ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی خێرا له فه‌لسه‌فه‌ی دین، ته‌جریبه‌ی دینیی و ...
ئاماژه: له راستیدا ئه‌م ووتاره ته‌واوکه‌ری ووتارێک له‌ژێر ناوی«ڕۆشنبیریی دینیی و ئاوڕێ له کارنامه‌ی سی ساڵه‌ی دین‌ناسیی د.عه‌بدولکه‌ریم»ـه که له چەن ساڵ لەمه‌و پێش لە ماڵپه‌ڕی"ڕێنسانس" دا بڵاوکرایه‌وه. لێره‌وه سەرنجتان بۆ ووتاری ناوبراویش وه‌کوو پێشنیازێک بۆ ئه‌م باسه‌ی ئێستامان راده‌کێشین.
فه‌لسه‌فه‌ی دین چییه؟
فه‌لسه‌فه‌ی دین واته «دین ناسین»، دین ناسینیش جاریی وایه له ده‌ره‌وه‌ی دینه‌وه ده‌کرێ و جاریی وایشه له ناوه‌وه‌ی دینه‌وه ده‌کرێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌میشه دوو سه‌رچاوه بۆ دین کێشه ساز ده‌که‌ن:
یه‌که‌م: ئه‌و سه‌رچاوه مه‌عریفیانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی دین یان ئه‌و مه‌کته‌به ئینسانیانه‌ی که به هێنانهگۆڕیی بیرۆکه‌ی نوێ و وروژاندنی پرسیاری تازه و شتانی نادیاریی نوێ[1] بیری ئیمانداران بۆ لایه‌کی دیکه راده‌کێشن و وێنه‌یه‌کی نوێ له دین له مێشکی ئه‌واندا تۆمار ده‌که‌ن.
دووهه‌م: سه‌رچاوه‌ی دووهه‌م خوودی ئایینه که بنه‌ما و دوکتۆرینی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و پێکهاته‌یه‌کی گوونجاوه و له‌هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌و بنه‌مایانه له‌گه‌ڵ یه‌کتر، ئینسجامێکی مێتۆدی و مه‌عریفیان هه‌یه و به‌رهه‌م و ئاکامیی کرده‌یی جۆراوجۆریش له‌گه‌ڵ خۆیان به‌دی دێنن.[2]
کۆمه‌ڵێک پرسی نوێ وه‌کوو موعجیزات، دوعا، وه‌حی و ئیمان که له بنه‌ڕه‌تدا له ناوه‌وه‌ی دینه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن و موته‌که‌للیم و فیلسووفه‌کانی دین، باسیان لێده‌که‌ن. له لایه‌کی دیکه‌وه مه‌سئه‌له‌ی "جه‌برو ئیختیار"و مه‌سه‌له‌ی مرۆڤ و به تایبه‌تی "مافیی مرۆڤ، زمانییی دین، بێمانابوون یا نه‌بوونی گوزاره دینیه‌کان، تاقیکردنه‌وه‌ی دین له بوواره جۆراوجۆره‌کانی کرده‌ییدا"؛ ئه‌وانه و کۆمه‌ڵێک شتی دیکه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی دینه‌وه وه‌کوو میوانێکی نه‌خوازراو، به بێته‌قه له ده‌رگا هێنان، دێنه ژووره‌وه.
فه‌لسه‌فه‌ی دین به واتایه‌کی دیکه راڤه‌کردن و شیته‌ڵکردنه‌وه‌ی ره‌هه‌ندیی عه‌قڵی دین(یانی بیروباوه‌ڕیی بنه‌ڕه‌تی دین) و ڕوون کردنه‌وه‌یه‌کی ئاوهزپهسهندانه له ئیعتقاداتی دینییه. ئه‌گه‌ر ئیشی فه‌لسه‌فه، ئانالیزی بیروباوه‌ڕه‌کان بێ؛ ئێمه ده‌توانین له فه‌لسه‌فه بۆ ته‌حلیل و خوێندنه‌وه‌ی خۆمان له ئیعتقاداتی ئایینی سوود وه‌ربگرین. لێکۆڵینه‌وه و به‌دواچوونی ئه‌وه‌ی که ئه‌رێ فڵانه باوه‌ڕه‌ی ئێمه مانادار، گوونجاو و ماقووڵ(معقوڵ)ه یان نا، کارێکی فه‌لسه‌فییه. ئه‌و رشتهیهی باسیی ره‌هه‌ندی عه‌قڵی دین ده‌کا به "فه‌لسه‌فه‌ی دین" نێودێر کراوه. له فه‌لسه‌فه‌ی دین دا گرنگیی ره‌خنه و هه‌بوونی دیدێکی ره‌خنه‌یی پێداگریی له‌سه‌ر ده‌کرێ؛ به مانایه‌کی دیکه گریمانه شاراوه‌کان ئاشکرا دهکرێنو ده‌خرێنه به‌ر باس‌و خواسیی زانستیی‌و هه‌موو لایه‌نه ئه‌رێنی و نه‌رێنیه‌کانی تێۆره‌کان، باسیان لێوه ده‌کرێ. هه‌روه‌ها ده‌بێ له باسه‌کاندا شه‌ففافیه‌ت[3] هه‌بێ و ئه‌م پێشخانه وا له که‌سی لێکۆڵه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی دین ده‌کا که زۆر به وردبینییه‌وه په‌یڤه‌کان[4] و چه‌مکه‌کان ده‌کار بێنێ.
