لە نێوان بەهەشت و شەڕی کۆتایی کاتدا (داهاتووی ئایینەکانی جیهان، توندوتیژی و ئاشتیپارێزی) (بەشی یەکەم)

لە نێوان بەهەشت و شەڕی کۆتایی کاتدا (داهاتووی ئایینەکانی جیهان، توندوتیژی و ئاشتیپارێزی) (بەشی یەکەم)

هەموو ئایینە سەرەکییەکانی جیهان، لە قۆناغێک لە مێژووی خۆیاندا پێبەندبوونی خۆیان سەبارەت بە ئاشتی، لە زمانی سەرکردە و بیرمەندەکان و لە نێوان دەقە کلاسیکەکان یان ڕێکخستنەکانی دوایی خۆیاندا، وەک بایەخێک دەربڕیوە. جیا لەمانە، تێکۆشەرانی ئایینی لە چارەسەری ناکۆکییەکانی نێونەتەوەییدا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕؤڵی گرینگ و بەنرخ دەگێڕن.

داڕژتنی بوارێکی نوێی لێکۆڵینەوە
هەموو ئایینە سەرەکییەکانی جیهان، لە قۆناغێک لە مێژووی خۆیاندا پێبەندبوونی خۆیان سەبارەت بە ئاشتی، لە زمانی سەرکردە و بیرمەندەکان و لە نێوان دەقە کلاسیکەکان یان ڕێکخستنەکانی دوایی خۆیاندا، وەک بایەخێک دەربڕیوە. جیا لەمانە، تێکۆشەرانی ئایینی لە چارەسەری ناکۆکییەکانی نێونەتەوەییدا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕؤڵی گرینگ و بەنرخ دەگێڕن. هەندێک لەو چالاکوانە ئایینیانە بریتین لە پڕۆتیستانتەکان (گاورەکان)ی ڕێبازی منوونیت و کوویکێر و کاتوولیکەکان کە سەرکەوتووانە خۆیان لە ناکۆکییەکانی ئەفریقا، ئاسیا و ئامریکای لاتیندا هەڵقوتاندووە و ناوبژیان کرەدووە و هەروەها سەرکردە گەوەرەکانی بوودایی وەک ماها گووساناندا لە کەمبووج، تیچ نەهات هانە لە ڤێتنام. بەڵام پێبەندبوونی دیندارانە بە ئاشتی، دیاردەیەکی ئاڵۆزە. ڕاستە کە هەندێک لە بڕواکەرەکان دەتوانن بە شیوەیەکی داهێنەرانە داب و نەریتەکانی خۆیان لەگەڵ چالاکییەکانی پێکهێنانی ئاشتی تێکەڵاو بکەن، بەڵام زۆریەک لەوان خۆ لە پەشێوهێنەرترین و خۆڕانەگرترینی ئەو توندوتیژیانەدا هەڵدەقوتێنن کە ئەمڕۆکە لە بەردەمی کۆمەڵگای جیهانییە. مەبەستی ئەم بەشە ئەمەیە کە بە کورتی ڕوون بێتەوە کە بۆ خولێکی نوێی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە پەیوەندی ئایین و ناکۆکی و هەروەها شێوازەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکی چ شتێک پێویستە.
لە درێژایی مێژووی مرۆڤدا، ئایین یەکێک لە ئاگر خۆشکەرەکانی سەرەکی شەڕ، خوێنڕژتن، پەرەپێدانی ڕق و کەمبوردەیی و سینگتەسکی بووە. لە لایەکی ترەوە، پەرەی بە ئایین، داب و نەریت و ڕوانینەکانی ئاشتخوازیش داوە کە پێبەندوونی کلتووری بە بایەخەکانی ئاشتخوازانە، بۆ وێنە تەبایی و دڵاوایی و تەنانەت خۆشەویستی بە بیانییەکان، کۆنتڕۆڵی یاخیبوونی خۆپەرەستی و زێدەخوازی، مافی مرۆڤ، لێخۆشبوونی یەک لایەنە و لەخۆبردوویی، پەشیمانی و داوای لێبوردنی تاکەکان لە یەکتر و قەبووڵ کردنی بەرپرسایەتی هەڵەکانی ڕابردوو بە مەبەستی ئاشتی و هۆی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە.

شیکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئایین و تیۆری چارەسەرکردنی ناکۆکی دوو قازانجی سەرەکی هەیە :
هەوەڵ، دەقە پیرۆزەکان لەبارەی ئاشتیپارێزی و ناکۆکیدا و هەروەها بایەخە گونجاو یان دژە کۆمەڵایەتییەکانی کاریگەر لەسەر ناکۆکی، خاوەنی گەنجینەیەکی زانیاری زۆرن. ئەم دەقانە چیرۆکبێژی مێژووی دوور و درێژی خەباتی تاکی مرۆڤەکان لە ژیانی دەروونیان دان. خەباتێک کە هەندیک جار ئەوانی بۆ لای توندوتیژی کردن کێشاوە و هەندێک جار لە توندوتیژ یکردن دووری کردوونەتەوە. لەم ڕابردووە مێژووییەدا چ سوودمەند و کاریگەر بووە و چی ناکاریگەر بووە؟ ئەم چیرۆکانە لە ڕوانگەی پەیوەندی تاکی ئایینیەوە لەگەڵ توندوتیژی لە کلتوورێکی تایبەتدا، چ شتێک فێری ئێمە دەکەن؟ توانایی دووبارەبوونەوەی کەڵکوەرگرتن لە شێوازەکانی ناکۆکی یان شیوازەکانی بەرگری کردن لە توندتیژیکردن دەبێ سرنجی تایبەتیان پێبدرێت.
