کورتەیەک له‌ ژیانی حەزره‌تی مەحوی

کورتەیەک له‌ ژیانی حەزره‌تی مەحوی

مەلا موحەمەد کوڕی عوسمان بەڵخی ناسراو بە مەحوی (١٨٣٦-١٩٠٦) مامۆستای ئایینی و یەکێک لە دیارترین ھۆنراوەنووسەکانی کورد بووە. و بە یەکێک لە چڵەپۆپەکانی شیعری کوردی دادەنرێت، هۆنراوەکانی لە دەوری چەند تەوەرێکی جیاواز ئەسوڕێنەوە و سەرجەمی هۆنراوەکانی لە دیوانی مەحویدا کۆکراونەتەوە.
(مەحوی) ناوی مەلا موحەممەد كوڕی مەلا عوسمانی باڵخییە لە نەوەی پیر و زانای ناودار (شێخ ڕەش) , باپیریشی وەكو باوكی , ناوی مەلا عوسمان بووە , وەكو شێخ مارفی نۆدی لەگەڵ دروست كردنی سلێمانیدا هاتۆتە شاری نوێوە , (باڵخ) یش دێیەكە لە ناوچەی (ماوەت) لە شارستانی سلێمانی , مێژونوسی كورد , (موحەممەد ئەمین زەكی بەگ) دەڵێ‌ لە ساڵی 1252 ی.ك (1836-1837 ی.ز) دا لە دایك بووە , مامۆستا عەلائەدین سەججادییش دەڵێ‌ لە 1830 (1246 ی.ك) دا لە دایك بووە , و (كاكەی فەلاحیش) دەڵێ‌ لە 1247 ی.ك (1831-1832 ی.ز) دا لە دایك بووە , باوكی خەلیفەی شێخ عوسمان سیراجوددینی تەوێڵەی بووە, حەوت ساڵان بووە خراوەتە بەر خوێندن و ماوەیەك لای باوكی خوێندوییەتی , بۆ خوێندن چۆتە سنە و سابڵاغیش و لای مەلا عەبدوڵای پیرەباب خوێندویەتی , پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لای مەلا ناودارەكانی ئەو ناوچەیە خوێندویەتی , ئەوجا چوە بۆ بەغداد و بوە بە فەقێ‌ زانای بە ناوبانگی كورد مفتی زەهاوی و ئیجازەی مەلایەتی لای ئەو وەرگرتووە , دیسان مامۆستا عەلائەددین سەججادی دەڵێ‌ پاش ئیجازە وەرگرتنی لە 1859 ی.ز دا بووە بە مەلای مزگەوتی ئیمامی ئەزەم لە بەغداد , بەڵام لە 1862 دا بەغدای بەجێ هێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و بوە بە ئەندامی دادگا . لە 1868 دا بە هۆی مردنی باوكییەوە دەستی لە كاری میری كێشاوەتەوە و بۆەتەوە بە مەلا و دەستی كردەوە بە دەرز وتنەوە بە فەقێیان,مەلا حەسەنی كوڕی مەلا عەلیی قزڵجی و مەلا مەحمودی مەزناوەیی و مەلا سەعید ئەفەندیی نایب ئۆغڵیی كەركوك و مەلا عەزیزی موفتی سلێمانی لە ناوبانگترین فەقێكانی بوون , هەر بە ڕێچكەی باوكیا تەریقەی گرتوەتەبەر و بووە بە خەلیفەی شێخ بەهائوددینی كوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵە.وەكو مامۆستا شێخ موحەمەدی خاڵیش لە (مفتی زەهاوی) یەكەیدا نوسیویەتی , مەحوی لە ساڵی 1291ی.ك (1874-1875ی.ز)دا لەگەڵ چەند مەلایەك لە سلێمانییەوە نەفی كراون بۆ بەغداد ,ناوبراو هیچی تری لە بارەی ئەم نەفی كردنە و هۆیەكەی و چۆنیەتی گەڕانەوەی مەحوییەوە لەوەو پاش بۆ سلێمانی , نەنوسیوە. مەحوی , لە 1883دا بەپێی قسەی مامۆستا سەججادی چووە بۆ حەج و لەوێوە چوە بۆ ئەستەموڵ و ڕێگەی پیاوماقوڵانی كوردەوە لە ئەستەم بووڵ چاوی بە سوڵتان عەبدولحەمید عوسمانی كەوتوە , سوڵتان ڕێزێكی زۆری لێگرتووە و فەرمانی داوە خانەقایەكیان لە سولەیمانی بۆ كردۆتەوە كە ئێستا بە (خانەقای مەحوی) بەناوبانگە , مەعاشێكیشی بەناوی خزمەتكردنی هەژارانەوە بۆ بڕیوەتەوە , دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی, تا مردنی لە سەرەتای شەشەڵانی 1334 (تشرینی یەكەمی 1906)دا.

