مامۆستا محیه‌دین حه‌ق‌شناس

مامۆستا محیه‌دین حه‌ق‌شناس

شاعێری شیرین زمان و خەڵکی، مامۆستا مەحیەدین حەق‌شناس، لە ڕۆژێکی زستانی ساڵی ١٣٠٣ هەتاوی لە شاری سنە چاوی بە ئاسمانی ژیان هەڵێنا. لە ماوەی تەمەنی پڕ پیت و بەرەکەتی ٨٩ ساڵەی مامۆستا حەق‌شناس چەندین بەرهەمی کوردی و فارسی بە یادگاری بە جێ ماوە کە زۆر‌تر لە سەر شێوازی ژیانی خەڵکی کوردستان و بیرەوەریەکانی سەردەمانی پێشووی کوردستان و سنەیە، کە بەناوبانگ ترینی ئەوان بەرهەمی شارەکەم سنەیە.

مامۆستا حەق‌شناس یەکێک لە خۆشەویست‌ترین و خۆش زمان‌ترین شاعێرانی هاوچەرخی سنە و هەموو کوردستان بووە و ئەمە وای کردووە کە چەن بار وەکوو کەسایەتی فەرهەنگی کوردستان دیاری بکرێت. ناکرێت کە خەڵکی شارێکی جوان و فەرهەنگی وەکوو سنە بیت و ئەوینی ئەو شارە لە خامە و قەڵەمی هونەرمەندێک وەکوو مامۆستا حەق‌شناس ڕەنگ نەداتەوە. سنە شارەکەم، شاری شیرینم بێشکەی لەدایک بوون، هەلۆرک ژینم سنەی قارەمان، سنەی هەڵۆ خان سنەی مەستوورەی شاعێر کوردستان جێگای پەروەرش جوانگەل دلێر مەحکەم وەک شاهۆ، شوجاع وێنەی شێر تەکیەگای گەلم، مەنزڵ ئەجدادم ئەر تۆ ئاباد بی‌منیش دڵشادم خۆشەویستی تۆ، سنە ئایینم من چاوم بۆ چەس تۆ پێ نەبینم. لە مەنزوومەی شارەکەم سنە ناوی جێگا ون بووەکانی سنە و گەڕەکە کۆنەکانی ئەو شارە باس کراوە، جگە لەمە بیرەوەریەکان و ڕەسمە کۆنە کانی خەڵکی سنە دووپات کراوەتەوە، مامۆستا حە‌ق‌شناس لەمەڕ مەنزوومەی شارەکەم سنە ئاوا ئەفەرمێت: «شارەکەمان سنەی خۆشەویست سەحراو سەیرانگاو کانی و باغ و ئاسار و ڕەسم و یاسا و سوننەت گەل عەزیز و زەریف فرەیەکی بوو کە وردە وردە لە بین چوون و حەتا ناویشیان کەم کەم خەریکە لە هۆش ئەچێتۆ». دیارە بەم وتەی مامۆستا حەق‌شناس مەبەستی ئەم هونەرمەندە پایەبەرزە لە نووسینی مەنزوومەی شارەکەم سنە دەر ئەکەوێت. ڕەنگە تەنیا شاهێدی کانیاو سەیرانگاکان و سوننەت گەلی سنە، ئاویەر بێت کە هەردەم وەکوو پاڵپشتی شار، سەربەرزانە ئەڕوانێتە تێپەڕینی کات و سەردەمەکان و ڕووداوەکانی سنە، و مرۆڤ ژیانی چاو ترووکاننێکە ئەویش ژیانی کەسانێک کە لەدڵی خەڵک ئەژین و دابڕانی ئەوان لەهەر کاتێک دا زوو و ئەستەمە؛ بەڵام ئەمە ئاکامی هەموو مرۆڤەکانە. مامۆستا حەقشناسیش لە ٢٣ ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٢ ی هەتاویی لە شارەکەی خۆی سنە، ماڵ ئاوایی لە ژیانی پڕ بەرکەتی خۆێ کرد. یادی بەرز و بەڕێز بێت.

.:: نوێ‌ترین ::.

کۆچەری بیرکار یا بیرکاری کۆچەر کۆمه‌ڵایه‌تی (1397/05/12)