دووهەم، ئایین لە ژیانی دەروونی و کردەوەی کۆمەڵگایی میلیۆنان مرۆڤدا ڕۆڵێکی ناوەندی دەگێڕێ کە زۆریەک لەوان هەر ئێستاکە چالاکانە لە خەباتەکانی توندوتیژیهێنەردا دەستیان هەیە. سیاستمەدار و پسپۆڕەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکی دەتوانن لە مانای قووڵایی هۆیەکانی توندوتیژی کردن یان پێکەوە ژیان کەڵک وەرگرن. بە هەبوونی وەها فام و تێگەیشتنێک لەوانەیە کە کاردانەوەیەکی پڕبارتر لە نێوان کۆمەڵگاکانی ئایینی و ڕێگاچارەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکیدا پێک بێت.

سروشتی بڕیاردانی ئایینی سەبارەت بە ئاشتی و توندوتیژی
بێگومان ئاوایە کە زۆربەی هاندانەکان جگە لە ئایین، بۆ وێنە نائومێدی کەسانێک کە لە باری ئابوورییەوە بێبەش ماون، لە ناوەندی ناکۆکییەکان دان. سەرەڕای ئەوەش زمان و سەمبولناسی ئایینی لەو شێوازە گرینگانەن کە بە یارمەتی ئەوان مرۆڤەکان ڕاستییەکان شی دەکەنەوە و لێکدانەوەیان بۆ دەکەن و هەموو بارودۆخە پڕهەست و بەسۆزەکانی خۆیان بە دەستەواژەی ئایینی دەدرکێنن. زۆر گرینگە کە فێر بین چۆن، ئەفسانە، یاسا یان گریمانەکانی مێتافیزیکی، قووڵترین هەستەکانی بڕواکەرەکان لە بیر و زەین ئەواندا دەردرکێنن. وەها زانستێک وا لە گفتگۆکەر دەکات تاکوو لە هێزەکانی هەردووک لای ناکۆکی تێبگات و بە شیوەیەکی داینامیکی، لەگەڵ هەمان زمانی ناوەکی توندوتیژی و وێرانکەری کە ئاکامەکەی دەبێتە هۆی توندوتیژی، هەڵسوکەوت بکات. بەم شیوەیە، تەنانەت ئەگەر بناغەکانی سەرەکی ناکۆکی لە بێبەشی ئابووریدا بن، ئاژاوە نانەوە دژ بە ئەم بارودۆخە، لەوانەیە لە جلوبەرگ و بە زمانی ئایینەوە خۆی نیشان بدات. ئەم بابەتە، ڕێکارێک بۆ خۆ تێهەڵقوتاندن پێویست دەکات کە بتوانێت لە ڕۆڵی ئایین تێبگات و کەڵکی لێوەرگرێت.
گرینگە کە نەتەنیا لە دەقەکانی پەیوەندیدار بە پێکهاتەی ئایینی باسکراو تێبگەین، بەڵکوو شوێنکەوتوان و بڕاوکەرەکانی ئەو ئایینەش بناسین. بۆ وێنە بزانین کە ژیانی هیندۆسییەکی شوێنکەوتووی گاندی کە خۆی بۆ ئاشتی بەخت کردووە، لە هیندوستانی ئەمڕۆکەدا چ جیاوازییەکی لەگەڵ هێندۆسییەک هەیە کە ئامادەیە مزگەوتێک خاپوور بکات و لە ڕێگای ئامانجەکەیدا بمرێت؟ یەکەمایەتییەکانی مێتافیزیکی هەر یەک لەوان کامانەن و بۆچی ئەوان خۆیان پێبەندی ڕوانینی جیاواز لە هێندۆیسم دەکەن؟ ڕوونە کە کۆمەڵەی ئاڵۆزتر لە کاردانەوە و کارتێکردنەکانی سەرتر لە فەرمان یان هۆگری ئایینی لەم کارەدا دستیان هەیە و بەنرخ دەبێت کە لایەنە ئاشکرا و دیاریکراوەکانی تری ئەم هەڵبژاردەیە شی کرێنەوە. بۆ وێنە، کام دیاردەی پیرۆز- دەق، ئایین و دابی ئایینی، بیر و ڕا یان وێنە خوا یان خواکان- لە بیری کەسانێکدا کە بۆ توندوتیژی ئامادەن زۆرتر وەدیار دەکەوەن، لە دۆخێکدا لە بیری ئەو بڕواکەرانە کە لایەنگری ڕوانگەی ئاشتیخوازانەن وەدیار ناکەوێ؟ ئەم پرسیارانە بۆ ئێمە پێداویستی شێکردنەوەکانی ئەزموونی دەهێننە گۆڕێ کە دەبێ بۆ تێگەیشتنی دروستی داب و نەریتەکانی ئایینی کە ئاگری ناکۆکی خۆش دەکەن، شیکردنەوەکانی ئەزموونی لەگەڵ زانستی کۆمەڵایەتی تێكەڵاو بکرێن. بەم شێوەیە بە شێوازێکی زانستی تێدەگەین کە بۆچی دەکرێ هەندێک لە دەق و سەمبولەکانی ئایینێکی تایبەت وەک هاندری بەهێز بۆ ناکۆکی کەڵکیان لێوەربگیرترێت و لە لایەکی ترەوە دەکرێ لە تیشکی لێکۆڵینەوەکانی جیاوازدا، بە یارمەتی ئەوان کەمتر بۆ لای توندوتیژی کردن بکێشرێی.
