به‌رنامه‌یه‌ك بۆ پاککردنه‌وه‌ی ده‌روون له‌ ڕه‌مه‌زاندا

به‌رنامه‌یه‌ك بۆ پاککردنه‌وه‌ی ده‌روون له‌ ڕه‌مه‌زاندا

باسه‌که‌مان ده‌رباره‌ی بابه‌تێکی کرده‌ییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ بری درێژه‌دان به‌ بنه‌ماو
ته‌وه‌ره ‌تیۆرییه‌کان و باس له‌ده‌ق و لێکدانه‌وه‌کانی ڕاسته‌وخۆ ده‌چینه‌ سه‌ر بڕگه‌کانی به‌رنامه‌که‌:
یه‌که‌م:
به‌ته‌وبه‌یه‌کی پوخت و پاراو خواحافیزی له‌ دوا رۆژی شه‌عبان و پیشوازی له‌ یه‌که‌م رۆژی ره‌مه‌زان بکه‌. له‌م بواره‌شدا شتێک له‌سه‌ر ته‌وبه‌و مه‌رجه‌کانی و مانای (التوبة النصوح) بخوێنه‌ره‌وه‌ و هه‌وڵ بده‌ به‌ هه‌ست و نه‌ست له‌گه‌ڵیدا بژیت.

دووه‌م:
ئامانجی به‌رزی رۆژوو ته‌قوایه‌ هه‌وڵ بده ساته‌کانی ئه‌م مانگه ‌له‌ به‌ده‌ستهێنان و پیاده‌کردنی واتاکانی ته‌قواو سیفاته‌کانی که‌سانی خاوه‌ن ته‌قوادا به‌سه‌ر به‌ریت.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش کاتێک ته‌رخان بکه‌ بۆ شاره‌زابوون به‌نیازی کارپێکردن له‌ هه‌موو ئایه‌ته‌کانی ته‌قوا له‌ قورئاندا و هه‌روه‌هاله‌ زۆرترین ژماره‌ی فه‌رمووده‌ش له‌مباره‌یه‌وه‌.

سێیه‌م:
هه‌روه‌ها کتێبێکی تێروته‌سه‌ل له‌ بواری ته‌قوادا بخوێنه‌ره‌وه‌.یان ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت بڵاو ده‌کرێته‌وه‌.

چواره‌م:
پاککردنه‌وه‌ی ده‌روون ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ وازهێنان له‌ سیفاته‌ خراپه‌کان و پابه‌ند بوون به‌سیفاته‌ باشه‌کانه‌وه‌. به‌ مه‌به‌ستی هه‌نگاونانیش له‌م بواره‌دا به‌ئه‌ندازه‌ی رۆژه‌کانی مانگی ره‌مه‌زان خشته‌یه‌ک بۆ لابردنی سیفاته‌ خراپه‌کان و له‌ به‌رامبه‌ریشدا وابه‌سته‌بوون به‌ سیفاته‌ باشه‌کانه‌وه‌ دابنێ و هه‌موو رۆژێک به‌پێی خشته‌که‌ به‌خۆتدا بچۆره‌وه‌و به‌ پێوه‌ری سیفه‌ته‌کان له‌چاک و خراپ که‌سایه‌تی و ناخ ورواڵه‌ت و نیاز و گوفتارو کرداری خۆت بکێشه‌. هاوکات بابه‌تێکیش له‌باره‌ی سیفه‌ته‌کانی ئه‌و رۆژه‌وه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌.به‌مه‌ش 60 بابه‌تی جۆراوجۆر له‌ره‌مه‌زاندا ده‌خوێنیته‌وه‌.
ئه‌مه‌ش نموونه‌ی خشته‌یه‌که‌ (هه‌ر که‌سه‌و ده‌توانێت خۆی خشته‌ی سیفاته‌کان بۆ خۆی دیاری بکات به‌گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندی خۆی چونکه‌ سیفاتی تریش هه‌ن ).

