پەروەردەی پێغەمبەرانه‌

پەروەردەی پێغەمبەرانه‌

(نهێنی سەركەوتنی پەروەردەی پێغەمبەر)
پەروەردەی پێغەمبەرانە دوو پایەی هەیە:
لەم بابەتەدا قسە لەسەر دوو بنەمای پەروەردەی پێغەمبەراە دەكەین ئەوانیش "خوێنكار و مامۆستان" بە تەعبیری عیرفانی ئیسلامی "سالیك یان قووتابی" هەروەها "پیر و موقتەدا یان قدوە و مامۆستا" لەم بابەتەدا باسی فەلسەفەی پەروەردە ناكەم، بەڵكو تەنها باس لە گرتنەبەری ڕێگەیەك دەكەم ڕێگەیەك كە بۆ تیشكخستنە سەر هەندێك چەمك كە دەكرێت بڵێین چرای ڕێگەن بۆ ئەوەی ئێمە پەروەردەیەكی پێغەمبەرانەی رەسەنمان هەبێت واتە خودی تیۆریاكان هەڵدەگرین بۆ كاتێك و شوێنێكی دیكە،لێرەدا باس لە گرتنەبەری ڕێگە دەكەین، سەیر لەوەدایە پەروەردە لە زمانی ئینگلیزیدا یەعنی گرتنەبەری ڕێگە ئەو زاراوانەی كە موشتەقن لە پەروەردە (education) لە زمانی ئینگلیزیدا بە واتای "مەعبەد ، ڕێگە" دێن ئەم زاراوانە زاراوەیەكی ئینگلیزی ڕەسەنن لە ڕاستیدا هی سەردەمی نوێ نین هی سەردەمێكن كە دیانەت لە ناو ئینگلیزدا پانتاییەكی فراوانی هەبووە بابەتە ڕۆحیەكان جێگەی زۆریان هەبووە ئالەوێوە ماوەتەوە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا.پەروەردە واتە گرتنەبەری رێگە:
وەك باسم كرد پەروەردە گرتنەبەری ڕێگەیەكە ئەمە بابەتێكی قووڵە لە دینی ئیسلامدا كە ئێمە لای خواوە هاتووین و ڕێگەی گەڕانەوەش بۆ لای خوا دەگرینەبەر "انا للە و انا الیە راجعون" ئیشی مامۆستاو پێغەمبەران كەوتنەبەری خەڵكییە بۆ ئەوەی ڕێگە بگرنەبەر. بۆیە لە پەروەردەی ئیسلامیدا دوو بنەمای سەرەكی هەیە هەڵبەت بنەماكان زۆرن، بەڵام دوو بنەمایان بنەمای سەرەكین، یەكێكیان بریتیە لە "سالیك ،خوێندكار ، تەڵەبە" ئەو كەسەی كە ڕێگەكە دەگرێتەبەر، دووەمیان "موقتەدا ، قدوە ، مامۆستا" ، "لقد كان لكم فی رسول اللە اسوە حسنە" جا"أسوە" دەكەوێتە پێش خەڵكی بەرەو ئەو شوێنە دەیانبات، دەیانبات بۆ ئامانج، ئەم دوو بنەمایە بنەمای خوێندكار و مامۆستا كرۆكی پەروەردەی ئیسلامین باسی (كتێبی) تێدا نییە(دواتر باس لەوەش دەكەین كە بۆ باسی كتێب و مەنهەج نییە بەڵكو باس باسی دوو بنەمای سەرەكییە كە یەكێكیان خوێندكار و ئەوی دیكەیان مامۆستایە) ئەم دوو پایە ئەگەر حەقیان پێبدرێت _بە بۆچوونی من_ وەك دەفەرموێت (أقیموا هژین العمودین) ئەگەر ئەم دوو ستوونە (عەمودە) داچەقێنین خوێندكار لەگەڵ مامۆستا (واوقدوا هژین السراجین) و ئەگەر ئەم دوو چرایە داگیرسێنن كۆمەڵگە ڕووناك دەبێتەوە،
لە پەروەردەی پێغەمبەرانەدا لەبری كتێب سینگ هەیە:
عەمودی قووتابی لەگەڵ عەمودی مامۆستا و چرای قووتابی لەگەڵ چرای مامۆستا، ئیدی باسی كتێبی تێدا نییە، لە پەروەردەی دینیدا باسی (صدر – سینگ) سینگ و ناوەوە مرۆڤ هەیە نەك دەرەوە، واتە كێشەكە لە كتێبدا نییە، سەیری قورئان بكە دەفەرموێت "بل هو ایات بینات" ئەم پەیامە یان ئەم قورئانە ئایەتانێكی ڕوونە لە كوێیە (فی صدور الژین أوتوا العلم) لە سینگی ئەوانەدایە كە عیلمیان پێ بەخشراوە لە كتێبدا نییە ئیشی مامۆستا وەرگێڕانی (تەحویل)كردنی كتێبە بۆ سینگ "وەرچەرخانی ڕۆحی لە ناو دڵی قووتابیەكانیدا" شۆك دروستكردن لە ڕۆحیاندا كاتێك كە توانیمان بیانكەین بە مەخلوقێكی تر ڕۆحیان دەبێتە ڕۆحێكی تر، ئیقباڵا گوتەنی:
چون در جان رفت جان دگر شود
چون جان دگر شد، جهان دگر شود
"كە چووە ناو گیانەوە ئیتر گیان دەبێتە گیانێكی تر كە گیانیش بووە گیانێكی تر ئیتر جیهانیش دەبێتە جیهانێكی تر".
