دەسەڵات نابێ ئەم نامەیە بخوێنێتەوە

دەسەڵات نابێ ئەم نامەیە بخوێنێتەوە

ئەم خەمە، دەبێ خەمى هەمووان بێ!

مرۆڤ کاتێک کامڵ و سەنگین و ڕێزلێگیراوە، کە خاوەنى دڵ و ویژدانێکى زیندوو بێت، دڵێک کە بە خۆشى و ئاسودەیى ئەوانى دیکە خۆشحاڵ و بە ناخۆشى و خەم و ئازارەکانیان پەرێشان و دڵگران بێت، دڵێکى هەبێ کە وەک مەنجەڵ و قازانێک کوڵ بدات بۆ خەم و حەسرەت و ئازارەکانى ئەوانیتر، ویژدانێک کە بە بچوکترین ستەم و چەوساندنەوە و خەم و حەسرەتى هاونیشتیمانییەکانى و ئەوانى دیکە ببزوێ و بهەژێ و ئازارى پێبگات، هەستى مرۆڤدۆستى و ڕێزگرتن لە ئەوانیتر و خۆشویستنى هەموو مرۆڤەکان ـ بە جیاوازى ڕەنگ و زمان و ئایین و بیر و باوەڕیانەوە ـ لە دڵیدا جێیان ببێتەوە، بەتایبەت خۆشەویستى هەژار و نەدار و بێ ناز و بێ نەوا و نەخۆش و مەزڵوم و مەحروم و چەوساوە و مەینەتبارەکان.

بەندە وەک کەسێکى سادە و ئاسایى، کە زۆر جار ئازار و خەمى ئەوانى دیکە ئازارم دەدات و ویژدانم جۆش دەدات و خورپە و ترپەى دڵم بۆیان وەختە دڵم لە قەفەسەى سنگم دەرپەڕێنێ، هەندێ کات هەست دەکەم لەبەرامبەر ئەو جۆرە مرۆڤانەدا کەمتەرخەم بووم و نەمتوانیەوە بەجوانى و وەک پێویست بە ئەرکى مرۆیى و ئەخلاقیانەى خۆم هەستم، ئەمەش گەیاندمیە ئەو قەناعەتەى کە ئەم حاڵەتە جۆرێکە لە ستەم بەرامبەر بە خودى خۆم و ئەو مرۆڤانەش کە شایستەى ئەوەن خەمیان بخورێ و هاوسۆزییان لەگەڵ بنوێنرێ و بەشدارى ئازار و خەمەکانیان بکرێ.

لە ڕاستیدا هەندێ جار بە گومانم لە وەى کە: تۆ بڵێى دروست بێت بەو کەسانەش بووترێت مرۆڤ کە ئازارى ئەوانى دیکە دەدەن و دەیانچەوسێننەوە و چێژ لە ئازاردانیان دەبەن و شانازى دەکەن بەو ڕەفتارە نائەخلاقى و نامرۆییەیانەوە؟! تۆبڵێى ئەوانە شتێک لە سنگیاندا بێت بەناوى دڵ و ویژدان و بکرێ و شیاوى ئەوەبن پێیان بووترێت مرۆڤ؟! وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارانە بۆ من، ئێجگار سەخت و دژوارە، چونکە دیمەنە تاڵ و جەرگبڕەکانى ژیانى ستەملێکراو و چەوساوە و خەمبار و هەژار و بێ نازەکان دەستەوسانى کردووم و تواناى وەڵامدانەوەم نییە.

