چاو پيكه‌وتن له گه‌ڵ شاعێرى مه‌ريوانى كاك ئه‌حمه‌د به‌هرامى

چاو پيكه‌وتن له گه‌ڵ شاعێرى مه‌ريوانى كاك ئه‌حمه‌د به‌هرامى

مامۆستا گيان زۆر پێی خۆشحاڵين كه وه‌كوو ھه‌واڵنێری گۆڤاری ئیسلاح گه‌يشتوومه‌ته خزمه‌تان تاكوو وتوو وێژێكتان له گه‌ڵا بكه‌ين له باره‌ی فولکلۆری كورده‌واريدا.
1- سه‌ره تا وه‌كوو يه‌كه‌م پرسيار ئاماژه‌يێك بكه‌ن به فولكلۆر و ئه‌وه‌ى كه فولكلۆر به چ شتێك ده گوترى؟
وڵام : به هه‌رگوراني و نووسراو و داب و نه‌ريتێك كه له كۆنه‌وه مابێته‌وه‌ و له نێو خه‌ڵکی دا که‌ڵکی لێ وه‌رگیرابێ و به‌ڕێوه‌ برابێ فولكلۆر ده‌گوترێ.
فولکلور، خاوه‌نێکی دیاری و ناسراوی نییه و موڵکێکی گشتی هه‌موانه و چینه‌کانی گه‌ل ده‌بنه خاوه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌ریان.
به شێک له‌و فولکلۆرانه بریتین له:گورانی، ھه‌ڵپه‌ڕکێ، په‌ندی پێشینیان، مه‌ته‌ڵ، قسه‌ی نه‌سته‌ق، راز، ئه‌فسانه، شانۆ، به‌ڕێوه‌بردنی جه‌ژنه‌کان و سه‌یرانه‌کان له رۆژانێکی دیاری کراو و تایبه‌تیدا.

2- ده‌وله‌مه‌ندی فولكلۆری کوردى له چيدا ده‌بيينن؟
وڵام: سپاس بو خوای گه‌وره ئێمه له هه‌موو به‌شه‌کانی فولکلۆردا ده‌وڵه‌مه‌ندین و ئه‌توانیین شان به شانی گه‌لانی‌ تر له هه‌ر به‌ش و بوارێکدا بیری لێ بکه‌ینه‌وه و خاوه‌نی به پیزترین فولکلۆرین. به‌ڵام به داخه‌وه زانایانمان له‌م بواره‌دا که‌مته‌رخه‌می‌یان کردووه و زۆرێ له به‌شه‌کان‌مان نیوه ته‌واو و ناته‌واو کۆ کراونه‌ته‌وه. له ڕێگه‌ی گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ و په‌ندی پێشینیاندا هه‌وڵێکی ناته‌واو دراوه هه‌رچه‌ند له ڕێی به‌شه‌کانی‌تردا هه‌وڵی چڕ و پڕ بۆ کۆکردنه‌وه‌ و پاراستنیان نه‌دراوه.

3- فولكلۆر چ كاريگه‌ريێکی بووه له سه‌ر چۆنیه‌تی ژیانی کورددا ؟
وڵام : ئه‌وه‌ی که ئێسته ئێمه ئه‌توانیین به شانازیه‌وه له نێو گه‌لانی جیهاندا سه‌ر هه‌ڵبڕین و ئیدیعای بوون بکه‌ین به هۆی فولکلۆره‌کانمانه‌وه‌یه،به هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی فولکلۆره‌کانمانه‌وه‌یه که گه‌لانی‌تر دیان ئه‌نێن به بوونی ئێمه‌دا و به چاوێکی پڕ له ڕێزه‌وه سه‌یرمان ئه‌که‌ن.
به ڕاستی ئه‌توانم بڵێم فولکلۆر مێژوو و که‌سایه‌تییه. واته ئه‌گه‌ر میژووی گه‌لیک به‌ته‌واوی له به‌ین بچیت ئه‌توانری له رووی فولکلوره‌وه جاریکی‌تر دای بریژنه‌وه.