بهێڵن ئەم بابەتە بە وێنەک ڕوون کەینەوە. زۆریەک لە پڕۆسەکانی توندوتیژیهێنەر لە هیندوستاندا بە کەلکوەرگرتن (یان خراپ کەڵکوەرگرتن)ی هیندۆسە زێدەڕەوەکان چیرۆکە پیرۆزەکانی ئەفسانەیی خواکانی هیندوو دەست پێدەکەن. ئەوان کەڵک لە چیرۆکەکانی بەزین یان سەرکەوتنی خواکانیان وەردەگرن بۆ ئەوەی تووڕەیی هیندۆسەکان دژ بە بیانییەکان و بەتایبەت موسوڵمانەکان بورووژێنن. ڕوانگەی ئاسایی و ژیرانەی ڕۆژئاوایییەکان لە وەها بابەتێکدا ئەمەیە کە بۆ بەهێزکردنی هەندێک لە لایەنەکانی کۆمەڵایەتی خەبات بکەن- بو وێنە مافی شارستانیەتی بۆ هەموان، سەربەستی چاپەمەنی، دادگە و پێکهاتەی دادوەری دادپەروەرانە، هێزی چەکداری و لە وێنەی ئەوان- و هەروەها لەم هەوڵ و تێکۆشانانە رێز بگیرترێ.
ئەمن دۆستایەتێکی باشم لەگەڵ ڕاجمووهان گاندی، یەکێک لە چالاکترین نەوەکانی ماهاتما گاندی هەیە. ئەو ژیانی خۆی بۆ ئاشتیپارێزی، باشتربوونی دەروونی کۆمەڵگای هیند و ئاشتی نێوان هیندۆس و موسەڵمانانەکان کردووە. دوکتوور گاندی ماوەیەک لەمەوبەر ڕای منی سەبارەت بە نووسینی دریژەی ئەندێشەیەک لەسەر قارەمانیەتی مەهارابەهاراتا پرسی. مەهارابەهاراتا یەکێک لە ناوەندیترین دەقەکانی قارەمانیەتی هیندۆیسمە کە زۆربەی هیندۆسەکان چیرۆک و کەسایەتییەکانی دەناسن و هەموو کاتێک لە کارەکانی ئەدەبی، جەژن و ڕێ و ڕەسمەکاندا و لە تەلەفیزیۆندا باسی دەکەن. یەکیک لە هاریکارە نزیکەکانی ئەو وای بیر دەکردەوە کە بە سرنجدان بە ڕادەی کار و پێداویستی نووسین لەبارەی ئاشتی و ئەو ناکۆکییەی کە لەم کاتەدا لە هینددا هەبوو. ژیرانە نییە کە دکتوور ڕاجمووهان گاندی کاتی خۆی بۆ نووسینی درێژەی ئەندێشەیەک لەسەر قارەمانیەتی مەهارا بەهاراتا تەرخان بکات. گاندی ڕای منی پرسی و من نەمندەزانی چ وڵامێکی بدەمەوە کە سووکایەتی بە کەس نەکرێت. پاش ئەوەیکە داواتر لە جێگەیەک خوێندمەوە شیوو سینا زێدەڕەوترین یەکیەتی هیندۆس بە ڕازاندنەوەی سەیارەیەک بە شێوەی یەکیک لە خوایانی هیند و لێخوڕینی ئەو لە سەرتاسەری وڵاتدا بۆتە هۆی ورووژاندنی شەڕی زۆر و دژ بە مەسوڵمانەکان ئاژاوەی زۆری دروست کردووە، زانیم کە گاندی چ مەبەستێکی هەبووە. ئەو دەیهەویست قووڵترین ئەفسانەکانی هیندۆس دووبارە بخوێنێتەوە و ڕوانگەکانی خۆ لادان لە توندو تیژی لەوان بهێنێتە دەر و بەم شێوەیە ئەو شتە کە بە بڕوای ئەو ڕاستی دەروونی و ناوەکی ئەو دەقانەیە، وەدیار بخات و ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە ئەو و بابەگەورەی و زۆریەک لە هیندۆسەکانی تر وەک دەربڕینی مەزنترین زانستەکان، بۆ وێنە خۆلادان لە توندو تیژی (ئاهیسما)، دەیاندیت.
پاش ماوەیەکی زۆر، دوای ساڵانیکی زۆر فێرکاری قوتابییەکان و تۆژینەوەی زۆر، بۆم دەرکەوت کە گاندی بەیەکجاری ڕاستی وتووە کە ڕێگەچارەکانی ئێمە دەبێ لە تێگەیشتنی ئەفسانەکانی مرۆڤی ئاسایی لەسەر ڕاستی و درۆ شاهیدی بدەن و لێکۆڵینەوەیەک لەو باوەڕانە بن و گەر ئێمە بەڕاستی دەمانزانی کە ئەوانەی توندوتیژ دەکەن چۆن لە لای خەڵکێک کە لە دۆخی ئاساییدا کەسانێکی ڕێزدارن، خۆشەویست دەبن ئەوکات لەوانەیە ئەو شانسەمان بۆ بڕەخسێت کە کۆمەڵگا بەرەو ڕێگەیەکی جیاواز بەرینە پێش.
