ڕێزی دایک و باب

ڕێزی دایک و باب

یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌ی که خوای گه‌وره گرینگی زۆری پێداوه، ڕێزنان له دایک و بابه. هه‌ر بۆیه له چه‌ندین ئایه‌ت له قورئانی پیرۆزدا ڕێزنان له دایک و باب به‌دوای بانگه‌وازی بۆ خوا په‌رستیدا هاتووه. هه‌ر وه‌ک له ئایه‌تی 23 سوڕه‌تی ئه‌سرادا ده‌فه‌رموێت:
«وَ قَضی رَبُّکَ اَلَّا تَعبُدُوا إِلَّا إِیِّاهُ وَ بِالوالِدَینِ إِحساناً إِمَّا یَبلُغَنَّ عِندَکَ الکِبَرَ أَ حَدُهُما أَو کِلاهُما فَلا تَقُل لَهُما أُفِّ وَلا تَنهَرهُما وَ قُل لَهُما قَولاً کَرِیماً» (الاسراء/23)
«په‌روه‌ردگاری تۆ بڕیاریداوه که جگه له‌و که‌سی تر نه‌په‌رستن، هه‌روه‌ها بڕیاریداوه چاکه‌کاریش بن له‌گه‌ڵ دایک و باوکتاندا، هه‌رکات یه‌کێکیان یا هه‌ر دووکیان به‌ پیری که‌وتنه‌ لای تۆ (ته‌نانه‌ت) ئۆفیان له ده‌ست مه‌که‌ و (هه‌رگیز) پیایاندا هه‌ڵمه‌شاخێ و هاواریان به‌سه‌ردا مه‌که‌، به‌رده‌وامیش قسه و گفتوگۆت له‌گه‌ڵیاندا با چاک و جوان و به‌جێ بێت.»
ئه‌و دایک و بابه‌ی که هه‌ر له‌و کاته‌یه‌وه‌ که کۆرپه‌ڵه له‌نێو زگی دایکیدا جێی گرت، تاکوو له دایک بوون و تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌کانی مناڵی و مێر مناڵی و گه‌نجی و ... به‌ هه‌موو شێوازێک له خۆشییه‌کانی خۆیان ده‌بوورن و ته‌نیا بۆ پێگه‌یاندن و سه‌رکه‌وتنی ڕۆڵه‌ی نازداریان خۆیان گیان فیدا ده‌که‌ن. ئه‌و دایک و بابه‌ی که برسیاتی به‌نرخی تێری ڕۆڵه‌یان ده‌کڕن، له‌ تاو نه‌خۆشی و ته‌ب و له‌رزی ڕۆڵه‌ی شیرینیان خه‌و له‌ چاوانیان ده‌زڕێت و به‌ برینێکی بچووکی سه‌ر ده‌ست و پێیان فرمێسک له‌ دڵیان ده‌بارێت و هه‌زار جار خۆی به‌ قوربان ده‌که‌ن.
دایک و باوکێک که هێنده دڵسۆز بن شایانی خۆیانه که مه‌رجی ڕه‌زامه‌ندی خوای باڵاده‌ست ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وان بێت و توڕه‌ییان، توڕه‌یی خوا بێت. خزمه‌ت و چاکه کردن له‌گه‌ڵیان هۆی ته‌مه‌ن درێژی بێت و هه‌روه‌ها به‌ چاکه کردن له‌گه‌ڵ دایک و باب، له‌سه‌رده‌می پیریدا چاکه له ڕۆڵه‌ی خۆت ببینیه‌وه.
