بدیع الزمان شێخ سەعید نوورسی

بدیع الزمان شێخ سەعید نوورسی

سەعید نوورسی ناسراو بە بدیع الزمان (٥ی کانوونی دووەمی (مارت) ١٨٧٨ – ٢٣ی کانوونی دووەمی ١٩٦٠) زانا و فەیلەسووفی گەورەی ئایینی ئیسلام و نووسەری سەرجەمی پەیامەکانی نوور و مامۆستای کۆمەڵەی نوور بوو.
لە سەردەمی خۆیدا و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا زانایانی ئایینی ئەو کاتە نازناوی بدیع الزمانیان (واتە زانای سەردەم) لێناوە.
لە دوای ڕووداوی ٣١ی مارت لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی تورکیاوە گیرا و فەرمانی بەسەردا درا، بەڵام پاشان کە زانرا بێ تاوانە ئازاد کرا. لەسەر داوای مستەفا کەمال پاشا هات بۆ ئەنقەرە و چاوی پێکەوت و ماوەیەک لەوێ مایەوە. پاشان چوو بۆ شاری وان . لە پاش ماوەیەک دوورخرایەوە بۆ بارلا ، وە پاشانیش بەهۆی نووسینی چەند کتێبێکەوە دوورخرایەوە بۆ بوردور ، ئیسپارتا ، کاستامۆنو لە پاشانیش بۆ ئەمیرداغ. وە بەهۆی کتێبەکانیەوە فەرمانی بەسەردا درا و لەو سەردەمانەدا بە چەندەها مانگ لە بەندیخانەکانی ئێسکی شەهر، دەنیزلی، ئافیۆن گیراو وە پاشانیش خۆیی و کتێبەکانیشی خاوێن و بێ تاوان دەرچوون. لە ٢٣ی مارتی ١٩٦٠ز. دا لە شاری ئورفا کۆچی دوایی کردووە. بەڵام لە ١٢ی تەمووزی ١٩٦٠ دا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە گۆڕەکەی هەڵدرایەوە و بۆ شوێنێکی نادیار کە تا ئێستا نەزانراوە دوورخرایەوە.
بە شوێن کەوتووەکانی دەوترێت (نوورەکان) یان (کۆمەڵەی نوور). کۆمەڵەی نوور ئەو کتێبانە دەخوێنن (سەرجەمی پەیامەکانی نوور) کە پێکهاتوون لە چەندەها بیروباوەڕی دینی.
ژیان:
سەعید نوورسی لە ساڵی ١٨٧٨ز لە شاری بەدلیس و قەزای ھیزان و شارۆچکەی ئیسپاریت و لە گوندی نوورس (ئێستا پێی دەڵێن کەپیرلی) لە دایکبووە. باوکی ناوی میرزایە و دایکیشی ناوی نوورییە یە. ژیانی نوورسی وەکو خۆی دەڵێت بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە “سەعیدی کۆن” ، “سەعیدی نوێ” ، “سەعیدی سێیەم”. وەک لە کتێبەکانیدا باسی دەکات تا تەمەنی ٤٥ ساڵی بە قۆناغی “سەعیدی کۆن” دادەنێت. “سەعیدی کۆن” خزمەتی ئیمان و ئیسلام بە رێگای سیاسەت دەکات. بەڵام بەو ڕوداوانەی کە دواتر بەسەری دێت بە تەواوی ڕای دەگۆڕێت و دووردەکەوێتەوە لە سیاسەت. ھەروەھا چوارەم مناڵی خانەوادەکەیانە کە یەک لە دوای یەک ئەمانەن (دورریە خانم ، عەبدوڵڵا ، سەعید ، محەمەد ، عەبدولمەجید ، مەرجان). بە ھەوڵ و تەقالای خۆی شارەزایی لە زانستەکانی ڕۆژگاردا ، وەک (کیمیا ، فیزیک ، زیندەزانی ، جیۆلۆجی ، بیرکاری ، گەردوونناسی ، جوگرافیا ،..ھتد) پەیدا کردووە. یەکەم کەسە کە ھەوڵی داوە بۆ دامەزراندنی زانکۆ لە کوردستاندا و کردنەوەی قوتابخانەی کوردی و خوێندنی وانەی زانستەکانی سەردەم شان بە شانی زانستە ئاینییەکان. گەورەترین کەسایەتی کوردی ئەم سەردەمە و مەزنترین زانایە کە لە دوای مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە ناو نەتەوەی کورددا ھاتووەتە دنیاوە و ناوبانگی جیھانی بۆ درووست بووە و ، لە ڕووبەرێکی فراوانی سەر زەویدا سوود لە بەرھەمەکانی وەردەگیرێت. زیاتر لە سەد و سی کتێب و نامیلکەی لە ژێر ناونیشانی (سەرجەمی پەیامەکانی نوور)دا نووسیوە و بڵاوی کردوونەتەوە. وەرگێڕانی سەرجەمی پەیامەکانی نوور بۆ زمانی عەرەبی لەلایەن (ئیحسان قاسم صاڵحی)یەوە تەواو بووە و لە دە دانە بەرگی قەشەنگدا و لە ھەردوو شاری ئەستەمبوڵ و قاھیرە چەند چاپێکی یەک لە دوای یەکیان تا ئێستا لێ بڵاو کراوەتەوە. بەشێکی زۆریشیان لەلایەن ماری وێڵد (شوکران واحید)ەوە کراون بە زمانی ئینگلیزی. بەشێکی ئەم پەیامانە بۆ ئەم زمانانەی خوارەوەش وەرگێڕدراون ، کە تا ئێستا کاری وەرگێڕان تیایاندا بەردەوامە : (ئەڵمانی ، فەڕەنسی ، ڕووسی ، ئوردوو ، فارسی ، ئیتاڵی ، گوجەراتی ، مەلایا ، ڕۆمانی ، چینی ، بولگاری ، پورتوگالی ، ئەلبانی ، بۆسنی ، ئیسپانی ، مەقەدۆنی..ھەروەھا گەلێ زمانی تریش. لەو کاتەی کە “سەعیدی کۆن” گۆڕا بە “سەعیدی نوێ” کتێبی (فتوح الغیب) ی شێخ عبدالقادری گەیلانی کاریگەرییەکی گەورەی دروست کرد لەسەر سەعید نوورسی. بەشی زۆری (پەیامەکانی نوور) لە سەردەمی “سەعیدی نوێ” دا نووسراوە. سەعید نوورسی بە کورتی سەبارەت بە جیاوازی نێوان “سەعیدی کۆن” و “سەعیدی نوێ” دەڵێت ” سەعیدی کۆن زیاتر بە پێی مێشکی دەڕۆیشت ، بەڵام سەعیدی نوێ ھەم بایەخ بە مێشک دەدات و ھەم بە دڵیش” لە دوای بەندیخانەی ئافیۆن لە ساڵی ١٩٤٨ بە قۆناغی “سەعیدی سێیەم” دادەنێت

