یادداشتی بڵاوکراوە لە واشنتۆن پۆست؛ ئامادەیی ئێران بۆ هاوکاری سازێنەر لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی/ حەسەن ڕۆحانی

وه‌رگێر: 
حەسەن ساڵحی
یادداشتی بڵاوکراوە لە واشنتۆن پۆست؛  ئامادەیی ئێران بۆ هاوکاری سازێنەر لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی/ حەسەن ڕۆحانی

 

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بە بڵاوکردنەوەی یادداشتێک لە ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" باس لەو بابەتە دەکات کە ئێران بۆچی بەدوای هاوکاری سازێنەرە لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە سەروبەندی سەفەر بۆ نیۆیۆرک، بە مەبەستی بەشداریی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یادداشتێکی لە گۆشەی ئازادی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا وڵاتانی جیهان بانگهێشت دەکات بۆ هاوکاری سازێنەر.

وەرگێڕاوی دەقی ئەم یادداشتە بە کوردی لە خوارەوە هاتووە:

سێ مانگ لەمەوبەر ڕێبازی من بە ناوی "تەدبیر و ئومید" لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی بەرفراوانی لێکرا. ئێرانییەکان ڕەوشی من لە کاروباری ناوخۆیی و نێونەتەوەییان هەڵبژارد، لەبەر ئەوەی کە، لەسەر ئەو باوەڕە بوون ماوەیەکی زۆرە، دوور بووینەتەوە لەم چەشنە سیاسەتە. من پابەندم بە جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانم بە خەڵک و لەوانە، بەڵێنم بۆ هاوکاری سازێنەر لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی.

جیهان، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. سیاسەتی نێونەتەوەیی ئیدی یارییەکی کۆ سفر نییە. بەڵکوو بۆتە گۆڕەپانێکی چەند ڕەهەندی کە تێیدا مومکینە هاوکاری و ڕکابەرایەتی لە یەک کاتدا ببێ. ئیدی قۆناغی دوژمنانی خوێنی بەسەرچووە، چاوەڕوانیی ئەوە لە سەرکردەکانی جیهان دەکرێت کە هەڕەشەکان بگۆڕن بۆ دەرفەت.

کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەم جیهانە نوێیە، لەگەڵ زۆر کێشەدا ڕووبەڕووە لەوانە؛ تیرۆریسم، توندڕەوی، دەستێوەردانی سەربازیی بیانی، قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان، تاوانەکانی بواری سایبێری و هێرشی کەلتووری، کە هەموو ئەمانە پەنابردن بۆ هێزی سەخت و سەربازیی زیاتر کردووە. ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم، دەبێ سەرەنج لە ئاڵۆزبوونی ئەو کێشانە بدەینەوە.

بگەڕێمەوە ئەو پێناسەیەی کە بۆ هاوکاری سازێنەر هەمە. لە جیهانێکدا کە ئیدی سیاسەتە جیهانییەکان یاری کۆ سفر نین، بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی یەک لایەن، بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژوەندییەکانی لایەنەکانی دیکە، ئیدی جێگای قبوول کردن نییە.

ستراتژییەتی سازێنەر لە دیپلۆماسی، بە مانای لەبەرچاونەگرتنی مافی ئەویدی نییە. بەڵکوو بەو مانایە دێت کە بەبنەما گرتنی ڕێزگرتنی بەرانبەر و پێگەی وەک یەک، لەگەڵ لایەنی بەرانبەر بڕۆنە تەعامۆلەوە، بۆ ئەوەی بتوانن وەڵامی نیگەرانییە هاوبەشەکان بدەنەوە و بگەنە ئامانجە هاوبەشەکان. بە وتەیەکی دی، مسۆگەر کردنی ئەنجامی سەرکەوتنی هەردوولا، تەنیا ئامانجی خوازراو نییە، بەڵکوو ئامانجێکە کە دەکرێت بێتەدی. بیرۆکەی تاک ڕەهەندی و شەڕی ساردی، بە زیانی هەموو لایەنەکان دەشکێتەوە.