خوای گه‌وره گرینگییه‌کی زۆری به رێز گرتن له دایک و باب داوه و ده‌فه‌رموێت ته‌نانه‌ت نابێ (ئۆفیان) پێ بڵێن، به‌ ده‌نگی به‌رز قسه‌یان له‌گه‌ڵ بکه‌ن. پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان(د.خ) سه‌باره‌ت به‌ چاکه‌ کردن له‌گه‌ڵ دایک و باب ئامۆژگاری موسوڵمانان ده‌کات و ده‌فه‌رموێت: به‌ نه‌رم و نیانی قسه‌یان له‌گه‌ڵ بکه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لێتان تووڕه‌ بوون یا لێیان دان، ئێوه نابێ ته‌نانه‌ت (ئۆفیان) پێ بڵێن یا چه‌پ چه‌پ چاویان لێبکه‌ن و مۆڕه‌ بکه‌ن، ده‌ستیان له‌سه‌ر به‌رز مه‌که‌نه‌وه، له‌ پێش ئه‌وان دا مه‌ڕۆن، به‌ نێوی چووکه بانگیان مه‌که‌ن، کارێک مه‌که‌ن که به‌ هۆی تۆوه خه‌ڵک جنێویان پێبده‌ن و قه‌سه‌ی ناحه‌زیان پێ بڵێن، له‌ پێش ئه‌وان دا دامه‌نیشن، پێش ئه‌وه‌ی داوای یارمه‌تیت لێبکه‌ن خۆت یارمه‌تیان بده و وه‌ک ئه‌رکی سه‌رشانتی بزانه.
دڵسۆزی و گیان به‌خت کردنه‌کانی دایک ئه‌وه‌نده‌ به‌رز و مه‌زنه‌ که‌ مرۆڤ هه‌رچه‌ند تێبکۆشێت ناتوانێت ته‌نیا به‌شێکی هه‌ره‌ چووکه‌ی زه‌حمه‌ته‌کانی دایکی قه‌ره‌بوو بکاته‌وه. ده‌گێڕنه‌وه‌ که‌ ڕۆژێکیان پیاوێک دایکی له‌کۆڵ کردبوو و ته‌وافی ماڵی خوای پێ ده‌کرد، له‌وکاته‌دا چاوی به‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (د.خ) که‌وت و گووتی: ئه‌ی ڕه‌سووڵی خوا ئایا مافی دایکم پێی داوه‌ و ئه‌رکی سه‌ر شانم به‌رامبه‌ری به‌جێ هێناوه‌؟ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) فه‌رمووی: ته‌نانه‌ت مافی یه‌ک ناڵه‌ و ژانی کاتی له‌دایک بوونیشت پێ نه‌داوه.
هه‌ر که‌سێک ته‌نیا که‌مێک سۆز و وه‌فای له ناخیدا هه‌بێت بۆ وی به‌سه‌ که تا کۆتایی ته‌مه‌نی خۆی قه‌رزداری دایک و بابی بزانێت و ڕێزنان و چاکه‌ له‌گه‌ڵیان به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی بزانێت و له خزمه‌ت کردنیاندا هیچ که‌مکاری نه‌کات.
دووپات کردنه‌وه‌ی ڕێزی دایک و باب له‌ چه‌ندین ئایه‌ت له قورئانی پیرۆزدا به دوای فه‌رمان به خواپه‌رستی، گرینگی ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه که چ ئه‌رکێکمان له‌سه‌ر شانه له‌ به‌رامبه‌ر دایک و باب. ته‌نانه‌ت خوای باڵاده‌ست ده‌فه‌رموێت ئه‌گه‌ر دایک و باب بێ بڕواش بن رێز لێگرتنیان واجبه.