خانەقای مەحوی
ساڵی ١٨٨٣ چووە بۆ حەج، لە هاتنەوەیدا چووە بۆ ئەستەنبوڵ کە ئەو کاتە پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی بوو، لە ڕێگەی پیاوە کوردەکانەوە لە ئەستەنبوڵ بە دیداری سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم ئەگات، و سوڵتان زۆر عیلم و تەسەوفی مەحوی بە دڵ ئەبێت، هەر لەبەرئەمەش بڕیار ئەدات خانەقایەکی بۆ بکرێتەوە لە سلێمانی، کە بە خانەقای مەحوی ناسرا. و مەحوی لە دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی و لە خانەقاکەی بەردەوام دەبێت لە وانە ووتنەوە زانست و ڕابەریکردنی خەڵک لە تەسەووفدا.
مەحوی لە خانەقاکەیدا کاتەکانی بۆ سێ بەش دابەش دەکات، بەشێکی بۆ وانەووتنەوە و بەشێکی بۆ دانیشتن لەگەڵ خەڵک و ئامۆژگاری کردنیان و بە شێکی تری بۆ نوێژ و یادی خوا و بیرکردنەوە.

کەسایەتی مەحوی
مەحوی پیاوێکی باڵابەرز و سوور وسپی و چاوگەورە بووە، رێشێکی درێژی هەبووە و بە نەرمی و هێمنی قسەی کردووە، مێزەری سپی و کەواو سەڵتەی لەبەرکردووە، و هەر لە سەرەتای ژیانییەوە خولیای گۆشەگیری بووە و گەرمی هەست و سۆزەکانی دەرگای شیعری بۆ ئاوەڵا کرد، هەروەها ئەو ژینگە و خێزانەی مەحوی تیا پەروەردە بووە کردوویەتی بە شاعیرێکی تەسەووف، هەروەها شاعیرێکی وەردەکاربوو و تەواوکردنی هەندێک لە قەسیدەکانی لە مانگێکەوە تا ساڵێکی خایاندووە.

ناوەڕۆک و ڕووخساری هۆنراوەکانی
شیعرەکانی مەحوی لەسەر مانا و بیرکردنەوەیەکی تەواو قوڵ ئەوەستێت و بەگشتی هۆنراوەکانی لەسەر چەندین تەوەری جیاواز ئەدوێت، لەوانە شانازی کردن بە نەتەوەی کورد و زمانی کوردییەوە لە هەندێک لە شیعرەکانیدا، هەروەها هەڵوێستی توندی شاعیر بەرامبەر ستەمکار و زۆرداران لە شیعرەکانیدا ڕەنگ ئەداتەوە لەگەڵ بەگژداچوونی ئەوانەی بازرگانی بەسەر ئایینەوە ئەکەن، زۆرترین بەشی شیعرەکانی لە چوارچێوەی جوانی و خۆشەویستی و عەشق دەسوڕێتەوە هەروەها چەندیین شیعری هەیە لە بواری ڕاستی پەرستی و فەلسەفەدا و لە ستایشی ئایینی و تەسەووفدا.
مەحوى وەکو شاعیرانى سەردەمى و پێشووتر لەخۆى کێشى عەرووزى عەرەبى بەکارهێناوە، هەروەها یەکێتى قافییە پاراستووە، بەواتایەک کە سەرانسەرى هۆنراوەکە لەسەر یەک قافیەیە. بەهۆى ئەوەى زمانى کوردى لەو سەردەمەدا هێز و تینى ئێستاى نەبووە، مەحوى وشەى فارسى و عەرەبى زۆر بەکارهێناوە، هەروەها وشەکارى و وردەکارى زۆرى بەکارهێناوە و بەدواى وشە دەربڕینى گراندا گەڕاوە.
لە هەمان کاتدا مەحووی لەگەڵ زمانی کوردیدا بە زمانی فارسی و عەرەبی چەندین هۆنراوەی نووسیوە.