مخابن مەیل بەلای ڕوانگە و سیاسەتی یەکلایەنە، پتر سێبەری خستۆتەسەر سیاسەتی سازێنەر. بڕیار دەرکردن و سیاسەت داڕشتن بۆ دابین کردنی ئاسایش لە بەرانبەر خستنە مەترسی ئاسایشی ئەویدی و بە بەهایەکی گران، پەیڕەو دەکرێت. زیاتر لە دە ساڵ بەسەر 11ی سێپتێمبێردا تێپەڕیوە، دوو شەڕ دوای ئەو ڕووداوە دەستیپێکردووە و ئەلقاعیدە و گرووپە توندڕەوەکانی دیکە بەردەوامن لە وێرانکارییەکانیان. سووریای نگینی شارەستانییەتی مرۆڤایەتی، ئەمڕۆکە توندوتیژیگەلیکی دڵتەزێن لەوانە، کەڵک وەرگرتن لە چەکە کیمیاییەکان بەخۆوە دەبینێ، کە ئێمە ئەوە بە توندی ئیدانە دەکەین. لە عێراقدا 10 ساڵ پاش هێرشێک کە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەنجامدرا، هێشتاکە بە ڕۆژانە دەیان هاووڵاتی لە توندوتیژییەکاندا گیانیان لەدەست دەدەن. ئەفغانستانیش لەگەڵ خوێنڕشتنی هاوشێوە و ئەڵبەت تایبەت بە خۆی، دەست بە بەرۆکە.

ڕوانگە و سیاسەتی تاکلایەنە کە ستایشی کەڵک وەرگرتن لە هێزی سەربازی دەکات و لەگەڵ خۆی توندوتیژی دێنێ، بە ئاشکرا ناتەوانە لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەو مەسەلانەی کە هەموومان لەگەڵیدا ڕووبەڕووین، لەوانە توندڕەوی و تیرۆریسم.

لەم سۆنگەوە ئەم کێشانە بە گشتگیر دەزانم و لەسەر ئەو باوەڕەم کە هیچ کەس لە توندوتیژیی لە ئەنجامی توندڕەوی، پارێزراو نییە، تەنانەت ئەگەر بە هەزاران مایل دووربن لێ، ئەمەریکییەکان 12 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئەم ڕاستییە ڕووبەڕووبوونەوە.

من لە بەرنامە و ڕێبازم لە سیاسەتی دەرەوەدا بەدوای ئەوەوە دەبم کە ئەم کێشانە لە ڕێگای دیراسەی هۆکارە ڕیشەییەکانی دەرکەوتنیان چارەسەر بکەم. ئێمە دەبێ شانبەشانی یەکتر هەوڵ بدەین بۆ کۆتایی هێنان بە ڕکابەرایەتی ناتەندروست و ئەو دەستێوەردانانە کە توندتر بوونەوەی توندوتیژییەکانی لێ دەکەوێتەوە و ئێمە لەیەک دووردەکاتەوە.

جگە لەمە، ئێمە دەبێ سەرنج بدەینە سەر بابەتی شوناسیش وەکوو هۆکارێکی سەرەکی لە دروستبوونی کێشە و ململانێی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و دەرەوەی ئەم ناوچەیە.

هەموو ئەو شەڕ و پێکادانەی کە لە سووریا، عێراق و ئەفغانستان هەیە، لە بنەمادا لەسەر شوناسی ئەو وڵاتانە و دەوریان لە ناوچە و جیهاندایە. پانتایی ناوەندێتیی شوناس، بەرنامەی ناڤۆکی ئێمەش دەگرێتەوە. بۆ ئێمە گەیشتن بە لێهاتوویی تەواو لە چەرخەی سووتەمەنی ناڤۆکی و وەبەرهێنانی توانای ناڤۆکی لە هەمان ئاست کە لە ڕووی گەیشتن بە جۆراوجۆریی لە سەرچاوەکانی وزە گرینگە لە ڕوانگەی گەلی ئێرانەوە، وەکوو هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی پلە و پایە، ڕێز و دەستڕاگەیشتن بە پێگەی ڕاستەقینە لە ئاستی جیهاندا، گرینگی هەیە. بەبێ دەرک کردن بە ڕۆڵی شوناس، زۆرێک لەو بابەتانەی کە لەگەڵیاندا ڕووبەڕووین بە چارەسەر نەکراویی دەمێننەوە.

پێش هەرشتێک، ئێمە دەبێ لەپێناو هەوڵێکی سازێنەر بەمەبەستی هاتنەدی دیالۆگی نیشتیمانی چ لە سووریا و چ لە بەحرەین، پێکەوە کار بکەین. دەبێ کەشێک بڕەخسێنین کە تێیدا خەڵکی ناوچە بتوانن خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسیان بدەن، وەکوو بەشێک لەم گەڵاڵەیە من ئامادەیی دەوڵەتەکەم بۆ ئاسانکاریی بەمەبەستی بەڕێوەچوونی دانوستان لە نێوان دەوڵەتی سووریا و بەرهەڵستکاران ڕادەگەیێنم.