«وَ إِن جاهَدَاکَ عَلَی أَن تُشرِکَ بِی مَا لَیسَ لَکَ بِهِ عِلمٌ فَلَا تُطِعهُمَا وَ صَاحِبهُمَا فِی الدُّنیا مَعروفاً وَاتَّبِع سَبِیلَ مَن أَنَابَ إِلیَّ ڤمَّ إِلیَّ مَرجِعُکُم فَأُنَبِّئُکُم بِمَا کُنتُم تَعمَلُونَ» (لقمان/15)
«ئه‌گه‌ر دایک و باوکت کۆششیان له‌گه‌ڵتا کرد، تا به‌بێ هیچ به‌ڵگه و زانیاریه‌ک هاوه‌ڵ بۆ من بڕیار بده‌یت، ئه‌وه‌ فه‌رمانبه‌رداریان مه‌به‌ و به‌ قسه‌یان مه‌که‌، له‌ دنیاشدا هاوڕێ و هاوه‌ڵ و خزمه‌تگوزارێکی چاک به بۆیان له هه‌موو باروودۆخێکدا، شوێنی ڕێبازی ئه‌وانه بکه‌وه که بۆ لای من گه‌ڕاونه‌ته‌وه، له‌وه‌ودا گه‌ڕانه‌وه‌تان هه‌ر بۆ لای منه، جا هه‌واڵتان ده‌ده‌مێ به‌و کار و کرده‌وانه‌ی که ده‌تاندکرد.»
دوای ئیمان به خوا و هاوه‌ڵ دانه‌نان بۆ خوا، هیچ بابه‌تێکی ترهێنده‌ی ڕێز گرتن له دایک و باب گرینگی پێنه‌دراوه. ته‌نانه‌ت شه‌ڕ له‌ ڕێی خوادا که له عیباده‌ته‌ گه‌وره‌کانه و ئه‌جر و پاداشی نه‌بڕاوه‌ی هه‌یه لای خوا و له سه‌ر هه‌ر پیاوێکی خاوه‌ن هێز و توانا واجبه، به‌ڵام که دایک و بابی خاوه‌ن پێداویست و پیر و نه‌خۆش بن و چوون بۆ جیهاد ببێته هۆی پشت گوێ خستنی ئه‌وان، ئه‌وه خزمه‌تی دایک و باب له‌سه‌رتر ده‌بێت و دێته‌ پله‌ی بانتر له‌ جیهاد. فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمانه که خزمه‌تی دایک و باب له شه‌ڕ له ڕێی خوادا له‌سه‌رتره.
عَن أَبی عَبدِالرَّحمَنِ عَبدِاللهِ بن مَسعُود رَضِیَ اللهُ عَنهَ قَالَ: سَأَلتُ النَبِیَّ صَلَّ اللهَ عَلَیهِ و آلِ وَ سَلَّم: أَیِّ العَمَل أَحَبَّ إِلیَ اللهِ تَعَالی؟ قَالَ: الصَّلاة‌ عَلی وَقتِهَا؛ قُلتُ: ڤمَّ أَیِّ؟ قالَ: بَرُّالوالِدَینِ؛ قُلتُ: ڤمَّ أَیِّ؟ قَالَ: الجِهادُ فِی سَبِیلِ اللهِ. (متفق علیه)
ئه‌بوو عه‌بدوڕڕه‌حمان، عه‌بدوڵڵای کوڕی مه‌سعوود ده‌گێڕێته‌وه‌ که پرسیارم له پێغه‌مبه‌ر(د.خ) کرد که کام کرده‌وه لای خوای گه‌وره خۆشه‌ویستره؟ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) فه‌رمووی: خوێندنی نوێژ له کاتی خۆیدا. گووتم: دوای ئه‌و چ کارێک؟ فه‌رمووی: چاکه له‌گه‌ڵ دایک و باب؛ گووتم: دوایی چ کارێک؟ فه‌رمووی: جیهاد له ڕێی خوادا...
له قورئانی پیرۆزدا له‌ زۆر ئایه‌تی تردا ئاماژه به چاکه له‌گه‌ڵ دایک و باب کراوه، هه‌ر وه‌ک له ئایه‌تی 83 سوره‌تی (بقره) هاتووه:
«وَ إِذ أَخَذنَا مِیڤاقَ بَنِی إِسرَائِیلَ لَا تَعبُدُونَ إِلَّا اللهَ وَ بِالوَالِدَینِ إِحسَاناً وَ ذی القُربَی وَ الیَتَامیَ وَ المَسَکِینِ ....»