له فه‌لسه‌فه‌ی دیندا هه‌میشه داکۆکی له‌سه‌ر ئه‌و راستییه کراوه که ده‌بێ "بیروباوه‌ڕی به‌رپرسانه" له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌ڵگه و ئهرگۆمینت دامه‌زرا بێ؛ نه‌ک له‌سه‌ر ئه‌ساسی بۆچوونێکی تاکیی و کۆده‌نگێکی گرووپی. ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ی پێیان وایه نابێ بۆ هینده‌ک ئیعتقاد و باوه‌ڕیی ئایینی ده‌لیل و به‌ڵگه بێنینه‌وه؛ ده‌بێ بۆ ئه‌م قسه‌ی خۆیان به‌ڵگه و ده‌لیلیان هه‌بێ. به کورتی "فه‌لسه‌فه‌ی دین هه‌وڵێکه بۆ ئانالیز و لێکۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی ئیعتقادگهلی دینی"[5]
له فه‌لسه‌فه‌ی دیندا ئیمان ئاوا پێناسه ده‌کرێ و به سێ گووتهزای" ته‌جریبه‌ی دینی"،" سیسته‌می بیروباوه‌ڕی دینی"و "عه‌مه‌ل/کرده‌ی دینی" دابه‌ش ده‌کرێ و ته‌حلیلی چییه‌تی ئیمان، ده‌رنجامی ده‌بێته ته‌حلیلی ئه‌م سێ مهقوولهیه. به واتایه‌کی تر به گوێره‌ی مودێلی کۆنی فه‌لسه‌فه‌ی دین[6]، بۆ تێئۆریزه کردنی دیارده‌گه‌لی دینی سێ ره‌هه‌ند لێک جوێ ده‌کرێنه‌وه؛ ره‌هه‌ندی ئه‌زموونی دینی، مه‌عریفه‌ی ئایینی و ئه‌ده‌بی ئایینی:
له هه‌ر دیارده‌یه‌کی ئایینی دا که تاک خۆی له‌گه‌ڵ ره‌هه‌ندی پیرۆزیی، قودسی و خوایی، رووبه‌ڕوو ده‌بینێ؛ پاشان ئه‌و ئه‌زموونه لیباسی "به‌یان" و "زمان" له‌به‌ر ده‌کا و ده‌چێته ناو " قالبه‌کانی زمانیی" و به شێوه‌ی" گوزاره" فورمۆڵه ده‌کرێ. کاتێک ئه‌م گوزارانه ده‌چنه ناو خانه‌ی " ئاگاداریی و زانست"ـه‌وه " مه‌عریفه‌ی دینی/ باوه‌ڕیی دینی" پێک دێنن. پاشتر سه‌ره‌ی" ئه‌ده‌ب/کرده‌ی دینی" دێ و ئه‌ویش له دوو ره‌هه‌ندی ده‌روونی(جوانحی) و ده‌ره‌کی(جوارحی)دا «ئه‌خلاقی ئایینی» و «فێقهـ» پێک دێنن که وه‌کوو باسمانکرد ئه‌خلاق باری ده‌روونی و فێقهیش باری کرده‌یی و ده‌ره‌کی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه."
وه‌حی و تهجرێبهی دینیی
له‌و دینانه‌ی که دینی ئیبڕاهیمی یا خوود ته‌وحیدیان(ئیسلام، یه‌هوودیه‌ت و مه‌سیحیه‌ت) پێده‌وترێ، خوا بوونه‌وه‌رێکی موته‌عالی و به‌ته‌واویی شتێکی تره. به‌ڵام له هه‌مان کات دا ده‌توانێ به یه‌کێک له شێوه‌کان، خۆی بۆ مرۆڤ ئاشکرا کاو پێوه‌ندێکی شه‌خسی له‌گه‌ڵ بگرێ؛ یانی مرۆڤی خۆش بوێ و رقیی لێی هه‌ستێ و له نه‌هامه‌تیان دا یارمه‌تی بدا و له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌وانه‌وه قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکا و گوێبیسی قسه‌کانی ببێ. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی موتهناهی و سنوورداره، به‌ڵام ده‌توانێ ببێته لایه‌نێکی پێوه‌ندیی له‌ته‌ک خوا و ئه‌زموونی شه‌خسی و تاکه‌که‌سی له خوا هه‌بێ. له‌م دینانه دا ئیمکانی ته‌جریبه‌ی دینی یان فامیی خۆده‌رخستنی(تجلی) خوا و گرتنی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌و شتێکی مومکینه. له ئه‌دیانی ته‌وحیدی دا به‌و ئه‌زموونه مهعریفهتئامێزه گۆڕێنهرهی که له گه‌ڵ خوایه‌کی کۆنکرێت به‌دی دێ" وه‌حی/سرووش" ده‌گوترێ. هه‌ر به‌و پێیه ئه‌م دینانه، دینگهلێکی" وه‌حی مێحوه‌ر"ن. [7]
وه‌حی چییه؟
له چوارچێوه‌ی دینه ته‌وحیدیه‌کاندا، وه‌حی بریتییه له په‌یوه‌ندیی خوا له‌گه‌ڵ ئینسان به‌تایبه‌تی. به مانایه‌کی دیکه ته‌جریبه‌ی وه‌حیانی، ئه‌زموونی ئاشکرابوونی خودا بۆ مرۆڤه؛ به‌ڵام خوا به شێوازیی جۆراوجۆر، خۆی بۆ ئینسانه‌کان ده‌رده‌خا که به سێ جۆرییان ئاماژه‌یه‌کی کوورتیان پێده‌ده‌ین:
ئـ) وه‌حی ته‌کوینی یان سترۆکتۆریی:
ئه‌م جۆره وه‌حیه به‌و مانایه‌یه که خودا پێکهاته‌ی بوونی ئینسانی به جۆرێک دروست کردوه که به پێی سروشتی خۆی، هینده‌ک زانیاریی و مه‌عریفه‌ت به نیسبه‌ت خوا ده‌سه‌لمێنێ. به واتایه‌کی دیکه خوا خۆی له که‌ناڵی" مه‌عریفه‌ی باتینی" یان " مه‌عریفه‌ی فیتری" بۆ مرۆڤ ئاشکرا ده‌کا. ئه‌م ئاشکرا بوونه ته‌نیا ره‌هه‌ندێکی زانستی ده‌گرێته‌وه و مرۆڤ ته‌نیا خوا" ده‌ناسێ" و له‌م وێستگه‌یه دا ئینسان پێوه‌ندێکی مه‌عریفی له که‌ناڵی پیکهاته‌ی وجوودی خۆی له‌ته‌ک خوا دا هه‌یه.
