تاووتوێی چه‌ند بابه‌ت له‌گه‌ڵ پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی

تاووتوێی چه‌ند بابه‌ت له‌گه‌ڵ پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی

-مه‌زهه‌ب له‌ ئیسلام دا نییه‌. 

-بە هیچ شێوەیەک (نەسخ) لە قورئاندا نییە. 

-ئەو مەرج وپێناسانەی بۆ (ئیجتیهاد) دانراون هەڵەن. 

-سوننەتی پێغەمبەر (د. خ) سروش (الوحی) نییە. 

-پاش ۳۵ ساڵ بەراوردی قانوون و قورئان ئێستا دەزانم خودا چەند گەورەیە! 

-لەچەندان کۆنگرەی جیهانی بە تەقریری پزیشکی دەرم خستووە، خەتەنەی کچان پانزە نەخۆشی لێ‌ پەیدا دەبێت. 

 

ئاماژه‌: پرۆفیسۆر دۆکتۆر مستەفا زەڵمی زانایێکی گەورە و سەنگینی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، کتێبەکانی ئەو ئێستا لە زانکۆکانی جیهان بە شێوەی مەنهەج دەخوێندرێن. ‌بۆچوونە نوێیەکانی ئەو لەسەر تەڵاق و نەسخ و خەتەنە و سوننەت و رەجم و مەزهەب و کۆمەڵە چەمکێکی دیکەی ئایینی مشتومڕێکی زۆریان لە نێو مامۆستایانی ئایینی دروست کردووە. ‌زەڵمی تاکو ئێستاش لە نووسین بەردەوامە و چەند پرۆژەیەکی گرنگی بە دەستەوەیە. ‌ئێمە دوای ئەوەی لە ڕێگای دکتۆر ئەحمەد بالیسانی بە خزمەت ئەم زانا پڕ زانستە گەیشتین بە باشمان زانی چەند پرسیارێکی جەدەلئامێزی ئاڕاستە بکەین، جەنابیشیان هەر چەند باری تەندروستی باش نەبوو، بەڵام بە زمانێکی شیرین وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی دایەوە. 

- هەموومان دەزانین پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمێ‌ کێیە، بەڵام حەزدەکەین بە کورتی لە زمانی خۆتەوە بزانین تۆ کێیت؟ 

لەبارەی ئەم پرسیارە داوای لێبووردن دەکەم، نامەوێت باسی خۆم بکەم بە خراپ یان بە چاک، ژیاننامەی خۆم نووسیوەتەوە، یەکێک هەیە بۆم پێدا دەچێتەوە. ‌ئەوەی ڕوونە من فەقێ‌ بووم، دوانزەساڵا لە لای مەلا چاکەکان خوێندوومە، پێنج ساڵا لە ئێران لای مەلا هەرە باشەکان لە عێراقیش حەفت ساڵ لای بژاردە مەلا خوێندوومە. ‌ئیجازەی مەلایەتیم وەرگرتوە، به‌داخەوە بەم خوێندنە نە فێری دین بووم نە فێری دنیا بووم، مەبەستم لەم شێوە (تدریس) ەیە کە هەبوو، زانستەکانی نەحو و صەرف و مەنتق و بەلاغە و ئوسوڵ و.... ‌زانستی گەورەن بەڵام گەر بەرهەمهێن نەبن هیچ سوودێکیان نییە. ‌واتا گەورەیی ئەو زانستانە لە بەرهەمهێنانە نەک خولانەوە بە دەوری خۆیان. ‌بە نموونە تۆ پێنج دەفتەر دینارت پێیە دەچی بۆ شوێنێک هیچ دووکان و خواردن و خواردنەوەیەکی لێ‌ نییە، دەی تۆش برسی و تینوتە، پێم بڵێ‌ ئەم پارەیە لەم کاتەدا سوودی چییە؟ ئەم زانستە ئالیانە لە خودی خۆیاندا سوودیان نییە، بەڵکوو سوودە زۆرە و گەورەکەیان لە بەرهەمهێنانەوە دەردەکەوێت. 