«یادی ئه‌و نیعمه‌ته‌ بکه‌نه‌وه کاتێک په‌یمانمان وه‌رگرت له نه‌وه‌ی ئیسڕائیل که جگه له خوا که‌سی تر نه‌په‌رستن و له‌گه‌ڵ دایک وباوکدا چاکه‌کار بن، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خزمان و هه‌تیوان و هه‌ژارانیشدا و ...» (البقره/83)
ئایا له‌وه‌ گه‌وره‌تر هه‌یه که خوای گه‌وره به‌ڵێنی چاکه له‌گه‌ڵ دایک و باب له گه‌لێک وه‌رگری، ئه‌ویش دوای به‌ڵێنی له‌سه‌ر تاکه‌ په‌رستی؟
هه‌روه‌ها له‌ چه‌ند ئایه‌تی دیکه‌ش به‌جوانی ئاماژه‌ی پێکراوه:
«وَاعبُدُوا اللهَ وَلا تُشرِکوُا بِهِ شَیئاً وَ بِالوَالِدَینِ إِحساناً وَ بِذِی القُربیَ وَ الیَتَمَی وَ المَسَاکِنِ وَالجَارِ ذِی القُربَی وَالجَارِ الجُنُبِ وَ الصَّاحِبِ بِالجَنبِ وَبنِ السَّبِیلِ وَ مَا مَلَکَت أَیمَانُکُم إِنَّ اللهَ لا یُحِبُّ مَن کانَ مُختَالاً فَخُوراً» (النساء/36)
«(ئه‌ی خه‌ڵکینه) ته‌نها خوا بپه‌رستن و هیچ جۆره شه‌ریک و هاوه‌ڵی بۆ بڕیار مه‌ده‌ن و چاکه کار بن له‌گه‌ڵ دایک و باوکتان و خزمان و هه‌تیوان و هه‌ژاران و دراوسێی خزم و دراوسێی بێگانه‌دا و هاوه‌ڵی کار و سه‌فه‌ر و ڕێبوار و ژێرده‌سته‌کانتاندا، به‌ڕاستی خوا ئه‌وانه‌ی خۆش ناوێت که خۆ ده‌نوێنن و فیز ده‌که‌ن و فه‌خر ده‌فرۆشن به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا.»
«قُل تَعَالَوا أَتلُ مَاحَرَّمَ رَبُّکُم عَلَیکُم أَلَّا تُشرِکُوا بِهِ شَیاً وَ بِالوالِدَینِ إِحسَانَاً وَ لَا تَقتُلُوا أَولَدَکُم مِن إِملَاقٍ ...» (الانعام/151)
«(ئه‌ی موحه‌ممه‌د) پێیان بڵێ: (خه‌ڵکینه) وه‌رن با ئه‌و شتانه‌تان بۆ بخوێنمه‌وه‌ که په‌روه‌ردگارتان حه‌رامی کردووه له‌سه‌رتان، (یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه) که هیچ شتێک نه‌که‌ن به شه‌ریک و هاوه‌ڵ بۆی، (دووهه‌میان ئه‌وه‌یه) که چاک ڕه‌فتار بن له‌گه‌ڵ دایک و باوکتاندا، (سێهه‌میان) منداڵانی خۆتان له‌به‌ر برسێتی و نه‌داری مه‌کوژن، ...»
له‌ هه‌مووی ئه‌و ئایه‌تانه‌دا دوای تاکه‌ په‌رستی، ڕێز گرتن و چاکه‌کردن له‌گه‌ڵ دایک و باب هاتووه، ته‌نانه‌ت پێش یارمه‌تی هه‌ژاران و هه‌تیوان و پێش قه‌تڵ نه‌کردن که له تاوانه گه‌وره‌کانه، چاکه کردن له‌گه‌ڵ دایک و باوک هاتووه، که ئه‌وه‌ گرینگی ئه‌و بابه‌ته‌ و گه‌وره‌ی پله‌ی دایک و باب لای خوای مه‌زن ده‌سه‌لمێنیت.