سەعیدی سێیەم
لە ساڵی ١٩٥٢ بە ھۆی نووسینی کتێببی “ڕابەری گەنجان” بانگ کرا بۆ ئەستەمبوڵ و ئەم جارەش بە بێ تاوان دەرچوو. لە ١٩٥٣ گەڕایەوە بۆ “ئەمیرداغ”. بۆ جاری دووەم ھاتەوە بۆ ئەستەمبوڵ و بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو لەوێ مایەوە. وە لە دوای ئەمە ژیانی بە زۆری لە “ئەمیرداغ” و “ئیسپارتا” بەسەربرد. وە دوای ئەم ماوەیە ئەو پەیامانەی نوور کە نووسرابوون بڵاو بوەوە بەناو خەڵکیدا و سەرنجی ڕادەکێشان. بەم ئامانجەوە لە زۆربەی شار و گوندەکان دا بە نووسینی دەست و یاخود وتنەوەی لە ئەستەمبوڵ و ئەنقەرەو بەشەکانی ڕۆژھەلات دا بڵاو بوویەوە. وە لەم ماوەیەدا چەندین دەعواو و شکاتیان لە خۆی و تەلەبەکانی کراو زۆربەشیان لە دادگاکاندا بوو. لە ساڵی ١٩٥٠ کە پاتی دیموکرات ھاتە سەر حوکم ھیچ ڕێگرییەکی لە بەردەم کۆمەڵەی نوور و پەیامەکانی نووردا دانەنا و لەم ماوەیەدا پەیامەکانی نوور چاپکران و لە تورکیا و پاکستان و ئەمریکا وئیتاڵیا بڵاو بویەوە.

لە ٢٣ی مارتی ١٩٦٠ دا لە شاری ئورفا وەفاتی کردوو لە گۆڕستانی “خلیل الرحمن” نێژرا ، بەڵام لە ١٢ی تەمموزی ١٩٦٠ دا لەلایەن حکومەتەوە گۆڕەکەی تێکدراو برا بۆ شوێنێکی نادیار.

سەعید نوورسی لە ساڵی ١٩١١، لە کتێبی مونازەرات دا وتە «مردن رۆژی نەورۆزی ئێمە یە». لە ٢٣ی مارتی ١٩٦٠ دا، ٢ رۆژ پشتی نەورۆز لە سبەھی شەوی لەیلەتولقەدر دا وەفات کردووە.

