هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی کودتاکەی تورکیا

نووسەر: 
فراس ابوالهلال
وه‌رگێر: 
هاشم زوورئاوەر
هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی کودتاکەی تورکیا

هەنوکە بـە دڵنیاییەوە دەتوانین بەو ڕاستییە بگەین کە کودتای نیزامی لە تورکیا تووشی شکست هاتووە؛ هەرچەند کە تا ئێستا هێندێک لە گروپەکانی کودتاچی لە هێندێک لە ناوچەکانی تورکیا و ناوەندەکانی هەستیار بۆ پێشگرتن لەو شکستە خۆڕاگری نیشان دەدەن.

بۆچی کودتاکە سەرکەوتوو نەبوو؟ گرینگترین هۆکاری ئەو شکستە چ بوو؟
۱ـ بوونی ڕێبەرێکی جێی متمانە لە تورکیا کە پێگەیەکی جەماوەری بەهێزی هەیە. ئەردوغان بەخێرایی بە هۆی یەکێک لە کاناڵەکانی ڕاگەیاندن و بەڕێگای تەلەفوونەوە هاتە گۆڕەپان و بە دڵنیاییەوە وتاری ئاراستەی کۆمەڵانی جۆاروجۆری خەڵک کرد و ورەی پێ بەخشین و داوای لێکردن کە بڕژێنە شەقامەکان و بەو هەنگاوەی متمانەی خۆی لەناو خەڵک بەهێزکرد و خۆی لەڕیزی پێشەوەی خەبات دژی کودتادا دیتەوە.

۲ـ بوونی خەڵکێکی وشیار و خەباتگێڕ. کۆمەڵانی جۆراوجۆری خەڵک هەر کە هەواڵەکانی سەرەتایی کودتاکەیان بیست، ڕژانە شەقامەکان و یەکەمین پەیام و ڕاسپاردەی تەلەڤزیۆنی ئەردوغان بەواتای هاندانی خەڵک بۆ وەگەڕخستنی ڕێپێوان و خوپێشاندانەکانە. هەزاران کەس لە خەڵک ڕژانە گۆڕەپان و شەقامەکان و هەروەها فڕۆکەخانەی ئێستانبول و ناوەندەکانی هەستیار و مزگەوتەکانیش لەحەولێکی شۆڕشگێرانەی خەڵکیی دا، بەهۆی بڵیندگۆیەکانیان خەڵکیان بانگهێشتی هاتن بۆ شەقامەکان کرد. تاقم و لایەنەکانی جۆراوجۆری خەڵکی تورکیا لە ماڵ هاتنەدەر؛ چوونکە لە ڕووی ئەزموون و وشیارییەوە ژیانی ژێر دەسەڵاتی نیزامییەکانیان تاقی کردبۆوە و نەیاندەویست ئەو ئەزموونە پڕلەنەگبەتییە دیسان دووبارە بێتەوە. بۆیە دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە تەنیا خەڵک براوی سەرەکی و سەرکەوتووی گۆڕەپانی خەباتن.

۳ـ تورکیا خاوەنی سیستم و دەسەڵاتێکی ڕێک و پێکە. سەرۆک کۆمار و هێندێک لە وەزیرە گرینگەکانی کابینە و سەرۆکی پاڕڵەمان بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو دەستیان بە چالاکی کرد و لە گەڵ ڕاگەیەنەرەکان دانوستان و وتووێژیان ئەنجامدا و پەیامی گرینگ و کاریگەریان لەپێوەندی لە مەڕ بەرپەرچدانەوەی کودتا و بەردەوامی سیستمی دەسەڵات ئاراستە کرد. سەرۆکی پاڕڵەمان و هێندێک لە نوێنەرانی حیزبی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن سەرەڕای مەترسیی بۆمبارانی فڕۆکەکانی کودتاچییەکان، خۆیان گەیاندە ناوەندی پاڕڵەمان. گشتیی ئەو چالاکییە سیاسیانە، کودتای لە ئامانج و نێوەڕۆکی سیاسیی خۆی دوورخستەوه و کودتا تەنیا بووە بە حەولێکی چەکداری بێ ئەنجام.

٤ـ بوونی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی دژبەری سیستمی سیاسی لە تورکیا. لەهەمان قۆناغەکانی دەسپێکی کودتا، تاقم و گروپ و حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بەهەموو باڵ و جیاوازی فیکری و تەنانەت ڕقەبەرەکانیشی، دژایەتی خۆیان بە نیسبەت ئەو کودتایە زەق کردەوە. نەیارانی ئەردوغان و ڕقەبەرە شەڕخوازەکانی سەرەڕای بوونی کێشەیەکی قووڵ لەگەڵی، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە کە جەختی لەسەر داکۆکی لە دێموکڕاسی و دژایەتی کردنیی کودتا و لایەنگری کردن لە دەسەڵاتی هەڵبژێردراو و سەرۆک کۆمار دەکرد، ئۆپۆزسیۆنی شیاوی ڕێز و پێزانین ڕۆڵی بنەڕەتی لەو سەرکەوتنەدا گێڕاوە، چوونکە کودتاکەی بە بێ پشتگیری سیاسی وێڵ و سەرگەردان کرد.