دەزانم کە منیش ـ وەک زۆرێک لە خەڵکى دیکە ـ هیچم لەدەست نایەت و شەرم و خەجاڵەت دەمگرێ لە دەستەوسانى و بێدەسەڵاتیم لە ئاستى مەحرومى و مەزڵومى و دڵ پڕ ئازارى و خەم و حەسرەتەکانى ئەو ئازیزە چەوساوە و خەمبار و نەخۆش و پەککەوتە و بێ ناز و بێ دەرەتانانەدا، دەزانم نووسین و دەربڕینى چەند وشەیەکى سادەى بێ گیانى وەک ئەم وشانەى من، هیچێک لە هەل و مەرجى سەخت و ناڕەحەتى ئەوان ناگۆڕێ، بەڵام خۆ لانى کەمى ئەوەیە کە ئەو ئازیزانە هەست بەوە دەکەن کە کەسێک هەیە هاوسۆزیان بێت و خەمیان بخوات، یاخود من خۆم کەمێک لە ئازارى ویژدانم کەم دەکەمەوە و تۆزێک ڕۆحى بریندارم ئاسودە دەکەم و کەمێکیش بارى سەنگینى دڵم سوک دەکەم، لەوانەش گرنگتر تۆزقاڵێک لە ئەرکى ئەخلاقى و ئینسانى خۆم بەرامبەر بە هاوشێوە و هاونیشتیمانییەکانم بەجێ دەهێنم.

بۆیە لەم چەند دێڕە سادە و خاکییەدا، ڕووى دڵ و زمان و ویژدانم دەکەمە هەموو ئەو خەمبار و چەوساوە و بێ نەوا و بێ نازانە و بە ئەدەبەوە لە حزووریاندا ڕادەوەستم و بەشێک لە هەستى بەکوڵى ناخم دەردەبڕم بۆیان، کە دەکرێ ئەمە بەشێکى زۆر کەم لە هەستى هەموو دڵ و ویژدان زیندووەکان بێت.

ئازیز و خۆشەویستەکان! ئێوە کە ئەم چەند وشەیە بە هەزار ئاخ و ژان و فرمێسکەوە بۆ ئێوە هاتووتە تەحریر و نووسراوە! ئەوە باش بزانن کە هەمیشە و بەردەوام ئێوە خۆشەویستى دڵم و خەمى گەورەى ویژدان و بیر و زەینى منى بێدەستەڵات بوون و هەن، دڵنیابن بە ئێش و ئازارى ئێوەوە زۆرجار خەوم زڕاوە و چێژى ژیانم بیر چووەتەوە، هەندێ جاریش خۆزگەم خواستووە یان نەمدیبان یان لەگەڵتان دەبووم و هەواڵە دڵتەزێن و جەرگبڕەکانتانم نەدەبیست، هەرچەند لە زۆر قۆناغ و بوار و کاتیشدا منى (کوردى کوردستانى)ش وەک ئێوە بووم و وەک ئێوە ژیاوم و دەژیم.

عەزیزەکانى دڵى پڕ خەمم! توخوا بمبوورن و لێم زویر مەبن، چونکە نازانم لە کامتانەوە دەست پێبکەم و شریتى خەم و خەونەکانم بهۆنمەوە بۆتان، نازانم لە کامتانەوە دەست پێبکەم و حەیران و بەستەیەکى پڕ لە هەناسەى دوکەڵاوى خەم و حەسرەت بچڕم بۆتان، نازانم چۆن دەنگى هاوسۆزى و هاوخەمیم بگەیەنمە دیوانى خواى میهرەبانى باڵادەست و دڵى ئێوەى خۆشەویست و گوێى ئەوانەش کە بوونەتە هۆکارى ئەم حاڵە پڕ ئازار و خەم ژانەتان؟!

کەسەکانم! نازانم لەپێشدا وێنە و تابلۆ ئالۆز و ژاکاوەکانى ژیانى کامتان لە پێشانگەیەکدا بخەمە ڕوو؟! نازانم لەبەرا دەنگى ئاهو نزولە و کڕوزانەوە و گریان و دوعا و سکاڵاکانى کامتان تۆمار بکەم و لە بڵندگۆیەکى ناوەڕاستى شارەوە پەخشیان بکەم و بیاندەم بەگوێى دڵ و ویژدان مردوو و خەوتووەکاندا؟! نازانم سەرەتا فرمێسک و هەناسە ساردەکانى کامتان کۆ بکەمەوە و بیانخەمە پۆستى کام دەسەڵاتدارى دڵڕەقى بێ بەزەیى و ستەمکار و چەوسێنەرەوە؟!