جەنگی جیهانی یەکەم
ھەرچەندە سەعید نوورسی ڕای وابوو دەوڵەتی عوسمانی بە جەنگەوە نەگلێت، بەڵام ھەر ئەوەندەی بەشداری دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگدا ڕاگەیەنرا، یەکسەر خۆی‌ و قوتابیەکانی ھاوبەشییان لەو جەنگەدا کرد دژی ڕوسیای قەیسەری، کە لە چەندین جەنگی گرنگدا بەشداری ئازاو بەجەرگانەی جیھادیان کردو، ھێندە ئازایەتی‌ و توانا و لێھاتنی لەو جەنگەدا نواند کە سەرنجی فەرماندەی سوپا و تەنانەت چاودێرە بیانییەکانیشی ڕاکێشابوو.

کاتێک کە سوپای ڕووس بە ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە سوپای داگیرکەران ڕژانە ناو شاری بەدلیسەوە بەدیعوززەمان‌ و قوتابیەکانی بەرگیرییەکی مەردانە و فیداکارانەیان لە شارەکەیان دەکرد، تا لە ئەنجامدا بە سەختی پێکراو لە ھۆشی خۆی چوو، ئینجا رووسەکانیش لە (٢/٣/١٩١٦) دا بە برینداری دیلیان کرد و بردیان بۆ بەندیخانەی ئەفسەرە دیلەکان لە شاری کۆسترمای سیبیریا و، لە ماوەی دیلیدا بەردەوام وانەی ئیمانی بە ئەفسەرە دیلەکانی ھاوڕێی دەوت کە ژمارەیان نەوەد کەس بوو.ھەر لەو ماوەیەدا‌ و لەبەر نواندنی ھەڵوێستێکی بە جەرگانەی ئەو زانا‌ و موجاھیدە خاوەن عیززەتی ئیسلامە و، ھەڵنەسانی لە بەر سەرکردەیەکی گەورەی سوپای ڕووس، لە پەتی سێدارەو بە دەستھێنانی پلەی شەھیدی نزیک بووەوە، بەڵام خودای گەورە بە سەری بەرزەوە ھێنایەدەرو ڕزگاری کرد لە حوکمی لە سێدارەدان.

ڕزگاربوونی لە دیلی
پاشان بە جۆرێکی گەلێ سەرسوڕھێنەر‌ و ناوازە و بە چاودێرییەکی ئاشکرای پەروەردگار لە دیلی ھەڵھات‌ و، لە ڕێی (وارشۆ، ئەڵمانیا، ڤیێنا) گەڕایەوە وڵات. کە لە بەرواری (١٧/٦/١٩١٨) دا گەیشتەوە ئەستەمبوڵ و مەدالیای جەنگی خەڵات کراو، لەلایەن خەلیفە و شێًخولئیسلامی دەوڵەتی عوسمانی و سەرکردەی گشتی سوپا و قوتابییانی زانستە شەرعییەکانەوە پێشوازییەکی ناوازە و ڕەنگینی لێ کرا، ھەروەھا کاربەدەستان داوایان لێ کرد کە ھەندێ فەرمانی بەرز لە دەوڵەتدا بگرێتە ئەستۆی، بەڵام مامۆستا ھیچیانی نەویست جگە لە ئەندامێًتی (دار الحکمة الإسلامیة) کە دەزگایەکی زانستی ئەوتۆ بوو گەورە زانایانی تێدا دەکران بە ئەندام. لە ماوەی ئەم ئەندمێتیەیدا زۆربەی نووسراوە عەرەبیەکانی خۆی چاپ کرد، وەک: تەفسیرە بەنرخەکەی کە ناوی (إشارات الإعجاز في مڤان الإیجاز)ە و، لە گەرمەی جەنگدا داینابوو، کە ئێستا لە بەشی خوێندنی دکتۆرای وانەی تەفسیر لە زانکۆی ئەزھەر بە دەرس دەخوێنرێت.

ئەو ڕووداوەی کە ژیانی گۆڕی
لە ساڵی ١٨٩٧ز دا مامۆستا سەعید هەواڵێکی لە ڕۆژنامە ناوخۆییەکاندا خوێندەوە کە بریتی بوو لەوەی کە “گلادستۆن”ی وەزیری موستەعمەراتی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا نوسخەیەکی قورئانی بە دەستەوە گرتووە و بە ئەندامانی پەرلەمانی وتووە : (هەتا ئەم قورئانە لە ناو موسوڵماناندا بمێنێت ئێمە ناتوانین حوکمڕانیان بکەین ، کەواتە چار تەنها ئەوەیە کە قورئان لەسەر زەویدا نەهێڵین ، یاخود پەیوەندی موسوڵمانەکانی پێوە ببچڕین)! ئەم هەواڵە تەزووی بە جەستەی “بدیع الزمان”دا هێنا و حەوانەوە و سرەوتی لێ بڕی و بۆ هەموو کەسانی دەوروبەی خۆی بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە : ( دەبێ بە بەڵگە بۆ هەموو جیهانبچەسپێنم و پێیان بسەلمێنم کە قورئان خۆرێکی مەعنەویە تیشکی ئەو خۆرە هەرگیز کز نابێت و ڕووناکیەکەشی بە هیچ کەسێک ناکوژێتەوە ).