لێکۆڵینەوەی وردبینانەتری دەقە پیرۆزەکان، داب و نەریت، سەمبول و ئەو ئەفسانانەی کە لە بارودۆخی ناکۆکیدا دێنە پیش، دەتوانن بۆ ڕێکخستنی چەند ڕوانگەی تیۆریکی لەبارەی بیرۆکەی شیکردنەوەی ناکۆکیدا یاریدەر بن. بۆ وێنە شیکردنەوەیەکی وردبینانە دەتوانێت دیاری بکات کە تا چ ڕادەیەک هەستی ڕێگە پێدران یان ڕێگەپێنەدانی ئەنجام دانی کارێک دەتوانێ لە ناکۆکییەکی تایبەتدا کاریگەری هەبێت. وێنەکانی دەروون داینامیکی چارەسەرکردنی ناکۆکی کە پەیوەندی نێوان نەیار و ئی خۆمانە یان ڕۆڵی برینە قووڵەکان شی دەکەنەوە، دەتوانرێ بە تاوتوێکردنی وەها بابەتگەلێک دەوڵەمەندتر کرێن. لە لایەکی ترەوە، دەتوانرێ شی کرێتەوە کە دەقەکانی ئایینی و سەمبولەکانی ئەوان کام یەک لە پێداویستەکانی مرۆڤ وەدیدێنن. ئەو شیکردنەوانە دەتوانن پردێک بۆ ناسینی شێوازی دەربڕینی کلتووری هەر ناکۆکییەکی تایبەت پێک بێنن، گەرچی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەم بابەتە بە ئەزموونی زانستی و لێکۆڵینەوەیی گۆڕەپانی، زۆرتر ڕوون دەبێتەوە. بۆ وێنە لە کارگەیەکی دواییدا بۆ ئاشتیپارێزانی مەسیحی، ئەمن لە چیرۆکی ئێنجیلی ماتیوو 7:1 و چەمکی وەدواخستنی حوکم و خۆلادان لە حوکم دان سەبارەت بە ئەوانەی تر کەڵکم وەرگرتووە، هەم وەک ڕیگایەک بۆ نزیکی بۆ ئایینە یەک خوایەکانی تر کە بایەخی کردەوەیی هاوشێوەیان هەیە و هەم وەک چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ کارگەیەکی چارەسەرکردنی ناکۆکی بە بەشداری مەسیحییەکان. بەم شێوەیە لایەنەکانی بەشداربوو هۆی ئایینی زۆرتریان هەبوو تاکوو ئەوانەی تریش بە مرۆڤ بزانن و لە ماوەی دیتنەکانیاندا، کڵێشە و بڕواکانی چوارچێوەیی خۆیان بخەنە لاوە.
ڕوانگەکانی ئاشتیپارێزی و چارەسەرکردنی ناکۆکێ دەبێ ڕۆڵی سەرکردەکان لە کۆمەلگادا شی کەنەوە. ئەم سەرکردانە کەسانێکن کە ئەوەندە بوێرن لە ئاشت بوونەوە لەگەڵ نەیاردا تەنانەت کاتێک گاڵتەیان پێدەکرێت لایەنگری بکەن. بۆ وێنە کام یاسا، دەقی پێشبینیکراو و پێغەمبەرانە و چیرۆک و وانەی تەوڕات لە بیر و زەینی ئەو ژنە مووسایییەی ئۆرسۆدۆکس کە ئەندامی گرووپێک بە ناوی ژنانی ڕەشپۆشدا هەبوو کە وای لەو دەکرد تاکوو هەموو حەفتان لە شەقامەکانی قودسدا لەسەر داگیر کردنی لێوارەکانی ڕؤژئاوا ناڕەزایەتی خۆی دەرببڕێت؟ بۆچی ئەو ئامادە بوو کە لەبەر بڕواکانی بەرگەی سووکایەتی کردن بگرێت؟ چ شتێک ئەو ڕادە بوێرییە دەڕەخسێنێت؟ لە دۆخی بەرانبەردا، چ شتێک لە زەین و بیری ئەو ئیسڕائیلییە نێشتەجێکراوانەی قەراغەکانی ڕۆژئاوادا هەیە کە ئامادەیە بۆ بەرەنگاری کردن لە بەشێک لە خاکی ئیسڕائیلی پیرۆز و کەونارایدا بمرێت؟ لەوانەیە کەسێک ئەو بەشە لە پەڕتووکی یووشع (یەکیک لە بەشەکانی سەردەمی کۆن لە ئێجیلدا) کە لەوێدا بە ئیسڕائیلییەکان فەرمان دەدرێت تاکوو هەموو وڵاتی کەنعان داگیر بکەن، زۆر بە باشی لەبەر بێت، بەڵام پەیامی ئیبڕاهیمی لەبیر چووبێتەوە کە لە پەڕتووکی پەیدابووندا 18:19 هاتووە و لەوێدا ئاماژە دەکرێ کە بەخشینی زەوی لە بەرانبەر پێبەند بوون بە داد و ڕاستگۆیی دایە. ئەم دامەزراوانەی دەقی هەڵوێسگرتنی ئایینی دەتوانن تیگەیشتنێکی قووڵ لەو شتە کە لە ئیسڕائیلی ئێساتاکەدا توندو تیژی کردن پێک دێنێ و یان لە دۆخی بەرانبەردا لەو بەرگری دەکات، بخەنە بەردەست. ئێستاکە تازە دەزانین کە دوو لایەنی ناکۆکی لەوانەیە دەقە پیرۆزەکانی خۆیان لە نێوان چاویلکەی نیگەرانی و دڵەکوتە قووڵەکاندا ببینن و لەوانەیە ئەو ئامانج دوور و درێژەی کە هەردووک لایەنی ناکۆکی هەیانە، هاندەرێک بێت بۆ ئەو شتەی کە لە دەق و سەمبولەکانی ئایینیدا بە شێوەی خوازراو و هێمایی دەبیندرێن.