خۆشەویستەکانم! نازانم لە برسیەتیتانەوە دەست پێ بکەم، یان لە نەخۆشى و پەککەوتەییتانەوە؟! لە سەرما و هەڵکورمان و هەڵلەرزینى زستانتانەوە دەست پێبکەم، یان لە گەرما و سوتان و ئارەقەى بەر گەرماى هاوینتانەوە؟! لە سوتانى ناو ماڵە گڕ تێبەردراوەکانتانەوە دەست پێبکەم، یان لە خنکانى بە کۆمەڵى ناو دەریا و دەریاچە و ئاو و زۆنگاوەکانەوە؟! لە هەژارى و قەرزارى و نەداریتانەوە دەست پێبکەم، یان لە بێ تفاقى و بێ پۆشاکیتانەوە؟! لە دەستى قڵیشاوى جوتیار و کرێکارتانەوە دەست پێبکەم، یان لە پشتى چەماوەى داپیرەیەکى مەشکەژەن و تەشى ڕێستانەوە؟! لە پیرە کرێکارێکى نەخۆشى بە عیززەتى ناو کۆمپانیا زەبەلاحە خوێنمژەکانەوە دەست پێبکەم، یان لە مناڵێکى ناسکى بەریئى بۆیاخچى و عەلاگەفرۆش و بنێشتفرۆشى سەر شەقامە قەرەباڵقەکانەوە؟! لە گەنجێکى بەشەرم و هیممەت بەرزى پاککەرەوەیەکى کۆڵان و شەقام و بازاڕەکانەوە دەست پێبکەم، یان لە ئافرەتێکى بە حورمەت و سەنگینى لفکە فرۆش و سەوزە فرۆشى سەر شەقامە ساردەکانى زستان و بەردەم گڕەى گەرماى هاوینەوە؟! لە هەژارە پاسەوانێکى ناچارى بەردەرگاى بەرپرسێکى مۆن و لوتبەرزتانەوە دەست پێبکەم، یان لە کارگوزار و خزمەتکارى فەرمانگە و بارەگایەکى بەڕێوەبەر و بەرپرسێکى ویژدان مردووى بێ هەست و بەزەییەوە؟!

کەسە خۆشەویستەکانم! لە ڕووت و ڕەجاڵى و بێ حاڵیتانەوە دەست پێبکەم، یان لە بێ لانەو پەنا و بێ ماڵیتانەوە؟! لە هەتیووى و بێ نازى مناڵەکانتانەوە دەست پێبکەم، یان لە دڵقرچان و جەرگ سوتاوى دایک و باوکەکانتانەوە؟! لە ئاوارەیى و دەربەدەریتانەوە دەست پێبکەم، یان لە کۆچەرى و دەوارنشینیتانەوە؟! لە قامچى دەستى جەللادەکان و ئەشکەنجە و ئازارى ناو بەندینخانەکانتانەوە لێتان بڕوانم، یان لە گوللەباران و ماڵوێران بوونتانەوە؟! لە سوتاندن و سەربڕینتانەوە دەست پێبکەم، یان لە کونکردن و پارچەپارچەکردنى جەستەى لاوازتانەوە؟! لە سوکایەتى پێکردنتان و بەکەمزانینتانەوە دەست پێ بکەم، یان لە ئەتککردنى بێ شەرمانەى حەیا و ناموسى خۆتان و ئازیزەکانتانەوە؟! لە لەسێدارەدان و زیندەبەچاڵکردنتانەوە لێتان بڕوانم، یان لە ناچارکردنتان بە کڕنووش بردنتان بۆ تاغوت و فیرعەونەکانى زەمانەوە؟! لە باوک و برا و خوشک و کوڕ و هاوسەرى شەهید و ئەنفالتانەوە دەست پێبکەم، یان لە باوک و برا و هاوسەرە زیندانییە بێسەروشوێنکراوە دادگایى نەکراوەکانتانەوە؟!

