پرۆسەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە وتووێژ لە گەڵ عەبدولعەزیز مەولوودی

پرۆسەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە وتووێژ لە گەڵ عەبدولعەزیز مەولوودی

پرسیار : دوای زیاتر لە بیست ساڵ لە دەستەڵاتی کوردی ئەوڕۆ قەیرانێک بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە کە کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت دەروونی خەڵک هەبووە ئێوە وەک شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕاتان سەبارەت بەو پرسه چییە؟
وەڵام: پرسی سەرۆکایەتی هەرێم لە ڕاستی دا پرسێکی مێژووییە. بە بڕوای من ئەو کێشەیە،ڕەنگە وەکو مێژوو بتوانین بۆ کێشەکانی دوورتری ڕابکێشین و لەوێوە بیخوێنینەوە، بەڵام ئەوەی کە لە واقع دا دەبێ لێرەدا باس بکرێ دەگەڕێتەوە ساڵەکانی نەوەد، نەوەدەکانی سەدەی پێشوو کە بۆشاییەک لە عێراق بە بۆنەی ڕاگەیاندنی هەرێمی هەوایی، (پەرواز مەمنووع) ڕاگەیاندراوە، هەلێکی ڕەخساند بۆ ئەوەی کە وەکوو یەکەم جار حیزبەکانی کوردی لە هەرێمی کوردستان تەجربەی دەسەڵاتداری سەربەخۆ بکەن، سەربەخۆ بەو مانایەی کە دوور لە دەسەڵاتی ناوەندی بتوانن بۆ خۆیان پێکهێنەری دەسەڵاتێکی کاتی بن. تا قەیرانەکە بە جێیەک بگات کە ئاساییە ئەو قەیرانە بە لە ناو چوون و تێکشکاندنی دەوڵەتی ناوەندی عێڕاق کۆتایی پێهات. هەڵبەت بۆخۆی سەرەتای سەرهەڵدانی هێندێک قەیرانی دیکە بوو، هەم لە عیراق و هەم لە ناوچەدا، وەکوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم بە تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان. ملمڵانەی حیزبەکان بە داخەوە لەو سەردەمەدا نەیهێشت دەسەڵاتداری کورد وەکوو دەسەڵاتدارییەک لە چوارچێوەی سیاسەت بەو جۆرەی کە پێناسە دەکردرێت، خۆ بگرێت و سەقامگیر بێت.
لە جیاتی ئەوەی کە بەرژەوەندییەکی گشتگیر بۆ کورد ببێتە ڕەهەندی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە، دوو حیزبی سەرەکی بە تەوافوق لەسەر سازانێکی دوو لایەنە، دەسەڵاتیان لە نێو خۆیاندا دابەش کرد و ئەو دابەشکارییە ئاساییە کە ئاسەواری زیاتری لێوەبووە کە دوو شێواز، دوو دەسەڵات، دوو ئیدارەی جیاوازی لە کوردستان پێک هێنا و بوو بە سەرەتایەک بۆ دروست بوونی ئەو قەیرانانەی کە ئەوڕۆ ئێمە ئاسەوارەکانی دەبینین و دوبارە دوای تێپەڕ بوونی دوو دەهە لە ئەو کات دیسان دەیبینینەوە کە ئەو دەستپێکەی لە تەجربەی سیاسی کورد دەستی پێ کردووە لەو ماوەیەدا بەداخەوە نەیتوانیوە بە ئەنجامێک بگات. لە واقیعدا دوای ئەو هەموو ئەزموونە، دوای ئەو هەموو کێشانەی کە کورد تووشیان بووە لە کوردوستانی عیڕاق یان هەرێمی کوردستان، تازە گەڕاوەتەوە سەر دەیەکانی 90. وەک ئەوەی کە هيچ پێشکەوتنێک ڕووی نەدابێت و بگرە ئەو ماوەیەش کە هەست بە وەدواکەوتنێک دەکرێ. هەر بۆیە پێم وایە کە نەبوونی ئیستراتیژیەکی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان تێگەیشتن لە دەسەڵات و سەرۆکایەتی بۆ هەرێمی کوردستان تێگەیشتنێکی ناتەواو بوو، ئەوەی کە ئێستا پرسی دەسەڵات وای لێهاتووە کە هەموو پرینسیبەکانی سیاسی لە کوردستان دەخرێتە ژێر پێ و تەنانەت لە ڕێگای یاساوە لە نێو پاڕلەمان، حەول دەدرێت کە شێوازێک لە سەر ڕا دابڕێژدرێت کە ڕەخنە و ڕەخنەگەری تێدا هەیە لە نێو خۆیدا، نیشان دەدات کە کێشەکە دەکرێ لەسەری باس بکەین، بە هەر حاڵ پێم وایە کە تا کاتێک کە بیری دوو ئیدارەیی و بیری سەروەری حیزبی لە جیات سەروەری ئیستڕاتژییەکی نەتەوەیی، لە هەرێمی کوردستان دەستەڵاتی هەبێت ئەو قەیرانانە بە شێوەی دەورەیی دوبارە دەبنەوە و کورد دەهێنێتەوە سەر خاڵی یەکەم یا پلەی یەکەمی هەنگاوەکانی خۆی بۆ جووڵانەوە لەو بوارەدا.