یه‌کێک له‌و کاره جوانانه‌ی که‌ بۆ دایک و باب ده‌بێ بکرێت، دوعای خێره بۆیان. چ له ژیان دابن و چ کاتێک که‌ ماڵاواییان له‌ ژیان کردبێت. هه‌ر وه‌ک خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ:
«وَاخفِض لَهُمَا جَنَاحَ الذُّلِّ مِنَ الرَّحمَةِ وَ قُل رَبِّ ارحَمهُما کَمَا رَبِّیانِی صَغِیراً» (الاسراء/24)
«باڵی میهره‌بانی خۆتیان بۆ ڕاخه و ملکه‌چ به بۆیان، نزا بکه‌ و بڵێ: په‌روه‌ردگارا ڕه‌حمیان پێ بکه‌ و میهره‌بان به بۆیان، هه‌ر وه‌کوو چۆن ئه‌وان ڕه‌حمیان به‌ من کرد و منیان په‌روه‌رده کردووه به بچووکی و منداڵی.»
له ڕاستیدا مافی دایک و باب له‌سه‌ر منداڵیان ئه‌وه‌نده قورسه که‌ مناڵ هه‌رچی بکات، هیچ کات ناتوانێت قه‌ره‌بووی ته‌نانه‌ت یه‌ک کاتژمێر ئێش و ئازاری سه‌رده‌می مناڵیان بۆ بکاته‌وه‌. ئه‌و دایک و بابه‌ی که هه‌موو گه‌نجی و له‌ش ساغی خۆیان له‌ڕێی ڕۆڵه‌که‌یاندا به‌خت کرد، به‌ڕاستی مرۆڤ لاوازه‌ له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هێز و خۆشیه‌کانی سه‌رده‌می گه‌نجیان که فیدا بووه، که‌واته لانیکه‌م با ئه‌وه‌نده‌ی له‌ده‌ستی دێت با چاکه‌یان له‌گه‌ڵ بکات و ڕێزیان لێ بگرێت و خزمه‌تیان بکات، له‌گه‌ڵیان ڕووخۆش بێت، پێداویستییه‌کانیان بۆ دابین بکات و له‌گه‌ڵیان میهره‌بان بێت، به‌تایبه‌ت له کاتی پیری و نه‌خۆشیدا که‌ پێویستییان به خزمه‌تی زیاتره، له‌بیرمان بێت که بۆ دایک و باب ڕووخۆشی و میهره‌بانی پێویستترین شته له‌لایه‌ن مناڵه‌که‌ی. ئه‌وه‌ چووکترین کارێکه له ئاست چاکه و فیداکاری و دڵسۆزییه‌کانی دایک و بابدا ده‌توانین بیکه‌ین.
دایک و باوک له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زه‌حمه‌تانه‌ی که بۆ په‌روه‌رده‌ی منداڵ کێشاویانه، شایانی باشترین چاکه و خزمه‌تن و ئه‌گه‌ر ته‌واوی دنیا بخرێته‌ ژێر پێیان و تا کۆتایی ته‌مه‌ن قه‌راوه‌شی و خزمه‌تیان بکرێت، ئێستا شایانی زیاتر له‌وه‌ن. له‌زۆرێک له دایکان بیسراوه که‌ ئه‌گه‌ر سۆز و خۆشه‌ویستی دایکایه‌تی نه‌بایه، هیچ دایکێک حازر نه‌ده‌بوو یه‌ک ڕۆژیش مناڵێک به‌ زگی هه‌ڵگرێت و ئه‌و هه‌مووه ئازار و مه‌ینه‌تییه‌ بکێشیت و له شیر و خوێن و گۆشتی خۆی پێ بدات، هیچ دایکێک نه‌یده‌توانی مناڵێک به‌خێو بکات و شه‌و تا به‌یانی له‌سه‌ر سه‌ری به‌خه‌به‌ر بێت و هه‌رده‌م خزمه‌تی بکات و به‌رگه‌ی گریه‌ی شه‌وان و نازو نووزی ڕۆژانی بگرێت، هه‌ر ده‌م خه‌م خۆری بێت و بۆی به‌ په‌رۆش بێت.
