ئه‌وه‌ چیه‌ له‌ میسر روده‌دات

نووسەر: 
یاسین ته‌ها
ئه‌وه‌ چیه‌ له‌ میسر روده‌دات

سه‌ری ئه‌م مانگه‌ ساڵێكی خشت به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێتی محه‌مه‌د مورسی، سه‌ركرده‌ی دیاری ئیخوان موسلیمیندا تێپه‌ڕ ده‌كات‌. له‌م ساڵیاده‌شدا نه‌یاره‌كانی حوكمی ئیخوان داوای ده‌ستبه‌رداربوونی مورسی له‌ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن، به‌رانبه‌ر به‌مه‌ش كۆمه‌ڵی ئیخوان موسلیمین و هێزه‌ ئیسلامییه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی شه‌رعیه‌تی سه‌رۆك به‌هێڵی سووری تۆخ له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

ئه‌و دابه‌شبوونه‌ گه‌وره‌يه‌ی له‌هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی 2012 ی میسردا روویداو تێیدا نزیكه‌ی نیوه‌ی ده‌نگده‌رانی ئه‌و وڵاته‌ دژی مورسی پاڵێوراوی ئیسلامییه‌كان و شۆرشی 25 یه‌نایه‌رو له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌حمه‌د شه‌فیقی یاریده‌ده‌ری موباره‌ك ده‌نگیاندا، تائێستا به‌رۆكی وڵات به‌رنادات. به‌كه‌ڵك وه‌رگرتنیش له‌هه‌ڵه‌كانی مورسی و ئیسلامییه‌كان، قه‌یرانه‌ ئابووری و خزمه‌تگوزارییه‌ رۆژانییه‌كانی وڵات له‌گه‌ڵ په‌شیمان بونه‌وه‌ی هه‌ندێ هێزی سیاسی ـ به‌تایبه‌ت سه‌له‌فییه‌كان ـ له‌پشتیوانیكردنی مورسی، ئۆپۆزسیۆنی ئه‌و وڵاته‌ به‌ته‌مان به‌هه‌ر نرخێك بووه‌ له‌ 30 ئه‌م مانگه‌دا مورسی له‌كورسییه‌كه‌ی بهێننه‌ خواره‌وه‌، به‌مه‌ش روداوێكی بێ پێشینه‌ی گریمانكراو ده‌خولقێنن كه‌ لادانی سه‌رۆكێكی هه‌ڵبژێردراوی ته‌مه‌ن یه‌ك ساڵییه‌ له‌رێگای كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزاو خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری و مانگرتنی سه‌رجاده‌وه‌‌.

ئۆپۆزسیۆن كه‌ چه‌كی ده‌ستیان خۆپیشاندان و ئیمزا كۆكراوه‌كانی، بزوتنه‌وه‌ی یاخیبوون (تمرد)ه‌، بۆ لابردنی مورسی، سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ 30 مانگدا كۆتایی به‌ حوكمی ئیخوان موسلیمین بهێنن كه‌ پاش 84 ساڵ كاركردن و چاوه‌ڕوانی به‌ده‌ستیانهێنا. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكه‌ پلانی راگه‌یه‌نراوو ئاشكراشیان ئه‌وه‌یه‌ پاش لابردنی مورسی ده‌ستوری نوێ له‌كار بخه‌ن و حوكم بده‌نه‌ ده‌ست سه‌رۆكی دادگای ده‌ستوری و سه‌رله‌نوێ وه‌كو قۆناغی پاش روخانی رژێمی موباره‌ك، سه‌رده‌مێكی ئینتیقالی ده‌ست پێ بكه‌ن. پاساویشیان بۆ ئه‌م "كوده‌تا مه‌ده‌نییه‌" ئه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌ی ساڵێكی حوكمی مورسیدا بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ ناتوانن سێ ساڵیتر چاوه‌ڕوانی قه‌یرانه‌كانی میسر و "هه‌وڵی به‌ئیخوانكردنی ده‌وڵه‌ت" بكه‌ن.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ سه‌ركێشانه‌ی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی میسر، كه‌ بریتین له‌ركابه‌ره‌ سیاسی و ئایدۆلۆژییه‌كانی ئیخوان موسلیمین و ئێستادا له‌چێوه‌ی "به‌ره‌ی 30 یۆنیۆ ـ حوزه‌یران" دا كۆ بوونه‌ته‌وه، مه‌ترسییه‌كه‌ی هه‌ر له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ره‌نگه‌ وه‌كو رووداوه‌كانی ئه‌مڕۆی مه‌نسوره‌و شاره‌كانی صعید، گیانی ده‌یان و سه‌دان كه‌س بخاته‌ به‌ر مه‌ترسی كوژران و برینداربوون، به‌ڵكه‌ وه‌كو چه‌ندینجار هوشیاریی له‌باره‌وه‌ دراوه‌، ده‌رگا ده‌كاته‌وه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری به‌رپابوونی شۆرش و كوده‌تایه‌كی ئیسلامیدا كه‌ محه‌مه‌د حه‌سه‌ن هه‌یكه‌ل وته‌نی "به‌ئه‌مه‌ریكاو ئیسرائیلیش به‌ری نه‌گیرێت"، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌كان دڵنیا ببنه‌وه‌ له‌وه‌ی وه‌كو ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی جه‌زائیر له‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌دیموكراسییه‌ت مه‌حروم ده‌كرێن.

له‌باشترین حاڵه‌تیشداو ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ندێ له‌هه‌ڵۆكانی ئیسلامییه‌كانی میسر (وه‌ك محه‌مه‌د بلتاجی، سه‌فوه‌ت حیجازی، تاریق زوممه‌رو ...هتد) سه‌رنه‌گرێت، ئه‌وه‌ كه‌س گره‌نتی ئه‌وه‌ ناكات له‌پاش لابردنی گریمانكراوی مورسی هه‌ڵبژێردراو، كۆمه‌ڵی ئیخوان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی میسرو هێزه‌كانیتری هاوپه‌یمانیان بێده‌نگ دانیشن له‌سایه‌ی حوكمی سه‌رۆك دادگایه‌كدا كه‌ رژێمی پێشوو موباره‌ك ته‌عینی كردبێت. هێشتا 30 مانگیش نه‌هاتووه‌ هێزه‌ ئیسلامییه‌كان به‌ته‌مای رێكخستنی چالاكی و خۆپیشاندانی ملیۆنین له هه‌ینی‌ 28 مانگدا له‌ژێر دروشمی "شه‌رعیه‌ت هێڵی سووره‌"، ئه‌م ناونیشانه‌و دروشم و ئاماده‌كاری و پلانه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیش بۆ روخاندنی مورسی، به‌سه‌ بۆ تێگه‌شتن له‌قه‌باره‌ی ئه‌و دۆخه‌ ترسناكه‌ی كه‌ ئێستا له‌میسردا ده‌گوزه‌رێت.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)