پرسیار: بە پێی ئەو دوا وتەی کە فەرمووتان لە هەرێمی کوردستان بیری حیزبی بەسەر بەرژەوەندی نیشتمانی زاڵە، بەم چەشنە ئێوە پێتان وایە تایبەتمەندی ئەو حیزبە چییە کە دەبێتە مەبەست نەک ئامراز بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی و خزمەتی نەتەوەیی؟
وەڵام: بەر لە هەموو شتێک با بڵێین کە هەر ئەو چوارچێوەی کە ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان لە قانونی ئەساسی عێڕاقدا دامەزراوە، پێمان وابێ کە هەر ئەوە دەپارێزرێت و هەوڵ بۆ ئەوە نادرێت کە تەنانەت ئەوەش لێی دابەزێن و ئەو هەلەش لە دەست کورد ببێتەوە، دوای ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە دەوڵەتی عێڕاق خەریکە ڕووبدات، پێم وایە کە ئەوەڵ شت داڕشتنەوەیەکە لەسەر بنەماکانی لۆژیک و ماقوڵ بۆ ئیدارەی هەرێم. بنەمای ماقوڵ بەو مانایەیە کە تەواوی هێزی پێشمەرگە دەبێ غەیری سیاسی بکرێت. واتە یان دەبێ باڵی نیزامی خۆیان دابخەن و هێزێکی نیشتمانی جێگری بێ کە بتوانێ لە دەرەوەی بەرژەوەندی حیزبەکان بۆ بڕیار و بیر و ڕا دەرکردنی سیاسی خۆی ڕێک بخاتەوە و خۆی ساز بدات وەکو ئەرتەشێک و وەکو هێزێکی نیشتمانی لێدەربێ. پێویستە هیچیان پێوەندیان بە حیزبایەتییەوە نەبێت و دەستوور لە حیزبەکان وەرنەگرن. ئەوە فکر دەکەم کە خاڵی یەکەمە کە دەتوانێ بەردی بناغە بێ بۆ داڕشتنێکی نیشتمانی لە کوردستان. ئاساییە ئەگەر ئەوە ڕووی نەدات، پلانی دواتر کە ڕەنگە بێتە کایە، ئەوەیە کە لە نەسازانی نیشتمانیدا، لە کۆتایی دا بە جێگیر بوونی ئەرتەشی عێڕاق دوایی بێت. واتە دەمەوێ ئەوەی بڵێم کە خاڵێکی زۆر نیگاتیڤیشە، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر پێشمەرگە نەتوانێ وەکو هێزێکی نیشتمانی خۆی ساز بدات و وەکوو ئەرتشێکی سەربەخۆی غەیری حیزبی لێ نەیەت لە ئەنجامدا، دەخرێتە پەراوێز و ڕەنگە هەموو ئەو تەرتیباتە سەر لە نوێ تێک بچێتەوە و ئەرتشی عێڕاق جێگیر بێتەوە.