1) هاوبه‌ش بریاردان // یه‌کخواپه‌رستی.
2) ریابازی // نیازپاکی
3) خۆ به‌زلزانین // بێفیزی
4) بێباکبوون له‌ سزای خوا // ترس و هیوا
5) درۆ // ڕاستگۆیی
6) ناپاکی // ئه‌مانه‌ت پارێزی
7) حه‌ساده‌ت(ئیره‌یی)و رق و کینه // خێرویستن و سۆز و خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ که‌سانی تر
8) شوێن که‌وتنی بیدعه‌‌ // پابه‌ند بوون به‌ سوننه‌ته‌وه
9) ناشکوری و کوفری نیعمه‌ت // سوپاس بژێری
10) ناڕازیبوون له‌کاتی لێقه‌ومان // ئارامگرتن
11) تووڕه‌یی // خۆگری و لێبوردن
12) په‌له‌په‌لی // له‌سه‌رخۆیی
13) نه‌زانی و نه‌فامی // زانستخوازی و هێمنی
14) بێ به‌ڵێنی // به‌جێهێنانی به‌ڵێن
15) په یمان شکاندن // په‌یوه‌ستبوون به‌ په‌یمانه‌وه‌
16) چروکی // به‌خشین
17) قسه‌ی نابه‌جێ وناشیرین // زمان پاراوی
18) خۆشویستنی دنیا // بێباکی له‌ دنیا و زیادویستی ژیانی پاشین
19) هیوا درێژی // یادی مردن
20) روانین بۆ قه‌ده‌غه‌کراو // چاو نه‌ویکردن
21) زۆر وتن // که‌مدوویی
22) ده‌نگ به‌رزکردنه‌وه‌ // ده‌نگ نه‌ویکردن
23) توندوتیژی و ره‌قی // نه‌رمونیانی
24) ته‌مه‌ڵی و خامۆشبوون // چالاکی و وره‌به‌رزی
25) بێئاگایی // یادی خوا
26) پچڕاندنی خزمایه‌تی // په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی
27) بێ به‌رنامه‌یی و کات به‌ فیرۆدان // نه‌خشه‌کێشان و رێکخستنی کات
28) خۆپه‌رستی // خۆ نه‌ویستی
29 )گۆشه‌گیری // تێکه‌ڵاوی پابه‌ند
30) که‌مته‌رخه‌می له‌ کارکردن بۆ ئیسلام // بایه‌خدان به‌ کارکردن بۆ ئیسلام و بارودۆخی موسڵمانان

پێنجه‌م:
بۆ ئه‌نجامدانی خاڵه‌کانی لای سه‌ره‌وه(ته‌وبه‌و به‌ده‌ستهێنانی ته‌قواو پاککردنه‌وه‌ی ده‌روون.... )
زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ په‌نا به‌ره‌ به‌ر نزاو پاڕانه‌وه‌ی به‌ کوڵ بۆ ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ سه‌رکه‌و‌تووت بکات و زاڵت بکات به‌سه‌ر ده‌روونی به‌د و شه‌یتاندا.

شه‌شه‌م:
له‌دوایین رۆژی ره‌مه‌زاندا کاتێک ته‌رخان بکه‌ بۆ قاڵ بوون له‌ واتاکانی دامه‌زراوی(الاستقامة) و به‌رده‌وام بوون و جێگیر بوون له‌سه‌ر ئه‌و خێرو چاکه‌کاریانه‌ی له‌ره‌مه‌زاندا ده‌سته‌به‌رت کردوون .
به‌ڵێنی دامه‌زراوی نوێ بکه‌ره‌وه‌ له‌دژی به‌ره‌ودواگه‌ڕانه‌وه‌ ی دوای ره‌مه‌زان.

حه‌وته‌م و کۆتایی: ئه‌م پرسیارانه‌ت له‌یاد بێت و وه‌ڵامی ته‌واو و تێروته‌سه‌لی بۆ ئاماده‌ بکه‌:
ئایا له‌ره‌مه‌زاندا به‌ره‌وپێش چوویت و له‌ چاو پێش ره‌مه‌زاندا باشتریت؟
ئایا دوای ره‌مه‌زان به‌دامه‌زراوی ده‌مێنیته‌وه یان ده‌چیته‌وه‌ دۆخی ناشایسته‌ی جارانی پێش ره‌مه‌زان؟؟!

پوخته‌ی به‌رنامه‌که‌:
به‌ ته‌وبه‌یه‌کی ڕاست وره‌وان و پێشوازی له‌ ره‌مه‌زان بکه‌ و......
رۆژ و شه‌وه‌کانی ته‌رخان بکه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ته‌قوا و خاوێنکردنه‌وه‌ی ده‌روونت و.....
به‌ په‌یمانی دامه‌زراوی ماڵئاوایی لێ بکه‌.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خوێندنه‌وه‌ی تێروته‌سه‌ل به‌نیازی جێبه‌جێکردن بکه‌ به‌ ئامرازو ...
له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا پشت به‌ خوای میهره‌بان ببه‌سته‌و به‌ کوڵ داوای پشتیوانی لێ بکه‌.
دواجار هیوای سوودمه‌ندیتان بۆ ده‌خوازم و داوای نزای خێرتان لی ده‌که‌م. ‌

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕه‌وشتبه‌رزێكی زانا روابط عمومی، ئه‌هلی سوننه‌تی ئیران (1399/03/05)
شه‌وبێداری رمضان، ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1399/03/01)
غرووبت بۆ من سروورە ئەی ماهی نوور رمضان، ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1399/02/31)
دەنگی پێی میحڕابی دڵ رمضان، بیرو ڕا (1399/02/30)