-فەرموودەی پێغەمبەرە (د. خ) (اختلافُ اُمَّتِی رحمةٌ) کەچی دەبینین ناکۆکی و دووبەرەکی زیانی زۆری لە ئیسلام داوە، بە بۆچوونی جەنابت ئەمە چۆن لێکدەدرێتەوە؟ 

ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەر (د. خ)، ئەگەر فەرموودەبێت، جیاوازە لە گەڵ پیادەکرن (تطبیق) ی ئیسلام، خۆی لە پێش (ئیختلاف) ی فوقە‌ها (مەداریسی فیقهی) هەبوون، قوتابخانەی (ئەهلی ڕەئی) پێشەواکەی ئەبو حەنیفە بوو لە کوفە، (مەدرەسەی ئەهلی حەدیسیش) پێشەواکەی ئیمامی مالیک بوو لە مەدینە. ‌دوای مردنی خاوەنی ئەم قوتابخانانە دەمارگیری شوێنکەوتووان بە هاوکاری کاربەدەستان قوتابخانەکانیان کرد بە (مەزهەب)، ئەمە لە سەردەمی ئەمەوی. ‌هەقیقەتەن مەزهەب لە ئیسلامدا نییە، برۆ بگەڕێ‌ نە لە قورئان، نە لە سوننەتی پێغەمبەر، نە لە (تەتبیقی) چوار خولەفای ئیسلام مەزهەب نادۆزییەوە. ‌ (ئیختلافی) ئوممەت ئەمە نییە، (ئیختلافی) ئوممەت بریتییە لە بۆچوونی هەمەجۆر لە سەر ئەساسی قورئان و سوننەتی پێغەمبەر (د. خ). ‌ئەحمەد ئەمین زانایێکی می‌سڕییە، لە گۆڤاری (المنار) نووسیویەتی و دەڵێ‌: لە ساڵی ۱۹۴۶داوایان لە شەش زانای می‌سری کرد بۆ ئەوەی قانوونێکی مەدەنی لەسەر مەبدەئی ئیسلام بۆ وڵات دابنێن، لەم شەش زانایە دوویان شافیعی بوون، دوویان مالیکی بوون، دووییان حەنەفی بوون. ‌ئەمانە لە نێوان خۆیان بوو بە ناکۆکییان و چوون بە گژ یەکتردا، ئەو گوتی دەبێ‌ حەنەفی بێت، ئەو گوتی دەبێ‌ شافیعی بێت، ئەو گوتی دەبێ‌ مالیکی بێت، پاش شەش مانگ بە دوایاندا ناردن یەک وشەشیان ئامادە نەکردبوو! ئینجا پێیان وترا بەرپرسیاری دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە، لەمەودوا ئێمە دەچین لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا و سویسڕا قانوون دەهێنین لەسەر می‌سڕ جێ بەجێی دەکەین. ‌

- ئایا (ئیجتهاد) هەڵگۆزینی (ئەحکام) بە گوێرەی واقیع بەبێ‌ (ثوابت) دەکرێ‌؟ 

 (ئیجتهاد) کە لە کتێبی (اصول فقە) یەکاندا باس کراوە، بۆ نموونە کە دەڵێ: ۱ـ أن یکونَ حُرا. ‌۲-ان یکون ذکرا. ‌۳- ان یکون مسلما. ‌ئەم پێناسە و مەرجانە هەمووی هەڵەن، یەکەم (حر) و (عبد) هەر لەسەرەتای ئیسلامەوە نەماون. ‌دووەم: ژن هێندێجار لە پیاو عاقڵترە. ‌سێیەم: موسڵمان بێت بۆ کاروباری ئیسلام، دەنا بۆ کاری دنیا هێندێجار کابرایه‌کی مەسیحی لە بوارێکی وەک ئابووری دا خەبیرترە. ‌پوختەی قسان ئەم مەرجانە هەموویان هەڵەن. ‌من سێ‌ مەرجم بۆ داناوە. ‌

