بۆچی یادی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌كه‌ینه‌وه؟
شتێكی ئاشكرایه یادكردنه‌وه‌ی له‌دایك بوونی پێغه‌مبه‌ر [درودی خوای لێبێ] له‌سه‌رده‌می هاوه‌ڵان [الصحابه] و شوێن كه‌وتوانی ئه‌وان [التابعین] دا نه‌بووه‌و نه‌كراوه، هه‌ربۆیه به‌شێك له‌زانایان به داهێنراو [بدعة] ی ده‌زانن و ئه‌و یادكردنه‌وه‌یه به‌شه‌رعی نازانن، به‌شه‌كه‌ی تری زانایانیش پێیان وایه ئه‌و یادو بۆنانه ده‌كه‌ونه به‌شی هه‌ڵس و كه‌وته‌كان[معاملات] ه‌وه، بۆیه داهێنان و یادكرنه‌وه‌ی به كارێكی باش و ڕه‌وا ده‌زانن، دیاره ئێمه لێره‌دا نامانه‌وێ له‌و لایه‌نه بكۆڵینه‌وه چونكه بابه‌تێكی فراوان و سه‌ربه‌خۆیه، به‌شی هه‌ره زۆری موسلمانانی ئێستاش به‌ره‌وای ده‌زانن و نیمچه یه‌كده‌نگیه‌كی له‌سه‌ر دروست بووه له‌ولاتی ئێمه‌دا، له‌زۆربه‌ی شار‌و شارۆچكه و ناوچه‌كانی كوردستاندا ئه‌و یاده زیندوو ده‌كرێته‌وه و موسلمانان به شه‌وق و زه‌وقێكی بێ وێنه‌وه به‌شداری كۆر‌و ئاهه‌نگی مه‌ولود خوێندنه‌وه ده‌كه‌ن، به‌لام ئایا تاچه‌ند توانراوه ئه‌و ئاهه‌نگ و مه‌ولود خوێندنه‌وانه بۆ قازانجی ئیسلام و بوژاندنه‌وه‌ی ریبازو سوننه‌ته‌كانی پێغه‌مبه‌ر درودی خوای لی بێ سودیان لێ وه‌ربگیرێت ؟ ئه‌وه‌یان جێی له‌سه‌ر وه‌ستانه .
هه‌روه‌ك رۆژانی هه‌ینی مزگهوتهكانمان پڕن له‌خه‌ڵك و جێگا نابێته‌وه، به‌لام له هه‌ڵس و كه‌وتی رۆژانه‌دا، له‌مامه‌ڵه‌و بازرگانی دا، له ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا، هه‌ر هه‌مان ئه‌و خه‌ڵكه زۆربه‌یان په‌یڕه‌وی ڕه‌شت و ئاكاره جوانه‌كانی پێغه‌مبه‌ر ناكه‌ن و زوڵم و سته‌م له‌یه‌ك ده‌كه‌ن، به‌زه‌ییان به‌یه‌كتر دا نایه‌ته‌وه، ماڵی حه‌رام ده‌خۆن و بێ ویژدانن له مامهلهو بازرگانی دا، به‌هه‌مان شێوه زۆر له‌و موسڵمانه به‌رێزانه‌ی ماڵی خۆیان سه‌رف ده‌كه‌ن بۆ یادی مهولودو خه‌ڵك بانگ ده‌كه‌ن بۆنان خواردن، به‌داخه‌وه هیچ له سیره‌و ژیانی پێغه‌مبه‌ر نازانن و به‌لاشیانه‌وه گرنگ نیه بیزانن، ته‌نانه‌ت مه‌و لود خوێنهكانیش ئه‌وانه‌ی وه‌كو پیشه ئه‌وكاره ده‌كه‌ن جگه له‌چه‌ند شیعر‌و مه‌دح و پێدا هه‌ڵدانێك كه هه‌موو جار دووباره ده‌كرێنه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ڕووداو‌و موعجیزات شتێكی زیاتر نازانن یا نایڵێن، له‌گه‌ڵ رێزم بۆیان، بێگومان ئه‌وه‌ش مانای وانیه بڵێین با ئه‌و یاده