توندو تیژیە لە نێوان مسوڵمانان خۆیان و غەیری مسوڵمانانیشدا، هەروەها داوای لێبوردەیی و دڵ پاکی و چاکەکاری دەکات بۆ هەموان،ئیسلام ئاینێکی جیهانیە و چاکەی بۆ هەموو دانیشتوانی سەرزەوی دەوێت بەهەموو ئاین و ڕەگەزو نەتەوەکانەوە، چارەسەری داناوە بۆ هەموو کارو بارێکی دین و دنیا بەمادی و ڕۆحیەوە، خاوەن کۆمەڵە سیفاتێکە لەوانەش : سنگ فراوانی و ئاسانکاری و لێبوردەیی و دژایەتی توندوتیژی، ئەمە ئەخلاقی مسوڵمانە بەرامبەر بە ئاشتیخوازان و جیهان وەک دەفەرموێت : (لا يَنْهَاکمُ اللَّهُ عَنِ الَّذینَ لَمْ یُقَاتِلُوکمْ فِی الدِّینِ وَ لَمْ یُخْرِجُوکمْ مِنْ دِيَارِکمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ ۆتُقْسِطوا إِلَیْهِمْ إِنَّ اللَّهَ یُحِبُّ الْمُقْسِطینَ)

 

 

ده‌نگێ نه‌دراوه