ب) وه‌حی ئینکشافی یان که‌شفی
له‌م جۆره وه‌حیه‌دا خوا خۆی بۆ ده‌زگای ئیدراکی مرۆڤ وه‌دیار ده‌خا. جیاوازیی نێوان نێوان وه‌حی ته‌کوینی و وه‌حی ئینکشافی، جیاوازیی نێوان زانین و دیتنه. له وه‌حی ته‌کوینی دا لانی زۆری ئه‌وه‌یه که ئینسان خوا ده‌ناسێ، به‌ڵام له وه‌حی که‌شفی دا مرۆڤ به شێوه‌یه‌ک خوا ده‌بینێ و پێوه‌ندێکی ئۆبژێکتیڤی له‌گه‌ڵ ساز ده‌کا. لێره‌وه مه‌به‌ست له ئاشکرا بوونی خوا ئه‌وه‌یه که مرۆڤ جگه له‌وه که خوا ده‌ناسێ و به نیسبه‌تی خوا مه‌عریفه‌تی هه‌یه، ده‌توانێ له که‌ناڵی جۆره پرۆسه‌یه‌کی ئیدراکیدا "بوون و حازربوونی خودا" ته‌جریبه بکا.
ئه‌م که‌شفه به دوو پله دێته دی:
پله‌ی یه‌که‌م؛ که‌شف له پشت حیجاب و پۆشه‌ن: له‌م پله‌یه‌دا خوا خۆی، له که‌ناڵیی مێدیۆمێکی[8] تایبه‌تدا وه‌ده‌رده‌خا و مرۆڤ له‌پشتی ئه‌م واسیته‌وه له خوا تێده‌گا. بۆ نموونه خوا بۆ حه‌زره‌تی مۆسا له ڕێگه‌ی دارێک که ئاوریی تێبه‌رببوو به‌ڵام نه‌ده‌سووتا، خۆی ده‌رخست[9].
له‌م وێستگه‌یه دا خوا له‌گه‌ڵ میدیۆمهکه یه‌ک شت نین؛ ته‌نانه‌ت خوا له‌ودا ئاماده‌یی نیه، به‌ڵام ئه‌م واسیته‌یه به جۆرێک «بوونی خوا»ی پیشان دا. ئه‌م میدیۆمانهدهتوانن چه‌ندین شێوه‌یان هه‌بێ؛ شتگه‌لی ئاسایی و مه‌حسووس بن که هه‌موو که‌س تهجریبهیان ده‌کا وه‌کوو ئاسمان، دار، زه‌وی، ده‌ریا و.... ده‌شتوانێ شتانێکی مه‌حسووس و ناسراو بن که هه‌موو که‌س بۆیان هه‌یه ته‌جریبه‌ی که‌ن؛ به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا شتانێکی نائاسایین. وه‌کوو ئه‌و داره‌ی که ئاگریی تێبه‌ر ببوو به‌ڵام نه‌ده‌سووتا. هه‌موو که‌س ئاگرتێبه‌ربوونی داری دیوه، به‌ڵام نه‌سووتان شتێکی نائاساییه.
جۆرێکی تر له‌و واسیتانه له که‌ناڵی ئه‌زموونێکی تایبه‌تی و ده‌روونییه‌وه دێنه دی. بۆ وێنه خه‌ون دیتن که تهجریبهیهکی ته‌واو شه‌خسیه؛ به‌ڵام له قالبی زمانیی هه‌ستی(حسی) ئاسایی ته‌فسیر و به‌یان ده‌کرێته‌وه.
جۆرێ ئاخریی ئه‌م میدیۆمانه ئاوه‌هان که مرۆڤه‌کان له پڕۆسه‌یه‌کی تایبه‌تیدا "خوا" ئه‌زموون ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌م تهجریبهیه به "زمان"ی ئاسایی و گشتی نێو خه‌ڵک، به‌یان ناکرێ. له‌م مه‌قامه‌دا عاریف یان که‌سی خاوه‌ن ئه‌زموون، ناتوانێ ئه‌حواڵ و "مکاشفات"ی خۆی به زمان باس بکا.
پله‌ی دووهه‌م، که‌شفی به‌ده‌ر له حیجاب و مانع: له‌م ویستگهیهدا هه‌ر ده‌ڵێی خوا راسته‌وخۆ و به‌بێ هیچ واسیته‌یه‌ک خۆی ده‌خاته به‌ر ده‌زگای ئیدڕاکی مرۆڤ و له ئاکامدا مرۆڤ، خوا ده‌ناسێ. له‌م دۆخه‌دا ته‌واویی هه‌ست و نه‌ستی ده‌ره‌کیی و ناوه‌کی ئه‌زموونگه‌ر به حاڵه‌تێکی هه‌ڵپه‌سێراو ده‌ردێن و ئه‌م تهجریبهیه، هه‌موو ئاوه‌ز و هه‌ستی ئه‌زموونگه‌ر داده‌پۆشێ و داگیری ده‌کا. ده‌رنجامی ئه‌م ئه‌زموونه له باڵاترین ئاستی خۆیدا ده‌بێته تێکه‌ڵبوون و "فه‌نا"ی ئه‌زموونگه‌ر و خوا و ئۆبژه و سوبژه یه‌ک ده‌گرنه‌وه.[10] و به هۆیی له‌به‌ینچوونی جیاوازیی ئۆبژه و سووژه، له ئاستی ته‌جریبه ده‌چیته ده‌رێ و ده‌بێته شتێکی باڵاتر له‌و.