ئەمە كرۆكی فەلسەفەی پەروەردەی پێغەمبەرانەیە "وەرگێڕانی شتە دەرەكییەكان بۆ شتە ناوەكییەكان" تەحویلكردنی بابەتە دەرەكییەكان بۆ بابەتە ڕۆحیەكان ئەو شتەی كە لە دەرەوەی تۆ بێت حەزی لێ ناكەیت، بەڵام كاتێك كە بوویە بەشێك لە تۆ بەشێك لە ناخت لە ناوەوەت ئیدی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەیت،
مامەڵەی پێغەمبەرانە وەرگێڕانی بابەتە دەرەكیەكانە بۆ بابەتی ناوەكی:
هەموومان خوێندكاریووین: دوو كتێبت دەدرێتێ یەكێكیان بۆ تاقیكردنەوە بۆیە تۆش تاقەتت لێی نییە خەوت لێ دەكەوێت بە هەزار حاڵ بۆت تەواو ناكرێت، بەڵام كتێبەكەی تریان كە حەزی لێدەكەیت خەوت دەزڕێنێت تا نەیخوێنیتەوە وازناهێنیت، جیاوازی ئەم دوو كتێبە چیە؟ ئەویان وەكو شتێكی دەرەكی بەسەرتدا دەسەپێنرێت و حەزی لێ ناكەیت، بەڵام ئەمی تریان بەشێكە لە وجودی تۆ بۆیە خەوی تۆی بۆ دەزڕێت دەبێت عیلم لە مامەڵەیەكی دەرەكییەوە وەرچەرخێت بۆ مامەڵیەكی ناوەكی واتە بكرێتە بەشێك لە وجودی مرۆڤەكان ئائەمەیە مەولانای ڕۆمی دەفەرموێت " هەندێك هەن عیلمەكەیان ئەوەتا بە كۆڵیانەوە" قورسە باری گرانە، بەڵام "تاقم و گروپێكی دیكە هەن ئەوەتان بە كۆڵی عیلمەكەیانەوە" عیلمەكە لە ناخیاندایە دەیانجوڵێنێت، كەواتە پەروەردەی پێغەمبەرانە ئیشكردنە لە ڕۆحی مرۆڤەكاندا لە سنگ و ناوەوەی مرۆڤەكان، ئەمە پایەی یەكەمی پەروەردەی ئیسلامییە. جارێ تا ئێرە هێشتا باسی خوێندكارە. حەساسترین نوكتە لە پەروەردەی پێغەمبەردا ئائەمەیە، بەڵام لە پەروەردەی ئیمڕۆدا بوونی نییە بابەتەكان بابەتی دەرەكین بۆیە قووتابیەكان بێزارن حەز ناكەن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن وەرنەچەرخاون بۆ بابەتی رۆحی هەتا حەزیان لێ بكەن خەویان بزڕێت. جارجار لە وانەكاندا دە خولەكی دەرسەكە باسی شتی تریان بۆ دەكرێت باسی شتی ڕۆحیان بۆ دەكرێت خێرا گوێقوڵاغ دەبن، لە شوێنێك بابەتێكم هەبوو وتم كاتێك باسی فیكری و فەلسەفی دەكەم هەمووتان خەوتان دێت، بەڵام كە باسی شتێك دەكەم كە لە ناخی ئێوەدایە وەكو عیشق و ئەو جۆرە بابەتە رۆحیانە هەمووتان سەر بەرز دەكەنەوە!. چونكە هەست دەكەن شتێكە لە ناخدا تینوون پێی!. كەواتە نهێنی سەركەوتنی پەروەردە وەرچەرخاندنی بابەتە دەرەكیەكانە بۆ بابەتە ناوەكیەكان،
لە پەروەردەی پێغەمبەردا دەبێت خۆت نەبیت:
بۆ ئەوەی ئەمەش بكرێت، دەبێت وا لە قووتابی بكەیت خۆی نەبێت! مانای ئەم قسەیە چییە؟، واتە وا لەو خوێندكارەە بكەیت خۆی نەبێت.. ئەو قووتابیەی ئێستە نەبێت كە لە بەردەستدایە!. زاناكانی ئەو بوارە نمونەیەك بۆ ئەم مەسەلە دەهێننەوە دەڵێن "كەسێك مەغرور و لەخۆباییە بۆ ئەوەی پێی بسەلمێنیت كە مەغروریت دەبێت لە پێشدا غرورەكەی لێ دەربهێنیت. چونكە غرورەكەی ڕێگە نادات قەبوڵی بكات تۆ پێی بڵێیت مەغروریت" كۆمەڵێك شت هەیە لە ناو قووتابیدا دەبێت ئەو شتانە دەربهێنیت غرورەكان دەربهێنیت ئینجا دوایی وەریدەگرێت كە پێی بڵێیت تۆ كەسێكی مەغرور بوویت، لە یەكێك لە زاناكانی دین پرسیار كراوە كێشەی پێغەمبەران چی بووە لەگەڵ خەڵكیدا؟ دەڵێت ئەگەر لە پێغەمبەران بپرسیت كێشەی ئێوە لەگەڵ مرۆڤەكاندا چیە كە قووتابیەكانی پێغەمبەرانن. دەڵێن كێشەیان ئەوەیە بەو خەڵكە "قووتابیانە"یان وتووە ئێوە نابێت خۆتان بن دەبێت ببنە مەخلوقێكی تر، چونكە بەو وجودەی ئێستەتانەوە ناتوانن لە ئێمە حاڵی ببن ئەوەی كە هەیە لە ناوتاندا دەبێت نەمێنێت ببنە مەخلوقێكی تر مەولەوی تاوگۆزی گوتەنی "پێ بنێن بە وجودی خۆتاندا" نەفستان واز لێ بێنن ئینجا مەخلوقێ عەجیوترتان لێ دروست دەبێت و لە ئێمەش حاڵی دەبن كێشەكە ئالێرەدایە كە چۆن مامۆستا وا بكات لە قووتابیەكانی واز لە خۆیان بهێنن واز لە غروریان بیهَنن واز لە نەزانی و جەهلیان بهێنن واز لەو شتانە بهێنن كە ڕێگرە لە ڕێی ئەواندا، پەردەیەكە لە نێوان ئەوان و مامۆستاكانیاندا، ئەو پەردەیە هەڵبگیرێت، كێشەكە ئالێرەدایە.

جۆری زانستەكان سیانن نەوەك دوان(زانستی و ئەدەبی):
بۆ ئەمەش پێویستمان بە دابەشكردنی زانستەكان هەیە جارێكیش لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا باسمكرد، تیۆریا زۆرە دەربارەی ئەوەی چۆن زانستەكان دابەشدەكرێت ئەمەی لە وڵاتی ئێمە لەسەری دەڕۆین بەشی عیلمی و بەشی ئەدەبی لە ئێستادا هەڵەیەو وازی لێ هێنراوە ئێستە دابەشكردنێكی سیانی هەیە لای فەیلەسوفەكان و زاناكان، واتە سێ جۆر زانست هەیە كە پەیوەندییان بە پەیوەندییەكانی مرۆڤەكانەوە هەیە، مرۆڤ سێ پەیوەندی هەیە ئەوانیش، پەكەمیان بریتیە لە پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵا دەور و بەریدا جگە لە مرۆڤ و(اتە لەگەڵا سروشت و دار و بەردا و هەموو شتەكانی تر جگە لە مرۆڤ)، پەیوەندی دووەمیان بریتیە لە پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵا مرۆڤەكانی تردا، پەیوەندی سێیەمیان بریتیە لە پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵا خودی خۆیدا. جا ئەم سێ جۆر پەیوەندیە سێ جۆر زانستی دروستكردوە ئەوەندەی من بەدوادا چوونم بۆ ئەم بابەتە كردبێت لە ئێستادا نزیكەی سی وڵات ئەم سێ جۆر زانستیە پەیڕەو دەكەن واتە لە پەروەردەیاندا لەسەر سێ زانست هەنگاو هەڵدەگرن كە زانستێكیان ڕێكخەری پەیوەندیەكانی مرۆڤە لەگەڵا شتەكانی دیكەدا جگە لە مرۆڤ پێیان دەوترێت "زانستە ئەزموونیەكان" و دووەمیان كە ڕێكخەری پەیوەندی مرۆڤە لەگەڵا مرۆڤەكانی تردا پێیدەوترێت "زانستە مرۆییەكان" بە زانستی سێیەمیش كە ڕێكخەری پەیوەندی مرۆڤە لەگەڵا خودی خۆیدا پێیدەڵێن "زانستە پایەكان(ئایین و ئەخلاق وهونەر)" ئەم سێیەمە وا لە مرۆڤ دەكات كە لەو دیوە رووكەشەی خۆی دەرچێت و ڕەخنە لە خۆی بگرێت كە بابەتەكانی دیموكراسی و ئەوانە دەچنە ناو ئەم زانستە سێیەمەوە،

مەبەست لە زانستەكان:
لە زانستی یەكەمدا مەبەست بریتیە لە كۆنترۆڵكردنی دەوروبەر بۆیە ئێستا سروشت گیری خواردووە بەدەست مرۆڤەكانەوە چونكە ئەوان دەیانەوێت بەكاری بهێنین بەو شێوەیەی كە خۆیان دەیانەوێت، بەڵام لە پەیوەندی دووەمدا نابێت ئامانجەكە بریتی بێت لەوەی كە مرۆڤەكانی تر كۆنترۆڵا بكەیت (بەداخەوە پەروەردەی هەرێمی كوردستان وا دەكات) واتە دەیەوێت مامۆستا وا فێر بكات كە كۆنترۆڵی قووتابی بكات واتە لە پەروەردەی ئێمەدا پشت بە زانستی یەكەم دەبەسترێت كە ئەمە هەڵەیە چونكە ئەمە وات لێدەكات كە ئیرادە لە قووتابی بسەنیتەوە واتە "مرۆڤ لە مرۆڤبوون بخەیت" بەڵام دەبێت بە پەیوەندی دووەمیان كە ڕێكخەری پەیوەندی نێوان مرۆڤەكانە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەكانی تر بكەیت، لەبەرئەوەش مرۆڤەكان ئاكاری دەرەكی و كردەوەی دەرەكییان هەیە هەموو كردەوە دەرەكیەكانیشیان نیشاندەری مانایەكن لە پشتەوە كە تۆ نایبینیت ئامانج لەم زانستە مرۆییانەدا گەیشتنە بەو مانایانەی كە لە پشتەوەن دیار نین، ئیتر نابێت تەنها سەیری ئاكارە دەرەكیەكانی قووتابیەكان بكرێت سەیری ئاكارە دەرەكیەكانی مرۆڤەكان بكرێت

ئامانج لە پەروەردە دۆزینەوی ماناكانی مرۆڤە نەوەك كۆنترۆڵكردنی:
بۆنمونە ئێمە مرۆڤێكین نوێژ دەكەین.. عیبادەتەكان دەكەین هونەرمان هەیە شیعرمان هەیە بیناسازیمان هەیە شارمان هەیە دەی ئەم ئیشانەی كە دەیكەین مانایەك هەیە لە پشتیانەوە لە زانستە مرۆییەكاندا مامەڵەكردنە لەگەڵ مرۆڤێكی ، مەبەست لەم زانستانە داگیركردنی مرۆڤەكان نییە بەڵكو مامەڵەكردنە لەگەڵ مرۆڤەكاندا واتە هاودەردی دەربڕینە لەگەڵ مرۆڤەكاندا ئەمەش بۆ دەكەین؟ بۆئەوەی ماناكانیان كەشف بكەین ئەو كردەوەیەی (بۆنمونە) بەڕێزێك مامۆستایەك لە قوتابخانەیەك مامەڵە لەگەڵ قووتابیەكانیدا بۆ ئەو ئامانجەیە كە چۆن كۆنترۆڵی قووتابیەكانی بكات كە ئەمە بە بۆچوونی من هەڵەترین مامەڵەیە لە پەروەردە كردندا قسەم لەسەر ئەوە نییە كە بڵێیت ئاخر مامۆستا لە پۆلێكدا پەنجاخوێندكاری تیایە، نا رێگەكە خۆی هەڵەیە، مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا نابێت بۆ كۆنترۆڵكردن بێت پێچەوانەی فەلسەفەی پەروەردەی ئیسلامییە كە ئازادی بە مرۆڤەكان بەخشیوە ئێمە تەنها بەندەی خواین دەبێت وا مامەڵەمان ڕێك بخەین لەگەڵ قووتابیەكانماندا كە چۆن ماناكانیان كەشف بكەین نابێت زۆرو زۆركردن لەم مەسەلەیەدا بەكار ببرێت .
ئەگەر ئێستە تۆ مامۆستای من بیت دەی كاتێك كە زۆر بەكار دێنیت ئیتر من ماناكانی خۆم ناڵێم و دەیشارمەوە، هەركاتێك تۆبزی وهێز بەكارهات مانا ون دەبێت چونكە مرۆڤ ئیرادەی هەیە ئیتر بەو ئیرادەی خۆی ماناكانی ناڵێت كەواتە ڕێكخەری پەیوەندی نێوان مرۆڤەكان بریتیە لە مەنهەجێك پێیدەوترێت مەنهەجی زانستە مرۆییەكان ئامانجی ئەم زانستە مرۆییانە بریتی نییە لە كۆنترۆڵكردنی مرۆڤەكان بەڵكو كەشفكردنی مانای مرۆڤەكانە لەبەرئەوەیە ئەگەر تۆ نەبیتە هاوڕێی قووتابیەكانت هاودەردییان لەگەڵ دەرنەبڕی نەبیتە ئەندام لە ناو غروری قووتابیەكاندا هەرگیز ناتوانیت مامەڵەیان لەگەڵدا بكەیت .