چەند نموونەیەک لە هۆنراوەکانی
غەزەلیات
بەشی زۆری شیعرەکانی مەحوی لە چوارچێوەی غەزەلیاتدایە و ئەم پارچە شیعرەی خوارەوە نموونەیەکە لەو شیعرانە؛
بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم، چ بکەم!
بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم، چ بکەم!
لە خەزنەی دڵمدا هەرچی هەیە، هەر داغی سەودایە
دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم، چ بکەم!
لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زوڵفی یار
وەکو "شێخ" ئیختیاری مەزهەبی "تەرسا" نەکەم، چ بکەم!
لە ڕێی ئەو شۆخەدا خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێما
دەسا خاکی هەموو عالەم بەسەر خۆما نەکەم، چ بکەم!
دەمێکە شاری پڕ شۆری مەحەببەت مات و خامۆشە
بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم، چ بکەم!
لە چاوانم نەما بۆ گریە، نۆبەی سەجدە بەردەریە
سیا ساڵم نەبارە، نوێژی ئیستیسقا نەکەم، چ بکەم!
لەسەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزیەم "مانع الجمع"ە
کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دنیا نەکەم، چ بکەم!
بەجێ ماوم لە یاران، نا بە جێ ماوم، ئەجەل زوو بە
بە مردن لەم قوسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم، چ بکەم!
ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا مەحوی!
هەتا قامی قیامەت، ئاه و واوەیلا نەکەم، چ بکەم!

ئایینی
ئەم چەند دێڕەی خوارەوە نموونەیەکن لە هۆنراوە ئایینییەکانی مەحوی و بەشێکن لە قەسیدەی بەحری نوور کە ستایشی پیغەمبەری ئیسلامی تێدادەکات و قەسیدەکە خۆی لە ١٢٤ دێڕ پێک هاتووە.