ج) وه‌حی زمانیی
سرووش یان وه‌حی زمانیی ئاشکرا بوونی خوا یان که‌شفی ئه‌و له "وێژه"و "که‌لام"دایه. خوا له که‌ناڵیی سیسته‌می نیشانه‌کانی زمانییی، پێوه‌ندێکی ماناییو تێگه‌یشتنیی(تفهمی) له‌گه‌ڵ مرۆڤ ساز ده‌کا. له دینه ئیبڕاهیمیهکاندا مه‌به‌ست له وه‌حی ئه‌م جۆره پێوه‌ندیه‌ی نێوان خوا‌و ئینسانه.
ئه‌م پێوه‌ندیی زمانییه له دوو لاوه بۆ مرۆڤ گرینگی هه‌یه:
یه‌که‌م: له‌م ته‌جریبه زمانییه دا په‌یامێک له نێوان خوا‌و مرۆڤ دا ده‌گۆڕدرێته‌وه. نێوه‌رۆکی ئه‌م په‌یامه بۆ مرۆڤی خاوه‌نباوه‌ڕ" پیرۆز"هو بناغه‌ی ژیانیی ئایینی ئه‌و پێک دێنێ. گرنگتر له‌و خوودی تهجریبهکردنیی خودایه که له‌و تهجریبهیدا قووڵترین لایه‌نه‌کانی بوونی خوا بۆ مرۆڤ(به پێی تێگهیشتنو قابلیتی خۆی) ئاشکرا ده‌بێ. ئه‌زموونێک که هه‌موو بوونی مرۆڤ ده‌خاته ژێر کاریگه‌ریی خۆی‌و ئینسان به ته‌واوه‌تی ده‌گۆڕێ.
* ئه‌و دوو ره‌هه‌نده‌ی ده‌توانین له داستانی مووسای پێغه‌مبه‌ر له ده‌شتی " طور" بدۆزینه‌وه: مووسای پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له‌و پێده‌شته پیرۆزه‌دا، قسه کردن له‌گه‌ڵ خوا ئه‌زموون ده‌کا. خوا له سه‌ره‌تاوه بۆچوون‌و باوه‌ڕێکی بنه‌ڕه‌تی واته ته‌وحیدیی پێده‌داو ده‌فه‌رموێ: " إننی أنا الله لا إله إلا أنا، فاعبدنی..." [11] واته من خوام هیچ مهعبوودێكی به‌هه‌ق جگه له من بوونی نیه‌و رۆژی په‌سڵان له‌ڕێ دایه، به‌ڵام من کاتی ئه‌وم به که‌س نه‌گووتوه له‌به‌ر ئه‌وه که‌س وانه‌زانێ ئه‌م ڕووداوه له دووره.(ره‌هه‌ندی یه‌که‌م)
دوای ئه‌م هه‌واڵه گرینگانه، خوا لێی ده‌پرسێ: مووسا ئه‌مه چیه له ده‌ستی راستت دایه؟ ئه‌م پرسیاره نێوه‌رۆکێکی زۆر ئاسایی‌و ناپێویستی هه‌یه؛ چوونکه خو بۆ خۆی ده‌زانێ مووسا چی له ده‌ستی دایه‌و خۆی زانای موتڵه‌قه، به‌ڵام له‌وه سه‌یرتر وڵامی مووسایه که ده‌ڵێ:"ئه‌وه گۆچانی منه"، پاشان چه‌ند شتێکی دیکه ئیزافه ده‌کا" پاڵێی پێوه ده‌ده‌م، به‌وه بۆ مه‌ڕه‌کانم گه‌ڵا دهوهرێنمو کاریی دیکه‌شم پێیه‌تی". لێره‌دا هیچ په‌یامێکی گرینگی تێدا نیه؛ به‌ڵام ناوه‌رۆکیی ئه‌م دیالۆگه مهحهببهتئامێزهو دلۆڤانانه‌ی خوا له‌گه‌ڵ به‌نده‌که‌ی خۆی، مه‌به‌ستی سه‌ره‌کییه. ئه‌زموونێک که هه‌م بوونی خوا به "دڵنیاییترین" حاڵه‌ت بۆ مرۆڤ دهردهخاو هه‌میش ژیانی مرۆڤ دهگۆڕێو تا ئاستێکی پڕ له فه‌ڕو پیرۆزیی ده‌با.(ره‌هه‌ندی دووهه‌م).
* پێکهاته و سترۆکتۆریی ئه‌م پیوه‌ندیه زمانیییه که له چوار به‌شیی سه‌ره‌کی، پێک دێ: یه‌که‌م: ئه‌و که‌سه‌ی په‌یامه‌که ده‌نێرێ[12](خوا). دووهه‌م: ئه‌و که‌سه‌ی په‌یامه‌که وه‌رده‌گرێ(مرۆڤ)؛ سێهه‌م: ره‌سانه یان میدیۆمی په‌یام(سیسته‌مێکی تایبه‌ت له نیشانه زمانناسیه‌کان)؛ چوواره‌م: ئه‌و بهستێنو زه‌مینه‌یه‌ی که سیمبۆله زمانییه‌کان له‌و دا مانا ده‌کرێنه‌وه‌و ئاڵوگۆریان پێده‌کرێ. لێره‌وه جیهانی ئینسان‌و زانست‌و شێوازیی ژیانی زه‌مانه گرینگێتی خۆی هه‌یه.
له چوارچێوه‌ی ئیسلام و دینه تهوحیدیهکانی دیکه ئه‌و ده‌ره‌تانه هه‌یه که له‌م چوارگوشه‌ی پێوه‌ندیی نێوان خوا‌و مرۆڤ "مۆنۆلۆگ"ی خوا له‌گه‌ڵ ئینسان ببێته "دیالۆگ"ی نێوان خوا‌و مرۆڤ. یانی پێوه‌ندیی زمانییی خوا‌و مرۆڤ ببێته ههفپهیڤینێکی دوولایه‌نه.