بهێڵن با ئەم بابەتە ڕوون کەینەوە. کار کردن وەک داوود، پاشای دێرێنی جوولەکە و گرتنی وڵاتەکان بە هەر شێوەیەک، لەوانەیە لەگەڵ باشترین داب و نەریتی ئامانجخوازی مووساییدا گونجاو بێتە بەرچاو و یارمەتی مووسایییەکان بدرێت تاکوو بۆ هەوەڵ جار پاش دوو هەزار ساڵ لە باری چەکدارییەوە پەرە بگرن و لەڕاستیدا تەنانەت لە سەردەمی پاشایەتی جوولەکەش بەهێزتر بێن (ئەم بابەتە ڕەنگە ببێتە هۆی هاتنی مەسیح کە زۆر لەمیژە چاوەڕێین). بیر کردنەوە لەوە کە کەسێک ڕێگەپێدراوە لە وەها پڕۆسەیەکدا بەشداری بکات، بەشی خۆی سامناکە، بەڵام ئاکامەکەی لەژێر هەنگاوی ڕەشکوژی (Holocaust) گەورەترین بەڵایەکە کە لە سەرتاسەری مێژوویدا بەسەر مووسایییەکاندا هاتووە، بەهۆی نیشاندانی هێزی کۆتایی لە بەرانبەر جیهانی ناجوودا کە بە بڕوای زۆریەک لە مووسایییەکان هەموو کاتێک ڕقی لەوان بووە، بە مانای ڕاستەقینە دەتوانێ نیشاندەری ئەمە بێت کە تاک نوقمی ئەم ئەندێشەیە بێت کە وەها کارێک پیلانێکی خوداوەندییە.
لە وەها پێکهاتەیەکی تێگەیشتن، بەسۆز و ناوەکیدا، تاک دەتوانێت سرنج بداتە سەر نیشانەکای فیزیایی خاوەنیەتی وڵاتی ئیسڕائیل وەک سەمبولی دەرەوەی پیلانی ناوەکی خوداوەند. بەم شێوەیە، قەبرستان و وێرانە کەوناراکان بە نیشانەکانی کەسایەتی دێنە ئەژمار و تەنانەت لەوە گرینگتر، نیشانەیەک لە وەدیارکەوەتنی ورەی خوا دێنە ئەژمار. لە وەها بوارێکدا، سروودی ((داوود، پاشای ئیسڕائیل زیندووە و زیندوو دەمێنێتەوە)) گرینگ دەبیت لە دۆخیکدا کە گۆرانییەکانی مووسایییەکانی ڕۆژهەڵاتی کە ڕێزیان لە بێفیزی و چاکەکاری کردەوەیی بۆ وێنە بێدەنگی لێکردن، ڕاستگۆیی یان باش زانینی هەموو گەلێک، دەخەونە پشتەوەی وێنەکانەوە (Background). وەبیرم دێتەوە کە لە کاتی منداڵیدا بەردەوام ئاوازێکم گوێ لێدەبوو کە لە ئێنجێل 34:13 وەرگیرابوو، بەم ناوەرۆکە (( کام پیاو ئارەزووی ژیانی هەیە و ئەوینداری ژیان {لەسەر زەوی}یە تاکوو شاهیدی چاکییەکان بێت؟ {ئەو دەبێ چ بکات؟} باسی خراپە مەکە، لە ئەهریمەن خۆ لادە و چاکە بکە، وەشوێن ئاشتی کەوە و بیدۆزەوە)). ئەم گۆرانییە لە سەدەی بیستەمدا لە پاڕانەوەکانی بەکۆمەڵدا ئاوازێکی گشتی و یەکیک لە بەشکۆترینی ئەوان لە کۆمەڵە گۆرانییەکانی بنەماڵەیی ئێمەدا بوو. ئێستا ئیتر ئەم ئاوازە نەبیستم. زۆریەک لە ئاشتیپارێزان لە ئیسڕائیل و کۆمەڵگای مووساییدا جگە لە چەند بابەت، ئەو گۆرانیانە نازانن یان وەبیریان نایەتەوە و بە پێی پێکهاتەی کلتووری خۆیان، پێیان باشترە کە لەجیاتی ئەوەکە هێزی ناوەکی مووسایی بەهێز کەن، ئەم هێزە کەم کەنەوە. هەڵبەت وەها کارێک هۆگرانی ئایین بە بڕەوپێدەرانی ئایینزانی ناکۆکی- ‌هێنەر دەسپێرێت.