٥ـ ڕۆڵی ڕاگەیەنەرەکانی دێموکڕاسی لە تورکیا. بەشێکی زۆری ڕاگەیەنەرەکانی پێوەندییە گشتییەکان پشتگیری دێموکڕاسی و دەوڵەتیان کرد و بەرنامەکانی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی خۆیان بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی سیاسی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیر و نوێنەران و سیاسەتوانان و نیزامییەکانی دژبەری کودتا لەنێو خەڵکدا تەرخان کرد. لەلایەکی تریش کودتاچییەکان بێجگە لە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ڕێگای کاناڵێکی تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی، ئەویش پێش ئەستاندنەوەی لە لایان خەڵکەوە، بەمەبەستی داگیرکردنی وڵات، نەیانتوانی بەیاننامەیەکی تر بڵاوبکەنەوە. ئامرازەکانی پێوەندییە گشتییەکان داکۆکی لە دێموکڕاسی کرد و ئەو خاڵێکی بەهێزە بۆ سەرۆک کۆمار و دەوڵەت و هۆکارێکی بنەڕەتی بوو کە کودتا بەبێ ئەو لایەنە شکست ناخوات.

٦ـ تایبەتمەندیی تورکیا لەبوونی حیزبێکی بەهێزی جەماوەری. هێزی جوڵەی حیزبی داد و گەشە ڕۆڵێکی گرینگی گێڕا. ڕێبەرانی حیزب گشت خەڵک و ئەندامانی خۆیان بۆ ڕژانەسەر شەقامەکان بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی کودتا بانگهێشت کرد. ڕێبەرانی حیزبەکانی مێژوویی نەیاری ئەردوغان وەکوو سەرۆک کۆماری پێشوو عەبدوڵڵا گۆڵ و سەڕۆک وەزیری پێشوو ئەحمەد داوود ئۆغڵوو، هەڵوێستێکی جوامێرانەیان لەو پێناوەدا نواند. بەمجۆرە بوونی حیزبێکی بەهێز بەدوور لەهەر چەشنە گەندەڵی و بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی گشتیی خەڵک، هۆکارێکی گرینگ لە خەبات دژی کودتا بوو.

۷ـ سەقامگیری هێمنیی لە تورکیا. ئەردوغان بە درێژایی ساڵانی دەسەڵاتداریی خۆی تا ئاستێک توانی چاکسازی له هێزەکانی پۆلیسی ئاسایش و ئینتزامی دابکات و هێزی ئاسایش بکاتە هاوڕێ و هاوکاری دەوڵەت و خەڵک و دێموکڕاسی. ڕێکخراوی پۆلیس و دەزگاکانی زانیاری و ئاسایش، ڕۆڵێکی گرینگیان لەسازکردنی هاوسەنگی لە نێوان باڵەکانی سەربزێوی ناو ئەرتەش - کە ئەردوغان تا ئێستا نەیتوانیبوو بەتەواوی بیانسڕێتەوە، گێڕا. لەهەمان کات و ساتی دەسپێکی کودتا، هێزەکانی ئاسایش بەدژی کودتاچییەکان پەرچەکرداریان نیشاندا و لە گوڕەپانەکانی شار لەبەرامبەر تاقمەکانی شۆڕشگێڕی ئەرتەش خۆڕاگریان کرد. بۆیە شتێکی وا سووک و ئاسان نەبوو کە سەرۆک وەزیر(بن علی یلدریم) هەر لە سەرەتاوە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئاسایش دژی کودتاچییەکان دەوەستنەوە.

۸ـ ئاستی ڕێبەرایەتی کردنیی کودتا لە توێژی نێونجی ئەرتەش بوو. کودتا لە لایان فەرماندەرە پلەبەرزەکانی ئەرتەش رێک نەخرابوو، بەڵکوو زۆربەی فەرماندەکانی لە ئەفسەرانی پلەی نێونجی بوون و سەرۆکی ئەرتەش و فەرماندە پلەبەرزەکانی ئەرتەش و گاردی تایبەتی و هێزەکانی دەریایی و ئاسایش، نەیاری کودتاکە بوون. بۆیە فەرماندەرانی پلە نزمی کودتاچییەکان، سەرەڕای دەستبەسەرکردنی سەرۆکی ئەرتەش لەهەمان قۆناغی دەست پێکردنی کودتا، توانای زاڵبوونیان بەسەر ئەرتەشدا نەبوو.

۹ـ کودتا خاوەنی پەرتەوازییەکی نێونجی بوو. کودتا لەسەر بنەمای ئاستی ڕێژەیی هێزەکانی بڵاوپێکراوە، بەرین و بەربڵاو نەبوو؛ بەڵکوو کودتاچییەکان تەنیا بەبڵاوکردنەوەی کۆمەڵێکی بچووک لە تانکەکانیان لە شوێنه هەستیارەکان ڕازی ببوون، بۆیە تاقمەکانی جۆراوجۆری خەڵک و هێزەکانی ئاسایش بە هۆی زۆربوونی ئاستی حەشیمەتیان توانیان بەسەریان زاڵ ببن. ئەگەر ئاستی بڵاوبوونەوەی تانگەکان و هێزەکانی ئەرتەش زۆربا، هێزەکانی ئاسایش و خەڵک بەو خێراییە دەرەقەتی خۆڕاگری و شکستی ئەوانیان نەدەبوو.

۱۰ـ هیچ چەشنە لێهاتووییەک لەباری ڕێکخستنەوە لەو کودتایەدا بەدی نەدەکرا. شۆڕشگێرەکان تەنیا کەڵکیان لە هێزی چەکداری بەبێ بەهرەمەندبوون لە پۆششی سیاسی و ڕاگەیاندنەوە وەرگرت. کودتاچییەکان تەنیا دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێر و بەهۆی دەست بەسەرداگرتنی کاناڵێکی ڕاگەیاندن و بەزۆرەملی، یەکەمین بەییاننامەی خۆیان بڵاو کردەوە. کودتاچییەکان خاوەنی هیچ هاوپەیمانییەکی سیاسی نەبوون، بەڵکوو تێکڕای سیاسەتوانان نەیاری تووندی ئەو کودتایە بوون، بۆیە کودتایەکی نیزامی بەبێ پشتگیری سیاسی، سەرەنجامەکەی شکستە.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)