بەو بۆنەوە پێموایە کە یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە حیزبەکان لە ڕێگەی سازانێکی نیشتمانی کە ئەوڕۆ زۆر باسی لێدەکدرێت خۆیان تەیار بکەنەوە بەڵام لانیکەم ئێستا لەو چوارچێوەیەدا نەگەیشتوونەتە بڕیارێکی دیاری کراو. دوای ئەوە سیستمی دوو ئیدارەیی یا چەند ئیدارەیی کە وای لێکردووە ئەوڕۆ تەنانەت خەڵکی هيرێمی کوردستان، وەکوو هەرێمێکی یەکگرتوو خۆیان نابینن، چ لە ڕووی کۆمەڵناسی و چ لە ڕووی دەرووناسی کۆمەڵایەتی. کاتێکی چاوی لێدەکەین ئەو هەستە لە نێو خەڵکدا ئێستا ساز نەبووە، واتە ئەو بیرە نیشتمانییەی کە دەبێ خەڵک لە یەک گرێ بدات، سیستمی حیزبی لە کوردستان دروستی نەکردووە. بەرژەوەندییەکان ئێستاش نەگەیشتوونە ئەو ئاستەی کە بەرژەوەندی نەتەوەیی بێت، هەر بۆیە پێم وایە کە لە ڕووی ئیداریش پێویستە تێکڕوخانەوە ببێت و سەر لەنوێ ساز بکرێتەوە، تا بە دەرەنجامێکی ئەوتۆ بگات. لێرەدا هەڵبەت دەوری حیزبەکان زۆر بەرچاوە، دیارە حیزبەکان ڕابردوویەکییان هەیە، من ڕێز و ئیحتیڕامم هەیە بۆ ئەو ڕابردوویە. بەڵام کاتێک ئەو ڕابردوویە نەیتوانیوە ئەو سەروەرییە نیسبییە دروست بکات، دەبێ لێکدانەوەیەکی کۆمەڵناسانەی مێژووییمان بۆ بابەتەکە هەبێ. با بزانین بۆچی کورد ئەوڕۆ ناتوانێ سەرەڕای ئەو هەمووە تەجربەیە، سەرەڕای ئەو هەموو هەزینەیەی کە داوییەتی چ لە ڕووی ئینسانی و چ لە ڕووی مادییەوە، بۆ کورد نەیتوانیوە یا ناتوانێ ئەوڕۆ پڕۆسەکە بە دەرەنجامێکی پوزەتیڤ بگەیێنێت. فکر دەکەم ئەو کات پێویستە ڕێگا بدرێ و لێکدانەوەی بۆ بکردرێت و دەرەنجامی لێکدانەوەکەش هەڵبەت ببێتە سەرەتایەک بۆ ڕەچاو کردنی لایەن و حیزبە سیاسییەکان. ئەوەی کە ئەوڕۆ دەبیندرێت بە داخەوە جۆرێک موتتەهەم کردن و یەکتر خەتابار زانین لە لایەن گشت حیزبەکانەوە، بە تایبەت ئەو دوو لایەنە کە وەکوو لایەنی سەرەکی لە نێو قەیرانەکەدا، ڕۆڵ دەگێڕن، هەر یەکە یەکتر وەپاڵ دەوڵەتێکی ناوچە دەدەن، یەکتر ئیتتیهام دەکەن بەوەی کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی دەوڵەتەکاندا خەریکن دەسەڵات ڕەچاو دەکەن و بە حیمایەی ئەوانە کە دەیانهەوێ لە نێو بازنەی دەسەڵاتدا بمێننەوە. من ئەوەی زۆر بە تەجربەیەکی باش و بە کەڵک بۆ کورد نازانم و پێم وایە کە زۆرێک لە پرەنسیبەکانی سیاسی یا زۆرێ لە بایەخەکانی سیاسی لە نێو کورددا دەشکێنێت. بێ ئەسەریان دەکات و ناهێڵێت ئەو لەو چوارچێوەیەدا تەنانەت بیری نیشتمانی هەڵبدات.

پرسیار: باسی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات کە دەکرێ، دیارە تۆخترین تەوەر باسی سەرۆکایەتی هەرێمە، بە ڕای ئیوە ئەو ئاڵ وگۆڕانە ئێستا چ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی دێموکڕاسی دەبێت؟
وەڵام: ئەو باروودۆخە پێم وایە کە تەجربەی دێموکڕاسی لە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاقارێکی پوزیتیڤ نابات. دیارە دەرەنجامەکانی هەموو دەیبینین. ئەوەی کە حیزبەکان ناتوانن لە ڕووی گفتوگۆو و لە سەر بنەمایەکی سازانی سیاسی لە گەڵ یەکتر بە ئەنجام بگەیەنێت، نیشانەی ئەوەیە کە لە پرەنسیبەکانی دێموکڕاتیک، لە بایەخەکانی دێموکڕاسی ئێستا دا، ئەو پڕۆسەیە دوورە و هەر ئەوە لە نێو خۆیدا، دەبێتە ڕێگر لە پەرە پێدان یا پەرە سەندنی بیری دێموکڕاسیەت لە هەرێمی کوردستان.