ئیشی مامۆستا و ڕۆشنبیر بریتی نییە لە كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگە. تۆ كە مامەڵە لەگەڵ تاكەكانی كۆمەڵگەدا دەكەیت بۆ ئەوەی ماناكانیان كەشف بكەیت چونكە ماناكان بە چاو نابینرێن، ئێستا تۆ سەیری نوێژ بكە بەبێ ئەوەی لە مانای نوێژ تێبگەیت بەبێ ئەوەی خۆت نوێژكەر بیت یان كە ئەوروپاییەك سەیری نوێژی ئیسلام بكات پێی سەیرە ئەوە چیە ئەم جوڵانە هەڵدەستێت و دادەنیشێت، ئێمە كە سەیری نوێژی بوزاییەكان دەكەین كە دەبینین ڕادەكشێن پێیان پێدەكەنین، بەڵام بڕۆ لەگەڵیان مامەڵە بكە مانایەك لەو مەسەلەدا هەیە و خۆڕا و هەروا نییە، سەجدە لای ئێمە مانایەكی هەیە ئەو كەسەی نەبێتە هاودەمی مانای ئێمە هەرگیز لێی تێناگات،ئەگەر سەیری حەرەكەتی دەرەكی نوێژ بكەیت هەرگیز لێی تێناگەیت دەبێت بڕۆیتە ناو ماناكانییەوە هەموو كردارێكی مرۆڤ مانای هەیە ئیشی مامۆستا بریتیە لە كەشفكردنی ئەو مانایانە.

پەروەردە واتە گەڕانەوە بۆلای خوا:
كەواتە ڕێگاكانی كەشفكردنی ئەو مانایانە چین؟ مادام مرۆڤ بەرەو ئامانجێك دەجوڵێت پەروەردەش بریتیە لەو ڕێگەیەی كە دەیگەیەنێت بەو ئامانجە دیارە كە پەروەردەی پێغەمبەرانەش ئامانجێكی هەیە ئامانجەكەش بریتیە لە گێڕانەوەی مرۆڤەكان بەرەو لای خوا (عروج) پێكردنیان لە دنیای مادییەوە بەرەو دنیای مەعنەویەت و ڕۆح واتە تێكەڵكردنی بابەتە مەعنەویەكان لەگەڵ بابەتە مادییەكان، ئەم مەسەلەیە چۆن دەكرێت؟ دەتوانین بڵێین ئەمەیە جیاوازی پەروەردەی پێغەمبەران لەگەڵ پەروەردەی قووتابخانەكانی تردا هەموو قووتابخانەیەكی پەروەردەیی بۆ خۆی پرۆگرامی هەیە بۆ خۆی بنەمای خۆی هەیە جیاوازی پەروەردەی ئیسلامی لەگەڵ پەروەردەی نائیسلامیدا لەم خاڵەدایە كە چۆن تۆ دوای ئەوەی كەشفی ماناكانی قووتابیەكانی خۆتت كرد كەشفی ماناكانی كۆمەڵگەكەت كرد بەرەو ئامانجی ڕاستەقینە دەیانجوڵێنیت

مامۆستا پایەی دووەمی پەروەردەی پێغەمبەرانە:
لێرەدایە رۆڵی بنەمای دووەمی پەروەردەی پێغەمبەرانە دەر دەكەوێت كە بریتیە لە (مامۆستا) .نازانم ئایا دەتوانم بیگەیەنم بە تۆی خوێنەر یان نا؟!، بەڵام من بۆ خۆم زۆر چێژم لەم بابەتە بردوە وا دەزانم نهێنی سەركەوتنی پێغەمبەری ئیسلام و هەموو پێغەمبەرەكانی تریش لەم نوكتەدا بووە، نهێنی سەركەوتنی هەموو مامۆستایەكیش هەر لەم نوكتەدایە چۆن فێركارەكانت دەجوڵێنیت دیارە كە دەیانجوڵێنیت دەزانیت ئەوان نوقسانیان هەیە و دەشزانیت كە دەتوانن بگەنە بە (كەماڵ) بۆیە دەیانجوڵێنیت و دەشزانیت ئیرادەیان هەیەو مانایەكیان هەیە بۆی دەژین،بۆیە دەتوانیت گفتوگۆیان لەگەڵدا بكەیت بۆیە گفتوگۆ ئەساسی كاری پێغەمبەرانە كاتێك كە تۆ گفتوگۆ لە كۆمەڵێك دەسەنیتەوە تەنها بێدەنگت نەكردوون بەڵكو مرۆڤ بوونت لەوان سەندووەتەوە تۆ سەیركە ئەگەر لە بازاڕدا تەنها یەك دوكان ببێت و كاڵا بفرۆشێت خەڵكیش ناچار بن بچن ئەو كاڵایانەی ئەو دوكانە بكڕن ئەمە