با خەم و خەونەکانتان گەورەبن

با خەم و خەونەکانتان گەورەبن

مرۆڤ کاتێک کە مناڵە، هەمیشە خەون بە گەورەبوون و گەورەییەوە دەبینێت و پەلەیەتى بۆ گەورەبوون و هەوڵى بۆ دەدات، تەنانەت هەموو ئەو ڕێگە و میکانیزمانە دەگرێتەبەر کە وادەزانێت دەبنە هۆى گەورەبوونى، بۆیە دەبینین کاتێک دایک و باوکێک بە مناڵەکەیان دەڵێن: (نان و خواردنى زۆر بخۆی زوو گەورە دەبیت، ئەگەر زوو بخەویت زوو گەورە دەبیت وهتد..) ئەویش بەگوێیان دەکات و دەیەوێ و بەو شێوەیە بە ئاوات و خەونە گەورەکەى بگات، کە گەورەبوونە.

ئەمە ئەگەر خواست و خەونى مناڵێک بێت کە حەزى بە گەورەبوون بێت و هەوڵى بۆ بدات، ئەوا بەدڵنیاییەوە کە مرۆڤە تەمەن گەورەکانیش زیاتر هەوڵ بۆ گەورەبوونى مەعنەوى خۆیان دەدەن و هەمیشە دەیانەوێ گەورەبن و پێگەى گەورە و گرنگ و خاوەنى کەسێتى تایبەتى خۆیان بن.

بەشێکى زۆر لە گەورەیى و نرخ و کەسێتى و پێگەى مرۆڤەکان پەیوەستە بە گەورەیى و گرنگى خەون و هەمم و خواست و بیرکردنەوەکانیانەوە، مرۆڤى گەورە خەون و خواست و بیرکردنەوەى گەورە و گرنگى هەیە و کەسێکى دووربین و تیژبین و واقیعبینە، هیچ کاتێک خۆى لە چوارچێوەیەکى بچوک و لە بازنەیەکى تەسکدا قەتیس ناکات و بە دەورى خۆیدا ناسوڕێتەوە و عەرەب گوتەنى لە شوێنى خۆیدا موراوەغە ناکات، کەسێکى خەیاڵباو نییە و لە دونیایەکى وەهمى و لاموبالاتدا ناژى.

بە پێچەوانەشەوە مرۆڤى بچوکى خاوەن کەسێتى و پێگەى لاواز، هەمیشە خەون و خواستى بچوک و بیرکردنەوەى بچوک و تەسکى هەیە، واقیع بین نییە و هێندە کورت بینە کە تەنها بەر پێى خۆى دەبینێ و وانابینێ مەترێک ئەولاتر هیچ کەسێکى دیکە و هیچ شتێکى بایەخدارى دیکە بوونى هەبێ، بێباکە بەرامبەر بە ژیان و مرۆڤەکانى دەوروبەرى و بڕیارەکانى لە ژێر کاریگەرى سۆزێکى کاتى و پەرچەکردارانەیدان، ڕۆڵى ژیرى و بیرکردنەوەى واقیعیانە لە بڕیار و هەڵوێست و مامەڵەکانیدا غایبە یان زۆر کەم و دەگمەنە.

لەم دیدگایەوە و بە سەرنجدانێکى خێرا لە ژنانى وڵاتەکەمان بەگشتى و ڕێکخراوەکانى ژنان بەتایبەتى، ئەوەى کە پێویستە لە بارەى ژنەوە وەک یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانى ژیان و ڕێکخراو و سەنتەر و گروپە ئافرەتى و ژنانییەکانیش وەک یەکێک لە ئۆرگان و پێکهاتەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیەوە بیڵێین، ئەوەیە کە هەندێک لە ژنان و ڕێکخراوەکانیان خەون و هەمم و بیرکردنەوە و کار و چالاکییەکانیان لە چوارچێوەیەکى تەسک و لە بازنەیەکى زۆر بچوکدایە، هەروەها عەقڵەیەتى ڕەگەزبینى و ڕەگەزگەرایى زاڵە بەسەریاندا و خەمى خۆیان و توێژەکەیان ئەوانى دیکەى لەبیر بردوونەتەوە، کە ئەم جۆرە بیرکردنەوە و مامەڵەکردنە لەگەڵ پێگەى گەورە و گرنگى مرۆیى ئەواندا یەک ناگرێتەوە.