له‌لایه‌کی تره‌وه نێوئاخنی پێوه‌ندیی زمانییی به دوو هۆکار گرێ ده‌درێ: یه‌که‌م؛ نێوه‌رۆکی په‌یام له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ" بهستێنو زه‌مینه"[13] ی گۆاستنهوهیدا، فۆرم وه‌رده‌گرێ‌و دێته دیی، هه‌ر بۆیه‌شه هه‌ر جۆره گۆڕانکاریه‌ک له زه‌مینه‌ی گوێستنه‌وه‌ی په‌یام- بۆ وێنه گۆڕانی زانست‌و شێوازیی ژیانی سه‌رده‌م- ده‌توانێ له ناوه‌رۆکیی پهیامو بۆچوونی ئه‌و که‌سه‌ی په‌یامه‌که وه‌رده‌گرێ شوێندانه‌ر بێ. به واتایه‌کی دیکه په‌یوه‌ندیی زمانییی، هه‌میشه به ئاسۆیی مانایی چاخو سه‌رده‌می خۆی به‌ستراوه‌ته‌وه‌و سنووردار ده‌کرێ. له په‌یوه‌ندیی نێوان خوا‌و مرۆڤدا، ئه‌م مهحدوودیهتو سنووردار بوونه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سنوورداربوونی زانستهکانو ژیانی مرۆڤ له به‌ستێنی کات دا.
دووهه‌م: ده‌لاله‌تی نیشانه‌کانی زمانیی دیارده‌یه‌کی مێژووییه، به مانایه‌کی دیکه، زمان مێژوومهندهو سیمبۆلهکانو سترۆکتۆری ئه‌و، له به‌ستێنی زه‌مان دا مانای نوێ وه‌رده‌گرن، که ئه‌و مانا تازه‌یه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌و ته‌ئسیری مانا کۆنهکانو پێشینه‌ی زمانه‌که‌ی پێوه دیاره. چار نیه «پێوه‌ندیی زمانییی» خوا‌و ئینسانیش ده‌بێ بچێته ناو قالبێکی زمانیی تایبهتو دواجار له نیشانه زمانییه‌کاندا بێته دییو له مێژووی ئه‌و زمانه‌ی که میدیۆمو هه‌ڵگری په‌یامه‌که‌یه شوێن وه‌رگرێ‌و به "قیودی" ئه‌م زمانه " ببسرێتهوهو " مقید" بکرێ.
زمان به‌شێکه له ژیانی گه‌ل، جۆرێک ژیانه. پیکهاته‌ی زمان" شێوازێکی ژینی" گه‌ل له کاتی دابه‌زینی په‌یامی وهحیانیو سازدانی پێوه‌ندیی زمانیییه. زمان ئاوێنه‌یه‌که فه‌رهه‌نگ، زانست، شێوازیی ژیانی هه‌موو سه‌رده‌مێک پیشان ده‌داته‌وه. له راستیدا په‌یامی خوایی که به‌ده‌ر له کات و شوێنه له لیباسی" لسان قوم[14]" دا دێته خوارێ‌و ده‌بێته شتێکی زه‌مانی- مه‌کانی، هه‌تا بگاته گوێی خهڵکو خه‌ڵک لێی تێبگه‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه پێوه‌ندیی زمانیی به مهحدوودیهتهکانی زمانیی قه‌وم "مقید" و " کۆنکرێت" ده‌کرێ.
بۆ وێنه قورئان، له زمان‌و کولتوری عه‌ره‌بی سه‌رده‌می هاتنهخواریی قورئان، شوێنی وه‌رگرتوه، به‌ڵام دواجار ئه‌و ته‌واوی فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بی گۆڕی‌و ژیارێکی پڕ سه‌ره‌وه‌ریی له ده‌وریی ده‌قی قورئان، به‌که‌ڵك وه‌رگرتن له ژیاره‌کانی دیکه بهدیهاتو به کورتی روونه که ئه‌گه‌ر ده‌قێکی پیرۆزیی وه‌کوو قورئان که له بنه‌ڕه‌تدا بۆ ڕێنوینیو هیدایه‌تی خه‌ڵك هاتووه‌و له‌زه‌مینه‌ی پرسه زانستیه‌کاندا هیچ به‌رپرسیار نیه‌و ناتوانین به زانستی نوێی ته‌جریبی ئه‌مڕۆ، کۆی ئه‌م ئاماژه زانستیانه‌ی که له قورئاندا بۆ سهلماندنیی شتانی دیکه‌ی وه‌کوو ئیسباتی قیامه‌ت هاتوون، مه‌حاکه‌مه بکه‌ین. بۆ وێنه له قورئاندا هاتووه که مرۆڤ له تۆوێک ساز ده‌بێ که نێوان پشت(صلب)ی پیاوو سینگ(ترائب)ی ژن به‌دی دێ‌و هه‌ڵده‌قوڵێ، ئه‌وه وه‌رگیراو له زانستی ئه‌وکاتی بووه نه‌ک وه‌کوو حه‌قیقه‌تێکی زانستیی هه‌میشه‌یی بێ...
