خۆشەویستى لەنێوان واتاى دروست و شێوێنراودا

خۆشەویستى لەنێوان واتاى دروست و شێوێنراودا

بەبۆچوونى من بۆ ئەوەى لە بابەتى خۆشەویستى تێبگەین پێویستمان بە هەناسەیەکى ئاسمانیانە هەیە، ئەگەر لەو هەناسەیە بڕاین ئیدى ئەوە نەعیشقء نە خۆشەویستى بوونى نیە، هەروەک ئەوەى لە ئەخلاقدا فەلسەفەى ئەخلاق دواى ڕازى بوون بە وەڵامى ئەو پرسیارەى کە بۆچى من ئەخلاقیانە بژیم؟ کاتێ بەو وەڵامە ڕازى بوویت واتە بڕیارتدا ئەخلاقیانە بژیت ئەوجا کارى زانست و فەلسەفەى ئەخلاق دەست پێدەکات، لە خۆشەویستیدا بەهەمان شێوە بە بوونى متمانەو باوەڕێکى میتافیزیکى ئەوجا خۆشەویستى مانایەک پەیدا دەکات، بەبڕانى لەو باوەڕە ئیدى ئەفسونەکانى خۆى لە دەست دەدات، هەربۆیە لە سەردەمى مۆدرێنەدا لە قەیراندایە، خۆرى خۆشەویستى ڕۆژبەڕۆژ ڕووەو نیشتنە، ئەمە تەنیا قەیرانى خۆشەویستى نیە، بەڵکو قەیرانى چەندین چەمکى بنەڕەتى دیکەشە کە پابەندبوونیان بە مانایەکى ڕۆحانى ئاسمانیەوە ئەوجا دەردەکەون بێ ئەو جیهانء فەزا ئاسمانیە دەبنە شتى دیکە وەک چەمکى (عەدالەت، ئەخلاق، تەنانەت ئاینیش)، لێرەوە چەندین فەیلەسوفى وەک گیدنەر، ئەریک فرۆم، باسیان لە قەیرانى خۆشەویستى لەم سەردەمى نوێدا کردووە، چونکە هەتا ئەو نەفەسە ئاسمانیە ئاینیە مابوو (ئۆگەستین)ى زاناى کەلامى مەسیحى بەناوبانگ وتەنى: (خۆشەویستى هەرگیز نامرێ ) ، بەڵام بێ ئەو نەفەسە ئاسمانیە ئیدى مرد لە فەزاى ئیشق وئیرۆتیکاوە گۆڕا تەنانەت لە مامەڵەیەکى جەستەیشەوە نەوەستایەوە، بەڵکو بوو بەوێنەیەک دەبینین بوو بە فلیمێک لەسەر شاشەیەک دەبینرێ، هەروەک (لیڤى شتراوس)، گوتەنى: ئاین بوویە خورافە، هەروەها عەدالەت و ئەخلاقیش وەک (ماک ئانتیار)، گەورەترین فەیلەسوفى فەلسەفەى ئەخلاق دەڵێت: هەموو زاناکانى ئەخلاق مردوون هەموو کتێبەکانی سووتاون.