پاشان دەبێ چارەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەو نادادپەروەری و ڕکابەرێتییە بەرفراوانانە کە توندبوون و بەرفراوانبوونی توندوتیژی و ململانێکانی لێکەوتۆتەوە. لایەنێکی سەرکی لە بەڵێنی من بۆ کردەوەی بەرانبەری سازێنەر، هەوڵدان لەپێناو هاوکاری لەگەڵ دراوسێیەکان و گەلانی دیکەیە، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێکاری سەرکەوتنی دوولایە.

ئێمە و هاوبەشە نێونەوەییەکانمان کاتێکی زۆرمان تەرخان دا بۆ باس لەو شتانەی کە نامانەوێت، نەک ئەو شتانەی کە دەمانەوێت. ئەمە تەنیا تایبەت بە پێوەندییە دەرەکییەکانی ئێران نییە. لە بارودۆخێکدا کە سیاسەتی دەرەوە پاشکۆیەکی ڕاستەوخۆیە لە سیاسەتە ناوخۆییەکان، خۆسەرقاڵ کردن بەو شتانەی کە نامانەوێت، ئاسان ترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی بابەتە دژوارەکانی بەردەم زۆرێک لە سەرکردەکانی جیهان. هێنانە سەر زمانی ئەوەی کە کەسێک دەیەوێت، بوێرییەکی زۆرتری دەوێت.

پاش دە ساڵ بەرەوە پێش و دواوە چوون، ئێستاکە ئەوەی هەموو لایەنەکان هاوپێوەند بە بەرنامەی ناڤۆکی ئێمە دەیانەوێت، دیاری بووە. بوونی جووڵێنەرێکی هاوشێوە لە ستراتژییە داڕێژراوەکان لەمەڕ سووریاش دەبینرێت.

ئەم ستراتژییە پێدەچێ وەڵامدەر بێ بە پێشگرتن لە گۆڕینی ململانێیە سیاسییەکان بۆ ململانێی سەربازیی. بەڵام بۆ دەربازکردنی ئەم بنبەستە لەمەڕ مەسەلەگەلیک وەکوو سووریا، بەرنامەی ناڤۆکی وڵاتەکەم و بابەتی پێوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، دەبێ ستراتژییەتیکی نوێتر و سەرووتر لەم ستراتژییەتە بگرینەبەر. لەجیاتی ئەوەی تەرکیز بکەینە سەر چۆنیەتی پێشگرتن لە خراپتربوونی بارودۆخ، دەبێ گفتوگۆ و بیر لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە چۆن دەکرێت بارودۆخەکە باشتر بکرێت. لەم پێناوەدا ئێمە دەبێ بە شێوەی شەفاف، ورد و ڕاستبێژانە ئەوەی کە دەمانەوێت دیاری بکەین و ئیرادەی سیاسی بخەینە خزمەت هاتنەدییان. ئەمە چیەتی و سروشتی سەرەکی ستراتژییەتی من بۆ هاوکاری سازێنەرە.

لەحاڵێکدا بۆ بەشداریی لە کردنەوەی کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەوە نیۆیۆرک بەڕێ دەکەوم، ئەم ڕاسپاردە دەخەم بەردەم هاوتاکانم کە کەڵک لەو دەرفەتە ببینن کە هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییانەی ئێران ڕەخساندوویەتی. پێیان ڕادەگەیێنم کە کەڵک وەرگرن لەو دەسەڵاتەی کە خەڵک بۆ تەعامول و هاوکاری پارێزەرانە بە منیان داوە و ڕاستبێژانە وەڵامی هەوڵەکانی دەوڵەتەکەم بدەنەوە بۆ دروستکردن و برەودان بە گوتار و وتمانەیەکی سازێنەر. زیاتر لە هەرشتێک پێیان ڕادەگەیێنم کە ڕوانگەیەکی سەرووتر لە نیگەرانییان ببێ و ئەوەندە بوێرییان ببێ کە نەک لەبەر بەرژوەندیی نەتەوەییان، بەڵکوو لانیکەم لەبەر میراتێک کە لەوانەوە بەجێ دەمێنێتەوە، لەبەر ڕۆڵەکانمان و لەبەر نەوەکانی داهاتوو بڵێن چییان دەوێت؟

 

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)