سێهه‌م: سیسته‌می نیشانه زمانیییهکان که هه‌ڵگریی په‌یامن، له بنه‌ڕه‌تدا ئیعتباریو قهراردادین. یانی ئاماژه‌و ده‌لاله‌تی ئه‌و نیشانه زمانییانه بۆ لای مهدلوولهکانیان شتێکی کۆنوانسیۆنین. به زمانێكی تر بناغه‌ی زمان، دانانی جۆرێک قاعیده‌و بنه‌مایه و بنه‌ماش جۆرێک قه‌رارداده که له نێوان دوو لایه‌ندا ده‌به‌سترێ.[15]
سیسته‌می ئه‌و نیشانانه‌ی له‌سه‌ر قه‌رارداد دامه‌زراون، ده‌توانن هه‌ڵگریی مانا بن. "مانا" به واتای ووشه ته‌نیا له سیستمه‌کانی "زمان‌ناسی ئیعتباریی" دا دێنه دییو ده‌گوێزرێنه‌وه. به مانایه‌کی دیکه " مانا" هه‌رچیه‌ک بێ، پێوه‌ندێکی پته‌ویی له‌گه‌ڵ" ئیعتبار و قه‌رارو بڕیار" دا هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌و راستێیه که زمان و پێوه‌ندیی زمانییی ته‌نیا له ناو ئه‌و بوونه‌وه‌رانه دا هه‌یه که ده‌توانن شت" بڕیار" بدهنو " " بنه‌ماو قاعیده" دابمه‌زرێنن. زمان‌و رابیته‌ی زمانییی تایبه‌تی ئه‌و بوونهورانهیه که خاوه‌نی" زه‌ین"ن‌و ده‌توانن قاعیده‌و بنه‌ما بڕیار بدهنو سیستمێک زمانیی پڕ له نیشانه بۆخۆیان دابنێن‌و ببنه خاوه‌نی " جیهانێکی ناوه‌کی" بۆ خۆیان.
هه‌ر بۆیه‌شه که ههڵسو که‌وتی مرۆڤی خاوه‌ن زمان‌و زه‌ین، هه‌ڵگریی مانایه‌کی تایبه‌ته‌و له‌گه‌ڵ گیانله‌به‌رانی تردا جیاوازیی هه‌یه. [16]
ئه‌گه‌ر خوا له وه‌حی ئینکشافیدا خۆی له که‌ناڵی " نیشانه‌کانی ئاسۆیی"[17] بۆ مرۆڤ ده‌رده‌خست، ئه‌وا له وه‌حی زمانیییدا خۆی له ڕێگای " نیشانه‌کانی ده‌روونی"[18] ئاشکرا ده‌کا. ئایه‌ته ئهفۆسییهکان کۆمه‌ڵێک نیشانه‌ن که هه‌ڵگریی مانانو ته‌نیا له قالبی سیستمه‌کانی زمانناسییدا وه‌دی دێن.
ته‌جریبه‌ی دینیی و نه‌به‌ویی چین؟
هه‌روه‌کی له پێشدا ئاماژه‌مان پێدا، ئیسلام‌و دینه تهوحیدیهکانی تر "وه‌حی مێحوه‌ر"ن‌و وه‌حی جۆرێک ئه‌زموونی دینیه‌و بناغه‌ی ئه‌دیانی تهوحیدیهو له ژیانی ئیماندارانهدا نه‌خشێکی به‌رچاویی هه‌یه. ئه‌گه‌ر وه‌حی تایبه‌تی پێغه‌مبه‌ران بێ؛ ئاوا ته‌جریبه‌ی دینی مانایاکی به‌رفراوانتر ههڵدهگرێو جگه له پێغه‌مبه‌ران عاریفان، دۆستان‌و ئه‌ولیای خواش ده‌گرێته‌وه‌و هه‌ر ئه‌وه‌ش مانای " به‌ستی ته‌جریبه‌ی نه‌به‌وی"یه‌و به مانای به‌شداریی خه‌ڵکانی ناپێغهمبهری شوێنکه‌وتوویی پێغه‌مبه‌ر له ئه‌زموونی دینی‌و وه‌حیانی ئه‌و دایه که جیاوازیی نێوان ته‌جریبه‌ی پێغهمبهرانو وه‌رگرتنی وه‌حی ئه‌وان له‌گه‌ڵ هیی عاریفانو خواناسانی دیکه‌به لانی که‌مه‌وه، له‌و چه‌ند دێرانه دایه:" وه‌حی" نموونه‌ی به‌رزی "ته‌جریبه‌ی دینی"یه؛ ئه‌زموونێک که له ناخی ته‌جریبه‌ی تاکه‌که‌سی دا نامێنێته‌وه؛ پێغه‌مبه‌ر ده‌بێته هه‌ڵگری راسپارده‌و مه‌ئموریه‌تێک که ته‌مای گۆڕین‌و دروست کردن «جیهانێکی نوێ»و «مرۆڤێکی نوێ»هه‌یه. پێغه‌مبه‌رێک که له دوو ئاست دا ئه‌زموون ده‌کا: ئه‌زموونی ناوه‌کی و ئه‌زموونی دهرهکیو به تێپه‌ڕبوونی کات «پێغهمبهرتر» ده‌بێ.
ته‌نانه‌ت، خهتمیهتی ئه‌م پێغه‌مبه‌رایه‌تیش، ته‌نیا له ره‌هه‌ندی"یاسایی" و حقووقی دایه‌و کاکڵه‌ی قسه ئه‌وه‌یه که ئیتر که‌سایه‌تی هیچ که‌س پاڵپشتی قسه‌کانی نیه‌و هه‌ر که‌س قسه ده‌کا ده‌بێ به به‌ڵگه‌و ده‌لیله‌وه بیکا. به‌ڵام ته‌جریبه‌ی پێغه‌مبه‌رانه هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌و خه‌ڵکانی دیکه‌ش له‌و سه‌رچاوه‌یه ده‌توانن ئاوی ته‌زی بخونهوهو ئه‌زموون بکه‌ن[19]."