بۆیە پێویست و ئەرکە لەسەر ژنان و ڕێکخراوەکانى تایبەت بە ژنان، کە بازنەى خەم و خەون و بیرکردنەوەکانیان فراوانتر و گەورەتر بکەن و لەو بازنە تەسک و سنووردارە دەربچن، کە تەنها خەم و بیرکردنەوە و خەونەکانیان ژنان و توێژەکەى خۆیان و ڕێکخراوەکەیان بێت، چونکە ئەو جۆرە بیرکردنەوە و تێڕوانین و کارکردنە بچوکیان دەکاتەوە و لە بەرپرسیارێتى و ئەرکە گەورە و گرنگەکەیان (ئەرکى مرۆڤدۆستى و ڕۆڵى دایک بینین بۆ کۆى مرۆڤایەتى) لایان دەدات و قورسایى و بایەخى بوونى چالاکانەیان و ڕۆڵ و کاریگەرییان کەم دەکاتەوە، کە زۆر پێویستە ژنان و ڕێکخراوە و سەنتەرەکانیان خەمهەڵگرى خەمى ئینسانییەت و داکۆکیکارى سەرجەم مرۆڤەکان بن و جیاوازى ڕەگەز نەبێتە کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم خەون و خەم و هەمم و کار و چالاکییەکانیاندا.

ئاشکرایە کە ژن تەنها بە بوونى لە ژیاندا، خاوەنى ڕۆڵ و پێگە و ڕێزێکە کە هیچى کەمتر نییە لە ڕێز و ڕۆڵ و پێگەى پیاو، بەڵام بە (بەدایکبوون)ى بووەتە خاوەنى ڕێز و پێگەیەکى زیاتر و بەرزترى بێ وێنە، بووەتە لانکەى لاواندنەوەى مرۆڤە خەمبارەکان، وێستگەى بەرجەستەبوونى خەونەکان، لانکەى حەوانەوەى مرۆڤە شەکەتەکان، فێرگەى پەروەردە کردن و پێگەیاندنى نەوەکانى دواڕۆژ و سەرکردە و ڕەمز و هەڵکەوتووەکان، بووەتە دەستێک بۆ سڕینى ئەسرینەکان و ڕاماڵینى تۆز و گەردى سەر ڕوومەتە شەکەت و ماندووەکان، بووەتە قەڵایەک بۆ پشت ئەستوورى و پەرژینێک بۆ پارێزگارى کردن و گوڕو تینێک بۆ خەبات و خزمەت و زیندوویەتى ویژدان و خرۆشى دڵ و جۆشى عەقڵ.

بۆیە پێویستە ژنان بەگشتى و سەنتەر و ڕێکخراوەکانیان بەتایبەتى، ڕوئیایەکى ڕونترى گشتگیرتر و دووربینانەتریان هەبێت و بازنەى خەم و هەممەکانیان لە خەمى ژنان و توێژەکەیانەوە بگوازنەوە بۆ خەمى کۆى مرۆڤایەتى، خەمهەڵگرى هەمووان بن و هەممى گەورەیان هەبێت، ئاخر دایکێک کە لە یەک کاتدا بتوانێ خەمى هاوسەر و مناڵ و خوشک و براکانى و دایک و باوکى خۆى بخوات و خەمەکانیان هەڵگرێ و بەدەم خواست و داواکانیانەوە بچێت، چۆن ناتوانێ خەمى کۆى مرۆڤایەتى بخوات و دڵ و دەروون و عەقڵى هێندەى خەم و خەون و هەممەکانى مرۆڤایەتى گەورە بن؟

ماوەتەوە بڵێین کە ئیدى با ژنانان و ئافرەتان و ڕێکخراوەکانیان وەک چۆن خۆیان گەورەن، با خەم و خەون و هەممەکانیشیان گەورەبن، خۆیان چەنێک سەنگین و گرانبەهان با خەون و خەمەکانیشیان بەو چەشنە بن، با چیدى خۆیان بچوک نەکەنەوە و لە پێگەى بەرز و هەست و بیرکردنەوەى کاریگەر و ڕۆڵى چالاکانەى خۆیان نەیەنە خوارەوە، با ئیدى سەرقاڵ نەبن بە شتى بچوک و لاوەکى و کێبەرکێى ڕووکەشانە و ململانێى ناشەریفانە و بە گومانەوە مامەڵەکردنێکى گشتى لەگەڵ ڕەگەزى بەرامبەریان و نەبنە دژە پیاو، چونکە ژنان بە بیرکردنەوە و خەم و هەممى گەورە و فراوان و گشتگیرى خۆیان دەتوانن کارێک بکەن کە پیاوانیش زیاتر داکۆکیکار و هاوکاریان بن، خۆ ئەگەر ژنان لە قۆناغێکدا و لە بوارێکدا هەست بە مەزڵومییەت و پەراوێزخستنێکیش بکەن، ئەوا دەتوانن کارێک بکەن کە پیاوانیش هەست بەوە بکەن و هاوکار و دەستباریان بدەن بۆ گەیشتنیان بە ماف و پێگەى ڕاستەقینەى خۆیان و ستەم و پەراوێزکەوتنێک کە دەرهەقیان ئەنجام دراوە لەسەریان لا ببەن.

***

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)