ئەزموونی وەڵاتانی دێموکڕاتیک ئەوڕۆ بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لە بەر دەست دایە. ئەو تەجربەیە دەتوانێت هەوێنێک بێت بۆ سازانی نیشتمانی، بۆ دێموکڕاسیتر کردنی هەرێمی کوردستان و کاتێک لەدوورەوە شێوازی باسەکان و ئاڵوگۆڕەکانی کە لە هەرێم ڕووی دەدات، چاودێری دەکردرێت، دەردەکەوێ کە بە دوور لە ئەو بایەخ و پرەنسیبانەی دێموکڕاسین، ئاڵوگۆڕ ساز دەکرێن دەڕەخسێن و دەبنە بنەمایەک بۆ هەڵسوکەوتی حیزبەکان دەگەڵ یەکتر. بۆ وێنە، دیارە هەموار کردنەوەی دەستووری هەرێم لە باسی سەرۆکایەتی پرسێک بوو کە لە پەڕلەمان هاتە کایە و پەڕلەمانتاران، باس و بیر و ڕای خۆیان هێنایە گوڕێ و لێکدانەوەیان بۆ کرد، دواییش بڕیاریان لەسەردا. بڕیارێک کە لەسەریان داوە، بە پەڕلەمانی کردنی سەرۆکایەتی هەرێم بوو. دەرەنجامی ئەو پەڕلەمانی کردنە لە باسی سەرۆکایەتیدا خۆی نیشان دەدات کە هەم سەرۆک وەزیران لە لایەن پاڕلەمان هەڵدەبژێردرێت و دەنگ و متمانەی پێ دەدرێت و هەم سەرۆکی هەرێمیش پەڕلەمان دەبی هەڵیبژێرێت. ئەو شێوازە بە پێچەوانەوەی پرەنسیبەکانی جیهانی بۆ سیستمی پەڕلەمانییە. لە هیچ سیستمێکی پاڕلەمانیدا بۆی نییە کە پاڕلەمان هەم سەرۆک وەزیران هەڵبژێرێت و هەم سەرۆکی حکومەت و وێنەیەکی دیکەمان لە دنیادا بۆ ئەو شێوازە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی حکومەت نییە. جا ئایا ئەو ڕاستییانە لە لایەن پاڕلەمانتارانەوە مودارسە نەکراوە؟ ئایا ئاگاداری ئەو پڕەنسیبە پاڕلەمانتارییە یا پرانسیبانەی سیستمی پاڕلەمانی نەبوون کە ئاوا بڕیارێکییان داوە یا بەنا لەسەر ئەوە بووە کە لە سۆنگەی بڕیاریکی حیزبییەوە، مامەڵە لەسەر سەرۆکایەتی هەرێم بکردرێت؟ ئەو بابەتە کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان جگە لە سەرۆک وەزیرانیش گرێ بدرێت بە پاڕلەمانی کوردستان، کە ئەوە کێشە و قەیرانی زۆر زیاتر لە نێو خۆیدا دروست دەکات. هەر ئەوە نییە کە ئێستا لەبەر دەم قەیرانی سەرۆکایەتین، با بڵێین بەرێز بارزانی سەرۆکایەتییەکەی درێژە نەدرێت یا ئەوەی کە نەتوانێ بۆ جارێکی دیکە کاندید بێتەوە و یا ئەوەی کە نەکرێ بە بڕیارێکی گشتی سەرۆکایەتی هەرێم هەڵبژێردرێت، بڕیارێکی ئاوا بدرێ کە سەرۆک دەبێ پەڕلەمان ڕای بۆ بدات و شتێک ئەولاتر کە لەو یاسایەدا هاتووە ئەوەیە کە لە نەبوونی سەرۆکی هەرێم بە هەر هۆکار و دەلیلێک، سەرۆکی پاڕلەمان جێگری سەرۆکی هەرێم بێت. کە ئەوەش لێک گرێ دانەوەی دوو دەسەڵاتی ئیجڕاییه و یاسادانانێک لە تەجڕبەکانی دێموکڕاسیدا بۆی نییە و ناکرێ ڕێگا بدرێ بە گرێ دانەوە یا بە یەک گەیشتنی دوو دەسەڵاتی سەرەکی لە نێو دەسەڵات و حکومەتدا.
ئەوە بە بڕوای من نیشان دەدات کە ئەو پرسە لە ڕووی توێژینەوە و لە ڕووی گفتوگۆ کردن لەگەڵ شارەزایانی ئەو بوارە نەچۆتە پێش و زۆرتر بریاری حیزبییە تاکوو بڕیارێکی نەتەوەیی.