تایبەتکاری پەیامەکانی نوور
گرنگترین تایبەتکاری ئەم پەیامانە لەوەدایە کە : تەفسیرێکی خەستوخۆڵی ڕاستیەکانی قورئانەوە و بە ئینسایکڵۆپیدیا (مەوسوعە)یەکی ئیمانی بایەخدار دادەنرێن و بە دەم خواستە ئیمانیەکانی خەڵکی سەردەمەوە دەڕۆن و ئیمانی تەحقیقی لە دڵ و دەروون و بیر و ژیری مرۆڤی هاوچەرخدا دادەمەزرێنن و بینای کوفر و ئیلحاد لە بنج و بێخدا هەڵدەتەکێنن و ، قەڵای مەحکەمن و بۆ ئیمانداران و گرنگترین و چەکی پێشکەوتووی “ئیمان”ن لەم سەردەمەدا ، کە نوێترین و چەکی فرت و فێڵی کوفر و ئیلحادی تێدا بەکار دەهێنرێت!

پەیامەکانی نوور لە دوای وەفاتی مامۆستا نوورسی
• لە دوای خۆی ، قوتابیە دڵسۆزەکانی بەوپەڕی چوست و چالاکی پەیامەکانی نووریان بە خەڵکی گەیاند و بە ئاستە زانستی و فیکریەکانی ناوخۆ و جیهانیان ناساندن و گەورە بیریاران (مفکرین)ی ئیسلامی و جیهانیان پێ ئاشنا کردن.
• تا ئێستا لە تورکیادا هەشت کۆنگرەی جیهانی و دەیان کۆڕ و سیمیناری ناوخۆیی لەسەر ژیان و بیری مامۆستا نوورسی گیراوە. هەروەک لە چەندین شوێنی تری جیهاندا چەشنی ( میسر و مەغریب و جەزائیر وئەردەن و مالیزیا و ئوسترالیا و ئەندۆنیسیا و یەمەن و چاد و ئەڵمانیا و بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا و فلیپین و شوێنانی تریش ) کۆنگرەی جیهانی و کۆڕ و سیمیناری زانستیی لە ئاستە ئەکادیمیەکاندا لەسەر پێشکەش کراوە. جگە لەو دەیان لێکۆڵینەوە و باس و کتێبانەی کە بە زمانە جیاجیاکان بۆ ئەم مەبەستە نووسراون و جگە لەو نامە زانکۆیی و ئەکادیمیانەش کە بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لە جەندەها زانکۆی ناوخۆ و جیهاندا ( هەر لە مالیزیاوە تا دەگاتە فەڕەنسا ) لەسەر ژیانی “مامۆستا نوورسی” خۆی و لەسەر پەیامەکانی نووسراون و ئامادە کراون.
• لە چەند زانکۆیەکی جیهاندا زانست و بیری “مامۆستا نوورسی” لە ناوەندی مەنهەجە ڕەسمیەکان و سەرچاوە زانستیەکاندا دانراون و بە دەرس دەخوێندرێن ، وەک زانکۆی ئەزهەری میسر و زانکۆی “محمد الخامس” لە مەغریب و زانکۆی ئیسلامی جیهانی لە مالیزیا.

کۆنگرەی جیھانی
تا ئێستا زیاتر لە پازدە کۆنگرەی جیھانی و دەیان کۆڕی زانستی و پێشبڕکێی ڕۆشنبیری لە ئاستی جیھاندا لەسەر کراوە و دەیان کتێب و سەدان لێکۆڵینەوەی لەسەر نووسراوە، چەندین بەڵگەنامەی زانکۆییشی لە خوێندنی باڵا لە سەر وەرگیراوە.
دواھەمین کۆنگرەی جیھانی لەسەر مامۆستا سەعید نوورسی لە شاری ئەستەمبوڵ لە بەرواری (٢٠١٠/١٠/٣)دا سازکرا و چەندین کەسایەتی زانستی لە (٤٤) وڵاتەوە بەشدارییان تێداکرد کە توێژەرانی (٣٣) وڵات لەوانە (١٠٥) توێژینەوەی زانستییان پێشکەش کرد.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)