ئازیزەکانى دڵم! لە کوێوە دەست پێ بکەم و بە چ شێوەیەک خەمى دڵى پڕ کوڵم دەربڕم و هاوسۆزى و دڵسوتان و قرچەى دڵى تاوسەندوومتان بۆ باس بکەم؟! خۆ ئەم خەم و ئاهو حەسرەت و ژانەى ئێوە باس ناکرێ و نایەتە تەحریر، ئەمە دەچەژرێ و دڵ دەسوتێنێ و بڕستى ژیان ناهێڵێ، مرۆڤى بە ویژدان لەهۆش دەبات و عەقڵ سەرسام و حیرەت زەدە دەکات، ئەمە (ئەزعەفول ئیمان) و کەمترین و نالایقترین کار و هەڵوێستێکە کە ئەنجامى بدەم، ئەگەر خوا لێم قبوڵ بکات و ئێوەش بە هاوخەم و هاوسۆزى خۆتانم هەژمار بکەن، ئاخر من دەمێکە لەم خەم و حەسرەتى مەینەتە سەخت و دژوارەى ئێوەدا دڵم بووەتە خەمخانە و ئۆقرەم لێبڕاوە، عەیامێکە لە بێدەنگى و بێدەسەڵاتى خۆم شەرم دەمگرێ و تواناى بینینتانم نەماوە.

ئازیزانم! ئەم نووسینە کرچ و کاڵە تاکە شتێک بوو کە لە ئێستادا بتوانم ئەنجامى بدەم و ببمە هاوبەشتان، بتوانم بەم چەشنە دەستم بخەمە دەستى کرێکارێکى دەستقڵیشاوەوە، یان دەستێک بێنم بەسەر مناڵێکى هەتیوو و بێ نازدا و مژدە و دەستى سەروەرى نازدار بێنمە پێش چاوم، یاخود بەڵکو بتوانم بەم شێوەیە فرمێسکى پیرە پیاوێکى سەر و ڕدێن سپى خەمبار بسڕم، یان عەلاگە و توێشەبەرەى دەستى داپیرەیەکى پشت چەماوە لە کۆڵانێکدا هەڵگرم تا نزایەکى خێرم بۆ بکات، یاخود لە شەقامێکى هەورازدا دەست بگرم بە دەسکى عەرەبانەى حەماڵێکەوە و یارمەتى بدەم و نیشانى بدەم کە هەست بە کەمى زەلیلى نەکات و بزانێت ئەوە گەورەترین عیززەت و هیممەتە.

خۆشەویستەکانم! پێم خۆشە هەندێ جار بچمە نەخۆشخانەیەک و دوو نەخۆش بەسەر بکەمەوە و بە دوعا و نزا و سۆزەوە دەستێک بخەمە سەر برین و ئازارەکانیان، یان بچمە ماڵێک و چاوێک ببڕمە پیرە پیاوێکى پەککەوتە کە جاران پیاوماقوڵى کۆڕ و مەجلیسەکان بوو و ئێستە لەسەر قەرەوێڵەیەکى سادە ڕاکشاوە، هەندێ جاریش حەز دەکەم ماڵى یەکێک لەو خێزانانە بەسەر بکەمەوە کە پیاوى ماڵ ئەنفالکراوە یان بێسەروشوێنە و کەس خۆى ناکات بەخاوەنى دۆسیەکەى و نازانرێ لە چ زیندانێکى نهێنیدایە یان لە چ گۆڕێکى بەکۆمەڵدا ئەسپەردە کراوە، بە پێویستى دەزانم جار جارەش دانیشم بە دیار تەلەفزیۆنێکى بێ گیانەوە و گوێ لەو هەواڵە ناخۆشانە بگرم کە باسى ئەشکەنجە و ئازاردان و دەربەدەرى و ئاوارەیى خەڵکى بێ تاوان بڵاو دەکەنەوە.