4- له ڕوانگه‌ی ئێوهوه فولكلۆري کورده‌وارى چه‌ن به‌ش ئه‌گريته خۆی؟
به ڕای من:
1ـ داب و نه‌ریت و عاده‌ته‌کانی کومه‌ڵگا وێنه‌ی : سه‌یران، جه‌ژن ، دیده‌ن، داواکردنی ژن، زه‌ماوه‌ند، پرسه، هه‌ره وه‌رز و یارمه‌تی دانی یه‌کتر له ئیش و کاره‌کاندا،گه‌مه‌و کایه‌ی خۆماڵی.
2ـ گۆرانی و به‌یته‌کان ـ خوێندنه‌وه‌ی شێعر
3ـ نووسراوه‌کان : وێنه‌ی په‌ند ـ مه‌ته‌ڵ و قسه‌ی نه‌سته‌ق.
4ـ فولکلۆری زاره‌کی : وێنه‌ی گیڕانه‌وه‌ی ڕاز و ئه‌فسانه و به سه‌ر‌هاتی کۆن و تازه.
5ـ شانو ـ نه‌خشاندنی وێنه ـ که‌ره‌سته‌ی ده‌ستی و جل و به‌رگی ره‌سه‌ن.

5- فولكلۆر چه‌نده له ئه‌دبياتى ئێمه‌دا كاريگه‌رى بووه؟
وڵام : ئه‌ده‌بياتی ئێمه‌ هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بناغه و بنچینانه‌ی که پیشتر باسمان کرد داڕێژراونه‌وه و هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بنه‌ما ناوبراوانه په‌ره‌ی پێدراوه و گه‌شه‌یان کردووه.
6- به ڕای ئێوه‌ ئه‌توانيين بڵێین نه‌ورۆز به‌شێكه له فولكلۆری کوردی؟
وڵام : به‌ڵێ چونکو زۆر له مێژه‌وه کورده‌واری نه‌ورۆزیان به سه‌ری ساڵ زانییوه و به سه‌ره‌تای نوێ بوونه‌وه‌ی سروشت ناوبراوه. ئه‌و رۆژه رۆژی رزگار بوونه له ده‌ستی سپای کڕێوه‌ و زاڵبوونی جوانی سروشته به سه‌ر بوونه‌وه‌ر‌دا. هه‌رچه‌نده که تێکه‌ڵی ئه‌فسانه و پڕوپاگه‌نده کراوه، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی هه‌ر ئه‌و نوێ بوونه‌وه سه‌ره‌تایه واته له نێو کورددا 2713 ساڵه ئه‌م جه‌ژنه به ڕێوه‌ ده‌چێت.

7- ده باشه فولکلۆری کوردی چ ڕۆڵێکی بيينيوه له كه‌م يا زۆر كردنى ئازار و مه‌ينه‌ته‌كانى گه‌لى کورددا؟
وڵام : ئازار و مه‌ینه‌تی گه‌لی کورد نه‌به‌ستراوه به بوون و نه بوون و ده‌وڵه‌مه‌ندی و هه‌ژاری فولکلۆره‌که‌یه‌وه به‌ڵکوو دونیا‌خۆران چاویان بڕیوه‌ته‌ ‌وڵاتی بژوێن و پڕداهاتی کورده‌واری و ساڵه‌هایه بۆ داگیر کردنی هه‌وڵیان داوه.

8- وه‌کوو دوايين پرسيار، ئيسلام چ كاريگه‌ريێگی له سه‌ر فولكلۆر، داب و نه‌ريتى ناوچه‌كانى کورده‌وارى بووه و به چ شێوه‌يێك مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵيا كردووه؟
وڵام : ئیسلام چوونکو دینی سه‌لامه‌تی و ئارامی و ره‌حمه‌ته هه‌رگیز به تووندو تیژی مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ مێژوو و فولکلۆریدا نه‌کردووه. به‌ڵکوو له سه‌ره‌تای هاتنی ئیسلامه‌وه بو هه‌ر وڵات و ناوچه‌یێک میلله‌ته‌کانی له به‌جێ هینانی فولکلۆر و داب و نه‌ریتی تایبه‌تی خۆیاندا ئازاد کردووه، بۆ له ناو بردنی هیچ جۆره فولکلور و که‌له‌پورێک زۆری له هیچ گه‌لێک نه‌کردووه، بۆیه ئێسته‌یش پاش تیپه‌ڕ بوونی 1435 ساڵ به سه‌ر ئه‌م ئایینه پیرۆزه‌دا هه‌موو په‌یکه‌ره‌کانی بودا و حه‌زره‌تی مه‌ریه‌م و حه‌زره‌تی عیسا و خوای خه‌یر و خوای شه‌ڕ و قانوونه‌کانی حه‌موڕابی ره‌سم و یاساکانی شه‌یتان په‌رستان جیا له ئیسلامه‌کان وه‌کو خۆیان ماونه‌ته‌وه؛ ئیسلام بۆ له ناو بردنی هیچکامیان هه‌وڵی نه‌داوه با له وڵاتی ئیسلامدا بووبێتن.

مامۆستا گیان زۆر سپاس! ماندوومان کردن، هیوادارین له‌ش ساغ و سه‌لامه‌ت بن.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)