لێره‌دا پێویسته که‌مێک زیاتر له‌سه‌ر ئهزموونو ته‌جریبه بدوێین؛ ته‌جریبه‌ی دینی له لانی " ته‌جریبه بوونی" خۆیی دا هیچ جیاوازێکی بنه‌ڕه‌تی، له‌گه‌ل ئهزموونو تهجاریبی ئینسانی دیکه دا نییه. وه‌کوو هه‌موو تهجریبهکانی دیکه که‌سی-S-له‌کاتێک دا، خاوه‌نی ئه‌زموونه که له زه‌مانی-T-دا وای بێته بیر، که ده‌رباره‌ی-P-ئاگاداریی وه‌ده‌ست هێناوه، ئه‌گه‌ر ئه‌و-P-یه شتێکی سه‌ربه‌خۆ له ده‌ره‌وه‌ی خاوه‌ن ئه‌زموونه‌که بێ؛ ئه‌و ئه‌زموونه "ئاسۆیی"یه‌و ئه‌گه‌ر له ناوخۆی دا بێ‌و خوودی خۆی یان شتێک مه‌ربووت به خۆی بێ؛ ئه‌وه تهجریبهیهکی" دهروونیو سۆبژێکتیڤ"ـه. ئه‌و ئه‌زموونانه ده‌توانن له ڕێگه‌ی واسیته‌و نێونجیهوه بن وه‌کوو ئه‌و ئه‌زموونه وه‌حیانه‌ی بۆ مووسای پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له ڕێگای ئاگرو سووتاندنه‌وه هاته دی.
شلایر ماخر له سه‌ده‌ی-19-دا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کرد که ته‌جریبه‌ی دینی، ئه‌زموونێکی عه‌قڵی یان مه‌عریفی نییه، به‌ڵکوو هه‌ست به پاڵپشتێکی موتڵهقو یه‌کپارچه‌یه به سه‌رچاوه یان هێزێکی جیاواز له جیهانه، ئه‌و تهجریبهیه ئه‌زموونێکی شوهودیه که ئیعتباره‌که‌ی به خۆیه‌وه به‌سته‌یه(self-authenticating)و له چه‌مکه‌کان، باوهرهکانو کرده‌وه‌کان سهربهخۆو ره‌هایه؛ چوونکه ئه‌و تهجریبهیه جۆره هه‌ستێکه‌و له سنووری جیاوازیه‌کانی مه‌فهوومی، سه‌رتر ده‌ڕوا؛ ئێمه ناتوانین تهوسیفو پێناسه‌ی بکه‌ینه‌وه، ماخر پێی وا بوو ئه‌و تهجریبهیه ههستیو عاتیفییه(Feeling, affective)[20]
هه‌روه‌ها هینده‌ک له فیلسووفانی دین پێیان وایه که ته‌جریبه‌ی دینی له‌سه‌ر بناغه‌و بنه‌مای ئیدراکی هه‌ست دامه‌زراوه، بۆ وێنه ویلیا‌م ئالیستۆن ده‌ڵێ:" ته‌جریبه‌ی دینی هه‌مان پێکهاته‌ی ته‌جریبه‌ی حیسسیو هه‌ستی هه‌یه. له ئیدراکی حیسسی ئاسایی دا کاتێک پشیله‌یه‌ک ده‌بینین، ئه‌م هه‌سته سێ به‌شیی هه‌یه: ئه‌و که‌سه‌ی پشیله‌که ده‌بینێ(مدرک)؛ ئه‌و پشیله‌یه‌ی که ده‌دیترێ(شی‌ء مدرک) و ئه‌و فینۆمێنو رواڵه‌تی پشیله‌که. به‌و پێیه ئه‌و پێی وایه ته‌جریبه‌ی دینیش هه‌رسێک به‌شیی تێدایه؛ واته شه‌خسی ئه‌زموونگه‌ر، خوا، ئاشکرابوونی خوا بۆ که‌سی ئه‌زموونگه‌ر. به هه‌ر حاڵ له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ش قسه‌ی زۆر کراوه به‌ڵام هه‌موو توێژه‌ران له سه‌ر ئه‌وه کۆکن که له ته‌جریبه‌ی دینی دا، خوا خۆی به شێوه‌یه‌ک ده‌رده‌خا که ئێمه بتوانین خۆی‌و کرده‌وه‌کانی ببینین.
بۆچوونێکی دیکه‌ی سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی دینی باسی لێده‌کرێ ئه‌وه‌یه که ته‌جریبه‌ی دینی هاوته‌ریبی تهجریبهگهلی حیسسی نیه‌و شتێکی له‌سه‌رووی ئه‌وه‌وه‌یه‌و جه‌ختیان کردوه که کاتێک ده‌توانین ددان به‌وه دابێنین که ئه‌و شته‌ی ده‌رک، ده‌کرێ بوونی فیزیکی ههبێو هۆکاریی راسته‌قینه‌ی ئه‌زموونه‌که بێ.[21]
به‌هه‌ر حاڵ مه‌زه‌نده کردنی وه‌حی به تهجریبهو شوبهاندنی به ته‌جریبه به مانای بێئیعتبار کردنی ئه‌و نییه به‌ڵکوو به‌و مانایه که له سه‌رچاوه‌کانی مه‌عریفه‌ی به‌شه‌ری هاوچه‌رخدا جێگایه‌ک بۆ ئه‌م سه‌رچاوه مهعریفیهش دیاریی بکرێ‌و مافی خۆی پێبدرێو ده‌بێ ئه‌و راستیه‌مان له‌به‌ر چاو بێ که وه‌حیش تا نه‌یه‌ته ناو قالبی زمانیی ئینسانی قابیلی لێتێگه‌یشتن نییه‌و له سێ لایه‌نی عاتیفی، ئیدڕاکیو ته‌عبیری پێک هاتووه به مانایه که له ره‌هه‌ندیی عاتیفی دا زیاتر هه‌ست به ئینتیماو وابه‌سته بوونێکی قووڵیی ووجوودی، هه‌ست به ترس‌و ههیبهتو ئیسحاسی شهوقو ئه‌وینێکی گه‌وره دهکرێو له