ئازیزەکان! حەز دەکەم ئەوەندە هەست و ویژدانم زیندوو بێت کە هەندێ جار ـ وەک هاوسۆزى لەگەڵتان ـ ژەمێکى تەواو سادە بخۆم و سفرەکەم بێجگە لە نانێک و کەمێک ئاو هیچى لەسەر نەبێ، پێمخۆشە هەندێ جار ـ بێ ئەوەى پێویستم بێ ـ عەلاگە و بنێشتێک لاى مناڵێک بکڕم و لاى یەکێکى دیکەشیان پێڵاوەکانم بۆیاخ بکەم، بەڵام نەک پێڵاوەکانم لە پێمدابێت و بە لوتبەرزییەوە بڵێم بۆیاخى کە بۆم، بەڵکو بیانگرم بەدەستمەوە و خۆم بە پەڕۆ تەڕەکەى دەستە ناسکە ڕەشبووەکانى جوان پاکیان بکەمەوە و لە تەنیشتیەوە لەسەر شۆستەکە دانیشم، کارێکى مرۆڤدۆستانەیە ئەگەر کەمێک سەوزە و گیا بەهارە یان لفکەیەک لاى ژنە دەستفرۆشەکان بکڕم و بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەم و وەک خوشک و دایکم حورمەتیان بگرم.

خۆشەویستەکانم! دەزانم کە پێویستە لانى کەم هەندێ جار منیش بە بەرگ و پۆشاکێکى کۆن و پێڵاوێکى دڕاو و پینەکراوەوە بێمە کۆڵان و شەقامەکان تا فێرى لوتبەرزى نەبم، هەندێ جاریش بە سەرما بێمە دەر و بە پۆشاکێکى کەمەوە لە ژێر بەفر و باراندا بمێنمەوە تا هەست بە سەرما و هەڵکورمانى ئەو پیر و گەنج و مناڵە بێ دەرەتانانە بکەم کە لەسەر شەقامەکان و بەبەر بارانەوە دەلەرزن و دەخەون، خۆ بۆ جارێکیش بووە لە گەرماى هاویندا پانکە و موبەڕیدە و سپلێتەکەمان بکوژێنمەوە و بە پارچە مقەبا و باوەشێنێکى دەستى خۆم فێنک بکەمەوە، تا لە گریانى ئەو مناڵە ساوایانە تێبگەم کە لە ماڵە هەژارێکدا دەژین و دایک و باوکیان قرچەى دڵیان دێت بۆیان و هیچیان لەدەست نایەت.

ئەمە سەرەقەڵەمێک بوو لە دەردەدڵى دەردارێک بە دوو مەبەست: بەشێکى بۆ ئاسودەکردنى دڵ و ویژدانى خۆم و ئەوى دیکەشى بۆ هاوسۆزى لەگەڵ ئێوەیەک کە هەزار حەکیم هێندەى دەردەدارێک لە خەم و ئازار و حەسرەتەکانتان تێناگات.

ده‌نگێ نه‌دراوه

بۆچوونەکان

1
عرفان زوموررودی (not verified)
1392/3/26 06:49

نووسه ری زور به ریز ریزدار مودریک علی عارف سوپاس بو قه له می زور به توانا و هه ستی ناسکتان.زور چیژم له و وتارت وه رگرت...

2
مودريك عةلى عارف (not verified)
1392/3/30 06:18

به‌ریز كاك عرفا زوموررودی... زۆر سوپاس بۆ جه‌نابتان و مه‌منونی لوتفتانم

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)