پرسیار: لەو نێوانەدا کێشەی ئەوەی کە سەرۆکی وڵاتێک لە ڕێگای پەڕلەمانی هەڵبژێردرێت یان ئەوەی کە ڕاستەوخۆ بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردرێت چ جیاوازییەک هەیە؟
وڵام: باسەکە لەسەر سیستمی پاڕلەمانی و ڕیاسەتییە، دیارە هەم شێوازی ڕیاسەتی لە کوردستان بە شێوەیەکی تەواو جێبەجێ نابێت و مەودای بۆ جێبەجێ کردنی نییە، هەم شێوازی پەڕلەمانیش، دەتوانین بڵێین شێوازێکی شێبهە پاڕلەمانی جێبەجێ بێ یا شێوازێکی شێبهە ریاسەتی. لە هەر حاڵدا، کاتێک لە نێو سیستمێکی ریاسەتیدا چاو لێدەکردرێ، ئەگەر سیستم بە ڕیاسەتی بێت، لەوەدا ئێمە لەگەڵ سەرۆک وەزیران ڕووبەڕوو نین. دەسەڵاتی ئیجڕایی بە سەرۆک کۆماری دەبێ کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە دەنگ وەردەگرێ و لە شێوەی پاڕلەمانیدا پەڕلەمان پەیوەندی دوو لایەنە و موتەقابیلی لەگەڵ سەرۆک کۆماری دەبێت، دەسەڵاتی ئیجڕایی بە سەرۆک وەزیرانە، بەڵام لە پەنا ئەوەشدا سەرۆکی حکومەتیش دەتوانێ هەبێ کە ئەو بە شێوەی هەڵبژاردن ڕەچاو ناکردرێ یا لانیکەم ئەگەر هەڵبژاردنیش بێ وەکوو سیستمێکی فەڕانسە، هەڵبژاردنەکەی ڕاستەخۆ لە لایەن خەڵکەوەیە نە لە لایەن پاڕلەمان. ئاساییە کاتێک پاڕلەمانی کوردستان لەوانەش لادەدرێ و ترازانێک هەیە لەو پرەنسیبانە. وای دادەنێین هەم سەرۆکی وەزیران و هەم سەرۆکی حکومەت، هەردوو لە پاڕلمان هەڵبژێردرێت. بەو مانایەیە کە دەسەڵاتی ئیجڕایی ئەو توانا و هێزەی کە دەبێ لە یاسای بنەڕەتیدا هەیبێت لێی دەسێندرێتەوە و پاڕلەمان بە شێوازێک دەتوانێ هەر کات ئیڕادە بکات ڕێگر بێت لەسەر بە ئەنجام گەیاندنی ئەرک و وەزیفەکان، هەم سەرۆک وەزیران و هەم سەرۆک حکومەت، کە ئەو بۆ خۆی دەتوانێ نەخشەی قەیران لە بواری سیاسی و بوارەکانی دیکە پێک بێنێت.

پرسیار: دەوری یەکگرتوو لەو دۆخەی ئێستادا چۆن دەبینن ؟
وڵام: دوو لایەنی سەرەکی بە تەنیا، ناتوانن ڕای خەڵکیان بە دەستەوە هەبێ، پێویستە کە بە شێوازێکی ئیتڵافی دەوڵەت پێک بێت. هەڵبەت ئەو بابەتە ئێستاش هەر لە کوردستان نامۆیە، وەک ئاواتێک بۆ دواڕۆژ ڕەنگە لەبەر چاو بێت، بەڵام دەمەوێ لەوێوە بگەڕێمەوە بۆ دواوە کە ئێستا باروودۆخەکە چۆنە. ئەگەر ئاوای لێبێت، واتە ببێتە سیستمێکی دوو حیزبی، کە یەکێک لە حیزبەکان بتوانێ بە شێوەی رێژەیی زۆرینەی هەبێ بەڵام نەتوانێ ئەو زۆرینەی هەبێ کە بە تەنیا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ، بوارێک دەڕەخسێ بۆ ئەوەی کە حیزبەکانی کە وەکوو زۆرینە ناتوانن لە گەمەی سیاسی بەشداریان بێت ڕۆڵی زۆر مانادار و سەرەکی بگێڕن، بەو مانایە کە دەتوانن بە ئێئتڵاف لەگەڵ حیزبی زۆرینە دەوڵەت پێک بێنن ڕۆڵی زۆر بەرچاویشیان هەبێ لە بەڕێوەچوونی شێوازی یاسایی دەسەڵاتداری لە هەرێمی کوردستان. ئەوەی کە ئێستا ئێمە دەیبینین تا ئێستا بەو شێوازە بووە کە دوو حیزبی سەرەکی یان لە ڕووی سازان و یان لە ڕووی تەوافوقێکی ئیستڕاتێژی