-یانی دکتۆر تۆ ئیجتهادت لە ئیجتهاد کردووە؟ 

 ئافەرین بەڵێ‌. ‌نووسیومە مەرجەکانی (ئیجتهاد) سیانن: ۱- ان یکون ملما بمقاصد الشریعە. ‌۲- ان یکون ملما بمستلزمات الحیاة. ‌۳- ان یکون ملما بالعلاقة بین مقاصد الشریعە ومستلزمات الحیاة. ‌خودا دەفەرمووێ‌: (وما أرسلناک إلا رحمة للعالمین) کەواتە خودا پێغەمبەری بۆ بەرژەوەندی مرۆڤ بە گشتی ناردووە، نەک تەن‌ها موسڵمان بە تەنیا، لەم ئایەتە هەموو حەڵاڵ و حەڕامێک ڕوون دەبێتەوە. 

-بەڵام دکتۆر لە یادمان نەچێ‌ لەوەیە ئەم مەرجانە بۆ سەردەمی کۆن شیاوبن، ئەم مەرجانەی تۆش بۆ ئەو سەردەمە گونجاوبن؟ 

منیش دەڵێم ئەمە بۆ چەرخی خۆیان باش بوون، بەڵام گەر بێیتە سەر مەنتق و عەقڵ دەبێ‌ مه‌قاسیدی شەریعه‌ت و پێداویستییەکانی ژیان بزانی، چونکە تۆ شەریعەت لە سەر ژیان پیادە دەکەی، کە لە ژیان جاهیل بیت بە چ جۆرێک ئەم ئیجتهادە دەکەیت؟ لێرەدا پرسیارێکی گرنگت ورووژاند، تۆ پێت وایە عەقڵ و عیلم لە یەک‌تر جیاوازن؟ بەڵێ‌ ئەمە زۆر ڕاستە، گەلێجار دەبینین عالم شێتە. ‌مامۆستاێکی ئایینی پێنجوێنی هەبوو، زۆر زانابوو، بەڵام لە بەر زیرەکی شێت بوو بوو. ‌مامۆستایێکی دیکە لەوێ‌ هەبوو دەڵێن: فەقیێەک چووە لای داوای جێگەی لێ‌ کردووە، ئەو مەلایە قسەی پێ وتوە و دەری کردووە، بەڵام سبەی جامانەکەی بەلای سپیەکە وەردەگێڕێ‌ و دەچێت بۆ لای بەخێرهاتنێکی گەرمی دەکات و جێگەی دەکاتەوە. ‌ئەمەم لە دەمی کوڕەکەی بیستووە. ‌

-لە بارەی ناسیخ و مەنسووخ... ئایا ئەو ئایەتانەی مەنسووخن بە هۆی یاسای کاتییەوە بووە؟ ئایا دەشێ‌ حوکمەکانیان جارێکی‌تر بگەڕێتەوە؟ 

کاکە بە هیچ شێوەیەک نەسخ لە قورئاندا نییە تا حوکمەکەی بگەڕێتەوە، شتێک کە نەبێت چۆن دەگەڕێتەوە؟ تۆ لێم بپرسە هۆکارەکانی (نسخ) لە قورئاندا چین؟ پێم بڵێ‌: حیکمەتی (نسخ) چییە؟ ئەو ئایەتە کامەیە کە ئایەتێکی دیکەی نه‌سخ کردووە؟ دەبێ‌ چەند شێمانە (احتمال) ێک دابنێین و بڵێین ئەمانە هۆکاری نەسخن: 

یەکەم: ئایا خودا پێش‌تر نەیدەزانی ئەو ئایەتەی لە بری ئەم ئایەته‌ بێنێ‌؟ ئایا نەیدەزانی ئەم حوکمە باش‌تر لە حوکمە لە کارکەوتووەکە؟ ئەمەش نیسبەتی نەزانینە بۆ خودا، پەنا بە خودا. ‌دووەم: دەیزانی بەڵام نەیدەتوانی ئەم حوکمە لە سەرەتادا نەهێنێ‌. ‌ئەمەش بێتوانایی خودا دەردەخات پەنا بە خودا. 

