لە نێوان زاناى ئایینى و ڕۆشنبیرى ئایینییدا (کەسایەتى، جۆر، سیفات، ئەرک، تایبەتمەندى، لێکچوون، جیاوازى، ناکۆکى)

نویسنده: 
عوسمان عەبباسى
لە نێوان زاناى ئایینى و ڕۆشنبیرى ئایینییدا (کەسایەتى، جۆر، سیفات، ئەرک، تایبەتمەندى، لێکچوون، جیاوازى، ناکۆکى)

* ڕۆشنبیر کێیە؟ ڕۆشنبیر بە واتا باوەکەى، بە کەسێکى جیاواز و تایبەتى نێو کۆمەڵگە دەگوترێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنى چۆنیەتى سەرهەڵدان و کاریگەرى و جێکەوتیى لە کۆمەڵگەدا.

* سیفاتەکانى ڕۆشنبیر:

یەکەم: خاوەن بیر و هزرێکى ڕوون بێت.

دووەم: سەردەمى کلاسیک تێدەپەڕێنێت بەرەو سەردەمى نوێ.

سێیەم: هەستیارە بەرامبەر چارەنووسى کۆمەڵگە.

چوارەم: پێشنیازى هەیە بۆ دەرچوونى کۆمەڵگە لە دواکەوتوویى و وەستان.

پێنجەم: دژى لاساییکردنەوەیە.

* ڕۆشنبیرى ئایینى کێیە؟

لە ئێستادا، لە جەنجاڵترین باس و ئاڵۆزترین چەمکەکانى نێو کایەى فیکریى کۆمەڵگە، چەمکى ڕۆشنبیرى ئایینییە. پرۆژەى ڕۆشنبیرى ئایینی و پارادۆکسى ئەو کەسایەتییە، لەو پرس و باس و پرسیارانەن کە پێویستە ئەم چەمکە لێیبکۆڵرێتەوە. سەرلەنوێ خوێندنەوە و ڕاڤەى نوێ و چەمکى دین و دیندارى، دین وەک چەمک، دیندارى تاک وەک ئەزموونێکى مرۆیى، دەکرێ بە شێوازى جیاواز و دیدگاى جۆراوجۆرەوەوە، بەدواداچوون و خوێندنەوەى بۆ بکرێت. دەشێ کۆڕایى و دژەبۆچوون لەسەر چەمکەکە و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵى و خوێندنەوە بۆى، هەبێ. سەرهەڵدانى کەسێتى ڕۆشنبیرى ئایینى، دەرەنجام و وەڵامگۆى خواستێکى سروشتى بوو، ئەویش لە هەلومەجێکى لەباردا. کاتێک خەڵکى دینیان پەسەند کرد، پێویستییان بە ناسینى زیاترى چەمکەکە و چارەسەرى کێشەى دینى بوو، بۆ ئەم مەبەستەش کەسێک کە هەڵدەسێ بەم پرۆسەیە، ڕۆشنبیرى ئاینییە.

* ئەرکى ڕۆشنبیرى ئایینى چییە؟

ڕۆشنبیرى ئایینى، دین دەکاتە سەرچاوەى کارەکانى، واتە کار لەسەر هزرى ئایینى دەکات. هەروەها بە مەعریفەیەکى نوێوە سەیرى دین دەکات. هاوکات لە دیدگایەکى مێژووییەوە لە دین ڕادەمێنێ. لە جیهانى نوێدا بە مەعریفەی نوێوە کار لەسەر پرۆژەى ئایینى دەکات. ڕۆشنبیرى ئایینى کاریگەرى لەسەر چۆنیەتى ئاییندارى خەڵکى جێدەهێڵێ، چونکە خاوەن تیۆریایەکى نوێ و دیدگایەکى ڕوونە. هەمیشە خوێندنەوەى نوێ دەکات بۆ دین. بیرکردنەوە و ڕەوتارى تایبەت و جیاوازترە لە خەڵکى ڕەشۆک، تەنانەت دەیەوێت ڕەوتاریان بگۆڕێت و بیرکردنەوەیان ختوکە بدات و هزریان ڕۆشن بکاتەوە.

