كودەتاكەى میسر چ پەیامێكى پێیە؟

كودەتاكەى میسر چ پەیامێكى پێیە؟

 

پاش دەیان ساڵ لە فەرمانڕەوایی عەسكەرو ئەحكام عورفی و ستەم و هەڵ لوشینی خوێن و ئازادی‌ ئەو گەلە .. لە 25\1\2011 دا جەماوەری گەلی‌ میسر ڕاپەڕی و لە 11\2\2011 دا سەروَكە دیكتاتوَر و ئەفسەرە دێرینەكەی میسر (حسنی مبارك) یان لەسەر تەختی فەرمانرەوایی لاداو شوَڕشەكە كەوتە سەر ڕەوتی گوَڕانكاری وهەنگاوەكانی دابینكردنی مافی ئازادانەی خوَی‌ و سەروَكێكی‌ مەدەنی وڵاتیان ئازادانە بە زوَرینەی دەنگی‌ میسریەكان هەڵبژارد ، كەم كەم سەرۆكی‌ نوێ‌ و ستافەكەی‌ كەوتە كار بۆچارەسەری‌ گرفتەكان و لادانی‌ كۆسپەكان و دانانی‌ نەخشەرێگا بۆ ئاوەدانكردنەوەی‌ وڵاتی‌ وێران. بەڵام بەداخەوە پاشماوەكانی‌ ڕژێمی پێشوو نەیارەكانی میسری نوێ ئارامیان لێ بڕاو كەوتنە پەلەقاژێ‌ و رێگری‌ و دروستكردنی‌ پشێوی‌ و سەرئێشە نانەوە ، بەراپەڕاندنی‌ بەكرێگیراو و بەڵتەجەو دۆڕاوی‌ هەڵبژاردنەكان و بەپیلانی‌ نەیارانی‌ دەرەوە و بەهاوكاری خاوەن بەرژەوەندیەكان .. تاگەیشتە ئەوە سەرەنجام پەنایان برد بۆسوپا و بەهاوكاری ئاسایشەكانی رژێمی پێشو كودەتا سەربازییەكەی‌ 3\7\2013 ڕاگەیاندرا و تانك و پۆساڵ كەوتەوە پێشێل كردنی شەرعیەت و لادانی‌ دەسەڵاتی هەڵبژێدراو و داخستنی‌ كەناڵەكانی‌ راگەیاندن و دەستگیركردنی‌ سەرۆك كۆمار و سەرکردەکانیی‌ ئیخوان وحزبی‌ دادو ئازادی‌ براوەی‌ هەڵبژاردن. هەندێ كەس حەزیان لێیە بە شكستی ئیسلامیەكان و كۆتایی ئیخوان بیخوێننەوە .. بەڵام بە دڵنیایی یەوە شكستی ڕاستەقینەیە بوَ دیموكراسییە شڕوَڵەكەی وڵاتانی خۆمان .. شكستی ئەو هێزو لایەنانەیە كە لافی ئازادی وحكومەتی مەدەنی لێ‌ ئەدەن بەڵام كە لەپرۆسەی‌ دیموكراسیدا ئەیدۆرێنن و پەنا دەبەنەوە بۆ دەبابەی سوپا و پۆساڵی‌ حوكمی‌ پۆلیس و كودەتای سەربازی .. بێ گومان ئەزمونی یەك ساڵەی فەرمانڕەوایی دكتوَر (محمد مورسی) خاڵی نەبوو لە هەڵە .. بەڵام ئەوەندەی بەسە كە خوَی دانی پێدا ئەناو خوَی بە پیروَز نەدەزانی .. ئایا چ سەروَكێك هەیە لەسەر ئەداو كارەكانی سەرنج وگلەیی نەبێ ؟! بوَیە ماوەی چوار ساڵ لەبەر دەمیدا دائەنرێ كە لەوچوار ساڵەدا تاقی بكرێتەوە و هەمان لایەن \"گەل\" كەهەڵیبژاردوە لەسەركار لای بدا .. نەك پێش ئەو وادەیە و بەرێگەی‌ سەربازی‌ وكودەتا .. دەبێ چ ویژدان و چ لۆژیكێك بیەوێ‌ میسرێكی وێرانكراوی دەیان ساڵەو وڵاتێكی مینڕێژكراو بەكاربەدەستی دز و گەندەڵ و پیلانی دوژمنان و ناحەزانی دەرەوە و ناوەوە ، لەماوەی‌ یەك ساڵدا ئاسودە و ئارام و سەرفەراز بكا .. ئەم چاوەڕێییە جگە لەشەرفرۆشتن و بیانو گرتن شتێكی‌ تر نیە .. بەڵێ ئیسلامیەكان كەم ئەزمون بوون وبێ هەڵە نەبوون ، بێ گومان پەندو ئەزموونی‌ لێ وەردەگرن .. چ لەڕوی توَكمەكردنی ئەدائی خوَیانەوە .. وە چ لە نەخەڵەتان بەدروشمە پووچەڵەكانی مەیدانی سیاسیەكان سەبارەت بەدیموكراسی و ئاڵوگوَڕی دەسەڵات وفەرمانرەوایی مەدەنی .. هەروەك ناڕەحەتی‌ و ناخۆشیەكانیش مایەی‌ ئەجرو پاداشتە بۆیان لای‌ پەروەردگار و لەقیامەتدا بەچاكترو زۆرتر وەریدەگرنەوە .. بۆیە لەڕاستیدا دوَڕاوی ڕاستەقینە هەڵگرانی درۆینەی‌ دروشمی دیموكراسی و عەلمانی و فەرمانڕەوایی مەدەنیە ، نەك ئیسلامیەكان و ئیخوانەكان ، ئەوان هەشتا ساڵ لەژیانی‌ زیندان و مەحرومیەتیان بەسەر بەرزی‌ بردووەتە سەر . ئەم هەنگاوە پوَلیسیە داپڵوَسێنەرە سەرئەنجامی عەقڵیەتی نەفامی و داخراوی ئەو لایەن و كەسانە بوو كە چەندین ساڵە مەقاشی دەستی سیستەمی دیكتاتوَری و سەربازی میسر بوون و توانای سەبریان نەبوو لەسەر گوَرانكاریەكان و بەسیستەمی ئازادانەی میسری‌ نوێ و شۆڕشی 25/1/2011 رازی‌ نەبون وپەنایان بردەوە بەر سوپاو دەزگا ئەمنیەكان بۆ ئەنجام دانی‌ كۆدەتایەكی خوێناوی‌ و هەڵگەڕانەوە بەسەر شەرعیەتدا .. ئەم كودەتایە تەنیا شكستپێدانی دەسەڵاتێك نیە بەڵكو پەیامێكی رەشی‌ هەڵـگرتووە بۆ گشت ئازادی‌ خوازان و دیموكراسیخوازان لە میسر و لەوڵاتانی دەوروبەردا :- پەیامی‌ نائومێد كردن و بێ هیوا كردنی هاوڵاتیان لە ئەگەری‌ كاریگەری‌ سندوقی هەڵبژاردن .. پەیامی‌ ئاشكرا كردنی پەیوەندی ستراتیژی‌ نێوان عەسكەرو سیستەمی سەربازی‌ لەگەڵ بەناو لیبڕاڵ ولایەنە عەلمانیەكان و دەزگا تەقلیدیە ئایینیەكان .. پەیامی كپ كردنەوەی‌ دەنگی جیاوازو سڕینەوەی‌ رەنگی جیاواز.. پەیامی‌ فەزح كردنی جۆری‌ ئەو دیموكراسیە عادیە ساختەیەی‌ كەهەندێك لێرەو لەوێ‌ زوڕنای‌ بۆ لێدەدەن وبەسیعری‌ ئەسڵی‌ ئەیفرۆشنەوە بە هاوڵاتی‌ یان .. ئەم كودەتایە كە خێرا لەهەندێ‌ وڵاتی‌ ناوچەكەوە پیرۆزبایی لێكرا و لێرەش تەپڵی‌ سەركەوتنی‌ دیموكراسی‌ و كۆتایی‌ ئیخوانی بۆلێدرا ، سەرەتای‌ قۆناغێكی نوێ یە لەگەڕانەوەی‌ حوكمی‌ عەسكەرتاری‌ و پۆساڵی هێزە ئەمنیە داپڵۆسێنەرەكان لەمیسر ، قەسابخانە دڕوندانەكەی‌ نزیك بارەگای‌ حەرەسی جمهوری‌ لەقاهیرە نمونەیەكی‌ ئاشكرا و دیاری‌ دەستی ئەو رژێمە كودەتاچیەیە كە بەخوێنی‌ بێ تاوان و خۆپیشاندەران تینووە و ساڵێكە دكتۆر مورسی‌ لغاوی‌ كردبون و نەیدەهێشت پەلاماری‌ خۆپیشاندەران بدەن .. ئەم ترسەی‌ كە لەعەلمانیەكانی‌ ناوچەكە نیشتووە لەبەهاری‌ گەلان و شۆڕشی ئیسلامیەكان توشی‌ هیستریایەكی‌ مەترسیداری‌ كردوون و بەئاشكرا خەریكی‌ هەنگاوی‌ ئینتحاری‌ وخۆكوژین ، بۆیە بەو بێ پەردەییە پاشگەز دەبنەوە لە هەر پەراوێز و هەلێكی‌ ئازادی‌ كە بەناچاری‌ لەدەستیان دەرچوبێ ، ئازادی‌ بیروڕا و هەڵبژاردنی‌ ئازاد مافێكی‌ خوایی و ئیستحقاقێكی‌ دیموكراسی و دەرهاویشتەیەكی‌ حەزاریە ، خەیاڵیان خاوە و مێژوو بۆ دواوە ناگەڕێتەوە ، هەر پەلامار و پەلەقاژەیەك فریایان ناكەوێ‌ .. راستیەكی‌ نەگۆڕ هەیە كەدەبێ بیزانین هەرگیز تانك و زرێ پۆش و هێزی‌ پۆساڵ وعەقڵی‌ موخابەراتی‌ نەیتوانیوە و ناتوانێ‌ حەقیقەتی‌ كۆتایی‌ و ئیفلاسی رژێمە تاریكخواز و دیكتاتۆرەكان بشارێتەوە .. هەروەك ناتوانێ رێگەبگرێ‌ لە حەتمیەتی‌ هەڵهاتنی خۆری‌ رزگاری‌ و ئازادی‌ گەلان و دیموكراسی راستەقینە .. ئەمە بۆ هەموانە چ ئەوانەی‌ بەكودەتای‌ سەربازی‌ پێشێلی یاساو دەستورو مافی مرۆڤـ و گەل دەكەن ، چ ئەوانەی‌ لەترسدا و بەفرت وفێڵ و تەحایولی‌ یاسایی و هەوڵی‌ سیاسی یاساشكێنی‌ دەكەن و كورسی‌ لەقبویان ئەهێڵنەوە و خۆیان لەئەركی‌ چارەسەری‌ ریشەیی وپابەندی‌ بەئیستحقاقی یاسایی و دیموكراسی ئەدزنەوەو خۆڵ دەكەنە چاوی‌ خەڵك و بەناحەق هەلەكان لەكیس ئەدەن و هەڵەكان تۆختر ئەكەنەوە و بەپاراسیتۆڵ تیماری‌ دەردی‌ مەرگ ئەكەن!!!.. "<<فلَمَّا أَلْقَواْ قَالَ مُوسَی مَا جِئْتُم بِهِ السِّحْرُ إِنَّ اللّهَ سَیُبْطِلُهُ إِنَّ اللّهَ لاَ یُصْلِحُ عَمَلَ الْمُفْسِدِینَ\" یونس/81-82>> 

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

هەنگاوێک بۆ پاراستنی ژینگە کۆمه‌ڵایه‌تی (1397/06/26)
پێغەمبەر و یارانی هه‌وارگه‌ی دڵان (1397/06/21)
کۆچ لە نێوان ئۆبژێكتیك و سەبجێكتیكدا سیره نبوی، بیرو ڕا (1397/06/20)