سێیەم: دەیزانی ئەم حوکمە ناسیخە باشترە لە مەنسووخەکە بەڵام گوتی قەینا با جارێ‌ وابێت. ‌ئەمەش پێی دەڵێن گاڵتەجاری، خودا لەمە بە دوورە. ‌

چوارەم: رۆژهەڵاتناسەکان دەڵێن کاتی (محمد) بانگەوازی لاواز بوو، موجامەلەی غەیرە موسڵمانەکانی دەکرد و بە ئاشتی لە گەڵی هەڵ دەکردن، بەڵام کاتێ‌ بە هێز بوو پەیامەکەی لە ئاشتییەوە گۆڕا بۆ بۆ شەڕ و تۆقاندن. ‌ئەمەش هەڵەیە چونکە لێرە باسی خودایە نەک (محمد د. خ)! 

پێنجەم: موفەسیرەکان دەڵێن: سەرەتا مەسلەحەتەکە وابوو ئایەتی مەنسووخ بێت، بەڵام کاتێک بەرژەوەندی نەما ئایەتی ناسخ هات. ‌ئەگەر بە قسەی ئەوانە بێت ئەوە دەبوو قورئان هەمووی نەسخ کراباوە، چونکە هەزاران جار بەرژەوەندی مرۆڤ گۆڕاوە و لە گۆڕان دایە. 

-پێوەری (نەسخ) چییە؟ ئەم ئایەتە بۆچی لە بەر ئەو ئایەتە نه‌سخ بووە؟ 

دیارە ئەمە بە هاودژی (التناقض) دەزانرێت. ‌ (تناقض) یش یانزە مەرجی هەیە، سیانیان ئیجابین: وحدة الموضوع. ‌وحدة المحمول، وحدة.... ‌بە محه‌مه‌د ڕەمەزان بووتیم گوت: لە قورئاندا ئایەتی هاودژ هەیە؟ گوتی: ئەستەغفیروڵڵا. ‌گوتم: کەواتە بۆ نەسخیش ئەستەغفیڕوڵڵا. ‌

-زۆر باشە مامۆستا زانیمان نەسخ لە قورئاندا نییە، دیارە لەمە تۆ تەنیا نیت، هەندێ‌ لە زاناکانی دیکەش ئەم قسەیە دەکەن، حەز دەکەم قسەی نوێی تۆ لەم بارەی نه‌سخ ببیستم؟ 

 لە زەمانی پێغەمبەر بە زۆر شتیان گوتوە (نسخ) بۆ نمونە بە (بیان مجمل) و (رخصە) و (تقید النص المطلق) و (تقید النص العام) و (تدرج) یان گوتوە: (نەسخ). ‌زانای ئوصوڵی دەیگوت فلان یاوەری پێغەمبەر (د. خ) گوتوویەتی ئەم ئایەتە نەسخە. ‌نەیدەزانی ئەو وشەی نەسخی بە مانایه‌کی دیکە بەکار هێناوە. ‌