کە پێکەوەیان هەبووە توانیویانە دەسەڵات بۆ خۆیان لە دوو هەرێمی جیاواز بپارێزن و حیزبەکانی دیکە لەو نێوەدا نەیانتوانیوە زۆر ڕۆڵ بگێڕن. ئەو ئاڵوگۆڕەی کە لە هەڵبژاردنەکانی پاڕلەمانی دوایی دا پێک هات وای لێ کرد کە حیزبەکانی دیکەش بتوانن لەو بوارەدا زۆرتر دەور بگێڕن. هەڵبەت لەوە پێشیش، حیزبەکان لە دەرەوەی دەسەڵات توانیویانە کاریگەری هەم لە ڕووی جەماوەری و هەم لە نێو دەسەڵات دابنێن، بەڵام ئێستا کە ئەوانیش لە نێو دەسەڵاتدا بەشداریان هەیە وەک ئۆپۆزیسیون، ئاساییە دەتوانن دەوری باشتریش بگێڕن. بە بڕوای من لەو ڕووداوانەی دوایی دا، ئەو شێوازەی کە یەکگرتوو ڕەچاوی کرد بۆ ئەوەی کە جۆرێک باڵانس پێک بێنێت، لەو قەیرانە نەهێڵێت کە بە جورێک زۆرینەی پەڕلەمان کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم و دەسەڵات بۆ لایەنێکی حیزبی یەکڵا بکاتەوە، بە شێوەیەکی زۆر پۆزەتیڤی هەڵدەسەنگێنم و پێم وایە دەورێکی مێژوویی بوو بۆ ئەوەی کە زەمینەی گفتوگۆ لە نێو حیزبەکان بەردەوام بێت و بتوانن فشارێکی کە بیروڕای گشتی لە کوردستان دەیهێنێ بۆ حیزبەکان کە هەرچی زووتر بە سازانێک بگەن و قەیرانی دەسەڵات چارەسەر بکەن، چاوی لێدەکەم. پێم وایە لەو بوارەوە هەر چەند زەخت و فشاری زۆر بۆ یەکگرتوو هات، بەڵام توانی دەورێکی مێژوویی بۆ خۆی بگێڕیت و لە مێژووی کوردستاندا تۆماری بکات.

پرسیار: پێتان وایە چ لایەنێک یان کام لە لایەنەکان بەرپرسی سەرەکین لە چێ وونی ئەو گرژی و قەیرانە؟
وەڵام: بە بڕوای من هەموو لایەنە حیزبییەکان، بە تایبەت حیزبەکانی دەسەڵاتدار بەرپرسن، بە هۆی ئەوەی کە شێوازەکە تا ئێستا شێوازێکی دروست نەبووە، واتە کوردستان هێمنایەتی و نەزمی تێدا بووە، دەسەڵاتداری تێدا بووە و لە زۆر بواریشەوە پێشکەوتنی بەدەست هێناوە لە کوردستاندا. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتدارییەکە، دەسەڵاتداری حیزبی بووە نەیتوانیوە لە سەر ئاستێکی نیشتمانی ساز بدرێت. چ ئەو باسەی کە لەوە پێش زۆر لە بەر چاو بوو وەکوو پرسی گەندەڵی و چ ئێستا کە پرسی دەسەڵات بۆتە پرسی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، لە ئاکامی نەبوونی ئەو ڕوانگە نیشتمانییە بە نسبەتی کاروباری حیزبی و هەرێمی کوردستان کەوای لێ کردووە ئەو سەقامگیرییە وەک سەقامگیرییەکی کاتی لێبێت، بە کەمترین و چوکەترین قەیران کە لە دەورووبەری ساز دەبێت، تەواوی کوردستان قەیراناوی دەبێت و کێشەکان سەر لەنوێ خۆیان نیشان دەدەنەوە. هەر ئەوەی ئێستا دوای ئەو هەمووە تەجربەیە وەک ئەوەی کە هیچ ئەزموونێکی سیاسی نەبێ لە کوردستان، حیزبەکان لەگەڵ یەکتر مامەڵە دەکەن، بۆ خۆی نیشانی ئەوەیە کە ئەو تەجربەیە سەرکەوتوو نەبووە و هەموو لایەنەکان لەو بوارەوە بەرپرسیارن. هەر کام بە گوێرەی توانای خۆی و بە گوێرەی ڕادەیەک کە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و لە کوردستان پەیڕەوی دەکات.