ناچارییە كە دەچن لەو دوكانە شت دەكڕن چونكە تەنها ئەو دوكانە هەیە، جا ئەو دوكانە تەنها شتی پێنەفرۆشتوون بەڵكو ئینسانییەتی لەوان سەندووەتەوە چونكە هەڵبژاردنی (ئیختیاری) بۆ نەهێشتوونەتەوە ئیختیاری لێسەندوونەتەوە بە پێچەوانەی ئەوە ئەگەر دوو دوكان یان دە دوكان هەبێت ، هەمان كاڵاشیان هەبێت لەمیان نایكڕێت دەچێت لەوی تریان دەیكڕێت یان لەوەكەی تریان دەیكڕێت ئیرادەی مرۆڤەكان لەم شوێنەدا حزوری هەیە كەواتە كاتێك كە ئیختیار بوونی هەیە ئینسانبوون بوونی هەیە كاتێك كە ئیختیار بوونی نامێنێت كە ئیرادە بوونی نامێنێت كاتێك كە گفتوگۆ بوونی نامێنێت ئیدی مرۆڤیش بوونی نامێنێت ئەگەر تەنها یەك ڕێگە هەبێت و بۆت نەبێت لەو ڕێگەیە لابدەیت ئەوە تۆ لە مرۆڤبوون دەكەویت چونكە (ئیختیار)ت نامێنێت گفتوگۆش مەعنایەكی نامێنێت بۆیە یەكێك لە دەڵێت "عەدالەت واتە گفتوگۆ" ئەگەر گفتوگۆ لە ناو كۆمەڵگەدا نەما مانای وایە ئیرادەی مرۆڤەكان نەماوە ئیدی ناتوانن ماناكانی خۆیان پیشان بدەن بۆیە دەبێت بنەمای پەروەردە بریتی بێت لە گفتوگۆ پێغەمبەرانیش بەم زمانە مامەڵەیان كردووە لە چەندین ئایەتی قورئاندا لە چەندین مانای جیاجیادا ئەوە هاتووە بە زمانی گفتوگۆ كەشفكردنی ماناكان دەكرێت.
مامۆستا بە خوێندكار دەلێت : دەبێت وەك من بیت:
ئەی پێغەمبەران دوای ئەوەی كە مانای كۆمەڵگەیان كەشف كرد دوای ئەوەی لە ناو كۆمەڵگەدا ژیان تۆی مامۆستا كاتێك كە لەگەڵ قووتابیەكانی خۆتدا ژیایت وە ناسیتن بووی بە هاوڕێ لەگەڵیاندا چۆن دەیانجوڵێنیت، وتمان دەبێت كە تۆ بە قووتابیەكانت بڵێیت كە دەبێت ئێوە خۆتان نەبن، بەڵام ئەوان ئەوەت لێ قەبوڵ ناكەن چونكە حافیز گوتەنی هەموو مرۆڤەكان دوو كێشەیان هەیە كێشەی یەكەمیان ئەوەیە كە خەواڵوون.ز تاقەتیان نییە زۆرجار هەیە تۆ زۆر جدیت لە مەسەلەیەكدا كەچی ئەو هەر گوێی ناداتێ هەر باكی نییە: كێشەی دووەمیان ئەوەیە ئەوان مەستن كێشە جدیەكانی وجودی خۆیان بە جیددی وەرناگرن.. تینوو نین بە ژیان تینوو نین بە قیامەت تینوو نین بەو بابەتە جدیانەی كە ناكرێت ئینسان بیریان لێ نەكاتەوە وەكو باسی خواو باسی مەرگ و باسی داهاتوو. دەبێت وایان لێبكەیت واز لەو وجودەی خۆیان بهێنن ببنە مەوجودێكی تر هەتا ئەم بابەتانەیان بەلاوە جیددی بێت ئەی چۆن وایان لێبكەیت نوكتەكە ئالێرەدایە ئیشی پێغەمبەران و ئیشی مامۆستایان ئائەمەیە كە وایان لێبكەیت هەم لە (خەواڵوویی)هەم لە (گوناهكار) بوون ڕزگاریان ببێت و خۆیانیان پێ گرنگ بێت دەزانن نوكتەكە چیە لێرەدا لە سەرەتاوە دەیڵێم دوایی شەرحی دەكەم نوكتەكە ئەوەیەكە دەبێت پێیان بڵێیت ئێوە نابێت خۆتان بن دەبێت وەك من بن ئەمە بە زمان زۆر ئاسانە بەڵام قورسە بە عەمەلی چۆن دەتوانیت بە مرۆڤەكانی تر بڵێیت نابێت خۆت بیت دەبێت وەك من بیت پێغەمبەر بە ئەسحابی دەوت دەبێت منتان لە خۆتان خۆشتر بوێت ئەوە ئەنانییەت نییە ئەوە مەسەلەیەكی زۆر