-قانوون و شەریعەت جیاوازی و ناکۆکییان چییە؟ 

 شەریعەت بە سێ‌ مانا هاتووە: یەکەم مانای (اخص) کە قورئانی پیرۆزە. ‌دووەم: مانای (خاص) کە دەقی شەرعییە. ‌سیێەم مانی (عام) کە فیقهی ئیسلامیش دەگرێتەوە. ‌من ئەم سیانەم لە گەڵ قانوون بەراورد کردوون، شەریعە و قانوون هەردووکیان لە خزمەتکردنی مرۆڤ هاوبەشن، هەردووکیان سیستەمی ژیان رێک دەخەن. ‌بەڵام شەریعەت سەرچاوەکەی سروشە قابیلی گۆڕان و گۆڕین نییە، دوورە لە سەهو و لە بیرچووەنەوە، بەڵام قانوون سەرچاوەکەی عەقڵی مرۆڤە و قابیلی گۆڕین و گۆڕانە، هەروە‌ها مانای قورئانیش شایەنی گۆڕینە لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکی دیکە. ‌بە نموونە: (وأعدوا لهم ما استطعتم من قوة) کاتی خۆی هێز شمشێر و درع و... ‌بەڵام ئەمڕۆ قوەت بریتییە لە چەکی نەوەوی و چەکی تازە و زەبەلاح. ‌زۆر جار مرۆڤی زانا دەبینین لە ئایین پشت هەڵدەکات و بەرەو ئیلحاد مل دەنێت؟ ئەمە هەر لەسەرەتاوە زانا نەبووە. ‌با پێت بڵێم پلەی زانست چەند جۆرێکە؛ یەکەم: هەرە بەرزی (یقین) ە. ‌دووەم: نەفامی ئاوێتە (جەهل المرکب). ‌سێیەم: چاولێکەری (التقلید). ‌چوارەم: (ظن تصور طرف الراجح.) پێنجەم: الوهم. ‌شەشەم: الشک. ‌حەوتەم: التخیل. ‌پلەی یەکەم کە یەقینە ئیمانی تەواو و کامڵە، من ئێستا سەت ئەوەندە ئیمانم باش‌تر و بەهێزترە لە وەختێ‌ کە مەلا بووم؛ چونکە ئێستا بە بەڵگەی عەقڵی بۆم دەرکەوتووە خودا هەیە، ئەو وەخت ئیمانی من تەقلیدی بوو، بەڵام ئێستا یەقینییە. ‌پاش سی و پێنج ساڵ بەراوردی قانوون و قورئان ئێستا دەزانم خودا چەند گەورەیە. ‌

-پەیوەندی نێوان فەلەسفە و ئایین چۆن لێک دەدەیەوە؟ 

سوقرات دەڵێ‌: هەموو شتێک چوار هۆی هەیە: 

۱-هۆی کارا، بۆ نموونە هۆی کارای ئەم تەپڵەکەیە نەجارەکەیە. (علت فاعلی) 

۲-هۆی ماددی: دارەکەیە. ‌ (علت مادی) 

۳-هۆی (صوریە) شکڵەکەیەتی (علت صوری) 

۴-هۆی مەبەست، بەکارهێنانەکەیەتی. (علت غایی) 

 فەلسەفەی کۆن چەند جۆرێکە، جۆرێکیان دەڵێ‌: جیهان دروستکراوی سروشتە. ‌بەشێکیان دەڵێن: دروستکراوی خودایە. ‌ئیبنو روشد و فارابی ویستیان هەماهەنگی لە نێوان فەلسەفەی کۆن و نوێدا پەیدا بکەن. ‌فەلسەفەی هەقیقی زیان لە مرۆڤ دوور دەخاتەوە و فێری حیکمەتی دەکات، دەی کەواتە قورئان پڕە لە فەلسەفە. ‌سوقڕات فەیلەسووفێکی گەورە و زانا بووە، قسەیەکی هەیە دەڵێ‌: (القانون مایحلو للاقوی) تا ئەمڕۆش ئەمە وایە. ‌ئەم قسەیە کە ۴۵۰ ساڵ پێش زایین کردوویەتی دەڵێی ئەمڕۆ کردوویەتی. ‌هەموو حیزبە دەستەڵاتدارەکانی دنیا قانوون بۆ بەرژەوەندی مانەوەی خۆیان دادەنێن. ‌سوقڕات حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا چەسپا، کە بردیانە بەندیخانە وتی: «رێز لە قانوون بگرن، با هەرچەند ئەم قانوونە ستەمکارانەش بێت!» 

پێویستە رێز لە قانوون بگرین بۆ ئەوەی پاشاگەردانی دروست نەبێت. ‌دەی ئەمە چ فەلسەفەیەکی بەهێزە، دەبێ‌ ئەوەش لە بیر نەکەین کە هەموو هەقیقەتێک خزمەتی ئیسلام دەکات. 

