چاوپێكه‌وتنی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ مامۆستا ئه‌بوبه‌كر كاروانی سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌ی حه‌وته‌می یه‌كگر‌تووی ئیسلامی كوردستان

چاوپێكه‌وتنی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ مامۆستا ئه‌بوبه‌كر كاروانی سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌ی حه‌وته‌می یه‌كگر‌تووی ئیسلامی كوردستان

-كۆنگره‌ی ئه‌م جاره‌ی یه‌كگرتوو چۆن ده‌بینن؟ ئه‌م ڕووداوه‌ چ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی له‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ كۆنگره‌ی پێشوو هه‌یه‌؟
تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م كۆنگره‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ كۆنگره‌كانی پێشوو له‌م خا‌ڵا‌نه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌بینم:
1. هاتنه‌وه‌ی دوباره‌ی مامۆستا سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د به‌هائه‌ددین؛ ئه‌مینداری پێشوو، بۆ ناو كێ‌بڕكێ و پۆستی ئه‌میندارێتی.
2. گرێدانی له‌ دوای چوار ساڵ هه‌ڵكشان و داكشانی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان‌دا، كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر ناوخۆی یه‌كگرتوودا هه‌بووه‌.
3. گرێدانی له‌ كاتی شه‌ڕی داعش و هه‌ستیار بوونی باروودۆخی هه‌رێمی كوردستان و عێڕاق و ناوچه‌‌.
4. بوونی تاكی من (ئه‌بوبه‌كر عه‌لی) وه‌ك پاڵێوڕاوی پۆستی ئه‌مینداری گشتی، به‌ به‌رنامه‌یه‌كی جیاواز بۆ دووباره دامه‌زراندنه‌وه‌ی حیزب و سه‌ربه‌خۆكردنی كایه‌ی سیاسه‌ت و بانگه‌واز، كه‌ به‌ گشتی له‌ كۆنگره‌یه‌كی ئاسایی‌دا، نائاسایی ده‌بیندرێت.

-كارنامه‌ی 4 سه‌ڵه‌ی ئه‌مینداری گشتی ‌ به‌ڕێز مامۆستا موحه‌ممه‌د فه‌ره‌ج چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ دیسانه‌وه‌ پاڵێوڕاوی ئه‌میندارێتی بێت؟
ئه‌وه‌ی تا ئێستا به‌ڕێزیان ئا‌شكرای كردووه خۆی ده‌پا‌ڵێوێت، له‌كاتێكدا به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی یه‌كگرتوو له‌ كارنامه‌ی چوار ساڵه‌ی ئه‌و ڕازی نین. به‌ ڕای من، كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی له‌ خودی شێوازی ئیش‌كردن و تێكه‌ڵی بانگه‌واز و سیاسه‌ت و سنووردار بوونی كات و هێز و هونه‌ری سیاسه‌ت كردنه‌.

-بارودۆخی ئه‌مڕۆی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕابردووی چۆن ده‌بینن؟ ئایا یه‌كگرتوو توانیویه‌تی ئه‌ركی‌ مێژوویی‌ و نه‌ته‌ویی خۆی جێ‌به‌جێ بكات و سه‌رچاوه‌ی ئاڵ‌وگۆڕی فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تی بێت له‌ كوردستان؟
باروودۆخی یه‌كگرتوو به‌ خرابی نابینم. به‌ڵام زۆریش باش نییه‌. به‌شێك له‌ ئه‌ركی نه‌ته‌ویی و مێژوویی‌یه‌كانی خۆی ئه‌نجام داوه‌ و به‌شێكیشی ماوه‌. بۆ ئه‌وه‌ی‌كه له‌ ئاست ئه‌ركه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ش‌دا بێت، پێویسته‌ ده‌ستكاری شێوازی كاری حیزبی خۆی بكات و كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی و ڕێكخراوه‌ییه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات و ببێته‌ هه‌وێنی ئیسلامی و موحافیزكاری كۆمه‌ڵگا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا ببێت به‌ هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم.

-ئاڵ‌وگۆڕی ناوخۆیی كوردستانی عێڕاق و ناوچه‌یی و جیهانی، چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر كۆنگره‌ی ئه‌م جاره‌ی یه‌كگرتوو ده‌بێت و چاوه‌ڕوانی چ گۆڕانكارییه‌ك له‌ نێو یه‌كگرتوودا ده‌كرێت؟
له‌ بنه‌ڕه‌ت‌دا ده‌بێ كاریگه‌ری زۆری هه‌بێت و حیزبه‌كه‌ به‌ره‌و كرانه‌وه‌ی‌ فكری و سیاسی زۆرتر به‌رێت، به‌ڵام به‌ش به‌ حاڵی خۆم ئه‌وه‌ نابینم. چاوه‌ڕێی گۆڕانكاری گه‌وره‌ش ناكه‌م له‌ كۆنگره‌‌دا، گه‌وره‌ترین گۆڕانكاریش ئه‌گه‌ر بكرێت ئه‌وه‌یه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تای ده‌ست‌ پێ‌كردن به‌ گۆڕانكاری. ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی‌كه‌ یه‌كگرتوو بخرێته‌ دۆخێكی ڕاگوزه‌ری و له‌وه‌دا بانگه‌وازی ئیسلامی و سیاسه‌ت لێك جیا بكرێنه‌وه‌ و سیاسه‌ت و بانگه‌وازی ئیسلامی، سه‌ربه‌خۆ له‌ یه‌كتر بێنه‌ كایه‌وه‌ و سنوورداری ئێستا بشكێنێ و لاوان و خوشكان به‌شدارییه‌كی كاریگه‌رتر له‌ سه‌ركردایه‌تی كردن و دروستكردنی بڕیاری سیاسی تیایدا بگێڕن.