ره‌هه‌ندیی ئیدراکیو حیسسیشهوه که بناغه‌ی ته‌جریبه‌ی دینیه‌و ته‌جریبه‌ی دینی جۆرێک ئه‌زموونی ئیدراکیهو گه‌وهه‌ری ئه‌و ئیدراکه ئاشکرابوونی شتی " مدرَک" بۆ خاوه‌نی دهرکو هه‌سته‌که. ته‌جریبه‌ی دینی له لایه‌نی سترۆکتۆرو پێکهاته‌وه، ئاوسانی مه‌عریفه‌و ئهزموونپهزێریو تاقیکاریی، له‌گه‌ڵ ته‌جریبه‌ی "حسی" دا زۆر وێکچوونیان هه‌یه، هه‌ڵبه‌ت به‌یه‌که‌وه جیاوازیشیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و جیاوازیانه ته‌جریبه‌ی دینی له هه‌رێمی "ئیدراک" نابه‌نه ده‌رێ. ته‌جریبه‌ی دینی وه‌کوو پێویست "حسی" نییه؛ به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیشمان به ده‌سته‌وه نییه که ته‌نیا " ادراک حسی" به ئیدڕاک دابنێین. پاش پله‌ی ئیدراك خاوه‌نی ئیدڕاک به یارمه‌تی چهمکهکانو له ژێر کاریگه‌ریی نیزامی باوه‌ڕه‌کانی خۆیدا، ئه‌و تهجریبهیه به‌یان‌و ته‌عبیر ده‌کاته‌وه. هیچ تهجریبهیهکی تهعبیرنهکراومان نییه‌و له چوارچێوه‌ی بیر‌و باوه‌ڕه‌کانی شه‌خسی ئه‌زموونگه‌ر، قالبی زمانییی، کولتور‌و ئاسۆیی مه‌عریفی تایبه‌ت دا، ره‌نگ، ته‌عبیرو میسداقیه‌تی خۆیان وه‌رده‌گرن. [22]
ئه‌م کورته باسه له راستیدا وه‌کوو دهسپێکو کردنه‌وه‌ی درگایه‌که بۆ کۆمه‌ڵێک باسیی له‌م چه‌شنه‌و ئه‌گه‌ر توانیبێتی له‌م باره‌وه که‌مترین کاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر ئێوه‌ی به‌ڕێز دانابێ، ئه‌وه نووسه‌ری ئه‌م چه‌ند دێرانه خۆی به به‌خته‌وه‌ر دهزانێو به ئامانجی خۆی گه‌یشتووه‌و هیواداره قۆتابخانه‌ی کوردی له‌م جۆره باسانه بێبه‌ش نهبێو قووتابیانو توێژی رۆشنبیریی کورد بوێرانه هه‌وڵی جیددی له‌م زه‌مینه به‌رفراوانانه‌دا بده‌ن؛ چوونکه به باوڕیی به‌نده، تاکه ڕێگای ڕێنسانسو به‌خۆداچوونه‌وه له چاکسازیی‌و ریفۆڕمی کۆمه‌ڵگه‌ی زۆرینه بڕواداریی ئێمه‌دا، به «ڕێفۆڕمیی ئایینی» دا راده‌بوورێ.
سه‌رچاوه و په‌ڕاوێزه‌کان:
--------------------------------
[1] - شبهه
[2] - سروش عبدالکریم، درسهایی در فلسفهی علم الاجتماع، نشر نی، ص-406
[3] - Clarity
[4] - الفاظ
[5] - مایکل پیرسون و دیگران، عقل و اعتقاد دینی(درآمدی بر فلسفهی دین)، ترجمهی احمد نراقی و ابراهیم سلطانی، نشر طرح ن‌و، ص- 24-25
[6] - به‌هرامیان مه‌ولوود، ڕۆشنبیری دینی‌و ئاوڕێ له کارنامه‌ی سی ساڵه‌ی دین‌ناسیی د.عه‌بدولکه‌ریمی سرووش، ماڵپه‌ری ڕێنسانس (http://www.renesans.info/articles.php?id=6387)
[7] - نراقی احمد، رساله‌ی دینشناخت، طرح ن‌و- 1377-، ص- 46-47
[8] - واسطه
[9] - بڕوانه بۆ سووڕه‌تی طه و شعراءله قورئانی پیرۆز.
[10] - نراقی احمد، رساله‌ی دینشناخت، طرح ن‌و- 1377-، ص- 49
[11] - قورئانی پیرۆز، سووڕه‌تی طه ئایه‌تی- 14
[12] - (Sender)
[13] - Context
[14] - وما أرسلنا من رسول إلا بلسان قومه، قورئانی پیرۆز.
[15] - بۆ زانیاریی زیاتر ده‌توانن برواننه کتێبه‌کانی لۆدویگ ویتگنشتاین.
[16] - نراقی احمد، رساله‌ی دینشناخت، طرح ن‌و-1377-، ص-52
[17] - آیات آفاقی( Objective)
[18] - آیات انفسی (Subjective)
[19] - به‌هرامیان مه‌ولوود، ڕۆشنبیری دینی‌و ئاوڕێ له کارنامه‌ی سی ساڵه‌ی دین‌ناسیی د.عه‌بدولکه‌ریمی سرووش، ماڵپه‌ری ڕێنسانس (http://www.renesans.info/articles.php?id=6387)
[20] - مایکل پیرسون و دیگران، عقل و اعتقاد دینی(درآمدی بر فلسفهی دین)، ترجمهی احمد نراقی و ابراهیم سلطانی، نشر نی، ص- 41
[21] - هه‌مان سه‌رچاوه ل-46
[22] - نراقی احمد، رساله‌ی دینشناخت، طرح ن‌و-1377-، ص- 86-87
- بۆچوونێکی نوێ بنووسه
- 3270 سه‌ردان
-
نووسخه‌ی چاپ