پرسیار: یەکێ لە پارلەمانتارەکانی کورد وتوویەتی کە مەترسی لێک ترازان هەیە و تەنانەت پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕی دژ بە داعیشیش ڕووی تفەنگەکانیان سووڕاندۆتەوە ڕووی یەکتر و تەنانەت بەو تەعبیرەش گوتی ئەسلەحە و چەکەکانیان ئامادە کردووە و چاوەڕوانی دەستوورن بۆ شەڕ دژ بە یەکتر. ئەوە چ خوێندنەوەیەکی بۆ دەکرێ؟ چ جۆر هەڵسوکەوتێکە لە بازنەی ڕەفتارێکی سیاسی و حیزبی و نیشتمانی؟
وەڵام: هەر وەک ئەو جۆرەی باسم کرد زۆرتر لە چوارچێوەیەکی نانیشتیمانیدا دەتوانین ئەوەی بخوێنینەوە یا بە شێوازێکی تر لە ڕوانگەیەکی تەنیا حیزبایەتی ڕەنگە ئەوە ڕووی بدات. ئاساییە کە هێندێک بیر و بۆچوون لەو نێوەدا هەیە، نووسەرانێک کۆمەڵێک دەستەواژە بە کار دێنن کە ئەو لێکدانەوانە ئەوڕۆ نیشانەیەکن لە سیاسەت نەناسی لە کوردستاندا، یان بڵێین ڕوون نەبوونەوەی ئەمری سیاسی لە نێو دەسەڵاتدارانی کوردا. لێرەدا دەردەکەوێ و بە داخەوە دەتوانم بڵێم کە بە لە بەرچاو گرتنی کێشەکان و ڕووداوەکانی ناوچە ئەو دەستەواژانە کە بەکار دەهێندرێن، ڕەنگە بۆ کوردستان ئاسەواری زۆر ناهەموار و ناهەنجاری لێبێتەوە.
لە یەکێک لە لێکدانەوەکاندا دیتم کە بەڕێزێک پێشنیاری دابوو کە سەرۆک بارزانی بە هۆی ئەوەی کە کەسایەتییەکەی کاریزماییە پێویستە باری نائاسایی لە کوردستان ڕابگەیێنێت و دەسەڵات بە بێ پرس درێژە بدات تا ئەو کاتەی کێشەی کوردستان واتە سەربەخۆیی بە ئەنجام دەگات، ئەو دەسەڵاتە درێژە بدات. ڕەنگە ئەو بەڕێزەی کە ئەو دەستەواژانەی بەکار هێناوە، بۆ خۆی بۆی ئاشکرا بێت کە مانای ئەو دەستەواژانە چییە و چ دەرەنجامێکیان لێدەکەوێتەوە. بەڵام وەکوو سیاسییەک کاتێک ئەو واتانە لێک دەدرێتەوە یا بمانەوێ لێکییان بدەینەوە، غەیری پێکهێنانی سیستمێکی ئیستیبدادی یا دیکتاتۆرییەکی نیزامی شتێکی دیکە لێوە نابێتەوە و قەیرانی زۆر سەرەکی تر بۆ کورد ساز دەبێ. لەو بەریشەوە ئەگەر بڕوانین بۆ هێندێک لە لێکدانەوەکان، بۆچوونەکان، کۆمەڵە دەستەواژەی وەک کایەی داشەهاڕە، کە هیچ ئیحتڕام و پرەنسیبێکی سیاسی ڕێزدار و سنووردار بۆ سەرۆکی حکومەت ناهێڵێتەوە، وای لێکردووە کە تەواوی ئەو بایخە سیاسییانەی دیکە کە لە کوردستاندا دەبێ ڕێزیان لێ بگێردرێ و بڕوایان لە نێو خەڵکدا پێ سەقامگیر بکردرێت، سوکایەتی بەو دەستەواژانە دەکردرێ و وای لێ دەکات کە بۆ وێنە، سەرۆکی حکومەت هەر کەسێک و هەر لایەنێک بێت، لە لایەنی بەرامبەرەوە بتوانێ لەهەر کاتێکدا سوکایەتی پێ بکردرێت. ئەوە بۆ دواڕۆژ وای لێدەکات کە سەروەری لە کوردستان یان سەرۆکایەتی لە کوردستان بۆ ئەوان وەکوو دەستەواژەیەکی مانادار و وەک بایەخێکی چەمکی سیاسی نەیەتە کایە. باوەڕمان پێی نەبێ و بەردەوام قەیرانی سیاسی یەک لە دوا یەک بە دووی دابێ. بە بڕوای من، پێویستە کە ئەو بایخانە ڕێزی لێبگیردرێت. نووسەران وێڕای ڕێزم بۆ هەموو لایەنێک ووشەکان وا بەکار نەهێنن کە تەجربەی دەسەڵات لە کوردستان و لە نێو مرۆڤی کورددا بشێوێنن و وای لێ بێت کە کورد بۆ خۆی لە نێو خۆیدا متمانەی بە هیچ یەک لەو دەستەواژانە نەمێنێت. و پێی وابێ کە بۆ خۆی ناتوانێ بۆ وێنە لە حەوزەی سیاسیدا سەروەری بگێڕێت.