لە ڕاستیدا جگە لە کۆمەڵێک بەهاى بێ قۆڵایی و وشک هیچى نەماوەتەوە وەک (بەردا بۆق)، فەیلەسوفى ناودارى ڕوس دەڵێ: لە ڕاستیدا هەموو ئەوانە کە بوون پێکەوە هەبوون (ئاین، ئومید، متمانە، هاوڕێیەتى، خۆشەویستى، ئەخلاق...) کەنەمان پێکەوە نەمان، چونکە هەموویان ڕۆڵەى فەزایەکن، میوەى چنراوى باخێکن، درەختەکانى هیندە بەریان پێوە بوو خەریکە دەنیشنە سەر زەوى، هەموو مرۆڤێکى ئەو سەردەمە هەرچەندە باڵا کورتیش بووایە خۆى میوەى لێ دەکردەوە، بەڵام هەنوکە ئەو باخە ئاوى لێ بڕاوە (ئەو ئاوەش جیهانى ڕۆحە) درەختەکانى وشکبوون یان ورد بڵێین: ئەو دارانە لە حەسرەتدا هەڵکشاون، نەک بەدەستخستنى میوەکانیان، نەک بۆ هەموو کەس نین بەڵکو بۆ مرۆڤى دارەوانیش، ئەومرۆڤەى باش دەتوانێت بەدرەختەکاندا سەربکەوێت دەگمەن بوونەتەوە، ئەگەر خۆشەویستى ڕاستەقینە خۆى نایاب و دەگمەن بێت ئەوا ئەمڕۆ زۆر دەگمەنترە ئیدى خەڵکەکەى دیکە لەبرى ئەزموونیان بکەن (بیانچەژن) باسیان دەبیستن، وێنەیان دەبینن، لەڕِاستیدا دەمیان پێناگات دەڵێن ترشە، خۆشەویستى لە جیهانى نوێدا لە کوردستانى خۆشماندا دواى دەرکەوتنى ئامڕازەکانى مۆدێرنە لەهەموو کاتێک زۆرتر بانگەشەکارانى زۆرترن، بەڵام لەهەموو کاتێک دەگمەنترە، لە ڕاستیدا مرۆڤى ئەم سەردەمە هێندەى تاسوخ و تاسەى خۆشەویستى دەکات هێندە خۆشەویستى ناکاتء نەبوەتە حاڵ لاى. وەک ئەو تینووەى تاسەى ئاو دەکات و ئاوى دەستناکەوێت نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت نهێنى بەقاو مانەوەى خۆشەویستى (ڕِاز) بوونیایەتى واتە دەرنەکەوتن و کەشفنەبوونى هەموو دییوەکانى داپۆشران و پەردە بەسەردادانى دەوێت، ئەمڕۆ ئیدى ڕازێک نەماوەو هەموو پەردەکان هەڵدراونەتەوە هەردوو ڕِەگەز هەموو نهێنییەکانى یەکدى دەزانن بەهەموو گیانى یەگدى ئاشنان ئەمەش بۆیە دەڵێم بۆئەوەى وانەزانرێت تەنها باسى عیشقە ئیلاهى و ئاسمانیەکان دەکات، بەڵکو عیشقى مەجازى (خۆشەویستى) زەمینى زیاتر لە قەیراندایە، من لە شوێنى دیکەش وتومە مرۆڤ چاوێکى داخراوە کەبەقەد هەڵماتێکە بە عیشق دەکرێتەوە. چاوى بچوکیش کراوەیە ئیتر لە هەڵماتێکى بچوکەوە دەبێتە جیهانێکى بینراوى گەورە.
عیشق حاڵەتێکى ڕۆح نیە وەک وا دەزانرێت، وەک لەبابەتى عیشق نامەدا وتومە بەڵکو عیشق خودى ڕۆحە، ڕِۆحە لە کاتى کرانەوەو گەورە بوونیدا، بەڵام هەنووکە ڕۆح خۆى لە قەیراندایە. ئەگەر ئازادى فەزاى گەورە بوونى عەقڵ بێت ئەوا خۆشەویستى فەزاى گەورە بوونى ڕۆحە، بەڵام خۆ ڕۆح نابینرێت ئیدى عیشقیش نابینرێت، تەنها لە ڕێگەى جێکەوت و ئاسەوارەکانەوە دەناسرێتەوە. واتە بە ئەوسافەکانى هەستى پێدەکرێت، خۆشەویستى بەدەست ناگیرێت بە چاونابینرێت بەگوێش نابیسرێت. بەڵام بە ڕۆح هەست پێدەکرێت ئاماژەو خەسڵەتەکانى دەردەکەون، کە ئێمە لە عیشق نامەدا باسمان لێوە کردووە، ناوى هەندێکیان لێرە دەهێنیین:
-عیشق مرۆڤ بەلاوى دەهێڵێتەوە ئەگەر چى بەتەمەنیش پیر بێت:
پەى چێش مەیى لەیل پیریش مەحاڵەن
سەنەى باڵغیش سەد هەزار ساڵەن.