گرنگە چۆن وا بكەیت لە قووتابیەكانت كە قەناعەت بكەن واز لە خۆیان بێنن وەكو تۆیان لێ بێت، ئەمە نوكتەكەیە ڕاز و نهێنی سەركەوتنی نەتەوەكان شارستانییەتەكان دینەكان ئەمەیە كە خەڵكانێك بوون ئەوەندە باش بوون ئەوەندە چاك بوون توانیویانە بە خەڵكی بڵێن: ئێوە دەبێت وەكو خۆتان نەبن وەكو من بن!. خەڵكەكەش قەناعەتی كردبێت ئەگەر نەتوانیت وایان پێ بڵێیت ئیتر سەركەوتوو نیت ، ئەگەر نەتوانیت وایان لێبكەیت كە ئەگەر بە زمانی قاڵیش نەیڵێیت بە زمانی حاڵ پێیان بڵێیت كە دەبێت وەكو من بن، زۆر بە سادەیی باسی بكەم ئەگەر تۆ بتەوێت خانویەك دروست بكەیت "ئەمەم لە یەكێك لە فەیلەسوفەكانی پەروەردەوە وەرگرتووە" حاڵی تۆ لە دوو ڕێگە زیاتر نییە یان ئەوەتا نەخشەیەك لای موهەندیسێك دەهێنیت و خانوەكە لەسەر بنەمای ئەو نەخشەیە دروست دەكەیت یان ئەوەتا خانویەك پیشانی وەستاكە دەدەیت پێی دەڵێیت وەكو ئەو خانوەم بۆ دروست بكە!. ئێمە دەڵێین:ئەساس لە پەروەردەدا نیشاندانی خانوەكەیە ئیتر فەلسەفەی پەروەردەی دینی بریتیە لە پیشاندانی كەسێك كە بە شوێن خۆیدا دەیانبات هیچ قسەیەكیان ناهێڵێت. كە پێی دەڵێن ئاخر بۆمان ناكرێت دەڵێت ئەی ئەو بۆ پێی دەكرێت؟!،.

خاڵە گرنگەكە:
ئەگەر بتوانین ئەم خاڵە بخەینەوە ناو پەروەردەی خۆمان بە بۆچوونی من ئەم وڵاتە ڕزگاری دەبێت لەو دواكەوتوویەی كە هەیە ڕزگاری دەبێت شارستانییەتی ئیسلامی بێجگە لە گەورەبوونی شەخسیەتی پێغەمبەر شتێكی دیكە نییە ئەو شەخسیەتەلە هەموو بوارەكاندا بوویە پێشەوا عیرفان و ئەخلاقی ئیسلامی هەتا ئەو كاتەی كە تا زاناكانی ئیمامی ڕەبانی و شێخ عەبدولقادری گەیلانی توانیویانە بە خەڵكەكە بڵێن وەكو من بن ئەم شارستانییەتە شارستانییەتێكی تر بوو هەتا دوایی وای لێهات شێخەكان و مامۆستاكان دوكانیان دانا خۆیان جیاكردەوە لە خەڵكی و بە خەڵكییان دەوت ئەوە بكەن و خۆیان وا نەبوون ئیتر وڵات رووخخا شارستانییەت نەما ڕێگەیەكی زۆر سادە لە پەروەردەكردندا، بەڵام زۆر گرنگ لە كار پێكردندا، مامۆستایانی بەڕێز ئێوە هەمووتان هەڵگری پەیامێكی ئاسمانی و دینین ئەمەش ڕۆحی پەیامی ئیسلامە كە ئێمە مرۆڤایەتی بەرەو بەختەوەری دەجوڵێنین لەم بابەتەشدا دەبێت خۆمان ببینە پێشڕەو ئالێرەدایە دەتوانین بڵێین ڕۆحی پێغەمبەری ئیسلام "سیراجی مونیر" چرا ڕوناكەكەی پێغەمبەری ئیسلام بەسەر هەموو ئەم حەزارەتەدا هەتا ئیمڕۆ گەیشتووە جوڵاندوویەتی، ئاخر خەڵكانێك هەن كاتێك نهێنییەك كەشف دەكەن كاتێك داهێنانێك دەكەن بۆ خەڵكی باس ناكەن لای كەس ناێڵێن، بەڵام پێغەمبەری ئیسلام هەرچییەكی كردووە دەڵێت ئەوە من ئەوەم كرد وەرن با بتاندەمێ وەرن بە شوێنمدا مەولانا زۆر جوان دەفەرموێت "پێغەمبەر چوو میعراجی كرد، بەڵام دەرگاكەی دانەخست"دەی كێ ئازایە وەكو ئەو بڕوات ئەگەر ناتوانێت وەكو ئەو بڕواتە (سیدرەتولمونتەها* و بڕواتە ئاسمانەكان دەیخۆ دەتوانێت تۆزێك بەرز بێتەوە "الصلاە معراج المۆمن" داینەخست ئەوەتا مەولانا لە یەكێك لە شیعرەكانیدا باسی دەكات دەڵێت "ئێوە چونكە ئەهلی ڕەسولن وەرنە سەربان، وەرن بەرز ببنەوە وەرن عروج بكەن، بچن قەراغی مانگ ماچ بكەن چونكە لە سەربانێكی بەرزن!" پێغەمبەر بانێكی بۆ دروستكردووین بەرزی كردووینەتەوە دەی ئێمە دەستمان دەگاتە مانگ، واتە بنەمای سەرەكی پەروەردەی ئیسلامی بریتیە لە پیشاندانی نمونەیەك گەورەترین نمونەش بریتیە لە پێغەمبەری ئسسلام و گەورەترین نمونەش بۆ قووتابیان مامۆستاكەیانە كێشەی مامۆستایانی ئەمڕۆ ئەوەیە "بمبورن كە ئەوە دەڵێم" لایەنی كەم منیش چەندین ساڵ مامۆستایەتیم كردووە ئێمە بە قووتابیەكانمان دەڵێین ئەوە بكەن و خۆشمان وا نین پێیان دەڵێین وا بكەن! بەڵام ئەوان دەبینین كە ئێمە جۆرێكی دیكەین ڕۆحی پەروەردە ڕۆحی ئەخلاقی ئیسلامی كە یەك لەسەر سێی هەموو زانستە ئیسلامیەكانە بریتیە لەوە یكە"هیچ بە هیچ كەس نەڵێیت كە تۆ خۆت ئەوەت نەكردبێت" هیچ بە هیچ كەس نەڵێیت كە خۆت نەتچەشتبێت یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی چەمكێك كە لەم دواییەدا دروست بوو بە ناوی كۆمەڵگای مەجازی مامۆستای تەكنەلۆجی ئائەمەیە.

پەروەردەی كۆمەڵگەی مەجازی(ئەنتەرنێت):
"المجتمع المجازی" كۆمەڵگەی مەجازی چیە؟ كۆمەڵگەی مەجازی بریتیە لەو كۆمەڵگەیەی كە تۆ ڕاستەخۆ مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەكانی تردا ناكەیت پەیوەندی عاتیفیان لەگەڵدا ناگۆڕیتەوە لە ڕێگەی تەكنەلۆجیاوە (ئەنتەرنێت)ەوەئەوان دەبینیت شارەكان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە كەشف دەكەیت مرۆڤەكان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەیت لە شاشەوە دەیانبینیت ئیدی مامەڵەی ڕاستەوخۆت لەگەڵ ئەواندا نییە، ڕاستە ئێمە كۆمەڵێك مامۆستای بەڕێزمان هەیە هەفتەی جارێك یان دوو هەفتە جارێك یان چەند شەو جارێك لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە بابەتێكی ڕۆحی بە ئێمە پێشكەش دەكەن ئێمەش سودی لێ دەبەین و جەوێكی سۆزاوی دروستدەكەن كە ئێمە وادەزانین هەموو هەفتەكە ئەوان وا ژیاون ئێستە كە تۆ مامۆستایەك دەبینیت بابەتێكی زانستی پێشكەش دەكات وادەزانیت هەموو ئەو هەفتەیە خەریكی ئەوەیە، بەڵام كاتێك كە دەچیت مامەڵەی لەگەڵدا دەكەیت سەیر دەكەیت وا نییە كێشەی تەكنەلۆجیایە كێشەی مامۆستای تەكنەلۆجیایە .
ئێمە چۆن هاتینە سەر رێگەی ئیسلام و ڕێگەی ڕاست؟ لە ڕێگەی تەكنەلۆجیاوە نەهاتین بەڵكو لە ڕێگەی ئەو مامۆستایانەوە بوو كە لە گەڕەكەكەماندا دەژیاو دەچووە مزگەوت و ئێمەشی هان دەداو بەرە بەرە مامۆستایەكی ئاسایی توانی ئێمەش بخاتە سەر ئەو ڕێگەیە خۆی چۆن بوو وامان كرد، ئەو بە ئێمەی نەووت وا بكەن بەڵكو پێی وتین: وەك من بن. ئەوش نهێن سەركەوتنی پێغەمبەران بوو كە وتیان وەك ئێمە بكەن!.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)