پرسیار: وەک پرسیاری دوایی، پێت وایە بەو شێوازەی ئێستا کە هەیە دۆخی سیاسی کوردستان چی لێدێتەوە؟
وەڵام: ئەوڕۆ پێویستە کە بوارەکانی سیاسی، لە ڕوانینێکی واقعیدا، بە یارمەتی زانایانی سیاسی کورد بڕواننە واقعییەتی دەسەڵات و حکومەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کە بە بڕوای من کەم نین و تەنانەت غەیری کورد، لێکدانەوەیەکی واقعییان بۆ پرسەکانی سیاسی لە ناوچەدا هەبێ و لە ڕووی ئەوەوە ئیستراتیژییەکی دابمەزرێنن بۆ بزوتنەوەی کورد لە ناوچەدا و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
ئەگەر قەیرانەکان هەروا بەردەوام بن و بەو شێوە کە دەبیندرێت وردە وردە دەسەڵاتداری ناوەندی لە عێڕاق بتوانێ پەرە بگرێتەوە و دەسەڵاتی خۆی بێ سنوور لە سەر ئاستی عێڕاق بسەپێنێتەوە و سەقامگیری بکات لە وادیارە هەر بەرەو ئەو ئاقارە دەڕوات. ئەو کات ڕەنگە ئەو چوارچێوەی کە یاسای بنەڕەتی ئێستای عێڕاق دایناوە بۆ هەرێمی کوردستانیش نەمێنێت و تێپەڕ بن. ڕەنگە بگەڕێتەوە سەر ئەو حوکمە زاتییەی لە دەورانی پێشوودا هەبوو. دەبێ ئەوە لەبەر چاو بێ کە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ناوچەدا، ڕەنگە بەرەو ئەو شێوازە بڕوات کە کورد لەوەی کە هەیە زیاتر دەڕەتانی بۆ نەڕەخسێت و یا دەڕەتان بۆی کەمتر بێتەوە کەوابووە، ڕاستییەکان دەبێ لەبەر چاو بێت. ئەوەی کە بە بێ هیچ لێکدانەوەیەکی واقعی بڵێین بەرەو سەر بەخۆیی کوردستان دەڕۆین و دەکرێ هەوڵ بدرێ بۆ ئەو ئامانجە، شتێکی پیرۆزە، بەڵام لە ڕووی واقعییەوە ئەوڕۆ ئەوە دەکرێ یا نا؟ ئەگەر نەکرێ ئایا هەوڵدان بۆی بە شێوازێک کە ببێتە هۆی لێک ترازان و هەڵوەشانەوەی ئەو باروودۆخە یان بە شێوازێکی دیکە فشاری وەڵاتانی ناوچە لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و زەخت و زۆری خستنی سەر کوردستان چ ئاسەوارێکی دەبێ، ناتوانم زۆر دەرەنجامی باشی بۆ وێنا بکەم. ئەوڕۆش هەرچی لە ئەمریکا و لە وەڵاتانی ئوروپاییە سەرەڕای ئەوەی کە لێکدانەوەی ئەوان ئەوەیە کە ئەگەر بێتو هەرێمێکی جیاواز و سەر بەخۆ لە کوردستان پێک بێت بۆچوونیان چۆنە؟ زۆرتری لێکدانەوەکان بەو دەرەنجامە دەگەن کە ڕەنگە قەیران و کێشەی زۆرتر لە ناوچەدا پێک بێنێت. هەر بۆیە من وابیر دەکەمەوە ئێستا ڕای گشتی لەو زەمینەدا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە دەگەڵ سازدان و سازبوونی هەرێمێکی سەربەخۆی کوردی هاو خەمی و هاودڵییان هەبێ و پشتیوانی لێبکەن و بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە هەم دەوڵەتی تورکیا و هەم ئێرانیش بەو شێوە ڕایانگەیاندووە کە لە گەڵ پێک هێنانی هەرێمی سەربەخۆی کوردی لە ناوچە بە تەواوی مانا دژایەتی دەکەن ئەوەش بەیانی واقعییەتێکی دیکەی ناوچەیە، کە ڕەنگە نەکرێ بەو زووانە لەو بوارەوە زۆر چاوەڕوانی کرانەوەی ئومێدی تازە بکەین.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)