میهرو سۆزی دایکانه‌یه‌ که وای لێده‌کات نه‌ک ماندوو نه‌بێت، به‌ڵکوو به عیشقه‌وه خۆی فیدا بکات. به‌گیان و دڵ چێژ له به‌خێو کردنی ڕۆڵه‌ی نازداری ده‌بات، به‌تایبه‌ت که ده‌ستکه‌وتی زه‌حمه‌ته‌کانی ببینێته‌وه که‌وا مرۆڤێکی سه‌رکه‌وتوو و لێزانی په‌روه‌رده کردووه، هه‌موو ئازاره‌کان و ماندوو بوونی ڕۆژانه‌ و نه‌خه‌وتنی شه‌وانه‌ی له‌بیر ده‌چێته‌وه‌ و وا هه‌ست ده‌کات ته‌واوی ته‌مه‌نی له‌خۆشیدا به‌سه‌ر بردووه. ئه‌گه‌ر عیشقی دایکانه‌ نه‌بێت چ شتێک ده‌بێته هۆی ئه‌و هه‌مووه لێبورده‌ییه؟
باوکی زه‌حمه‌تکێشی که ڕۆژ تا شه‌و بۆ وه‌ده‌ست هێنانی پارووه نانێک و دابین کردنی پێداویستی ڕۆڵه‌ی نازپه‌روه‌ری کار ده‌کات و ئاره‌ق ده‌ڕێژیت و گه‌نجی خۆی فیدای کۆرپه‌که‌ی ده‌کات، تاکوو ڕۆڵه‌ی نازداری به‌سه‌ر به‌رزی بژیت و چاو له‌ده‌ست که‌س نه‌بێت و هه‌ست به که‌م و کورتی نه‌کات و داهاتوویه‌کی گه‌شی هه‌بێت. کاتێک مناڵه‌که‌ی به‌ سه‌رکه‌وتوویی ده‌بینێته‌وه‌ ئه‌و ده‌م هه‌ست به‌ حه‌سانه‌وه‌ ده‌کات. دایک و باب ته‌نیا به بینینی گه‌شه‌ و پێشکه‌وتنی ڕۆڵه‌یان هه‌ست به ئاسووده‌یی ده‌که‌ن. هه‌ست ده‌که‌ن ئه‌و داره‌ی چه‌ند ساڵه‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌که‌ن، هاتۆته سه‌ر به‌ر و کاتی خواردن له به‌رهه‌م و به‌رووبوومیه‌تی.
جا کاتێک دایک و باب ئه‌وه‌نده بۆ مناڵیان جه‌رگ سوتاو بن چه‌نده دوور له‌ ئینسافه‌ و دوور له‌ ویژدانه که ڕۆڵه‌ی نازپه‌روه‌ری له کاتی هێزداری خۆی، دایک و بابی پیر و لاوازی له‌بیر بکات و ئاوه‌ڕوویان وێنه‌دات!! له‌کاتێکدا خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ ته‌نانه‌ت (ئۆفیان) پێمه‌ڵێن.