"و صلى الله على" ئەو بەحری نووری عیلم و عیرفانە
کە دەرکی غەوری ناکا "غیر علم الله سبحان"ە
"و صلی الله علی" ئەو زاتی پاکی قودسی ئایاتە
کە ئەخلاقی پەسەندیدەی جەنابی حەیی مەننانە
"و صلی الله علی" ئەو حەزرەتەی ساحێب کەماڵاتە
کە ئەعلا و موعجیزەی، قوربانی بم من، نووری قورئانە
لە تاریکی شەوی کوفرا بە یەک دەم لەمعێکی دا
هەزار و سێ سەد و بیست و دووە، دنیا چراخانە
چرایەک نووری بێچوونی مومیددی بێ، دەبێ وا بێ
چرایەک دەستی قودرەت خۆشی کا، بۆ تا ئەبەد مانە
"تعالی الله" بە دوو دەه بوو کە هەردوو عالەمی داگرت
بنازم بەم کەماڵی عەزم و حەزم و شەوکەت و شانە
لەگەڵ ئەم ئیحتیشامە زوهدی دنیایی تەماشا کە
کە یەک لەت نانی جۆ بوو قوتی، یا خورما دوو سێ دانە
فەلەک جاهێ سەری خەرمانی تا عەرش، ئەڵبەتە نابێ
تەنازوول کا عولووی هیممەتی بۆ دەنکە زیزانە
موهیممێ غەیری زاتی حەی لە هیممەتیا نیە، ئیللا
لەبەر ئەم ئوممەتە بێ هیممەتە دائیم بە ئەحزانە
لەبارەی مەحووییەوە ووتراوە
مەحوی یەکێک لە دیارترین و ناسراوترین هۆنراوەنووسانی کوردە و کەم تا زۆر نووسەر و ڕەخنەگر و شاعیرانی کورد لە بارەیانەوە نووسیوە هەروەها زۆر لە شاعیران لە هۆنراوەکانیاندا بە شانی مەحوویدا هەڵیانداوە، لەوانە؛ سالمی ساحێبقڕان و مەلا موحەممەد خاکی و حاجی قادری کۆیی و مەلا کاکە حەمەی ناری و سەیید ئەحمەدی نەقییبی و فەوزی و عەلی کەمال باپیر ئاغا و حەمدی و زۆر لە شاعیر و نووسەر و ڕەخنەگرەکانی تر ستایشی مەحوی و شیعرە قوڵەکانیان کردووە.
وەک نموونەیەک لەسەر ئەو هۆنراوەنەی لەسەر مەحوی نووسراون، ئەم دووپارچە هۆنراوەیەی خوارەوەن، کە پارچەی یەکەمیان شێخ ئەحمەد شێخ غەنی ناسراو بە فەوزی نووسیویەتی؛
گەرچی نالی و کوردی و سالم لە دەوری "ماضی"یا
خاوەنی دیوانی عالی بوون لە شیعری کوردییا
گۆیی سەبقەت هەر لە ئاوا مابوو "مەحوی" پێی گەیشت
خستیەوە مەیدان بە جێی هێشتن لە عەسری "ثانی"یا
پارچە هۆنراوەی دووەم، عەلی کەمال باپیر ئاغا نووسیویەتی؛
چونکە بەندەی حەزرەتی "مەحوی"م و شاگردی ئەوم
وائەزانم واریسی تەختی شاهی کەیخوسرەوم
داخەکەم ئەولادەکانی دەرحەقی من بێ وەفان
وا ئەزانن بەندە مردووم یاخۆ سەرمەستی خەوم

دیوانی مەحوی
دیوانی مەحوی، کۆمەڵە شیعرەکانی مەحوی لە خۆ دەگرێت، هاوکات لەگەڵ زۆر لەو ووتار و بابەت و شیعرانەی لە بارەی مەحوویەوە نوسراوەن وەک پاشبەند لە کتێبەکەدا هەن، و شیعرەکانی مەحوی دابەشکراوە بۆ غەزلیات و شیعری ئایینی و چوار خشتەکییەکان و تاکەکان و بەشی عەرەبی و بەشی فارسی هاوکات هەر یەکێک لەم پۆڵێنانە بە پێی ڕیزبەندی ئەلفبێی کۆتایی دێڕە هۆنراوەکان ڕیزبەند کراون.
ئەو سەرچاوانەی دیوانەکانی مەحوویان لێ وەرگیراوە لە سەرەتادا نوسراوەکانی دەستی شێخ مەلا عومەری مەحوی کوڕی شاعیر و هەندێک دەستنووسی تری بنەماڵەکەیان بوون و پاشان شیخ موحەممەدی مەحوی بە بەراوردکردنی دیوانەکەی چاپی ١٩٢٢ لەگەڵ دەستنووسەکاندا دیوانەکەی نووسیوەتەوە و لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٦١دا لەگەڵ گۆران و کاکەی فەلاحدا ڕاستیان کردۆتەوە و خستویانەتە سەر ڕێنووسی نوێی کورد.
اشان هەریەک لە مەلا عەبدولکەریم مودەریس و محەمەدی کوڕی شیعرەکانیان لێکداوەتەوە و هەروەها بە هاوکاری کاکەی فەلاح و شێخ موحەممەد مەحوی دیوانەکەیان بە شێوەیەکی جوان بە چاپ گەیاندووە.
کۆچی دواییمەحوی لە تشرینی یەکەمی ١٩٠٦دا ژیانی دوایی ھات و لە یەکێک لە ژوورەکانی خانەقاکەیدا بە خاک سپێردرا.

سه‌رچاوه‌ :
نووسراوه‌کانی گەلبەستی حه‌زره‌تی مەحوی

تصاویر ضمیمه: 
کورتەیەک له‌ ژیانی حەزره‌تی مەحوی
کورتەیەک له‌ ژیانی حەزره‌تی مەحوی