ڕەونەقی ڕەمەزان
ڕەمەزان! ئەی مانگی نور! ئەی وەرزی گەشانەوەی ڕۆح و بووژانەوەی دەروون! خێرهاتیەوە ئەی مێوانە خۆشەویستو ئازیزەكە، خێرهاتیەوە ئەی مێوانە ئارامبەخشو پڕ خێرو فەڕو بەرەكەتەكە، خێرهاتیەوەو خێرت هانی ئەی مانگی ڕەونەقبەخشی نێو مانگەكان، بەخێرهاتیو عەیامێكە چاوەڕوانی هاتنەوەی ڕووی گەشو دەستی پڕو خەرمانی پڕ تفاقت دەكەین، بەخێرهاتیو لە پێشوازی قدومی خێرتدا بەرزەپێ ڕاوەستاوین، چاومان بڕیوەتە ئاسمانو بە دوای (هەڵاڵەی هیلال)تدا لە ئاستانەی هاتندا هەڵكورماوینو دەمو زارمان پڕ كردووە لە (هەلهەلەی) شادیو خۆشی بەخێرهاتنەوەت.
ڕەمەزان! ئەی مانگی نەشئەبەخشی دڵەی تامەزرۆیانی تەژنەو تینوو! ئەمجارەش وەرەوەو بە توێشووی پڕو تفاقی ڕەنگینتەوە تاوێكی دیكەش ـ هەروەك جاران ـ جەماڵو ڕەونەقێك بە ڕۆحی پەژموردەبوومان ببەخشەوە، وەرەو جارێكی دی جیلوەی جەماڵی ڕەحمی ڕەحمانو پەلكە زێڕینەی سیمای زەریفی خۆت بكەرەوە خەڵاتمان، وەرەو بمانبەرەوە بۆ لەحزە ئاسمانییەكانی (نزولی نیگا)و سەفەرێكی دە شەوەی كۆتایی خۆتو شەوانی (قەدر)مان پێبكە بۆ ناو ئەشكەوتە پیرۆزەكەی (حەڕا) تا جەزبەو وەجدو هەژانی دڵ بمانگرێ، با ئەمجارەش بەهۆی هاتنی تۆوە هەژموونی خۆپەرستی (هەواو هەوەس) لێمان زویر ببێو جێمان بهێڵێ.
ڕەمەزان! ئەی مانگە ڕەونەقبەخشەكە! وەرەو بە كلیلەكانی ڕۆژو ڕۆژووی پڕ لە بەندایەتیو شەوی لێوانلێو لە تەهلیلەو تەراویحو سپێدەی كەیل لە پاڕانەوەو نزاتەوە، دەروازەكانی بەهەشتمان بۆ بكەرەوەو لە (ڕەییان)ەوە داوەتمان بكە ژوورێو بمانبەرە حزووری ڕەزامەندی حەزرەتی حەق، وەرەو بە زیكرو تەسبیحاتو زمانی پاراو بە خوێندنەوەی قورئان دەرگاكانی دۆزەخمان بەڕوودا كڵۆم بدەو حەواڵەی لیژنەی پێشوازی فریشتەكانی (فیردەوس)و (عیللیین)مان بكەو بمانبە بۆ مەقامە بڵندەكان.
ڕەمەزان! ئەی مانگی نزولی قورئانو سۆزو بەزەیی زاتی ڕەحمان! وەرەو بە پەیكی ئاسمانیو ڕەحمانیتەوە بمانسپێرە بە نزاكانی بەربانگو (ئیستغفار)ەكانی دەمبەیانو ڕاحەتو پشووەكانی تەراویحی پڕ لە (ڕەوحی ڕەیحان)ی حەزرەتی ڕەحمان، ئازیز وەرەو بمانبەوە بۆ ناو كێوی (نور)و بە ئایەتەكانی پەیامی (نور) نورانیمان بكە، توخوا وەرەو بە زەنگی دەنگی بەسۆزی ڕەحمانیت لەم خەوە قوڵە ڕامانچڵەكێنەو خەونو خولیاكانمان بەدی بهێنە، وەرەو بە ئایەتەكانی [ێا أیُّهَا الْمُزَّمِلْ]و [ێا أیُّهَا الْمُدَّثرْ] لە ئەركی ئەخلاقیو مرۆیی سەرشانمان بەئاگامان بێنە، توخوا وەرەو تواناو بڕستی هەڵگرتنی [أمَانَە]و سپاردەی [قَوْلاً ثقِیلا]مان پێ ببەخشەو بەهێزترو دامەزراوترمان بكە لەو چیایانەی كە [أبَیْنَ أنْ ێحْمِلْنَهَا]و جەسارەتی هەڵگرتنی ئەم سپاردەیان نەكرد.