نه‌كرێته‌وه یاخود ئه‌و خه‌ڵكه واز لهمهولود وێندنهوه بێنن .. نه‌خێر به‌پێچه‌وانه‌وه من داوا ده‌كه‌م گرنگی زیاتری پێ بدرێ به‌لام گۆرانكاری و تازه‌گه‌ری تێدا په‌یڕه‌و بكرێ، له‌هه‌مان كاتدا ببێته هۆكارێك بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی ڕێبازی ئه‌و خۆشه‌ویسته له هه‌موو بواره‌كانی ژیانماندا، پێویسته ره‌فتاری ڕۆژانه‌مان له ماڵه‌وه‌و له‌گه‌ل ده‌وروبه‌رو له‌ناو بازار‌و له‌گه‌ڵ دۆست و دوژمن و چاك و خراب به‌و جۆره‌بێ كه پیغه‌مبه‌ری خوا له رێ ی فه‌رمووده‌كانی و له‌ژیاننامه پڕ سهروهریهكهیدا بۆی به‌جێ هێشتووین .
له‌لایه‌كی تره‌وه مه‌رج نیه ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی بۆ پێغه‌مبه‌ر ته‌نها هه‌ر به شیرینی دابه‌ش كردن و مه‌ولود خوێندنه‌وه بێ، ده‌كرێ موسڵمانان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خوا پێیداون چه‌ن نوسخه‌یه‌ك له كتێبه‌كانی ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر درودی خوای لێبێ بكڕن و به هه‌دیه پێشكه‌شی قوتابی و خوێنده‌وارانی بكه‌ن و بلاوی بكه‌نه‌وه، باله‌جیاتی ئه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی شێوێنراوی حه‌زره‌تی عیسا‌و رۆمانی بێ بنه‌ماو پووچ بخوێننه‌وه، بهژیاننامهی پڕنورو به‌ره‌كه‌تی پێغه‌مبه‌رو یارانی و كه‌ڵه پیاوانی مێّژووی ئیسلام گۆش بكرێن، ئه‌و كات هه‌م رۆڵه‌كانمان سودی لێ وه‌رده‌گرن و به‌په‌روه‌رده‌یه‌كی راست دروست په‌روه‌رده ده‌بن هه‌م خاوه‌نی پاره‌كه‌ش سه‌ده‌قه‌ی به‌رده‌وام [جاریه]ی ده‌ست ده‌كه‌وێ چونكه زانستێكی شه‌رعی و به‌سودی بلاو كردۆته‌وه و خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستی كردووه . زۆر نه‌نگی و حه‌یفه ماڵه‌كانمان لانی كه‌م دانه‌یه‌ك له ژیانی پێغه‌مبه‌ری خوای تێدا نه‌بێ، له‌كاتێكدا ئه‌و رێبهرو ڕێنیشانده‌ری دنیا‌و دواڕۆژمانه و كرداره‌كانی بۆئێمه ده‌بنه مایه‌ی سه‌رمه‌شقی، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی موسڵمان نه‌وه‌یه‌كی گۆشكراو به رێبازی پێغه‌مبه‌رمان په‌روه‌رده كرد به‌هه‌موو مانایهكانیهوه ئه‌و كاته باشترین وهلامو به‌رپه‌رچدانه‌وه مان ئاراسته‌ی دوژمنانی ئیسلام و په‌یامه‌كه‌ی و ئه‌وانه‌ی سوكایه‌تی به خۆشه‌ویستمان محمد ده‌كه‌ن [درودی خوای لێبێ] كردووه .
- بۆچوونێکی نوێ بنووسه
- 4618 سه‌ردان
-
نووسخه‌ی چاپ