ئەخلاقی عیرفانی

نووسەر: 
شادان تالیب
 ئەخلاقی عیرفانی

باسكردن لە كایە ئەخلاقیەكان تولە ڕێی زۆرمان بۆ پێش دەهێنێت، كەدواجار هەموو ئەم ڕێگایانەش پێمان دەڵێن (ئەخلاق) هیندەی ئاوو هەوا گرنگە بۆ ژیان و بەتایبەت ئەم سەردمە كە خودی ئینسانیەت بۆتە شتێكی دەگمەن، نەخوازە بابەتێكی وەك (ئەخلاق). بۆیە كاتێ دەمانەویت لە بارەیەوە شتی بزانین چەندین جۆرو قوتابخانە لە پشت ئەم كایە مەزنەوە خۆی قوت دەكاتەوە، لێرەدا باس لە یەكێك لە جۆرەكانی ئەخلاق دەكەین ئەویش ئەخلاقی عیرفانیە، كە زۆرجار وەك تەواوكاری ئەخلاقە دینیەكان و زۆر جاریش وەك پێشینەی ئەخلاقی پێغەمبەرانە خۆی نمایدە دەكات..

ئەخلاقی عیرفانی یەكێكە لە عیرفانە ناسك و نەرمەكان كە جیا دەكرێتەوە لە ئەخلاقی فەلسەفی و دینی، هەڵبەتە ئێمە مەبەستمان نیە فەزڵی ئەخلاقی عیرفانی بدەین بەسەر ئەخلاقە دینیەكاندا، چونكە ئەخلاقە دینیەكان زۆرتر بۆ هاوسەنگ ڕاگرتنی كۆمەڵگەن بۆنمونە هەندێك جار گیانی تۆڵە سەندنەوە دەخاتە بەردەم مرۆڤەكان، بەڵام ئینسانیش سەرپشككراوە لە هەڵنەبژرادنی گیانی تۆڵە سەندنەوە، كە ئەمە دەبێتە ئەخلاقی عیرفانی، كە دواجار وەك دەرخەری دیوە جوانەكەی و تەواوكاری ئەخلاقی دینی دەكرێت لێی بڕوانین .

ئەخلاقە عیرفانیەكان هەڵقوڵاوی ناخ و ویژدانی مرۆڤەكانەو، مرۆڤە دیندارە بەویژدانەكان زیاتر دەتوانن هەڵگری ئەم جۆرەی ئەخلاق بن، هەڵبەت كەسانی ئاسایی و غەیرە دینیش دەتوانن میراتگری بن، بەڵام ئەوانەی تەواو پڕ بوون لە ئەخلاقە دینیەكان، ئەوكات بیخەم دەتوانن مامەڵەی ئەخلاقیان مامەڵەیەكی عیرفانیانە بێت.

بۆسەلماندی ئەم ڕاستەیەش دەكرێت خودی قورئان و ژیانی پێغەمبەرانی خودا بكەینە بەڵگە، پێغەمبەری خودا پێش هاتنی (وەحی) بۆی هەر سادق و ئەمین بوو، دوای هاتنی وەحیش هەر بەو جەشنە بۆیە توانی ناوەڕۆكی دین و خودی ئەخلاقی دینی باش بگەیەنێت، لە هەندێك مەوقیف و هەندیك جار كە ئازاریان دەدا دەیتوانی بە ئەمری ئیلاهی تۆڵە بسەنێت، بەڵام ئەو دەیویست جێی خۆی بكاتەوە پەیامە مەزنەكەی بگەیەنێت، لەبەرئەوە مامەڵە ئەخلاقیەكەی كردە پێوەر بۆگەیاندی ئەوەی دەیویست، تەنانەت خودی ئاینیش مامەڵەی ئەخلاقی (ڕەسولی نازدار)ی كردۆتە دەلیل بۆ پێغەمبەر بوونی و، بۆ گەیاندنی پەیامی خودایی بە نەتەوەكەی، وەك دەفەرموێت (انما بعثت لاتمم مكارم اڵاخلاق)، كەواتە خودی ئەخلاق بوونی هەبووە لای پێغەمبەر (درودی خودای لەسەر بێت). ئەو بەڕاستی هەڵگری ئەم مەقامەی ئەخلاق بوو پێش پێغەمبەرایەتی و دوای پێغەمبەرایەتیش، ئەو لە ئاست ئەم وەسفە ئیلاهیە مەزنەدا بووە(ۆإِنَّكَ ڵعَڵی خُلُقٍ عَظِیمٍ).