-مرۆڤ دووبارە لەدایک دەبێتەوە.
هەرکەس تەوەلود دووبارەش نیەن
لابود سەعادەت ستارەش نیەن
-ڕۆحى مرۆڤ گەورە دەبێت و گەرم دادێ و ناسک دەبیتەوەء زیندوو دەبیتەوە، غەمى نیە.
-مرۆڤى عاشق مرۆڤێکى خاکى ئارامە، ئەمەش خەسڵەتى عیشقە، هەر کەس ئاوا نەبوو با بانگەشەى عاشق بوونیش بکات ئەو هەرگیز عاشق نیە.
-عیشق مەست بوون وحاڵەتى رۆحى وبکوژى ململانێیە، واتە ململانێ ناهێڵێت، ئەمانە و چەندین خەسڵ!ەتى تر لە هەر کەسدا بوون ئیتر عاشقە با بەدەمیش نەیڵێت، لە هەر کەسیشدا نەبوون هەرگیز عاشق نیە با دونیاش پر لە هاوارى عاشق بوونى خۆى بکات. ئیتر عیشق و خۆشەویستى بەو خەسڵەتانەى گەر زەمینیش بێت ئاسمانیە، چونکە ئەو خەسڵەتانە ئاسمانین. ئەگەر لە نێوان دوو ڕەگەزدا بێت پیرۆزە وژیانى عارف وشاعیرەکان لە میژووى ئیسلامدا شاهیدى ئەوەن، بەڵام هەرگیز بانگەشە نیە، نابێت لە بیرمان بچێت (خۆشەویستى) یەکێک لە ناوەکانى پەروەردگارەء هەروەک (بەبەزەیى) یەکێک لە ناوەکانى ئەوە، لەو بەزەییەى خۆى بەشى بەندەکانى خۆى داوە، بەزەیى نێوان مرۆڤەکان بۆنمونە بەزەیى دایک بۆ منداڵەکەى، هەروەها لەو خۆشەویستیەى خۆى بەشى دروستکراوەکانى داوە بۆ نموونە ئەو خۆشەویستیەى لە نیوان رەگەزى نێرء مێدا هەیە تەنانەت لە فەرموودەى سەحیحى پێغەمبەریشدا هەیە لە نهێنى ئەو خۆشەویستیە سەرى سوڕماوە، خۆشەویستى ناچێتە ئاو بابەتەکانى زانستى فیقهەوە، چونکە ئەو زانستە تەنها ئەو کاتە کارى دەستپێدەکات کە ئیختیارو ئیرادەى مرۆڤ حزورى هەیە، ناشێت بەکارى شتێک بڵێین حەڵال یا خود حەرام یا خود بە کردەى خەوتویەک، خۆشەویستى ڕاستەقینەش هەروایە مرۆڤى عاشقى ڕاستەقینە نایەوێت بە ئیرادەى خۆى عاشق بێت بەدەست خۆى نیە کاتێک دەزانێت عاشق بووە، بەو ئەندازەیەى لەسەر ریگەیەک دەکەویتء نەیویستووە بکەویت، بەڵام کاتێکى زانی کەوتووە بەدەست خۆى نەبوو، لەبەرئەوە گوناهى ناگات، ئەوەیش لە کەلتورى ئیسلامیدا لە فیقهدا باس نەکراوە، بەڵکو لە زانستى عیرفاندا، ئەو زانستەى دەشێت بوترێت زانستى خۆشەویستى و عیشقە.
ئەگەر قسە لەسەر عیشق بکەم، بەردەوام سەدجار قیامەت دێت و دەڕوات، ئەو تەواو نابێت، وەک حافز دەڵێت بۆیە ئەوندە ئیکتیفا دەکەم

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)