به‌داخه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌مه‌ک نه‌ناسی مناڵان به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر ده‌بیندرێت، که‌متر مناڵه‌کان حازرن دایک و بابی پیریان به‌خێو بکه‌ن، یا ئه‌گه‌ر به‌خێویشیان ده‌که‌ن وه‌ک پێویست ڕێزیان لێ ناگرن. ماڵی به‌ساڵاچووان پڕه له‌و دایک و بابه‌ی که‌ خاوه‌ن مناڵن که هه‌موو ئاواتیان گه‌وره بوون و پێگه‌یشتنی مناڵه‌که‌یان بووه و ئێستا که به ڕواڵه‌ت به‌ ئاوات گه‌یشتوون دوای فیدا کردنی هه‌موو گه‌نجێتی و خۆشیان، خۆیان له سووچی ماڵی به‌ساڵاچوواندا ده‌بیننه‌وه و له‌ته‌نیاییدا و له‌حه‌سڕه‌ت سه‌رسفره‌ی گه‌رمی نێو مناڵ و نه‌وه‌کانیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
کوڕ بۆوه‌یکه دایک و بابی پیر و نه‌خۆشی گله‌ی لێنه‌که‌ن که خزمه‌تیان ناکات، بێشه‌رمانه ده‌ڵێ من کوڕی خۆم گه‌وره ناکه‌م که له داهاتوودا خزمه‌تم بکات، که‌واته ئێوه‌ش چاوه‌ڕێی خزمه‌ت له‌من مه‌بن. ئه‌و کوڕه‌ ئه‌مه‌کنه‌ناسه چاوه‌ڕێی چ ڕه‌حمه‌تێک له خوا ده‌کات؟ جێی سه‌رسووڕمانه‌؟!
و به‌و حاڵه‌وه دایک و بابی جه‌رگ سوتاو بۆ ڕۆڵه‌ی بێ وه‌فا، به‌رده‌وام دوعای خێری بۆ ده‌که‌ن و به‌ شادمانی و سه‌رکه‌وتنی دڵ خۆشن و کاتێک ناخۆشییه‌ک تووشی ئه‌و ڕۆڵه‌ ئه‌مه‌کنه‌ناسه‌یان ده‌بێت، له‌ تاوان فرمێسکی خوێنینی بۆ ده‌ڕێژن. ئه‌و مناڵه‌ چۆن لای خوا سه‌ر به‌رز ده‌کاته‌وه؟
له‌کاتێکدا خوای گه‌وره چووکترین بێ ڕێزی به‌رامبه‌ر دایک و باب قه‌بووڵ ناکات و چه‌نده جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کات که له‌گه‌ڵ دایک و بابتان چاکه‌کار بن و خزمه‌تیان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر لێشتان تووڕه‌ بن ئێوه له‌گه‌ڵیان نه‌رم و نیان و چاکه‌کار بن و ته‌نانه‌ت وشه‌یه‌کی هه‌رچه‌ند چووکه‌ی وه‌ک (ئۆف)یان پێ مه‌ڵێن، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر شتێکی له‌وه‌ چووکتر هه‌با خوای گه‌وره نێوی ده‌هێنا و به‌رگری ده‌کرد که به‌رامبه‌ر دایک و باب به‌کار بهێندرێت. پێغه‌مبه‌ری ئازیزیشمان(د.خ) ده‌فه‌رموێت: چه‌پ چه‌پ به‌ نیشانه‌ی بێ ڕێزی چاویان لێ مه‌که‌ن. جا کاتێک خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ بێ ڕێزی به‌رامبه‌ر دایک و باب به کارێکی نه‌شیاو ده‌زانن و به‌رگری لێده‌که‌ن؛ مناڵ چۆن ده‌توانێ دایک و بابی وه‌پشت گوێ بخات و قسه‌ی ناجوانی پێ بڵێت؟ چۆن خۆی به‌ شوێنکه‌وتووی ڕێبازی خوا و پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ده‌زانێت له کاتێکدا دایک و بابی له‌ ماڵ وه‌ده‌ر ده‌کات؟ چۆن له‌ ڕووی دێت که داوای لێخۆشبوون له‌خوا بکات له کاتێکدا دایکی به دڵشکاوی له سووچی ماڵه‌به‌ساڵاچوواندا ته‌نیا جێهێشتووه؟