- لە بارەی تەسەووفەوە زۆر گوتراوە، زۆر نووسراوە، نازانم قسەی جەنابت لە بارەی ئەم چەمکەوە چییە؟ 

من پێم وایە دەبێ‌ هەموو مرۆڤێک تەسەووفی تێدا بێت. ‌تەسەووف بەو مانایەی دەبێ‌ (جانیبی مەعنەویت) بە هێز‌تر بێت لە لایەنی ماددی، لایەنی خودات بە هێز‌تر بێت لە لایەنی دنیایی. ‌هەموو موسڵمانێک دەبێ‌ (موتەسەوویف) بێت بەڵام بەم شێوەیەی باسم کرد کە خودا دەیەوێت نەک هەواو ئارەزوو. ‌

-هێندێ‌ پێیان وایە ئایینی ئیسلام لە ڕووانگەی تەکنۆلۆژیاوە دواکەوتووە ئەمە تا چەند ڕاستە؟ 

 ئەم قسەیە عەمەلییەن ڕاستە، چونکە موسڵمانان یان زاناکانیان زیا‌تر خەریکی (خیلافاتی مەزهەبی) و شتی لاوەکین. ‌بە نموونە لەوانەبە لە سەر بابی (الطهارة) سەت تەن وەرقە نووسرابێت، ئەمە بۆ؟ راستیەکەی ئێمەی موسڵمان، ئایاتی گەردوونیمان پشت گوێ‌ خستووە... من ساڵی ۱۹۴۳لای مامۆستا باقر دەمخوێند، دەیوت هەورە تریشقە، فریشتەکانن بە قەمچی لە هەور دەدەن، بۆیە دەنەڕێنێت. ‌دەیوت هەور بۆ باران وەک پێژنگ وایە.. دەی لە کاتێکدا لە کوردستان کەسێ‌ نەبوو وەک ئەو زانا بێت، بەڵام لە ڕوانگەی دنیا و ژیان کۆڵەواربوو. ‌کەچی قورئان زۆر بە جوانی باسی ئەم شتانەی کردووە. ‌ڕەوشت و عەقیدە بۆ ئەوەیە کە تۆ مرۆڤێکت لێ‌ دەرچێت بەرهەم‌هێن بیت، لە هەموو بوارەکانی ژیان. ‌مامۆستای وامان هەیە ئێستاش باوەڕ بە چوونە سەرمانگ ناکات. ‌کەواتە ئەوان ڕاست دەکەن کە دەڵێن موسڵمان دواکەوتوون، بەڵام ئەمە لە ڕوانگەی کردەیی (عملی)، نەک واقیعی کە شەریعەت لە لووتکەدایە. 

-‌ئایا سوننەت وەحییە یان نا؟ 

نەخێر، بە هیچ شێوەیەک سوننەت وەحی نییە، (وماینطق عن الهوی ان هو الا وحی یوحی)، کەسانێک هەن دەڵێن سوننەت وەحییە، کەسانی دیکەش هەن دەڵێن سوننەت ناوەحییە، بەڵام ئەمان هەمووی هەڵەن، وەزیفەی پێغەمبەر (د. خ) (تبیان) و (تەبلیغ) ە، نەک شتی دیکە. ‌سوننەت ئیحائی خوداییە نەک وەحیی خودایی، دیارە جیاوازی لە نێوان ئەم دوو چەمکە هەیە. ‌ئیحا (ایحاء) واتا خودا خستویەتیە نێو دڵی پێغەمبەر (د. خ) وەحی راستەوخۆ لە خوداوەیە. ‌بۆ نموونە چۆنیەتی (تفاصیل) ی نوێژ لە قورئاندا نەهاتووە، بەڵام خودا ئیحای کردوە و پێغەمبەریش تیبیانی کردووە. 