لە پێکهاتەی ئێستاکەی زایۆنیزمی ئایینیدا کە ڕاست بوونی ئایینی نوێی داگرتووە، کێشەی سەرکی لەسەر پیرۆز بوونی رێژەیی وڵات، ژیانی مرۆڤ و کردەوەدا سەری هەڵداوە. لە زۆرتری مێژووی یاساکانی خواوەندی مووساییدا، کاتێک کە جوولەکەکان ناچار بن لەنێوان دوو هەڵبژاردەدا یەکیان هەڵبژێرن، پیرۆزی ژیان و کردەوەیان وەپيش زەوی و وڵات داوە. لە سەدەی بیستەمدا، ڕەوتێکی هێور بەڵام بەروەو پێشکەوتن دروست بووە کە سەرترین پیرۆزی بۆ وڵات قایل دەبێت و بۆ پاراستنی ئەو توندوتیژی ڕەوا دەزانێت. بەڵام هێستا سەرلێشێواوییەکی ناوخۆیی زۆر سەبارەت بەم بابەتانە هەیە. بوونی ئەم سەرلێشێواویانە گرینگە، چونکوو نیشان دەدات کە گەر ڕوون بێتەوە پێداگری لە ڕادەبەدەر لەسە پیرۆزبوونی زەوی لەوانەیە ژیانی مرۆڤایەتی بخاتە مەترسییەوە، ئەوکات ئەگەری ئەوە دێتە پێش کە لەجیاتی هەڵبژاردنی توندوتیژی شێوەکانی تر بگرترێنە بەر. ترس و نەبوونی متمانە، هاوڕێ لەگەڵ ترۆریزم و شەڕ لە بیر و زەینی زۆریەک لە خەڵکی ئایینیدا گرینگایەتییەکی زۆرتریان لە پیرۆزبوونی زەوی هەیە. بەم واتایە کە ڕاوێژەکانی پێکهێنانی متمانە، نەتەنیا لە کۆمەڵگای سێکولارەکاندا بەڵکوو لەناو بەشێکی گەورە لە کۆمەڵگای ئایینییەکاندا و تەنانەت لە کۆمەڵگای بنەڕەتخوازیشدا دەتوانێ کاریگەری هەبێت، بەم مەرجە دەرکەوێت کە سپاردنی زەوی لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی پارساتنی ژیانی مووسایییەکان. بەشێکی زۆر لە مووسایییەکانی ئایینی ئیسڕائیل لەگەڵ گووش ئاموونیم یان کاش پەیوەندیان نییە. ئەم گرووپە زێدەڕەوانە پێکهاتوو لەو کۆچەران کە بۆ وڵات بایەخێکی زۆر قایل دەبن. لەجیاتی، هۆی سەرەکی و گرینگی دژایەتی ئایینییەکان لەگەڵ ئاشتی، ترسی ئەوان لە زەرەری گیانییە، یانی گەر تاکێکی جوولەکە بکوشترێت لە باری ئایینی و یاسایییەوە بەڕاشکاوی دەربڕدراوە کە بەرەنگاریکردن واجبە. ئاگادار بوون لەم بابەتە دەبێ ببێتە هۆی ئەوە کە مەبەستەکان و ڕێکارەکانی دڵخواز لە ئیستراتێژییەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکیدا سەبارەت بە مووساییدا ئایینی زۆر بە توندی چاک بکرێن.
سەبارەت بەوەیکە بۆچی خەڵک لە کاریگەری ناکۆکیدا یەکێک لە وڵامە ئایینییەکان لە ڕێکارەکانی تری وڵامدانەوە باشتر دەزانن، ڕوونکردنەوەی جۆراوجۆر هەیە. بە دڵنیایییەوە ناتوانرێ حاشا بکرێت کە دەق، بیرۆکە یان سەمبولی ناوەکی تایبەت هەن کە دەتوانن هەندێک لە پێداویستییەکانی تێگەیشتن یان سۆزی تاکی وەدی بێنن. هەروەها، زۆر جار ئەوەش ڕاستە کە بۆ پێوەلکان بە گرووپێکی تایبەت هۆی کۆمەڵایەتی بەهێز هەیە کە ڕوانگەیەکی تایبەتی بە ئەزموونی ئایینی هەیە هۆگرییەک کە لە نۆرەی خۆیدا تاک دەخاتە داوی جیهانیکی کردەوەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسی تایبەتەوە. لایەنەکانی توندوتیژی یان ئەو سیاسەتە سەرکوتکەرانەی کە گرووپ لە کاریگەری ناکۆکیدا دەیگرێتە بەر، لەوانەیە بۆ تاک بە ڕادەی قازانجەکان کە لە هۆگری بەو گرووپە وەدەستی دێنێ، گرینگ نەبێت، پێبەندبوونی گرووپ بۆ توندوتیژی کردن چەندە قووڵە؟ ئاخۆ دەکرێ ئەم توندوتیژی کردنە لە پێبەند بوونەکانی تر جیا کرێتەوە؟ بۆ وێنە، وێدەچێت کە ئیخوانولموسلمینی میسر و گرووپەکانی تری ئایینی، بەهۆی کاری مرۆڤدۆستانە لە کاتی ڕووداوی جەرگبڕدا لە لای هەژارترین چینەکانی کۆمەڵگای میسردا خۆشەویستییەکی زۆریان هەبێت. کاتێک کە خەڵک لە هەڵبژاردەکاندا دەنگ بە ئیخوانولموسلمین دەدەن، ئاخۆ ئەوان بەو کەسە خۆنەپەرستانە دەنگ دەدەن کە دەیانهەوێ فەرمانەکانی قورئانی جێبەجێ بکەن و سەروەت و سامان دادپەروەرانە لەناو خەڵکدا بڵاو کەنەوە یان بە گرووپیک دەنگ دەدەن کە دەیانهەوێ بە شێوەی توندوتیژی حکوومەت بڕووخێنن؟ ڕوونە کە بە بێ ڵیکدانەوەیەکی گشتی ناتوانرێ بەم پرسیارە وڵام بدرێتەوە، بەڵام گەر نەتوانین لەم پەیوەندییەی بەرانبەر و تێکهاڵاو نێوان بایەخ و دامەزراوەکانی ئایینی تێبەگەین، بێگومان لە تێگەیشتنی گورجوگۆڵی زێدەڕەوی خوازی یان تێگەیشتنی دیاردەی توندوتیژیشدا دەمێنینەوە.