ته‌نانه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر جار ده‌بیندرێت که‌ کاتێک کچێک به‌ نیازه‌ زه‌ماوه‌ند بکات، یه‌که‌م ئامۆژگاری که‌ پێی ده‌که‌ن ئه‌وه‌یه‌ که‌ ماڵی سه‌ر به‌خۆت هه‌بێت و جیا له‌ خه‌سوو و خه‌زووره‌ت بژی و کارت پێیان نه‌بێت. به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر ده‌بیندرێت، کچیش یه‌که‌م داوای له‌ هاوسه‌ری داهاتووی ماڵی جودا و به‌ دوور له‌ دایک و بابیه‌تی. ده‌ڵێی فه‌رمانی خوایان پێ نه‌گه‌یشتووه! ده‌ڵێی له‌ یاسا و شه‌ریعه‌تی ئایین ئاگادار نین! ده‌ڵێی خۆیان نابن به‌ دایک و باب و به‌ ته‌مه‌ن پیری و لاوازی ناگه‌ن و هیچ کات نه‌خۆش نابن!؟ ئه‌وڕۆ ته‌نانه‌ت له‌ نێوان که‌سانێک که لافی دینداری لێده‌ده‌ن و خۆیان به‌ شوێنکه‌وتووی ڕێبازی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و بانگخواز ده‌زانن، ئه‌و کاره‌ساته‌ دێته‌ به‌ر چاو. ڕێزی دایک و باب که ڕۆژ به‌ ڕۆژ به‌ره‌و نزمایی ده‌ڕوات، تا چه‌ندین ساڵی داهاتوو ده‌بێ به‌ فرمێسکی خوێن بۆ مافی دایک و باب بگرین.
ئه‌ی خوشک و برای بڕوادار که‌ خۆت به‌ موسوڵمان ده‌زانی به‌ڵام هه‌ست به‌ به‌رپرسیاره‌تی دایک و باب ناکه‌ی، جارێکی تر چاو به‌سه‌ر ئایه‌ته‌کانی قوڕئانی پیرۆزدا بخشکێنه‌وه‌ و به‌ وردی ڕامان له‌سه‌ر ئه‌و ئایه‌تانه‌ بکه‌ که‌ باس له‌ ئه‌رکی به‌رامبه‌ر دایک و باب ده‌که‌ن. بیر له‌ فه‌رمانی خوا و ئامۆژگارییه‌کانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بکه‌وه‌ و هه‌روه‌ها پاداشت و سزای په‌روه‌ردگار به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌رکه‌ گه‌وره‌ بزانه‌. بیر له‌ کاتی مناڵی و زه‌حمه‌ت و دڵسۆزییه‌کانی دایه‌ و بابه‌ بکه‌وه‌، بیر له‌و سه‌رده‌مه‌ بکه‌وه‌ که‌ خۆت دایه‌ و بابه‌ی و پیر و په‌ککه‌وتوو چاوه‌ڕێی خزمه‌تگوزاری ڕۆڵه‌که‌تی. جا ئه‌و ده‌م خۆت هه‌ڵبژێره‌ که‌ ئایا تا مردن ده‌ستیان ماچ ده‌که‌ی و خزمه‌تکاریانی؟ یا بێ وه‌فا ده‌بی و چاوه‌ڕێی تۆڵه‌ی خوا له‌ دنیا و دواڕۆژدا ده‌که‌ی؟

ده‌نگێ نه‌دراوه

بۆچوونەکان

1
بدون‌نام
1395/10/12 03:22

دست خۆش زۆر جوان و تەواو نوسراوە، ئومێد کە مندالکان براستی رێز لە دایک و بابیان بگرن

2
shwan (not verified)
1395/10/12 03:24

دست خۆش زۆر جوان و تەواو نوسراوە، ئومێد کە مندالکان براستی رێز لە دایک و بابیان بگرن

.:: نوێ‌ترین ::.

ئایەتوڵڵا ئەکبەر ڕەفسەنجانی کۆچی دوایی کرد هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1395/10/20)
دابڕاوی 30 ساڵە گەیشتە ویسالی ھەرمان هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1395/10/13)