بەهەمانشێوە مامەڵە ئەخلاق ئامێزەكەی موسی (علیە السلام)، دەرخەری كەسێتی بوو، چونكە ناوەڕۆكی مامەڵەكە گێڕانەوەی ماف بوو بۆ ماف خوراوان، بۆیە ئەو پێش ئەوەی ببێتە پێغەمبەری خودا. خودای گەورە ئەخلاقی كردە دەلیل بەسەر پێغەمبەربونیانەوە بۆ ئومەتەكانیان و، ستایشی ئەخلاقی پێش پێغەمبەربونیان دەكات.

پێغەمبەران مامەڵەی ئینسانی و خۆ سەلماندیان دەكرد تا لە كۆمەڵگەدا پلەو پایەیان بە مامەڵەی ئەخلاقیان دەربكەوێت، ئەوان تەنها مامەڵەی دینیان نەدەكرد تەنها سەرمەشقی ئەم جۆرەی ئەخلاق نەبوون، بەڵكو سەرمەشقی خودی ئەخلاقە ویژدانی و عیرفانیەكانیش بوون.

زۆر جار ئەخلاقە دینیەكانمان لە دینی تەقلیدیەوە بۆ دەمێنتیەوە كە هەم خودی دینەكەمان بە ناڕێكی وەرگرتوە هەم خودی ئەخلاقەكە، چونكە لە پێچو پەناوە پێمان گەیشتوە، بۆیە لە ئێستا دەبینین بەدەیان و سەدان بێ ڕێزی دەكرێت بە ئینسان بەناوی دینەوە، ئاخر كەی دین پێچەوانەی بەهاو قییەمە مرۆیی و ئەخلاقیەكانە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەخلاقمان لەخودی سەرچاوە بنەڕەتیەكەی دین و بە ڕێگە دروستەكەی خۆی و لە خودی ویژدانی بەفیترەت پاكەوە وەرمان گرت ئەوكاتەش مامەڵە ئەخلاقیەكانمان مامەڵەی ئەخلاقی دروست دەبێت، ئیلهامەكەی لە ڕۆحەوە دەبێت.

ئەگەر بمانەوێت چاكەیەك بكەین هەركات زانیمان كەسێك موحتاجە پیمان بە ئەخلاقێكی فەلسەفیانەی وشك بیر ناكەینەوە یان بیر لە خیرو پاداشتەكەی ناكەینەوە، بە ڵكو دەست بەجێ بە فریای موحتاجەكەوە دەچین، ئەو كات دەبینی ئەخلاقە دینیكەشمان بەرجەستە كردو ئەخلاقە عیرفانیەكەش..

مامەڵەی ئەخلاقی عیرفانی بەوە جیادەكرێتەوە لە جۆرەكانی تر، هیچ پاڵنەرێكی دیكە پاڵت پێوەنانێت بۆ كردنی، بەڵكو خودی ویژدان و ناخی مرۆڤەكان و ئەو ئیلهامە خوداییەیە كە دەگات بە ڕۆحمان، هیچ كات بیر لە چەندێتی دەستكەوتنی خێرەكەی ناكەیتەوە بەمانایەكی دیكە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ خودا ناكەی، چەند بكەیت و چەند وەربگریت، بە پێچەوانەوە گرنگ ئەوەیە چاكە بڵاو بێتەوە ئیدی دەزانی كە لەدەفتەری حیساب و كتابت لای خالق نوسراوە.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)