ئەوەیکە سرنجی تاک لەسەر دەقێکی ئایینی لە بەرانبەر دەقەکانی تردا بە هۆی سروشتی بەسۆز، پەروەردەی بنەماڵەیی یان بارودۆخی سیاسی- ئابووری ئەو بزانین، تەنیا تاکوو ڕادەیەک دروستە. بەڵام کاریگەری بەهێزی بیرۆکە و دەقەکان لەسەر زەین و دڵی مرۆڤەکان کە لە بارودۆخی لێڵی کردەوەیی و سیاسیدا لە ڕێنوێنی دەگەڕێن، ناتوانرێ بە سادەیی حاشای لێبکرێ. ئەوەی لێرەدا گرینگە، لێڵی و روون نەبوونی بارودۆخەکانی مرۆڤە. لانیکەم لە ئاستی تاکدا کەس پێی وا نییە کە بۆ وێنە هێڵێکی هەژاری گریمانەیی دیاری بکات کە کێ دەبێتە تاکێکی توندوتیژ یان دژی کۆمەلایەتی دەبێت. زۆر جار لە خراپترین بارودۆخەکاندا هەندێک لە تاکە بێبەشکان دەبن بە کەسانێکی پاک و بێگەرد، لە دۆخێکدا کە هەندێکیشان دەبنە، ئاژاوەچی، یان ترۆریست. وینەیەکی تر ئەمەیە کە بەدڵنیایییەوە ناتوانرێ بوترێت کە ناوەندی گەرم و پڕ لە خۆشەویستی بنەماڵە حەتمەن سەبارەت بە شێوازی کردەوەی تاک لە بارودۆخی توندوتیژی کردن یان پێکدادانیشدا ڕێنوێنی بدات. هەڵبەت بەکەڵکە کە تاک لە ئاقارێکی پڕ لە خۆشەویستیدا پەروەردە بێت و باسی قنیاتکەریش هەیە کە ئاقاری بنەماڵە لە هۆگری تاک بۆ توندوتیژی کردن یان خۆنەپەرەستیدا ڕۆڵێکی گرینگی. سەرەڕای ئەوانە، ئەم لێڵییە هەروا دەمێنێتەوە، بەتایبەت لە پەرەسندنی کاتی درێژدا کە دڵەکوتەی سەرچاوەگرتوو لە خولەکانی ترس و خۆف لەسەر هێزی دادوەری تاک کاریگەری دەبێت. پێویستە کە لەسەر ڕادە و شێوازی کاریگەری بڕوا قووڵ و بنەڕەتییەکانی تاک لەسەر کردەوەی توندوتیژیهێنەردا لێکدانەوەیەکی زۆرتر بکرێت. بۆ زۆربەی خەڵک، ئەم چەشنە بڕوا قووڵانە و کردەوە خووپێگرتووانە خاوەنی تایبەتمەندی ئایینین. بایەخ و دەقگەلێک کە لە بارودۆخی دژواری ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و قەیرانەکانی تاکەکەسیدا دەستبەجێ دێنە ناو زەین و بیر، گرینگایەتی سەرەکیان هەیە.