-به‌ پێی هه‌واڵی ڕاگه‌یا‌ندنه‌كان، به‌ڕێز مامۆستا سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د به‌ها‌ئه‌ددین؛ ئه‌مینداری پێشووی یه‌كگرتوو، و هه‌روه‌ها جه‌نابتان وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و كه‌سایه‌تی سیاسی كورد و به‌ڕێز مامۆستا موحه‌ممه‌د فه‌ره‌ج؛ ئه‌مینداری گشتی ئێستای یه‌كگرتوو، به‌ڕێز مامۆستا موحه‌ممه‌د ڕه‌ئوف؛ كاندیدی پێشووی ئه‌مینداری گشتی، بۆ پۆستی ئه‌مینداری گشتی ئه‌م حیزبه‌ ده‌پا‌ڵێون. ئێوه‌ ڕكابه‌ری ئه‌م چوار كه‌سایه‌تییه‌ و ڕێژه‌ی براوه‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌م په‌ڵێوڕاوانه‌ له‌ كۆنگره‌ی حه‌وته‌مدا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
من نامه‌وێت له‌ پێش كۆنگره‌وه‌ قسه‌یه‌ك له‌و بواره‌وه‌ بكه‌م، با بابه‌ته‌كه‌ بۆ ئه‌ندامانی كۆنگره‌ واز لێ بێنین و بڕیار ‌به‌وان بسپێرین.
-له‌ كۆنگره‌ی ئه‌م جاره‌ی یه‌كگرتوو، ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی مامۆستا سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د به‌هائه‌ددین ئه‌مینداری پێشوو چۆن به‌راورد ده‌كه‌ن؟
به‌ڕێز م.سه‌لاحه‌ددین بڕیاری خۆپاڵاوتنی داوه، ده‌بێت بۆ ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی چاوه‌ڕێی كۆنگره بكه‌ین، هه‌رچۆنێك بێت ده‌نگهێنانی وه‌كوو جاران نابێت.

-به‌ بڕوای ئێوه‌، كێشه‌ و پرسه‌ گرنگه‌كانی ئێستای یه‌كگرتووی ئیسلامی بریتی له‌ چین؟
كێشه‌كانی یه‌كگرتوو، فكری و ڕێكخراوه‌یی و ئابوورین. گرفتی درێژه‌دان به‌ تێكه‌ڵاوی ده‌عوه‌ت و سیاسه‌ت له‌ دۆخێكدا كه كێ‌بڕكێی حیزبی تێدایه‌ و ئه‌و شێوازه‌ش بۆ ئه‌و كێ‌بڕكێیه‌ نابێت و كێشه‌ی جۆراوجۆری لێ ده‌بێته‌وه‌. دابه‌ش بوونی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمیش و ده‌سته‌به‌ندی نوێی سیاسی و ناكۆكی نێوانیان، به‌ ڕاده‌ی خۆی كاری كردۆته سه‌ر یه‌كگرتوو و كێشه‌ی ئابووریش گرفته‌كه‌ی زۆرتر كردووه. به‌و‌ حاڵه به‌ستێنی چالاكی حیزبی ئێمه‌ سنوورداره‌ و‌ كۆنگره‌ حه‌وته‌م ڕه‌نگه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هێندێك له‌ گرفته‌كان هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وریا نه‌بین هێندێكیان قوڵتر و به‌ربڵاوتر ده‌كاته‌وه‌.

-مامۆستا ئه‌بوبه‌كر كاروانی وه‌ك پاڵێوڕاوێكی یه‌كگرتوو له‌ كۆنگره‌ی ئه‌م حیزبه‌دا و له‌ با‌روودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان و ناوچه، خاوه‌نی چ پڕۆژه‌یه‌كی فكری و سیاسی بۆ ده‌رفه‌ته‌كان و كێشه‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی و هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستانه‌؟
من پڕۆژه‌یه‌كی تایبه‌ت و جیاوازتر له‌ كاندیده‌ به‌ڕێزه‌كانی‌ترم هه‌یه‌، بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی یه‌كگرتوو كه‌ پێشتر ئاماژه‌م پێ كرد. ئه‌ویش بریتییه‌ له‌وه‌ی‌كه‌ یه‌كگرتوو تا كۆنگره‌ی داهاتوو بخرێته‌ قۆناغێكی ڕاگوزه‌ری و بابه‌ته‌ بانگخوازییه‌كان له‌ كاری سیاسی جیا بكرێته‌وه‌. بانگه‌واز و په‌روه‌رده‌ له‌ میانه‌ی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای خۆی دابڕێژرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش بریتییه‌ له‌ تێكۆشان بۆ دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندن به‌ شێوازێكی نوێ و به‌شداری كردنی كارامه‌تری خوشكان و لاوان و چالاك كردنی یه‌كگرتوو له‌ ڕووی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاستی سه‌ربه‌خۆیی باشوری كوردستان و بینا كردنه‌وه‌ی سیستمی سیاسی و چاكسازییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ ڕۆڵی گرینگ بگێڕیت.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)