-‌رەخنەی ئەوە لە زەڵمی دەگیرێ‌ کە گوایە لە مەسەلەی تەڵاق و نەسخ و خەتەنە و چەند شتێکی دیکە بە ڕەهایی قسە دەکات و هیچ بۆ بەرانبەرەکی ناهێڵێتەوە؟ 

 ئەوە هۆی ئەوەیە من کار بە قوڕئان دەکەم، من کتێبێکم دانا بە ناوی (الطلاق فی القرآن)، بڵاوم کردەوە هیچ سوودی نەبوو، کەس گوێی بۆ نەگرت. مامۆستایێکی عاقڵ هاتە لام وتی: مەڵێ‌ (فی القرآن) چونکە... ‌ئینجا نووسیم (الطلاق مرتان فی تفاسیر القرآن) هەموو تەفسیرە گەورەکانم هێنایەوە، هەموو دەڵێن (مرتان) دەبێ‌ نێوانیان هەبێت. ‌ئەمە جێگەی خۆی گرت، مامۆستاکان پێشوازیێکی گەرمییان لێ کرد. ‌بڕۆ لە پیاوێکی تەماتە فرۆش ببپرسە بڵێ‌ جیاوازی نێوان (مرتان) و (اثنان) چییە؟ پێت دەڵێت: (اثنان) زەمان نییە لە نێوانیان بەڵام (مرتان) زەمان هەیە لە نێوانیان. ‌خەتەنەی کوڕان زەرورەتە، چونکە ئەگەر ئەو پێستەی ژێرەوە لانەبرێت ئایدز پەیدا دەبێت، یان تووشی شێرپەنجە دەبێت، بەڵام خەتەنەی کچ من لەچەندان کۆنگرەی جیهانی بە تەقریری پزیشکی دەرم خستووە، پانزە نەخۆشی لێ‌ پەیدا دەبێت. ‌ئی‌تر کابرای مامۆستا یاخوا گەردەنی ئازابێت کە غەیبەتم دەکات، چونکە غه‌یبەتی ئەو سەوابی من زیاد دەکات. 

-لە کاتێک شێخی خاڵ و مامۆستای مودەریس لە پاڵ ئایین خزمەتی زۆریان بە زمانی کوردی کردووە، بەڵام بۆچی زەڵمی هیچی بە زمانی کوردی نەنووسیوە؟ 

من ئەودەم جگە لە تەدریس هیچ شتێکی دیکەم لە دەماخدا نەبووە، دیسان من ئەوەی نووسیومە بۆ مرۆڤم نووسیوە بە گشی، من تەن‌ها بۆ کوردم نەنووسیوە. ‌تەرجەمە لە عەرەبییەوە بۆ کوردی ئاسانە، بەڵام بە پێچەوانەوە سوودەکەی سنووردارە. ‌شێخ محه‌مه‌دی خاڵ ئەدیب بوو، فەقیهـ نەبوو. ‌مامۆستا عبدالکریم هەتا ئەوپەڕ دەرجە زانابوو، فەقیهـ بوو، بەڵام من نازانم بۆچی ئیجتهادی نەکرد؟. بە شیخ محه‌مه‌د بالیسانی زۆر مورتاح بووم، زۆر بە جوانی لەیەک‌تر تێ دەگەیشتین. 

-قسە و وەسیەتی کۆتاییت؟ 

هێندێ‌ پرۆژەم لە دەست دایە خودا هاوکاریم بکات و بە ئەنجامیان بگەیەنم، حەزناکەم پێش تەواونەکردنیان خەلەل بکەوێتە مێشکم و خوانەخواستە نەتوانم بە ئاکامیان بگەیێنم. ‌داوا لە هەموو کەسێک دەکەم بە پیاو و ژن و بە کچ و کوڕ، هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی زانست بخەنە گەڕ، چونکە دوای ئیمان هیچ شتێک نییە لە زانست و زانیاری بۆ مرۆڤ بە کەڵک‌تر بێت، تەن‌ها بە زانیاری و زانست کۆمەڵ و کۆمەڵگا پێش دەکەوێت. ‌

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)