ڕێبازەکانی جیهانی کردەوەی ڕەوشتی و کلتوورە چکۆلەکانی ئایینی
لەناو کەسانێکدا کە خاوەنی هۆگری سێکوولار، ئایینی لیبڕاڵ یان جیهانشارین، پاڵپشتییەکی بەربڵاو لەم چەمکە هەیە کە باشترین شێوەی دوور خستنەوەی کۆمەڵگا لە کەم دەفرایەتی ئایینی و ڕێنوێنی کردنی ئەو بۆ لای زێدەخوازی، ڕێكخستن و پەرەپێدانی کۆمەڵێک لە ئاییننامەکانی سیاسییە، بۆ وێنە ئەو بەڵگانەی کە لە پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوەکانی سیاسی و شارستانیەتی و مافی تاک لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسەند کراون، سەرەڕای ئەوەش زۆربەی ئایینییەکان لە سەرانسەری جیهاندا لەگەڵ ئەم گفتوگۆیەی ڕەوشتی جیهانداگر" سێکوولار" دا نین. کێشەیەک نییە گەر بڵێین خۆزگە ئەوان لەگەڵ ئەم گفتوگۆیەی ڕەوشتیدا دەبوون، بەڵام کاتێک کە قەیرانێک لە گەڕ دایە، ئەوەی پێویستە، بوونی ئەو شێوازانەیە بتوانرێ لەگەڵ فاکتەرەکانی ئایینی بە هەمان شێوە کە ئەوان خۆیان دەناسێنن، ڕووبەڕوو بین. بە ڕوانگەیەکی وردبینانەتر دەتوانرێ ئەو هۆیانە بناسرێن کە لە لایەک ئامادەباشی بەشداری کردن لە گفتوگۆیەکی جیهانین و لە هەمان کاتدا ئامادەباشی بە ئێمەش دەدەن کە لەگەڵ هۆیەکانی ئایینی کە سەبارەت بە نوێخوازی ڕوانگەیەکی قەبووڵکراوتریش هاریکاری بکەین.
لێکدانەوە و شیکردنەوەی ڕێکخراوەکانی ئایینی لایەنگری ئاشتی لەو بارەوە دەتوانن سوودمەند بن. بۆ وێنە بڕواننە ئاز – شالووم، ڕێکخراوەیەکی ئۆرسۆدۆکسی زائۆنیزمی لایەنگری ئاشتی لە ئیسرائیلدا. لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، ئەم ڕێکخراوەیە بە نووسینی وتار و بەڵگەهێنانەوە لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی یاسایی و نایاسیی جوولکەدا کە لە پاڵپشتیکردن لە ڕێگایەکی ئاشتیخواز بۆ شەڕێ عەڕەب – ئیسڕائیلی گفتوگۆ دەکەن، توانیویەتی باسێکی بەربڵاو سەبارەت بە سروشتی بایەخەکانی مووسایی وەڕێ بخات. زۆرتری ئەو کارانەی کە ئەم ڕێکخراوەیە بڵاوی دەکاتەوە بەشوێن ئەوەوەن کە بابەتی ڕێکخراوەکە بە پشتبەستن بە ڕوانگەکانی پێش نوێگەری کە لە شیکردنەوەکانی تەوڕاتدا (شیکردنەوەکانی هالاخیچ و میدراشیچ) هەن و هەروەها بە بەڵگە هێنانەوەکانی دوایی شیکردنەوەکانی زاناکانی ئایینی شڕۆڤە بکەن. زۆریەک لە نووسەرەکانی ئەندامی ئاز- شالووم پێبەند بە چەمکەکانی سەردەمی ڕووناکبیری یاساکانی مرۆڤ و سەربەستی شارستانیەتین. بەڵام بە هۆی جۆری ئەو گوێگر و بینەرانە کە دەیانهەوێ ڕازیان بکەن، بۆیان زۆر گرینگە کە لە باسەکانی خۆیاندا، باباتی خۆیان جیا لە گفتوگۆی نوێی جیهانی بەرنە پێش و نەیگەڕێننەوە سەر چەمکەکانی سەدەی ڕووناکبیری. پسپۆڕێکی چارەسەرکردنی ناکۆکی کە دێتە ناو وەها ئاقارێکەوە دەبێ لەو وردبینیانە تێبگات بۆئەوەی بۆی دەرکەوێ کە چۆن دەتوانرێ بە کەڵکوەرگرتن لە ئایین، ناکۆکییەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی چارەسەر بکرێن و لە خراپتر بوونی بارودۆخ بەرگری بکرێت. یەکێک لە هەڵەکانی چەپەکانی ئیسڕائیلی ئەمەیە کە بە ناساندنی خۆیان وەک گرووپێک کە لەگەڵ ئایین لە ئیسرائیلدا خەبات دەکەن، یەکگرتووە نهێنیەکانی خۆیان لاواز دەکەن. لەجیاتی ئەوە ئەم خەباتگێڕە چەپانە دەتوانن خۆیان بە گرووپێک بناسێنن کە لەگەڵ دەربڕینی بێزارکەری ئایینی ململانێ دەکەن. چەپەکان لە زانینی ئەم خاڵەدا بێتوانا ماوەنەتەوە کە بە تێکەڵاو کردنی هەموو ئایینییەکان، ئاگری پەرەسندنی ناکۆکیان لە ئیسڕائیلدا خۆشتر دەکەن و بۆ کەمکردنەوەی ئەو هیچ یارمەتییەک نادەن و هەروەها لەجیاتی تێکۆشان بۆ ئاشتکردنوەی ڕاستەقینە، تەنیا کارێک کە دەیکەن ئەمەیە کە دوژمنایەتی خۆیان لە لایەن فلیستینییەکان زیاتر دەکەن.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

هەنگاوێک بۆ پاراستنی ژینگە کۆمه‌ڵایه‌تی (1397/06/26)
پێغەمبەر و یارانی هه‌وارگه‌ی دڵان (1397/06/21)
کۆچ لە نێوان ئۆبژێكتیك و سەبجێكتیكدا سیره نبوی، بیرو ڕا (1397/06/20)