بیری نەرێنی

بیری نەرێنی

کاتێک دارێک چەند پەلی لێ ووشک دەبێت یان زەرد و سیس دەکەوێت باخەوان ئەو پەلانه دەبرێت. ئەگەر هۆکارەکەی بپرسی دەڵێت ئەگەر ئەو پەلانه نەبڕین ، دار زۆربەی ئاز و هێزی خۆی لەو پەلانه دەکار دەکات بۆ ئەوەی که بگەنەوه ئاستی پێویست و تەندرووستی. لەکاتێکدا هیچ سودێکیان نەماوه و هەرچەنده تێبکۆشێت ناتوانێ گەشه بەو پەله ووشک بووانه بداتەوه، تەنانەت کاریگەری نەرێنی لەسەر پەلەکانی دیکە و دارەکه به گشتی دادەنێت.
بەشێک لەو هێز و توانایەی که دەبێ بۆ گەشەپێدان به پەله ساغەکان کەڵکی لێ وەرگیرێت به فیڕۆ دەچێت و له ئاکامدا دارەکه به جوانی و تەواوی گەشه ناکات و لاواز دەمێنێتەوه.
نموونەی مرۆڤیش وەک ئەو دارەیە. ئینسان کۆمەڵێکه له شاخ و پەلی بیر و باوەری که به گەشه پێدان بەو پەلانه دەتوانێت بگاته ئاستێک که بەرووبوومی هەبێت و یا به حەسانەوەی رێبوارێکی ماندوو له ژێر سێبەری فێنک، قازانج به خەڵک بگەیێنێت و بەو ئامانجانه بگات که خوداوەندی گەوره لەسەری خوڵقاندوە. ئەو ئەرکەی کە وەک نوێنەری خوا لەسەر شانییەتی.
بەڵام هەروەک چۆن دار هەر چەنده بەهێز و کەلێژ بێت لەوانەیه پەلێکی تووشی نەخۆشی بێت و بژاکێ و سیس بێت؛ ئینسانیش به پەرەسەندنی بیر و ڕای نەرێنی و بێ قازانج، هێندێک له شاخ و پەلی باوەری تووشی سیس بوون دەبێت و بەشێک له وزه و توانای پڕ بایخی خەرجی ئەو بیره نەرێنییانه دەبێت و له ئاکامدا ناتوانێت به شێوەی پێویست گەشه بکات و بەرو بوومی هەبێت.
بیری نەرێنی لە هەمبەر سەرکەوتنەکان دا دەبن به بەربەست و بواری ئامانجەکانمان بەرەو ئاکامێکی شکست و شپرزەیی رێنوێنی دەکەن و لەراستی دا بیر و رای نەرێنی تەنیا دەسکەوتێکی بێ بەهرە له رووداوەکانی (به رواڵەت) خۆش و ناخۆشی ژیانە. له تایبەتمەندییەکانی بیری نەرێنی درێژخایەن بوونییەتی، واته بیر و هزری نەرێنی ئەوەنده له زەین دا دەمێنێتەوه و دەخولێتەوه که کارەساتێکی تاڵ و پڕ لە کەسەر بۆ خۆی دروست دەکات.
مرۆڤ زۆرتر وا ڕاهاتووه که به هۆی پێشهاتەکانی ڕابردوو خۆی مەحکووم بکات و دڵەخورتێی رووداوێکه له داهاتوو دا که روون نییه داخوا روو دەدات یا نا! هەر ئەوەش دەبێته هۆی ئەوەیکه مرۆڤ له داهاتووی بێ هیوا بێت.
له قامووسی دێهخودا هاتووه که مرۆڤی رەش بین بەردەوام له ناهومێدی دەدوێت و لایەنی نێگەتیڤ و کێشەکانی بواری ژیانی لەبەر چاوه.
له کاتێکدا بنیام دەتوانێت وەک باخەوانێکی ژیر و وریا به بڕینی پەلەکانی بیر و رای نەرێنی و رەش بینانه ، گەشه به لقەکانی لێهاتوویی و بەکەڵکی وجودی خۆی بدات تا بگاته ئاستی میوەدان و بەهرەوەری و کەڵکی بۆ خۆی و کۆمەلگا هەبێت. بۆیه پێویسته بیر و هرزمان بگۆڕین و به روانگەیەکی تر بڕوانین بۆ ژیان و له ئاکام داتاک دەتوانێت ژیانێکی جیاواز و پڕی بیری پۆزەتیڤ، هیوا و گەشبینی بۆ خۆی وەدەست بێنێ. چونکە کردەوه له ئاکامی بیر و هرز دایه، ئەگەر بیری مرۆڤ گۆڕانکاری بەسەردا بێت، کردەوەکانیشی به هەمان شێوه دەگۆڕێن.
بەڵام بەداخەوه زۆربەمان ئەوەنده به بەشه نەرێنی و بێ کەڵکەکانی ژیانمان سەر قاڵ بووین که لە یادمان کردووه ئێمه کێین و بۆچی هاتووین و گەڕانەوەمان بۆکوێیه؟ بەم چەشنە ئەرکی سەر شانمان له بیر کردووه.

هۆکاری سەرەکی نەبوونی ئیرادە،ئاستی لاوازی بڕوا بەخۆبوونە؛ ئەوەی که لەبەرامبەر کێشەکانی ژیان به جێی رووبەروو بوونەوەیەکی ژیرانه و چارەسەرانه؛ زوو له هەمبەر کێشەکانمان دەبەزین و به هێرشی بڕواگەلی ناڕاست و نەرێنی بۆ سەر زەین و ئاوەزمان ژیانمان بەرەو فەوتان دەبەین.
بەڵام پێویسته بزانین لەو جیهانه دا هیچ رووداوێک به هەڵکەوت نییه، بەڵکو هەر پێش هاتێک خۆش یا ناخۆش رەحمەت و سۆزی خوای له خۆی دا حەشار داوه، هەمووی رووداوەکان هەواڵێکیان بۆمان پێیه که تەواوکەری ڕووحمانە. زۆرێ له رووداوەکان له بەشی نهێنییەکانی ئیلاهییه و لەوپەڕی ئاوەزی ئێمەیە، بۆیه به بیر و زەينی سنووردارمان حەول دان بۆ تێگەیشتن له سۆنگەی ئیلاهییەوە، وەک پێوانی ئوقیانووس به ئەیاره وایه.
کەواته با قبوول بکەین که لەهەر بارودۆخێکی نەخوازراو دا خێر و خۆشییەکی نهێنی بۆ هەموومان هەیه.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)