* جیاوازى نێوان ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیرى ئایینى:

ڕۆشنبیر بەرهەمى خواستێک و بەرەنجامى داخوازییەک نەبووە، بەڵام ڕۆشنبیرى ئایینى وەڵامگۆ بو بۆ داوایەکى نوێ و جددى گۆڕەپانى ئایینى. سەرهەڵدانى چەمکى ڕۆشنبیر، سەرهەڵدانێکى ئاسایى نەبوو، چونکە خەڵکى بە شێوەیەکى ئاسایى هەر لە سەرەتاوە لە هەوڵى ناسینى سوودوەرگرتندا نەبوون بۆ جیهانى نوێ. بەڵام ڕۆشنبیرى ئایینى بەسەرهەڵدانێکى ئاساییەوە هاتە کایەوە. جیهانى نوێش پێویستى بە کاراکتەرێک دەبوو تا بتوانێت کار لەسەر ڕۆشنبیرى ئاینى بکات و بەرجەستەى بکات و لەگەڵ جیهانى نوێدا ئاشنا و تەباى بکات. بەداخەوە لەم نێوەندەدا زاناى ئایینى یاخود بانگخوازى دیینى نەیتوانى ببێتە ئەو کاراکتەرە ئەکتیڤە و وەڵامگۆى ئەو خواستە گرنگەى گۆڕەپانەکە، تا ئەوەى بەشێوەیەکى ئاسایى ، ڕۆشنبیرى ئایینى هات کایەوە و ئەو ئەرکەى خستە ئەستۆى خۆیەوە.

* زاناى ئایینى کێیە؟

لە نەریتى گشتى کۆمەڵگەدا بە کەسێک دەگوترێت زاناى ئایینى، وێڕاى باوەڕبوون و کارکردنى بە بنەما دیینییەکان، ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ تێکستى دینى و پشت بە بنەما دینییەکان دەبەستێت. سەرچاوەى سەرەکی دیدگا و ئاخاوتنەکانى، فەرمایشتەکانى خوا و گوتەکانى پەیامهێن محەمەدە (د.خ)، بەم پێوەدانگەشەوە بانگەوازى خەڵکى دەکات بۆ لاى خوا. پێویستە لەسەر زاناى ئایینى کە ڕێچکەى پەیامهێنانى خوا بگرێتە بەر بۆ گەیاندنى پەیام و ڕێبازى خوایى. واتە ئەرکى پەیامهێنانى لەسەر شانە و بارێکى گرانی لە ئەستۆدایە، ئەمەش دەیخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتییەکى مەزنى مێژوویی و ئایینى و ئەخلاقییەوە. هەموو سەردەمێک خەڵکى پێویستى بە زاناى ئایینى هەیە، تا ئاشنا بێت بە پەیامى ئیسلام.

* تایبەتمەندییەکانى زاناى ئایینى:

یەکەم: عەقڵى مرۆڤ دەستەوسانە بەرامبەر سروش.

دووەم: ڕەخنەگرتن لە خودى دین، هێڵى سوورە.

سێیەم: دەستبردن بۆ پیرۆزییەکانى ئایین، ڕێپێنەدراوە.

چوارەم: عەقڵ هۆیەکى سەرەکییە بۆ ناسینى دین.

پێنجەم: مرۆڤ ئازادە لەوەى بیر لە چى دەکاتەوە، تەنها ئەوە نەبێت خوا یاساغى کردووە، وەک: زاتى خودا، هتد...

شەشەم: زاناى ئایینى نوێنەرى خوا و دین نییە، ئەرکى تەنها گەیاندنە.

حەوتەم: ئەو کارەى زاناى ئایینى دەیکات، ئیجتیهادە.

* لێکچوونەکانى نێوان زاناى ئایینى و ڕۆشنبیرى ئایینى:

یەکەم: هەردوو لا مەبەست و کارى سەرەکییان خزمەتکردنە بە دین.

دووەم: ئامانجى هەردوو لا گەیاندنى پەیامى خواییە بە خەڵکى.

سێیەم: کار لەسەر ڕاڤە و لێکۆڵینەوە لە تێکستى دینى دەکەن.

چوارەم: کەرەستەکانى کارکردنیان، ئایینە.

پێنجەم: هەردوو لا مەبەستیان ڕەزامەندى خوایە.

* جیاوازى ئەرکى زاناى ئاییینى و ڕۆشنبیرى ئایینى:

ئەگەر بڕیار بێت ئەرکى زاناى ئایینى، گەیاندنى پەیامى خوایى بێت بە خەڵکى بەگشتى و ئاستى مامناوەندى و خوارەوە بەتایبەتى چینى ڕەشۆک، ئەویش بە ڕوونکردنەوەى پرسى بیروباوەڕ و مەسەلەى فیقهى و هتد... ئەوا هاوشان و لەسەردەمى نوێدا بەتایبەتى ڕۆشنبیرى ئایینى، ئەرکى ئەوان و خۆشیان لە ئەستۆ بگرن. واتە دەشێ ڕۆشنبیرى ئایینى کار لەسەر بنەما گشتییەکانى ئایینى بکات بۆ ئەو ئاستەى کە زاناى ئایینى بانگەشەى بۆ دەکات و لە ئەستۆیەتى. لە لایەکى دیکەوە دەشێ ڕۆشنبیرى ئایینى هەڵسێ بەکارى خۆیشى، ئەویش بە خستنەڕووى تیۆریاى نوێ و خوێندنەوەیەکى تر بۆ دین و پرسە ئایینییەکان، ئەویش بۆ چینى دەستەبژێر و کەسانى خوێندەوار و ئاستبەرز، واتە دەشێ وێڕاى هەڵگرتنى هەریەکە و بە ئەرکى خۆى، ئەوا تەواوکارى ئەرکى یەکدیش بن، چونکە ئامانجێکیان هەیە، ئەویش خزمەتە بەخەڵکى و بە پێوەرى دینییەوە. ئەگەر دژە بۆچوونێکیش هەبێت، ئەوا زۆر کاریگەر نابێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئەوەندەى کۆڕایى هەیە، ئەوەندە جیاوازى بەدیناکرێت.

* دوو جۆر لە زاناى ئایینى و ڕۆشنبیرى ئایینى:

یەکەم: بەشێک لە زانایان و ڕۆشنبیرانى ئایینى خەیاڵپەروەر دێنە ئەژمار.

دووەم: لێکچوون لەنێوانیاندا بەدیدەکرێت، بەڵام جیاوازى نێوانیشیان حاشاهەڵنەگرە. لێرەدا قسەمان لەسەر جۆرى دووەمە، واتە لەو ڕۆشنبیر و زانا ئایینیانەمان مەبەستە کە دڵخواز و ڕەسەنى نێو کۆمەڵگە بن. مێژوو نیشانى داوە کە مرۆڤ گەرچى ویستوویەتى بەدواى خەیاڵات و ویستى تەواو دڵخوازى خۆیەوە بێت، بەڵام زۆربەى لە تاسەى گەیشتندا بوون بەو خواستەیان، تەنانەت تیاماون و دەستەوسان بوون، ناچار بەوەى کە هەیانبووە پێى ڕازى بن و بساچن.

* ئەڵقەى ونبووى نێوان زاناى ئایینى و ڕۆشنبیرى ئایینى:

وا دێتە بەرچاو کە گرنگترین گرفتى نێوان زانایانى ئایینى و ڕۆشنبیرانى ئایینى ئەوەیە کە نەیانتوانیوە، لەوانەشە نەیانویستبێ، بیر لە دونیاى یەکترى بکەنەوە و جیهانبینى یەکدى پەسەند بکەن، تەنانەت دەروازەیەکیشیان بەڕووى یەکدیدا نەکردۆتەوە، ئەمە وا دەکات دەرگاى گفتوگۆ ببەسرێت و لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولادا بەدینەکرێت. یەکێک لەو ئەڵقە ونبووانەى نێوان هەردوو کاراکتەر ئەوەیە، زاناى ئایینى لە جیهانى نوێدا ناژیت، واتە زیاتر خۆى بەستۆتەوە بە ڕابردووەوە، هەرچەندە قسەى سەردەمى نوێ دەکات و ئاماژە بە جیهانى نوێ دەکات، بەڵام هێشتا لە کۆت و بەندى مێژوو لاساییکردنەوە و پشتبەستن بە قسەى پێشینان ڕزگارى نەبووە و دەرنەچووە، بە پێچەوانەوە ڕۆشنبیرى ئایینى لە جیهانى نوێدا ئامادەیى هەیە و دەیەوێت بە پێى ڕۆژگار ئاییندارى بکات و بیگەیەنێت. هەردوولا جەختیان لەسەر ئەو جیهانبینییەیە کە لە ئێستادا کارى لەسەر دەکەن، نەک ئەوەى قاڵ ببنەوە بە جیهانى یەکدى.

* چارەسەرى ناکۆکى نێوان زاناى ئایینى و ڕۆشنبیرى ئایینى:

یەکەم: گفتوگۆکردن.
دووەم: ڕاوێژکردن.
سێیەم: خۆنەبەستنەوە بە مێژووەوە.
چوارەم: پابەندنەبوون بە کەسێکى دیاریکراوەوە.
پێنجەم: دژایەتینەکردنى یەکدى.
شەشەم: هاریکارى نێوان یەکتریى.

حەوتەم: ڕێزگرتن لە ڕاوبۆچوونى یەکدى.

هەشتەم: ئامانج پرۆسەکە بێت نەک شتى دى.

نۆیەم: کارنەکردن لەسەر کەسایەتتى یەکتریى.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ئایەتوڵڵا ئەکبەر ڕەفسەنجانی کۆچی دوایی کرد هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1395/10/20)
دابڕاوی 30 ساڵە گەیشتە ویسالی ھەرمان هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1395/10/13)