ڕەمەزان! ئەی نەسیمی نەشئەبەخشی (پەیكی ڕەحمەت)و شەماڵی شادی هێنی (مزگێنی مەغفیرەت)و سروەو سەبای جەژنانەی (ئازادی لە ئاگری قەهر)ی خالیقی قەههار! وەرەو بە سەبەتەی پڕ لە تفاقی خێرتەوە چێژی دڵڕفێنی نەرمە نزای پارشێوانو لەززەتی بێ چوونی دوعای بە كوڵی ساتی بەربانگمان بۆ بێنەوە، وەرەو توخوا جارێكی دی لەم هەموو ژەنگو ژاری گوناهە كەڵەكەبووانە پاكمان بكەرەوە، وەرەو تاوێكی دیكەش بە ویردو زیكرو پەیڤە گیانبەخشەكانی قورئان ڕۆحی بێ گیانو دڵی سیسبوومان بژێنەوە، وەرەو گوڵی گوڵزاری بەندایەتی لە مەزرای دڵماندا ئاو بدەو بمانكەوە بە بەندە عاشقو موشتاقەكانی خوا، وەرەو بە وزەو هێزی (مەعنەوییەت)تەوە بمانكەوە بە بەندە (تائیب)و (عابید)و (زاكیر)و (قائیم)و (خاشیع)ەكانی خوا، وەرەو (موحتاجی)و (كەم تفاقی) خۆمانمان نیشان بدەو بمانبەرەوە ناو ڕیزی ڕۆژووەوانە شەوبێدارەكانەوە.
ڕەمەزان! ئەی مانگی ڕەونەقبەخشی ژیان! ئەی هەتوانی دڵی برینداری بێ قەراری دوور لە یار! ئەی دەرفەتی پاكبوونەوەی ماڵو داراییو دڵی سەرمایەدارو ئاوەدانكەرەوەی ماڵی هەژار! ئەی هەلی زێڕینی ئاوڕدانەوە لە نەخۆشو پەككەوتەو نازكێشانی نازدارانی بێ باوك! وەرەو دەرگاكانی سەخاوەتو دەلاقەكانی بەخشندەییو كڵاوڕۆژنەكانی دڵاواییو دەروازەكانی پەرۆشیو خەمخۆریو دڵسۆزیمان لێ بكەرەوە، وەرەو فێری وانەكانی ژیاندۆستیو مرۆڤدستیو خوادۆستیمان بكەرەوە، وەرەو ئەخلاقی پێكەوەژیانو ڕۆحی بۆخواژیانو هەستی بۆ خەڵك قوربانیدانمان فێر بكەرەوە، وەرەو پرشنگی خەرمانەی هەڵاتنی هیلالی (بەدر)و (قەدر)مان بەسەردا بدرەوشێنەوە، وەرەو ئەمجارەش لە كۆڕو كۆبوونەوەو مەجلیسە گەرمو نورانییەكانتدا ڕازەكانی ئیمانو ڕەمزەكانی بۆخواژیانو حەكایەتەكانی بەرخۆدانمان بۆ بگێڕەوە.. وەرەو ئەمجارەش دڵمان بدرەوەو دڵنەواییمان بكەو لەگەل حەزرەتی یارو مەعشوقی ئەزەلیدا ئاشتمان بكەرەوە.
- بۆچوونێکی نوێ بنووسه
- 4987 سهردان
-
نووسخهی چاپ